ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ی ئایاری 2015، به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵه‌بانى جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیرانی په‌یوه‌ندار، سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لە لایەن به‌ڕێزان د. یووسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان و د. جەعفەر ئیمینکی و فەخرەدین قادر سکرتێری پەرلەمان و پێشوازییان لێ كرا و له‌گه‌ڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان کۆبوونەوەیەک ساز کرا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز د. یووسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان، هیوای خواست کۆبونەوەکە هەنگاوێک بێت بەرەو کۆدەنگیی نیشتمانی لەسەر پرسە تایبەتمەندەکانی پەیوەست بە ژیانی هاووڵاتیانی کوردستان، داوای لە شاندی حکوومەتی هەرێمى كوردستان کرد، دواهەمین هەنگاو پێشهاتەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ شاندی پەرلەمان بخەنە ڕوو.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ، ئاماژەی بە گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرد و وتی "بەداخەوە بەغدا هەرجارەی بە بیانوویەک کێشەمان بۆ درووست دەکات، ئێمە پانەندی ڕێکەوتنەکە بووین و نەوتی پێویستمان ناردووە، بەڵام بەغدا بودجەى هەرێمی كوردستانى وەک خۆی نەناردووە."
لەبارەی پلانی داهاتووی حکومەتی هەرێمى كوردستانه‌وه، بۆ ئەم پێشهاتە نوێیە، به‌ڕێز سەرۆک وەزیران گوتی:"هەرێمی کوردستان کارتی بەدەستەوەیە بەکاری بێنێت، بەڵام دەمانەوێت دەرفەتێک بدەینەوە بە بەغدا و لە ڕێگەی دانیشتنەوە گرفتەکان چارەسەربکەین." دواتر وەزیرانی تایبەتمەند و سەرۆکی فراکسیۆنەکان و ئەندامانی لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان پرسیاریان ئاڕاستەی شاندی حکومەتی هەرێم کرد."
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان و لیژنه په‌یوه‌نداره‌كان، پشتگیری‌یان بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ى له ئه‌گه‌رى پابه‌ندنه‌بوونى حكوومه‌تى فیدرال به یاساى بودجه‌ى عیراقه‌وه و نه‌ناردنى بڕه پاره‌ى شایسته‌ى هه‌رێمى كوردستان، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بریارى خۆى بدات و به‌پێى یاساى په‌رله‌مانى كوردستان ڕێكارى دیكه بۆ دابینكردنى بودحه‌ى پێویست بۆ هه‌رێمى كوردستان بگرێته به‌ر.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتی: بەداخەوە حکوومەتی بەغدا پابەندی یاسای بودجە نەبووە، ناکرێت پێشمەرگە لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕی تیرۆرستاندا خوێنی بڕژێت و بەغداش بە بیانووی جیاواز بودجەکەی ببڕێت.
دوابەدوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بۆ ڕۆژنامەنووسان خستە ڕوو.
دواى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 10ى نۆڤه‌مبه‌رى 2014ى لیژنه‌ى هه‌رێمى بۆ كاروبارى نه‌وت و گاز له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانى كوردستان، به‌ڕێزان سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا تیشكیان خسته سه‌ر ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه.
سه‌ره‌تا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سەرۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان ڕاگەیاند، هەرێم بە هیچ شێوەیەک کۆنترۆڵی نەوتی خۆی ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ ناکات. ئاماژەیشی بەوە دا کە حکوومەتی عێراق بەبێ هەرێم ناتوانێ نەوتی کەرکووک هەناردە بکات. هه‌روه‌ها گوتى: هیوادارین کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێن، بەڵام لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنیش، حکوومەتی هەرێم چارەسەری دیکەی هەیە. جه‌خیشى کردەوە، کە بازرگانیکردن لەگەڵ داعش خیانەتی نیشتمانییە.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کاتێک حکوومەتی عێراق بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، ئێمە هیچ نەوتێکمان هەناردە نەکردبوو، ئەوان تاکلایەنانە بڕیاری خۆیان دا. ڕایشیگەیاند هەرێمی کوردستان دەبێ میکانیزمێک دابڕێژێت کە ئەو دۆخە جارێکی دیكه دووپات نەبێتەوە. دووپاتیشى کردەوە هەرێم بە هیچ شێوەیەک کۆنترۆڵی نەوتی هەرێم ناداتە دەست سۆمۆوە.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا لە مانگی یەکەوە کە مووچەی هەرێم لە بەغداوە نەهاتووە، هەتا ئێستا بەو سیاسەتەی داماناوە، هەتا ڕادەیەکی زۆر مووچەی فەرمانبەرانمان دابین کردووە. هیوایشی خواست، لە ماوەیەکی کورت‌دا حکوومەتی هەرێمی کوردستان وا بکات کە مەسەلەی پێدانی مووچە نەبێتە هەواڵی ڕاگەیاندنەکان، دڵنیایی خۆیشی ڕاگەیاند، کە حکوومەتی هەرێم بەو ئاستە دەگات.
لە لایەکی دیکەشەوە جێگری سەرۆک وه‌زیران به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ئەمه‌ریکا و بەریتانیا و نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانی ئەو دۆخەن و، گوشارێکی زۆریش بۆ حکوومەتی عێراق دەهێنن، بۆ ئەوەی پابەندی ئەو بەڵێنانە بن کە لە کاتی پێکهێنانی حکوومەتدا بە هەرێمی کوردستانیان داوە. به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی گوتیشی بەردەوام لەگەڵ ئەو وڵاتانە لە پەیوەندیداین و، نیگەرانیى خۆیشمان بە نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ڕاگەیاندووە.
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ڕایگەیاند: ئەولەویەتی سیاسەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە چارەسەرێک لەگەڵ بەغدا بدۆزێتەوە، ئێمەیش پێمان وایە باشترین چارەسەر ئەوەیە لەگەڵ بەغدا ڕێگەچارەیەک بۆ دەرچوون لەو دۆخە بدۆزینەوە. ئه‌وه‌یشى نەشاردەوە كه ئەگەر لەگەڵ بەغدا ڕێک نەکەوتین، ئەوە مانای ئەوە نییە چارەسەرێکی دیکە نەبێت، بێگومان ڕێگەچارەی دیکەیش هەیە، بەڵام ئەولەویەتی هەرێم ئێستا ئەوەیە، لەگەڵ بەغدا بگەینە چارەسەرێکی هاوبەش.
هه‌روه‌ها گوتى: هیوادار بووین له سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق و وەزیر ه نوێیه‌که‌ی نه‌وت، سیاسەتێکی نوێ و بەرچاوڕوونییەکی نوێتریان لە بەغدا بۆ چارەسەركردنی کێشەکان هه‌بێت، ئێستایش ئەو هیوایەمان هەیە کێشەکان چارەسەر بن. ئاشکرایشی کرد كه بڕیار وایە به‌ڕێز وەزیری نەوتی عێراق سەردانی هەرێم بکات و گوتی: چاوەڕێی ئەو دیدارە دەکەین و دوای ئەوە بڕیار لەسەر کاتی چوون بۆ بەغدا دەدەین.
هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه کە هەرێمی کوردستان هەتا کۆتاییی 2015 دەتوانێ بەشە بودجەی 17%ی ڕاسته‌قینه‌ى خۆی پڕ بکاتەوە و ڕایگەیاند، بەغدا سه‌روه‌رى لە بەشە بودجەی هەرێم جیا دەکاته‌وه، دوای ئەوەیش تێچووەکانی حاکیمەیش جیا ده‌كاته‌وه، ئینجا بودجه‌ى هەرێم دادەنێت، ئەوەیش لە کاتێکدایە کە هەرێم بەشێکە لە سه‌روه‌ریى عێراق و، پێشمەرگەی هەرێم بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق.
به‌ڕێز سەرۆک وەزیران گوتیشی: ئەمڕۆ پێشمەرگە لە هەندێک شوێن ماوەتەوە، کە ئەگەر بۆ پاراستنی خاکی هەرێم بێت، پێویست ناکات لەو شوێنانە بمێننەوە، بەڵام بەوانەیشەوە پێشمەرگە وەکوو بەشێک لە سیستەمی بەرگریی عێراق حیسابی بۆ نەکراوە. ئاماژەی بەوەش دا کە تا مانگی سێی 2015، هەرێم دەتوانێ ئەو بڕە پارەیەی بۆ هەرێم ده‌هات، کە لە 11% تێناپەڕێت، له ڕێگه‌ى فرشتنى نه‌وته‌وه پڕ بکاتەوە.
سەبارەت بە دیدارى ئه‌مڕۆى به‌ڕێز پارێزگای کەركووكیش له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران، ڕایگەیاند ئەوان بەردەوام پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە. گوتیشی: به‌ڕێز پارێزگاری کەركووك سەردانی تورکیا دەکات و، بەر لە چوونی بۆ تورکیا هاتبووە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ ئێمە بکات و، تێبینییەکانی ئێمە وەربگرێت.
سەبارەت بە ده‌نگۆى بازرگانیکردن لەگەڵ داعش بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: "بازرگانیکردن لەگەڵ داعش بە خیانەتی نیشتمانی دەزانین". لەگەڵ ئەوەش ڕایگەیاند، لە ڕاگەیاندنەکاندا باسی هەندێک ناو دەکرێت، بەڵام تاکوو ئێستا یەکلا نەبوونەتەوە. هه‌روه‌ها داكۆكى له‌وه كرده‌وه كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان زۆر به جددى له‌سه‌ر ئه‌م پرسه ڕاده‌وستێت و ده‌بێ تاوانبارن جا هه‌ر كێ بن، به سزاى یاساییى خۆیان بگه‌ن.
ده‌رباره‌ى ئەو فڕۆکەیەش كه هه‌فته‌ى ڕابردوو لە سلێمانی مۆڵەتی نیشتنەوەی پێنەدرا، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، هەر فڕۆکەیەک بۆ هەولێر و سلێمانی دێت، دەبێت مۆڵەتی نیشتنەوەی لە بەغدا پێبدرێت، بەڵام ئەو فڕۆکەیە مۆڵه‌تی نەبووە، هەر بۆیەیش لە فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕێگه‌ى نیشتنەوەی پێنەدراوە و، دوای ئەوە فڕۆکەکە چووەتە بەغدا و ئاگادار نین لە بەغدا چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە. له‌سه‌ر بە نرخی بەنزینیش ڕایگەیاند، خوازیارى ئه‌وه‌ین كه نرخه‌كه‌ى كه‌م بكه‌ینه‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێستا و له‌م بارودۆخه‌دا حکوومەتی هەرێم ناتوانێ نرخی بەنزین کەم بکاتەوە.
هاوکات به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وه‌زیرانى هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا ڕایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوه قه‌رز وه‌رگرێت، بۆ ئه‌مه‌ش پڕۆژه یاسایه‌كى ناردووه‌ته په‌رله‌مان و خوێندنەوەی یەکەمیشی بۆ کراوە. ئاماژەی بەوەش دا، لەگەڵ پەسەندکردنی ئەو یاسایە، حکوومەتی هەرێم دەتوانێ لە چوارچێوەی ئەو یاسایەدا داوای قەرزی نێودەوڵەتی بكات. ئاشکرایشی کرد، لەگەڵ شاندێکی حکوومەت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته سه‌ردانى ئیمارات و بەریتانیاى كردووه، بۆ ئەوەی لە هەندێک بانکی نێودەوڵەتی داوای قەرز بكه‌ن، تا ئەو پارەیە ببێته داهاتێکی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان. گوتیشی، ئەوان قەرز بۆ مووچەی فەرمانبەران وەرناگرن، بەڵکوو بۆ وەبەرهێنان و پڕۆژەی ستراتیژی بەکاری دەهێنن.
سه‌عات 3ی پاشنیوه‌رۆی دوێنی 6/8/2014 وه‌فدی لیژنه‌ی داكۆیكردن له‌مافه‌كانی ئافره‌تان و لیژنه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ كه‌پێكهاتبوو له ئێڤار ئیبراهیم سه‌رۆكی لیژنه‌ی داكۆكیكردن له‌مافه‌كانی مرۆڤ و سۆران عومه‌ر سه‌رۆكی لیژنه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و جێگر‌و بریاده‌رو ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی هه‌ردوو لیژنه و ژماره‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانتارانی ناوچه‌ی بادینان له‌نوسینگه‌ی دهۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیری ته‌ندروستی و به‌رێوه‌به‌ره گشتیه‌كانی پارێزگای دهۆك تایبه‌ت به ره‌وشی ئاواره‌كانی شه‌نگال و به‌تایبه‌تیش بارودۆخ و ژیان وته‌ندروستی ژنان و مندالان كۆبوونه‌وه.
سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 22ى ته‌ممووزى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له شاندى فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان كرد.
له دیدارێكدا فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان پیرۆزبایى ده‌مه‌زران و ده‌ستبه‌كاربوونى كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیان له به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنیان بۆ خۆى كابینه‌كه‌ى خواست. هه‌روه‌ها دووپاتیان كرده‌وه كه خوازیارى هه‌بوونى هه‌ماهه‌نگییه‌كى باشن له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن پێكه‌وه كار و خزمه‌تى باشتر پێشكه‌ش به هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن.
لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران، وێڕاى به‌خێرهێنان و ده‌ربڕینى خۆشحاڵیى خۆى به‌م سه‌ردانه، دووپاتى كرده‌وه كه هه‌بوونى چاودێریى په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌ر حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه، هه‌م وا ده‌كات ڕۆڵى په‌رله‌مان كاراتر ببێت و هه‌م حكوومه‌تیش هان ده‌دات به‌رده‌وام هه‌وڵى پێشكه‌شكردنى باشترین كار و خزمه‌ت بۆ هاووڵاتیان بدات. جه‌ختیشى له‌وه كرده‌وه كه نه‌بوونى ئۆپۆزسیۆن و به‌شداریى هه‌مووان له كابینه‌ى حكوومه‌تدا، به‌و مانایه نیه كه په‌رله‌مانى كوردستان ڕۆڵى كاراى خۆى له چاودێریكردنى حكوومه‌ت نه‌گێڕێت.
له دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا داكۆكییان له‌وه كرده‌وه كه ئه‌م قۆناغه‌ى ئێستا هه‌رێمى كوردستانى پێدا تێده‌په‌ڕێت، پێویستى به‌وپه‌ڕى كارى پێكه‌وه‌یى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان لایه‌نه‌كان و ده‌زگاكانى هه‌رێمى كوردستان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌مووان پێكه‌وه به‌شدار بن له گه‌یاندنى هه‌رێمى كوردستان به كه‌نارى ئارامى و پێشكه‌شكردنى باشترین خزمه‌تگوزارى به كوردستانیان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه و قه‌یرانه‌كان.
له به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا باس له ده‌ركردنى خوشك و برایانى مه‌سیحى له شارى مووسڵ و په‌ناهێنانیان بۆ هه‌رێمى كوردستان كرا و له‌مباره‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه كه ئه‌وه‌ى له تواناى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا بێت بۆ به‌هاناوه‌چوون و هاوكارى و یارمه‌تیدانى ئه‌وان؛ هیچ درێغییه‌كى نه‌كردووه و ناكات، هه‌روه‌ها حكوومه‌ت هه‌وڵ ده‌دات له ڕێگه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه، كۆمه‌ك و هاوكاریى باشتریان بكرێت.
نێچيرڤان بارزانى
دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 18ى حوزه‌یرانى 2014، له دانیشتنى په‌رله‌مانى كوردستاندا تایبه‌ت به ڕاگه‌یاندنى كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، نێچیرڤان بارزانى وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران و قوباد تاڵه‌بانى وه‌ك جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، له‌گه‌ڵ هه‌موو وه‌زیرانى كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكوومه‌ت سوێندى یاساییان خوارد.
له وته‌یه‌كدا كه كرۆكى به‌رنامه‌ى كارى كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بوو، نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه ئه‌مڕۆ كابینه‌ی هه‌شتی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له هه‌لومه‌رجێكی زۆر ناسكدا ڕاده‌گه‌یه‌نرێت. هه‌روه‌ها تیشكى خسته سه‌ر ئه‌وه‌ى وه‌ك چۆن ساڵی 2003 پێویستى به یه‌كده‌نگی و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی هه‌بوو بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی و ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌م ساته‌شدا كه عێراق به بارودۆخێكی سه‌ختدا تێده‌په‌ڕێت، هه‌مان بیركردنه‌وه‌ی ستراتیژى پێویسته تا هیچ له ده‌سته‌كه‌و‌ته‌كانى هه‌رێمى كوردستان له ده‌ست نه‌درێن و ژیانی هاووڵاتی له هه‌رێم و ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیدارى هه‌رێمى كوردستان بپارێزین و تا بڕیاریان له‌سه‌ر ئاستی به‌رپرسیاریه‌تیی مێژوویدا بێت به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی كوردستان.
نێچیرڤان بارزانى هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كابینه‌ی هه‌شت كابینه‌ی هاوبه‌شی بنكه‌فراوانه كه گوزارشت له خواستی هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، چونكه ئه‌م ئه‌ركه وای خواستووه به ئارامی و نه‌فه‌سدرێژی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پێكێهنانی كابینه‌كه بكه‌ن بۆ ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شیی ڕاسته‌قینه له‌سه‌ر ئاستی ئه‌رك و پێداویستییه‌كانی ژیانی سیاسیی ئێستای هه‌رێمى كوردستان.
هه‌روه‌ها سوپاسی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانى كرد بۆ خۆڕاگرییان ده‌رباری پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌ت، به‌تایبه‌تیش پاش ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی فیدڕاڵ له به‌غدا مووچه‌ی هه‌رێمی بڕی، كه به كارێكى ناهه‌ق و دژ به ده‌ستوورى له قه‌ڵه‌م دا، چونكه ژیانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانی گه‌لێك سه‌خت كردووه و كاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر ئابووریی هه‌رێم و وه‌به‌رهێنان هه‌یه. هاوسۆزى و هاوخه‌میی حكوومه‌تیشى بۆ گشت گرفتی هاووڵاتیان ده‌ربڕى و پێى وابوو كه له چه‌ند ساڵی داهاتوودا خۆڕاگریی ئێستای خه‌ڵكی كوردستان وه‌ك قۆناخێكی نوێی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی زوڵم له قه‌ڵه‌م ده‌درێت و بێ وچان هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشانه ده‌ده‌ن تا چیتر هه‌رێمى كوردستان تووشی قه‌یرانی سیاسی و دارایی نه‌بێت.
نێچیرڤان بارزانى هاته سه‌ر باسى كابینه‌كه‌ى و ئاماژه‌ى به‌وه دا كه هه‌وڵی ته‌واو ده‌دات بۆ به‌دامه‌زراوه‌كردنی حكوومه‌تێكی كارا و شه‌فاف، له‌سه‌ر بنه‌مای هاووڵاتیبوون، جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات، ئاشتی و دادوه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی، مافی مرۆڤ و به‌تایبه‌ت مافی ئافره‌ت و منداڵ، سه‌روه‌ریی یاسا و یه‌كسانی له به‌رده‌میدا، دابینكردنی خۆشگوزه‌رانی، چاكسازیی هه‌مه‌لایه‌نه و ڕاسته‌قینه، پاراستنی ژینگه‌ی كوردستان، دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ به‌رنگاربوونه‌وه‌ی هه‌موو جۆره گه‌نده‌ڵییه‌ك له داموده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمدا.
هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه كه هاووڵاتیبوون پره‌نسیپ و به‌ها و پێوه‌ری یه‌كه‌می كار و هه‌ڵسوكه‌وتی حكوومه‌ته له دابینكردنی ماف و ده‌سنیشانكردنی ئه‌رك و ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تى یه‌كسان و وه‌ك یه‌ك بۆ گشت دانیشتوانی هه‌رێم بێ جیاوازی و هه‌ڵاوێردنی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی. هه‌روه‌ها كابینه‌كه به پشتبه‌ستن به میكانیزمی سه‌روه‌ریی یاسا و به دامه‌زراوه‌بوون كار ده‌كات بۆ لێكجیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیی حكوومه‌ت له كار و چالاكیی حزبی.
سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه كه كابینه‌ی هه‌شت كابینه‌ی حكوومه‌تی هاوبه‌شه، پێكهاته‌كانی كابینه‌كه هاوبه‌شی ڕاسته‌قینه‌ن له حكوومه‌دا، چ له هه‌ڵسوكه‌وتی به‌ڕێكردنی ئه‌ركی حكوومه‌ت و چ له بڕیاردان و، چ له ئه‌ستۆگرتنی به‌رپرسیاریه‌تیی به‌رامبه‌ر گشت بڕیارێك، چونكه موڵكی هه‌موو تاكێكی كوردستانه و كار بۆ خۆشگوزه‌رانی و ده‌سته‌به‌ركردنی خزمه‌تگوزاری و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ده‌كات.
هه‌روه‌ها دڵنیایى دا كه هاوبه‌شان له‌م كابینه‌یه‌دا به‌ڵێنیان له ئاستی به‌رپرسیاریه‌تی و توانای ئابووری و دارایی و كارگێڕیی ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تدا ده‌بێت و پێكه‌وه به‌رپرس ده‌بن له بڕیاره‌كانی، هیچ لایه‌نێكیش نابێته ڕێگر له جێبه‌جێكردن و پیاده‌كردنی بڕیاره‌كانی و لایه‌نه هاوبه‌شه‌كانی پێكهاته‌ی ئه‌م كابینه‌یه به ده‌نگ و متمانه‌ی هاووڵاتیان، حكومڕانیی ئه‌م هه‌رێمه ده‌كه‌ن، بۆیه به ئیراده‌یه‌كی به‌هێزه‌وه كار ده‌كه‌ن بۆ هێنانه‌دی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی به هاووڵاتیان دراوه و خزمه‌تیان ده‌كه‌ن.
نێچیرڤان بارزانى ئه‌وه‌شى گوت كه كاركردنی چه‌ند حیزبێكی جیاواز له حكوومه‌تی هاوبه‌شدا ده‌كه‌نه هۆكارێك بۆ پته‌وكردنی بنه‌مای دیموكراسی له كوردستاندا و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتی، ڕێزگرتن له جیاوازیی بیروبۆچوون و ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ری و حوكمڕانى له‌ژێر چه‌تری كاری هاوبه‌ش، سنگفراوانیی گه‌لی كوردستان ده‌باته ئاستێكی نوێ له مێژووی سیاسیى هه‌رێمى كوردستاندا.
هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه حكوومه‌ت ده‌بێ هه‌نگاوی گه‌وره بنێت بۆ به‌دیهێنانی خه‌ونی نه‌وه‌ی پێش خۆى بۆ كوردستانێكی ئارام و سه‌قامگیر له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵیدا، بۆیه به‌رپرسانه داهاتوو ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن و هه‌نگاوی پێویستی بۆ ده‌هاوێژن.
ده‌رباره‌ى كێشه‌كانى به‌غدا و هه‌ولێریش، سه‌رۆك وه‌زیران ڕوونى كرده‌وه كه یه‌كێك له ئه‌ركه‌كانی ئه‌م كابینه‌یه، گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی ئاشتیخوازانه ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌كردنی كێشه چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌كانی تا ئێستا و ئاینده‌ی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدڕاڵی عێراق، به‌تایبه‌ت كێشه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ى هه‌رێم و جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140ی ده‌ستوور. هه‌روه‌ها هه‌وڵ ده‌ده‌ن پێكه‌وه، به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و په‌رله‌مانی كوردستان و به هاوكاریی لایه‌نه سیاسییه‌كان، هه‌نگاوی به‌په‌له بنێن بۆ دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نێكی دانوستاندن بۆ ڕێكه‌وتنی سیاسی كه گوزارشت له ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان بكات.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه كابینه‌ی هه‌شت زه‌مینه‌ی له‌بار ده‌ڕه‌خسێنی بۆ كاراكردنی ڕۆڵی چاودێریی په‌رله‌مان له‌سه‌ر كاری حكوومه‌ت. له هه‌مان كاتدا داوای متمانه و پاڵپشتیی له په‌رله‌مان كرد تا پێكه‌وه خزه‌مه‌تی چاوه‌ڕوانكراوی هاووڵاتی بكه‌ن، بۆ ئه‌مه‌ش حكوومه‌ت په‌یوه‌ندی و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی به‌رده‌وام و پته‌وى له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌ماندا ده‌بێت.
هه‌روه‌ها باسى له‌وه كرد كه هه‌رێمی كوردستان ناوچه‌یه‌كی تا ڕاده‌یه‌ك ده‌وڵه‌مه‌نده، بۆیه ئامانجیان به‌دیهێنانی سه‌ربه‌خۆیی ئابووری و گه‌شه‌ی به‌رده‌وام و جۆراوجۆركردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات و خۆنه‌به‌ستنه‌وه به تاكه سێكته‌ری نه‌وته‌وه ده‌بێت، كاریش ده‌كه‌ن بۆ گه‌شه‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵ و پشه‌سازی و بازرگانی و خزمه‌تگوزاری و كه‌مكردنه‌وه‌ی جیاوازیی هه‌لومه‌رجی ژیانی گوند و شار.
دووپاتیشى كرده‌وه كه حكوومه‌ت كار ده‌كات بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خزمه‌تگوزارییه سه‌ركییه‌كانی ئاو و كاره‌با و ڕێگاوبان كه گونجاو بێت له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی ئابووریی به‌رچاوی كوردستان و ئاستی بژێوی تاك و په‌ره‌سه‌ندنی وه‌به‌رهێنانی خۆماڵی و بیانی له ڕێی به‌گه‌ڕخستنی ته‌واوی توانا و سه‌رمایه‌ی ماددی و مرۆیی. بۆیه له‌م بواره‌دا ده‌بێت چالاكانه كار بكه‌ن بۆ جێبه‌جێكردن و چه‌سپاندنی لامه‌ركه‌زی، جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان، ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر هه‌مواركردنی ئه‌و یاسایانه‌ی ڕه‌هه‌ندی نیشتیمانییان هه‌یه.
نێچیرڤان بارزانى هه‌روه‌ها گوتى حكوومه‌ت گرنگی ده‌دات به كه‌رتی پیشه‌سازی و گه‌شتوگوزار و پشتگیریی كه‌رتی تایبه‌ت ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆڵی خۆی له ئاوه‌دانكردنه‌وه و گه‌شه‌ی ئابووریی كوردستاندا ببینێ. هه‌روه‌ها په‌ره به سیاسه‌تی وه‌به‌رهێنان له كوردستان ده‌دات به شێوه‌یه‌ك كه له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی قۆناغی داهاتووی كوردستاندا بگونجێت.
داكۆكى له‌وه‌ش كرد كه كابینه‌ی هه‌شت به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر چاكسازیی سیسته‌می په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا و فێركردن به دابینكردنی پێداویستیه‌كانیان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستیی مامۆستایان، له‌گه‌ڵ بایه‌خدان به توێژینه‌وه‌ی زانستی و خوێندنی پێشه‌یی به‌مه‌به‌ستی فه‌راهه‌مكردنی ده‌ستی كاری كارامه و به‌توانا بۆ بازاڕی كار و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری له هه‌رێمدا. له كه‌رتی ته‌ندروستیشدا كار ده‌كات بۆ په‌یڕه‌وكردنی سیسته‌می ته‌ندروستیی پێشكه‌وتوو و جیاكردنه‌وه‌ی كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت له خزمه‌تگوزارییه‌كانی ته‌ندروستیدا.
نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كه كابینه‌ی هه‌شت ئاوڕى زیاتر له ژیان و گوزه‌رانی كه‌سوكاری شه‌هیدان و قوربانیانی ئه‌نفال و كیمیابارانكراوان و زیندانیانی سیاسی ده‌داته‌وه و كار ده‌كات بۆ باشتركردنی ژیان و گوزه‌رانیان. به‌رنامه‌ی نیشته‌جێبوونیش به شێوازێكی هاوچه‌رخ و بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نیشته‌جێبوون به تایبه‌تی بۆ چین و توێژه كه‌مده‌رامه‌ته‌كان، ڕێكده‌خاته‌وه.
سه‌رۆك وه‌زیران شانازیی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى به بارودۆخى ئارام و ئاسایشى كوردستان ده‌ربڕى كه وه‌ك گوتى له جه‌رگه‌ی ناوچه‌یه‌كی پڕ توندوتیژی و شه‌ڕ و تیرۆر و تۆقاندندا به هیمه‌ت و وریایی و كاری دڵسۆزانه‌ی هێزی پشمه‌رگه و پۆلیس و ئاسایشه‌وه، ئارامى و ئاسایش بۆ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان ده‌سته‌به‌ر كراوه. بۆیه له‌م ڕوانگه‌یه‌وه حكوومه‌تی هه‌رێم كار ده‌كات بۆ باشتركردنی ژیان و گوزه‌رانی هێزه چه‌كداره‌كانی هه‌رێم و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاست و توانا و لێهاتووییان، به‌نیشتمانیكردنیشیان ئه‌ركێكی گرنگی ئه‌م كابینه‌یه ده‌بێت.
هه‌روه‌ها ئاشكراى كرد كه كابینه‌ی هه‌شت هه‌وڵ ده‌دات به ڕێكاری یاسایی چاو به سیسته‌می خانه‌نشینی و مووچه‌دا بخشێنێته‌وه، به جۆرێك كه هاووڵاتیان به شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه لێی سوودمه‌ند بن. هه‌روه‌ها كار ده‌كه‌ن بۆ دروستكردنی سندووقی كوردستان بۆ داهاتی نه‌وت و دامه‌زراندنی كۆمپانیای نه‌وتی هه‌رێم وه‌ك له یاسای ژماره (22)ی 2007ی تایبه‌ت به نه‌وت و گازی هه‌رێمدا هاتووه.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه حكوومه‌ت به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر په‌ره‌پێدان و هاوكاری و هاندانی كه‌رتی تایبه‌تی ناوخۆ و ڕه‌خساندنی هه‌لومه‌رجی گونجاو بۆ كۆمپانیا و سه‌رمایه‌گوزارانی ده‌ره‌وه به‌مه‌به‌ستی فه‌راهه‌مكردنی ده‌رفه‌تى كار و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی بێكاری، به‌تایبه‌ت له ناو چینی گه‌نج و ده‌رچووی په‌یمانگه و زانكۆكاندا، به گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی كارپێكردنی سه‌رده‌میانه و ڕێگرتن له پاوانكاریی بازاڕ و كۆمپانیا و پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان.
له كۆتاییدا نێچیرڤان بارزانى ڕوونى كرده‌وه كه ئه‌وه‌ی پێشكه‌شى كرد هێڵه گشتییه‌كانی كارنامه‌ی حكوومه‌تی هاوبه‌شه و ورده‌كارییه‌كانی ئه‌م كارنامه‌یه ده‌بێته پلان و پڕۆژه و پڕۆگرامی سیاسه‌تگوزاریی گشتیی حكوومه‌ت و له كار و به‌رنامه‌ی وه‌زاره‌ته‌كاندا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه.
دوایین شت سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه پیاده‌كردن و سه‌ركه‌وتنی پرۆگرامی حكوومه‌ت، سه‌ركه‌وتنی هاووڵاتیی خۆڕاگری ناخۆشیدیده‌ی كوردستانه و خزمه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری، سه‌رفرازیی حكوومه‌ت ده‌بێت، چونكه دانیشتوانی كوردستان شایسته‌ی ئایینده‌یه‌كی گه‌شترن، شایسته‌ی ئازادی، سه‌ربه‌ستی و دیموكراسیی پته‌وترن. ئه‌وه‌شى گوت كه به پشتیوانیی هێزی ئاسایش و پێشمه‌رگه و پۆلیس و هاووڵاتیانیش، هه‌رێمى كوردستان ده‌توانێت ئه‌نجامی باشتر به ده‌ست بهێنێت و خه‌ونی گه‌وره‌تر به‌دى بهێنین.
دوایین هەواڵەکان
- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران: سەردانەکەی پزیشکیان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئێران بە هەرێمی کوردستان
- هه‌رێمى كوردستان و ئێران جه‌خت له بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانيان ده‌كه‌نه‌وه
- سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو
- نازم دەباغ له وتووێژ له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئیرنا: مەسعوود پزشکیان سەردانی هەولێر دەکات
- نازم دەباغ: کاتی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق دیار نییە
- «سەلام رشدی» له‌گه‌ڵ شاندی یه‌کێتی هاورده و ناردنکارانی لقی هه‌ولێر کۆبۆوه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: هه‌ميشه پشتيوانى و به‌رگرى له مافه‌كانى ئێزدييان ده‌كه‌ين
- سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ باڵیۆزی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا کۆبووه‌وه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵيۆزى نه‌مسا كۆبووه‌وه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى جه‌نه‌رال ڤاول ده‌كات