نازم دەباغ: لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران ڕێککەوتنێکی نەوتی واژۆ دەکرێت

مەنسوور جیھانی ـ "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران ڕایگەیاند: لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێران لە بواریی نەوت و گازدا ڕێککەوتنێک واژۆ دەکرێت.

 

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران لەمبارەیەوە بە ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی ڕایگەیاند: شاندیی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکھاتوو لە "تەھا زەنگەنە" جێگریی وەزیر، سەردانی تارانی پێتەختی ئێرانی کرد و لەگەڵ شاندیی وەزارەتی نەوتی کۆماریی ئیسلامی ئێران پێکھاتوو لە: دکتۆر مەنووچێھری ڕاوێژکاریی وەزیری نەوت، ئاغای ڕەمەزانی و ھەروەھا پسپۆڕانی شارەزا لە بواریی نەوت و گاز کۆبوونەوە و سەبارەت بە ھەناردەکردنیی نەوت و گازیی سرووشتیی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگای ئێرانەوە بە تێرووتەسەلی وتووێژیان کرد و سەردانە دوو ڕۆژییەکەیان بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێھات.

 

گوتیشی: ھەر لەم کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا کە دوو لایەن لە داھاتوو درێژە بە کۆبوونەوەکانیان بدەن بۆ ئەوەی کە بە تێگەیشتنێکی ھاوبەش بگەن چونکە ئەم بابەتە لە لایەنی تەکنیکییەوە پێویستی بە کۆبوونەوەی زیاتر ھەیە و لایەنی ئێرانی داوای کرد کە مانگی داھاتوو دوایین کۆبوونەوەی نێوانیان ئەنجامبدرێت و لە کۆتاییدا لە نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی ئێران ڕێککەوتنێکی ھاوکاریی واژۆ بکرێت.

 

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە سەردانیی شاندیی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ نووسینگەی نوینەرایەتیی ھەرێمی کوردستان لە شاری تاران گوتیشی: لەم دیدارەدا بەگشتیی باس لە گرینگیی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆماریی ئیسلامی ئێران کرا و سوپاسی ڕۆڵی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان کرد لە ھاوکارییکردن بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە.

 

 

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەی شاندیی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندیی وەزارەتی نەوتی ئێران بڕیاردرا کە لە یەکەم ھەنگاودا نەوتی پێویستی پاڵاوگەکانی تەورێز و کرماشان لە لایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دابین بکرێت و پاشان نەوتی ھەرێمی کوردستانیش ڕەوانەی پاڵاوگەکانی تاران و ئەراک بکرێت و لە درێژەی کۆبوونەوەکەشدا بڕیاردرا کە نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگای تەنکەرەوە ڕەوانەی ئێران بکرێت و لە دوایین ھەنگاودا ھێڵی گواستنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئێران سازبکرێت.

 

 

 

 

Read کد خبر: 1809

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی