ئەمڕۆ شەممە 11ـی 4ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ماركوس گرووبڵ جێگری وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و شاندی یاوەری كرد كە پێكهاتبوونلە كونسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر و ژمارەیەك پارلەمانتار و ئەفسەر و ڕاوێژكاریی سەربازیی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا.

لە دیدارەكەدا شاندی ئەڵمانیا ستاییشی ڕۆڵ و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پاراستنی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی ناوچەكە و ئەوەیان خستەڕوو كە قوربانییەكانی پێشمەرگە بە قوربانیی خۆیان دەزانن چونكە پێشمەرگە لەبری هەمووان شەڕی تیرۆریستان دەكەن. هەروەها بەردەوامبوونی وڵاتەكەیشیان دووپاتكردەوە لە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان و هاوكاریی و مەشقی سەربازیی پێشمەرگە. شاندی وڵاتی ئەڵمانیا خۆشحاڵیی خۆشیان نیشاندا بەو پێشكەوتن و بووژانەوەیەی لە كوردستاندا هەیە و ئاماژەیشیان بەوەدا كە گەلی ئەڵمانیا هاوسۆزییەكی كەموێنەی بەرانبەر كوردستان و پێشمەرگە هەیە و هەر ئەوەیش وایكرد كە ئەڵمانیا ئاسانتر بتوانێ بڕیاری پشتیوانیكردنی هێزی پێشمەرگە بدات. شاندی وڵاتی ئەڵمانیا هیوای سەركەوتن و پێشكەوتنیان بۆ كوردستان و هێزی پێشمەرگە خواست و جەختیان لە پەرەپێدان و فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستان كردەوە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیای كرد كە هاوكار و پشتیوانی پێشمەرگە و كوردستان بوونە و ئەوەی دووپاتكردەوە كە هاوكارییە سەربازییەكانی ئەڵمانیا لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا زۆر كاریگەر بووە. سەرۆك بارزانی كورتەیەكی لەبارەی دەركەوتنی تیرۆر لە ناوچەكە و پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان باس كرد و ڕایگەیاند كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانیویەتی لە ماوەیەكی كەمدا تیرۆریستان تووشی شكستی گەورە بكات و بیستهەزار كیلۆمەتری چوارگۆشەی لەدەستی تیرۆریستان ڕزگار كردووە. سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا كە كوردستان لەشەڕی تیرۆریستاندا قوربانییەكی زۆری دا بەڵام ئەو شەڕەیش وانەیەكی باش بوو بۆ گەلەكەمان كە ئێمە لە ناوچەیەكدا دەژیین كە هەمیشە هەڕەشەی تازە سەرهەڵدەداتەوە و پێویستە هەردەم ئامادەی بەرگریكردن و پاراستنی خەڵكی خۆمان بین لە هەڕەشە و توندڕۆییەكان.

بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و ڕێگەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هزری توندڕۆیی تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 2015/9/23 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز ژان ئاسڵ بۆرن وەزیری دەرەوەی لۆكسەمبۆرگ و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا باس لە  ڕەوشی ئەو ئاوارانە كرا كە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و بارگرانییەكی زۆریان بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست كردووە، لە كاتێكدا هەرێم خۆی دووچاری قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجە و شەڕێكی نەگریس بووەتەوە، وێڕای ئەمەش توانیویەتی پێشوازی لەو ئاوارانە بكات و لە هەموو بوارەكاندا هاوكاری و خزمەتگوزارییان پێشكەش  بكات، بۆ ئەمەش شاندی میوان سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كرد.

شاندی میوان هەروەها باسیان لەوە كرد كە هەموو هەوڵەكانیان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بە تایبەتی وڵاتانی ئەورووپا لە بارەی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە ئاوارەكان، یارمەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بدات و بۆ ئەم مەبەستەش هەفتەی داهاتوو لە میانی بەشداریكردنیان لە كۆنفرانسی وڵاتە كۆمەكبەخشەكان كە لە كوێت دەبەسترێت، باس لەوە دەكەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان له‌ ڕووی هاوكاریكردنی ئاوارەكانه‌وه‌، ئەركی سەرشانی خۆی جێبەجێ كردووە و پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش ئەركەكانی بەرامبەر هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات.

لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە بارودۆخی  ئێستای عیراق و بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان و ڕەوشی سیاسیی وڵات كرا و شاندی لۆكسەمبۆرگ سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەو نەبەردییەی هێزی پێشمەرگە دەربڕی كە توانیویەتی بوێرانە ڕووبەڕووی ئەو گرووپە تیرۆیستییە ببنەوە و ئامادەییی خۆیان دەربڕی كه‌ بۆ چارەسەركردنی بریندارانی پێشمەرگە، هاوكاریی پێویست پێشكەش بكەن.

لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سوپاسی شاندی میوانی كرد بۆ سەردانەكەیان و هەڵوێستەكەیانی بەرز نرخاند و دڵنیای كردنەوە كە هەرێمی كوردستان بەبێ جیاوازیی ئایین و مەزهەب و نەتەوە، باوەشی بۆ هەموو ئاوارەكان كردووەتەوە و ئاماژەی بەوەش كرد ئەو شەڕەی پێشمەرگە لە دژی تیرۆیستان دەیكات، بۆ پاراستنی بنەماكانی مافی مرۆڤە كە خەڵكی كوردستان لەگەڵ خەڵكی ئازادیخواز و مرۆڤدۆستی جیهان، هاوبەشی ئەو بنەمایانەن و بەردەوام لەبەرچاوی گرتوون.

لە تەوەرێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێز سەرۆك وەزیران بارودۆخی سیاسیی عێراق و بەرەكانی شەڕ و بە تایبەت ڕەوشی شاری مووسڵی بۆ شاندی میوان خستە ڕوو و جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر پاراستنی ئەو ناوچانەی كە ئازادی كردوون و هه‌موو هاوكارییەكیش بۆ نەهێشتنی مەترسیی تیرۆر پێشكەش دەكات.

لە كۆتایی دیدارەكەدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا كرد و لەم بارەیەشەوە چەندین بیروڕا لە نێوان هەردوولادا، ئاڵوگۆڕ كران.

ئەمڕۆ دووشەممە 30ـی 3ـی 2015 بان كیمۆن سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆك بارزانی كرد.

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دڵگرانیی خۆی نیشاندا كە سەرباری ئەوەی زۆری پێخۆش بووە بەڵام بەهۆی كەمیی كات نەیتوانیوە سەردانی هەرێمی كوردستان بكات. هەروەها پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بە بۆنەی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەبەرانبەر تیرۆرریستانی داعش و سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدانی پێشمەرگە كرد و ستاییشی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كرد لە شكستدانی تیرۆریستانی داعش.

هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستخۆشی لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە یارمەتیی ئاوارە و پەنابەرانیان داوە و ڕایگەیاند كە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هەوڵ دەدات بەردەوام بێت لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان بۆ حەواندنەوەی ئاوارەكان و ئاستی هاوكارییەكانیش زیاتر بكات. لە بەشێكی دیكەی ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا كە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە قۆناغێكی باشتر دان و هەوڵەكان بۆ چارەسەربوونی گرفتەكان بەردەوامن.

ئەمڕۆ هەینی 13ـی 3ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی پێشوازی لە دەیڤید پێترایۆس بەرپرسی پێشووی دەزگەی ناوەندیی هەواڵگریی ئەمەریكا و فەرماندەی پێشووی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی سوپای ئەمەریكا كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەكە و هەڕەشەكانی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی جیهانی و ناوچەكە خرایە بەر باس و گفتوگۆ. هەر لەم دیدارەدا بەرپرسی پێشووی دەزگەی ناوەندیی هەواڵگریی ئەمەریكا سەرسووڕمانی خۆی بە پێشكەوتن و ئاوەدانیی كوردستان نیشان دا و پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانییش كرد بۆ ئەو سەركەوتنانەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا بەدەستیانهێناوە و ستاییشی قارەمانێتی و ئازایەتیی پێشمەرگەی كرد. هەروەها سەرەخۆشیی لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان و كەسوكاری ئەو پێشمەرگە قارەمانانە كرد كە لەشەڕی تیرۆریستاندا گیانی خۆیان بەخت كردووە و شەهید بوونە.

 

 

 

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی 3ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندی هۆزی حەدیدی بە سەرۆكایەتیی ئەحمەد مەحمود ئەلوەشانی كرد.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد كە ناوچەكانیان لەژێر دەستی داعش ڕزگار كردووە و پێزانینیان بۆ قارەمانێتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەبوو و زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە قێزەوەنانەیان كرد كە تیرۆریستانی داعش درهەق پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی پارێزگای نەینەوا و خوشك و برا ئیزیدی و مەسیحییەكان ئەنجام داوە.

شاندی هۆزی حەدیدیی نیشتەجێی پارێزگای نەینەوا و دەورووبەری ناحیەی وانكێ و سەدی موسڵ ئەوەیان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە ئامادەیی تەواویان هەیە كە شانبەشانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ناوچەكانیان بپارێزن و شەڕی تیرۆریستانی داعش بكەن و چارەنووسی خۆیان بە هەرێمی كوردستان ببەستنەوە و داوایان كرد ناوچەكانیان بخرێتە سەر هەرێمی كوردستان. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بەوەی تیرۆریستانی داعش دەستیان لە تێكدان و شێواندنی باری كۆمەڵایەتی و كوشتن و بڕینی خەڵكی بێتاوان هەبووە ستاییشی مامەڵەی ڕەوشتبەرزانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەكە و خەڵكی عەرەبی دەڤەرە ئازادكراوەكان.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هەڵوێستیانی كرد و هێمای بەوەدا كە ئەو تاوانانەی تیرۆریستانی داعش ئەنجامیان داوە لە هیچ شوێن و مێژوویەكدا ڕووی نەداوە. ئەوەیشی خستەڕوو كە گەلی كوردستان خاوەنی كولتووری پێكەوەژیان و ڕەوشتی بەرزە و هیچ جیاوازییەك لەنێوان موسڵمان و مەسیحی و ئێزیدی و عەرەب و كورد و پێكهاتەكانی دی نییە. سەرۆك بارزانی جەختی لەوەیش كردەوە كە ئەوەی دەستی لەگەڵ داعش هەبووبێت و هاوكاریی داعشی كردبێت و هزری داعشی لا پەسەند بێت بە هیچ شێوەیەك نابێ بگەڕێتەوە ناوچە ئازاد كراوەكان.

تیرۆریستانی داعشیش هیچ ئاییندەیەكیان لە ناوچەكە نییە و لەناوچوونیان تەنیا بە كاتەوە بەندە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپات كردەوە كە پێویستە خەڵكی ناوچەكە لە ژیانێكی ئاسوودەدا بژیین و ڕێز لە ئیرادەی دانیشتوانی ناوچەكە بگیرێت و ئەوان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 18ـی 3ـی2015 لە سەلاحەدین به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی له‌ جه‌نه‌ڕاڵ سیمۆن مایه‌ل نێردراوی تایبەتی به‌ریتانیا بۆ كاروباری ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ری كرد، كه‌ له‌ جه‌نه‌ڕاڵ تۆم بێكت نێردراوی نوێی بریتانیا بۆ كاروباری ئاساییش لە هەرێمی كوردستان و كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی سه‌ربازیی سوپای بریتانیا پێكهاتبوو.

له‌ دیدارێكدا كه‌ به‌ بۆنه‌ی كۆتایهاتنی ئه‌ركی جه‌نه‌ڕالمایه‌لو ناساندنی شوێنگره‌وه‌كه‌ی‌ (جه‌نه‌ڕاڵ تۆم بێكت) ساز درابوو،‌ شاندی سەربازیی حكوومەتی بریتانیا پابەندبوونی خۆی بە پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دووپاتكردەوە و ستاییشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانیشیان كرد لە سەرپەرشتیكردنی شەڕەكانی پێشمەرگە لەبەرانبەر تیرۆریستان و پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەیان لە سەرۆك بارزانی كرد و سەرەخۆشیی خۆیشیان بۆ سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە ڕاگەیاند كە لەشەڕی دژی تیرۆریستاندا گیانی خۆیان بەخت كردووە و شەهید بوونە. شاندەكە ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە شەڕی ڕاستەقینە و كاریگەر هێزی پێشمەرگە كردوویەتی و دەستكەوت و سەركەوتنەكانی پێشمەرگەیش زۆر بەرچاو و دیارن.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی جەنەڕاڵ مایەل و تیمە سەربازییەكانی بریتانیای كرد كە هەماهەنگیی زۆر باشیان لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگەدا هەبووە و ڕۆڵیان لە سەركەوتنەكاندا گێڕاوە. هەروەها ئاماژەیشی بەوەدا كە ئەزموونی كاری هاوبەشی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان پێشانیدا كە بە هەماهەنگی و هاوكاریی لایەنەكان دەكرێ تیرۆریستانی داعش تێكبشكێندرێن. سەبارەت بە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا و شەڕی دژی تیرۆریستان سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە پێویستە ئەولەوییەتی سەرەكیی هەموو لایەك شەڕی داعش و ئازادكردنی موسڵ و ناوچە داگیركراوەكانی دیكە بێت و بۆ چارەسەربوونی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدایش لایەنەكان لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ـی 3ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی یەكێتیی ئەوروپا كرد كە پێكهاتبوو لە ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆمیتەی بەرگری و كۆمیتەی كاروباری دەرەوەی پارلەمانی ئەورووپا و جانا هیباسكۆڤا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەیان لەشەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە سەرۆك بارزانی كرد و ڕۆڵ و قوربانیدانی پێشمەرگەیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان بەرز نرخاند و ئاماژەیان بەوەدا كە شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ مەترسییەكان و بەرخودانی پێشمەرگە وایكردووە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بەشداریی ئافرەتان لەم بەرخودانەدا ڕێز و پێگەیەكی بەرزی بۆ پێشمەرگە لە ئاستی جیهانیدا مسۆگەر كردووە. هەروەها ستاییشی سەقامگیری و پێشكەوتنی كوردستانیان كرد و ڕایانگەیاند كە دەیانەوێ كار بكەن بۆ بەردەوامیی و فراوانتركردنی پشتیوانی بۆ هەرێمی كوردستان و پێویستیشە وڵاتانی ئەوروپایی بەردەوام بن لە گەیاندنی هاوكاریی سەربازی و مرۆیی بۆ هەرێمی كوردستان.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هەڵسەنگاندن و هەڵوێستی ئەوانی كرد لەمەڕ هێزی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان و وێڕای ئاماژەدان بە چۆنییەتی دەركەوتنی داعش و پەلاماردانیان بۆ كوردستان و تاوانەكانیان ئەوەی خستەڕوو كە بە یارمەتیی هێزی هاوپەیمانان پێشمەرگە ئوستوورەی داعشی شكاند و لە زۆربەی ناوچەكانی دەركردن بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا داعش هێشتا هەڕەشەیە و پێویستە لەڕووی فكرییشەوە لەدژی تیرۆریستان بوەستین و داوایشی كرد كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی جدیتر بیر لە ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی تیرۆر بكات و كار لەسەر نەهێشتنی هۆكارەكانی دیاردەی توندڕۆیی و تیرۆر بكرێت. سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە موسڵ و هەموو ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی داعشدا ماون ئازاد بكرێن. هەر لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە یەكێتیی ئەوروپا دەتوانێ ڕۆڵێكی كاریگەرتری لە چارەسەركردنی قەیرانەكانی ناوچەكەدا هەبێت و پێشوازیشی لەوە فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و یەكێتیی ئەورووپا كرد.

لەبەشێكی دیكەی ئەم دیدارە باس لە گرفتی ئاوارەكان كرا و شاندی میوان پێزانینی بۆ هەرێمی كوردستان هەبوو كە سەرباری شەڕ و قەیرانی ئابووری یارمەتیی پتر لە ملیونێك و پێنجسەد هەزار ئاوارەی داواە كە خۆی لە خۆیدا بارێكی قورسە لەسەر شانی هەرێمی كوردستان. هەروەها ستاییشی هێزی پێشمەرگەیان كرد كە مامەڵەیەكی زۆر شیاویان لەگەڵ عەرەبی ئەو ناوچانە كردووە كە لەژێر دەستەڵاتی تیرۆریستان ئازاد كراون.

لە كۆبوونەوەیەكی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان وئەندامانی سلكی دیپلۆماسی لەنوێنەر وكونسوڵ وكونسوڵی فەخری وڵاتانی بیانی لەهەرێمی كوردستاندا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت دووپاتیكردەوە، رەوشی ئاسایش وئارامی هەرێمی كوردستان سەقامگیرە و هیچ بارودۆخێكی ناهەموار رووی نەداوە بۆ راگرتنی گەشتە ئاسمانیەكانی نێوان هەرێم ووڵاتانی جیهان.

لەمیانەی كۆبوونەوەیەكدا كە لەنێوان حكومەت وئەندامانی سلكی دیپلۆماسی بەڕێوەچوو، كە تیایدا فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت ووسەفین دزەیی وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و چەند بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگە وفڕۆكەخانەكانی هەرێم ئامادەی بوون جێگری سەرۆكی حكومەت تیشكی خستە سەر دوایین پەرەسەندنی سیاسی وئابوری وسەربازی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لەو قەیرانە داراییەی تیایدا دەژی وجگە لەوەش كە لەشەڕێكی سەختدایە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش بە هەبوونی پاڵپشتیەكی ئاسمانی لەلایەن ژمارەیەك لەوڵاتانی جیهان بەرێبەرایەتی ئەمەریكا.

هاوكات جێگری سەرۆكی حكومەت نیگەرانی خۆی لە وەستاندنی گەشتی ئاسمانی چەند وڵاتێكی بۆ هەرێمی كوردستان بەبیانووی بارودۆخی ئەمنی وشەڕی ئازادكردنەوەی ناوچەكانی بەردەستی داعش نیشاندا وهیوای خواست لەڕێگەی كونسوڵ ونوێنەرانی وڵاتانی بیانی لەهەرێم ئەو پەیامە بەوڵاتانیان بگەیەندرێت كە هەرێمی كوردستان لەبارودۆخێكی ئارام وسەقامگیری ئەمنیدایە وگەشتە ئاسمانیەكانیش وەكو خۆیان بەشێوەیەكی ئاسایی بگەڕێنەوە.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی پێشمەرگەی دا كە توانیویانە بەشێكی زۆری خاكی كوردستان لەدەستی تیرۆریستان رزگار بكەن، ئاماژەی بەوەشدا ئێستا هەرێمی كوردستان نزیكەی 2 ملیۆن ئاوارەی بەخۆوە گرتووە بۆیە پێویستی بەیارمەتی نێودەوڵەتی هەیە بۆ یارمەتیدانی ئەم ئاوارانە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا جێگری سەرۆكی حكومەت پابەندبوونی هەرێمی كوردستانی بە رێككەوتنی نێوان هەولێر وبەغدا نیشاندا كە لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردوو ئیمزاكرا وجەختی لەسەر بەردەوامی گفتوگۆ كردەوە بۆ جێبەجێكردنی تەواوی رێككەوتنەكە.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی