كۆسره‌ت ره‌سوڵ: تیرۆریستان به‌بێ‌ جیاوازی دژی مرۆڤایه‌تین به‌گشتی و پێویسته‌ هه‌وڵه‌ چه‌په‌ڵه‌كانیان شكست پێ‌ بێنین

  • پێنج شەممە, 21 ئاب 2014

پاش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ ڕۆژی 20/8/2014 كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سلێمانی پێشوازی كرد له‌ د. سه‌ید محه‌مه‌د به‌حرلعلوم كەسایەتی ئایینی و سیاسه‌تمه‌داری عێراق و وه‌فدی یاوه‌ری.

له‌ میانی دانیشتنێكدا گفتوگۆ له‌سه‌ر كۆی بابه‌ت و هه‌ل و مه‌رجه‌كانی ئێستای سه‌رگۆڕه‌پانی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی عێراق و هه‌رێمی كوردستان كرا.
جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم وتی: به‌پێویستی ده‌زانم باس له‌و بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌ بكه‌م كه‌ تیرۆریستان هێناویانه‌ته‌ ئاراوه‌، جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌ لای هه‌موومان، چونكه‌ ژیان و گوزه‌رانی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی عێراق به‌دۆخێكی هه‌ستیار و ئاڵۆزدا تێپه‌ڕ ده‌بێت.

له‌درێژه‌ی وته‌كانیدا كۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌وه‌فدی میوانی راگه‌یاند: ده‌بێت به‌هه‌موو لایه‌كمان ڕوبه‌ڕی تیرۆریستان ببینه‌وه‌ و به‌رگری له‌ خاكی خۆمان بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌وان به‌بێ‌ جیاوازی دژی مرۆڤایه‌تین به‌گشتی و پێویسته‌ هه‌وڵه‌ چه‌په‌ڵه‌كانیان شكست پێ‌ بێنین.

هه‌رله‌ وته‌كانیدا جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ گرنگه‌ به‌ته‌وافق كار بۆ چارەسەركردنی كێشه‌كان بكه‌ین و مێزی گفتوگۆ سه‌رجه‌م بۆچونه‌كان كۆبكاته‌وه‌ تابگه‌ینه‌ ئه‌نجامێكی باش بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان.

هه‌رله‌ دانیشتنه‌كه‌دا د. سه‌ید محه‌مه‌د به‌حرلعلوم خۆشحاڵی خۆی پیشاندا و به‌جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی ڕاگه‌یاند: گه‌شبینم به‌وته‌كانی ئێوه‌ و به‌رونیش هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان ده‌بینرێ‌ به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ جوامێرانه‌یه‌ی كه‌باوه‌شتان بۆ سه‌رجه‌م ئاواره‌كانی ناوه‌ڕاستی عێراق كردۆته‌وه‌ به‌بێ‌ جیاوازی ئایینی و مه‌زهه‌بی، به‌م هه‌ماهه‌نگیه‌تان بۆ دنیاتان سه‌لماند كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ عێراقدا هۆكارێكە بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان له‌ عێراقدا نه‌ك به‌شێك بن.

له‌ درێژه‌ی دانیشتنه‌كه‌یاندا هه‌ردوولا هاوڕابون له‌سه‌ر كۆی ئه‌و بابه‌تانه‌ی گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا و هیوایان خواست كۆتایی به‌و قه‌یرانه‌ بێت كه‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان تێیدا ده‌ژین و ئاسایشی ته‌واو بۆ هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ تیرۆریستان ترس و دڵه‌ راوكێیان بۆ دروست كردون.

 

 

 

 

Read کد خبر: 764

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی