هەرێمی کوردستان
هەرێمی كوردستان بۆ ئەمریكا: قۆناغی سوپاس بەسە، چەك و تەقەمەنی بدەنە پێشمەرگە
هەرێمی كوردستان بە فەرمی داوای لە ئەمریكا كردووە كە چەك و تەقەمەنی قورس بدرێتە پێشمەرگە. بەرپرسێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەڵێ "بەئەمریكامان گوتووە پەیوەندییەكان لە قۆناغی سوپاس و دەستخۆشییەوە بكەن بە قۆناغی دابینكردنی پشتیوانیی راستەوخۆ".
كورد سوپاسی ئەمریكای ناوێ
رووداوەكانی ناوچەی شنگال و زوممار كە هێزەكانی داعش بەشێوەیەكی كتوپڕ ئەو ناوچانەی لە دەستی پێشمەرگە دەرهێنا، بەرپرسانی هەرێمی كوردستانی ناچار كرد كە بۆ دابینكردنی تەقەمەنی و چەكی قورس گوشاری زیاتر بخەنە سەر بەرپرسانی ئەمریكی.
فەلاح مستەفا، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەوبارەوە گوتی "لەگەڵ كۆنسوڵگەریی ئەمریكا لە هەولێر و باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا قسەمان كردووە و داوامان كردووە كە ئیدی پەیوەندییەكان لە قۆناغی سوپاس و دەستخۆشییەوە ببەنە قۆناغی دابینكردنی پشتیوانیی راستەوخۆ بەتایبەت لە رووی چەك و تەقەمەنییەوە".
فەلاح مستەفا گوتیشی "بە ئەمریكامان گوت، شەڕی تیرۆر تەنیا بە حكومەتی هەرێمی كوردستان ناكرێ. دەبێ كار بكرێ بۆ پاراستنی ئێزدییەكان و كریستیانەكان، نامانەوێ بەتەنیا شەڕی تیرۆر بكەین، بەڵكو پێویستی بە هاوكاریی نێودەوڵەتی هەیە و دەبێت ئەمریكا بە بەرپرسیارێتی خۆی هەستێ".
دەربارەی وەڵامی ئەمریكا بۆ داواكانی هەرێمی كوردستانیش گوتی "ئەمریكا داوای ئێمەی رەتنەكردەوە" و گوتیان "كاری لەسەر دەكەین و بەجددی بەدواداچوونی بۆ دەكەین".
پێشمەرگە كۆكراونەتەوە
رۆژی 1/8/2014 هێزەكانی داعش دەستیان بە هێرشێكی بەرفراوان كرد بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچەكانی رەبیعە، سنوونێ، شنگال، زوممار و عەین زالە كە ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بە نەوت. هێرشەكان بەردەوامبوون تاوەكو 3/8/2014 و ئەو ناوچانە بەتەواوەتی كەوتنە دەست هێزەكانی داعش.
داعشیش لە رێگەی بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەك نەیشاردەوە كە شەڕەكانی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە شەڕی "قورس" بووە، بەڵام توانییان ناوچەكانی (شنگال، رەبیعە، سنوونێ، وانێ و زوممار) بگرن.
جەبار یاوەر، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ "هەموو هێزەكان كۆكراونەتەوە، چاوەڕێ دەكەین ناوچەكە پاك بكەینەوە و هەموو جۆرە چەكێكیش ئێستا لەدەستی پێشمەرگەدا هەیە".
ناوچەكانی شنگال و زوممار و ئەو ناوچانەی ئێستا شەڕی تێدایە 30 بۆ 40 كیلۆمەتر دەبێ. جەبار یاوەر دەڵێ "پاراستنی ئەو سنوورە فراوانە پێویستی بە هێزێكی زۆرە".
بەرپرسێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە "فەرماندەی تایبەتی یەك و هێزی گوڵان بە سەرپەرشتی مەنسور بارزانی، كوڕی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە چەكی قورسەوە گەیشتووەتە ناوچەكە و بەنزیكترین كات دەست بە شەڕ دەكەن".
ئەو بەرپرسە باڵایەی حكومەتی هەرێمی كوردستان باسی ئەو جۆرە چەكانەشی كرد كە ئەو هێزە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لەدەستدایە و گوتی بریتین لە (تانكی پێشكەوتوو، راجیمە، هاوەن، تۆپی 106 ملم، هەمەری گوللەنەبڕ بۆ گواستنەوەی پێشمەرگە بۆ بەرەكانی شەڕ). گوتیشی "ئێستا هێزی پێشمەرگە خۆی رێكخستووە و پلانی تۆكمەیان داڕشتووە بۆ یەكلاكردنەوەی شەڕەكە".
دەستپێكردنی شەڕەكە دوای چەند رۆژێكی كەم هات لە سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەرەكانی شەڕ لە رۆژانی جەژندا. بارزانی لەو سەردانانەدا مژدەی دا بە هێزەكانی پێشمەرگە كە چەكی پێشكەوتوو دەكەوێتە دەست هێزەكانی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی "تیرۆریستان".
عەرەبەكان پشتیان لە پێشمەرگە كرد
لەلایەكی دیكەوە، پەیامنێری (رووداو) لە دەروازەی سحێلای نزیك زوممار رایگەیاند كە هەندێ پێشمەرگەی بریندار رێگایان بزركردووە و كەوتوونەتە دەست هۆزە عەرەبەكانی ئەو ناوچانە و ئەوانیش رادەستی هێزەكانی داعشیان كردوون.
فەرماندەیەكی سەربازیی هێزی پێشمەرگە دەڵێ "خەڵكی عەرەبی ناوچەی (رەبیعە و دەوروبەری، قاهیرە، مەحموودیە، چل برا هەموویان لە دژی پێشمەرگە وەستانەوە".
ئەو فەرماندەیە لەزاری هەندێ خەڵكی زوممارەوە دەڵێ "چەند جارێك پێشمەرگەمان ئاگادار كردووەتەوە كە خەڵكی ئەو ناوچانە پەیوەندی ژێر بە ژێریان لەگەڵ داعش هەیە".
پەیامێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
جەماوەری سەربەرزی كوردستان
گەلی كوردستان لەسەر كولتووری ئایینپارێزی و فرەئایینی و پێكەوەژیان ڕاهاتووە و تەعەدای لەكەس نەكردووە و بە درێژایی مێژوو تەنیا بەرگریی لەخۆی كردووە. بەڵام دوژمنان وازیان نەهێنا و هەر جارە و بەشێوەیەك دەیانەوێ زیان بە گەلەكەمان بگەیێنن. لەدوای ڕوووداوەكانی موسڵ كوردستان تەنیا بەرگریی لەخۆی كرد بەڵام تیرۆریستان كەوتنە شەڕفرۆشتن و پەلاماردانی كوردستان و ڕووداوە ناخۆشەكانی ئەو چەند ڕۆژەی ڕابردووی لێ كەوتەوە. بۆیە بڕیارمان دا لە دۆخی بەرگری بێینەدەر و هەتا دوایین هەناسە شەڕی تیرۆریستان بكەین. فەرمانمان بە هێزەكانی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە بە هەموو توانایەك پەلاماری تیرۆریستان و دوژمنانی خاك و خەڵكی كوردستان بدەن.
ڕووداوەكانی ئەم دواییەی دەڤەری زوممار و شنگال و ئەو كارەساتەی بەسەر خوشك و برا ئێزیدیەكانمان هاتووە دڵتەزێنە و گەلی كوردستان لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە دەستبەرداری بستێك لە خاكی كوردستان نابین و شنگال و خوشك و برا ئێزیدییەكانمان وەك گلێنەی چاومان دەپارێزن و چیای شنگال بە خۆڕاگری و سەركەشی دەمێنێتەوە. ئەو بەشە ئازیز و ڕەسەنەی گەلەكەمان هەر سەربەرزە و ئەركی تاك تاكی ئێمەیە شكۆیەكەی بپارێزین.
تیرۆر پرسێكی جیهانییە و ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵێكی نێودەوڵەتی پێویستە. چەندین ساڵە كوردستان قوربانیی هەڕەشەی تیرۆر و تیرۆریستان بووە و جێگەی داخە كە ئێمە تەنیا بووین و كەس یارمەتیی گەلی كوردستانی نەداوە لەدژی تیرۆر بەرگری لەخۆی بكات. لەگەڵ ئەوەیشدا لەشەڕی تیرۆر و شەڕانگێزیدا پشتمان بە گەلی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە و دەزگە ئەمنییەكانی كوردستان بەستووە و هەمیشەیش پابەندی بنەماكانی ئازادیخوازی و كولتووری ڕەسەنی پێكەوەژیان و لێبووردەیی كوردستانی بووین و ئەوە خاڵی بەهێزی سەركەوتنمانە بەسەر دوژمن و دڵڕەش و تیرۆریستاندا.
لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆوە ڕۆڵە قارەمانەكانمان هێرشیان بۆ سەر تیرۆریستان دەستپێكردووە و لەپێشڕەوییدان. دوا لە خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان و میدیا كوردستانییەكان دەكەم بە ورەی بەرز و بەوپەڕی چاوكراوەیی و هەست بەبەرپرسیارێتی مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن و زیاتر لە هەر كاتێك یەكڕیزیی نیشتیمانی و نەتەوەیی بپارێزن. پێشمەرگە قارەمانەكانیش لەوە دڵنیا دەكەمەوە كە گەلی كوردستان بە هەموو توانایەك پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەن و چاویان لە ورەی پۆڵایین و گیانفیدایی و قارەمانێتیی ئێوەی سەربەرزە.
لە كۆتاییدا سوپاسی خۆڕاگریی هەموو خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هێزە خۆبەخشەكان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەكەم و لەوە دڵنیا بن كە ئاییندەیەكی گەش چاوەڕوانی گەلی كوردستانە.
بژی كوردستان
نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگەی ئازادی
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
4ـی 8ـی 2014
کۆسرەت رەسول عەلى: بەوپەڕی توانا بەرگری لە خوشک و برا ئێزیدییەکان دەکەین
"کۆسرەت رەسول عەلى" رایدەگەیەنێ لەم بارودۆخەى ئێستادا ناکرێ حزبە کوردستانییەکان ململانێ بکەن و پێویستە لەبری ئەوە هەماهەنگى و کۆدەنگى نیشتمانى هەبێ.
ئەم وتانەى "کۆسرەت رەسول عەلى" جێگری سەرۆکى هەرێمى کوردستان نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 4/8/2014 لەمیانى پێشوازى کردنى لە وەفدێکى حزبی زەحمەتکێشانى کوردستان بە سەرۆکایەتى "بەڵێن عەبدوڵڵا" هات.
لە سەرەتاى دیدارەکەدا "کۆسرەت رەسول عەلى" بەخێرهاتنى وەفدی میوانى کردو تیشکى خستە سەر ئەو بارودۆخە نالەبارەى عێراق و ناوچەکەو ناوچە کوردستانییەکانى گرتۆتەوە، بۆ ئەم مەبەستە گوتى: ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە کۆدەنگى و یەکدەنگى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان هەیە و پێویستە هەموومان وەک یەک تیم رووبەڕووى ئەم رووداوانە بوەستینەوە.
لاى خۆیانەوە وەفدی میوان سوپاسی پێشوازى جێگری سەرۆکى هەرێمى کوردستانیان کرد و رایانگەیاند کە ئەم بارودۆخەى ئێستا هاتۆتە ئارا شتێکى چاوەڕوانکراو بووەو دەبێ بە توندترین شێوە بەرپەرچ بدرێتەوە.
تەوەرێکى ترى قسەکان تایبەت بوو بە رەوشی خوشک و برا ئێزیدییەکان، بۆ ئەو مەبەستە جێگری سەرۆکى هەرێمى کوردستان رایگەیاند: ئێش و ئازارى خوشک و برا ئێزیدییەکان ئێش و ئازارى ئێمەیە و ئەو رەوشەى ئێستاش دروست بووە کاتییە و بە هەموو شێوەیەک بەرگریان لێدەکەین و پاراستنیان بە ئەرکى سەرشانى خۆمان دەزانین.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا "کۆسرەت رەسول" ئاماژەى بۆ ئەوە کرد کە هێزى پێشمەرگە بەگوڕتر لە جاران بەرگری لە خاکى کوردستان دەکا و دەیپارێزێ.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بابێ شێخی ئێزیدیان و شاندێكی یاوەری كرد
ئەمڕۆ دووشەممە 4ـی 8ـی 2014 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بابێ شێخی ئێزیدیان و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە كەسایەتی و سەرۆك عەشیرەتەكانی ئێزیدی و دەڤەری شەنگال.
لە دانیشتنێكدا بارودۆخی ناوچەكانی شنگال و زوومار و دۆخی نالەباری ئاوارەكانی شاری شنگال خرایە بەر باس و بابێ شێخی ئێزیدیان داوای لە سەرۆك بارزانی كرد كە هەموو هەوڵێكی بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی چارەیەك بۆ ئەو كارەساتەی بەسەر ئێزیدییەكان و خەڵكی ناوچەی شنگال هاتووە بدۆزرێتەوە و هەروەها دەرگە بۆ خەڵكی دەڤەرەكە بكرێتەوە بۆ ئەوەی شانبەشانی هێزەكانی پێشمەرگە شەڕی تیرۆریستان بكەن و دەڤەرەكەیان لە تیرۆریستان پاك بكرێتەوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی نیگەرانی و هاوخەمیی قووڵی خۆی نیشاندا بەرانبەر ئەو كارەساتەی بەسەر خوشك و برا ئێزیدییەكان هاتووە و ئاماژەی بەوەدا كە قەدەری گەلی كورد ئەوە بووە كە هەمیشە دوژمنی دڵڕەق و بێویژدانی هەبووە و كارەسات لەدوای كارەسات بەرۆكی گەلی كوردستان دەگرێتەوە. سەرباری هەموو ئەو كارەساتانە گەلی كوردستان خۆی بەدەستەوە نەداوە. سەرۆك بارزانی بە شاندی میوانی ڕاگەیاند بە ڕۆح و بە گیان ئامادەین بەرگری لە خاك و كەرامەتی خوشك و برایانی ئێزیدی بكەین و ئەوەی لە دەستمان بێت بۆ یارمەتیدان و ڕزگاركردنی ئاوارەكان و ئازادكردنی خاكی كوردستان لە دەستی تیرۆریستان دەیكەین. سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە ڕەسەنایەتیی كوردانی ئێزیدی دا و ڕایگەیاند كە هیچ دوژمنێك ناتوانێ كوردانی ئێزیدی لەناو ببات و سوورین لەسەر پاراستنی ئێزیدییەكان و گەڕاندنەوە ئازادكردنی هەموو بستێكی دەڤەری شنگال. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە لە گەڵ لایەنە عێراقی و نێودەوڵەتییەكان لە پەیوەندیی بەردەوام دایە بۆ ئەوەی بە زووترین كات چارەسەرێكی بەپەلە بۆ ئەو ئاوارانە بدۆزرێتەوە كە پەنایان بۆ چیای شنگال بردووە و لە بارودۆخی خەراپ دان. سەرۆك بارزانی لەبارەی شەڕی تیرۆریستانیش ڕایگەیاند ماوەی دوو مانگە هێزی پێشمەرگە بە تەنیا و بە ئیمكاناتی متوازع بەرگری لە كوردستان دەكات و حكوومەتی عێراقی و هێزە نێودەوڵەتییەكانیش یارمەتیی گەلی كوردستانیان نەداوە بۆ ئەوەی شەڕی تیرۆر بكات و تەنانەت ڕێگریش بوونە لەوەی گەلی كورد چەك بۆ خۆی دابین بكات بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆی بكات.
لە بەشێكی دیكەی ئەم دانیشتنەدا قسە لەبارەی هۆكارەكانی ئەو بارودۆخە كرا كە لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی دەڤەری شنگال هاتووەتە ئاراوە و سەرۆك بارزانی دووپاتی ئەوەی كردەوە كە نابێ هیچ بواری هیچ كەمترخەمی و كەموكوڕییەك بمێنێت و ئەوانەی كەمترخەم بوونە لە بەرگریكردن و پاراستنی خەڵك ئیجرائاتیان لەگەڵدا دەكرێت.
كۆسرهت رهسول عهلی: هێزی پێشمهرگه پارێزهری كوردستانه
سهرلهبهیانی ئهمڕۆ دووشهممه 4/8/2014 كۆسرهت رهسول عهلی جێگری سهرۆكی ههرێمی كوردستان سهردانی وهزارهتی پێشمهرگهی كردو لهلایهن وهزیر و بریكاری وهزیر و ئهمینداری گشتی وهزارهت و چهند فهرماندهیهكهوه پێشوازی لێكرا.
له سهرهتای دیدارهكهدا جێگری سهرۆكی ههرێمی كوردستان باسی له دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتهكانی ناوچهكهو هێرشهكانی سهر داعش كردو رایگهیاند وهك ههمیشه هێزی پێشمهرگهی كوردستان پارێزهری خاكی كوردستانه.
لای خۆیهوه مستهفای سهید قادر وهزیری پێشمهرگه سوپاسی ئهو سهردانهی كۆسرهت رهسولی كردو باسی له وردهكارییهكانی رووبهڕووبوونهوهكانی نێوان پێشمهرگهو چهكدارهكانی داعش كردو رایگهیاند هێزی پێشمهرگه ورهیهكی بهرز و پۆڵاینیان ههیهو ئامادهن بۆ ههموو ئهگهرێكی شهڕو رووبهڕووبوونهوه.
له بهشێكی تری وتهكانیدا كۆسرهت رهسول عهلی تیشكی خسته سهر هێزهكانی پێشمهرگهو رایگهیاند پێویسته وردتر مامهڵه لهگهڵ بارودۆخهكه بكهین و ههوڵهكانمان زیاتر بخهینهگهڕ بۆ رووبهڕووبوونهوه، ههروهك به پێویستی زانی باشترین و پێشكهوتووترین جۆرهكانی چهك رادهستی دهست پێشمهرگه بكرێ بۆ لهناوبردنی چهكدارانی تیرۆریست.
له كۆتایی وتهكانیدا جێگری سهرۆكی ههرێمی كوردستان فهرماندهكانی هێزی پێشمهرگهی راسپارد كه زۆر به وریاییهوه مامهڵه لهگهڵ ئاوارهكان و دانیشتوانی ناوچه كوردستانییهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێم بكرێت و بهبێ جیاوازی ئایینی و نهتهوهیی و مهزههبی بیانپارێزن.
سهرۆكی پهرلهمان جهژنی رهمهزان له موسولمانان پیرۆز دهكات
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
بەبۆنەی هاتنهوهی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە، جوانترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرجەم هاوڵاتیانی کوردستان دەکەم. هیوادارم هاتنهوهی جەژنی ڕەمەزان، ببێتە مایەی بەرقەرار بونی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیریی زیاتر بۆ کوردستان و ناوچەکە و، کۆتایی هاتن بە ناخۆشی و ئەو کێشە و قەیرانانەی ماوەیەکە باڵی بەسەر هەرێمەکەماندا کێشاوە و کاری کردۆتە سەر ژیان و بژێویی هاوڵاتیانی کوردستان.
هاووڵاتیانی خۆشەویست..لەکاتێکدا هەموان پێشوازی لە جەژنی ڕەمەزان دەکەین، پێشمەرگە قارەمانەکانمان لە بەرەکانی پێشەوەی پارێزگاری کردنن لە خاکی کوردستان، بۆیە لێرەوە بەناوی خۆم و پەرلەمانی کوردستان و بە نوێنەرایەتیی گەلی کوردستانەوە، جوانترین سڵاو و پیرۆزبایی بۆ ئەوان و خێزانە سەربەرزەکانیان دەنێرم. سڵاو بۆ خێزان و خانەوادەی ئەو پێشمەرگانەی کە لەماوەی ڕابردوودا شەهیدبوون، سڵاو بۆ ئەو پێشمەرگە گیانفیدایانەی لە سەنگەرەکانی بەرگری لە خاکی کوردستان دا بریندار بوون.
بە داخەوە جەژنی پیرۆزی ڕەمەزانی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ بڕێنی بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی عێراق، کە ئەمەش بۆتە هۆی دروستبوونی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان، زەرەرمەندی یەکەمیش لێی فەرمانبەران و هاوڵاتیانی سادەن. بۆیە لێرەوە داوا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پیاوانی ئایینیی عێراق دەکەین کە فشار بکەن بۆ کۆتایی هێنان بەم کارە نامرۆییەی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق، رەخساندنی دەرفەتێکی نوێ بۆ پێکەوە ژیانی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق.
دوبارە جەژنی هەمو لایەک پیرۆز بێت، هەمیشە لە جەژن و شادیدابن.
یوسف محەمەد سادق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
٢٧-٧-٢٠١٤
دوایین هەواڵەکان
- «سەلام رشدی» لهگهڵ «سەفین دزەیى» بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە کۆبووه
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد