هەرێمی كوردستان بۆ ئەمریكا: قۆناغی سوپاس بەسە، چەك و تەقەمەنی بدەنە پێشمەرگە

  • دوو شەممە, 04 ئاب 2014

هەرێمی كوردستان بە فەرمی داوای لە ئەمریكا كردووە كە چەك و تەقەمەنی قورس بدرێتە پێشمەرگە. بەرپرسێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەڵێ "بەئەمریكامان گوتووە پەیوەندییەكان لە قۆناغی سوپاس و دەستخۆشییەوە بكەن بە قۆناغی دابینكردنی پشتیوانیی راستەوخۆ".

كورد سوپاسی ئەمریكای ناوێ

رووداوەكانی ناوچەی شنگال و زوممار كە هێزەكانی داعش بەشێوەیەكی كتوپڕ ئەو ناوچانەی لە دەستی پێشمەرگە دەرهێنا، بەرپرسانی هەرێمی كوردستانی ناچار كرد كە بۆ دابینكردنی تەقەمەنی و چەكی قورس گوشاری زیاتر بخەنە سەر بەرپرسانی ئەمریكی.

فەلاح مستەفا، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەوبارەوە گوتی "لەگەڵ كۆنسوڵگەریی ئەمریكا لە هەولێر و باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا قسەمان كردووە و داوامان كردووە كە ئیدی پەیوەندییەكان لە قۆناغی سوپاس و دەستخۆشییەوە ببەنە قۆناغی دابینكردنی پشتیوانیی راستەوخۆ بەتایبەت لە رووی چەك و تەقەمەنییەوە".

فەلاح مستەفا گوتیشی "بە ئەمریكامان گوت، شەڕی تیرۆر تەنیا بە حكومەتی هەرێمی كوردستان ناكرێ. دەبێ كار بكرێ بۆ پاراستنی ئێزدییەكان و كریستیانەكان، نامانەوێ بەتەنیا شەڕی تیرۆر بكەین، بەڵكو پێویستی بە هاوكاریی نێودەوڵەتی هەیە و دەبێت ئەمریكا بە بەرپرسیارێتی خۆی هەستێ".

دەربارەی وەڵامی ئەمریكا بۆ داواكانی هەرێمی كوردستانیش گوتی "ئەمریكا داوای ئێمەی رەتنەكردەوە" و گوتیان "كاری لەسەر دەكەین و بەجددی بەدواداچوونی بۆ دەكەین".

پێشمەرگە كۆكراونەتەوە

رۆژی 1/8/2014 هێزەكانی داعش دەستیان بە هێرشێكی بەرفراوان كرد بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچەكانی رەبیعە، سنوونێ، شنگال، زوممار و عەین زالە كە ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بە نەوت. هێرشەكان بەردەوامبوون تاوەكو 3/8/2014 و ئەو ناوچانە بەتەواوەتی كەوتنە دەست هێزەكانی داعش.

داعشیش لە رێگەی بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەك نەیشاردەوە كە شەڕەكانی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە شەڕی "قورس" بووە، بەڵام توانییان ناوچەكانی (شنگال، رەبیعە، سنوونێ، وانێ و زوممار) بگرن.

جەبار یاوەر، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ "هەموو هێزەكان كۆكراونەتەوە، چاوەڕێ دەكەین ناوچەكە پاك بكەینەوە و هەموو جۆرە چەكێكیش ئێستا لەدەستی پێشمەرگەدا هەیە".

ناوچەكانی شنگال و زوممار و ئەو ناوچانەی ئێستا شەڕی تێدایە 30 بۆ 40 كیلۆمەتر دەبێ. جەبار یاوەر دەڵێ "پاراستنی ئەو سنوورە فراوانە پێویستی بە هێزێكی زۆرە".

بەرپرسێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە "فەرماندەی تایبەتی یەك و هێزی گوڵان بە سەرپەرشتی مەنسور بارزانی، كوڕی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە چەكی قورسەوە گەیشتووەتە ناوچەكە و بەنزیكترین كات دەست بە شەڕ دەكەن".

ئەو بەرپرسە باڵایەی حكومەتی هەرێمی كوردستان باسی ئەو جۆرە چەكانەشی كرد كە ئەو هێزە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لەدەستدایە و گوتی بریتین لە (تانكی پێشكەوتوو، راجیمە، هاوەن، تۆپی 106 ملم، هەمەری گوللەنەبڕ بۆ گواستنەوەی پێشمەرگە بۆ بەرەكانی شەڕ). گوتیشی "ئێستا هێزی پێشمەرگە خۆی رێكخستووە و پلانی تۆكمەیان داڕشتووە بۆ یەكلاكردنەوەی شەڕەكە".

دەستپێكردنی شەڕەكە دوای چەند رۆژێكی كەم هات لە سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەرەكانی شەڕ لە رۆژانی جەژندا. بارزانی لەو سەردانانەدا مژدەی دا بە هێزەكانی پێشمەرگە كە چەكی پێشكەوتوو دەكەوێتە دەست هێزەكانی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی "تیرۆریستان".

عەرەبەكان پشتیان لە پێشمەرگە كرد

لەلایەكی دیكەوە، پەیامنێری (رووداو) لە دەروازەی سحێلای نزیك زوممار رایگەیاند كە هەندێ پێشمەرگەی بریندار رێگایان بزركردووە و كەوتوونەتە دەست هۆزە عەرەبەكانی ئەو ناوچانە و ئەوانیش رادەستی هێزەكانی داعشیان كردوون.

فەرماندەیەكی سەربازیی هێزی پێشمەرگە دەڵێ  "خەڵكی عەرەبی ناوچەی (رەبیعە و دەوروبەری، قاهیرە، مەحموودیە، چل برا هەموویان لە دژی پێشمەرگە وەستانەوە".

ئەو فەرماندەیە لەزاری هەندێ خەڵكی زوممارەوە دەڵێ "چەند جارێك پێشمەرگەمان ئاگادار كردووەتەوە كە خەڵكی ئەو ناوچانە پەیوەندی ژێر بە ژێریان لەگەڵ داعش هەیە".

 

 

 

 

Read کد خبر: 684

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی