به‌ توندى ئیدانه‌ى ئه‌و كاره‌ تیرۆرستییه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌مڕۆ گردبوونه‌وه‌یه‌كى ڕێكخراوه‌كانى له‌ ئه‌نقه‌ره‌ى پایته‌ختى توركیا كرده‌ ئامانج و له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ به‌شداربووان، گیانیان له‌ ده‌ست دا و بریندار بوون كه‌ خۆیان بۆ چالاكییه‌كى مه‌ده‌نى له‌پێناو ئاشتیدا ئاماده‌ ده‌كرد. پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ كه‌سوكار و گه‌ل و حكوومه‌تى توركیا ده‌كه‌ین و هیواى زووچاكبوونه‌وه‌ بۆ برینداران ده‌خوازین.

دووباره‌بوونه‌وه‌ى ئه‌و هێرشه‌ تیرۆرستیانه‌ له‌ كاتێكدا نیشانه‌یه‌كى ڕوونى فراوانبوونى مه‌ترسیى تیرۆره‌ كه‌ ڕووبه‌رێكى گه‌وره‌ى له‌ ناوچه‌كه‌ گرتووه‌ته‌وه‌، له‌ هه‌مان كاتدا به‌ڵگه‌یه‌ى دیكه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ ناوچه‌كه‌ به‌تایبه‌تى و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌گشتى، ده‌بێ به‌ گیان و ئیراده‌یه‌كى به‌هێزتره‌وه‌ ڕووبه‌ڕووى تیرۆر و تیرۆرستان ببنه‌ و له‌پێناو سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر تیرۆرستاندا و بۆ نه‌هێشتنى تیرۆر، هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌كى گه‌وره‌تر بكه‌ن.

هیوادارین ئه‌نجامده‌رانى ئه‌م كاره‌ تیرۆرستییه‌ ئاشكرا و ده‌سگیر بكرێن و له‌به‌رده‌م دادگا و یاسادا به‌ سزاى خۆیان بگه‌ن، هه‌روه‌ها هیواخوازین ئه‌م تاوانه‌ نه‌بێته‌ هۆى دروستبوونى ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ى دیموكراسى و هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى توركیادا.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
10.10.2015

بیست و حەوت ساڵ لەمەوبەر، گەلی کوردستان ڕووبەڕووی گەورەترین شاڵاوی جینۆساید "شاڵاوی ئەنفالەکان" بووه‌، كه‌ ئامانج لێی سڕینەوەی بوون و ناسنامەی نەتەوەییی میللەتەکەمان بوو و تیایدا وێڕاى خاپووركردنى بە هەزاران گوند و ناوچه‌ى كوردستان، زیاتر لە (182000) هاووڵاتی بێ تاوانی کوردستانیش، بوونە قوربانی و شه‌هید كران.

ئێستا کە یادی ئەم ڕۆژە تاڵانە دەکەینەوە، ساڵانێک بەسەر دادگاییکردنی سەرانی ڕژێمى به‌عسى تاوانكارى ئه‌نجامده‌رى ئه‌نفاله‌كاندا تێدەپەڕێت و وەک چۆن ئەرکی یاسایی و ئەخلاقیی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، ناسینی ئەم شاڵاوه‌ بووە وه‌ك شاڵاوى جینۆسایدكردنى گەلی کوردستان، بە هەمان شێوەش ئەرکی نیشتیمانی و یاسایی و ئەخلاقیی حکوومەتی عێراقه‌ كه‌ قەرەبووى ماددی و مەعنەویی ڕزگاربووان و کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال بكاته‌وه‌، لەگەڵ قەرەبووی ژینگە و زێدی ئەو هاووڵاتیانەی کە ناوچەکانیان بەر شاڵاوی ئەنفالەکان کەوتبوون.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای پەرۆشیی بەردەوامی بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ڕوفاتی ڕۆڵە ئەنفالکراوەکانی ئەم گەلە بۆ زێدی باووباپیرانیان، بەردەوامیش لە خەمی باشترکردنی گوزەرانی کەسوکارەکانیاندایە كارى بۆ ده‌كات، هاوکات هەوڵی بەردەوام دەدات بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی کەیسی جینۆسایدی ئەنفال.

کوردستانیانی خۆشەویست..
ئه‌مڕۆ گەلەکەمان لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چارەنوسسازدایە دژ بە شاڵاوێکی هاوشێوەی ئەنفال کە لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە ئاراستە دەکرێت، بۆیه‌ گەلی کوردستان بە سەرجەم پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکانیەوە، لە هەموو کاتێك زیاتر پێویستی بە یەکدەنگی و یەکڕیزی و خۆڕاگرییە، بۆ بەرەنگاربوونەوە و لەگۆڕنانی خەونی تیرۆریستان و ئەنفالچییان و دوژمنانی ئازادی و مرۆڤایەتی. دڵنیاین تیرۆرستانى داعشیش به‌ هه‌مان چاره‌نووسى سه‌رانى به‌عس و ئه‌نجامده‌رانى ئه‌نفاله‌كان ده‌چن و له‌گۆڕ ده‌نرێن.

دروود بۆ گیانی پاک و بێتاوانی ڕۆڵە ئەنفالکراوەکانی گەلەکەمان.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
2015/4/13

 

 

 

 

 

 

 

ڕۆژی ١٦/٣  درێژترین ڕۆژی نێو یادەوەریی نەتەوەیی و نیشتیمانیمانە، ڕۆژێکە هێندەی سەدەیەک ئازار و قوربانیدانی میللەتێکی لەخۆ گرتووە، کە شەڕانگێزی و جینۆساید و قێزەونترین چەکی سەردەم، نەیتوانی بوون و ئیرادەی بسڕێتەوە. ڕۆژێک کە هێندەی زام و ئازارەکانی، هەستی شانازی و گەورەیی بە گەلەکەی دەبەخشێت.

گەر تا دوێنێ بە خەمبارییەوە گوتبێتمان هەڵەبجەی شەهید، ئەمڕۆ بە شانازییەوە دەڵێین پارێزگای هەڵەبجە، ئەم ڕاستییە زیاد لە مانایه‌كى سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژوویی و نیشتیمانی و کولتووری هەیە، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ خواستى ئەم گەلە لە بنیاتنان و ژیانی سەربەرزانە و توانای خۆڕاگری و مانەوە و بەرگریکردنی شەرەفمەندانە لە بوونی خۆی. بۆیە هەڵەبجە نه‌ك هه‌ر تەنها سیمبولی قوربانیدانمانە، بەڵکو هاوکات سیمبولی ئیرادەی هەڵسانەوە و بنیاتنان و مانەوە و خۆراگریی ئەم گەلەیە. بەڵێ ئەمڕۆ بە شانازییەوە دەڵێین: دەسەڵاتی دیکتاتۆری و کۆمەڵکوژی نەما و هەڵەبجە  ما و دەمێنێ، جەللادەکانی هەڵەبجە بە ڕیسوایی  تیا چوون و هەڵەبجەکەی ئێمە به‌ سه‌ربه‌رزى مایه‌وه‌.

ڕۆڵە دڵسۆزەکانی هەڵەبجەی ئازیز .. کوردستانیانی خۆشەویست..

بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، لە کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، هه‌ر به‌ تەنها بڕیار و مەبەستێکی سیاسی نییە، بەڵکو بڕوا و ئیرادەیەکی نەگۆڕە بۆ پارێزگاری لە بوون و ناسنامەمان. هەربۆیە  پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە لە ماوەیەکی کورتدا واقیعی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەسەر هەموو ئاستە خزمەتگوزارییەکان و لە کایە جیاجیاکانی گەشەی ئابووری و شارستانی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا ڕەنگ بداتەوە و بۆ ئه‌مه‌ش داواكارین لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بگه‌نه‌ ڕیككه‌وتن. وێڕای هەر تەنگژەیەکی ئابووری، پێشخستن و بووژاندنەوەی پارێزگای هەڵەبجە بە شێوەیەک کە لە ئاستی ناو و پێگەی هەڵەبجەدا بێت، لە کارە لەپێشینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، وەک چۆن خزمەتی زیاتری برینداران و قوربانییە زیندووەکانی هەڵەبجە، لەو کارە گرنگانەیە کە هەمیشە جێگەی بایەخمانە.

کوردستانیانی خۆشەویست..

وەک هەر جارێک و هەر یادێکی ١٦/٣مان، ئەمڕۆ لە یادی ٢٧ ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، سەری ڕێز و وەفا بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدان و قوربانیانی گەلەکەمان دادەنەوێنین، وەفاداریمان بۆ شەهیدان و قوربانیانی هەڵەبجە، بە ڕێگای ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان و پێشخستن و خزمەتکردنی زیاتری هەڵەبجە و دانیشتوانەکەیدا تێدەپەڕێت.

سڵاو لە پارێزگای هەڵەبجە و ڕۆڵە دڵسۆزەکانی، شکۆداربێت ئیرادەی مانەوە و بنیاتنان و پێشکەوتن، هەر سەربەرز و ئاوەدان و پێشکەوتوو بێت هەڵەبجەکەمان و کوردستانە ئازیزەکەمان.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
15.3.2015

ئەمڕۆ لە سایەی خوێنی پیرۆزی شەهیدان و قارەمانیه‌تیی پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکانی کوردستان، کە هه‌ر یه‌كێكیان وه‌ك كاوه‌یه‌كى ئاسنگه‌ر به‌رامبه‌ر زوحاكه‌كانى تاریكى وه‌ستاونه‌ته‌وه‌ و لە سەنگەری شەرەفدا بەرامبەر بە هێزی تاریکی و شەڕانگێزی، پارێزگاری لە ئازادی و ئارامی و ئایندەی کوردستان دەکەن، نەورۆزی ئازادی و سەرکەوتن سه‌ركه‌وتن پیرۆز ده‌كه‌ین. نەورۆزی ئەمساڵمان کە نەورۆزی بەرخۆدان و بەرگریکردنە لە بوون و ناسنامەمان، دەبێ گیانی یەکڕیزیمان بەهێزتر بکات و زیاتر هانمان بدات بۆ بەرەنگاریی هەر مەترسی و کێشە و تەنگژەیەک، کە دووچاری کوردستانی ئازیزمان ببێتەوە.

کوردستانیانی خۆشەویست..

له‌م نەورۆزەدا، وەک چۆن ڕۆشناییی ئاگرێک نەتەوەیەکی لە چواردەوری خۆیدا کۆکردۆتەوە، ئاواش دەبێ ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە لە هەر وڵات و شوێنێکی جیهاندا بن، بە گیانی یەکێتی و لەخۆبوردەییەوە بۆ بەدیهێنانی پەیامی نه‌ورۆز، کە بوونێکی سەربەرزانە و ئازادانه‌یه‌، هەموو هەوڵ و کۆششێک بخەنە گەڕ.

لەم بۆنە پیرۆزەدا، گەرمترین پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکانی سەنگەری شەرەف و بەرگریمان دەکەین. نەورۆزی بەرخۆدان لە سەرجەم کوردستانیانی هەموو پارچەکانی کوردستانی ئازیز، پیرۆز دەکەین، پیرۆزبایی گەرمیشمان بۆ کوردانی تاراوگەنشین لەهەر شوێنێكی جیهاندا بن.

شکۆدار بێت نەورۆزی پێشمەرگە، جەژنی نەتەوەیی و سەری ساڵی نوێی کوردیمان.
دروود بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگارى ئازادیى کوردستان.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
20-3-2015

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 3-2-2015، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێزان ئه‌ندامانى لیژنه‌ى داراییى په‌رله‌مانى عیراقى فیدرال له‌ فراكسیۆنه‌ جیاكانى كوردستان كرد.

له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران، سوپاس و پێزانینى خۆى و سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستانى پێشكه‌ش به‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ كرد كه‌ له‌ ئاماده‌كردنى یاساى بودجه‌ى ئه‌مساڵى 2015ى عیراقى فیدرالدا، ڕۆڵێكى ئه‌رێنییان گێڕا و تا یاساكه‌ ته‌واو بوو، به‌ گیانێكى كوردستانیانه‌، هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى به‌رده‌وامیان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستاندا هه‌بوو.

داكۆكى له‌وه‌ش‌ كرده‌وه‌ كه‌ كاركردن به‌ گیانێكى كوردستانیانه‌ى پڕ له‌ ته‌بایى و كارى پێكه‌وه‌یى و یه‌كهه‌ڵوێستى، خزمه‌تێكى گه‌وره‌ به‌ هه‌رێمى كوردستان و به‌رژوه‌ندیى كوردستانیان ده‌كات. هه‌روه‌ها هیواى خواست هه‌مان شێوه‌ى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌ نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و لیژنه‌كانى دیكه‌ى په‌رله‌مانى عیراقى فیدرالدا هه‌بێت. ڕاشیگه‌یاند: زۆر ئاسایییه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان جیاوازى له ‌بیروبۆچوون و هه‌ڵوێسته‌كاندا هه‌بێت، به‌ڵام زۆر گرنگه‌ هه‌موو فراكسیۆنه‌كان و نوێنه‌رانى كوردستان له‌ به‌غدا له‌سه‌ر پرسه‌ كوردستانییه‌كان، یه‌كگرتوو، یه‌كهه‌ڵوێست و یه‌كڕێز بن.

لاى خۆیانه‌وه‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌، سوپاسى ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیان كرد و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر‌ گرنگیى هه‌بوونى میكانیزمێكى كارا بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى به‌رده‌وام له‌ نێوان نوێنه‌رانى كوردستان له‌ به‌غدا و حكوومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا كرده‌وه‌، تا هه‌موو كاره‌كان به‌ هه‌مان شێوه‌ى یاساى بودجه‌ى عیراقى فیدرال به‌ڕێوه‌ بچن و له‌ ڕێگه‌ى ئه‌و هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌وه‌، به‌ باشترین شێوه‌ خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بكرێت.

زۆر بە توندی سەرکۆنەی کوشتنی فڕۆکەوانی ئوردنی (مەعاز کەساسیبە) دەکەین كه‌ به‌وپه‌ڕى ترسناكى و دڕه‌نده‌یى، به‌ دەستی تیرۆریستانی داعش شه‌هیدكرا. دیارە کوشتنی دیل و بارمتە دژ بە هەموو بنەمایەکی ئایینی و مرۆیی و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بۆیە تاوانەکانی ئەم تیرۆریستانە لە هەموو بنەمایەکی مرۆیی و ئایینی و شارستانییه‌وه‌ دوورن و مەترسییەکانیان بەرۆکی هەموو گەل و وڵاتانی ناوچەکە و دنیای بەبێ جیاوازی گرتووە.

ئه‌م دڕه‌نده‌یییه‌ دیسان ده‌یسه‌لمێنێ كه‌ ئەرکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هێزە ئازادیخواز و مرۆڤدۆستەکانی دنیا ئەوەیە، بۆ وشککردنی سەرچاوەکانی وزە و هێزی تیرۆریستان و بنەبڕکردنیان و لەپێناو فەراهەمکردنی دنیایەکی هێمنتر و پڕ لە ئاشتی و ئارامی بۆ گەلانی دنیا و ئایندەی مرۆڤایەتی، هەمووان پێکەوە به‌ شێوه‌یه‌كى زۆر كاراترى هه‌مه‌لایه‌نه‌، كار ‌بۆ له‌ناوبردنى دڕنده‌كانى داعش بكه‌ن.

بە ناوی حکوومەت و گەلی کوردستانەوە، ئه‌وپه‌ڕى هاوخه‌مى و سەرەخۆشیی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەی فڕۆکەوانی ئوردنی (مەعاز کەساسیبە) و جه‌نابى شا و حکوومەت و گەلی شانشینی ئوردنى دۆست دەکەین. تیرۆریستان دەبێ باجی ئەم تاوانە دڕندانه‌یه‌ و هەموو تاوانە نامرۆییەکانی دیكه‌یان بدەن و له‌ ڕه‌گ و ڕیشاڵه‌وه‌ هه‌ڵبته‌كێنرێن.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
2015/2/3

  

 

 

 

 

حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان داواى كرد به‌شدارانى ئه‌و كۆنفرانسه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌ى سبه‌ى دووشه‌ممه‌ ده‌رباره‌ى ڕه‌وشى ئاسایشى عیراق و ڕووداوه‌كانى شه‌نگال و ئاواربوونى سه‌دان هه‌زار هاووڵاتى؛ له‌ پاریس ده‌به‌سترێت، نه‌ك هه‌ر به‌ ته‌نها له‌ ڕووى سیاسى و سه‌ربازییه‌وه‌ له‌ بارودۆخه‌كه‌ بدوێن، به‌ڵكو ئاوڕێكى جددیش له‌ ڕه‌وشى مرۆییى ئاواره‌كان بده‌نه‌وه‌ و بتوانن هاوكارى ته‌واو بن بۆ یارمه‌تیدانى سه‌دان هه‌زار ئاواره‌ى‌ ناوخۆی عیراق.

 

 داواشى كرد وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان ئه‌ركى مرۆییى خۆیان به‌رامبه‌ر به‌و ئاوارانه‌ پێك بێنن كه‌ به‌شێكى زۆریان كوردى ئێزدین، به‌ڵام به‌شێكى به‌رچاویشیان مه‌سیحى و عه‌ره‌بى سوننه‌ى ناوچه‌كانى نه‌ینه‌وان.

حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌روه‌ها داوا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كات به‌ ده‌نگ داوكارییه‌كانییه‌وه‌ بچێت تا بتوانێت وه‌ك پێویست ئه‌ركى خۆى جێبه‌جێ بكات و هاوكارى و یارمه‌تى پێشكه‌ش به‌و ژماره‌ زۆره‌ى خه‌ڵكى ئاواره‌ بكات، كه‌ له‌ ئه‌نجامى هێرشه‌ تیرۆستییه‌كانى داعش بۆ سه‌ر شه‌نگال و ده‌شتى نه‌ینه‌وا، ڕوویان له‌ ناوچه‌ ئارامه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌ گشتى و سنوورى پارێزگاى دهۆك به‌ تایبه‌تى كردووه‌ و پێداویستییه‌كانیان دابین بكات، به‌ تایبه‌تى كه‌ خه‌ریكه‌ وه‌رزى سه‌رماوسۆڵه‌ ده‌ست پێده‌كات.

ئه‌م داوایانه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیر و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تدا هات، كه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ڕه‌وشى مرۆییى ئاواره‌كانى شه‌نگال و ده‌شتى نه‌ینه‌وا و به‌دواداچوونى پێداویستییه‌كانیان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 14ى ئه‌یلوولى 2014، به‌ سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، ساز كرا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌روه‌ها ڕاپۆرتێكى مه‌یدانى ده‌رباره‌ى ڕه‌وشى ئاواره‌كان پێشكه‌ش كرا و به‌ تایبه‌تى تیشك خرایه‌ سه‌ر بوارى په‌روه‌رده‌یى و ئه‌و قوتابخانانه‌ى له‌ دهۆك ئاواره‌كانى تیادا نیشته‌جێ كراوه‌. له‌مباره‌یه‌وه‌ بڕیار درا به‌ زووترین كات ده‌ست به‌ دروستكردنى كامپ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و قوتابخانانه‌ چۆڵ بكرێن و پرۆسه‌ى خوێندن دوا نه‌كه‌وێت. هه‌روه‌ها بڕیار درا هاوكارییه‌كى ته‌واوى پارێزگار و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى پارێزگاى دهۆك بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن وه‌ك پێویست ڕووبه‌ڕووى كێشه‌كان ببنه‌وه. هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى دیكه‌ى هاوشێوه‌ له‌ دهۆك ساز ده‌كرێت، تاكو له‌ نزیكه‌وه‌ دید و بۆچوونى لایه‌نه ‌په‌یوه‌نداره‌كانى دهۆك له‌باره‌ى ڕه‌وشه‌كه‌وه‌ بزانرێ.

هه‌روه‌ها بڕیار درا لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌كى ته‌واویان هه‌بێت و شاندێكى حكوومه‌تى هه‌رێمى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى به‌غدا بكات، بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عیراق ده‌رباره‌ى ڕه‌وشى ئاواره‌كان گفتوگۆ بكات، چونكه‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ مرۆیییه‌ له‌ ڕووى پێداویستییه‌كان و قه‌باره‌وه‌، زۆر له‌ تواناكانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گه‌وره‌تره‌ و حكوومه‌تى عیراق ده‌بێ له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌ركه‌ یاسایى و ده‌ستوورییه‌كانى خۆى جێبه‌جێ بكات.

له‌ كۆتاییدا سوپاس و پێزانینى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێشكه‌ش به‌ خه‌ڵكى كوردستان به‌ گشتى و پارێزگاى دهۆك به‌ تایبه‌تى كرا، بۆ ئه‌و كۆمه‌ك و هاوكارییانه‌ى كه‌ هه‌ر له‌ ڕۆژى یه‌كه‌مه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌كانیان كردووه‌ و ده‌یكه‌ن.

 

 

 

 

حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سوپاس و پێزانینى خۆى پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆك باراك ئۆباما ده‌كات بۆ بڕیارى ئه‌نجامدانى هێرشى ئاسمانى دژى هێزه‌ تاریكه‌كانى داعش كه‌ خه‌ڵكى بێتاوانیان له‌ كوردستان و كه‌مینه‌ دێرینه‌كانى عێراق وه‌ك ئێزدى و مه‌سیحى و شه‌به‌ك و گرووپه‌ بچوكه‌كانى دیكه‌یان ده‌كوشت و ڕاوده‌نا و ده‌تۆقاند. ئێمه‌ مه‌ترسیى له‌ناوچوونى ئه‌و كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌ و ئاینانه‌مان هه‌بوو ئه‌گه‌ر هاتوو ده‌ستبه‌جێ ڕێكخراوى تیرۆریستیى داعش نه‌وه‌ستێنرێت. مه‌ترسیى ئه‌وه‌مان هه‌بوو كارى جینۆسایدى سه‌رتاسه‌رى دژى ئه‌م گرووپه‌ بێ ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌نجام بده‌ن. هه‌روه‌ها مه‌ترسیى ئه‌وه‌مان هه‌بوو ئایدۆلۆژیاى نامرۆڤانه‌ى كوشتن و بڕین بتوانێت ببێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر هه‌بوونى كوردستان كه‌ تاكه‌ هه‌رێمى سه‌قامگیر و دیموكراسى و لێبورده‌یه‌ له‌ عێراقدا.


سوپاسگوزارین بۆ هه‌موو ئه‌و پیاو و ئافره‌تانه‌ى له‌ سوپاى ئه‌مه‌ریكا ئه‌و هێرشه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌ دژى هێزه‌كانى تیرۆریستى داعش ئه‌نجام ده‌ده‌ن. هه‌روه‌ها پڕ به‌دڵ سوپاسى ئه‌نجومه‌نى كاروبارى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا ده‌كه‌ین بۆ بڕیارى ڕێگه‌دان به‌ وڵاتانى ئه‌ندام له‌و یه‌كێتییه‌ و نوێنه‌رایه‌تییه‌كانیان له‌ هه‌ولێر بۆ دابینكردنى كه‌لوپه‌لى سه‌ربازى بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.

حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستخۆشى له‌ هه‌موو هاوكارییه‌ مرۆییه‌كان و ئه‌و پشتگیرییه‌ سیاسى و دیبلۆماسییه‌ى وڵاتانى ئه‌مه‌ریكا و فه‌ڕه‌نسا و به‌ریتانیا و ئیتالیا و كه‌نه‌دا و نه‌رویج و توركیا و ئیران و ئیمارات و هۆڵه‌ندا و پۆڵه‌ندا و كۆمارى چیك و هه‌نگاریا و نه‌مسا و ژاپۆن و ئوردن و ئه‌نجومه‌نى ئاسایش و ئاژانسه‌كانى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌كات كه‌ پێشكه‌ش به‌ كوردستانى ده‌كه‌ن.

ئه‌و كاره‌ى ڕێكخراوى تیرۆریستیى داعش دژى كه‌مینه‌كانى كوردستان و عیراق ئه‌نجامی دا؛ كارێكى دڕندانه‌یه‌. ئێمه‌ پێمان وایه‌ دواى هێرشه‌كانى سه‌ددام بۆ سه‌ر خه‌ڵكى سڤیلى كورد له‌ ساڵى 1988 و 1989 به‌ چه‌كى كیمیایى؛ وه‌ك خه‌ڵكى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه، ئه‌مه‌ دڕندانه‌ترین كرده‌وه‌یه‌ ده‌یبینین‌. هه‌روه‌ها پێمان وابوو ئێمه‌ به‌شى خۆمان توندوتیژى و مه‌ینه‌تیمان بینیووه‌ كاتێك به‌ سه‌دان هه‌زار له‌ كورد و كه‌مینه‌كان له‌ ترسى ڕژێمى پێشووى عێراق له‌ به‌هارى 1991 بۆ سنووره‌كانى توركیا و ئیران؛ ڕایان كرد. پێمان وابوو به‌شى خۆمان قوربانیى مرۆییمان داوه‌ و چه‌وسێنراوینه‌ته‌وه‌ و كۆمه‌ڵكوژى و جینۆسایدمان به‌رامبه‌ر كراوه‌ و نه‌هامه‌تیمان بنیووه؛‌ كاتێك ڕژێمى خاپووركه‌رى سه‌ددام له‌ ساڵى 2003 له‌سه‌ر حوكم لابرا. ئه‌م كرده‌وانه‌‌ به‌بیریان هێناینه‌وه‌ هێشتا به‌ هێزى تاریك ده‌وره‌ دراوین كه‌ هیچ ڕێزێكیان بۆ ژیانى مرۆڤ نیه‌.

ڕێكخراوى تیرۆریستیى داعش و هێرشه‌ دڕندانه‌كانیان له‌ دژى كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌ و ئایینییه‌كان بۆته‌ مایه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هه‌بوونى ئه‌و كه‌مینه‌ بێ ده‌سه‌ڵاتانه‌ له‌ شنگاڵ و ده‌ڤه‌رى نه‌ینه‌وا. ئه‌وانه‌یشى كه‌ توانیانه‌ بگه‌نه‌ په‌ناگه‌یه‌كى ئارام؛ به‌هۆى ئه‌و نه‌هامه‌تییه‌ دڕندانه‌ى به‌سه‌ریاندا هاتووه؛ ئێستا ئازارى به‌كۆمه‌ڵ ده‌كێشن‌. به‌یه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى به‌رپرسیارێتیى خۆمان به‌جێ ده‌گه‌یه‌نین بۆ پاراستنى كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌ و ئایینییه‌كان له‌ كوردستان و عێراق.

له‌سه‌رمان پێویسته‌ كار بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ ئه‌نجامى ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستیانه‌دا‌ بوونه‌ته‌ قوربانى؛ به ‌شێوه‌یه‌كى شایسته‌ بنێژرێن، هاوكات كار ده‌كه‌ین بۆ پێشكه‌شكردنى یارمه‌تیى پێویست به‌ برینداران و لێقه‌وماوان كه‌ ئێستا له‌ كوردستانن. پێویسته‌ هه‌رچى ده‌توانین بیكه‌ین بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و ئافره‌ت و مناڵانه‌ى له‌لایه‌ن ڕێكخراوى تیرۆریستیى داعشه‌وه‌ ڕفێنراون. له‌ هه‌مان كاتدا به‌ باشترین شێوه‌ چاودێریى ئاواره‌كان بكه‌ین كه‌ به‌ هۆى ئه‌و كاره‌ساته‌ى له‌ ئه‌نجامى ڕفاندنى كه‌سوكاریان به‌ سه‌ریاندا هاتووه؛ ئێستاش ئازار ده‌چێژن.

دووباره‌ سوپاسى هه‌موو سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان و ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و به‌رپرسه‌ سه‌ربازییه‌كان و تیمه‌كانى ڕزگاركردن و ئاژانسه‌كانى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و تیمه‌كانى ته‌ندروستى و هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و دانیشتوان به‌گشتى ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌وه‌ى پێویست بوو له‌سه‌ریان بۆ ڕزگاركردنى زۆرترین ڕێژه‌ى هاووڵاتیان؛ ئه‌نجامیان دا. متمانه‌ى ته‌واومان هه‌یه‌ كاتێك كه‌لوپه‌ل و پێداویستیى سه‌ربازى بگاته‌ ده‌ست هێزه‌كانى پێشمه‌رگه،‌ ده‌توانین هاووڵاتیان و ده‌سكه‌وته‌ دیموكراتییه‌كان و فره‌ییى نه‌ته‌وه‌یی و ئایینى و لێبورده‌یى و پێكه‌وه‌ژیان له‌ هه‌رێمه‌كه‌مان بپارێزین و هه‌ر ئه‌و به‌هایانه‌شه‌ كه‌ كوردستانى جیا كردۆته‌وه‌. پشتگیرى و پابه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پێمان ده‌ڵێن كه‌ ئێمه‌ بۆ به‌ها و بنه‌ماى دروست ده‌جه‌نگین.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان.
20ى ئابى 2014

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی