ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه 25/9/2014 له شاری هه‌ولێر به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له ئورسولا فۆن دێر لایێن وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا و شاندێكی یاوه‌ری كرد كە پێكهاتبوون لە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكاری سەربازیی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا.
له دیدارێكدا كە مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان عەبدولرەحمان و جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان و دڵشاد بارزانی نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە ئەڵمانیا و سەفین دزەیی گوتەبێژی جكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، سه‌رۆك بارزانی به گه‌رمی به‌خێرهاتنی وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا و شاندی یاوه‌ری كرد و سوپاسی حكوومه‌ت و گه‌لی ئه‌ڵمانیای كرد، كه له كاتی ته‌نگانه‌دا پشتگیری‌یان له گه‌لی كوردستان كرد و ئاماژه‌ی به بڕیاره‌كه‌ی حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا دا بۆ پشتگیری كردن له گه‌لی كوردستان، كه هه‌رچه‌نده بڕیارێكی ئاسان نه‌بوو، به‌ڵام جێگه‌ی پێزانینه و وایكرد كوردستان پشتئه‌ستوور بێت به‌وه‌ی دۆستێكی مەزنی وه‌كو ئه‌ڵمانیای هه‌یه.
هه‌ر له دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك بارزانی باسی له‌وه كرد، كه جێگه‌ی شانازییه ئه‌مڕۆ گه‌لی كوردستان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له جیاتی جیهان شه‌ڕی ده‌وڵه‌تێكی تیرۆریستیی پڕچه‌ك ده‌كات كە چەكی دوو دەوڵەتی كەوتووەتە دەست و ئاماژه‌ی به‌وەیشدا، كه تیرۆریستان به ته‌نها هه‌ڕه‌شه نین بۆ سه‌ر كوردستان، به‌ڵكو هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر هه‌موو جیهان بۆیە له‌ناوبردنی تیرۆریستانی داعش و ڕیشەكێشكردنیان پێویستی به هه‌وڵێكی هاوبه‌شی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه.
له درێژه‌ی قسه‌كه‌یدا سه‌رۆك بارزانی باسی له خۆراگری و سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه كرد و ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، كه پێشمه‌رگه توانی كوردستان بپارێزێ و پارێزگاریشی له ژیانی زیاتر له یه‌ك ملیۆن ئاواره له پێكهاته ئاینی و نه‌ته‌وەیی و ئیتنیه جیاجیاكان بكات، كه له ترسی هه‌ڕه‌شه‌كان په‌نایان بۆ كوردستان هێناوه.
سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا باسی له دۆخی مه‌یدانیی بەرەكانی جەنگی دژی تیرۆریستان كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ئێستا ده‌ستپێشخه‌ری له‌ده‌ستی پێشمه‌رگه‌یه و هێزەكانی پێشمه‌رگه بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستان كەوتوونەتە قۆناغی هێرشبردن. هه‌ر له‌و دیداره‌دا سه‌رۆك بارزانی بە وردی شاندی میوانی له بارودۆخی ناله‌باری ئاواره‌كان و پێداویستییه سه‌ره‌تاییه‌كانی كرد و جەختی له‌وه كرده‌وه، كه چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تیی كێشەی ئاوارەكان ئه‌وه‌یه كە بگه‌ڕێنه‌وه شوێنەكانی خۆیان و بشپارێزرێن. سەرۆك بارزانی هێمایشی بەوەدا كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو توانایەكیەوە یارمەتیی ئاوارەكانی داوە بەڵام ژمارەی ئاوارەكان و ئاستی كارەساتەكە لە تواناكانی هەرێم تێپەڕیوە.
له‌به‌رامبه‌ردا ئورسولا فۆن دێرلایێن وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا سوپاسی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه گه‌رمه‌ی لێیان كرا و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ئه‌ڵمانیا به بایه‌خه‌وه سه‌یری خۆڕاگری پێشمه‌رگه و پاراستنی ئه‌و ژماره زۆره‌ی ئاواره‌كان ده‌كات و جه‌ختی له‌وه كرده‌وه ئه‌ڵمانیا به‌رده‌وام ده‌بێت له یارمه‌تییه مرۆییه‌كان و پڕچه‌ككردن و راهێنانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه. له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا باسی له‌وه كرد، كه ئه‌وان باش ده‌زانن كوردستان له‌جیاتی جیهان شه‌ڕی تیرۆریستان ده‌كات، بۆیه ئەڵمانیا بڕیاری هاوكاری و پاڵپشتیكردنی كوردستانی داوە.
هه‌روه‌ها وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا له درێژه‌ی قسه‌كه‌یدا باسی له مرۆڤدۆستی گه‌لی كورد كرد و گوتی: گەلی كوردستان له‌ناوچه‌كه‌دا پێشەنگی پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌ییه و ئه‌مه‌ش جێگه‌ی ڕێز و پێزانینی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه.
هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا مسته‌فا سه‌ید قادر وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە گوتەیەكیدا تیشكی خستە سەر ئەو هاوكارییانەی دەوڵەتانی دۆست پێشكەشی هێزی پێشمەرگەیان كردووە و پێداویستیه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه و وردەكاریی تەكنیكی و بارودۆخی مه‌یدانیی به‌ره‌كانی شه‌ڕی بۆ ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه شیكرده‌وه.
پڕۆسه‌ی سیاسی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی تازە ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی ئەم كۆبوونەوەیە بوو.
شایانی باسە دوای تەواوبوونی كۆبوونه‌وه‌كه سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیی هاوبه‌شدا ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان بۆ رۆژنامه‌نووسان خسته‌ڕوو.