هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی پارلەمانی عەرەبی دەكات

ڕۆژی دووشەممە 21ـی 12ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئەحمەد بن محەمەد ئەلجەروان سەرۆكی پارلەمانی عەرەبی و شاندێكی یاوەری كرد.


لە دیدارەكەدا سەرۆكی پارلەمانی عەرەبی سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی تیرۆریستاندا گیانی خۆیان بەخشیوە و شەهید بوونە و پیرۆزبایی سەركەوتنە مەزنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیشی لە سەرۆك بارزانی كرد لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و ستاییشی ڕۆڵ و قارەمانێتی و خەباتی گەلی كوردستانی كرد لە پاراستنی مرۆڤایەتیدا. هەروەها پێزانینیشی بۆ گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێم هەبوو كە سەدانهەزار ئاوارەیان حەواندووەتەوە و بوونەتە پەناگەی لێقەوماوان و هاتنی خەڵك بۆ هەرێم لەبەر كەرامەت و مەزنیی و دڵفراوانیی خەڵكی كوردستانە.

سەرۆكی پارلەمانی عەرەبی و شاندی یاوەری جەختیان لە پاڵپشتیی خۆیان بۆ مافە ڕەواكانی گەلی كورد كردەوە و ڕایانگەیاند كە جیهان دەبێ پشتیوانی گەلی كوردستان بێت و وەك پارلەمانی عەرەبی ئامادەیی خۆیان نیشاندا كە هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هەڵوێستی ئەوانی كرد و هەروەها دەستخۆشی لەو وڵاتانە كرد كە یارمەتییان پێشكەشی ئاوارەكان كردووە و ئاماژەی بە ڕۆڵی ڕێكخراوەكانی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی دا كە لە كاتی تەنگانە و سەختدا یارمەتیی حكوومەتی هەرێمیان داوە بۆ هاوكاریكردنی پەنابەر و ئاوارەكان. سەرۆك بارزانی لەدرێژەی قسەكانیدا باسی لە وەحشیگەریی تیرۆریستان و هەروەها بارودۆخی بەرەكانی شەڕ كرد و پەیوەست بە ئاوارەكانیش سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە چارەسەری بنەڕەتیی ئاوارەكان ئەوەیە كە ناوچەكانیان ئازاد بكرێت و بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان و یارمەتی بدرێن.

 

 

 

 

سەرۆک بارزانی سەرخۆشیی لە خانەوادەی هونەرمەندی کۆچکردوو حاجی مەکی عەبدوڵڵا دەکات

بە بۆنەی کۆچی دوایی هونەرمەندی ناسراوی کوردستان، حاجی مەکی عەبدوڵڵا، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی هاوخەمیی ئاراستەی خانەوادەی ئەو هونەرمەندە و سەرجەم هونەرمەندانی کوردستان کرد، کە ئەمە دەقەکەیەتی:


بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

خانەوادەی بەڕێزی هونەرمەندی کۆچکردوو حاجی مەکی عەبدوڵڵا

بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایی هونەرمەندی نیشتیمانپەروەر و ناسراوی کوردستان کاکە حاجی مەکی عەبدوڵڵامان پێگەیشت.خۆم بە هاوبەشی خەمتان دەزانم و پرسە و سەرخۆشیی ئاراستەی خانەوادە بەڕێزەکەتان و سەرجەم هونەرمەندانی کوردستان و خزم و کەسوکارتان دەکەم.

کاک حاجی مەکی وەک هونەرمەندێکی نیشتیمانپەروەر هەموو تەمەنی خۆی بۆ خزمەتکردنی هونەری کوردستان تەرخان کرد و هونەری نمایشی کردە ڕێگایەک بۆ پێشاندانی مەینەتی و ئازارەکانی خۆی و گەلەکەی و بەرهەمێکی زۆری پێشکەشی گەلەکەمان کرد و جێ دەستی دیارە و کۆچی دواییشی کەلێنێکی گەورەیە. هیوادارم هاوڕێ و هاوکارانی لەسەر ڕێبازی نیشتیمانپەروەرانەی ئەو هونەرمەندە بەردەوام بن.

لە خوای گەورە داواکارم گیانی کاک حاجی مەکی بخاتە بەر دلۆڤانیی خۆی و ئارامی و دڵنەواییش بە هەموولایەک ببخەشێت.

انا للە وانا الیە راجعون

مسعود بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
١٩ـی١٢ـی٢٠١٥

 

 

 

 

 

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان یادی له‌ دایكبوونی پێغه‌مبه‌ری مه‌زنمان پیرۆز دەكات

بسم الله الرحمن الرحيم


به‌ بۆنه‌ی یادی له‌ دایكبوونی پێغه‌مبه‌ری مه‌زنمان محه‌مه‌دولمسته‌فا (درودو سڵاوی خوای له‌سه‌ر بێت) پیرۆزبایی له‌ سه‌رجه‌م موسڵمانانی جیهان و عیراق و موسڵمانانی كوردستان به‌تایبه‌تی ده‌كه‌م.

هیوادارم ئه‌و بۆنه‌ پیرۆزه‌ ببێته‌ هانده‌رێكی تر بۆ چەسپاندنی هه‌موو واتا روحییه‌ به‌رزه‌كانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام له‌ دادوه‌ری و لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كتری خۆشویستن و رێز له‌ یه‌كتری گرتن، ڕیسواییش بۆ تیرۆریستان و دوژمنانی مرۆڤایەتی بمێنێتەوە كە بە ناوی ئایین دڕندەترین ڕەفتاریان لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام داوە و هەوڵی تێكدانی بنەما پیرۆزەكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەدەن.

ئومێد دەكەم ئەو بۆنە پیرۆزە دەرگەی خێر و خۆشی بۆ خەڵكی كوردستان و ناوچەكە بكاتەوە و كۆتاییش بە زوڵم و توندڕۆیی و داگیركاری بێت و وڵاتەكەمان لە ئاسوودەیی و بەختەوەریدا بژییت.

والسلام عليكم ورحمة الله وبركاته

مسعود بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
11ی ره‌بیعولئه‌وه‌ل 1437ی كۆچی
22ی كانوونی یەکەمی 2015ی زاینیی

 

 

 

 

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگریی كەنەدا دەكات

ڕۆژی دووشەممە 21ـی 12ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە هارجیت سینگ ساجان وەزیری بەرگریی كەنەدا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە برۆنۆ ساكۆمانی باڵیۆزی كەنەدا لە عێراق و ژمارەیەك بەرپرس و ڕاوێژكاری وەزارەتی بەرگریی كەنەدا.


لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی كەنەدا باسی لە جوانی و سەرنجڕاكێشی كوردستان كرد و پێزانینی بۆ خۆڕاگری و خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان هەبوو. هەروەها وێڕای پیرۆزبایی لە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە، ستاییشی ڕۆڵی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان كرد و ڕایگەیاند كە گەلی كەنەدا ئاگاداری ئازایەتی و قارەمانێتی پێشمەرگەن و سەرەخۆشیشی لە سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا گیانی خۆیان بەخت كردووە و شەهید بوونە. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وەزیری بەرگریی كەنەدا ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە سەركردایەتیكردنی دۆخەكە و شەڕی داعش و دروستكردنی سەقامگیری بەرز نرخاند و ئەوەی خستەڕوو كە هەر ئەو سەركردایەتیكردنە كراوە و دیپلۆماسیانەیە هانی ئێمە دەدات یارمەتیی هەرێمی كوردستان و ئاوارەكان بدەین. هەروەها سوپاسی گەلی كوردستانیشی كرد كە سەرباری بوونی گرفتی گەورە بە دڵفراوانییەوە پێشوازییان لە ئاوارەكان كردووە بە بێ جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی و ئەوە خۆی لە خۆیدا لە ئاستی جیهانیدا بێ وێنەیە و ئەو ڕەفتارە بەرزە ئومێد بە جیهانیان دەبەخشێت و ژیان ئاسانتر دەكات. وەزیری بەرگریی كەنەدا ڕاشیگەیاند كە هاتووە لە نزیكەوە وردەكاریی بارودۆخەكە لە سەرۆك بارزانی ببیسێت و لە گەڕانەوەیدا لەگەڵ حكوومەتی كەنەدا كار بۆ ئەوە دەكەن كە هاوكاری و پشتیوانییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان و ئاوارەكان زیاتر بكەن.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هاوپەیمانان و وڵاتی كەنەدای كرد كە هاوكار و پاڵپشتی گەلی كوردستان بوونە و هەروەها باسی لە هۆكارەكانی دەركەوتن و گەشەی تیرۆریستان كرد لە عێراق و ناوچەكە و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی بۆ شاندی میوان خستەڕوو و جەختی لەوە كردەوە كە باری قورسی شەڕی داعش بەر گەلی كوردستان كەوتووە بەڵام گەلی كوردستان خۆڕاگر بوو و پێشمەرگەیش ئەفسانەی داعشی شكاند و هێمایشی بەوەدا كە تیرۆر هەڕەشەیەكی جدییە و ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵێكی نیازپاكانەی هەمەلایەنەی نێودەوڵەتیی گەرەكە و نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان ئەو وڵاتانەی شەڕی داعش دەكەن ڕەنگە سوودی بۆ تیرۆریستان هەبێت. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە نابێ هیچ وڵاتێك تیرۆر وەك كارتی یاری بەكار بهێنێت ئەوەی خستەڕوو كە شەڕی تیرۆر نابێ تەنیا لایەنی سەربازی بێت بەڵكو لەڕووی ئابووری و كۆمەڵایەتی و فكرییش دەبێ شەڕی داعش بكرێت. لەبارەی حەواندنەوەی ئاوارەكانیش سەرۆك بارزانی ئەوەی وەك شانازییەك بۆ گەلی كوردستان باس كرد كە فەزلی ئەوەیش بۆ كولتووری پێكەوەژیان و ئاشتیخوازی و قبووڵكردنی بەرانبەر لەناو كوردستان دەگەڕێتەوە.

بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و سووریا و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و كەنەدا تەوەرێكی تری ئەم كۆبوونەوەیە بوو.

جێگەی ئاماژەپێدانە لەم كۆبوونەوەیەدا مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی هەرێم و جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان عەبدوڵڕەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون. 

 

 

 

 

ڕاگەیێندراوێك لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 10ـی 12ـی 2015 جارێكی تر تیرۆریستان تاوانێكی نامرۆڤانەیان دەرهەق خوشك و براكانمان لە ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجام دا و لە ئەنجامی زنجیرەیەك پەلاماری تیرۆریستی بۆ سەر شارۆچكەی تل تەمەر لە ڕۆژئاوای كوردستان دەیان هاووڵاتی شەهید و دەیانی دیكەیش بریندار بوون.


لێرەدا زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو كردەوە قێزەوەنەی تیرۆریستان دەكەین كە ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ وەحشیگەری و ترسنۆكیی تیرۆریستان كە پابەندی هیچ بەهایەكی مرۆیی و ئاسمانی نین و، سەرەخۆشی لە گەلەكەمان لە ڕۆژئاوای كوردستان و لە كەسوكاری شەهیدانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارن دەخوازین.

ئەوەیش دووپات دەكەینەوە كە كردەوەی لەم جۆرە ئیرادەی هەموو لایەكمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و تێكشكاندن و لەناوبردنی تیرۆریستان و دوژمنانی مرۆڤایەتی بەهێزتر دەكات و دواجاریش سەركەوتن و سەربەرزی بۆ گەلەكەمانە و سەرشۆڕی و شكستیش بۆ تیرۆریستان دەمێنێتەوە.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

11ـی 12ـی 2015

 

 

 

 

ئەمەریكا لە پێداویستییە هەنووكەییەكانی هەرێمی كوردستان دەكۆڵیتەوە

نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 30/11/2015 بەرێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتی جۆن مەككین سەرۆكی كۆمسیۆنی بەرگریی ئەنجومەنی پیران و شاندێكی دیپلۆماسی و سەربازیی یاوەریان كرد.

 

لە دیدارێكدا كە بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك لە وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیبوون، بەڕێز مەككین دەستخۆشی لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە كرد كە توانیویانە ناوچەیەكی زۆر فراوان لە دەستی تیرۆرستانی داعش ڕزگار بكەن بە تایبەتی ڕزگاركردنی شەنگال و سەرەخۆشیی خۆیشی بۆ شەهید و قوربانیانی دەستی تیرۆرستانی داعش پیشان دا و دووپاتی كردەوە كە ئەمەریكا لە پێشكەشكردنی هاوكارییەكانی بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.

 

دواتر باسی لە مەبەستی سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان كرد كە بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی بەرەكانی جەنگ و پێداویستییە هەنووكەییەكانی هەرێمی كوردستانە و ئاشكرایكرد كە ئەو پێداویستیانەی هەرێمی كوردستان پێشكەش بە ئیدارەی حكوومەتی ئەمەریكا دەكەن بۆئەوەی گفتوگۆی لەسەر بكرێت و هەوڵی دابینكردنیان بدرێت. هەروەك هەوڵەكانی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لە بواری پێشوازی كردن لە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆری بەرز نرخاند كە بە باشترین شێوە شوێنی حەوانەوە و خزمەتگوزاری پێشكەش كردوون.

 

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و هاوكارییەكانی ئەمەریكایشی لە بواری سەربازی و مەشق و ڕاهێناندا بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرز نرخاند و هیوای خواست هاوكاریی زیاتری هەرێمی كوردستان بكرێت بۆئەوەی بتوانرێت مەترسیی تیرۆر بە یەكجاری بنبڕ بكرێت.

 

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێزیان ئاماژەی بە هاتنی ئەو ژمارەی زۆرەی ئاوارە و پەنابەران كرد كە لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە لە كاتێكدا حكوومەتی هەرێم بە قەیرانێكی دارایی قورسدا تێدەپەڕێت و هیوای خواست هاوكاریی زیاتری هەرێمی كوردستان بكرێت بۆئەوەی بتوانن ژیانی ئاوارە و پەنابەران باشتر بكەن.

 

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداش، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان دەخوازێت باشترین پەیوەندی لەگەڵ حكوومەتی عێراق هەبێت و ئامادەیی حكوومەتی هەرێمیشی بۆ هەر گفتوگۆ و دیالۆگێك بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان دەربڕی.

 

 

ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەسەر چەند بابەتێكی پەیوەندیدار و تاوتوێكردنی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

پەڕەى 150 لەکۆى 347 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی