وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات

خه‌ندان- ئه‌حمه‌د مسته‌فا

نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ تاران ڕایگه‌یاند، سه‌ردانى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌م قۆناغه‌ى ئێستادا كه‌ هەرێم هێشتا ڕۆڵى هه‌یه‌ بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى زیاترى هه‌ردوولا دەبێت، دەشڵێت، باشترین ده‌رچه‌ بۆ ده‌ربازبونی هەرێم ئەوەیە له‌ سیاسه‌ته‌کانی عێراق دەرنەچێت.

نازم ده‌باغ، نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ تاران به‌ خه‌ندان-ى راگەیاند، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران له‌ چه‌ند ڕۆژى ئاینده‌دا سه‌ردانى عێراق ده‌كات و دواتر سەردانی هه‌رێمى كوردستان دەکات و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى هه‌رێم كۆده‌بێته‌وه‌.

هه‌رێمى كوردستان جێگاى گرنگی پێدانه‌ له‌لایه‌ن كۆمارى ئیسلامى ئێرانەوە

ئاماژەی بەوەشکرد، سه‌ردانى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران بۆ هه‌رێمى كوردستان،  له‌م قۆناغه‌ى ئێستا كه‌ هێشتا هه‌رێمى كوردستان ڕۆڵى له‌ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌ جێگاى گرنگی پێدانه‌ له‌لایه‌ن كۆمارى ئیسلامى ئێرانەوە كه‌ چۆن بتوانن هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى بكه‌ن.

باشترین ده‌رچه‌ بۆ ده‌ربازبونی هه‌رێم له‌ قه‌یرانه‌كان ئه‌وه‌یه‌ له‌و سیاسه‌ته‌ ده‌رنه‌چێت كه‌ عێراق پیاده‌ى ده‌كات

لەبارەی هه‌نارده‌ى نه‌وت له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ بۆ ئێران دەباغ وتی، سیاسه‌تى نه‌وت ئه‌مڕۆ به‌شێكه‌ له‌ جێبه‌جێكردنى ئه‌و سیاسه‌ته‌ى وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ ده‌یانه‌وێت بیسه‌پێنن به‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمى كوردستان، باشترین ده‌رچه‌ بۆ ده‌ربازبون له‌ قه‌یرانه‌كانى ئاینده‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رێم  له‌و سیاسه‌ته‌ ده‌رنه‌چێت كه‌ عێراق پیاده‌ى ده‌كات.

گرنگه‌ هه‌رێم خۆى ببه‌ستێته‌وه‌ به‌ بڕیارى سیاسى و بازرگانى و ئابوورى عێراق

رونیشیکردەوە، "گرنگه‌ هه‌رێم خۆى ببه‌ستێته‌وه‌ به‌ بڕیارى سیاسى و بازرگانى و ئابوورى عێراق ئه‌وكاته‌ بڕیاره‌كان هه‌ڵوێستى كۆتاى وه‌ربگرێت، ئه‌وه‌ ڕوونه‌ كه‌ ئێران تاکە ده‌رچه‌ نییه‌، به‌ڵام ده‌بێت هه‌رێمى كوردستان ئاگادارى هه‌نگاوه‌كانى بێت، به‌تایبه‌ت له‌و سیاسه‌ته‌ى هێزه‌ ده‌ره‌كییه‌كان په‌یڕه‌وى ده‌كه‌ن له‌ ناوچه‌كه‌، چونكه‌ متمانه‌كردن به‌و سیاسه‌تانه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ى به‌ زیان ده‌شكێته‌وه‌". 

ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ى ده‌هێنرێت نه‌وتى هه‌موو هه‌رێمى كوردستانه‌ نه‌ك ناوچه‌یه‌ك

نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ تاران ئەوەشی خستەڕوو، ئێستاش ئه‌و زیاده‌ نه‌وته‌ى نانێردرێته‌ توركیا ده‌نێردرێته‌ ئێران و ڕۆژانه‌ له‌ ده‌روازه‌كان جموجوڵى گواستنه‌وى نه‌وت هه‌یه‌ و ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ى ده‌هێنرێت نه‌وتى هه‌موو هه‌رێمى كوردستانه‌ نه‌ك ناوچه‌یه‌ك.

سه‌باره‌ت به‌ وه‌ستانى هه‌نارده‌ى نه‌وتى كه‌ركوك بۆ كۆمارى ئیسلامى ئێران، نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ تاران وتى، "نه‌مبیستووه‌ هه‌نارده‌ى نه‌وتى كه‌ركوك بۆ ئێران ڕاوه‌ستابێت، بەتایبەت ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمی كوردستان و ئێران له‌سەر زۆرئاست به‌ره‌وپێشچووه‌".

 

 

Read کد خبر: 2162

دوایین هەواڵەکان

بە دوا چوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە کان

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی