ده‌رباره‌ى ڕاگرتنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌ لایه‌ن حكوومه‌تى عیراقى فیدراڵه‌وه‌، كه‌ هیچ پاساوێكى یاسایى و ده‌ستوورى نیه‌، سه‌فین دزه‌یى وته‌بێژى فه‌رمیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ مالپه‌ڕى فه‌رمیى حكوومه‌ت ڕایگه‌یاند: به‌ داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ى چاوه‌ڕوان نه‌ده‌كرا ئه‌وه‌ بوو به‌ڕێز نوورى مالكى سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراقى فیدراڵ كه‌ خۆى له‌ هه‌رێمى كوردستان ژیاوه ‌و زانكۆى له‌ هه‌ولێر ته‌واو كردووه‌، هه‌نگاوێكى له‌م شێوه‌یه‌ هه‌ڵێنێ و دۆسیه‌ سیاسییه‌كان تێكه‌ڵى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و بژێوى ژیانى هاووڵاتیان بكات. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ گفتووگۆكان به‌رده‌وامن بۆ چاره‌سه‌ركردنى پرسه‌كانى نێوان هه‌ردوولا و چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌ین به‌رپرسانى به‌غدا له‌ خه‌مى چاره‌سه‌ركردنى پرسه‌كاندا بن به‌ ڕێگه‌ى دیالۆگ، نه‌ك قووڵكردنه‌وه‌ى كێشه‌كان و بڕینى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران.

 

حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌موو ڕێگایه‌كى گرتووه‌ته ‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ى به‌ گوێره‌ى بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كان، پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا بخاته‌ چوارچێوه‌ى دیالۆگ و گفتوگۆكانه‌وه‌، ئه‌م دواییه‌ش لێكنزیكبوونه‌وه‌یه‌ك هه‌بوو بۆ چاره‌سه‌ركردنى پرسه‌كان، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ حكوومه‌تى عیراقى فیدراڵ په‌ناى بۆ بڕینى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران برد، كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكى نه‌خوازراوه‌، چونكه‌ به‌شی هه‌رێم له ‌بودجه‌ی عیراق مافێكی ده‌ستوورییه ‌و ناكرێ وه‌كوو كارتێكی سیاسی بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان به‌ كار بهێنرێت.
هه‌روا به‌رپرسیاریه‌تیه‌كى دیكه‌ى ده‌ستووری كه ‌له‌سه‌ر شانی حكوومه‌تی عیراقه،‌ ئه‌وه‌یه‌ نابێت له‌ژێر هه‌ر ناوێكدا بێت جیاوازی له ‌نێوان هاووڵاتیانی عیراقدا بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌ك به ‌ڕوونی ده‌یبینین ئه‌وه‌یه‌ كه ‌سه‌رۆك وه‌زیرانی فیدراڵ جیاوازی كردووه‌ و مووچه‌ و بودجه‌ی هه‌موو عیراقی داوه‌ و ئه‌وه‌ی هه‌رێمیشی ڕاگرتووه ‌و گه‌مارۆی دارایی به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستاندا سه‌پاندووه‌.

 

ئێمه‌ له‌ حكوومه‌تى هه‌رێم ڕایده‌گه‌یه‌نین كه‌ به‌رپرسانى عیراق ده‌بێ پشتگیرى له‌ پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه ‌و گه‌شه‌سه‌ندنى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن، چونكه‌ هه‌رێمى كوردستان جگه‌ له‌وه‌ى ئارامترین ناوچه‌ی عیراقه‌ و ده‌كرێ عیراق شانازى پێوه‌ بكات، هاوكات هه‌میشه‌ بۆته‌ په‌ناگه‌یه‌ك بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و ئاواره ‌و په‌ناهه‌ندانه‌ى به ‌هۆى شه‌ڕ و نائارامییه‌وه‌ ڕوویان تێ كردووه‌، هه‌رێمی كوردستانیش به‌بێ جیاوازیى ئایینى و مه‌زهه‌بى (مه‌سیحى و شیعى و سوننى و ته‌واوى پێكاته‌كانى دیكه‌ى) له‌خۆ گرتووه ‌و جێگه‌ و ڕێگه‌ى بۆ دابین كردوون.
هه‌رێمى كوردستان ڕۆڵى سه‌ره‌كى هه‌بوو له‌ قۆناغى گواستنه‌وه‌ به‌ره‌و عیراقى دیموكراسى و فیدراڵ، سه‌ركه‌وتنى ئه‌زموونى هه‌رێمى كوردستان به‌شێكه‌ له‌ سه‌ركه‌وتنى ئه‌زموونى عیراقى فیدراڵ، ئێستاش كه‌ له‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رتاسه‌رى نزیك ده‌بینه‌وه،‌ ده‌بێ درك به‌و ڕاستیه‌ بكه‌ین كه‌ قووڵكردنه‌وه‌ى‌ قه‌یرانه‌كان كاریگه‌ریى نه‌رێنى ده‌بێت بۆ سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ى دیموكراسیى وڵات.

 

بڕینى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان نابێ به ‌هیچ پرسێكى دیكه‌وه‌ گرێ بدرێت، ئه‌گه‌ر حكوومه‌تى فیدراڵ ده‌یه‌وێ قووت و بژێوى هاووڵاتیانى هه‌رێم به‌ پرسى نه‌وته‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌، ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ى پره‌نسیپه‌ ده‌ستوورییه‌كانه‌. له‌ گفتوگۆكانمان زۆر به ڕوونى پرسى نه‌وتمان خستۆته ‌ڕوو، حكوومه‌تى فیدراڵیش باش ده‌زانێت له‌ پڕژه‌ى نێوان هه‌رێم و توركیادا یه‌ك به‌رمیل نه‌وت نه‌فرۆشراوه‌، بۆیه‌ وه‌ك هه‌میشه‌ دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئاماده‌ین به‌ دیالۆگ ئه‌و پرسه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین و بۆ هه‌موو لایه‌كى ڕوون بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ ده‌خوازین ڕۆڵمان هه‌بێت له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى داهاتى عیراق.

 

هه‌روا ڕایده‌گه‌یه‌نین كه‌‌ تێنه‌په‌ڕاندنى بودجه‌ى گشتى له‌ په‌رله‌مانى عیراق هیچ په‌یوه‌ندى به‌ بودجه‌ى پارێزگاكان و مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ نییه‌. بۆیه‌ ئه‌م پاساوه‌ش ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئۆباڵى بڕینى مووچه‌ بخه‌نه‌ ئه‌ستۆى بودجه‌ى گشتیى عیراقه‌وه‌.

 

له‌ كۆتاییدا حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ته‌واوى فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆران دڵنیا ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌خاته‌ گه‌ڕ بۆ دابینكردنى مووچه‌ و په‌له‌ ده‌كات له‌ چاره‌سه‌ركردنى هه‌ر پرسێك كه‌ په‌یوه‌ست بێت به‌ ژیان و گوزه‌رانى هاووڵاتیانه‌وه‌ و ڕازى نابێت مافى ڕه‌واى ئه‌وان، تێكه‌ڵى گه‌مه‌ سیاسییه‌كان بكرێت.

 

یەک شەممە, 02 ئازار 2014

 

 

 

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ 19ى یه‌نایه‌رى 2014 له‌ به‌غدا شاندى باڵاى هه‌رێمى كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ نوورى مالیكى سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراق كۆ بووه‌وه‌. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ڕه‌وش و پیشهاته‌ سیاسى و ئه‌منییه‌كانى ئێستاى عیراق و كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و ڕووداو و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌ گشتى و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر عیراق و وڵاتانى ده‌وروبه‌ر خرایه‌ به‌ر باس و گفتوگۆ.


له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌یه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى یه‌كه‌مى هه‌ردوو شاندى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عیراق، له‌ كه‌شێكى ئه‌رێنى و ڕاشكاوانه‌دا به‌ ڕێوه‌ چوو، گرنگترین خاڵه‌ دیاره‌كانى كێشه‌ و ناكۆكییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا چۆنیه‌تیى دۆزینه‌ى ڕێگه‌چاره‌ى گونجاو له‌ به‌رژوه‌ندیى هه‌موو عیراقدا تاوتوێ كران و نێچیرڤان بارزانى و نوورى مالیكى ویستى دوولایه‌نه‌یان بۆ چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو كێشه‌كان له‌ ڕێگه‌ى دیالۆك و لێكگه‌یشتنه‌وه‌ دووپات كرده‌وه‌.


دواى ئه‌وه‌ش بۆ جارى دووه‌م هه‌ردوو شاندى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عیراقى فیدرال كۆ بوونه‌وه‌ و له‌ كه‌شێكى ئه‌رێنیتر و دۆستانه‌تردا، خاڵه‌ ناكۆكه‌كانیان خسته‌وه‌ به‌ر باس و گفتوگۆ و تیشكیان خسته‌ سه‌ر ورده‌كارییه‌كان و چه‌ند هه‌نگاوێك له‌ یه‌كتر نزیك بوونه‌وه‌. له‌ كۆتاییدا بڕیار درا له‌ژێر ڕۆشناییى ئه‌نجامى كۆبوونه‌وه و گفتوگۆ‌كان، شاندى حكوومه‌تى عیراق ڕه‌شنووسێك ئاماده‌ بكات و له‌ چه‌ند ڕۆژى داهاتوودا بینێرنه‌ هه‌ولێر بۆ ئه‌وه‌ى له‌ وێ دیراسه‌ بكرێت و هه‌ردوولا دانیشتنى دیكه‌ى له‌سه‌ر ساز بكه‌ن.


جێى باسه‌ نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیى شاندێكى باڵاى هه‌رێمى كوردستان گه‌یشته‌ به‌غدا و دواى نیوه‌ڕۆ له‌گه‌ڵ شاندى حكوومه‌تى عیراق به‌ سه‌رۆكایه‌تیى حسێن شه‌هرستانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران بۆ كاروبارى وزه‌ كۆ بووه‌وه‌.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ كه‌شێكى ئه‌رێنى و دۆستانه‌ و زۆر ڕاشكاوانه‌دا به‌ ڕێوه‌ چوو و تیایدا هه‌ردوولا تێبینى و دیدى خۆیان له‌سه‌ر پێشنیاره‌كان به‌ ڕاشكاوانه‌ پێشكه‌ش كرد و هه‌ردوولا ویستى ته‌واوى خۆیان ده‌ربڕى بۆ ئه‌وه‌ى هه‌وڵى جددى بده‌ن تا بگه‌نه‌ ئه‌نجامێكى گونجاو كه‌ له‌ به‌رژوه‌ندیى هه‌موو خه‌ڵكى عیراقدا بێت و تایبه‌تمه‌ندیى هه‌رێمى كوردستانیش له‌به‌رچاو بگیرێت. هه‌روه‌ها گفتوگۆیه‌كى تێروته‌سه‌ل له‌سه‌ر پێشنیاره‌كانى هه‌ردوولا كرا كه‌ پێشتر له‌ لایه‌ن حكوومه‌تى فیدرال و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ یه‌كتر كرابوون.

 


له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ندین خاڵى هاوبه‌ش و چه‌ندین خاڵى ناكۆك گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا و هه‌ردوولا پێیان باش بوو كه‌ هه‌رلایه‌نه‌ى لاى خۆیه‌وه‌ دیراسه‌تى خاڵه‌ ناكۆكه‌كان بكه‌ن و ئێواره‌ دواى كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ نوورى مالیكى سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراقى فیدرال، دانیشتنێكى دیكه‌ وه‌ك به‌رده‌وامیى كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت و به‌مه‌به‌ستى گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێكى گونجاو، ئه‌نجامى دیراسه‌تى خاڵه‌ ناكۆكه‌كان بخه‌نه‌وه‌ به‌ر باس و گفتوگۆ.

 


شاندى باڵاى هه‌رێمى كوردستان له‌ د. ڕۆژ نوورى شاوه‌یس جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراق و ئاشتى هه‌ورامى وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كان و چه‌ند به‌رپرسیكى دیكه‌ى هه‌رێم و شاندى عیراقیش له‌ وه‌زیرى نه‌وت و وه‌زیرى دارایى و چه‌ند به‌رپرسێكى دیكه‌ پێك هاتبوو.

 

 

 

 

 

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 25ى دیسه‌مبه‌رى 2013، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیى شاندێكى باڵاى هه‌رێمى كوردستان گه‌یشته‌ به‌غدا و پاشنیوه‌ڕۆ له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ نوورى مالیكى سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراقى فیدرال؛ چه‌ندین بابه‌تى جیاجیایان خسته‌ به‌ر باس و گفتوگۆ.

له‌ سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانى، پڕۆژه‌یاساى به‌پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ى به‌ فه‌رمى ڕاده‌ستى سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراقى فیدرال نوورى مالیكى كرد، پاش ئه‌وه‌ى ئه‌ویش ڕه‌زامه‌ندى له‌سه‌ر نیشان دا، بڕیار درا بخرێته‌ كارنامه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى داهاتووى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عیراقه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بڕیارى له‌سه‌ر بدرێت و بنێردرێته‌ په‌رله‌مانى عیراق. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى داواى كرد كه‌ به‌ر له‌ ته‌واوبوونى واده‌ى په‌رله‌مانى ئێستاى عیراق؛ یاساى به‌پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ بخرێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

له‌ به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخى ئێستا و پرۆسه‌ى سیاسیى عیراق و ڕه‌وش و پێشهاته‌ ئه‌منییه‌كان خرانه‌ به‌ر باس و جه‌خت له‌سه‌ر هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى زیاترى نێوان لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عیراقى فیدرال له‌ پرسى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆردا كرایه‌وه‌.

دواى ئه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى و شاندى یاوه‌رى له‌ لایه‌ن سه‌ید عه‌ممار ئه‌لحه‌كیم سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى ئیسلامى له‌ عیراقه‌وه‌ پێشوازى لێ كرا. له‌ دیدارێكدا تیشك خرایه‌ سه‌ر ڕه‌وشى ئێستاى عیراق و په‌یوه‌ندییه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدرال و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى به‌غدا و هه‌ولێر و هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌ به‌رژوه‌ندیى هه‌موو عیراقدایه‌. دواى دیداره‌كه‌ش لێدوانێكى هاوبه‌شیان به‌ كه‌ناڵه‌كانى ڕاگه‌یاندن دا و ئاماژه‌یان به‌ ناوه‌ڕۆكى دیداره‌كه‌یان كرد. 

پاشان نێچیرڤان بارزانى و شاندى یاوه‌رى له‌ لایه‌ن حسێن شه‌هرستانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراقه‌وه‌ پێشوازى لێ كرا و له‌ دیدارێكدا كه‌ له‌ كه‌شوهه‌وایه‌كى ئه‌رێنیدا به ‌ڕێوه‌ چوو؛ باسیان له‌ كێشه‌كانى دۆسیه‌ى نه‌وت و چۆنیه‌تیى چاره‌سه‌ركرنیان كرد و هه‌ردوولا داكۆكییان له‌سه‌ر پێویستیى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان كرده‌وه‌ و چه‌ندین بیروڕایان ده‌رباره‌ى ڕێگه‌چاره‌ى كێشه‌كان گۆڕییه‌وه‌، هه‌روه‌ها بڕیار درا‌ له‌ داهاتوویه‌كى نزیكدا هه‌ردوولا له‌و ڕێگه‌چارانه‌ بكۆڵنه‌وه‌ و بگه‌نه‌ ئه‌نجامێكى گونجاو كه‌ له‌ به‌رژوه‌ندیى هه‌موو لایه‌نه‌كان و هه‌موو عیراقدا بێت.
هه‌ر له‌ په‌راوێزى سه‌ردانه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى شاندى باڵاى هه‌رێمى كوردستاندا بۆ به‌غدا، عیماد ئه‌حمه‌د جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زیرى پلاندانى هه‌رێم و شاندێكى یاوه‌ریان؛ له‌گه‌ڵ وه‌زیرى دارایى و پلاندانانى عیراقى كۆ بوونه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ندین ته‌وه‌رى جیا و دۆسیه‌ى هاوبه‌شى په‌یوه‌ندار به‌ هه‌ردوو حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عیراقى فیدرال گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا. شاندى هه‌رێمى كوردستان تێبینییه‌كانى خۆى له‌سه‌ر بودجه‌ى ساڵانه‌ى عیراقى فیدرال خسته‌ ڕوو كه‌ ساڵانه‌ به‌بێ ڕاوێژكردن به‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ ده‌كرێت، به‌مجۆره‌ش هه‌موو ساڵێك كۆمه‌ڵێك خه‌رجیى سیادى زیاد ده‌كرێن و كاریگه‌ریى له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ى به‌شى %17 ى هه‌رێمى كوردستان له‌ بودجه‌ى عیراقى فیدرال ده‌كات.   

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی