ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمریكا پشتیوانییەكی گەورە بۆ پێشمەرگە و كوردستان دەردەبڕن

  • هەینی, 21 ت دووەم 2014

واشنتۆنی پایتەخت، وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا
جەنگی دژ بەدەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، چەند ساڵێك درێژە دەكێشێت و سەركەوتووش نابێت لە ڕێگەی هاوبەشایەتی(شراكە) نێوان پێشمەگەی كورد و باقی جیهانەوە نەبێت"، ئەمە گوتەی دكتۆر فوئاد حوسێنە كە لە میانی دیداری ڕۆژی سێشەممەدا لەگەڵ ئەندامی كۆنگرێس، ئاد ڕۆیس سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوەدا كردی.

ڕۆژی چوارشەممە، دكتۆر فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و بەڕێز فەلاح مستەفا لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پاش چەند دیدارێك لە واشنتۆن بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، كۆتاییان بەسەردانەكەیان بۆ ئەمریكا هێنا. كارنامەی شاندەكە چەندین دیداری لەگەڵ ئەندامانی كۆنگرێس و چەند ئەندامێكی كۆمەڵەی ئەمریكایی كلدانی و ئیعلام لەخۆگرت.

لە نێو دیدارەكانی شاندەكە، ئەندامی كۆنگرێس، رۆیس، لەگەڵ شاندەكە دوا و گوتی "پێشمەرگە سەلماندی كە دیانەوێت لە شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)دا سەركەون و ئەو چەكە پێشكەوتووانەشیان پێ دەگات كە بۆ ئەو سەركەوتنە پێویستن".

هەروەها شاندەكە، كۆمەڵێك دیداری جیاوازی لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی كاروباری دەرەوە لە هەردوولا ساز كرد، لە نێویاندا، دیدارێك لەگەڵ ئەندامی كۆنگرێس، لینا ڕۆس لیستیننۆ، سەرۆكی لیژنەی فەرعیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا و خاتوو، لۆریتا سانشیز و دانا رۆراباشی و گریگۆری میكس و چەند كارمەندێكی لیژنەكە.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە، شاندەكە بانگێشتی دیدارێك كرا لە لایەن ئادەم كینزینگرۆ، و بەئامادەبوونی ئەندامانی كۆنگریس، تۆلیسی گابارد و ڕۆن دیسانتێز و خوان ڤارگاس و كۆرت كڵاوسۆن و ستیڤ گابووت و گیراڵد ئەی كۆنۆڵی و جیف دۆنكن. بەڕێز فەلاح مستەفا، لەوێدا ڕای گەیاند "ئێمە تەقدیری پابەندبوونی وڵاتە یەكگرتووەكان دەكەین بەشەڕی تیرۆریزمەوە. ئەم شەڕە، شەڕێكی درێژخایەن و سەخت دەبێت، ئێمە پێویستمان بەپشتیوانی ئێوە دەبێت ئەگەر بمانەوێت شكست بەدەوڵەتی ئیسلامی(داعش) بێنین.

هەروەها دكتۆر فوئاد حوسێن و بەڕێز فەلاح مستەفا، چاویان كەوت بەسەرۆكی لیژنەی فەرعیی بەرگری كە سەر بەلیژنەی تەرخانكردنەكانە لە كۆنگرێس، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی وردەكاریی پێداویستییەكانی پێشمەرگەوە. لەو بارەیەوە، شاندی میوان، ئاماژەی بەپێویستی چەكی قورس دا بۆ ئازادكردنی موسڵ و شنگال، سەرباری مەشقپێكردنی پێشمەرگە لەسەر پووچەڵكردنەوەی بۆمب و مینی نەتەقیو و بۆمبە چێندراوەكانی داعش.
هەر لەو بارەیەوە، ئەندامانی شاندەكە لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی خزمەتگوزاریی هێزە چەكدارەكانی كۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیران كۆبوونەوە، كە پێكهاتبوو لە سیناتۆر، جیم ئینهۆڤ و جۆ دۆنڵی و مارك كیرك و ئەندامانی كۆنگرێس مایكڵ تیرنرۆ و ترینت فرانك و مایك گۆناوی. هەر هەموویان پشتیوانیی گەورەی خۆیان بۆ پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان دەربڕی. لەوێدا، سیناتۆر، ئینهۆڤ، بەتەواوی لەگەڵ شاندەكەدا هاوڕا بوو كە (داعش) كێشەیەكی جیهانییە و گوتی "وڵاتە یەكگرتووەكان سوپاسی پێشمەرگە دەكات كە لە جیاتی هەموو دنیا ڕووبەڕووی تیرۆریزم بووەتەوە".

لە میانی دیداری شاندەكە لەگەڵ سیناتۆر، جۆن كرۆنین، لە لیژنەی قەزا و مافەكانی مرۆڤ، بەڕێز فەلاح مستەفا گوتی "ئەوەی بەسەر ئێزیدییەكاندا هاتووە، هیچ ناوێكی دیكەی لێ نانرێت، جینۆساید نەبێت، ژمارەیەكی یەكجار زۆر بوونەتە قوربانی، ئێمە چاومان لەوەیە وڵاتە یەكگرتووەكان یارمەتیمان بدات بۆ جێبەجێبوونی دادپەروەری دەرهەق بەئێزیدییەكان لە ڕێگەی داننان بەو كۆمەڵكوژییانەدا".

هەروەها ئێوارەی سێشەممە 18ـی 11ـی 2014 شاندەكەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەندامانی كۆمەڵەی ئەمریكایی كلدانی كۆبووەوە بەمەبەستی گوێگرتن لە مەترسییەكانی ئەو تەنگژە مرۆییەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە.

شاندەكە، چەندین دیداری لەگەڵ پشتیوانانی هەرێمی كوردستان ئەنجام دا، لە نێویاندا، ئەندامانی كۆنگرێس، كای گرانگرس و ماریۆ دیاز – باڵریت و دانا رۆهەرباشەر و ستیڤ كینگ و مارشا بلاكبۆرن و جیڤ فۆرتینبێری و كریس ڤان هۆڵین و ڕۆن جۆنسۆن و مایك فیتزپاتریك و گێرد پۆڵسی هاوسەرۆكی نوێنەرایەتی كۆنگرێسی ئەمركایی كوردی. لەم دیدارەدا بەڕێز فەلاح مستەفا گوتی "وڵاتە یەكگرتووەكان زۆر جاران پابەندیی خۆی بەرانبەر گەلی كورد دووپات كردووەتەوە. ئێمە دەزانین كە دەتوانین پشت بەئێوە ببەستین بۆ ئەوەی هێزەكانمان بتوانن شكست بەتیرۆریستان بێنن لە هەرێمەكەماندا".

هەر ڕۆژی چوارشەممە 19ـی 11ـی 2014 باڵیۆز، ویندی شامپەرلین، میوانداریی شاندی میوانی كرد لە ئاهەنگی پێشوازیی ئێوارەخوانی ساڵانەی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لەسەر ئاستی ئیعلامیش، برێت بایەر، چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ دكتۆر فوئاد حوسێندا ئەنجام دا. لەو چاوپێكەوتنەدا، گفتوگۆ لەبارەی هێرشی ئەم دواییەی (داعش) كرا بۆ سەر ڕەبیعە. دكتۆر فوئاد گوتی، سەركەوتن لە شەڕی دژی داعشدا، پشتیوانییەكی نێودەوڵەتی گەورەی پێویستە. هەروەها چەند چاوپێكەوتنێكی دیكە لەگەڵ دكتۆر فوئاد حوسێندا لەلایەن كەناڵی سەتەلایەتی ڕووداو و هەروەها واشنتۆن پۆستەوە ئەنجام دران.

 

 

 

 

Read کد خبر: 946

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی