هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

سەرۆکی حکومەت: هیوادارین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چیتر دوا نەخرێت

* ئێمە دژی شەڕین و نابێت چەک بۆ چارەسەرکردنی كێشەکان بەکاربهێندرێت
* هاووڵاتی سەنتەری بایەخپێدانی حکومەتە

ڕۆژی سێشەممە 11/21، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دووەمین ڕۆژی چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS 2023) لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا بە زمانی ئینگلیزی، باسی لە چەندین پرسی ناوخۆیی و عێراقی و هەرێمی و جیهانی کرد و وەڵامی پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە.
گفتوگۆیەکە لەلایەن مەریەم موشیری، بێژەر و پێشکەشکاری BBC ئەنجام درا.
ئەمەش بەشێکە لە وەڵامەکانی سەرۆکی حکومەت له‌بارەی تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆیەکە:

دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی حەماس - ئیسرائیل
بەدڵنیاییەوە ئێمە وەکوو گەلێک زۆر شەڕمان بینیوە و دەزانین شەڕ چەنده‌ خراپ و وێرانکەرە. با لەوە دەستپێبکەم کە ئێمە دژی شەڕین و نابێت چەک بۆ چارەسەرکردنی كێشەکان بەکاربهێندرێت.


ئەگەر ئێمە سەیری دۆخی غەززە بکەین. ئەو خەڵکەی لەوێن، ئێستا دۆخیان خۆشترە یان پێش 7ـی ئۆکتۆبەر؟ پێم وابێت وەڵامەکەی زۆر ڕوونە. خەڵکی سیڤل و بێ تاوان باجێکی زۆر قورس دەدەن، ئێمە سەرکۆنەی شەڕەکە و هێرشکردنە سەر خەڵکی سیڤل دەکەین. پێمانوایە دەبێت چارەسەرێکی ئاشتییانە هەبێت بۆ هەر ململانێیەک کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.زۆر ناخۆش و جێگەی خەمبارییە کە دەبینین ململانێیەکی دەیان ساڵە پشتگوێخراوە و دوای ئەوەی بووە شەڕی ڕووبەڕوو ئینجا باسی کێشەکە دەکرێت، بۆیە ئێمە وەکوو ئەوەی دوێنێش لە گوتارەکەمدا باسم کرد، دەبێت چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزینەوە پێش ئەوەی بگەنە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی. کە شەڕ دەستیپێکرد نازانیت کەی کۆتایی دێت، بەڵام یەک شت بەدڵنیاییەوە دەزانین ئەوەیش ئەوەیە کە قوربانییەکان خەڵکی سڤیل و بێ تاوانن. دەبێت خەڵکی سیڤل بپارێزرێت و هەموومان نیگەرانین لە فراوانبوونی شەڕەکە و مەترسی بڵاوبوونەوەی لە ناوچەکەدا. هیوادارین کۆتایی شەڕەکە ببینین و چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ ئەم ململانێیە بێتە دی.

هەڵوێستی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی شەڕی غەززە چییە
پێموایە باشترین شت عێراق کە دەتوانێت بیکات، ئەوەیە خۆی دووربخاتەوە لەم ململانێیە. عێراق بەشی خۆی کێشەی هەیە، ئەگەر ڕێگەیەک هەبێت هاوکاری مرۆیی بگەیەنێت، ئەمە شتێکی باشە. ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵمان داوە لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازییەوە هاوکاری مرۆیی بگەیەنینە ئەو خەڵکەی پێویستییان پێیەتی، بەڵام بەداخەوە تاوەکوو ئێستا هیچ دەرفەتێک نەبووە ئەم هاوکارییانە بگەن.


ئەوانەی دەسەڵاتییان هەیە لەوێ، نەیانتوانیوە ئەو دەروازەیە بکەنەوە و دەرفەتیان نەداوە هاوکارییە مرۆییەکانمان بگەیەنینە ئەوێ، بۆیە عێراق دەتوانێت نێوەندگیری بکات و بە شێوەی ئاشتی دەتوانێت هاوکاریی مرۆیی بگەیەنێت، کە ئەمە شتێکی زۆر باش دەبێت، بەڵام پێموانییە دروشم هاوکاری ئەو خەڵکە بێت، بەڵکو ئەوان پێویستیيان بە دەرمان و خۆراک و ئاسایشە. دروشم هیچ سوودی نییە، بۆیە باشترین شت کە عێراق دەتوانێت بیکات، گەیاندنی هاوکارییە بۆ ئەو خەڵکەی پێویستی پێیەتی.

دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی
پێموابێت کاتەکە هەڵەبوو. من نامەوێ باسی بڕیارەکە بکەم، بەڵام کاتەکە باش نەبوو بۆ عێراق، چونکە زۆر کێشەی جیاوازمان هەن. ئێستا هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی ئەم قەیرانە بووەتەوە و کێشەی دیکەمان هەیە کە دەبێت چارەسەریان بکەین. ئەمە قەیران و کێشەیەکی نەخوازراو بوو و نەدەبوو ڕووبدات.


ئەگەر ڕێگەیەک هەبووایە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، دەبووایە بە شێوازی جیاواز ئەم کێشەیە چارەسەر کرابایە. دەبووایە پەرلەمان ئاگادارکرابایەوە و دەبووایە پەرلەمان خۆی بڕیارەکە بدات، بەڵام دادگه‌یەکت هەبێت لە سەرووی هەموویانەوە بڕیاری تاک لایەنانە بدات، بەبێ بیرکردنەوە لە ئەنجامەکەی کە دەبێت چۆن بێت. دۆخەکە بە گشتی لە عێراق هاوکار نییە.ئەمە کێشەیەکە جارێکی دیکە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پرەنسیپە سەرەکییەکانی هاوبەشی لە عێراقدا. عێراق چەند پێکهاتەیەکی تێدایە، سووننە یەکێکن لەو پێکهاتانە و دەبێت ڕێز لەوان و لە نوێنەرەکانیشیان بگیرێت. ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک بکرێت، دەبێت قبووڵکراو بێت لەلایەن حکومەت و ئەو پێکهاتەیەش.

هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان
کێشەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ چەند ساڵێک پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. ئەو ململانێیە لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر نەوت هەیە، بەهۆی ئەوەیە وەکوو پێویست دەستوور جێبەجێ نەکراوە و ڕێزی لێ نەگیراوە. کوردستان چەند مافێکی هەیە لەنێو دەستووردا کە بەداخەوە پشتگوێ خراون. ئەم مافانە، مافی دەرهێنان، بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتە. بەداخەوە ئەم چەند ساڵە کێشە و ململانێ لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبووە.


پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە زۆر ڕوونە، ئایا ئێمە وڵاتێکی فیدراڵین یان عێراق وڵاتێکی مەرکەزییە؟ ئەمە کێشە سەرەکییەکەیە. ئێمە پێمانوایە پێویستە لە وڵاتی فیدراڵیدا دەسەڵاتەکان دابەش بکرێن و دەسەڵاتەکان بدرێنە ناوچە و هەرێمەکان وەکوو ئەوەی لە دەستووردا باس کراوە، بەداخەوە عەقلییەتێک لەلایەن بەشێکی بەرپرسانی بەغدا هەیە کە قۆڕخکارە و دەیەوێت هەموو شتێک لەلایەن ناوەندەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت؛ ئەمە جیاوازییە سەرەکییەکەیە، ئەگەر تۆ وردی بکەی و سەیری کێشەی نەوتیش بکەی، دەبینین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی لە دەستووری عێراقدا جێبەجێ کردووە، بەڵام هیچ کاتێک مافی خۆمان وەکوو ئەوەی لە دەستووردا ئاماژەی پێ دراوە، وەرنەگرتووە. کوردستان پابەندە بە دەستوور و ئێمە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کارمان کردووە لەسەر بابەتی نەوت و پرەنسیپەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و فرۆشتنی، بەڵام بەداخەوە ئێمە ئەو پشتیوانییەی لە حکومەتی فیدراڵییەوە پێویستیمان پێیەتی، لێمان نەکراوە.


ئێمە گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیا نێودوڵەتییەکانی بواری نەوت هەیە. ئەم گرێبەستانە یاسایی و بەرکارن؛ بەدڵنياییەوە ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێز لەم گرێبەستانە دەگرین، بەڵام تێچوو هەیە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت. کۆمپانیاکان وەبەرهێنانیان لە بواری نەوت لە هەرێمی کوردستاندا کردووە، بەڵام لە بەغدا تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و شێوازی گرێبەستەکان جیاوازن.


لەبارەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بەغدا باسی نرخێک دەکات کە واقیعی نییە؛ شەش دۆلاری وەکوو تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان داناوە. بۆ نموونە لە کێڵگەی نەوتی گەیارە، تێچووی بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت 34 دۆلارە، دەکرێت لە کێڵگەیەکی دیکەی نەوت 6 دۆلار بێت، بەڵام جیاوازی هەیە لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە. ئێمە کە ئەم شتەیان پێ دەڵێین، دەڵێن ئەمە ڕێژەکەیە، چونکە لە بەشێکی دیکەی وڵات یەک دوو دۆلاری تێدەچێت. بەغدا ڕاست دەکات، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کاتێک بەغدا پارەی تێچووی بەرهەمهێنانی ئەم بەرمیلە نەوتانە دەدات بۆ هەر بیرە نەوتێک، بۆ هەر کۆمپانیایەک شەش دۆلاریان دەداتێ یان 34 دۆلار؟


بەداخەوە تاوەکوو ئێستا تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتیان لە هەرێمی کوردستان دیاری نەکردووە و نازانن چەندە، ئەمە گفتوگۆیەکە لەگەڵ بەغدا کردوومانە لە ڕێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی ئەم ڕێککەوتنانەیە کە لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت کردوویەتی. ئەمە مافێکە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیەتی و ئێمە بەهیچ شێوەیەک واز لەم مافە ناهێنین، بۆیە ئێمە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا قسەمان کردووە، دەتوانین لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت کاربکەین بزانین کە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت چەندە، کاتێک ئەمە تەواو بوو، ئەوکاتە هەناردەکردنەوەی نەوت ئاسان دەبێت، چونکە بەبێ بەرهەم تۆ هەناردەت نابێت. بۆیە من چاوم لە بەرهەمهێنانە، کاتێ بەرهەمهێنانمان هەبوو، دەچینە قۆناغی داهاتوو ئەویش هەناردەی نەوتە لە ڕێگەی تورکیاوە.


ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئامادەین (بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان)، بەڵام ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی بەغدایە. ئایە ئەوان تێچووی بەرهەمهێانی نەوت لەلایەن کۆمپانیاکانەوە لە هەرێمی کوردستان دەدەن؟ ئەگەر توانییان، ئەوان دەست بە بەرهەمهێنان دەکەن. ئێمەش وەکوو حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرگری لە مافە دەستوورییەکانمان دەکەین، هەروەها بە دڵنیاییەوە بەرگری لەو کۆمپانیایانە دەکەین کە متمانەیان پێ کردووین. کاتێک ئەم ڕێککەوتنانە ڕێزیان لێ گیرا و حکومەتی فیدراڵی پارەی کۆمپانیاکانی دا، بەدڵنیاییەوە نەوت هەیە بۆ هەناردەکردن.


شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدای کردووە و هەفتەی ڕابردووش شاند لە بەغداوە هاتوونه‌ته‌ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەیەکی باشمان لەگەڵ وەزارەتی نەوت هەبووە. چەند جار قسەم لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ كردووه‌، ئەویش تێگەیشتنی باشی هەیە، وەزارەتیش تێگەیشتنی باشی هەیە، بۆیە هیوادارم بگەینە ڕێککەوتنێک و دەست بە هەناردەکردنی نەوت بکەینەوە.


چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم
بەداخەوە ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان، پشتی بە پارەی کاش بەستووە. ئابوورییەک پشتى بە پارەی کاش بەستبێت، سنووردارە و تۆ ناتوانی زۆر پەرەی پێ بدەی و ئەو سیستەمانەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەمان بوون بەداخەوە زۆر سەرکەوتوو نەبوون و بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان نەبوون. ئەوەی کە ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەوڵمان داوە ئەنجامی بدەین، ئەوە بووە کە ژێرخانێک دابنێین پێویست بێت بۆ هاووڵاتی، چونکە لە کابینەی نۆیەمدا هاووڵاتی سەنتەری بایەخپێدانی حکومەتە و هەموو خزمەتگوزارییەک دابین دەکەین بۆ ئەوەی دڵنیا بینەوە لەوەی کە هاووڵاتییانمان زۆرترین سوودی لێ دەبینن، بۆیە دەبێت ئەم خزمەتگوزارییە بانکییانە بۆ هاووڵاتییان بەردەست بن.


پێویستە حکومەت پاڵپشتی لە بانکەکان بکات و مافەکانیان بپارێزێت. پێویستە سیستەمی بانکی بەردەوام گەشە بکات. ئێستا ئێمە پڕۆژەیەکمان دەستپێکردووە بە ناوی (هەژماری من). مەبەستمانە تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2024 زیاتر له‌ یەک ملیۆن فەرمانبەری حکومەت بێنە نێو ئەم سیستەمەوە و تۆماربکرێن. ئەم مانگە پرۆسەکە لە دهۆک و سلێمانیش دەست پێ دەکات. هەموو فەرمانبەرێکی حکومەت دەخەینەوە نێو ئەم پرۆگرامەوە و کەرتی تایبەتیش بە کارکردن لەگەڵ بانکەکان دێتە نێو ئەم پرۆگرامەوە. هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە هەر بانکێک لەنێو ئەم پرۆگرامە بەشدارییان کردووە، زۆر بە خێرایی دەبنە گەورەترین بانک لەم وڵاتە و قازانجی زۆر دەکەن. بانک و هاووڵاتییان سوودمەند دەبن و بە دڵنیاییەوە ئێمەش ژێرخانێکمان دەبێت.
ئێستا خەریکین هەزار ATM لە هەرێمی کوردستان دابنێین، هەروەها 40 هەزار وێستگە و شوێنی پارەدانی ئەلیکترۆنی. خەڵکیش کە لە دەرەوە دێن دەتوانن سوودی لێ ببینن و کرێدت کارتەکانیان بەکاربهێنن نەک کاش هەڵبگرن. دەمانەوێت ئابووری خۆمان ببەینە قۆناغێکی باشترەوە و من زۆر گەشبینم.


ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی
بەرنامەی من ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە و چەندین جار باسی ئەم بابەتەم کردووە. بەڵام پێویستە تۆ سیستەمێکت هەبێت کە خەڵکی گەندەڵ نەتوانێت سوودی لێ ببینێت. کاتێک هەموو خزمەتگوزارییەکانی حکومەت بە دیجیتاڵ دەکرێن، هەموو شتێک شەفاف دەبێت، ئەوکاتە زۆر زەحمەت دەبێت خەڵک بتوانن گەندەڵی ئەنجام بدەن. دەبێت تاکەکانی کۆمەڵگەش هەست بە بەرپرسیارييه‌تی بکەن لەبارەی ئەم بابەتەوه‌.


گەندەڵی تەنها ئەوە نییە خەڵک فێڵت لێ بکات و پارە ببات، بەڵکوو بەفیڕۆدانی کاتیش گەندەڵییە. کاتێک فەرمانبەرێکی حکومی پارەی پێ درا بۆ ئەوەی خزمەت بکات، بەڵام دانیشتووە و هیچ ناکات، ئەمەش گەندەڵییە. بۆیە هەر لە سەرەتای ئەم کابینەیەوە، دەستمان کردووە بە نەهێشتنی گەندەڵی، بەڵام ئەمە پرۆسەیەکە کاتی دەوێت تا ئەنجامەکەی دەردەکەوێت، بەڵام پێموابێت لەسەر ڕێگە ڕاستەکەین.

گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کەمئاوی
گۆڕانکاری کەشوهەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی مایەی نیگەرانییە، ئەمە تەنها بەهۆی کەمئاوییەوە نییە، بەدڵنیاییەوە ئاو فاکتەری سەرەکییە، پێم وابێت ئەو پانێڵەی بەیانیش باسی ئەوەیان کرد، کە چەند ڕووبارەکان کەمیان کردووە، ئاوی ژێرزەوی کەمی کردووە، سوپاس بۆ خوا بارانێکمان هەبوو لە دوو ڕۆژی ڕابردوو، دەبێت نزا بکەین بارانی زیاتر ببارێت، پلانمان هەیە بەنداوی گەورە دروست بکەین.


بۆ ئەوەی کە ئاو گل بدەینەوە و بتوانین بە شێوەیەکی باشتر سوودی لێ وەربگرین، واتە ئیدارەدانی سەرچاوە ئاوییەکان یەکێکە لە پلانەکانی ئێمە، کە کاری لەسەردەکەین، ئەم بەیانییە گوێم لەوە بوو، باسی گاز کرا، ئەو گازەی لە بیرە نەوتەکان دێتە دەرەوە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئەو کارەمان کردووە، ئێمە گازمان کردووەتە کارەبا، بڕیارێکمان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە هەیە، کە دەبێت هەموو کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت، ئەو گازەی کە دێتە دەرەوە و بەفیڕۆ دەچێت جارێکی دیکە بۆ وزە بەکاربهێنرێتەوە، ئەمە تەنها کاری ئێمە نیيە بەڕاستی، ئەمە بەرپرسیاريه‌تییەکی گشتگیرە لەلایەن کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیيەوە، ئێمە بینیومانە کە خەڵکی لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە ئاوارە دەبن بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە، ئەم کۆچی بەکۆمەڵە دەکرێت لە ناوچەیەکەوە بۆ ئەوروپا بکرێت، بۆیە ئەگەر ئەم کۆچی بەکۆمەڵە مایەی قبوڵکردن نییە، دەبێت شتێک بکەین، بژاردەی دیکەمان لەبەر دەستە، بەرپرسیارييه‌تی دارایی هەیە کە دەبێت هەر کەسێک ئەم بەرپرسیارەتییە قبوڵ بکات. بزانین كه‌ چۆن سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كان بدۆزینه‌وه‌ و چاره‌سه‌ریان بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرا و دواتر كۆچی به‌كۆمه‌ڵ ده‌ستی پێكرد و چوونه‌ وڵاتانی دیكه‌وه‌، ئەوە له‌گه‌ڵ خۆیاندا كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سیاسییه‌كانیان ده‌به‌نه‌ ئه‌و وڵاتانه‌وه‌، بۆیه‌ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بێیت سه‌یری كێشه‌كه‌ بكه‌یت، كه‌ به‌ ته‌نها به‌ هاوكارییه‌كی دارایی چاره‌سه‌ر ده‌بێت، دواتر ده‌بێت بێیت پاره‌ی زیاتریان پێ بده‌یت و كێشه‌ی ئه‌منی و ئابوورییان له‌ وڵاته‌كه‌ی خۆتدا بۆ چاره‌سه‌ر بكه‌یت. با من شتێك بڵێم؛ ئه‌مه‌ پێشبینی نییه‌ و ئێمه‌ له‌ناو دۆخه‌كه‌داین و ڕووداوه‌كه‌ ڕووده‌دات و ده‌یبینین، به‌ڕاستی بابه‌تێكی زۆر جیددییه‌، ده‌بێت دونیا به‌یه‌كه‌وه‌ كار بكات بۆ ئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ چاره‌سه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ن. پێم وایه‌ خه‌ڵكی عێراق به‌راورد به‌ ناوچه‌كانی دیكه زیاتر کەوتوونەتە ژێر‌ كاریگه‌رییە نەرێنییەکانی کەشوهەواوه‌ ، ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رچاوه‌ی خۆمان هه‌یه‌.


تواناكانی گه‌نج له‌ هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی: گه‌نج داهاتووی ئه‌م وڵاته‌ن، من له‌وانه‌م كه‌ بڕوام وایه‌ ده‌بێت هاوكاری ته‌واوی گه‌نجان بكه‌ین، له‌ ئۆفێسه‌كه‌ی من ستافێك هه‌یه‌، كه‌ پێم وایه‌ خه‌ڵكی زۆر گه‌نجن و له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانن و له‌ ئۆفێسه‌كه‌ی من كار ده‌كه‌ن و ڕۆژ به‌ ڕۆژ زیاتریش ده‌بن. ئه‌مه‌ پاڵنه‌رن و له‌ پشته‌وه‌ی داینه‌مۆی چاكسازیدان و من وه‌به‌رهێنان له‌ تواناكانیان ده‌كه‌م و كاریان له‌سه‌ر ده‌كه‌م و هاوكاری ئه‌م گه‌نجانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ لێهاتوون، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ند پرۆگرامێكمان هه‌ن ده‌ستیان پێكردووه‌، بۆ نموونه‌ ئێستا شتێكمان هه‌یه‌ به‌ ناوی ئەنستیتوتی داهێنان و نوێگەری له‌ كوردستان و هاوكاری ئه‌و گه‌نجانه‌ ده‌كات كه‌ بیرۆكه‌ و توانای نوێ و داهێنەرانەیان هه‌یه‌. ئێمه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا پرۆژه‌ی (گه‌شانه‌وه‌)مان ڕاگه‌یاندووه‌ و قه‌رز ده‌ده‌ینه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی بزنسیان هه‌یه‌ و خاوه‌نكار و كارسازن و ده‌توان قه‌رز له‌ بانكه‌كان بكه‌ن و كاری خۆیان بكه‌ن. بۆیه‌ من باوه‌ڕی ته‌واوم به‌وه‌ هه‌یه‌ ده‌رفه‌ت به‌ گه‌نجان بدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی كار و بزنسی خۆیانیان هه‌بێت و بتوانن ستافی خۆیان دابمه‌زرێنن، ئه‌مه‌ زۆری ده‌وێ و بۆ حكومه‌ت تێچووی زۆری ده‌بێت، هه‌روه‌ها حكومه‌تیش له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ زۆر تێچووی له‌سه‌ر كه‌م ده‌بێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی بچنه‌ ناو ئه‌و پڕۆژانه‌ و نابێت ته‌نیا چاویان له‌سه‌ر حكومه‌ت بێت وه‌كوو تاكه‌ شوێن بۆ دامه‌زراندن، به‌ڵكوو ده‌بێت چاویان له‌ كه‌رتی تایبه‌تیش بێت، ئه‌وه‌ی من هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌نجامی بده‌م و پێی بگه‌م، ئەوەیە ژینگه‌یه‌ك دروست بكه‌م و هاوكاری كه‌رتی تایبه‌ت بم، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه‌ بكات و خه‌ڵكی بتوانن ده‌رفه‌تی کارکردنی زیاتریان هه‌بێت. به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێت هه‌مواركردنه‌وه‌ له‌ یاسا و ڕێككاره‌كان بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی خانه‌نشینی و مافی خانه‌نشینی ئه‌و كه‌سانه‌ پارێزراو بێت له‌ كه‌رتی تایبه‌ت، بۆیه‌ ئه‌مه‌ جیاوازییه‌كی زۆر گه‌وره له‌ ڕووی فراوانبوونی كه‌رتی تایبه‌ت‌ دروست ده‌كات، كه‌ زۆر زۆر گرنگه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانی ئابووری ناوچه‌كه‌مان.


ڕاستە خه‌ڵك خواستی هه‌یه‌ وڵاته‌كه‌ی به‌جێ بهێڵێت و بۆ ده‌رفه‌تی كار بچێته‌ وڵاتێكی دیكه‌، ئه‌مه‌ ته‌نیا له‌ كوردستان ڕوونادات، به‌ڵكوو له‌ هه‌موو وڵاتان ئه‌مه‌ ڕووده‌دات، به‌و مانایه‌ی له‌ وڵاتێكه‌وه‌ ده‌چێته‌ وڵاتێكی دیكه‌ و به‌دوای ده‌رفه‌تی دیكه‌ی كاردا ده‌گه‌ڕێت، به‌ڵام من پێت ده‌ڵێم ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ 100 هه‌زار كارمه‌ندی بیانیمان هه‌یه‌، پرسیاره‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ده‌رفه‌تی كارمان نه‌بێت، چۆن ئه‌م 100 هه‌زار كه‌سه‌ بیانییه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن؟ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت كارمان كردووه‌ و پێمان گوتوون كه‌ ده‌بێت 75%ـی كارمه‌نده‌كانیان هێزی كاریان ده‌بێت خه‌ڵكی خۆجێیی بن. بۆیه‌ ئه‌م ده‌رفه‌تانه‌ی كار بۆ خه‌ڵكی هێز له‌ ئاستی خواستی ئێمه‌دا نییه‌، به‌ڵام هه‌موو كارێك ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی خۆمان هه‌لی كاریان بۆ بڕه‌خسێنین. شتێكی دیكه‌ش هه‌یه‌ له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی هاوبه‌شه‌، واتا خه‌ڵك نابێت وه‌ها سه‌یری حكومه‌ت بكات وه‌ك تاكه‌ ده‌سه‌ڵات، به‌ڵكو حكومه‌ت به‌شیكه‌ له‌و خه‌ڵكه‌، ئێمه‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ خه‌ڵك ده‌یه‌وێت، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌وانیش هاوكارمان بن، واته‌ ده‌بێت خه‌ڵكیش به‌رپرسیاریيه‌تی هه‌ڵبگرێت، به‌رپرسیاریه‌تييه‌كی هاوبه‌شه هه‌یه‌، واته‌ هه‌موومان ئه‌رك و مافمان هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌ركه‌كانمان به‌جێبهێنین بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌كانمان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین.


ڕۆڵی ئافره‌ت له‌ كایه‌ی گشتی
مه‌سرور بارزانی: ئێمه‌ له‌ كه‌رتی گشتیدا وه‌زیری ئافره‌تمان هه‌یه‌، كه‌ پێم وایه‌ له‌ مێژووی كابینه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌ت نا، به‌ڵكوو له‌سه‌ر ئاسته‌ جیاوازه‌كانی حكومه‌ت و رێكخراوه‌كاندا، ئێمه‌ ئافره‌تمان هه‌یه‌ كار ده‌كات. من با شتێكت پێ بڵێم، من باوه‌ڕم به‌وه‌ نییه‌ كه‌ ده‌بێت ده‌رفه‌ت به‌ ئافره‌تان بدرێت ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی جیاوازن، بەڵکوو دەبێت لەسەر ئەو بنەمایە بێت کە ئافره‌تان زیره‌كن و سه‌لماندوویانه‌ كه‌ زیره‌ك و لێوه‌شاوه‌ن، ئه‌وه‌ی كه‌ ئیمه‌ پێویستمان پێیه‌تی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت ده‌رفه‌تی یه‌كسانیان پێ بده‌ین، واته‌ بۆ ئافره‌تان و پیاوان وەک یەک هەبێت، منیش به‌دیاریكراوی ئه‌مه‌ ده‌كه‌م و كابینه‌كه‌ی منیش ئه‌مه‌ ده‌كات، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ دامه‌زراوه‌ی دیكه‌شمان هه‌یه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی كاروباری ئافره‌تان، ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، ئێمه‌ هاوكاری ئه‌و ئەنجومەنە و هاوكاری هه‌موو ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان ده‌كه‌ین، ده‌بێت به‌شداری ئافره‌تانمان زیاتر بێت، ئه‌مه‌ شتێكی كولتوورییه‌ و به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مه‌ گۆڕینی عه‌قڵیه‌تی خه‌ڵكی خۆشمان كه‌ ده‌بێت زۆر پاڵپشتی ئافره‌تان و به‌شدارییان له‌ كۆمه‌ڵگادا بكه‌ن.


وه‌ك چۆن كار ده‌كه‌ین له‌سه‌ر هه‌مه‌چه‌شنكردنی ئابووری كوردستان و داهاتمان، ئێمه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ زۆر ده‌سه‌ڵاتمان به‌ ئیداره‌ خۆجێییه‌كان و ئیداره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاری زۆریان پێ بگه‌یه‌نین، كاتێكیش ده‌مانه‌وێت خزمه‌تگوزاری زۆریان پێ بگه‌یه‌نين، به‌دڵنیاییه‌وه‌ پێویستیيان به‌ كارمه‌ندی زیاتر هه‌یه‌، بۆیه‌ دیسان به‌دڵنیاییه‌وه‌ خه‌ڵكی ئه‌م ناوچانه‌ ده‌توانن له‌و خزمه‌تگوزارییانه‌دا كار بكه‌ن، به‌ڵام له‌مه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ هه‌وڵمان داوه‌ ده‌رفه‌تی زیاتر بڕه‌خسێنین، بۆ نموونه‌ بواری گه‌شتیاری له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ ئافره‌تان ده‌توانن سوودی زۆری لێ ببینن، چونكه‌ هه‌ر شارێك له‌ هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی كاراكته‌ری خۆیه‌تی، كه‌ ئێمه‌ ده‌توانین هانی بده‌ین و پشتیوانی له‌و خاڵه‌ به‌هێزه‌ی بكه‌ین و هاوكاری ئه‌و گوند و ناحیه‌ و ناوچانه‌ بكه‌ین، پاڵپشتیكردنی ئه‌مانه‌ كارێكی باش ده‌بێت، ئێمه‌ به‌ دیاریكراوی ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌ین، ئێمه‌ قوتابخانه‌كان له‌ ناوچه‌ و شوێنه‌ دووره‌ده‌سته‌كان دروست كردووه‌، هاوكات  ڕێگه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌كانی دیكه‌مان گه‌یاندوونه‌تێ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ هه‌موو شتێكمان نه‌كردووه‌ ئه‌وه‌ی پێویست بووه‌ بیكه‌ین، چونكه‌ توانای داراییمان نییه‌، جاریكی دیكه‌ ده‌یڵێمه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و نادادپه‌روه‌رییه‌ی به‌غدا به‌رانبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌یكات له‌ به‌شه‌بوودجه‌ی خۆمان، ئه‌گه‌ر ئه‌و پاڵپشتییه‌ داراییه‌مان پێ بگات، بێنه‌ به‌رچاوی خۆت ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی به‌ده‌ستمان هێناوه‌، به‌بێ ئه‌و پاڵپشتییه‌ بووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و هاوكارییه‌ له‌ به‌غداوه‌ هه‌بێت و پشكی خۆمان له‌ به‌غداوه‌ بگات، بێنه‌ به‌رچاوی خۆت كوردستان چۆن ده‌بوو، به‌دڵنیاییه‌وه‌ زۆر جیاواز و شوێنێكی زۆر باشتر ده‌بوو. ئێمه‌ ناوه‌ستین و هه‌موو كار و هه‌وڵێكی خۆمان ده‌ده‌ین و نه‌ك ته‌نیا شاره‌كان، به‌ڵكو چاومان له‌سه‌ر خزمەتکردنی هه‌موو ناوچه‌كانی كوردستانه‌.


بوونی پێكهاته‌ جیاوازه‌كان و ده‌وڵه‌مه‌ندی كوردستان
به‌ر له‌ هه‌موو شتێك من له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی (كه‌مینه‌) نیم بۆ پێکهاتەکان، چونكه‌ له‌م وڵاته‌دا زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ زۆر گرنگ نییه‌، به‌ڵكوو له‌ وڵاته‌كه‌مان فره‌چه‌شنی و فره‌نه‌ته‌وه‌یی و فره‌ئایینی گرنگه‌. ئێمه‌ كۆمه‌ڵگه‌ و پێكهاته‌ی جیاوازمان هه‌یه‌ و هه‌موو مافی خۆیان هه‌یه‌، هاوكات یاسا له‌ سه‌رووی هه‌مووانە و ئێمه‌ پاڵپشتی پێكهاته‌یه‌ك ناكه‌ین كه‌ زۆرینه‌ بێت و ‌پێکهاتەی تریش كه‌مینه‌ بێت پشتگوێی بخه‌ین، نه‌خێر ئه‌مه‌ وانییه‌ و له‌ كوردستان هه‌موو كه‌س یه‌كسانه‌. قسه‌ گرنگ نییه‌، به‌ڵكوو كردار گرنگه‌، ئێمه‌ زیاتر له‌ ملیۆنێك  ئاواره‌مان هه‌یه‌ کە له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراقه‌وه‌ هاتوون، هەروەها پێنج سەت هەزار کەس پەنابەرمان لە وڵاتانی دراوسێوە هاتوون .لە هەرێمی کوردستان مافی پێکهاتە جیاوازەکان پارێزراوە.


ئازادی بیروڕا و ڕۆژنامەوانی
من ناتوانم لەجیاتی بەشەکانی دیکەی عێراقه‌وه‌ قسە بکەم، بەڵام من بەرپرسیارم لە کوردستان و دەتوانم پێت بڵێم بەڵێ لە کوردستان خەڵک ڕەخنە دەگرن، ڕۆژانە ڕەخنە لە حکومەتەکەم دەگرن و ئازادن لە ڕەخنەگرتن. بەڵام جیاوازی لە نێوان ئاژاوە و ئازادیدا هەیە. هەروەها جیاوازی هەیە لە نێوان ئازادی ڕادەربڕین و ناوزڕاندن. بەگشتی من پێموایە ڕۆژنامەگەری کارێکی بەڕێز و شەڕەفمەندانەیە. من زۆر ڕێزم بۆ ڕۆژنامەوانان هەیە. پێموایە ڕۆژنامەنووسان لێرە لە کوردستان زۆر چالاکن و زۆر کاریگەرن. کەواتە بە دڵنیاییەوە، مافی ئازادی ڕادەربڕین و ڕەخنەگرتنیان هەیە. هیوادارم زۆربەی ڕەخنەکانیان بۆ بنیاتنانی کوردستان بێت و یارمەتیمان بدات بۆ ئەوەى هەڵەکانمان ڕاست بکەینەوە و درک بە کەموکوڕییەکان بکەین بۆ ئەوەی بتوانن کاریگەری ئەرێنییان هەبێت لەسەر ئەو بڕیارانەی کە ئێمە دەیدەین هەبێت.


پێموایە بە شێوەیەکی گشتگیر ناتوانین باسی بابەتەکان بکەین. بۆ نموونە ئەوانەی دەڵێن کوردستان لە پاشەکشەدایە، هیوادارم داتامان پێ بدەن. هیوادارم بەراوردێک بکرێت و هەندێک داتای پێنج ساڵ لەمەوبەر و 10 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ ئەمڕۆ بەراورد بکەین. بۆ ئەوەی بزانین کە حکومەت چۆن مامەڵەی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و پیشەی ڕۆژنامەگەری کردووە.


هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان
هیچ کات لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نەبووم. ئەوە سێیەمین جارە، هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دوادەخرێت و من هیچ کات لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نەبووم، بۆیە هیوادارم هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی ئێستادا لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت و چیتر دوانەکەوێت. ئێمە باوەڕی تەواومان بە دیموکراسی هەیە لە هەرێمی کوردستان، دەمانەوێت ببینە چرای دیموکراسی لە ناوچەکە، هیچ مانای نییە هەڵبژاردن نەکرێت تەنیا لەبەر ئەوەی لایەنێک یان حزبێک نەیەوێت هەڵبژاردن بکرێت. نابێت ئەم مافە لە هاووڵاتییان بسەندرێتەوە و نابێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕێگە بە دواخستنی هەڵبژاردن بدەن.

 

https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2023/november/سەرۆکی-حکومەت-هیوادارین-هەڵبژاردنی-پەرلەمانی-کوردستان-چیتر-دوا-نەخرێت/

 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا کۆبووەوە

ڕۆژی دووشەممە 11/20، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا کۆبووەوە.


لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی پێشهات و گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا ئاڵوگۆڕ کرا.

سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا، ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان قوربانییەکی زۆری لە پێناو مافەکانی داوە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکات. گوتیشی هەرێمی کوردستان، هەمیشە شوێنێکی تایبەتی لای من هەیە و بەردەوام دەبم لە پشتیوانی کردنتان.


سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا هەروەها جەختی لە پێویستیی هەبوونی گەشتی فڕۆکەوانیی ڕاستەوخۆی نێوان هەولێر و لەندەن کرد.


سەرۆکی حکومەت سوپاسی بەریتانیای کرد بۆ پشتیوانیی بەردەوامی لە هەرێمی کوردستان و تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و جەختی لە گرنگیی پاراستنی مافەکانی گەلی کوردستان و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری هەرێم کردەوە لە پێناو سەقامگیربوونی ئاشتی و ئاسایش لە عێراق و ناوچەکەدا.

 

https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2023/november/سەرۆکی-حکومەتی-هەرێمی-کوردستان-لەگەڵ-سەرۆکوەزیرانی-پێشووی-بەریتانیا-کۆبووەوە/

 

سەرۆکی حکومەت لە کۆڕبەندی MEPS: پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی عێراق مایەی نیگەرانین

* پێویستە ئێمە نەک تەنیا سەرکۆنەی شەڕ و توندوتیژییەکان بکەین، بەڵکو چارەسەریش بۆ کێشە هەڵواسراوەکان و ناکۆکییەکان بدۆزینەوە.

* ئەگەر بڕیارە تاکلایەنەکان بەردەوامبن و دامەزراوەکانی حکومەت لەلایەن یەک گرووپەوە کۆنترۆڵ بکرێن، هەستی نادادپەروەری قووڵتر دەبێتەوە.


رۆژی دووشەممە 11/20، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی و لێکۆڵەر و توێژەر و ئەکادیمیی ناسراوی هەرێمی کوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و باکووری ئەمەریکا، کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە MEPS سەر بە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک دەستی بەکارەکانی کرد.
لە دەستپێکی کۆڕبەندەکەدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتارێکی بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە گرنگی ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسە لەم ساتەوەختە دا و گوتی ئەو ئەجێندایەی لەلایەن ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە دانراوە، بریتین لەو کێشانەی ڕۆژانە ڕووبەرووی هەموومان دەبنەوە. بابەتەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوا، کۆچی بەکۆمەڵ، توندڕەویی و پاڵنەرەکانی و درێژە پێدان وبەردەوامیی سەرچاوە سرووشتییەکان و سیستمەکانی بەرێوەبردن، هەموو ئەمانە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت. پێشبینی ئەوەش دەکەم هەندێک لەو گفتوگۆیانەی دەکرێن زانیاری و بەرچاوڕوونیيان تێدا بێت لەبارەی بڕیاردان و بژاردە سیاسیيەکان.

ئەمەش دەقی وەرگێڕدراوی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:

بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی

سەرکردە بەرێزەکان، شارەزایان، میوانانی هێژا
ئامادەبووانی خۆشەویست
بەیانیتان باش

بەخێرهاتنێکی گەرمتان دەکەم بۆ چوارەمین کۆڕبەندی ئاسایش و ئاشتیي ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی لە کوردستان ڕێکخراوە.

جارێکی دیکە، لەگەڵ کۆمەڵێک شارەزای ناوازە، بازرگان و بڕیاربەدەست کۆبووینەتەوە، کە هەموویان شارەزایی و تێگەیشتنێکی قووڵیان بۆ ناوچەکەمان و پابەندییە هاوبەشەکانمان و ئەو کێشانەی هەن، هەیە. ئەو تاقیکردنەوانەی ڕووبەروویان دەبینەوە وەک خەڵک و نەتەوە، تاقیکردنەوەی گەورەن. هەریەک لە ئێوە کە ئەمرۆ لێرەن، ساڵی ڕابردوو بەشێوەیەک لە شێوەکان ڕووبەرووی ئەو کێشانە بوونەتەوە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوو باسیان لێوەدەکەین. من دڵنیام، بە هەمان شێوەی من، ئێوەش لەوکاتانەدا خۆزگەتان خواستووە، وەڵامەکان ئاسانتر بوونایە لەوەی کە هەن.

ئەو ئەجێندایەی لەلایەن ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە دانراوە، بریتین لەو کێشانەی ڕۆژانە ڕووبەرووی هەموومان دەبنەوە. بابەتەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوا، کۆچی بەکۆمەڵ، توندڕەویی و پاڵنەرەکانی و درێژە پێدان وبەردەوامیی سەرچاوە سرووشتییەکان و سیستمەکانی بەرێوەبردن، هەموو ئەمانە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت. پێشبینی ئەوەش دەکەم هەندێک لەو گفتوگۆیانەی دەکرێن زانیاری و بەرچاوڕوونیان تێدا بێت لەبارەی بڕیاردان و بژاردە سیاسیيەکان. لەبەرئەو هۆکارانە، کۆبوونەوەیەکی لەم جۆرە و ئەو گفتوگۆیانەشی تێدا دەکرێن لەلایەن ڕۆشنبیر و شارەزایان، دەتوانن هاوکاربن بۆئەوەی ئەنجامێکی باشیان هەبێت.

خۆشحاڵم کە بەشداران لە چەند وڵاتێکی جیاوازەوە هاتوون. ئەو هاوڕێیانەی لە وڵاتانی دراوسێ و دوورەوە هاتوون، بەخێرهاتنتان دەکەم و پەرۆشم بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانمان. بەشداریتان پابەندبووتان دەسەلمێنێت بە دیالۆگ، وەک پاڵنەرێک بۆ تێگەیشتن. جا لەسەر ئاستی ناوخۆیی، یان جیهانی بێت، هیچ جێگرەوەیەک بۆ گفتوگۆ و دانیشتن لەسەر مێز نیە، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئاڵنگارییەکان. پێویستە لە کۆبوونەوە و گفتوگۆکانمان بەردەوام بین.

هاوڕێیان:
دەبێ ئامادەبین بۆ تێگەیشتن و داننان بەوەی، هەندێک لەو کێشانەی لێرە گفتۆگۆیان لەبارەوە دەکرێت مەترسین بۆ سەر هەموومان. بەرزبوونەوەی خێرای پلەی گەرمای هەسارەی زەوی، لێکەوتەی زۆر مەترسیداری دەبێت لەسەر ناوچەکەمان و جیهانیش، نەبوونی ئاسایشی خۆراک و کەمئاوی و کۆچی بەکۆمەڵ خێراتر دەکات. ئەمەش کێشەیەک نیە دوای بخەین. چونکە ئێستا وا ڕوودەدات. شەپۆلەکانی گەرما و لافاوەکان زیاتر بوون، ئێستا ناچاربووین بیری قووڵتر لێ بدەین بۆئەوەی بگەینە ئاو. بەگوێرەی تازەترین ئاماژەکان، پێشبینیەکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست زۆر نزیکن لەوەی بەڕاستی ڕووبدەن. پێویستە کاری باشتر بکەین بۆ ڕێگریکردن لە دەردانی کاربۆن. هەموو هۆکارێکیشمان هەیە بۆئەوەی ئەو کارە بکەین و هیچ هۆکارێک نیە بۆئەوەی نەیکەین.

ئێستا کاتی ئەوە نیە خۆمان لە بەرپرسیارێتی بدزینەوە یان دەستەوەستان بین و خۆمان لە کێشەکان بەدوور بگرین. پێویستە لەپێناو بەرژەوەندیى گشتی کار بکەین، پێش هەموو شتێک وەک هاووڵاتی، بەڵام بە ڕەهەندێکی جیهانی. لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەرووی هەموومان دەبنەوە، خۆبەستنەوە بەو هەستەی، لەکوێ دەژین، لێكه‌وته‌ى خراپی دەبێت لەسەرمان. کوردستان ناتوانێت بۆ نموونە لە دەرئەنجامەکانی گەرمبوونی کوەیت هەڵبێت. بەحرەین و بەسڕە، نەک تەنیا لەڕێگەی دەریاوە بەڵکوو، بە چارەنووسێکی هاوبەشی کەشوهەواشەوە پێکەوە بەستراونەتەوە.

بەهای هاوبەشی مرۆییمان داوامان لێدەکات، ڕووبەرووی گەرمبوونی هەسارەی زەوی ببینەوە، بەهەمان شێوەی دیمەنەکانی شەڕ و بێکاری دەیان ساڵی رابردوو، ئێستاش بەردەوام دەیانبینین. بۆیە ناکرێت ڕێگە بدەین دیمەنێکی لەوشێوەیە ببێتە شتێکی ئاسایی.

هەموومان دیمەنی دڵتەزێنی خەڵکی سیڤل و بێتاوانمان بینیوە، منداڵ و بە تەمەن بوونەتە قوربانیى شەڕێکی دیکەی وێرانکەر. پێویستە ئەم دیمەنانە بەئاگامان بێننه‌وه‌. ئەو توندوتیژییانەی ئێمە دەیانبینین، هیچکات چارەسەر نین و ئاشتی بەدیناهێنن، بەڵکو دەبنە هۆی بەردەوامیى وێرانکاری و کارەساتەکان.
پێویستە ئێمە نەک تەنیا سەرکۆنەی شەڕ و توندوتیژییەکان بکەین، بەڵکو دەبێ چارەسەر بۆ کێشە هەڵواسراوەکان و ناکۆکییەکانیش، پێش ئەوەی بگاتە ڕووبەرووبوونەوەی سەربازی، بدۆزینەوە. نابێت بۆ چارەسەری کێشەکان چاوەڕێ بکەین، لەکاتێکدا دەتوانین پێش ئەوەی لە کۆنترۆڵ دەربچن چارەسەریان بکەین. پێویستە جیاوازییەکانی یەکتر قبوڵ بکەین و فێربین بەرێزەوە لەگەڵ یەکتر بژین، نەوەکو بەدوای پاساودا بگەڕێین بۆ ڕەتکردنەوەی بەرانبەر.

هەموومان لە دەستپێکردنەوەی توندوتیژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست شۆک بووین. چارەسەرنەکردنی ناکۆکییەکی دەیان ساڵە و لە قاڵبدانیشی بەهەمان شێوە کێشەیە. بۆ نموونە 30 ساڵە چارەسەریی دوو دەوڵەت بۆ فەلەستین و ئیسرائیلیيەکان وەک پێویستی و مۆدێلێک دەبینرێت. کوردیش بەهەمان شێوە داوای هەمان ماف و شکۆمەندییان کرد، بەڵام هێشتا دۆزی ئێمە پشتگوێ خراوە. چۆن پشتگیرییەکی زۆر لە دۆزی کەسێک دەکەیت و لەبەرانبەر دۆزی ئەوانی دیکەدا، خۆت بێدەنگ دەکەیت؟ ئێستا کاتی ئەوەیە کاری باشتر بکەین. کێشە چارەسەرنەکراوەکان پێویستیيان بە وەڵامی بوێرانەیە. ئێستا کە جیهان بەدوای چارەسەرێکی هەمیشەییدا دەگەڕێت بۆ دۆزی فەلەستین، منیش داوای ڕێگەیەکی نوێ دەکەم، بۆئەوەی بزانین ئێمەی کوردستانی، چۆن بتوانین لەگەڵ دراوسێکانمان بەیەکەوە بژین.

پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی عێراقیش جێگەی نیگەرانین. بەردەوامی پێشێلکردنی دەستووری عێراق، و پابەندنەبوون بەو ڕێککەوتنەی پێکهێنانی ئەم حکومەتەی ئێستای لێکەوتەوە، مەترسی ناسەقامگیری و دووبارە سەرهەڵدانەوەی تایفەگەری و دابەشبوون لەنێوان پێکهاتە سەرەکییەکان لێ دەکەوێتەوە.
ئەگەر بڕیارە تاکلایەنەکان بەردەوامبن و دامەزراوەکانی حکومەت لەلایەن یەک گرووپەوە کۆنترۆڵ بکرێن، هەستی نادادپەروەری قووڵتر دەبێتەوە. بەرهەمی ئەم فاکتەرانەش: گەندەڵی و نادادپەروەری و هەژارییە و ئەمانەش هۆکارن بۆ ئەوەی ناسەقامگیری دروست ببێت و توندڕەویش لەم هەلومەرجانەدا سەرهەڵدەداتەوە.
شێوازێکی گشتگیر و هەمەلایەنە بۆ بەرێوەبردنی عێراق و جێبەجێکردنی کارە تەواونەکراوەکانی ناوچەکە، پێوێستیيەکی بەپەلەیە.

هاوڕێیان
ئێستا کە ئێوە لێرەن، داواتان لێدەکەم، پێشوازی لەو شتانە بکەن کە ئێمە وەک کوردستانی پێشکەشی دەکەین. لە ڕێگەی ئێوەشەوە، داوا لە هەموو جیهان دەکەم ئەو هەنگاوانە ببینن کە ئێمە لە ڕووی ئابووری و پێکەوەژیانی ئاشتیيانەی پێکهاتەکانەوە ناومانن. زۆر زیاترمان هەیە بۆئەوەی بە جیهانی نیشان بدەین، بانگهێشتان دەکەم بۆ ئەوەی لەم هەنگاوانەدا لەگەڵمان بەشدار بن.

لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم کۆڕبەندە، داواتان لێدەکەم لەم هۆڵەدا پێکەوە گفتوگۆیەکی ژیرانە بکەن. بەو هیوایەی گفتوگۆکانمان ببنە هاندەر بۆ بیرۆکەی نوێ و چارەسەری کرداری.
جارێکی دیکە، لەدڵەوە بەخێرهاتنێکی گەرمی یەک بە یەکتان دەکەم بۆ کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست.
سوپاستان دەکەم

 

https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2023/november/سەرۆکی-حکومەت-لە-کۆڕبەندی-meps-پەرەسەندنەکانی-ئەم-دواییەی-عێراق-مایەی-نیگەرانین/

 

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ مارشاڵ سامى سامپسۆن كۆبووه‌وه‌

به‌يانيى ڕۆژی چوارشەممە 2023/11/22 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى لە به‌ڕێز مارشاڵ سامى سامپسۆن گه‌وره‌ ڕاوێژكارى به‌رگريى به‌ريتانى له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوورى ئافريكا و شاندێكى سه‌ربازيى ياوه‌رى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين پێشهاته‌كان و ئه‌گه‌ر و لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕيان له‌ غه‌ززه‌ تاوتوێ كرد. له‌مباره‌يه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى دۆخه‌كه‌ مه‌ترسى له‌سه‌ر ته‌واوى ناوچه‌كه‌ دروست ده‌كات‌، بۆيه‌ پێویسته‌ عێراق به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك خۆى له‌ شه‌ڕ به‌دوور بگرێت، چونكه‌ شه‌ڕ هيچ كێشه‌يه‌ك چاره‌سه‌ر ناكات و ته‌نيا ئاشتى چاره‌سه‌ره.

ده‌رباره‌ى دۆخى سياسيى عێراقيش هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ پێويسته‌ ئارامى و سه‌قامگيريى سياسى و ئه‌منيى عێراق بپارێزرێت و هه‌موو لايه‌ك ده‌بێ به‌رپرسيارانه‌ ڕه‌فتار بكه‌ن و جه‌ختيان له‌ پێويستيى پاراستنى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان و نێرده‌ ديپلۆماتييه‌كان له‌ هه‌ر جۆره‌ هه‌ڕه‌شه‌يه‌ك له‌ عێراق كرده‌وه‌.

له‌ ته‌وەر‌ێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ تيرۆر هێشتا مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌يه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسايش و سه‌قامگيريى ئه‌منى عێراق ده‌كات، بۆيه‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان هێشتا پێویستييان به‌ پشتيوانيى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى هه‌يه‌ بۆ له‌ناوبردنى يه‌كجاره‌كيى داعش. له‌مباره‌يه‌وه‌ به‌ڕێز سامپسۆن به‌رده‌واميى پابه‌نديى به‌ريتانياى له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيدا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو. له‌مباره‌يه‌وه‌ هه‌ردوولا دوايين كۆبوونه‌وه‌ و ديداره‌كانى نێوان پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستانيان به‌ پێشهاتێكى ئه‌رێنى هه‌ڵسه‌نگاند.

 

https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-met-with-marshal-sami-sampson/

 

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: بە هیچ شێوەیەک نابێ عێراق بخزێتە ناو ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە

بەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢٠\١١\٢٠٢٣ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆڕبەندی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS)دا کرد کە لە دهۆک بە سەرپەرشتیی بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاوی میوانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و وڵاتانی جیهانەوە، زانکۆی ئەمەریکیی کوردستان سازی کردووە.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە وتارێکدا باسی لە دۆخی ئێستای ناوچەکە و ئاڵنگارییەکان کرد، ئەمە دەقەکەیەتی:

به‌یانیتان باش..

هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن..

به‌خێرهاتنی هه‌موولایه‌ك ده‌كه‌م، ئه‌و میوانه‌ به‌ڕێزانه‌ی كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ ته‌شریفیان هێناوه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ به‌غدا ته‌شریفیان هێناوه، ئه‌و پارێزگارانه‌ی كه‌ له‌ شوێنه‌كانی دیکەی عێراقەوە ته‌شریفیان هێناوه‌، هه‌موولایه‌كتان به‌ خێر بێن.

ده‌مه‌وێ به‌خێرهاتنێكی تایبه‌تیی كاكه‌ بافڵ تاڵەبانی بكه‌م، خۆشحاڵین كه‌ ئه‌مساڵ ئه‌ویش له‌ دهۆك له‌گه‌ڵ ئێمه‌ به‌شداره‌، زۆر به ‌خێر بێی، سه‌رچاو. هه‌روه‌ك هه‌موولایه‌ك ئاگادارن ئێمه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوو چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كی باشمان كردووه‌، كۆبوونه‌وه‌كانمان زۆر باش بوون، كاك بافڵ و كاكه‌ قوباد و به‌نده‌ و كاك مه‌سروور و خاڵ هۆشیاریش له‌گه‌ڵمان بوو، كۆبوونه‌وه‌كانمان باش بوو، په‌نا به ‌خوا و بەو هیوایەی له‌ ئاینده‌شدا ئه‌م كۆبوونه‌وانه‌ به‌رده‌وام بكه‌ین و بگه‌ین به‌ لێكتێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش. هه‌موولایه‌كتان به ‌خێر بێن و هیوادارم كاتێكی خۆش و به‌سوود له‌ دهۆك به‌سه‌ر به‌رن.

ده‌ستخۆشى له زانكۆى ئه‌مه‌ريكيى كوردستان ده‌كه‌م كه‌ ساڵانه‌ ئه‌م كۆڕبەندە‌ ڕێكده‌خات و لەم کاتە گرنگەدا گفتوگۆ لەسەر چه‌ندين بايه‌تى گرنگ ده‌ربارەی ئاشتى و ئاساييش له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و عێراق و هه‌رێمى كوردستان ساز ده‌كات. دەستخۆشییەکی تایبەت لە بەڕێز کاک مەسروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دەکەم بۆ ئه‌م كاره‌ گرنگه‌ی كه‌ له‌ ڕۆژی یه‌كه‌مه‌وه‌ له‌ دهۆك كردوویه‌تی به‌ دامه‌زراندنی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له‌ دهۆك و ئه‌م كۆڕبه‌نده‌، زۆر سوپاس.

بەڕێزان..

ئه‌مساڵ كۆڕبەندەکە هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئاڵۆزییه‌كى مه‌ترسيدارى دۆخى ناوچه‌كه‌دا كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئارامى و سه‌قامگيريى ئەم ناوچه‌یه‌ و جیهانیش دەکات. ئەم دۆخە هەموو جیهانی خستووەتە ئاڵۆزییەکی گەورەوە. ئاسايش و سه‌قامگيرى و ئابووريى جيهان پێكه‌وه‌ به‌ستراوه‌ و ڕووداوه‌كان له‌ هه‌ر كوێ بن، به‌ ئاستى خۆيان كاريگه‌رييان به‌سه‌ر دۆخى جيهانه‌وه‌ هه‌يه‌. شەڕی ئیسرائیل و حەماس جارێکی دیکە ئەو ڕاستییەی سەلماند کە ئاسایشی جیهانی، چەمکێکی واتادار و ڕاستەقینەیە.

به‌رفراوانبوونى شه‌ڕى ئسرائيل و حه‌ماس، تێوه‌گلانى زياترى هێزه‌كانى ناوچه‌كه‌ و جيهان له‌ كێشه‌كه‌دا، دۆخه‌كه‌ سه‌ختتر و ترسناكتریش ده‌كات. لێكه‌وته‌كانى له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ و له‌سه‌ر جيهانيش به‌گشتى، خراپتر و درێژخايه‌ن ده‌بن.

له‌ دۆخێكى ئاوادا، ئێمه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌بێ له‌ هه‌موو كاتێك زياتر، به‌وپه‌ڕى وشيارييه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ين. هه‌ر چۆنێك بێت، به ‌هيچ پاساوێك نابێ ڕێگه‌ بده‌ين عێراق بخزێته ناو ئەم شەڕە و كێشه‌ و ئاڵۆزيى زیاترەوە‌، چونكه‌ زيانێكى زۆرى لێ ده‌دات.

عێراق ده‌بێ سه‌قامگير بێت، بۆ ئه‌وه‌ى پێشبكه‌وێت. ئێستا کاتی ئەوەیە بیر لەوە بکەینەوە عێراق بکەینە گۆڕەپانی چارەسەری کێشەکانی خەڵکی عێراق، نەک گۆڕەپانی درێژکردنەوەی شەڕ و ئاڵۆزييەکان له‌ ناوچەکە.

سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى شه‌ڕ له‌نێوان حه‌ماس و ئسرائيل، ڕاستييه‌كى ساده‌ى سه‌لماند، ئه‌ويش ئه‌وه‌يه‌: كێشه‌كان به‌ دواخستن و كپكردن چاره‌سه‌ر ناكرێن، به‌ڵكوو گه‌وره‌تر ده‌بن و ڕۆژێك خراپتر ده‌ته‌قێته‌وه‌. هێز و شه‌ڕ و توندوتيژى، هيچ كێشه‌يه‌ك چاره‌سه‌ر ناكات. ڕه‌نگه‌ له‌ كات و بارودۆخێكدا بۆ ماوه‌يه‌ك كپ و بێده‌نگيان بكات، به‌ڵام كێشەکان قووڵتر دەکاتەوە. ڕێگەی ڕاست ئاشتییە، ئازایەتيی ڕاستەقینەش، چارەسەرکردنی کێشەکانە.

‌ شه‌ڕ جگە لە په‌ره‌سه‌ندنى بيرى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ و توندوتيژى و وێرانکاری، هيچى ديكه‌ى لێناكه‌وێته‌وه‌، ئه‌وکاتیش هه‌مووان ده‌بێ باجى‌ گه‌وره‌ بده‌ن، ڕێك وه‌ك ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ ناوچه‌كه‌دا ڕووده‌دات و ئه‌گه‌ر ڕێگرى لێ نه‌كرێت، خراپتر و گه‌وره‌تریش ده‌بێت.

چاره‌سه‌رى دوو ده‌وڵه‌ت وه‌ك له‌ بڕياره‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كاندا هاتووه‌، كه‌ مافى بوون و ئاشتى بۆ هه‌ردوولا مسۆگه‌ر بكات، تاقه‌ ڕێگه‌ى نەمانی ئاڵۆزييه‌كان و كۆتاييهێنانه‌ به‌ كێشه‌كان‌. چه‌ندين ده‌يه‌ له‌ شه‌ڕ و پێكدادان تێپەڕین، چەندین دەیەی دیکەش لە خوێن و وێرانکاری هیچ ئەنجامێکی نابێت نه‌ بۆ فەلەستین و نه‌ بۆ ئیسرائیل. چارەسەر، ئازایەتى و ئيراده‌ى جدييه‌‌ بۆ ئاشتی.

ئێستا کاتی ئەوەیە هەموو جیهان هەوڵ بدات ئەم شەڕە ڕابگیرێت. کوشتن و تێكدانی ژیانی خەڵکی مەدەنی له‌ غه‌ززه‌ کۆتایی پێبهێندرێت، دیل و بارمتە مەدەنییەکان ئازاد بکرێن. دوای ئەوەش چارەسەری بنەڕەتيی کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل جێبەجێ بکرێت لەسەر بنچینەی دوو دەوڵەت. ئه‌گينا دووباره‌كردنه‌وه‌ى مێژوو، هه‌ر هه‌مان ئه‌نجامى ئێستای دەبێت و ديسان له‌ناكاو به‌يانييه‌ك له‌گه‌ڵ ئاڵۆزبوونێكى خراپترى دۆخه‌كه‌دا‌، به‌ ئاگا دێينه‌وه‌.‌

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز…

له‌ عێراق، بيست ساڵى ئه‌زموونى ئازادیی عێراق، ده‌كرا زۆر باشتر بووايه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ستوور وه‌ك خۆى جێبه‌جێ بكرابووایە و فيدراڵى كه‌ سیسته‌می عێراقه‌ و گه‌لی عێراق ده‌نگی بۆ داوه‌ جێگير بكرابا‌. جێبه‌جێنه‌كردنى سيستمى فيدراڵى، پابه‌ندنەبوون به‌ ده‌ستووره‌وه‌، زۆر كێشه‌ و ناكۆكيى سياسى هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ و ناسەقامگیریی هەمەلایەنەی له‌ عێراق دروستکردووە. وایکردووە کە سەقامگیريی عێراق، هەمیشە بە لەرزۆک ببینرێت.

چارەسەر گه‌ڕانه‌وەیە‌ بۆ بنه‌ماكانى (هاوبه‌شى، سازان، هاوسه‌نگى) كه‌ عێراقى نوێ له‌سه‌ری دامه‌زراوه و ڕۆحی نووسینه‌وه‌ی دەستووری عێراقه‌. دەستەبژێری سیاسيی عێراق دەبێ بگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێگەیە. زۆر پێویستە لایەنە سیاسییەکانی عێراق هاوکار بن بۆ دانانی ئەو یاسایانەی دەستوور داوایان کردووه‌، هەروەها هاوکاريی حکوومەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت بن بۆ جێبەجێکردنی دەستوور.

سيستمى فيدراڵى، بنه‌ماى دەستووری عێراقە، فیدراڵی دەتوانێت یەکسانی و هاوبەشییەکی تەواو بۆ هەموو ناوچە و پێکهاتەکانی عێراق دابین بکات. خەڵکی عێراق بەو هاوبەشییە لەڕووی ئابوورییەوە پێشدەکەوێت و لەڕووی کۆمەڵایەتیشەوە یەکگرتوو دەبێت. هەر ئەمەشه‌ نه‌خشه‌ڕێگه‌ى دروستى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌ عێراق. ڕه‌فتاركردن و بيركردنه‌وه‌ به‌ پێوه‌ر و لۆژيكى هێز، هيچ ده‌ردێكى عێراق ده‌رمان ناكات، به‌ڵكوو كێشه‌كان له‌م وڵاته‌ ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر ده‌كات.

عێراق بۆ ئه‌وه‌ى سه‌قامگير و پارێزراو بێت، بۆ ئه‌وه‌ى پێشبكه‌وێت و شوێنى شايسته‌ى خۆى له‌ ناوچه‌كه‌ و له‌ جيهاندا بگرێت، ده‌بێ بێ جياوازى، وڵاتى هه‌موو پێكهاته‌كان بێت، مافى هيچ پێكهاته‌يه‌ك زه‌وت و پێشێل نه‌كرێت. هيچ پێكهاته‌يه‌ك به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك له‌ عێراق نابێت په‌راوێز بخرێت. عێراق به‌ پێکەوەژیانی پێکهاتە جیاوازەکانی بەهێز دەبێت، بە جیاکاری و ناکۆکيی نێوان پێکهاتەکانی، لاواز دەبێ و دوادەکەوێت.

ده‌بێ هه‌موو پێكهاته‌كان هاوبه‌ش و به‌شدار بن له‌ بڕيارى سياسى و به‌ڕێوه‌بردنى وڵاتدا. هيچ پێكهاته‌ و هاووڵاتييه‌كى عێراق، له‌ هه‌ر ئايين و مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌يه‌ك بێت، هەست بە سته‌ملێکردن و جیاکاری و جیاوازی نەکات، بەڵکوو هه‌ست بكه‌ن هه‌موويان وه‌ك يه‌ك، خاوەنی ئەم دەوڵەتەن.

ئه‌گه‌ر دەستەبژێری سیاسيی عێراق، لایەنە سیاسییەکانی عێراق کار بە ڕۆح و نێوەڕۆکی دەستووری عێراق بکەن، چاره‌سه‌رى كێشه‌كان ئاسانه‌. كێشه‌كان هێنده‌ مه‌حاڵ نين كه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كرێن. مه‌سه‌له‌كه‌ ته‌نيا بيركردنه‌وه‌يه‌. ئه‌گه‌ر به‌ دروستى بير بكه‌ينه‌وه‌، بير له‌ له‌یه‌كتێگه‌یشتن بۆ هاوبه‌شى و پێكه‌وه‌ژيانى ئاشتيانه‌ بكه‌ينه‌وه‌، ئه‌گه‌ر وڵات و به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى بخه‌ينه‌ سه‌رووى هه‌موو پێناسه‌ و شتێكى ديكه‌وه‌، ئه‌وکات ده‌بينين چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو كێشه‌كان ئاسان ده‌بێت‌.

له‌ دۆخى ئاڵۆزى ئێستاى ناوچه‌كەدا، ئێمه‌ له‌ عێراق ده‌بێ زۆر به‌ دانايى و وشيارانه‌‌ ڕه‌فتار بكه‌ين. بۆ ئه‌وه‌ى عێراق بتوانێت ڕووبه‌ڕووى هه‌موو ئاڵنگارييه‌كان ببێته‌وه‌، ده‌بێ كێشه‌كانى خۆى چاره‌سه‌ر بكات. ئێستا پاراستنى سه‌قامگيريى سياسى له‌ عێراق له‌ هه‌موو كاتێك زياتر پێويسته‌. عێراق هێشتا به‌ ده‌ست لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕى داعشه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، هێشتا كێشه‌ى ئابوورى و خزمه‌تگوزارى هه‌يه‌، پێويستى به‌ سه‌قامگيرى و حه‌سانه‌وه‌يه‌. هه‌ر هه‌نگاوێك سه‌قامگيريى سياسيى وڵات لاواز بكات، ژیانی خەڵکی عێراق تێکدەدات.

به‌ڕێزان..

ئێمه‌ پێمانوايه‌ كليلى سه‌قامگيريى عێراق، چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵیی عێراق. ده‌ستووری عێراق نەخشەڕێگەیەکی زۆر ڕوونی چارەسەری کێشەکان داناوه‌. ‌تەنیا پێویستیمان بە ئیرادەیەکی سیاسییە بۆ چارەسەری کێشەکان لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە.

هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌يه‌ به‌پێى ده‌ستوور و به‌ له‌یه‌كترتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش، كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات. چاره‌سه‌رێك له‌ به‌رژه‌وه‌نديى ته‌واوى وڵاتدا بێت و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌مووان مسۆگه‌ر بكات. ڕاستە هێشتا چارەسەر نییە، بەڵام بەردەوامبوونی گفتوگۆکان بۆ چارەسەرکردن لەنێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵیی عێراق، کارێکی زۆر گرنگە.

بێگومان ئه‌نجامه‌كانى گفتوگۆ تا ئێستا له‌ ئاستى خواست و چاوه‌ڕوانييه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا نين، به‌ڵام پێمانوايه‌ بەردەوامبوونی گفتوگۆیەکان‌ تاکە ڕێگه‌ى ڕاستە بۆ به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ هه‌یه‌. ئێمە كۆڵ ناده‌ين و به‌رده‌وام ده‌بين بۆ دۆزينه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كان. لەوبارەشەوە بە پێزانينه‌وه‌ لە هەوڵ و کاری بەڕێز محه‌ممه‌د شياع سوودانى سەرۆک وەزیرانی عێراقى فيدراڵى دەڕوانین. لەلای ئێمەوە بە تەواوه‌تی پشتیوانی لێدەکرێت.

به‌رێزان، فەرمانبەران، خانەنشینان و مووچەخۆران لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین. خێراکردنی دانانی چارەسەرێکی بنچینەیی بۆ بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان، ئەرکێکی نیشتمانییە بۆ حکوومەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت لە عێراقدا. قه‌يرانى دارايى و گوشار له‌سه‌ر ژيانى خه‌ڵك له‌ هه‌رێمى كوردستان، دەتوانرێت بە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە زوویی چارەسەر بکرێت. کارێکی زۆر پێویستە بە خێرایی ئەوە بکرێت ‌بۆ ئەوەی ئەم دڵەڕاوکێیەی لە هەرێمی کوردستان هەیە کۆتایی پێبهێندرێت، چونکە کاریکردووەتە سەر ژیان و کار و بازاڕی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان.

پێويسته‌ په‌له‌ بكرێت له‌ نه‌هێشتنى به‌ربه‌سته‌كان بۆ ده‌سپێكردنه‌وه‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان. ڕاگرتنى هه‌نارده‌‌كردنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان، چەندین مليار دۆلار زيانى به‌ داهاتى گشتيى عێراق و ئابووريى وڵات گه‌ياندووه‌ و هيچ سوودێكى بۆ عێراق تێدا نييه كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت‌.

به‌ڕێزان..

له‌م دۆخه‌ ئاڵۆزه‌ى ناوچه‌كه‌دا، له‌ هه‌رێمى كوردستانيش ده‌بێ خوێندنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندن و تێگه‌يشتنى دروستمان بۆ پێشهاته‌كان و ئه‌گه‌رى لێكه‌وته‌كانى هه‌بێت. ئه‌ركى له‌پێشينه‌ى هه‌موو لايه‌نه‌ سياسييه‌كانە‌، ته‌بايى و يه‌كڕيزى و لەیه‌كترتێگه‌یشتن دروست بکەن. بۆ ئه‌مه‌ش به‌ پله‌ى يه‌كه‌م ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانى پارتى و يه‌كێتى كه‌ بگه‌نه‌ لێكتێگه‌يشتنى هاوبه‌ش و كێشه‌ و ناكۆكييه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن. کۆبوونەوەكانی ڕابردوومان کۆبوونەوه‌ی باش بوون، زۆر پێویستە ئه‌و کۆبوونەوانه‌ بەردەوام بن.

هيچ كێشه‌يه‌ك هێنده‌ ئاڵۆز نییه‌ له‌نێوان پارتى و يه‌كێتى و لايه‌نه‌كاندا كه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت. مه‌ترسى و ئاڵنگارييه‌كان كه‌ ڕووبه‌ڕووى هه‌رێمى كوردستان ده‌بنه‌وه‌، له‌ هه‌موو كێشه‌كان گه‌وره‌ترن و تاكه‌ ڕێگه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌يان، ته‌نيا لێكتێگه‌يشتن، هاوبەشی و هاوکارییە.

لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان لێره‌ و له‌ به‌غدا ته‌نيا به‌ يه‌كده‌نگى لەسەر بەرژەوەندییە گشتی و باڵاکانی هه‌رێم، ده‌توانن ژیان و گوزەرانی خەڵک باش بکەن و پارێزگارى له‌ ده‌ستكه‌وت و مافەکانی خەڵکی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن كه‌ له‌م ڕێگه‌یه‌دا هه‌زاران شه‌هید و قوربانییان داوه‌ بۆ گه‌یشتن به‌م ڕۆژه‌‌. بۆيه‌ ئێستا كوردستانييان به هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌ له‌ هه‌موو كاتێك زياتر چاويان له‌وه‌يه‌ لايه‌نه‌ سياسييه‌كان يه‌كڕيز و ته‌با بن. هه‌ر ئه‌وه‌ش گه‌ره‌نتيى پاراستنى ده‌سكه‌وته‌ ده‌ستوورييه‌كانمان و قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستانه‌.

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..

وه‌ك له‌ باسه‌كانى ديبه‌يت و گفتوگۆکانى ئه‌م كۆڕبەندەدا هاتووه‌، ئێمه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، جگه‌ له‌ ئاڵنگارييه‌ سياسى و ئه‌منى و ئابووری، له‌گه‌ڵ لێكه‌وته‌كانى گۆڕانى كه‌شوهه‌واش ڕووبه‌ڕوو ده‌بينه‌وه‌. ئه‌مه‌ به‌ ڕاستى مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى جدديه‌ و پلان و كارى زۆری پێویستە بۆ ئه‌وه‌ى كاريگه‌رييه خراپه‌كانى له‌سه‌ر ئێستا و داهاتووى عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچه‌كه‌ كه‌م بكه‌ینه‌وه‌‌.

ده‌بێ ئه‌م بابه‌ته‌ زۆر به‌ جددى وه‌ربگيرێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ عێراق و وڵاتانى ناوچه‌كه‌ ده‌بێ له‌نێوان خۆيان و له‌گه‌ڵ وڵاتانى جيهانيشدا، هاريكارى و هاوبه‌شیيان هەبێت. هيوادارین باس و ديبه‌يت و گفتوگۆكانى ئه‌م كۆڕبەندە يارمه‌تيده‌ر بن بۆ ده‌ستنيشانكردنى ڕێگه‌ و شێوازه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌م مه‌ترسييه‌.‌

هه‌روه‌ها بابه‌تى ژيريى ده‌ستكرد كه‌ باسێكى ديكه‌ى كۆڕبەندەکەیە و باسێكى گه‌رمى ناوه‌نده‌ زانستى و ته‌كنه‌لۆژييه‌كانى جيهانيشه‌، بابه‌تێكى جددى و گرنگه‌. زۆر کارێکی باشە زانكۆى ئه‌مه‌ريكيى كوردستان و زانكۆكانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، گرنگيى تايبه‌تى به‌م بواره‌ بده‌ن. له‌سه‌ر ڕۆڵ و كاريگه‌رييه‌كانى بوه‌ستن و له‌و ده‌رفه‌ت و مه‌ترسيانه‌ بكۆڵنه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ خۆياندا ده‌يهێنێت و مۆرێكى گه‌وره‌ له‌ داهاتووى مرۆڤايه‌تى ده‌دات.

زۆر دڵخۆشم کە قوتابیان و لاوانی کوردستان هۆشیارییەکی زۆریان هەیە بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا، هەروەها بەپێی دەرفەت تێکەڵاوی باسەکانی ژیريی دەستکردیش بوونە. زۆر دڵخۆشم بە ئاست و هۆشیاريی نەوەی تازە لە کوردستان، هیوادارم ژیانێکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو دروست بکەن.

دووبارە هيواى سه‌ركه‌وتن بۆ (كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) و کاتێکی خۆش بۆ هه‌موو لايه‌كتان دەخوازم.

به‌خێر بێن سه‌رچاو.

زۆر سوپاس.

 

 

https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-iraq-should-not-get-involved-in-the-middle-east/

 

سەرۆکی حکومەت لەگەڵ وەزیری نەوتی فیدراڵ کۆبووەوە

ڕۆژی یەکشەممە 11/12، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری کە لە بریکاری و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیى کۆمپانیای (سۆمۆ) پێکهاتبوو، کۆبووەوە.


لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی ڕێکار و هەنگاوەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا.


سەرۆکی حکومەت ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دووپات کردەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هێنانەکایەی لەیەکتێگەیشتنێکی هاوبەش بە ئاراستەی بەجێگەیاندنی پێداویستیيە دارایی و تەکنیکیيەکانی پرۆسەی هەناردەكردن و لە چوارچێوەی بنەما دەستووریی و گرێبەستەکان و ڕێزگرتن لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی سەرجەم لایەنەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ دەستەبەرکردنی خەرجیى شایستەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم کە لەناو بودجەی حكومەتی فیدڕاڵ تەرخانکراوی پێویستی بۆ دانراوە.


سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، زیانی چەندین ملیار دۆلاری بە گەنجینەی گشتی گەیاندووە و پێویستە لە زووترین کاتدا، هەناردەکردن دەست پێ بکاتەوە. لەمبارەیەوە وەزیری سەرچاوە سروشتییەکانی هەرێمی ڕاسپارد کە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ تیمی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بکەن کە بڕیارە بۆ چەند ڕۆژێک لە هەولێر بمێننەوە.

جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدڕاڵ، خواستی حکومەتی فیدڕاڵی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەربڕی و ئەم داوایەشی بە ناوی سەرۆکوەزیران و حکومەتی فیدڕاڵ خستەڕوو، ئەویش لە ڕێگای ده‌ستەبەرکردنی زەمینەیەکی لەباری هاوبەش لە چوارچێوەی دەستوور و لابردنی ئاستەنگ و لەمپەرەکانی بەردەم پرۆسەکە.

لە کۆتاییدا بڕیاردرا کە هەردوو وەزارەت درێژە بە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەکان لەسەر وردەکارییە قانونی و دارایی و تەکنیکیيەکان بدەن تاکوو بە لەیەکتێگەیشتنێکی هاوبەشەوە، چارەسەرەکان بخرێنەڕوو بە ئامانجی ئەوەی لە زووترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە زیادکردنی سەرچاوەی داهاتی گشتی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و خەرجکردنەوەی بۆ بەرژەوەندی گشتی دەبێت.

 

https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2023/november/سەرۆکی-حکومەت-لەگەڵ-وەزیری-نەوتی-فیدراڵ-کۆبووەوە/

 

پەڕەى 10 لەکۆى 341 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی