ئامادەبووانی بەڕێز،
میوانەكانی پایتەختی هەرێمی كوردستان..
سەرەتا بەخێرهاتنی هەموو لایەكتان دەكەم بۆ ئامادەبوونتان لەم ڕێوەڕەسمەدا كە بۆ كەسایەتییهكى زۆر خۆشهویسته لاى كورد و مایهى ڕێزە. بە خێر بێن بۆ ڕێوڕەسمی یادی كۆچى دواییى زانا و مەرجەعی گەورەى شیعه، ئایهتوڵڵا سەید موحسین ئهلحەكیم. دەستخۆشی لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عیراق دەكەین، كە لەم بارودۆخە هەستیار و گرنگەدا، ڕێوڕەسمێكی بەم شێوەیەی لە هەرێمی كوردستان، ساز كردووە.
ئێستا لە كوردستان و لە زۆر جێگەی عیراق، ڕۆڵە دڵسۆزەكانی كوردستان و عیراق، دژی تیرۆر لە شەڕێكی سەختدان. ماوەیەكە، ڕۆژانە خوێنێكی زۆر بۆ ڕزگاركردنی شار و ناوچەكانی عیراق لە تیرۆریستانی داعش، دەدرێت. ئێمە لێرەوە دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی پێشمەرگە و سوپای عیراق و هەموو ئەو خۆبەخشانە دەنێرین، كە لەپێناو دوورخستنەوەی تیرۆر، گیانی خۆیان بەخشی. دڵنەواییش بۆ كەسوكاریان و زووچاكبوونەوە بۆ بریندارەكانمان، لە خوای گەورە داواكارین.
بۆ بەرگریكردن لە وڵات و پاراستنی دیموكراسی، لەم شەڕەدا جارێكی دیكە خوێنی گەلی كوردستان، لەگەڵ خەڵكی شوێنەكانی دیكەی عیراقدا تێكەڵ بووە، جارێكی دیكەش دەركەوت كە پێویستە هەمیشە هاوكار و پشتیوانی یەكتر بین.
بەڕێزان..
گەلی كورد هەمیشە زۆر بەڕێزەوە یادی هەڵوێستە نیشتمانی و دۆستانەكانی بنەماڵەی بەهەشتی (ئایهتوڵڵا سەید موحسین ئهلحەكیم) و مەرجەعییەتی شیعە لە عیراق بەرامبەر گەلی كورد دەكاتەوە و هیچ كاتێك ئەو هەڵوێستانە لەبیر ناكات. هەروەها سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێم، لەو باوەڕەدان كە درێژەدان بەو هەڵوێستانە بەرامبەر یەكترى، دەمانگەیهنێتە چارەسەری هەموو كێشەكان، بە شێوەیەكی دوور لە گرژى و توندوتیژى. هەر بۆیەش ئەنجامدانی ئەم ڕێوڕەسمە لە كوردستان و بەبیرهێنانەوەی ئەو هەڵوێستە جوانانە، نەك هەر یادكردنەوەی هەڵوێستە مێژووییەكانن، بەڵكو هاندەری گەورەن بۆ دروستبوونی هەڵوێستی هاوشێوەی تازە، لە نێوان كورد و شیعە و هەموو پێكهاتهكانى تر له عیراقدا.
گەلی كوردستان هەمیشە زۆر بە ڕێز و وەفادارییەوە، دەڕوانێتە هەڵوێستی بەهەشتی ئایهتوڵڵا سەید موحسین ئهلحەكیم، كاتێك ڕۆژی پێنجی تەممووزی ساڵى 1965، لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا، فهتوای حەرامكردنی شەڕی كوردی دەركرد. خوالێخۆشبوو سەید موحسین ئهلحەكیم، بەبێ ترس لە دەسەڵاتداران و لە ڕوانگەی باوەڕى ئیسلامی و مرۆڤایهتییەوە، فهتوای دا و گوتی: "كورد و پێشمەرگە برای ئێمەن و ئەوان بۆ نههێتشنى زۆرداری و لهپێناو مافە ڕەواكانی خۆیاندا تێدەكۆشن، بۆیە شەڕكردن لەگەڵیان حەرامە".
بەڕێزان..
ئەو فهتوایەی ئایهتوڵڵا موحسین ئهلحەكیم هەڵوێستێك بوو، لە زانایی و قوڵبوونەوەی فراوانی خۆی لە واتای ڕاستەقینەی ئایین و مرۆڤدۆستی سەرچاوەی گرتبوو، چونكە ئهو، زانایەكی گەورە بوو و ڕۆڵێكی گەورەی تۆماركراوی زانستی ئیسلامی لە ناوچەكەدا هەیە، هەروەها خاوەن ڕۆڵێكی گەورەیە لە بڵاوكردنەوەی خوێندەواری و ڕۆشنبیری لە ناوچەكەدا.
ئایهتوڵڵا سەید موحسین ئهلحەكیم، بە مانای وشە، زانا و منەورێكی گەورەر بوو. دوای ئەوەی بوو بە مەرجەعی گەورەی شیعە لە نەجەفی پیرۆز، سیستەمی ئیداری بۆ حەوزەی نەجەف دانا، 70 پەرتووكخانەی گشتی لە سهرانسهرى عیراق دامەزراند، ژمارەیەكی زۆر قوتابخانەی ئایینی لە عیراق كردهوه، زانستە نوێیەكانی هێنایە ناو پرۆگرامی خوێندنی ئیسلامی و بووژانەوەیەكی گەورەی لە خوێندنی ئیسلامی و شەریعەتدا دروست كرد. ئێمە وەك زانا و كەسایەتییەكی لایەنگری ستهملێكراوان تەماشاى دەكەین و هەمیشە لە یاد و بیروەرییهكانی خەڵكی كوردستاندا دهمێنێتهوە.
ئامادەبووانی خۆشەویست..
ئەو بناغەیەی ئایهتوڵڵا سەید موحسین ئهلحەكیم داینا، لەناو ئەو بنەماڵەیەدا بەردەوام بوو و بووە بناغەی پەیوەندییەكی زۆر بەهێزی نێوان كورد و شیعە، كە ئێمە هەتاهەتایە هەوڵ دەدەین ئەو پەیوەندییە هەمیشە بە پتەوی بمێنێتەوە. دواى ئهویش شەهیدی میحراب، خوالێخۆشبوو سهماحهتى محەممەد باقر ئهلحەكیم، هەمیشە باوەڕی خۆی بە پێویستیی نەهێشتنی زۆرداری لەسەر گەلی كوردستان دووپات دەكردەوە و وەك زانایەكی شۆڕشگێڕ، ڕۆڵێكی گەورەی لە كۆكردنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی عیراقیدا، بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی سەددام هەبوو. كۆنگرەی (پشتیوانیی گەلی عێراق – موتمر نصرة الشعب العراقی) له ساڵی 1986 لە تاران، نموونەیەكی ئەو كار و تێكۆشانەی ئەو بوو، كە خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی، لەو كۆنگرەیەدا ڕۆڵێكی دیاری لەگەڵ خوالێخۆشبوو محەممەد باقر ئهلحەكیم، گێڕا.
دوای ڕووخاندنی ڕژێمی سەددام و ئێستاش، زۆر پێویستمان بە خوالێخۆشبوو سهماحهتى محەممەد باقر ئهلحەكیم بوو، بۆ پێكەوەژیان و پێكەوە كۆبوونەوەهمان، بەڵام بەداخەوە تیرۆر ئەو زانا گەورە شۆڕشگێڕەی لێ سەندین، كاتێك دواى نوێژی هەینی، لە مهزارى ئیمامى عەلی (ڕ.خ)، ساڵی 2003 لە نەجەف، تیرۆر كرا.
دوای ئەویش خوالێخۆشبوو سەید عهبدولعهزیز ئهلحەكیم، پەیوەندییەكی زۆر گەرم و دۆستانەی لەگەڵ سەركردایەتیی كورد هەبوو. ئێستاش برای خۆشەویستمان، سەید عەممار ئهلحەكیم لەسەر هەمان ڕێباز بۆ درێژەپێدان بەو پەیوەندییە بەردەوامە و هەمیشە هەوڵی نەهێشتنی گرژییە سیاسییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی بەغدا دەدات.
پەیوەندی و ڕێزێكی زۆر لە نێوان خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی و مەرجەعەكانی شیعەدا لە عێراق هەبووە. دوای ئەوەش درێژەدان بەو پەیوەندی و هاوخەباتییە، لە بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی سەدام، ئەنجامی گرنگی لێ كەوتەوە، ئێستاش زۆر گرنگە ئەو پەیوەندییە بە هەمان شێوە بپارێزین. لەو باوەڕەشداین، ئەو پەیوەندییە هەر بەردەوام دەبێت، چونكە پەیوەندییەكە لەسەر بنەمای بەرەنگاربوونەوەی هاوبەش بەرامبەر به زوڵم و زۆرداری دروست بووە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان، باوەڕی بە حیكمەت و زاناییی ئایەتوڵڵا سەید عەلی سیستانی و زانایانی شیعە هەیە، كە ڕۆڵێكی گرنگ لە دروستكردنی پەیوەندی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان هەموو پێكهاتەكانی گەلی عێراقدا، دەگێڕن. هەروەها دەتوانن ڕۆڵێكی گرنگیش لە خاوكردنەوەی گرژییە سیاسییەكاندا و هاندان بەرەو چارەسەری، ببینن.
هەروەك چۆن دوو ساڵ پێش ئێستا، بە هەوڵی سەید عەممار ئهلحەكیم، پەیامی بەڕێز مسعوود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیشتە زانایانی شیعە، یەكێك لەو زانایانەی كە وەڵامی دایەوە، بەڕێز سەید حوسێن ئیسماعیل سەدر بوو، كە بەڕێزیان فەرمووی: پەیوەندیی كورد و شیعە لەسەر بنهما و بناغەی فهتوای هەردوو خوالێخۆشبوو سەید موحسین ئهلحەكیم و محەممەد باقر ئهلسەدر بەردەوام دەبن، كە كاتی خۆی فهتوای حەرامكردنی شەڕی كوردیان دەركردووە.
هەرچەندە هەندێ جار هەندێ دەنگی نەگونجاو لەگەڵ ئەو پەیوەندییە مێژووییە دەردەكەون، بەڵام ئێمە لەو بڕوایەداین كە مێژووی پەیوەندییەكانمان و هوشیاریی خەڵك و لێهاتووییی زانایانی شیعە و سەركردەكانی هەردوولا، ڕێگە بە گەشەكردن و مانەوەی ئەو دەنگە نەگونجاوانە نادەن، كە دەیانەوێت ئەو پەیوەندییە تێك بدەن.
بەڕێزان..
دوای ماوەیەك لە گرژی و ئاڵۆزیی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالی عیراق، كۆتاییەكانی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ حكوومەتی فیدرال، گەیشتینە ڕێككەوتن. ئێمە وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنهوه پابەندین و هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین كه پهیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالی عیراق باشتر و بەهێزتر ببن.
گەلی عیراق لە لایەن ڕێكخراوی مەترسیداری داعشەوە، ڕووبەڕووی هێرشێكی گەورە و فراوانی تیرۆریستی بووەتەوە، كە ئێستا هەموو جیهان بۆی ئاشكرا بووە، ئەو ڕێكخراوە بۆ سەر هەموو جیهان مەترسییە. ئێمەش لەم ناوچەیەدا دەزانین، ئەو ڕێكخراوە بهرله هەمووان بۆ سەر عیراق و وڵاتانی ناوچەكە، مەترسییە. لەبەر ئەوەش ئێمە لەو باوەڕەداین كە دەبێت هاوكاری و لێكگەیشتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالى عیراق، لە هەموو كاتێكی دیكە باشتر لێ بكەین، بۆ ئەوەی بتوانین پێكەوە بەرەنگاری ئەو مەترسییە ببینەوە و بنبڕی بكەین.
ئێمە هەست بە سەختیی باری ئابووریی هەموو گەلی عیراق دەكەین، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو سەختیەش تێپەڕێنین و بتوانین پێداویستییەكانی هاووڵاتیانمان دابین بكەین و خۆشگوزەرانی هەموو عیراق بگرێتەوە، پێویستە ڕێككەوتنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرال بەهێزتر بكەین و عیراق لەسەر بنەمای هاوبەشی و تەوافوقێكی ڕاستەقینە بەڕێوە ببەین. بۆ ئەم مەبەستەش، پشتگیرى لە حكوومەتی تازەی عیراق، بە سەرۆكایەتیی بەڕێز حەیدەر عەبادی لەپێناو گێڕانەوەی تەوافوق، دەكەین بۆ وڵات.
ئامادەبووان و میوانانی خۆشەویست..
جارێكی دیكە بەخێرهاتنتان دەكەم بۆ ئامادەبوون لەم ڕێوەڕەسمەدا و سڵاو و دروود بۆ ڕۆحی پاك و گڵكۆی بەهەشتی ئایهتوڵڵا سەید موحسین ئهلحەكیم لە نەجەفی پیرۆز دەنێرم و به ڕۆحی پاكی ئەو و هەموو ئەوانەی ئەویان خۆش دەوێت، دەڵێین: ههرگیز زانایی و هەڵوێستە گەورەكانی ئهو بهڕێزه لەبیر ناكرێت له كوردستان.
زۆر به خێر بێن، زۆر سوپاس.
ئەمڕۆ سێشەممە 26ـی 8ـی 2014 محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندێكی یاوەری سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد و لە لایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و ژمارەیەك لە بەرپرسە باڵاكانی هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازی كرا و پاشان لە شاری هەولێر لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبۆوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و مستەفای سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران سوپاسی پێشوازی و ڕەخساندنی ئەم دیدارەی كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا بەو پێشكەوتنەی لە هەولێر و هەرێمی كوردستان هاتووەتە ئاراوە.
لەم دانیشتنەدا وەزیری دەرەوەی ئێران پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ گەلی كوردستانی عێراق لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا كە وڵاتەكەی هەمیشە و لە كاتی بوونی هەڕەشەكاندا لەتەك عێراقییەكان و حكوومەت و گەلی كودستان دەمێنێتەوە. وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەی خستەڕوو كە تیرۆر تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر عێراق و هەرێمی كوردستان و شیعە و كورد و سووننە بەڵكو هەڕەشەیە بۆ هەموو لایەك و بەرژەوەندیی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەیە كە دژایەتیی تیرۆر بكات و ئاماژەیشی بەوەدا كە لە بەرژەوەندیی وڵاتەكەی دایە كە هەرێمی كوردستان ئاوەدان و پێشكەوتوو بێت و عێراقییەكان لەگەڵ یەكتردا بگەنە ئەنجامێكی دروست.
سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی خوازیارە كە حكوومەتی تازە بە بەشداریی هەموو لایەك پێكبهێندرێت و داوایشی كرد كە لایەنی كوردستانی هەموو هەوڵێكی بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی حكوومەتی عێراقی پێكبهێندرێت و هەروەها پشتیوانیی وڵاتەكەیشی دووپاتكردەوە بۆ هەر جۆرە ڕێككەوتنێك كە لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا كە بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا بێت.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندی یاوەری كرد و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە دێرینەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی و هەرێمی كوردستان سوپاسی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كرد بۆ ئەو هاوكاری و یارمەتییەی لەشەڕی دژی تیرۆریستان پێشكەشی هەرێمی كوردستانی كردووە و هیوایشی خواست كە ئەو پەیوەندییانە بەرەوە پێشەوە بچن. سەرۆك بارزانی لەبارەی هەڕەشەكانی تیرۆر ئەوەی خستەڕوو كە هەرێمی كوردستان بە هەموو توانایەكییەوە دژی تیرۆریستان دەوەستێ و ڕێگە نادات بە هیچ شێوەیەك تیرۆریستان بتوانن لە كوردستان پێگەیان هەبێت و بۆ ئەم مەبەستەیش پێویستی بە یارمەتیی دۆستانی هەیە و شەڕكردن لەدژی تیرۆر هەوڵێكی هەمەلایەنە و هەماهەنگیی نێوان وڵاتانی پێویستە چونكە تیرۆر مەترسییەكە تەنیا كوردستان ناكاتە ئامانج بەڵكو مەترسییە بۆ سەر هەموو وڵاتێك.
پەیوەست بە پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە پشتیوانی هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتێكن كە هەموو پێكهاتەكان بگرێتە خۆ و پێویستیشە بۆ جێبەجێكردنی هەموو جۆرە ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێم و بەغدا و چارەسەركردنی كێشەكان گەرەنتی هەبێت.سەرۆك بارزانی لەدرێژەی قسەكانیدا نەهێشتنی قەیرانەكانی عێراق و تێكشكاندنی تیرۆریشی بە سەركەوتنی ڕێگەچارەی سیاسیی بەستەوە.
شایانی گوتنە كە لەدوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە پڕێسكۆنفرانسێك بۆ سەرۆك بارزانی و وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێكخرا و تێیدا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانیان دایەوە.
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد