دکتۆر فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم رۆژی دووشەممە 17ـی 11ـی 2014 چەند چاوپێکەوتنێکیان ئەنجامدا لەگەڵ هەریەک لە سیناتۆر کارل لڤین ومایک لی لە لیژنەی خزمەتگۆزاری سەربازیەکان لە ئەنجومەنی پیران بۆئەوەی دوایەمیین پێشهاتەکانی شەڕی داعش و پێداویستیەکانی پێشمەرگەیان پێ ڕابگەیێنێن. سیناتۆر لڤین بە شاندەکەی گووت" زۆر هاوڕێی باشتان هەیە لە واشنتۆن و خۆشم یەکێکم لەوانە"
هەر لەم دیدارەدا دکتۆر فواد ڕایگەیاند پێشمەرگە تەنها هێزە لە ناوچەکە کە خۆی گرتوە و توانای ئەوەی هەیە لە داعش بباتەوە و ئەگەر هات وچەکی قورس و کەل و پەڵ و ڕاهینانمان بۆدابینکرا ئەوە دەبینە ئەو هێزە کە لە پێگەی داعش کەمدەکات و ئەم تێروریستانە بنبڕ بکات.

لەم كۆبوونەوەیەدا فەلاح مستەفا ئاماژەی بەوەدا كە دەبێ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ئەمریکاوەش ڕۆڵ ببینن لە کەمکردنەوەی هەڕەشەی داعش لەسەر ناوچەکە و گشت جیهان.

لە لایەكی دیكەوە هەر لەم ڕۆژەدا شاندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا و نەتەوە یەكگرتووکان کۆبووە بۆ دانوستاندن دەربارەی قەیرانی مرۆیی ئیستای هەرێمی کوردستان. فەلاح مستەفا بە خاتوو ئان سی رێچارد یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئوفیسی خەلک و ئاوارەکان و کۆچکردن و بەرێز ئەنتۆنیۆ گوتیریس نێردراوی باڵای نەتەوەیەگرتوەکانی ڕایگەیاند كە لە وەرزی زستانی کوردستان باران و بەفری زۆرە و پلەکانی گەرما زۆر نزم دەبەنەوە و ئاوارەكان لە هەرێمی کوردستان دەكەونە دۆخێكی زۆر ناخۆش بۆیە بێ یارمەتی نێودەوڵەتی ئەم زستانە دەبێتە زستانی قەیران بۆ ئاوارەكان.

لە بەشێكی دیكەی چالاكییەكانی شاندی هەرێم دکتۆر فواد حوسێن و فەلاح مستەفا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە مەبەستی باسکردن لە دانوساندنەكانی نێوان حکۆمەتی هەرێم و بەغدا چاویان بە بەرێز گێرالد فیرستاین کەوت کە جێگری یەکەمی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە. دکتۆر فواد داوی کرد لە ئەمریکا داوا لە بەغدا بکات بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدرالیەوە بدات وئاماژەی بەوەدا كە ئەگەر بەغدا وەك هاووڵاتیی مامەڵەی لەگەڵ خەڵكی هەرێمی كوردستان كردبا ئەوە هەموو كەس لە كوردستان حەزی لەوە دەبوو خۆی وەك بەشێك لە عێراق بزانێت.

سەبارەت بە دۆخی ئاوارەكان شاندی هەرێمی كوردستان ئەوەیشیان بۆ جێگری یەکەمی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕوون كردەوە ئێستا هەرێمی کوردستان میوانداری ١.٦ ملیۆن پەنابەر كردووە، زۆریان لە شوێنی بینا و دەزگا گشتیەکان و قوتابخانە دەژین و هیچ ئامێری گەرمکەروەیان نیە تەنانەت جلی زستانیشیان کەمە. حکۆمەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ چەند لایەنی نێودەڵەتی ٢٦ کامپ و جێی کاتی دروست دەکات بۆ ئەوەی جێگای حەواندنەوە بۆ ئاوارەکان دابین بکات.

هەروەها شاندەکە لەگەڵ چەند شروڤەکار و ئاکادیمیی ئەنستیتوتی رۆژهەلاتی نزیک لە واشنتون بەشێوەیەكی نافەرمی دەربارەی پێشهاتکەنی ئەم دواییە لە بوارەکانی ئاساییش و سیاسەت و بارودۆخی مرۆیی لە هەرێمی کوردستان كۆبوونەوە.

شایانی باسە دکتۆر فواد و فەلاح مستەفا بۆ ئیوارە خوانێکی تایبەت لە لایەن گەورە پسپۆڕەکانی ناوەندە هزرییە پێشکەوتووەكانی واشنتون بانگهێشتكران.

ئەمڕۆ چوارشەممە 5ـی 11ـی 2014 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە مایكڵ فالۆن وەزیری بەرگریی بریتانیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە سێر سیمۆن ڕاوێژكاری سەربازیی بریتانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمی كوردستان و گۆردین مەسنجێر جێگری بەرپرسی بەرگریی ستراتیژیی سەربازی لە وەزارەتی بەرگری و فرانك بیكەر باڵیۆزی بریتانیا لە عێراقی فیدڕاڵ و ژمارەیەك ڕاوێژكاری سەربازیی وەزارەتی بەرگریی بریتانیا.

لە سەرەتای دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی بریتانیا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و ئاماژەی بە جددیبوونی كوردستاندا لە ڕووبەڕووبوونەوە و تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و دەستخۆشیشی لە هێزەكانی پێشمەرگە كرد كە بوێرانە و فیداكارانە توانیویانە شكست بە تیرۆریستانی داعش بهێنن و پێشڕەوییەكانیان ڕابگرن. وەزیری دەرەوەی بریتانیا جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی ئامادەیە بەردەوام بێت لە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان و گەیاندنی هاوكاری مرۆیی و سەربازی و و ئەو هاوكارییانە فراوانتر بكات. ئەوەیشی دووپات كردەوە كە بریتانیا كار بۆ مەشقپێكردنی زیاتری پێشمەرگە و هەروەها دابینكردنی ئەو پێویستیانە دەكات كە هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا بەكاری دەهێنن.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان سوپاسی حكوومەت و گەلی بریتانیای كرد كە لە كاتێكی گونجاودا پاڵپشتی گەلی كوردستان بوون و ڕایگەیاند ئەم هەڵوێستەی بریتانیا جێگەی پێزانینی خەڵكی كوردستانە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپات كردەوە كە بۆ ئێمە شانازییە شەڕی دڕندەترین ڕێكخراوی تیرۆریستی دەكەین كە ئیمكانیاتی دەوڵەتێكی لەبەردەستدایە. سەبارەت بە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕیش سەرۆك بارزانی ئەوەی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە ورەی پێشمەرگە زۆر بەرزە و لەنێو گەلی كوردستانیش ڕۆحێكی بەهێزی بەرنگاربوونەوەی تیرۆریستان دروست بووە.

سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەیشی بەوەدا كە ئێستا تیرۆریستانی داعش كەوتوونەتە دۆخی بەرگری و پێشمەرگەیش لە هەڵوێستی هێرشبردندایە و هاوكێشەی مەیدانی بە پاڵپشتیی هێزی هاوپەیمانان لە قازانجی گەلی كوردستان و پێشمەرگە گۆڕاوە و ئەو ناوچانەیشی كە لەژێر دەستی تیرۆریستاندا ماون ڕزگار دەكرێن. سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە مەترسییەكانی تیرۆریستان هێمای بەوەدا كە چونكە تیرۆر هەڕەشەیەكە بۆ سەر هەموو لایەك بۆیە شەڕكردنیش لەدژی تیرۆر پێویستی بە هەوڵی هەموو لایەك هەیە، هەروەها پێویستە هیچ شوێنێكی ئارام و هیچ پەناگەیەك بۆ تیرۆریستان لە ناو عێراق و سوووریادا نەمێنێت و بۆ سەركەوتن لەم شەڕە درێژخایەنەدا پێویست دەكات لەڕووی ئابووری و فەرهەنگی و فكری و سیاسیش ڕووبەڕووی تیرۆریستان ببینەوە.

لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا هەردوو لا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە لەپێناو سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی و تێشكاندنی تیرۆریستان پێویستە بە زووترین كات ئەم كێشانە چارەسەر بكرێن و هەردوولا بگەنە ڕێككەوتن و بەغدایش ڕۆڵی خۆی لە یارمەتیدان و پڕچەككردنی پێشمەرگە بگێڕێت.
پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بریتانیا و هەروەها هەماهەنگی و هاوكاریی نیوان هەردوولا لە بواری كارگێڕی و ڕێكخستنی كاروباری سەربازیی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

شایانی باسە لەم كۆبوونەوەیەدا د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان و جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان و بەیان سامی عەبدولرەحمان نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە بریتانیا و سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.

 

 

 

 

ئەمڕۆ هەینی 12ـی 9ـی 2014 فرانسوا هۆڵاند سەرۆكی كۆماری فەڕەنسا بە یاوەری شاندێكی حكوومەتی فەڕەنسا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لایەن بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتدا پێشوازی لێ كرا.

لەدوای بەخێرهێنانی لە لایەن سەرۆك بارزانی و پشوودانێكی كورت لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەرێم، سەرۆك بارزانی و سەرۆك كۆماری فەڕەنسا و شاندە یاوەرەكەی سەردانی كەمپی ئاوارەكانیان لە شارۆچكەی عەنكاوەی هەولێر كرد و لە نزیكەوە ئاگاداری بارودۆخ و گوزەرانی ئاوارەكان بوون كە لەپاش پەلاماردانی تیرۆریستان بۆ سەر هەرێمی كوردستان و دەشتی نەینەوا پەنایان بۆ كوردستان هێناوە و لەم كەمپەدا نیشتەجێن.

دوای ئەم سەردانە لە شاری هەولێر سەرۆك بارزانی و سەرۆك كۆماری فەڕەنسا و شاندە یاوەرەكەی كە پێكهاتبوون لە لۆران فابیوس وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و جێن یوڤیس لێدریان وەزیری بەرگریی فەڕەنسا و مارك بارێتی باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكار و بەرپرسی حكوومەتی فەڕەنسا كۆبوونەوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی كوردستان و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، سەرۆك بارزانی زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی سەرۆكی فەرەنسا و شاندە یاوەرەكەی كرد و ئەم سەردانەی بە مێژوویی و كاریگەر وەسف كرد. سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆك و گەلی فەڕەنسای كرد بۆ بەدەنگەوەهاتن و یارمەتیدان و هاوكاریكردنی گەلی كوردستان و ڕایگەیاند كە جێگەی شانازییە كوردستان دۆستێكی مەزنی وەك گەلی فەڕەنسای هەیە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بۆ سەرۆكی فەڕەنسا خستەڕوو كە فەڕەنسا لە ڕۆژە سەختەكاندا هەردەم لەتەك گەلی كوردستان وەستاوە و یارمەتی و هاوسۆزیی ئەمجارەی فەڕەنسا كاریگەریی زۆری لە بەهێزتربوونی ورەی گەلی كورد و هێزەكانی پێشمەرگە هەبووە و هاوكێشەی شەڕەكانی لە قازانجی گەلی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە گۆڕیوە. سەرۆك بارزانی هەوڵەكانی فەڕەنسای بۆ كۆكردنەوەی پاڵپشتیی نێودەولەتی و دروستكردنی هاوپەیمانێتیی دەولی لەشەڕی دژی تیرۆردا بەرز نرخاند و لەبارەی شەڕی دژی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشی سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە كوردستان لەشەڕی ئەم ڕێكخراوە هەتا ڕیشەكێشكردن و لەناوبردنی بەردەوام دەبێت.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی كۆماری فەڕەنسا سوپاسی سەرۆك بارزانیی كرد بۆ ئەو پێشوازییەی لێی كراوە و دووپاتی ئەوەی كردەوە كە وڵاتەكەی لە پاڵپشتیكردن و پاراستنی گەلی كوردستان بەردەوام دەبێت و لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا یارمەتییە سەربازیی و مرۆڤییەكانی فەڕەنسا بۆ هەرێمی كوردستان فراوانتر دەبێت و دەچێتە قۆناغێكی تازەتر و هاوپەیمانییەكی بەهێزی دەولییش بۆ ئەم مەبەستە پێكدێت. سەرۆكی فەڕەنسا باسی لە بەستنی كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتیی كرد كە بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیك لە شاری پاریس بۆ چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش دەبەسترێت و ڕایشیگەیاند شاندی هەرێمی كوردستانیش لەم كۆنگرەیەدا بەشدار دەبێت چونكە لە ئەرزی واقعدا كوردستان هیڵی ڕووبەڕووبوونەوەیە و لەگەڵ ئەم ڕێكخراوە لە جەنگدایە.

سەرۆكی فەڕەنسا ستاییشی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگەی كرد بۆ پاراستن و حەواندنەوەی ژمارەیەكی زۆری پەنابەر و ئاوارە و كوردستانیشی بە نموونەیەك زۆر باش وەسف كرد لە پێكەوەژیانی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییە جۆراوجۆرەكان و ڕایگەیاند فەڕەنسا ستایشی ئەم پێكەوەژیانەی كوردستان دەكات و پارێزگاری لەم فرەیی و پێكەوەژیانە دەكات.

لەدوای كۆبوونەوەكە سەرۆك بارزانی و سەرۆكی كۆماری فەڕەنسا بەشداری پڕێسكۆنفڕانسێك بوون و ناوەڕۆكی كۆبوونەوە و ئامانجی سەردانەكەیان بۆ ڕاگەیاندنەكان باس كرد.

هەر ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 12ـی 9ـی 2014 فرانسوا هۆڵاند سەرۆكی كۆماری فەڕەنسا كۆتایی بە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان هێنا و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە لایەن سەرۆك بارزانی و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومیی هەرێمی كوردستان بەڕێكرا. شایانی باسە بەر لە كۆتاییهێنان بە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان سەرۆك كۆماری فەڕەنسا بە مەبەستی گوێگرتن و زیاتر ئاگاداربوونی لە داواكاری و كێشەكانی ئاوارەكان لە كەنیسەی مار یوسفی عەنكاوە لەگەڵ پیاوانی ئایینی مەسیحی و نوێنەرانی ئاوارەكان كۆبۆیەوە.

 

 

 

 

ئەمڕۆ سێشەممە 26ـی 8ـی 2014 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بۆڕگ برێند وەزیری دەرەوەی نەرویج و شاندێكی یاوەری كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەت هەرێم و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و عەلی سندی وەزیری پلاندانان و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكان و ڕێكەوت حەمە ڕەشید وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكان و هەروەها هەڕەشە و پەلاماری تیرۆریستان بۆ كوردستان و سەركەوتتنەكانی هێزی پێشمەرگە و بارودۆخی ئاوارەكان خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

هەر لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوەی نەرویج و شاندی یاوەری كرد و هاتن و سەردانی شاندی نەرویجی بە هێمایەك بۆ پاڵپشتی و هاوسۆزیی حكوومەت و گەلی نەرویج بۆ گەلی كوردستان لە قەڵەم دا. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی باس كرد كە پاڵپشتی و بەدەنگەوەهاتنی دۆستانی گەلی كورد لەبەر ئەوەیە كە گەلی كوردستان پابەندی بەها و پڕەنسیپی مرۆڤدۆستانە و پێكەوەژیان و فرەلایەنییە و ئەو بەهایانەش دەپارێزێت و ئەم پاڵپشتییەیش نیشان دەدات كە گەلی كوردستان ڕێگەیەكی دروستی هەڵبژاردووە. سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەی دووپات كردەوە كە گەلی كوردستان خاوەنی فەرهەنگی پێكەوەژیانە و دەبێ ئەو فەرهەنگەیش قووڵتر بكەین. سەبارەت بە ڕەوشی ئاوارەكان سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە بە هەموو توانایەكەوە یارمەتییان دەدەین بەڵام ژمارەی پەنابەران لە ئاستی تواناكانی حكوومەتی هەرێم تێپەڕیوە بۆیە پێویستە وڵاتانی دۆست و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە حەواندنەوەی ئاوارەكان یارمەتیمان بدەن بۆ ئەوەی پاش ڕزگاركردنی ناوچەكانیان لە دەستی تیرۆریستان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بگەڕێنەوە.

لەبەرانبەردا وەزیری دەرەوەی نەرویج سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی كرد كە لە خۆی و شاندە یاوەرەكەی كراوە و دەستخۆشیشی لە سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی كوردستان كرد بۆ ئەو پێشكەوتنەی لە هەرێمی كوردستان هاتووەتە ئاراوە و ڕایگەیاند هاتنی ئێمە شێوازێكە بۆ نیشاندانی هاوسۆزی و پاڵپشتیی گەلی نەرویج لەگەڵ گەلی كوردستان كە بەڕووی تیرۆریستان وەستاوەتەوە. وەزیری دەرەوەی نەرویج هێمایشی بەوەدا كە ئێستا تیرۆریستان بوونەتە ئەمری واقع و هەڕەشەی جدیین بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان و بۆ بەرەنگاربوونەوەیان پێویستە هەوڵێكی جیهانی و هەمەلایەنە بخرێتەگەڕ. وەزیری دەرەوەی نەرویج ئەوەی دووپات كردەوە كە گەلی كوردستان لەڕووی یارمەتیی سەربازی و مرۆیی دەتوانن پشت بە گەلی نەرویج ببەستن و حكوومەتی نەرویجیش بۆ خێراتركردنی هاوكارییە مرۆڤییەكەی بڕیاری داوە جگە لە بیست ملیۆن دۆلار كە پێشتر بڕیاری لەسەر دابوو دە ملیۆن دۆلاری دیكەیش تەرخان بكات بۆ یارمەتیدانی مرۆیی كوردستان.

هەر لەم دانیشتنەدا هەڕەشەكانی تیرۆر و چۆنییەتی گەشەسەندنی لە عێراق و سووریا قسەی لەسەر كرا و پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتی نەرویج و هەرێمی كوردستانیش تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

شایانی گوتنە كە لەدوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە پڕێسكۆنفرانسێك بۆ سەرۆك بارزانی و وەزیری نەرویج ڕێكخرا و تێیدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن خستەڕوو.

 

 

 

 

ئەمڕۆ سێشەممە 26ـی 8ـی 2014 محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندێكی یاوەری سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد و لە لایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و ژمارەیەك لە بەرپرسە باڵاكانی هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازی كرا و پاشان لە شاری هەولێر لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبۆوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و مستەفای سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران سوپاسی پێشوازی و ڕەخساندنی ئەم دیدارەی كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا بەو پێشكەوتنەی لە هەولێر و هەرێمی كوردستان هاتووەتە ئاراوە.

لەم دانیشتنەدا وەزیری دەرەوەی ئێران پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ گەلی كوردستانی عێراق لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا كە وڵاتەكەی هەمیشە و لە كاتی بوونی هەڕەشەكاندا لەتەك عێراقییەكان و حكوومەت و گەلی كودستان دەمێنێتەوە. وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەی خستەڕوو كە تیرۆر تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر عێراق و هەرێمی كوردستان و شیعە و كورد و سووننە بەڵكو هەڕەشەیە بۆ هەموو لایەك و بەرژەوەندیی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەیە كە دژایەتیی تیرۆر بكات و ئاماژەیشی بەوەدا كە لە بەرژەوەندیی وڵاتەكەی دایە كە هەرێمی كوردستان ئاوەدان و پێشكەوتوو بێت و عێراقییەكان لەگەڵ یەكتردا بگەنە ئەنجامێكی دروست.

 سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی خوازیارە كە حكوومەتی تازە بە بەشداریی هەموو لایەك پێكبهێندرێت و داوایشی كرد كە لایەنی كوردستانی هەموو هەوڵێكی بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی حكوومەتی عێراقی پێكبهێندرێت و هەروەها پشتیوانیی وڵاتەكەیشی دووپاتكردەوە بۆ هەر جۆرە ڕێككەوتنێك كە لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا كە بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا بێت.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندی یاوەری كرد و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە دێرینەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی و هەرێمی كوردستان سوپاسی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كرد بۆ ئەو هاوكاری و یارمەتییەی لەشەڕی دژی تیرۆریستان پێشكەشی هەرێمی كوردستانی كردووە و هیوایشی خواست كە ئەو پەیوەندییانە بەرەوە پێشەوە بچن. سەرۆك بارزانی لەبارەی هەڕەشەكانی تیرۆر ئەوەی خستەڕوو كە هەرێمی كوردستان بە هەموو توانایەكییەوە دژی تیرۆریستان دەوەستێ و ڕێگە نادات بە هیچ شێوەیەك تیرۆریستان بتوانن لە كوردستان پێگەیان هەبێت و بۆ ئەم مەبەستەیش پێویستی بە یارمەتیی دۆستانی هەیە و شەڕكردن لەدژی تیرۆر هەوڵێكی هەمەلایەنە و هەماهەنگیی نێوان وڵاتانی پێویستە چونكە تیرۆر مەترسییەكە تەنیا كوردستان ناكاتە ئامانج بەڵكو مەترسییە بۆ سەر هەموو وڵاتێك.

پەیوەست بە پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە پشتیوانی هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتێكن كە هەموو پێكهاتەكان بگرێتە خۆ و پێویستیشە بۆ جێبەجێكردنی هەموو جۆرە ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێم و بەغدا و چارەسەركردنی كێشەكان گەرەنتی هەبێت.سەرۆك بارزانی لەدرێژەی قسەكانیدا نەهێشتنی قەیرانەكانی عێراق و تێكشكاندنی تیرۆریشی بە سەركەوتنی ڕێگەچارەی سیاسیی بەستەوە.

شایانی گوتنە كە لەدوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە پڕێسكۆنفرانسێك بۆ سەرۆك بارزانی و وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێكخرا و تێیدا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانیان دایەوە.

 

 

 

 

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 16ـی 7ـی 2014 لە كۆشكی ئەلیزەی پاریسی پایتەختی فەڕەنسا جاك ئۆدیلبێر گەورە ڕاوێژكاری كاروباری دەرەوەی سەرۆكی فەڕەنسا پێشوازی لە فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كرد.


لە دیدارێكی دۆستانەدا د. فواد حوسێن نامەی سەرۆك بارزانیی بۆ سەرۆكی فەڕەنسا ڕادەستی ڕاوێژكاری كاروباری دەرەوەی سەرۆكی فەڕەنسا كرد و لە دانیشتنێكیشدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و كوردستان و ناوچەكە بە تایبەت پاش ڕووداوەكانی 10ـی حوزەیرانی ڕابردووی شاری موسڵ ئاڵوگۆڕ كرا. هەروەها د. فواد حوسێن بە ڕاشكاوی باسی لە هاتنەكایەوەی بارودۆخی تازە و قەیرانی سیاسیی عێراقی كرد و سیاسەتی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستانی لەبارەی ئێستا و ئاییندەی عێراق و كوردستان بۆ ڕاوێژكاری سەرۆكی فەڕەنسا شیكردەوە.

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئەوەیشی خستەڕوو كە هەر چەندە كورد بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ هەوڵیدا عێراقێكی دیموكراتی و فیدڕاڵ دروست ببێ و بپارێزرێت بەڵام هەوڵ و پڕۆسەكە سەری نەگرت و ئێستا لەسەر ئەرزی واقعدا عێراق پارچەپارچە بووە و هۆكاری سەرەكیی ئەو دابەشبوونەیش سیاسەتی هەڵەی مالیكی و بەهێزتربوونی تیرۆریستان بووە و ئەمە وای كردووە خەڵكی كوردستان لەبارەی ئاییندەی پەیوەندیی عێراق و كوردستان پرسیاریان هەبێت.

لای خۆیەوە ڕاوێژكاری كاروباری دەرەوەی سەرۆكی فەڕەنسا سوپاسی سەرۆك بارزانیی كرد بۆ ناردنی نامە بۆ سەرۆكی فەڕەنسا و جەختی لەوە كردەوە كە لە ئارەزوو و بارودۆخی هەرێمی كوردستان دەگات و هیوایشی خواست پەیوەندییەكانی فەڕەنسا و هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت و بەرەو پێشەوە بچێت و داواشی كرد لە هەموو قۆناغێكدا لەنێوان هەردوولا ڕاوێژ و ئاگاداركردنەوەی بەردەوام هەبێت.

 

 

 

 

ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی 7ـی 2014 لە درێژەی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ توركیا، بەڕێز ڕەجەب تەییب ئەردۆگان سەرۆك وەزیرانی توركیا لە نووسینگەی فەرمیی سەرۆكایەتیی وەزیرانی توركیا لە شاری ئەنكارا پێشوازی لە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

 

لە دیدارێكدا كە وەزیری دەرەوەی توركیا و وەزیری ناوخۆی ئەم وڵاتە و ژمارەیەك گەورە بەرپرس و ڕاوێژكاری حكوومەتی توركیایش ئامادەبوون، تیشك خرایە سەر بارودۆخی تازەی عێراق و ئەو ئاڵۆزی و قەیرانە گەورەیەی كە بەرۆكی عێراقی گرتووە و قسە لەسەر ئەوە كرا كە چۆن بتوانرێت كۆتایی بەم قەیرانە بێت و گۆڕانكارییەكی وا لە عێراق بهێتەكایەوە كە لە بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بێت و ئارامی و ئاسوودەیی بۆ خەڵكی عێراق بگەڕێتەوە. لە بەشێكی دیكەی ئەم دانیشتنەدا ئاماژە بە هەڕەشەی تیرۆر و ڕەهەندەكانی ئەم هەڕەشەیە لەسەر عێراق و ناوچەكەیش كرا.

 

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا دامەزراندنی حكوومەتی تازەی عێراق خرایە بەر باس و سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە هەرێمی كوردستان لەسەر دوو تەوەر كار دەكات یەكیان بەردەوامبوونە لە پڕۆسەی سیاسیی بەغدا بۆ ئەوەی حكوومەتێك پێكبهێندرێت و ئەوەی تریشیان كاركردنە لەسەر بنیاتنانی كوردستان و پاراستنی لە هەموو جۆرە هەڕەشەیەك.

 

لەو كۆبوونەوەیەدا كە دوو كاتژمێری خایاند باسی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و چۆنییەتی فراوانتربوونی كرا و بەشێكی ئەم دیدارە تەرخان كرا بۆ كۆبوونەوەی دوو قۆڵیی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی توركیا .

شایانی باسە لە درێژەی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ توركیا، بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری دەروەی توركیاش كۆ دەبێتەوە.

 

 

 

 

ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی 7ـی 2014 دوای گەییشتنی سەرۆك بارزانی بۆ ئەنكارای پایتەختی توركیا ئێوارەی ئەمڕۆ لە كۆشكی سەرۆكایەتیی توركیا بەڕێز عەبدولا گویل سەرۆك كۆماری توركیا پێشوازی لە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە مستەفای سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

 

لە كۆبوونەوەیەكدا كە وەزیری دەرەوەی توركیا و وەزیری ناوخۆی ئەم وڵاتە و ژمارەیەك گەورە بەرپرس و ڕاوێژكاری حكوومەتی توركیا ئامادەبوون، سەرۆك كۆماری توركیا سوپاس و خۆشحاڵیی خۆی بۆ هاتنی سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری بۆ توركیا نیشاندا و بەگەرمی بەخێرهاتنی كردن. سەبارەت بە بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق و بە تایبەت موسڵ و ناوچەكانی دیكە سەرۆك كۆماری توركیا نیگەرانیی خۆی ڕاگەیاند و جەختی لەوە كردەوە كە عێراق پێویستی بە حكوومەتێكی دیموكراتی و سیستەمێكی فیدڕاڵی هەیە كە مافی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بپارێزێ و هیوایشی خواست كە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و دانیشتنی ڕۆژی سێشەممەی پارلەمانی عێراق سەركەوتوو بێت و حكوومەتی تازە پێكبهێندرێت. هەر لەم دیدارەدا سەرۆك كۆماری توركیا پشتیوانیی وڵاتەكەیشی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.

 

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆك كۆماری توركیای كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لە بەڕێزیان و شاندی یاوەری كراوە و جەختی لەسەر پتەوتركردنی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كردەوە. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی بە ڕاشكاوی بارودۆخی تازەی عێراق لە دوای ڕووداوەكانی موسڵ شێكردەوە و ڕایگەیاند كە لەماوەی شەو و ڕۆژێكدا هەرێمی كوردستان دراوسێیەكی نوێی بۆ پەیدا بوو و وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە بارودۆخی تازە واقعێكی زۆر جیاوازی هێناوەتە كایەوە باسی پێویستیی گۆڕانكاری كرد لە عێراقدا و ئەوەی خستەڕوو كە گۆڕینی كەسەكان كاریگەر نابێت ئەگەر بێتوو ئەو فەرهەنگە سیاسییەی لە بەغدا باڵادەستە نەگۆڕدرێت. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستە بەرچاو كە هەرێمی كوردستان دە ساڵ هەوڵی دا بۆ ئەوەی دیموكراسی لە عێراقدا بچەسپێت بەڵام ئەوەی لە عێراقدا ڕوویدا هەر هەمووی دژی ئەو دەستوورە بوو كە خەڵكی عێراق دەنگی پێدابوو و نموونەی زۆر ڕوونی پێشێلكردنی دەستوور لە لە لایەن بەغداوە بینراو و لە دەستووری عێراقیشدا بە ڕوونی هاتووە كە پابەندبوون بە دەستوور یەكپارچەیی عێراق دەپارێزێت. سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەی ڕوونكردەوە كە لەگەڵ هەموو ئەو پێشێلكارییانە هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدات كە پڕۆسەی سیاسیی عێراق سەربگرێت و ئەو سەركەوتنەیش بە دانانی پۆست و دەموچاوی تازە نییە بەڵكو دەبێ فەرهەنگی دژە دیموكراسی لە عێراقدا نەمێنێت و لە سیستەمی حوكمڕانیی عێراقدا گۆڕانی ڕیشەیی ئەنجام بدرێت. لەبارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستانیش سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە ئێمە لە هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدەین بارودۆخی خۆمان باشتر بكەین و خۆمان بنیات بنێین و خاكی خۆمان لە هەڕەشەكان بپارێزین و لە هەمانكاتیشدا حیساب بۆ مەترسییەكانی تیرۆر لەسەر عێراقیش دەكەین.

 

شایانی باسە لە كۆتایی ئەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك كۆماری توركیا كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵییان ئەنجامدا.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی