مه‌نسوور جیهانیـ گۆرانیبێژی کورد "شەھرام نازری" خەڵاتی تەندیسی حافزی باشترین گۆرانیبێژی ئێرانی لە پازدەیەمین جەژنی "دنیای وێنەیی" بەدەستھێنا.

گۆرانیبێژی ناوداری کرماشانی "شەھرام نازری" بە گۆرانی تیتراژیی کۆتایی فیلمی سینەمایی "ئێران بێرگێر" لە دەرھێنانی سینەماکاری ناوداری لوڕ "مەسعوود جەعفەری جەوزانی" و بە ئاوازدانانی موزیکزانی لاوی ئێرانی "ئەڕەشک رەفیعی" لە پازدەیەمین جەژنی سینەمایی ـ تەلەڤیزیۆنی "دنیای وێنەیی" ئێران، بۆ وەرگرتنی خەڵات کاندید کرابوو، لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم جەژنە سینەماییەوە وەکوو باشترین گۆرانیبێژی ساڵی ئێران لە بواری سینەمادا دەستنیشانکرا و لە لایەن ئەکتەری ناودار و پێشەنگی ئێران "جەمشید مەشایخی" خەڵاتی تەندیسی حافزی ئەم جەژنەی پێبەخشرا.

شەھرام نازری" کە بە شوالییەی ئاوازی ئێران و کوردستان ناسراوە لە وتووێژێکی تایبەتدا سەبارەت بە وەرگرتنی ئەم خەڵاتە سینەماییە گوتی: لەڕاستیدا ھەر ھونەرمەندێک بە درێژایی ژیانی خۆی خەڵاتی جۆراوجۆر وەردەگرێت، منیش وەکوو ھەموو ھونەرمەندانی دیکە خەڵاتی زۆرم وەرگرتووە، بەڵام زۆربەی ئەم خەڵاتانەم کە وەرگرتووە لە دەرەوەی وڵات بووە. ئێستاکە کە خەڵاتی تەندیسی حافز وەردەگرم زۆر خۆشحاڵم، چونکە بە پلەی یەکەم لە دەستی بنەماڵەی سینەما ئەم خەڵاتە وەردەگرم، چونکە بۆخۆم ھۆگرییەکی زۆرم پێیان ھەیە و بە پلەی دووەم لە دەستی "جەمشید مەشایخی" مامۆستا و یەکێک لە ئەفسانەکانی سینەما ئەم خەڵاتە وەردەگرم. ئێستا کە لە ناوخۆی وڵات ئەم خەڵاتەم پێدەبەخشن، بۆ من زۆر دەستکەوت و شانازییەکی گەورەیە.

ئەم گۆرانیبێژە کوردە سەبارەت بە درێژەپێدانی ھاوکارییی خۆی لە بواری سینەمادا گوتی: لەم بوارەدا بێگومان لە داھاتوودا ئەزموونی دیکە دەکەم، لەبەر ئەوەی کە بڕیاروابوو لە ھەشتاکاندا لەسەر داوای دەرھێنەری ناودار و کۆچکردووی ئێران "عەلی حاتەمی" لە فیلمی سینەمایی "دلشدگان" واتە "دڵدارەکان" وەکوو گۆرانیبێژ بەشداریی بکەم، بەڕێزیان لە رێگای "جەمشید مەشایخی" ویستیان لە نزیکەوە لەگەڵ من ئاشنا بن و لەم کارە سینەماییەدا بەشداریی بکەم. بەڵام بە ھۆی کۆنسێرت لە وڵاتی ئەمەریکا نەمتوانی بەشداریی بکەم.

گوتیشی: من بۆخۆم ھۆگرییەی زۆرم بە دنیای سینەما ھەیە و سروشتییە کە حەتمەن لە داھاتوودا لە بواری سینەمادا وەکوو گۆرانیبێژ بەشداریی بکەم و بێگومان ھەر ئەو کارەش دەکەم.

ھەروەھا ئەکتەری بەئەزموونی سینەمای ئێران "جەمشید مەشایخی" سەبارەت بە کەسایەتیی "شەھرام نازری" گوتی: بەڕێزیان نە تەنیا لە بواری مۆسیقادا پێگەیەکی ئاست بەرزیان ھەیە بەڵکوو لە بواری ئەدەب و ئەدەبیاتیشدا شارەزایی و لێھاتووییەکی تەواویان ھەیە.

شەھرام نازری" بۆ یەکەمین جارە کە لە بواری سینەمادا گۆرانیبێژی فیلمێک لە ئەستۆ دەگرێت و لەڕاستیدا خوێندنی گۆرانی تیتراژیی کۆتایی فیلمی سینەمایی "ئێران بێرگێر" لایەنێکی دیکەیە لە توانایی و شارەزایی ئەم گۆرانیبێژە ناودارە کوردە لە بواری خوێندندا.

 

چڕینی ئەم بەرھەمە لە لایەن شوالییەی ئاوازی ئێران و کوردستان شێوازێکی دیکەیە لە خوێندن و ئەم ھونەرمەندە بەئەزموونە کە ھەمیشە لە خوێندنی کارە نۆیەکان لە مۆسیقادا بە لەبەرچاوگرتنی ھەموو بنەماکانی موزیکی ئێرانی پێشڕەوە لە خوێندنی تیتراژیی فیلمی سینەمایی "ئێران بێرگێر"یشدا شێوازێکی نوێی لە خوێندن ئاراستەی ھۆگرانی موزیک کردووە.

گۆرانی تیتراژیی کۆتایی فیلمی سینەمایی "ئێران بێرگێر" بە پێی شیعری "بەھانە" واتە "بیانوو" کە بە "دانەھای باران" واتە "تکەکانی باران" ناسراوە و بەرھەمی شاعیری ناودار و کۆچکردووی ئێرانی "سیاوەش کەسرایی"یە، بە ئاوازدانانی "ئەڕەشک رەفیعی" و بە ھاوکاری ژەنیارانی پێشەنگی موزیکی ئێران لە چوارچێوەی ئۆرکستڕای گەورەدا سازکراوە.

دوایین قۆناغەکانی تۆمارکردنی ئەم بەرھەمە لە لایەن "ئاڕش عادڵ پوور" لە ستۆدیۆی "تەرانەی سەمان" لە شاری تاران ئەنجامدراوە و "زوھرە سوڵتانی" وەکوو بەرپرسی بەرھەم لە ئامادەکردنی ئەم گۆرانییەدا ھاوکاریی کردووە.

 پازدەیەمین جەژنی سینەمایی ـ تەلەڤیزیۆنی "دنیای وێنەیی" ئێران بە بەرپرسیاریی ڕەخنەگری ناوداری سینەمای ئێران "عەلی موعەلیم"، بە ھاوکاریی خاتوو "ئازەر میعماریان" ھەروەھا بە ئامادەبوونی ئەستێرە ناودارەکانی سینەما، شانۆ، تەلەڤیزیۆن و مۆسیقای ئێران لە تەلاری گەورەی وەزارەتی ناوخۆی ئێران بەڕێوەچوو.

 

 

 

 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 14/6/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز حەسەن قەشقایی جێگری وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ كاروباری كونسڵگەری و پەرلەمان و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا بەڕێزیان سڵاو و ڕێزی بەرپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گەیاند و سەرسامیی خۆی بۆ پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان نیشان دا و سوپاسی پێشوازی و میوانداریی گەرمی هەرێمی كوردستانی لە خۆی و شاندی یاوەری كرد، هەروەها كونسڵی نوێی وڵاتەكەی لە سلێمانی بە سەرۆك وەزیران ناساند. جەختی لەوەش كردەوە كە وڵاتەكەی زۆر نیگەرانی ئاسایشی عێراق و هەرێمی كوردستانە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعشی بە ئەركێكی هاوبەشی هەمووان لە قەڵەم دا و لەمبارەیەوە بەردەوامیی هاوكارییەكانی تارانی بۆ بەغدا و هەولێر دووپات كردەوە.

لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وێڕای پیرۆزباییكردن لە بەڕێز قەشقایی كە ماوەیەكی كەمە وەك جێگری وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ كاروباری كونسلگەری و پەرلەمان دەستبەكار بووە، هەروەها پیرۆزبایی لە كونسڵی گشتیی نوێی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە پارێزگای سلێمانیش كرد. هەروەها تیشكی خستە سەر ڕۆڵی پێشمەرگە لە شكاندنی تیرۆرستانی داعش و سوپاسی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كرد كە هەر لە سەرتاوە هاوكاریی هەرێمی كوردستانی كردووە، هەروەك چۆن لە پێش و پاش ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991ی گەلی كوردستانیش هاوكاریی پەنابەران و خەڵكی هەرێمی كوردستانی كردووە. هەروەك هەڕەشەی داعشی بۆ سەر هەرێمی كوردستان و ئاسایشی ئێران بە مەترسییەكی ڕاستەقینە لە قەڵەم دا.

بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا هیوای خواست كە دوایین ڕێككەوتنی نێوان ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بە سەركەوتوویی بەڕێوە بچێت و لە بەرژەوەندیی كۆماری ئیسلامیی و ناوچەكە و هەموو لایەنەكاندا بێت.

هەر لە دیدارەكەدا كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران و چۆنییەتیی برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەكانی لە هەموو بوارەكاندا بە تایبەتی لەو بوارانەدا كە بۆ هەردوولا گرنگن، تاوتوێ كرا.

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران لە کۆنفرانسی گەشتیاریی ھەرێمی کوردستان و ئێران گوتی: بۆ پشتیوانیی و لایەنگریی لە تەواوی پڕۆژەکانی وەگەڕخستنی سەرمایەی ھەڤاڵانی ئێرانی لە ھەرێمی کوردستان و بەتایبەت مەسەلەی گەشت و گوزاریی تەندروستی ئامادەیی تەوا,مان ھەیە.

کۆنفرانسی گەشتیاریی ھەرێمی کوردستان و ئێران، بە ئامادەبوونی "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، "مەولەوی جەبار وەھاب" سەرۆکی رێکخراوەی گەشت و گوزاری ھەرێمی کوردستان و شاندی ھاوڕێی، "ئیبراھیم پوورفەرەج" سەرۆکی لێژنەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵەی گەشت و گوزاری ئێران، "ئەکبەر غەمخار" ئەندامی لێژنەی بەرپرسیارییەتی سەندیکای پیشەگەڕی نووسینگە گەشتیارییەکانی پارێزگای تاران، "کازم خولدی نەسەب" بەڕێوەبەریی گشتیی نووسینگەی بڵاوکردنەوە و دۆزینەوەی بازاریی رێکخراوەی میراتی فەرھەنگی و گەشتیاریی ئێران و ھەروەھا ھەندێک لە کۆمپانیا گەشت و گوزارییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران، لە ھۆڵی کۆبوونەوەکانی ھوتێل ئازادیی شاری تاران بەڕێوەچوو.

لەم دیدارەی گەشت و گوزاری کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران، "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران وتارێکی پێشکەش کرد و لە سەرەتای قسەکانیدا گوتی: جێگای خۆشحاڵییە کە لە نێوان کۆمەڵەی گەشتیارانی ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، بەم شێوەیە کۆبوونەوەیەک لەم ئاستەدا بەڕێوەدەچێت. میوانانی بەڕێز ھەر وەکوو ئاگادارن لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و بەتایبەت بە شێوەیەکی باشتر بڵێین ئێران و ھەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی مێژوویی بوونی ھەیە. لە تەنیشت ئەم پەیوەندییەدا کە ئێمە بە درێژایی مێژوو لەگەڵ یەکتریدا ھەمان بووە، سنوورێکی جوگرافیی ھاوبەشیشمان لەگەڵ یەکتریدا بووە، ھەروەھا ئێمە لە لایەنی رەگەزیی، فەرھەنگیی، کۆمەڵایەتیی و تەنانەت لە لایەنی مێژوییشەوە خاڵی ھاوبەشمان لەگەڵ یەکتریدا زۆرە. 

ھەروەھا گوتیشی: لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە ھەندێک لەوانە بکەین و بۆ نموونە دەتوانین زیاتر کەڵک لە مەسەلەی گەشت و گوزار وەربگرین، بەتایبەت لەم باروودۆخەی ئێستادا کە لە ھەرێمی کوردستان لەئارادایە دەتوانین بە یارمەتی و ھاوکاریی ھەڤاڵانی کورد و دۆستانی ھەرێمی کوردستان شانازیی بکەین کە دەتوانی بڵێین لە ھەرێمی کوردستان ئاسایش و ھێمنایەتییەکی باش بەرقەرارە. لە تەنیشت ئەم ئاسایشەدا کە لە ھەرێمی کوردستان بەرقەرارە بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەی ئێرانییەکان لە کەشووھەوای گەشتیاریی و ئەو بابەتانەی کە پێویستیمان پێیەتیی ھەلوومەرجێک بۆی رەخساوە. یەکێک لەم بابەتانە، بەشی سەرمایەگوزارییە کە لەڕاستیدا باروودۆخ و ھەلوومەرجێکی تایبەتی ھەیە کە دەتوانین بە پشت بەستن بە ھەوڵ و متمانە بە ھەڤاڵانێکی وەکوو ئێوە بەڕاستی گەشەی پێبدەین.

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ھەر وەکوو برامان بەڕێز "مەولەوی جەبار وەھاب" ئاماژەی پێکرد، ھەرێمی کوردستان ئامادەیی تەواوی ھەیە بۆ ئەوەی کە پشتیوانی لەم پڕۆژەیە بکات. ئەوە نەتەنیا لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستانە بەڵکوو بەرژەوەندیی ھەر دوو لایەنی لە خۆگرتووە و بەگشتیی لە بەرژەوەندیی مرۆڤایەتییدایە کە لە ژیانی ئەمرۆکەدا پێویستیی بە خۆشگوزەرانی و گەشت و گوزار بە باشی ھەستی پێدەکرێت و مەسەلەیەکی دیکە کە ئەمڕۆکە پێویستە گەشت و گوزاریی تەندروستی، چوونە سەیران و بابەتی لەم چەشنەیە.

راشیگەیاند: بابەتێکی دیکە کە لێرەدا پێویستە دیسانەوە ئاماژەی پێبکەم، لە ھەرێمی کوردستان ئێمە ھەلوومەرجێکمان بۆ رەخساندووە ئەویش مەسەلەی ڤیزایە کە بەتایبەت بۆ ئێرانییەکان ڤیزامان ھەڵگرتووە، لەوێی ھەر ئێرانییەک کە پێویست بێت سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات، ھەر لەو کاتەی کە چ بە شێوەی زەوی یا لە رێگای ئاسمانەوە بێتە ناو سنووری کوردستانەوە، بە شێوەی ئازادانە ئیزنی ھاتنە ژوورەوەی پێدەدرێت و دەتوانێت کە لە ھەرێمی کوردستان بمێنێتەوە.

"نازم دەباغ" بە ئاماژە بە ئاستەنگەکانی ئێران بۆ دانی ڤیزا بە ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان گوتی: لێرەدا داوایەکم ھەیە و دیسانەوە دووپاتی دەکەمەوە و لە چەندین بەرنامەی دیکەشدا ئەم مەسەلەیەم خستۆتەگەڕ، لە برایانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم باروودۆخەی ئێستادا داوادەکەین کە بۆ گەشت و گوزار و ھەموارکردنیی سەردانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بۆ ئێران و بەتایبەت مەسەلەی ڤیزا کەشووھەوایەکی گونجاو بڕەخسێنن. ھەر وەکوو لە ھەرێمی کوردستان بە ھۆی یارمەتیی و ھاوکارییەکان و چالاککردنی ئەم مەسەلەیە، ڤیزامان بۆ شارۆمەندانی ئێرانی ھەڵگرتووە، لە ھەڤاڵانمان لە کۆماری ئێسلامی ئێرانیش داوادەکەین کە ئەم مەسەلەیە رچاوبگرن. نەتەنیا ئەم مەسەلەیە، بەڵکوو لە لایەنی نرخەوە ئەگەر بێتوو لەگەڵ تورکیا و وڵاتانی دیکەشەوە بەراوردی بکەین، بەداخەوە بەھاکەشی زۆر لە سەرێیە.

گوتیشی: لەوە زیاتر نامەوێت کاتتان بگرم، چون ئەم کارە، کارێکی پسپۆڕانەیە و پێویستیی بە پسپۆڕان و شارەزایان بواری گەشتووگوزار ھەیە، تەنیا شتێک کە پەیوەستە بە بەندەوە ئەویش ئەوەیە کە وەکوو نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێران رایدەگەیەنم کە بۆ پشتیوانیی و لایەنگریی لە تەواوی پڕۆژەکانی وەگەڕخستنی سەرمایەی ھەڤاڵانی ئێرانی لە ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا دانووستان لەم بوارەدا و بەتایبەت مەسەلەی گەشت و گوزاریی تەندروستی ئامادەیی تەوامان ھەیە.

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: ھیوادارم کە ئەم کۆنفرانسە لە کارەکان و ھەروەھا بەرنامەکانی خۆیدا سەرکەوتووبێت و بە دەستکەوتیی نوێی بگات کە بەڕاستی شانازییان پێبکەین، سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی بەڕێوەبەرانی ئەم کۆبوونەوەیش دەکەم.

دکتۆر "بەرھەم ساڵح" جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ دکتۆر "عەلی لاریجانی" سەرۆکی پەڕڵەمان و دکتۆر "حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاھیان" جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبۆەوە.

دکتۆر "بەرھەم ساڵح" جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بانگھێشت کرابوو، بە سەردانێک گەیشتە تارانی پێتەختی ئێران و لە لایەن دکتۆر "عەلی لاریجانی" سەرۆکی پەڕڵەمانی ئێران و ھەروەھا دکتۆر "حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاھیان" جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاروباری وڵاتانی عەڕەبی و ئەفریقا پێشوازیی لێکرا و لە کۆبوونەوەکاندا مەسەلەکانی عێراق و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە خرانە بەرباس و ئاخاوتنەوە.

لەم دیدارانەدا کە "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، "ئومێد کەریمیان" نوێنەری شاری مەریوان لە پەڕڵەمانی ئێران، دکتۆر "حوسێن شێخولئیسلام" راوێژکاری سەرۆکی پەڕڵەمانی ئێران لە کارووباری نێودەوڵەتی و چەندین کەسایەتیی دیکە تیایدا ئامادەبوون، باسی باروودۆخی عێراق و ناوچەکە کرا و ھەروەھا داھاتووی ناوچەکە دوای شەڕی داعیش و ئەو کێشە و گرفتانەی کە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھاتوونەتە پێشێی.

ھەر وەکوو لە رابردوودا سەرکردە سیاسییەکانی کورد لە کاتیی پێویستدا و لەسەر بانگھێشت، سەردانی وڵاتانی ناوچەکە و جیھانیان کردووە، سەردانی سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم قۆناغەی ئێستادا بۆ وڵاتی ئێران گرینگیی تایبەت بە خۆی ھەیە و شارەزایی لە بواریی لێکدانەوە و ھەڵسەنگاندن و بیرکردنەوە لە ئایندەی کێشەکانی ناوچەکە و بەتایبەتی لە عێراقدا کە داعیش روو لە لاوازییە و بەڵام لە ھەمان کاتیشدا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەدا کێشەکان روو لە گەرمییە. ھەر بۆ دانووستان لە باروودۆخی ئێستاکە و بیرکردنەوە لە داھاتوو و راوێژکردن لەگەڵ کەسانیی وەکوو دکتۆر "بەرھەم ساڵح" رۆڵ و کاریگەریی خۆی دەبێت.

دکتۆر "بەرھەم ساڵح" بە ھۆی کەمیی کات، تارانی پێتەختی ئێران بەجێھێشت و بە خێرایی گەڕایەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و دیدارەکانی دیکەی بۆ ئەنجامنەدرا.

 

 

 

 

بەگوێرەی زانیارییەکانی دەستەی گشتی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان، سەرەڕای ئەو بارودۆخە ناهەموارەی عیراق وهەرێمی كوردستان وناوچەكە بەگشتی پێیدا تێپەڕی، ڕێڕەوی گەشتوگوزار لەهەرێمی كوردستان نەوەستاوە.

لەدیمانەیەكی تایبەت بە ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان،مەولەوی جەبار، سەرۆكی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم ئاماژەی بەوەدا ئەم بارودۆخە بووە هۆكارێك بۆ كەمبوونەوەی ژمارەی ئەو گەشتیارانەی لەناوەڕاست وباشووری عیراقەوە دەهاتن بەپێچەوانەی گەشتیارانی دەرەوەی سنووری عیراق كە كەمبوونەكە بەو ڕێژەیە نەبوو.

ئەوەشی خستەڕوو كە ئەو بارودۆخەی ساڵی پار هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕی وایكرد ئەو پلانەی داندرابوو بۆ گەشەپێدانی گەشتوگوزاری لە هەرێم دوا بخرێت وگۆڕانكاری زۆریشی تیادا بكرێت.

مەولەوی جەبار رایگەیاند، دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم دەستپێشخەریکرد بۆ كۆكردنەوەی كۆمپانیا گەشتیارییەكانی توركیا و ئێران وكۆمپانیا نێوخۆییەكان وباشوور وناوەڕاستی عیراق بۆ باسكردنی واقیعی ئەم کەرتە لەهەرێم وچۆنیەتی هێنانی گەشتیار، بەسوود وەرگرتن لە بارودۆخی ئارام وسەقامگیری ئاسایش لە شارەكانی هەرێمی كوردستان.

"ئەمەش جگە لەبەشداربوونمان لە چەندین پیشانگای جیهانی لەبەرلین وئیستەنبۆڵ وئامەد وتاران كە بووە هۆی پەیوەندیكردنمان بە ژمارەیەکی زۆر لە كۆمپانیای تایبەتەمەند."

سەرۆكی دەستە ئەوەشی خستەڕوو كە لەمیانەی ئەو دیدارانەدا رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیا گەشتیاریەكان كراوە "نرخی كێبڕكێكاری وهەرزان پێشكەشی گەشتیاران بكرێت لەڕووی كرێی رێگا وئوتێل وتەنانەت هەبوونی داشكان لەكڕینی كەلوپەلی جیاجیا لەمۆلەكانیش بۆهاندانی هێنانی زیاترین ژمارەی گەشتیار".

هەروەها ئاشكرایكرد، دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، شوێنێكی تایبەتی لە پیشانگای دوبەی گەشتیاری وەرگرتووە كە بڕیار وایە لە مانگی داهاتوودا ئەنجامبدرێت وتیایدا هەرچی پەیوەندی بەگەشتوگوزاری كوردستانەوە هەیە لەوێ نمایش دەكرێت بەشێوەیەك كە بتواندرێت سەرنجی كۆمپانیاكانی جیهان رابكێشرێت بۆ هێنانی گەشتیار یانیش وەبەرهێنان لەم بوارەدا.

ئاشكراشیكرد، لەمانگی یۆنیۆ/حوزەیرانی داهاتوودا لەبۆدابێست دیدارێك لەنێوان كۆمپانیا گەشتیاریەكانی هەرێم وچەندین كۆمپانیای ئەورووپا بەڕێوەدەچێت وتیایدا باسی بارودۆخی كوردستان دەكرێت وهەموو پاكێجە گەشتیاریەكان نمایش دەكرێت وپێشكەشی ئەو كۆمپانیایانە دەكرێت.

مەولەوی جەبار تیشكی خستە سەر پرۆژەیەك كە دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم بەنیازە لەگەڵ چەندین كۆمپانیای دیار وبەرچاو جێبەجێی بكات. وتی ئەم پرۆژەیە کە بە "كوردستان هۆڵیدەی" دەناسرێت ولەسەر ئاستی باكوور وباشوور ورۆژهەڵاتی کوردستان جێبەجێ دەكرێت.

وردەكاری ئەو پرۆژەیەش لەوەدایە، كە گەشتیار لەیەك كاتدا چەندین شار وشوێنی گەشتیاری هەرێمی كوردستان وشارەكانی دیكەی باكوور ورۆژهەڵاتی كوردستان بەسەر بكاتەوە وهەموو ئەو گەشتانەش لەیەك پاكێجدا بن وئاماژەی بەوەشدا ئەم پرۆژەیە كاری زۆری لەسەر كراوە وكۆمپانیاكان دیراسەیان كردووە وهیوای خواست لەنزیكترین كاتدا ببێتە واقیع وجێبەجێ بكرێت.

هەروەها گوتی، لەمانگی یۆلیۆ/تەمموزی داهاتوودا "گەشتێكمان بۆ شاری وان دەبێت ولەوێ هەموو ئەو پاكێجانەی باسمان كردوون ولەسەری رێككەوتووین رێكیان دەخەینەوە ولە 27ی سەپتەمبەر/ئەیلولی داهاتووش، كە رۆژی جیهانی گەشتوگوزارە، هەموو ئەو كۆمپانیایانەی لەگەڵیان دانیشتووین داوەتی هەولێریان دەكەین ولەكۆنفڕانسێكی گەورەدا هەڵسەنگاندنی ئەو بەرنامانە دەكەین كە جێبەجێمان."

ئەوەشی خستەڕوو كە لەمانگی نۆڤەمبەر / تشرینی دووەمی داهاتوودا هەرێمی كوردستان بەشداری پیشانگای لەندەن دەكات، كە یەكێكە لەپیشانگا هەرە گرنگەكانی بواری گەشتیاری لەجیهاندا.

لەسەر ئاستی ناوخۆدا، وەك سەرۆكی دەستە نیشانیدا، كاری زۆر وپرۆژەی زۆر لەئارادایە لەبارەی بەرزكردنەوەی كواڵیتی. بۆ ئەم مەبەستەش دانیشتن وكۆبوونەوە لەگەڵ هوتێل وكۆمپانیا گەشتیاریەكان کراون.

هەروەها ئاشکرای کرد کە ناوەندێكی گەورەی راهێنانی گەشتیاری لەهەرێمی كوردستان ئەم ساڵ دەكرێتەوە وتیایدا هەوڵدەدرێت چەند پسپۆڕ ومامۆستای بیانی بێن ومەشق بە كارمەند وپسپۆڕانی ئەم بوارە بكات. بۆ ساڵی داهاتووش، راهێنان لەم ناوەندە دەبێتە مەرجێك بۆ كاركردن لەبواری گەشتیاری لەسەر ئاستی ناوخۆدا.

 

 

 

 

 

 

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 2015/4/22 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز سەردار قاسمی ڕەزایی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی پاسەوانیی سنووری كۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندێكی باڵای سەربازیی یاوەری كرد، كە لە فەرماندەكانی پاسەوانانی خاڵە سنوورییەكانی ئێران و هەریەك لە لیوا عەبدولكەریم فەرماندەی گشتیی پاسەوانانی سنووری عێراق و لیوا شێركۆ فەرماندەی پاسەوانانی سنووری هەرێمی كوردستان، پێكهاتبوو.

لە دیدارێكدا شاندی میوان سوپاس و پێزانین و دڵخۆشیی خۆیان بۆ دیداری به‌ڕێز سەرۆك وەزیران دەربڕی و دواتر زانیاری پێویستیان ده‌رباره‌ی دۆخی خاڵە سنوورییەكانی نێوان عێراق و ئێران بەگشتی و سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران به‌تایبه‌تی دایە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێم، هەروەها باسیان لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی و زیاتر بەهێزكردن و توندوتۆڵكردنی ئەو پەیوەندیینكان كرد، بەتایبەتی لە ڕووی زیاتر پاراستنی سنوورەكانی نێوان هەردوولاوه‌.

لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئەو سەردانەی شاندی باڵای فەرماندەییی پاسەوانیی سنووری كۆماری ئیسلامیی ئێران كرد و باسی لە پەیوەندییە دێرین و تۆكمەكانی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان كرد و بە پەیوەندییەكی ئەرێنی و باشی وەسف كرد، جەختیشی لەسەر زیاتر بەهێزكردنی ئەو پەیوەندییانە كردەوە، بەتایبەتی لە ڕووی تۆكمەكردنی ئاسایشی خاڵە سنوورییەكانی نێوان هەردوولاوه‌ و ڕێگریكردن لە هەر حاڵەتێكی نەخوازراو كە لە سنوورەكان دروست ببێت، بۆ ئەم مەبەستەش پشتگیریی تەواوی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ شاندی میوان دەربڕی.

رووداو - هەولێر / "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران رایدەگەیێنێ، ئامادەکاریی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی نێوان ئێران و عێراق دەکرێ لەبارەی ئاڵوگۆڕی زیندانییان.

 

بەگوتەی "نازم دەباغ" ئەو رێککەوتننامەیە، ئەو زیندانییانە ناگرێتەوە کە لەسەر پرسەکانی پەیوەندیدار بە تیرۆر و کوشتن دەستگیرکراون.

 

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران هەروەها داوا لە کەسوکاری ئەو هاونیشتمانیانەی باشووری کوردستان دەکات کە لە ئێران بەندکراون،  لەبارەی دەستگیرکراوەکانیان ئاگاداریان بکەنەوە. 

 

لینکی وتووێژی تەلەڤیزیۆنی رووداو لەگەڵ "نازم دەباغ":

http://rudaw.net/sorani/kurdistan/0103201525

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2015/2/25  به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز "ڕۆسته‌مى قاسمى" سه‌رۆكى ده‌سته‌ى په‌ره‌پێدانى ئابووریى ئێران و عیراق، له‌گه‌ڵ شاندێكى یاوه‌رى كرد.

له‌ دیدارێكدا په‌یوه‌ندیى دوولایه‌نه‌ى دێرینى نێوان كۆمارى ئیسلامیى ئێران و هه‌رێمى كوردستان و بایه‌خدان و چۆنیه‌تیى په‌ره‌پێدانى زیاتر به‌ هه‌موو بواره‌كانى په‌یوه‌ندیى ئابوورى و وزه‌ و ژێرخان به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى و هه‌ماهه‌نگیى زیاترى نێوان هه‌ردوولا له‌م بوارانه‌دا، تاوتوێ كرا. هه‌روه‌ها تیشك خرایه‌ سه‌ر ڕه‌وشى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى عیراق و هه‌رێمى كوردستان و شه‌ڕى دژى تیرۆر به‌تایبه‌تى.

به‌ڕێز "قاسمى" له‌م سه‌ردانه‌یدا بۆ هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان وه‌زیرانى سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌ و پێكه‌وه‌ له‌ چۆنیه‌تیى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى كۆمارى ئیسلامیى ئێران و هه‌رێمى كوردستان له‌ بواره‌كانى وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و ژێرخاندا، ده‌كۆڵنه‌وه‌.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی