هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ شاندێكى كه‌نه‌دى كرد

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 12ى شوباتى 2014 نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ "لین یه‌لیچ" وه‌زیرى ده‌وڵه‌ت بۆ كاروبارى ده‌ره‌وه‌ى كه‌نه‌داو شاندێكى یاوه‌رى كرد كه‌ له‌ باڵیۆزى كه‌نه‌دا له‌ عیراق و چه‌ند دیپلۆماتكارێك پێكهاتبوو.

 


له‌ دیدارێكدا وه‌زیرى كاروبارى ده‌ره‌وه‌ى كه‌نه‌دى وه‌ك یه‌كه‌م وه‌زیرى وڵاته‌كه‌ى كه‌ سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، خۆشحاڵیى خۆى به‌م‌ سه‌ردانه‌ و به‌ پێشكه‌وتنه‌كان و به‌ڕێوه‌بردنى سه‌ركه‌وتووانه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ پته‌وكردنى په‌یوه‌ندیى دووقۆڵى و فراوانكردنیان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا دووپات كرده‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ بواره‌كانى سیاسى، ئابوورى، ڕۆشنبیرى و كۆمه‌ڵایه‌تیدا.

 


وه‌زیرى كاروبارى ده‌ره‌وه‌ى كه‌نه‌دى هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند حكوومه‌تى وڵاته‌كه‌ى كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانى هان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى بێن له‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌به‌رهێنان بكه‌ن و به‌شدارى له‌ پرۆسه‌ى پێشخستن و گه‌شه‌سه‌ندن و بنیانانه‌وه‌ى هه‌رێمدا بكه‌ن، به‌ تایبه‌تیش له‌ هه‌ردوو بوارى وزه‌ و كشتوكاڵدا. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌وڵ ده‌ده‌ن سیاسه‌تى سه‌ركه‌وتووى وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمى كوردستان كه‌ بووه‌ته‌ هۆى ڕاكێشانى سه‌رمایه‌ى بیانى، بۆ خاوه‌نكار و وه‌به‌رهێنه‌ره‌ كه‌نه‌دییه‌كان ڕوون بكه‌نه‌وه‌.

 


لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى خۆشحاڵیى خۆى به‌ سه‌ردانى شاندى كه‌نه‌دى بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان خوازیارى په‌یوه‌ندیى هه‌مه‌لایه‌نه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كه‌نه‌دا، بۆیه‌شه‌ به‌ بایه‌خه‌وه‌ سه‌یرى هاتنى شاندى‌ كه‌نه‌دى ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها دڵنیاى كردنه‌وه‌ كه‌ ئه‌و كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌ره‌ كه‌نه‌دیانه‌ى ده‌یانه‌وێ بێنه‌ هه‌رێمى كوردستان، هاوكارى ده‌كرێن و ئاسانكارییان پێشكه‌ش ده‌كرێت، به‌ تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ى ده‌یانه‌وێت له‌ بوارى كشتوكاڵدا له‌ هه‌رێمى كوردستان كار و وه‌به‌رهێنان بكه‌ن.

 

 

 

 

ئەنجوومەنی رۆشنبیری بەریتانی پەرە بە توانا مرۆییەكانی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێم دەدات

فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لە گای چاپمان بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی رۆشنبیری بەریتانی لە هەولێر كرد.

لە دیدارێكدا دوای پێشكەشكردنی كورتەیەك لەبارەی كاروباری ئەنجومەنەكەیان لە هەرێم، مەبەستی سەردانەكەی روونكردەوە كە بۆ زیاتر فراوانكردنی پەیوەندیەكان و خستنەڕووی پڕۆگرامەكانیانە. هاوكات سوپاسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كرد بۆ ئەو ئاسانكاریانەی تا ئێستا پێشكەشیان كردوون و هیوای خواست هەماهەنگی نیوان هەردولا بەردەوام بێت.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە دووپاتیكردەوە كە بە بایەخەوە سەیری رۆڵ و كاری ئەم ئەنجوومەنە دەكرێت. هەروا گوتی : ئێمە دەمانەوێ بە باشترین شێوە سوود لە ئەزموون و شارەزایی ئەنجوومەنی رۆشنبیری بەریتانی وەربگرین بۆ زیاتر پەرەدان بەتوانای كارمەندانی فەرمانگە حكومیەكان لە هەرێمی كوردستان و پەرەدان بە توانای مرۆیی بە شێوەیەكی گشتی. هاوكات پاڵپشتی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی بۆ سەرخستنی كارەكانی ئەنجوومەنی ناوبراو دووپاتكردەوە .

هەر لەو دیدارەدا بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا لەبارەی بەرنامەكانی حكومەت بۆ بونیاتنان و پەرەدان بە توانا مرۆییەكان و كردنەوەی خولی جۆراوجۆر بۆ فەرمانبەرانی حكومەت.

 

 

 

 

 

 

 

 

فەلاح مستەفا پێشوازی لە بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا و شاندێكی كۆمپانیاكانی ئیتاڵیا كرد

ئەمڕۆ2014/2/10 فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم پێشوازی لە كارمێلۆ فیكارا بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا لە هەولێر و شاندێكی كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە كرد، كە لە بوارەكانی بیناكردن و رێگاوبان و هێڵەكانی گواستنەوە وەك شەمەندەفەر و پەرەپێدانی باخچەكان و بواری سەوزایی و رووناك كردنەوە و پیشەسازی كار دەكەن.

 

لە دیدارێكدا كە كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە ئامادەی بوو، كارمێلۆ فیكارا بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا لە هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەمە یەكەمین شاندی بەرفراوانی كۆمپانیاكانی ئیتاَلیایە كە سەردانی هەرێم دەكەن. دواتر ئاماژەیان بە سەردان و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە حكومەتی هەرێم كردو بە ئەرێنی و بەرهەمهێنیان ناوبرد. پاشان شاندی ناوبراو ئاماژەیان بەو بوارانە كرد كە هەریەك لە كۆمپانیاكان كاری تێدا دەكەن و شارەزاییان تێیدا هەیە. هاوكات بەشێكیشیان ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد كە بڕیاری كاركردن و خستنەگەڕی سەرمایەكانیان لە هەرێمی كوردستان داوە.

 

بەرپرسی پەیوەندیەكانی حكومەت وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ بڕیاری ئەو كۆمپانیانە بۆ كار كردن لە هەرێم، هاوكات ئەو سەردانە و بەردەوامبوونی سەردانی لەم شێوەیە لەلایەن كۆمپانیا بیانیەكانەوە بە گرینگ و پڕبایەخ وەسف كرد و گووتی كە ئەمە دەرفەتێكی باشە تاوەكو دۆخی ئارام و سەقامگیری ئاسایش و هەلی وەبەرهێنان لە كوردستان راستەوخۆ و لە نزیكەوە ببینن، هەروەها دەرفەتێكە بۆ بینینی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت و كەرتی تایبەت و دواتر گواستنەوەی راستی هەلی كارو ئەو پرۆژانەی وەبەرهێنان كە لە هەرێم هەیە بۆ كۆمپانیاكانی دیكەش لە ئیتاڵیا تاوەكو سەرمایەكانیان لە هەرێم بخەنەگەڕ.

 

پاشان بەرپرسی پەیوەندیەكانی حكومەت تیشكی خستەسەر یاسای وەبەرهێنان و ئەو هەلەی كە بۆ كاركردنی وەبەرهێنەرانی بیانی هەیە لە هەرێم، هەروەها گوتی كە دەرفەتی باش هەیە بۆ كار كردن لە رووی پیشەسازی و بازرگانی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزار بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری هەرێم، هاوكات بەپێویست و گرینگی زانی كە كۆمپانیا بیانیەكان كارو پرۆژەی هاوبەش لەگەڵ كۆمپانیا ناوخۆییەكان لە هەرێم ئەنجام بدەن، كە ئەمەش دەبێتە هۆی تەواوكردنی تواناو شارەزاییەكانی یەكتری بۆ ئەنجامدانی پرۆژەیەكی سەركەوتوو لە هەرێم.

 

هەروەها گووتی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك هاوبەش لە وڵاتی ئیتاڵیا دەڕوانێت و خۆشحاڵە بە ئاستی پەیوەندیەكان لەگەڵ ئیتاڵیا كە لەبەروپێشچوونی بەردەوامدایە. هاوكات سوپاسی كارو هەوڵەكانی نووسینگەی باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا لە هەرێم كرد بۆ پەپێدانی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا. گووتیشی كە لە رێگەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا و نووسینگەی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە هەرێم دەتوانین كاری هاوبەش ئەنجام بدەین و برەو بە پەیوەندیەكانی نێوان بدەین.

 

 

 

 

 

سه‌رۆك بارزانی گه‌یشته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان

دوای گه‌شتێكی بۆ ئه‌وروپا و سه‌ردانی هه‌ریه‌ك له‌ وولاتانی نه‌مسا و به‌لجیكا و ئه‌لمانیا، و هه‌روه‌ها به‌شداریكردنی له‌ كۆربه‌ندی ئابووری جیهانی له‌ داڤۆسی سویسرا ، ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ 2014/2/8 به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان .

 

 

  • شەممە, 08 شوبات 2014

 

 

ئیمارات و هەرێمی كوردستان پەرە بە پەیوەندی گەشتیاری نێوانیان دەدەن

 بۆ مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندی گەشتیاری وڵاتی ئیمارات لەگەڵا هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ راشد محمد ئەلمەنسورى كونسوڵی گشتی وڵاتی ئیمارات لە هەرێمی كوردستان سەردانی دەستەی گەشتوگوزاری كردوو لە لایەن سەرۆكی دەستە مەولەوی جەبار و ژمارەیەك بەڕێوەبەری دەستە پێشوازی كرا.

كونسوڵی گشتی ئیمارات ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هاوكاری كردنی پەرەپێدانی گەشتوگوزار هەرێمی كوردستان بەپێی ئەو ئەزموونەی وڵاتی ئیمارات بە تایبەت دوبەی كە لە بواری گەشەسەندنی گەشتیاری هەیەتی.

سەرۆكی دەستەی گشتی گەشتوگوزار تیشكی خستە سەر بواری ماركێتینگ و ناساندنی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی وڵاتی ئیمارات بەو پێیەی ساڵانە گەشتیارێكی زۆر سەردانی ئیمارات دەكات.

سەرۆكی دەستە ئاماژەی بەوەدا كە لە ئایندەیەكی نزیك دەستەی گەشتوگوزار كۆنفرانسێكی گەشتیاری لە دوبەی ساز دەكات و بەشداریی پیشانگای ساڵانەی دوبەی دەكات، هەروەها لە ساڵی 2014 كۆنفرانسی كۆمپانیا گەشتیاریەكان لە كوردستان دەبەسترێت، كە دەكرێت كۆمپانیا گەشتیاریەكانی ئیمارات بانگهێشت بكرێن و بەشدار بن.

لە كۆتایدا رێوشوێنی پێویست بۆ جێبەجێكردنی كارەكان و بەردەوام بوونی پەیوەندیەكان دەستنیشانكرا.

 

 پێنج شەممە, 06 شوبات 2014

 

 

 

 

 

باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق ستایشی پێشكەوتنی سیاسی و ئابووری هەرێمی كوردستان دەكات

سایمۆن كۆڵێز باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لە هۆتێلی رۆتانا هەولێر ئەنجامیدا ، ستایشی پێشكەوتنی سیاسی و ئابووری هەرێمی كرد و نیشانیدا هەرێم لەم بوارانەدا توانیویەتی پێشكەوتنی بەرچاو بەدەستبهێنێت و هیوایشی خواست پێشكەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت .

كۆلێزكە  لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا یاوەری هیو ئیڤانز كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا جگە لە هەولێر سەردانی سلێمانی و هەڵەبجە و پیشخاپووریشی كرد و لە هەولێر لەگەڵ سەرۆكی حكومەت و وەزیرانی ناوخۆ و سامانە سروشتیەكان و ناوخۆ و پارێزگارانی هەولێر و سلێمانی كەوت و نیشانیدا تەوەری سەرەكی دانیشتنەكانیان پێشخستنی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەریتانیا و پێشخستنی ئەم پەیوەندیانە و پەرەپێدانی پرۆژەی حەیەوی لە هەرێم وەكو خزمەتگوزاری ئاسمانی و ئاو و خوێندن و خوێندنی باڵا بوو .

كۆڵیز رایگەیاند لە چەند هەفتەی داهاتوودا یەكەمین لقی بانكی نێودەوڵەتی ستاندار چارەتەرد لە هەرێمی كوردستان لە هەولێر دەكرێتەوە كە لەمانگی 11ی ساڵی رابردوو لە بەغدا لقی لە بەغدا كردەوە و ئێستا ئامادەیی دەكەن بۆ كردنەوەی لقی دووەمی لە عیراق لە هەولێر بە مەبەستی پێشخستنی بواری ئابووری كە زۆر بۆ كاتی ئێستا پێویستە ئەمە جگە لە بانكی سیتی ئۆف لەندەن كە یەكێكە لە بانكە سەركردەكانی بواری بانكی لە جیهان بوونی دەبێت لە كوردستان بەمەبەستی بوون بە هاوبەشی ئارەزوومەندانە لە هەرێمی كوردستان.

هاوكات باڵیۆز ستایشی رۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكانی سوریا لە كامپە تایبەتیەكانی هەرێم و ئاشكراشیكرد حكومەتی بەریتانیا وەكو دوەم وڵات لەسەر ئاستی جیهان بڕی یەك ملیار دۆلاری وەكو كۆمەك بۆ ئاوارەكانی سوریا لە وڵاتانی دراوسێی سوریا تەرخانكردووە .

هاوكات باڵیۆز سوپاسی حكومەتی بەریتانیای بە خەڵكی كوردستان گەیاند بە هۆی داڵدەدانی ئاوارەكانی ئەنبار كە بەهۆی بارودۆخی ئەم دواییە شوێنی خۆیان جێهێشتووە.

نیشانیشیدا تەوەری دیكەی دانیشتنەكان لەگەڵ بەرپرسانی حكومەت لەبارەی پرسی نەوت و گاز بوو كە وەكو پرسێكی هەڵواسراو لەنێوان هەرێم و بەغدا ماوەتەوە و خۆشحاڵی بە پێشكەوتنی پرسەكە لەنێوان هەردوولا نیشاندا  نیشانیشیدا هەبوون و نەبوونی كۆمپانیای بەریتانی لە هەرێم پەیوەندی بە حكومەتەوە نیە بەڵكو ئەو مەسەلەیە پەیوەندی بە كەرتی تایبەتەوە هەیە و حكومەت تەنها رۆڵی ئامۆژگاری دەبێت بۆ بەرچاو و رۆنی ئەم كۆمپانیایانە لە هەمانكاتیشدا دووپاتیكردەوە ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیای بەریتانی و هاوڵاتی بەریتانی لە هەرێمی كوردستان بوونیان هەیە و بە شێوەیەكی چالاكانە كاردەكەن و سەرمایەی خۆیان تیایدا بەگەڕخستووە كە لە 40%ی سێكتەرەكانی ژیانی ئەم هەرێمەدا كاردەكەن .

هاوكات ئەوەی خستەڕوو باس لە پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە و نیشانیدا ئەو مەسەلەیە كاتی پێویستیە و ئاماژەی بەوەشدا پێكهێنانی حكومەت دەبێتە هۆی پێشكەوتنی بواری ئابووری لە هەرێم و رێگە بە كۆمپانیاكان دەدات زیاتر كاری خۆیان رابپەڕێنن. دووپاتیشیكردەوە ئەوان هیچ كاریگەری و گوشاریان لەمبارەیەوە نیە و مەسەلەكە بە خودی هەرێمەوە پەیوەستە .

هەروەها ئەوەی نیشاندا لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ هەڵەبجە سەردانی مۆنۆمێنت و گڵكۆی شەهیدانی هەڵەبجەی كردووە و نیشانیدا هەموو ئەوانەی لەو سەردەمەدا ژیاون هەڵەبجەیان لەیاد نەكردووە و بە پێویستی زانی نەوەكانی ئایندە ئەم رووداوە دڵتەزێنە لەیاد نەكەن بەتایبەتی كە هەمان سیناریۆ لە سوریا لە ساڵی رابردوو دووبارە بووەوە .

هاوكات خۆشحاڵی خۆی بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نیشانیدا بە داماڵینی چەكی كۆكوژی رژێمی سوریا بەڵام دووپاتیكردەوە پێویستە رژێم بەشێوەیەكی كرداری ئەم بڕیارە جێبەجێبكات .

 

 پێنج شەممە, 06 شوبات 2014

 

پەڕەى 334 لەکۆى 347 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی