مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لۆران فابیۆس وەزیری دەرەوەی فەرەنسا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان سازكردو تێیدا باسیان لە بارودۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان، هەروەها پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەولێر و پاریس و هاوكارییە مرۆییەكانی فەرەنسا بۆ ئاوارەكانی شنگال كرد.
لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا بارزانی سوپاسی هاتنی وەزیری دەرەوەی فەرەنسای بۆ هەرێمی كوردستان كرد و رایگەیاند، كە هاتنیان پاڵپشتییەكی گەورەیە بۆ گەلی كوردستان.
بارزانی سوپاسی حكومەتی فەرەنسای كرد بۆ ئەو هاوكارییە مرۆییانەی پێشكەشی ئاوارەكانی شنگالی كردووە. هەروەها جەختی لە پێكەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەكانی كوردستان كردەوەو گوتی "ئێمەی گەلی كوردستان بە كورد و مەسیحی و توركمان و ئێزدی پێكەوە دەژین و پێكەوە دەمرین". گوتیشی "رێگەنادەین كە تیرۆریستان پەیوەندی لە مێژینەی كورد و عەرەب تێكبدەن".
هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا بارزانی رایگەیاند "هەرێمی كوردستان كوردستان شەڕی دەوڵەتێكی تیرۆریستی دەكات نەك بەتەنیا رێكخراوێكی چەكدار". گوتیشی "چەكی دەستی چەكدارانی داعش بەهێزترە".
بارزانی دڵنیایی دایە گەلی كوردستان لە سەركەوتنیان بەسەر چەكدارانی داعش و گوتی "گەلی كوردستان دڵنیادەكەینەوە كە ئێمەی گەلی كورد پێشمەرگەی قارەمان و دۆستی دڵسۆزمان هەیە، بۆیە سەركەوتن هەر بۆ ئێمەیە".
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی دووپاتكردەوەو رایگەیاند، كە هاوكارییەكانیان بۆ ئاوارەكان بەردەوام دەبێت. ئاماژەی بەوەشكرد، كە ئەو هاوكارییە مرۆییانەی فەرەنسا كە لە 24 كاژێری رابردوودا گەیشتووەتە عێراق و هەرێمی كوردستان بریتییە لە 18 تۆن كەلوپەل و دەرمان.
پێشنیازیشی كرد بۆ وڵاتانی ئەوروپا كە پردێكی ئاسمانی بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان دروستبكەن.
لۆران فابیۆس هەر لەمیانی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا باسی لە دۆخی سیاسیی عێراق كردو گوتی "فەرەنسا خوازیارە حكومەتێكی نیشتمانیی بەزوویی پێكبهێنرێت". گوتیشی "پشتگیریكردنی گەلی كورد دۆزێكی رەوایە".