نازم دەباغ: سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەردانی هەولێر و سلێمانی دەکات

رووداو دیجیتاڵ / عەلی باقری، سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەردانی هەولێر و سلێمانی دەکات.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 12-06-2024 نازم عومەر دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، عەلی باقری، سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی پێنجشەممە بە سەردانێک دەگاتە بەغدا. رۆژی هەینی سەردانی هەولێر و دواتریش سەردانی سلێمانی دەکات.
 
بە گوتەی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، عەلی باقری لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە؛ دواتر دەچێتە سلێمانی و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبێتەوە.
 
لەبارەی ئامانجی سەردانەکە، نازم دەباغ گوتی، بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانە و بەدواداچوون دەکرێت بۆ ئەو رێککەوتنانەی لەمیانەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران کراون لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی، فەرهەنگی و ئەمنییەوە.
 
ئێوارەی 11-06-2024 سەرچاوەیەک لە باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا بۆ ناوچەکە، رۆژی پێنجشەممە 13-06-2024 عەلی باقری، سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەردانی عێراق دەکات و چاوی بە سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادەوەریی، سەرۆکی کاتیی پەرلەمان و راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دەکەوێت.
 
سەرچاوەکە گوتیشی، رەنگە عەلی باقری دیدار و کۆبوونەوەی دیکەی لاوەکیی هەبێت. هەروەها گوتیشی، دواتر رۆژی هەینی سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
 
عەلی باقری لەدوای گیانلەدەستدانی حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی ئەو وڵاتە لە رووداوی تێکشکانی هێلیکۆپتەرێکدا، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی دەکات، دوای وەرگرتنی ئەو پۆستە یەکەمین سەردانی دەبێ بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
هەفتەی رابردوو باقری سەردانی لوبنان و سووریای کرد و لەگەڵ کاربەدەستانی ئەو دوو وڵاتە کۆبووەوە.
 
نەهرۆ محەممەد
 
لینکی هه‌واڵ:
https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/iran/12062024
 

 

Read کد خبر: 3216

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی