ئەمڕۆ بەڕێز فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لە بەڕێز تۆماس بایكلاند باڵیۆزی بەلجیكا لە عیراق و نیشتەجێی ئوردەن كرد.
لە دیدارەكەدا بەڕێز بایكلاند خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو سەردانە نیشاندا و گووتی ووڵاتی بەلجیكا لەم ماوەیەدا خەریكی پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەتە و پێشبینی دەكرێ لە مانگی داهاتوو حكومەتی نۆێی بەلجیكا پێكبهێنرێت.
بەڕێزیان گووتی ئەمڕۆ لێرەین بۆ ئامادەبوون لە پرۆسەی رادەستكردنی یارمەتیە مرۆییەكانی گەلی بەلجیكا كە 13 تەن كۆمەك و پێداویستی مرۆیی لەخۆ گرتووە بۆ بە هانا هاتنی ئەو پەناهەندانەی روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە. هاوكات بەڕێزیان ستایشی قارەمانیەتی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە رووبەڕووبوونەوەیاندا بەرامبەر تیرۆرستانی داعش و هیوای خواست ئارامی و سەقامگیری تەواوی ناوچەكە بگرێتەوە.
دواتر بەڕێز فەلاح مستەفا دەستخۆشی لە سەردانەكەی باڵیۆز بایكلاند كرد و سوپاسی هەڵوێستی مرۆیی خەڵكی بەلجیكا و حكومەتی بەلجیكای كرد لەبەرامبەر گەیاندنی یارمەتیەكان بۆ هەرێمی كوردستان. سوپاسی دۆستانی گەلەكەمانی كرد لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كە لە ماوەیەكی كورت توانیان پشتگیری لە هەڵوێستی هەرێمی كوردستان بكەن و یارمەتیەكان بگەیەنن.
بەڕێزیان پوختەیەكی لەسەر دوایین گۆڕانكاریەكانی گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی عیراق و هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد و باسی لە هەڕەشەو مەترسیەكانی گروپی تیرۆرستی داعش كرد لەسەر هەرێمی كوردستان و تەواوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەو تاوانانەی دژی گەلی كوردستان و پێكهاتە ئیتنی و ئایینیەكان ئەنجامیان داوە.
هەردوولا باسیان لە پرۆسەی سیاسی عیراق و پرسی پێكهینانی حكومەت كردو بایەخ و گرینگی زووتر پێكهێنانی حكومەتیان لەم قۆناغە تاوتوێ كرد، لەم بارەیەوە فەلاح مستەفا باسی لە هەوڵەكانی شاندی دانووستانكاری هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا كرد بۆ چۆنییەتی بەشداری كردنی كورد لە حكومەتی داهاتوو كە دەخوازین گۆڕانكاری لە سیستەمی حوكمڕانی لە عیراق ئەنجام بدرێت كە لەم قۆناغەدا زۆر پێویستە.
لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە میكانیزمی زیاتر پتەوكردنی پەیوەندی دووقۆڵی نێوان هەرێمی كوردستان و بەلجیكا كراو لەم بارەیەوە باڵیۆزی بەلجیكا ویستی وڵاتەكەی خستەڕوو بۆ زیاتر پێشخستنی پەیوەندیەكان بە تایبەت لەبواری ئابووری و بازرگانی.