هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی پشتگیری له نهخشهڕێگای هاوبهشی زانكۆی لیستەری بەریتانی و زانكۆی سۆران دهكات
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 2015/4/30 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێزان پڕۆفیسۆر پاوڵ بۆیل سەرۆكی زانكۆی لیستەری بەریتانی و د. موسڵح مستەفا سەرۆكی زانكۆی سۆران و شاندێكی یاوەریان كرد.
لە دیدارێكدا باس لەو نەخشەڕێگایە كرا كە لە نێوان هەردوو زانكۆی لیستەر و سۆراندا واژۆ كراوە و لەم نێوەندەشدا بهڕێز سەرۆكی زانكۆی لیستەر باسی لە گرنگیی پەیوەندی و مێژووی ئەو پەیوەندییە لە نێوان هەردوو زانكۆی لیستەر و سۆراندا کرد و پڕۆژە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو زانكۆی بە گرنگ و بەرهەمدار لە قەڵەم دا، ئاماژەی بەوەش كرد كە هەردوو زانكۆ لە تێڕوانین و بیرۆکە و فەلسەفەی پێشکەوتنی ئەکادیمی و زانستی لە یەكەوە نزیکن، ئەمەش هۆکارێکی گرنگە بۆ کارکردن و دۆزینەوەی پڕۆژەی هاوبەش.
دواتر ناوەڕۆكی نەخشەڕێگای واژۆكراوی نێوان هەردوو زانكۆی لیستەر و سۆران بۆ بەڕێز سەرۆك وەزیران خرایە ڕوو كە لە كردنەوەی سەنتەرێكی زمان و سەنتەری توێژینەوەی سامانە سروشتییەكان و كردنەوەی كەمپی زانكۆی لیستەر لە شاری سۆران پێك دێت.
لە دیدارەكەدا سەرۆكی زانكۆی لیستەر ئاماژەی بەوە كرد كە لەگەڵ هەریەك لە وەزارەتەكانی كشتوكاڵ و شارەوانی و گەشتوگوزار كۆبوونەتەوە و تیایاندا باسیان لە پرۆژەی هاوبەش كردووە وەك دروستكردنی نەخشەی كشتوكاڵی و گەشتوگوزار و پاراستنی كەرستەی مێژوویی و كلتووری لە هەرێمی كوردستان.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی شاندی میوانی كرد و باسی لە گرنگیی پەیوەندیی نێوان هەردوو زانكۆی لیستەر و سۆران كرد و پشتگیریی خۆی بۆ ئەو نەخشەڕێگایە دەربڕی كە لە نێوان هەردوو زانكۆدا واژۆ كراوە، ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەم جۆرە نەخشەڕێگایانە هاندەری باش و ئەرێنی دەبن بۆ زیاتر بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی پشتگیریی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ ئەو پڕۆژە هاوبەشانە دەربڕی كە لە نێوان هەردوو زانكۆی سۆران و لیستەردا ئەنجام دەدرێن و بە پرۆژەی گرنگ و بەرهەمداری لە قەڵەم دان، هیواشی خواست كە ئەم پڕۆژە هاوبەشانە هەموو بوارەكانی دیكە بگرێتەوە بەتایبەتی بوارەكانی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار، بۆ ئەم مەبەستەش كارئاسانی و پشتگیریی حكوومەتی هەرێمی بۆ شاندی میوان دەربڕی.
سەرۆک بارزانی لەگەڵ کەسایەتی و پیاوماقووڵانی کوردانی ئێزدی کۆبۆوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٣/٤/٢٠١٥ بەڕێز (مەسعود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی ئاگاداربوون لە ڕەوشی کوردانی ئێزدی و ئاوارەكان و ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا دەربارەی دواڕۆژی ناوچەكەیان و شەڕی داعش، لەگەڵ ژمارەیەک لە كەسایەتی و پیاوماقووڵانی کوردی ئێزدیی دەڤەری شنگال و شێخان و باشیک کۆبوویەوە.
لە دیدارەکەدا (سەرۆک بارزانی) وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا باسی ئەو کارەساتەی کرد کە بەسەر خوشك و برایانی ئێزدیدا هات كە درێژەپێدەری ئەو كارەساتانەیە كە بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە و ئەوەیشی باس كرد كە ئێزیدییەكان لەبەر كوردبوون و ئێزیدیبوونیان بوونە ئامانجی تیرۆریستان بەڵام دوژمنان لەو پیلانەی کە دایاننابوو بۆ لەناوبردنی ئێزدییەکان، شکستیان هێنا و، پیلانەکەیان سەری نەگرت. سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند ئێستا بارودۆخەکە زۆر باشترە لە ساڵی پار و ڕێگاكان بۆ دەڤەری شنگال کراوەیە و، تێكڕای گەلی كوردستان و، هەموو دنیایش پاڵپشتی ئێزدییەکانە و پێشمەرگە و ڕۆڵەكانی گەلی كورد بە خوێنی خۆیان دەڤەرەكەیان ڕزگار كرد.
(سەرۆک بارزانی) لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا داوای لە کوردانی ئێزدی کرد کە هەست نەکەن کە کەرامەت و شەرهفیان شکاوە، چونکە کەرامەت و شەرەفی ئیزدییەکان کەرامەت و شەرەفی میللەتی کوردە، داوایشی لێ کردن کە ئومێدیان هەبێت و باوەڕیان بە خۆیان هەبێت و داهاتوو هی ئێزیدییەكانە و بەڵێنیشی پێ دان کە لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی سەربازیی گشتگیر و سەرتانسەریدا، گشت ناوچەکانیان ئازاد دەکرێتەوە و، ئاماژەیشی بەوەدا كە لەڕووی ئابووری و ئاوەدانكردنەوە بایەخێكی تایبەت بە ناوچەی ئێزیدییەكان دەدرێت بۆ ئەوەی بتوانن پشت بە خۆیان ببەستن.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی بە ئیزدییەکانی ڕاگەیاند: "دەبێ داهاتووتان زامن بێ و، نابێ ڕێگە بدرێت جارێکی دی کارەساتی لەو شێوەیە دووبارە ببێتەوە، دەبێ ئێزدییەکان گشت ئیمکانیاتێکیان بۆ دابین بکرێ هەتا ناوچەکەی خۆیان بپارێزن و بەرگریی لێ بکەن؛ ئەو بابەتەیش تاوتوێ دەکرێت کە دەڤەری شنگال بکرێتە پارێزگا."
سەبارەت بە داهاتووی ناوچەکان و چارەنووسی کوردانی ئێزدی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە: "هیچ کەس بۆی نییە کە داهاتووی کوردانی ئیزدی و چارەنووسیان دیاری بکات، کوردانی ئێزدی خۆیان خاوەن بڕیاری دیاریکردنی چارەنووسی ناوچەکانیانن و، بڕیار لە دیاریکردنی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان دەدەن و، چ بڕیارێکیشیان دا، دەبێ ئەو بڕیارە جێبەجێ بكرێت.
لە بەرانبەردا کەسایەتی و پیاوماقووڵانی کوردانی ئێزدی سوپاسی سەرۆک (بارزانی)ـیان کرد بۆ خەمخۆری و پەرۆشیی بۆ کوردانی ئێزدی و هاتنی سەرۆكیان بۆ چیای شنگال بە ڕووداوێكی مێژوویی وەسف كرد. هەروەها سوپاسی هیزەکانی پێشمەرگەیان کرد كە بۆ بەرگری لە کوردانی ئێزدی و ئازادكردنی دەڤەرەكەیان خۆێنی خۆیان بەخشیوە، هەروەها ئامادەبووان جەختیان لە كوردبوون و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان کردەوە. لەم دانیشتنەدا كەسایەتییە ئێزیدیەكان كۆمەڵێك داواكارییان خستەڕوو و سەرۆك بارزانیان لە كێشە و گرفتەكانیان ئاگادار كردەوە.
بۆ بینینی وتارەكەی سەرۆك بارزانی ئێرە كلیك بكە
نێچیرڤان بارزانی: پێویستیمان بە هاوكاریی زیاتری نێودەوڵەتیی هەیە
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 2015/4/19 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز یان كۆوبش نوێنەری نوێی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عیراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ عێراق باسی لە ڕووداوەكانی ساڵی ڕابردوو لە عیراق كرد بە تایبەت هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و چەند ناوچەیەكی عیراق و هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەری ناوخۆ و سوریا بۆ هەرێمی كوردستان كە بارگرانییەكی زۆری بۆ حكوومەتی هەرێم دروستكردووە، بەڵام حكوومەتی هەرێم توانی بەشێوەیەكی ڕێكوپێك پێشوازی لەو پەنابەرانە بكات و شوێنی حەوانەوە و یارمەتییان بۆ دابین بكات.
ئاماژەی بەوەش كرد كە لەلای خۆیەوە هەوڵی بەردەوام دەدات لە ڕێگەی ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە یارمەتی پێویست پێشكەش بە ئاوارە و پەنابەران بكرێت و لە هەمان كاتیش پشتگیری هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ باشتر كردنی ڕەوشی ئاوارەكان لە ڕووی تەندروستی و پەروەردە و پێداویستییەكانی رۆژانەوە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرد كە پێشڤەچوونێكی باشی بەخۆیەوە بینیوە و بووەتە مایەی سەقامگیری زیاتری سیاسی لەناوخۆی عێراق، هاوڕابوو كە كێشەی داعش و بنبڕكردنی مەترسییەكانی، تەنیا بەڕێگەی سەربازی چارەسەر ناكرێت، بەڵكو دەبێت حكوومەتی عێراق لە ڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووریشەوە ڕووبەڕووی داعش ببێتەوە و لە هەمان كاتدا ئاشتەوایی نیشتمانیی دروست بكرێت.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركی نوێیدا. هەروەها ئاماژەی بەو گرفتانە كرد كە هەرێمی كوردستان دووچاری بووەتەوە بە تایبەتی ئەو كێشانەی دوای بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن حكوومەتی پێشووی عێراقەوە دروستبوون كە ئاستەنگێكی زۆری بۆ هەرێم دروستكرد، بەڵام سەرەڕای ئەمەش خەڵك و حكوومەتی هەرێم باوەشیان بۆ ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران كردەوە كە لە ترسی تیرۆر ڕایانكردووە.
ئاماژەی بەوەش كرد كە هاوكاریكردنی ئاوارەكان لە توانای حكوومەت بەدەرە بەتایبەت كە ئێستا باس لە ئازادكردنی شاری مووسڵ و چەند ناوچەیەكی دیكەی عێراق لە دەستی داعش دەكرێت و مەترسی ئەوە هەیە ژمارەیەكی زۆرتری پەنابەر و ئاوارە ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن، بۆیە هەرێم پێویستی بە هاوكاریی و كۆمەكیی نێودەوڵەتی دەبێت بە تایبەت ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان. لە هەمان كاتدا سوپاسی ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد كە توانیویانە هاوكاری حكوومەتی هەرێم بن لە هەموو بوارەكانی بەهاناوەچوونی ئاوارەكاندا. لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداشەوە، بەڕێز سەرۆك وەزیران باسی لەوە كرد كە هەرچەندە ئێستا پەیوەندییەكان باشن، بەڵام پێویستە هەندێك بابەت لەڕووی تەكنیكییەوە قسە و گفتوگۆی زیاتری لەسەر بكرێت و چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە.
ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەبارەی چەند بابەتێكی پەیوەست بە هەرێم و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە شێوەیەكی گشتی و خستنە ڕووی بارودۆخی ناوچەكە، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە نێردراوی تایبەتی سكرتێری كشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 2015/4/28 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو زەینەب بانگورا نێردراوی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری رێگریكردن لە توندوتیژی دژی ئافرەتان لە ناوچە كێشە دارەكان كرد.
لە دیدارێكدا خاتوو بانگورا جیا لە دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆك وەزیران، هەروەها باسی لە سەردانەكانی بۆ كەمپی ئاوارەكان كرد و ئاماژەی بەوە كرد كە لە نزیكەوە ئاگاداری ڕەوشی پەنابەران بووە بە تایبەتی ئەو ئافرەتە ئێزدییانەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی و دەست درێژی بوونەتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان لێكۆڵینەوەی پێویستی كردووە و پشتگیری خۆشی بۆ هاوكاریكردنی دازەمەزراوە فەرمی و نا فەرمییەكانی هەرێم دەربڕی بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە بە تایبەتی بەهاناوەچوونی ئەو ئافرەتانە و گەڕاندنەوەیان بۆ ناو كۆمەڵگە و هاوكاریكردنیان لە ڕووی سایكۆلۆژییەوە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا خاتوو زەینەب بانگورا دەستخۆشی و دڵخۆشی خۆی بۆ هاوكارییەكانی هەرێمی كوردستان و لایەنەكانی پەیوەندیداری حكوومی و رێكخراوەكان دەربڕی كە بە هەموو شێوەیەك بەهانای ئەو قوربانیانەوە چوون و باسی لەوەش كرد لە زۆر شوێنی وڵاتانی جیهان ئەو حاڵەتانە ڕوویانداوە، بەڵام لە بەر چەندین هۆكاری كۆمەڵایەتی و ئایینی، هەوڵیانداوە ڕووداوەكان پەردەپۆش بكەن.
لای خۆیەوە بەڕیز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی نێردراوی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری رێگریی كردن لە توندوتیژیی دژی ئافرەتان لە ناوچە كێشە لەسەرەكان كرد و داوای كرد رێكخراو و ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بەردەوام بن لە پشتگیریی و هاوكارییكردنی حكوومەتی هەرێم بە مەبەستی زیاتر بەهاناوەچوونی قوربانیانی دەستی تیرۆر و چارەسەركردن و ساڕێژكردنی برینەكانیان و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەیی حكوومەتی هەرێمی بۆ هەر هاوكارییەك دەربڕی و ئاماژەی بە زیاتر چالاك كردنی كاری ئەو یەكە تایبەتییانەی ناو وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگاكان و ناو كەمپەكان كرد كە بە مەبەستی هاوكاریكردنی قوربانیانی توندوتیژی دژی ئافرەتان دامەزراون بۆئەوەی لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوەكانی دیكە كەمێك لە نەهامەتییەكانی ئەو قوربانیانە كەم بكەنەوە و كێشەكانیان لە هەموو ڕووێكەوە چارەسەر بكەن.
دهقی ووتاری بهڕێز سهرۆك بارزانی كه له ساڵیادی شههیدی میحراب ئایهتولله محمد باقر الحكیم لهلایهن بهڕێز فخری كریم نوێنهری بهڕێز سهرۆكی ههرێمی كوردستان پێشكهشكراوه
خوشك وبرایانی هێژا
جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، رایسپاردم لەو یادكردنەوە ماتەمینیەدا بۆ شەهیدی میحراب ئایەتولڵا محەمەد باقر حەكیم نوێنەرایەتی بەڕێزیان بكەم وجگە لەگواستنەوەی هاوخەمی بەڕێزیان بۆ خانەوادەی حەكیم، ئەم وتارەش بەناوی جەنابیانەوە پێشكەش بەئێوەی بەڕێز دەكەم .
بەناوی خوای گەورە ومیهرەبان
لەدوای رووخانی دەسەڵاتی سەركوتكار لەساڵی 2003 دا، عیراق هەمیشە بابەتێكە بۆ لەناوبردن وتێكشكاندن وگەلەكەشمان ئامانجێكە بۆ شەهیدبوون وهەردەم ئامانجی تیرۆر وتەكفیریەكان بووە بەجیاوازی دروشمی ئەو هێزانەی لەگۆڕانكاری بارودۆخی عیراق بەرەو دیموكراسیەت زەرەرمەند بوون.
بەچاوپۆشی لەوە هەڵانەش كە لەڕێڕەوی گواستنەوەی بارودۆخی دەسەڵات وئەو ئاڵۆزیانەی هاتنە ئاراوە بەهۆی شێوازە نا حەكیمەكانی پەیڕەوكردنی سیاسەت ودەسەڵات، بەڵام ناشكرێ ئەوەی روویدا لەگەڵ پێشینە مێژووییەكانی نەبەسترێتەوە كە خۆی لەسیاسەتی پێشیلكردن وستەمكاری گشتگیردا دەبینێتەوە كە دیكتاتۆریەت پەیڕەوی دەكرد هەروەها بەتاڵكردنی ژیانی سیاسی لەو هێزە زیندوانەی كەتیایدا بوون وسەپاندنی دەسەڵاتی تاكە حزب وپەیڕەوكردنی نەگریسترین شێوازی سەركوتكاری "تەنانەت ئەگەر شەكلیش بووبێت" وسەپاندنی سیاسەتی تاكەكەسی هەژموونكار وهەبوونی پاكتاوكردنی جەستەیی وكوشتن وبەسەربازیكردنی كۆمەڵگە ودەوڵەت وبەردەوامبوونی سیاسەتی بەعەرەبكردن وبەبەعسیكردن وگۆڕینی دیموگرافیا وشێواندنی بەها ونەریتە باڵاكان.
بەڵام ئەم وەسفەش بەبێ باسكردنی ئەو سیاسەتانەی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی دوای گۆرانكاری بارودۆخی عیراق هاتنە سەر حوكم راست دەرناچێت كە دەستبەرداری ئەو ئامانج وبەرنامانە بوون كە ببونە بنەمایەك بۆ گۆڕانكاری بەڵكو دووبارەكردنەوەی وێنەی شێواوی هەموو ئەو مەینەتیانەی عیراق لەسیستەمی تاك حوكمیدا بینی بەهەبوونی دەسەڵاتێكی سەركوتكار ودەستێوەردان لەكاروباری دەوڵەت ودزینی ماڵی گشتی وئیهانەكردنی ویستی گەل وهێزەكانی و ثةكخستنى دامودەزگا دیموكراسیەكانی، وئەو ئەنجامانەش ئێمەی گەیاندە بارودۆخی ئەمڕۆ:
سێیەكی وڵات بە دانیشتوان وداهاتیەوە لەبەردەستی چەند گرووپێكی تەكفیریدان بۆی نەبوو دەست لەكەڕامەتی ئێمە وەربدات ئەگەر سیاسەتێكی سەركێشیكار گەندەڵی بێ بەهای نیشتیمانی نەبوایە، بەهەبوونی گەنجینەیەكی بەتاڵ كە كورتهێنانەكەی گەورەترین گرفت بوو بۆ ئەم وڵاتە كە دزیەكی ئاشكرا ی ماڵی گشتی دەستوەردانی ئاشكرای ئەم ماڵە گشتیەی تیادا بەدی دەكرا.
خوشك وبرایان..
لاواندنەوە وماتەمگێڕان بۆ سەركردەیەكی پایەبەرزی نیشتیمانی، بەبێ باسكردنی بارودۆخی وێرانی ئەمڕۆی وڵات بەهەموو بەشەكانیەوە وبەبێ تیشك خستنەسەر كارەساتی گەلە ستەمدیدەكەمان وبەبێ كاركردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بەپشت بەستن بە ویستی نیشتیمانی وشكاندنی كەلەپچەی بێ دەنگی وگێڕانەوەی ئیعتیبار بۆ بەها نیشتیمانی ومرۆیی وئایینیەكان كە ژمارەیەكی زۆری رۆڵەی بێتاوانی ئەم عیراقە بۆی شەهید دەبن، راست نیە وتەواو نیە.
ئایا شەهید محەمەد باقر حەكیم وخوالێخۆشبوو عەبدولعەزیز حەكیم وهەر كەسێك كە بووە قوربانی تیرۆری بێ باوەڕی كافر، لەو بارودۆخەی ئێستا بێ دەنگ دەبوون ئەگەر لەژیاندا بوانە؟ ئایا شەهید دەتوانێ بەحەساوەیی لەدوایین مەنزڵگای خۆیدا بخەوێت لەوكاتەی گەلەكەی لەگەورتەرین كارەساتدایە؟
ساتی شەهیدبوونی ئایەتولڵا محەمەد باقر حەكیم لەو كاتەی كە میحرابی جێدەهێشت لەشوێنێكی نزیك لە مەرقەدی ئیمام عەلی كوڕی ئەبی تاڵب، ڕێڕەوی ڕووداوەكان بەرەو ئاراستەیەكی دیكە گۆڕدرا لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆری تەكفیری، چونكە جورئەت بەخۆدان بۆ نزیكبوونەوە لەو شوێنە پیرۆزە پڕ لەئیمانە وهێمای مرۆڤایەتی كە هەمیشە لایەنگیری دادپەروەری بووە، هێمایەكی زیندووی نەگریسە بۆ ئاشكراكردنی ناسنامەی بكوژ، ناسنامەیەكی حاشاكەرە لەئاین وئیسلام كە ئەوانیش لێی بێبەرین.
ئەو ساتەی ئەو كارەساتەی شەهیدبوونی شەهیدی میحرابی تۆماركرد، ساتی لەدەستدانی یەكێك بوو لە رۆڵەكانی عیراقی خوێناوی دیلی تیرۆر وشكستی سیاسی وخۆدزینەوە لە بەڵێنی ملكەچبوون بۆ ئیرادەی عیراقیان ولادانی زوڵم وزۆرداری لەسەریان.
بێگومان كەس تا كۆتایی ناژیت ونەمری تەنها سیفەتێكی بەرزی مرۆییە خۆی لە كەسانێكدا دەبینێتەوە كە كارێكی وا دەكەن كۆمەڵگا بخەنە سەر رێڕەوێكی پێشكەوتووتر ولەوانەشە كەسی نەمر ببێتە خاوەنی پێگەیەكی گەورەی مرۆیی بەوپێیەی ئاسەوارێكی گرنگ لە رێڕەوی مرۆڤایەتیدا بەجێدەهێڵێت وئاسۆیەكی فراوان لەرێگای پێشكەوتن ودەوڵەمەندی رووحی ومادیدا دەكاتەوە وئاستی تازە لەپێشكەوتنی شارستانیدا دەدۆزێتەوە.
شەهیدبوون لەخۆیدا خۆ نەویستیە ولەدەستدانی كەسانێكە بە گەورەترین شێوەی قوربانیدانە ولەمردنی ئاسایی بەرزترە چونكە قوربانیدانە بەژیان وبەردەوامبوونی ئەو نەمریەش بەهایەكی گەورەیە وزۆر لەباسكردنی ئاسایی ودەستكەوت هەڵدەگرێت جا كاریگەریەكەی هەر چۆنێك بێت.
قوربانیدان بەژیان بەوپەڕی ویست وهۆشیاریەوە، واتاكەی لەفاكتەرە ئیجابیەكەی دایە كە بەرەنگاربوونەوەی زوڵم وزۆرداریە ورەتكردنەوەی دەرهێنانیەتی لە واتا سەرەكیەكەی وەكو خوڵقێنەری بەهای مرۆیی بەرز وپێشخستنی.
ئەو عیراقەی چاوەڕوانی ئێستایەكی باش ودابینكردنی ژیانێكی خۆشگوزەران ودووبارە بونیادنانەوەی دەوڵەتی دیموكراتی ویاسایی كە ئازادی ودادپەروەری كۆمەڵایەتی ویەكسانی تیادا بەرقەرار بێت لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون ویەكسانی دەرفەت.. ئەو عیراقە بووە ئامانجێك بۆ هێزە تاریكی پەرستەكان وهەموو تیرۆریستان بەهەموو رەنگ وجۆرەكانیانەوە. عیراقیان بەبێ هەڵاوێركردن هەریەكەو لەپێگەی نیشتیمانی خۆیەوە بوونە بابەتێك بۆ قوربانی وشەهیدبوون وهەموو هاوڵاتیەك لەهەر شوێنێك بێت بووە ئامانجی كوشتنی بەخۆڕایی بەبۆمبڕێژكردن وقەتاندنەوە و كةوتنة بةر هيَرشى وةحشيطةرانةى تیرۆریستان بەبێ ئەوەی ژن ومنداڵ وپیر ونەخۆش، مزگەوت وكلێسا وشوێنی پەرستن ومەزارە پیرۆزەكان لەم كارانە دوور بن.
ئایا دەتوانین ئێمەش بگەینە ئاستی قوربانیدانی هەردوو سەدری شەهید وشەهید محەمەد باقر ئەلحەكیم ولەدەستدانی برای عەبدولعەزیز حەكیم وهەموو شەهیدانی عیراق وكوردستان وهەڵەبجە ببین لەهەر بستێكیدا؟ جا لەهێڵەكانی بەرگری وبەرەنگاربوونەوە لەگەڵ داعش وتیرۆر یانیش لەهەر شوێنێكدا بێت، لەبارودۆخێكدا كە تاكی عیراقی لەریزی هێزی چەكداری عیراقی یانیش پێشمەرگە یانیش لەریزەكانی حەشدی شەعبیدایە یانیش لەریزی عەشیرەتەكان وهەر پێكهاتەیەكی نیشتیمانی دابێت.
ئایا دەتوانین ئەمانەتی پەیامی شەهید بپارێزین بەبێ ئەوەی بەرەنگاری بارودۆخی ئەمڕۆ ببینەوە یانیش چاوپۆشی لەبەرپرسیاری سەرەكی بارودۆخی ئێستامان بكەین؟
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێوەبەری كاروباری كونسوڵگەریی شانشینی ئۆردۆن دەكات
ئەمڕۆ دووشەممە 27ـی 4ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە موهەنەد شەداد بەڕێوەبەری كاروباری كونسوڵگەریی شانشینی ئۆردۆن لە هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا كە بە مەبەستی گەیاندنی نامەی جەلالەتی پاشای ئۆردۆن بە سەرۆك بارزانی ساز درابوو، بەڕێوەبەری كاروباری كونسوڵەریی شانشینی ئۆردۆن لە هەولێر سڵاوی جەلالەتی شا عەبدوللای پاشای ئۆردۆنی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و ئاماژەی بەوەدا كە پاشا و گەلی ئۆردۆن پێزانینێكی زۆریان بۆ كوردستان و ئازایەتی و قوربانیدانی پێشمەرگە هەیە لە دژی تیرۆریستان و هاوخەمی و سەرەخۆشیی پاشای ئۆردۆنی بە سەرۆك بارزانی و كەسوكار و خانەوادەی پێشمەرگە شەهیدەكان ڕاگەیاند و ئەوەیشی خستەڕوو كە هەڵوێستی سەرۆك بارزانی لە بەرانبەر تیرۆر و ئامادەبوونی لە بەرەكانی شەڕ بۆ گەلی ئۆردۆن و ناوچەكە مانایەكی زۆری هەیە و هیوایشی خواست كۆتایی بە ئازار و مەینەتییەكانی گەلی كوردستان بێت و ڕایشیگەیاند گەلی ئۆردۆن بۆ دژایەتیكردنی تیرۆر لە تەك گەلی كوردستان وەستاوە.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی ڕۆڵ و هاوسۆزیی پادشا و گەلی ئۆردۆنی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی كوردستان و ئۆردۆن جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندیی هەردوو لا كردەوە و هەروەها باسی لە هەڕەشە و كردەوە قێزەوەنەكانی تیرۆریستان كرد و شەهیدكردنی فڕۆكەوانی ئۆردۆنی بە نموونە هێنایەوە كە هەموو گەلی كوردستانیش بەم ڕووداوە خەمبار بوون.
سەرۆك بارزانی باسی تاوان و پەلامارەكانی تیرۆریستانی كرد بۆ سەر كوردستان و ئاماژەی بەوەدا كە تیرۆریستان شەڕیان بەسەر خەڵكی كوردستاندا سەپاند بەڵام بە خۆڕاگری و قارەمانێتیی پێشمەرگە ئێستا دەستپێشخەری لەدەستی هێزی پێشمەرگەیە و تیرۆریستان تووشی شكستی گەورە هاتوون.
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد