ئێمه تا ئێستایش غه‌مبار و تاساوین به بیستنى هه‌واڵى كوشتنى ڕۆژنامه‌نووسى بێتاوانى ئه‌مه‌ریكى به‌ڕێز جه‌یمس فۆلى له لایه‌ن ڕێكخراوى تیرۆریستیى داعشه‌وه. ئه‌مه كارێكى دڕندانه و بێڕێزى بوو به‌رامبه‌ر ژیانى مرۆڤ و هه‌ست و سۆزى خانه‌واده و دۆستانى ئه‌و و ته‌واوى جیهان. كارێك بوو كه ڕه‌وشت و به‌ها و ئایدۆلۆژیاى ڕێكخراوى تیرۆریستیى داعشى ده‌رخست، تێگه‌یشتن له كردارێكى وا قێزه‌وه‌ن؛ زۆر سه‌خته.
هاوشێوه‌ى به‌ڕێز فۆلى؛ سه‌دان خه‌ڵكى دیكه‌ى بێ‌تاوان له پێكهاته‌ى ئێزیدى و مه‌سیحى به هه‌مان شێوه‌ى دڕندانه له لایه‌ن ڕێكخراوى تیرۆریستى داعشه‌وه كوژران. هیچ وشه‌یه‌كى به‌هێز بۆ پێناسه‌كردنى ئه‌م كرداره نامرۆڤانه‌یه نیه، ئه‌و كرداره‌ى ڕووى ڕه‌شى ئه‌م ڕێكخراوه‌ى نیشان دا كه ئێمه ئه‌مڕۆ ڕووبه‌ڕووى بووینه‌ته‌وه. هیچ گومانم نیه كه ئه‌م ڕێكخراوه له‌م جه‌نگه‌دا له‌ناوده‌چێ و سه‌رشۆڕییان بۆ ده‌مینێته‌وه.
پرسه و سه‌ره‌خۆشیى خۆم ئاراسته‌ى خانه‌واده‌ى به‌ڕێز جه‌یمز فۆلى و ته‌واوى گه‌لى ئه‌مه‌ریكا بۆ له‌ده‌ستدانى ئه‌م ڕۆڵه ئازایه‌یان ده‌كه‌م؛ كه ده‌یوست لایه‌نه ترسناكى شه‌ڕ و ناكۆكی و مردنى مرۆڤ تۆمار بكات. به‌ڕێز جه‌یمز فۆلى ڕۆژنامهنووسێكى پرۆفیشناڵ و ڕێزڵگیراوبوو كه ژیانى خۆى خسته مه‌ترسییه‌وه به به‌كارهێنانى كامیراكه‌ى تاكو ئازار و مه‌ینه‌تیى خه‌ڵكى سڤیلى سووریا نیشانى هه‌موو جیهانى بدات.
نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
21ى ئابى 2014
دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 20ى ئابى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له جه‌نابى پاتریاركى كاردینال "مار بشاره بوترس ئهلڕاعى" پاتریاركى ئه‌نتاكیا و ته‌واوى ڕۆژهه‌ڵات و سه‌رۆكى كۆمه‌ڵگه‌ى پاتریاركهكانى ڕۆژهه‌ڵات و سه‌رۆكى كه‌نیسه‌ى مارۆنى و شاندێكى باڵاى پیاوانى ئایینى مه‌سیحى كرد له كه ژماره‌یه‌ك پاتریارك و مه‌ترانى كاتۆلیك و كلدان و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسى داموده‌زگاى ئایینیى مه‌سیحى له جیهان و ناوچه‌كه و عیراق و هه‌رێمى كوردستان پێكهاتبوو.
له دیدارێكدا سه‌ره‌تا شاندى میوان سوپاس و پێزانینى خۆیان بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه كه بهناهاى ئاواره مه‌سیحییه‌كانى مووسڵ و ده‌شتى نه‌ینه‌واوه چووه و كۆمه‌ك و هاوكارى پێشكه‌ش كردووه، وه‌ك چۆن پێشتریش هه‌مان شتى بۆ ئه‌و مه‌سیحییانه كرد كه له ناوه‌ڕاست و باكوور و ناوچه‌كانى دیكه‌ى عیراقه‌وه له ترسى تیرۆر؛ ڕوویان له هه‌رێمى كوردستان كردبوو. شانده‌كه هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه دا كه له نزیكه‌وه سه‌ردانى ئاواره مه‌سیحییه‌كانیان له هه‌رێمى كوردستان كردووه و بینیویانه ئه‌وان له كوردستان هه‌ست به ئارامى و دڵنیایى ده‌كه‌ن و هیوایان بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
شانده‌كه هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند وێنه‌كه و ڕاستیى ئه‌و كاره‌ساته‌ى به‌سه‌ر مه‌سیحییه‌كان و پێكهاته‌كانى دیكه‌دا هاتووه، هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌موو هاوكارى و به‌هاناوه‌چوونه‌ى حكوومه‌ت و خه‌ڵكى كوردستان؛ بۆ ڤاتیكان و واشنتۆن ده‌گوازنه‌وه و داوا ده‌كه‌ن پاراستنێكى نێوده‌وڵه‌تى بۆ مه‌سیحییه‌كان و ته‌واوى پێكهاته‌كانى ناوچه‌كه له ئێزدى و شه‌به‌ك و توركمان و هه‌موو پێكهاته نه‌ته‌وه‌یى و ئایینى و مه‌زهه‌بییه‌كانى دیكه دروست بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ست به دڵنیایى بكه‌ن و بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه شوێن و سه‌ر ماڵ و حاڵى خۆیان.
لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى وێڕاى به‌خێرهێنان و ده‌ربڕینى خۆشحاڵى بۆ سه‌ردانى شانده‌كه، ڕایگه‌یاند هاتنیان بۆ هه‌رێمى كوردستان پشتگیرییه بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانى عیراق و كوردستان، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه "حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پشتگیرى له هه‌موو پێكهاته‌كان ده‌كات و بۆ پاراستنیان ئه‌وه‌ى له ده‌ستى بێت درێغى ناكات كه هه‌موویان ڕیشه‌ى هه‌زاران ساڵه‌یان له كوردستان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ڕوو ده‌دات له تواناى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ده‌ره و هه‌رێمى كوردستان ئێستا شه‌ڕى ڕێكخراوێك ناكات، به‌ڵكوو به هه‌موو پێوه‌رێك شه‌ڕى ده‌وڵه‌تێكى تیرۆرستى ده‌كات". هه‌روه‌ها پشتگیریى خۆى بۆ دابینكردنى پاراستنێكى نێوده‌وڵه‌تى بۆ مه‌سیحییه‌كان و پێكهاته‌كانى دیكه‌ى ناوچه‌كه ده‌ربڕى.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها تیشكى خسته سه‌ر ئه‌وه‌ى له دواى 2003ه‌وه حكوومه‌تى عیراق هیچى بۆ پڕچه‌ككردنى پێشمه‌رگه نه‌كردووه و بچووكترین ئه‌و چه‌كانه‌ى بۆ نه‌ناردووه بتوانێت وه‌ك پێویست ڕووبه‌ڕووى تیرۆرستان ببێته‌وه كه تازه‌ترین چه‌كه پێشكه‌وتووه‌كانى عیراقییان كه‌وتووه‌ته ده‌ست، بۆیه ئه‌و توانا سه‌ربازییانه‌ى هه‌رێم ته‌نیا هى ئه‌وه‌ن شه‌ڕى میلیشیایه‌كى پێ بكات، نه‌ك ده‌وڵه‌تێكى پڕ چه‌كى قورس و پێشكه‌وتوو.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختىیشى له‌وه كرده‌وه كه ئێستا هه‌ڵمه‌تى سه‌ربازى دژى داعش ده‌ست پێكراوه و پێشمه‌رگه زۆر شوێنى كۆنترۆل كردۆته‌وه، به‌ڵام ئه‌م شه‌ڕه پێویستى به هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و له‌گه‌ڵ به‌غداش هاوكارى ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى تیرۆرستان وه‌ده‌ر بنێن. هه‌روه‌ها به شانده‌كه‌ى ڕاگه‌یاند: "ده‌نگى ئێوه له ده‌ره‌وه زۆر گرنگه و ده‌توانن له دروستكردنى هاوپه‌یمانییه‌كى نێوده‌وڵه‌تیدا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر ڕۆڵێكى دیار بگێڕن."
دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 18ى ئابى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له به‌ڕێز "دۆنی گۆیێر" باڵیۆزى فه‌ره‌نسا له عیراق كرد كه به‌بۆنه‌ى كۆتاییهاتنى ئه‌ركه‌كه‌ى و بۆ ماڵئاواییكردن سه‌ردانى به‌ڕێزیانى كرد. به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران سوپاس و پێزانینى خۆى پێشكه‌ش به باڵیۆزى فه‌ره‌نسا كرد كه له ماوه‌ى كاركردنیدا ڕۆڵێكى دیارى له بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كانى كوردستان و فه‌ره‌نسادا گێڕاوه و هیواى خواست له كار و ئه‌ركى داهاتوویدا سه‌ركه‌وتوو بێت.
لاى خۆیه‌وه باڵیۆزى فه‌ره‌نسا خۆشحاڵیى خۆى به پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له هه‌موو ڕووه‌كانى ئاسایش و ئارامى و ئابوورى و كۆمه‌ڵاتییه‌وه ده‌ربڕى و هاوسۆزیى خۆى و وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ ڕه‌وشى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان نیشان دا و دووپاتى كرده‌وه كه فه‌ره‌نسا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر پشتگیرى له هه‌رێمى كوردستان ده‌كات.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به په‌یوه‌ندییه تهلهفۆنییهكانى نێوان هه‌ردوو به‌ڕێزان سه‌رۆك هۆلاند و سه‌رۆك بارزانى دا و خۆشحاڵیى خۆى به سه‌ردانى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ره‌نسا بۆ هه‌ولێر ده‌ربڕى و ڕایگه‌یاند فه‌ره‌نسا به ته‌واوى پشتگیریى ئه‌و هه‌ڵمه‌ته نێوده‌وڵه‌تییه ده‌كات كه له لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیه‌وه بۆ هاوكارى و پشتگیریى هه‌رێمى كوردستان له دژى تیرۆرستانى داعش هاتۆته كایه‌وه و تیشكى خسته سه‌ر ڕۆڵى فه‌ره‌نسا له هاندانى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به تایبه‌تى ئه‌ورووپا بۆ پشتگیریى هه‌رێمى كوردستان و به‌هاناوه‌چوونى ئه‌و په‌نابه‌ر و ئاوارانه‌ى ڕوویان له ناوچه ئارامه‌كانى كوردستان كردووه.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى پێشڕهویكردنى پێشمه‌رگه له هه‌موو به‌ره‌كاندا له دژى داعش خسته ڕوو، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینى حكوومه‌ت و خه‌ڵكى كوردستانى پێشكه‌ش به فه‌ره‌نسا كرد بۆ ئه‌و ڕۆڵه گه‌وره‌یه‌ى له دابینكردنى پشگیریى نێوده‌وڵه‌تیدا بۆ كوردستان بینیویه‌تى. دووپاتیشى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان پێویستى به هاوكاریى زۆر زیاترى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ك پێویست به هاناى ئه‌و سه‌دان هه‌زار ئاوارانه‌وه بچێت كه له ترسى داعش ماڵ و حاڵى خۆیان جێ هێشتووه، چونكه باره‌كه زۆر له‌وه قورستره كه به ته‌نیا له تواناى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا بێت.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى هه‌روه‌ها داواى كرد كۆنفرانسێكى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ئه‌و وڵات و لایه‌ن و ڕێكخراو و داموده‌زگا نێوده‌وڵه‌تییه كۆمه‌كبه‌خشانه ساز بكرێت كه كۆمه‌ك و هاوكاریى مرۆیى پێشكه‌ش به هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت وه‌ك پێویست به هاناى ئه‌و ژماره زۆرى په‌نابه‌ران و ئاواره‌كانه‌وه بچێت كه ئێستا له زۆربه‌ى شاره گه‌وره‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا گیرساونه‌ته‌وه و پێویستییان به‌وپه‌ڕى كۆمه‌ك و هاوكاریى مرۆیى هه‌یه و ئه‌گه‌ر هه‌ڵمه‌تێكى نێوده‌وڵه‌تى بۆ به‌هانه‌وه‌چوونیان نه‌كرێت، ڕووبه‌ڕووى كاره‌ساتێكى مرۆیى ده‌بنه‌وه.
دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 18ى ئابى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له به‌ڕێز "ڕۆڕی ستیوارت" سەرۆكی لێژنەی بەرگری لە پەرلەمانی بەریتانیا و شاندێكی یاوەری كرد كه له‌سه‌ر داواى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانى به‌ریتانیا سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانیان كردووه.
له دیدارێكدا دوایین پێشهاته‌كانى شه‌ڕگه و به‌ره‌كانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ چه‌كدارانى تیرۆرستى داعش و پێشڕه‌وییه‌كانى ئه‌م چه‌ند ڕۆژانه‌ى پێشمه‌رگه له هه‌موو به‌ره‌كاندا خرانه به‌ر باس، هه‌روه‌ها تیشك خرایه سه‌ر ڕه‌وش و بارودۆخى ئه‌و سه‌دان هه‌زار ئاوارانه‌ى كوردى ئێزدیى شه‌نگال و مه‌سیحییه‌كانى مووسڵ و پێكهاته‌كانى دیكه‌ى ده‌وروبه‌رى كه له ئه‌نجامى هێرشه تیرۆرستییه‌كانى داعشدا ڕوویان له ناوچه ئارامه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كردووه.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه به‌هاناوه‌چوونى په‌نابه‌ران ته‌نیا به حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ناكرێت كه ماوه‌یه‌ى حه‌وت مانگه بودجه‌كه‌ى له لایه‌ن حكوومه‌تى عیراقه‌وه بڕاوه و حكوومه‌تى به‌غداش هاوكارییه‌كى واى پێشكه‌ش نه‌كردووه، بۆیه ده‌بێ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به هانایانه‌وه بێت و له‌مڕووه‌وه هاوكاریى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بكات.
له به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا باسیان له گرنگیى به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنى نێوده‌وڵه‌تى بۆ هه‌رێمى كوردستان و به‌رده‌وامیى ئه‌و پشتگیرییه كرد تا بتوانێت ڕووبه‌ڕووى تیرۆرستانى داعش ببێته‌وه و مه‌ترسیى تیرۆر له هه‌رێمى كوردستان و پێكهاته نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كانى دوور بخاته‌وه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر گرنگیى دابینكردنى پاراستنێكى ئاسمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ئه‌و شوێنانه‌ى كوردانى ئێزدى و مه‌سیحییه‌كانى ده‌شتى نه‌ینه‌وا و شه‌به‌ك و توركمانى ناوچه‌كه كه بوونه‌ته ئامانجى هێرشه تیرۆرستییه‌كانى داعش.
له كۆتاییى دیداره‌كه‌دا پرۆسه‌ى سیاسى و پێكهێنانى كابینه‌ى تازه‌ى حكوومه‌تى عیراق تاوتوێ كرا و له‌مباره‌یه‌وه به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كێشه‌كانى عیراق به‌ر له ڕێكاره ئه‌منى و سه‌ربازییه‌كان، به پله‌ى یه‌كه‌م پێویستى به چاره‌سه‌رى سیاسى هه‌یه و ده‌بێ هه‌مووان له‌وه تێبگه‌ن كه عیراقى به‌ر له كه‌وتنى مووسڵ به هیچ شێوه‌یه‌ك عیراقى دواى ئه‌وه نیه و له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه مامه‌ڵه بكه‌ن. هه‌روه‌ها هیواى خواست حكوومه‌تێكى عیراقیى وا پێك بێت كه بتوانێت كۆكه‌ره‌وه و ده‌ربڕى خواست و مافه‌كانى هه‌موو پێكهاته نه‌ته‌وه‌یى و ئایینى و مه‌زهه‌بییه‌كانى عیراق بێت و سوود له هه‌ڵه‌كانى حكوومه‌تى پێش خۆى وه‌ربگرێت.
دواى ئه‌وه‌ى كه به سه‌ردانێك گه‌یشته هه‌ولێر، ئێواریهى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 18ى ئابى 2014 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى سوێد "كارل بیلد" و شاندێكى باڵاى یاوه‌رى كرد كه له كۆمه‌ڵێك به‌رپرسانى ده‌زگاكانى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا و هه‌ردوو باڵیۆزى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا و سوێد له عیراق و ژماره‌یه‌ك له ڕاوێژكاران پێكهاتبوو.
له سه‌ره‌تاى دیداره‌كه‌دا وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى سوێد خۆشحاڵیى به سه‌ردانى هه‌ولێر ده‌ربڕى و باسى له هه‌ڵوێستى وڵاته‌كه‌ى و یه‌كێتیى ئه‌ورووپا كرد بۆ پشتگیرى و هاوكاریكردنى هه‌رێمى كوردستان له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ تیرۆرستانى داعشدا. هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه به‌م سه‌ردانه‌یان ویستوویانه هه‌م بارودۆخه‌كه له نزیكه‌وه ببینن، هه‌م ئه‌وه نیشان بده‌ن و ئه‌و په‌یامه به هه‌موو لایه‌ك بگه‌یه‌نن كه له‌م بارودۆخه‌دا پشتیوانى هه‌رێمى كوردستانن.
به‌ڕیز سه‌رۆك وه‌زیرانیش وێڕاى به‌خێرهێنان و خۆشحاڵى به‌م سه‌ردانه‌یان، ڕوونى كرده‌وه هاتنیان بۆ هه‌رێمى كوردستان په‌یامێكى دروست بۆ گه‌لى كوردستان ده‌نێرێت به‌وه‌ى كه له ڕۆژگارێكى ئاوادا ته‌نیا نیه. ئینجا پوخته‌یه‌كى له پێشڕه‌وییه‌كانى پێشمه‌رگه پێشكه‌ش كرد و دووپاتى كرده‌وه هه‌رێمى كوردستان سووره له‌سه‌ر به‌رپه‌چدانه‌وه‌ى تیرۆرستان و شكستپێهێنانیان. ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه هه‌رێمى كوردستان پێویستى به چه‌ك و تفاقى پێشكه‌وتووى سه‌ربازى هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت باشتر ڕووبه‌ڕووى تیرۆر ببێته‌وه.
سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه ڕه‌وشى مرۆییى په‌نابه‌ران و ئاواره‌كان زۆر قورسه و ئه‌وه‌ى دهگورهزێ كاره‌ساتێكى مرۆییى یه، بۆیه هه‌رێمى كوردستان چاوى له كۆمه‌ك و هاوكاریى نێوده‌وڵه‌تییه بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت وه‌ك پێویست به‌هاناى په‌نابه‌ران و ئاواراهكانهوه بچێت. پابه‌ندیى حكوومه‌تیشى بۆ پاراستن و هاوكاریكردنى هه‌موو پێكهاته نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كانى ناوچه‌كه دووپات كرده‌وه.
لاى خۆیه‌وه كۆمیسارى مرۆییى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا تیشكى خسته ڕه‌وشى په‌نابه‌ران و ئاواره‌كان و سوپاس و پێزانینى كۆمسیۆنهكهیانى پێشكه‌ش به حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد كه وێڕاى بارقورسى و بڕینى بودجه‌ى كوردستان له لایه‌ن به‌غداوه، كۆمه‌ك و هاوكارى پێشكه‌ش به هه‌مووان كردووه، به‌مه‌ش هه‌رێمى كوردستان سه‌لماندوویه‌تى كه شایانى پشتیوانیى نێوده‌وڵه‌تییه.
له كۆتاییدا هه‌ردوولا هیوایان خواست كه پرۆسه‌ى سیاسى له عێراق بكه‌وێته سه‌ر ڕاسته‌ڕێى خۆى و پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ ببێته ده‌سپێكى قۆناغێكى تازه‌ى سیاسى له عێراق كه گشتگیر و به به‌شداریى هه‌موو پێكهاته‌كانى عیراق بێت و ببێته مایه‌ى گۆڕانكاریى ڕاسته‌قینه له شێواز و سیسته‌مى ده‌سه‌ڵاتداریى عیراقدا.
پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 14ى ئابى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له دهۆك پێشوازى له شاندێكى كوردانى ئێزدى كرد كه له به‌ڕێزان حازم میر ته‌حسین به‌گ كوڕى میرى گه‌وره‌ى ئێزدییان له جیهان و نوێنه‌رى جه‌نابیان و جڤاتى ڕۆحانیى ئێزدییان و باباشێخ گه‌وره‌پیاوى ئایینى و ژماره‌یه‌ك له پیاوماقووڵان و كه‌سایه‌تیى ئێزدییانى شه‌نگال و ناوچه‌كانى دیكه‌ى ئێزدییان پێك هاتبوو.
له سه‌ره‌تاى دیداره‌كه‌دا كه هه‌ر یه‌ك له به‌ڕێزان وه‌زیرى دارایى و ئابوورى و وه‌زیرى پلاندانان و پارێزگارى دهۆك ئاماده‌ى بوون، وێڕاى به‌خێرهێنان، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌وه‌ى خسته ڕوو كه ئه‌و هیواى ده‌خواست له‌گه‌ڵ ئه‌وان له بارودۆخێكى باشتردا یه‌كتر ببینن و دڵنیاى كردنه‌وه كه به‌سه‌ر تیرۆردا سه‌رده‌كه‌ون، به‌ڵام ئه‌و برینه‌ى له ئه‌نجامى مه‌ینه‌تییه‌كانى خه‌ڵكى شه‌نگال و ناوچه‌كانى دیكه دروست بووه، به تایبه‌تى ڕفاندنى خوشكانى ئێزدیمان له لایه‌ن تیرۆرستانى داعشه‌وه كه خه‌مێكى زۆر گه‌وره‌یه، برینێكه هه‌میشه به كراوه‌یى ده‌مێنێته‌وه. دووپاتیشى كرده‌وه كه هه‌رچى له‌توانادایه ده‌یكه‌ن و حكوومه‌ت له هه‌وڵى به‌رده‌وامدایه بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت چاره‌نووسى ئه‌وان بدۆزێته‌وه و ڕزگارییان بكات.
پاشان تیشكى خسته سه‌ر ڕووداوه‌كان و دووپاتى كرده‌وه كه وێڕاى سه‌ختى و دوورهدهستیى جوگرافیاى ناوچه‌ى شه‌نگال كه له سنوورى هه‌رێمى كوردستان دابڕاوه، ناهاوسهنگییهكى ته‌واویش له نێوان چه‌ك و تفاقى پێشمه‌رگه و هێزه‌كانى تیرۆرستانى داعشدا هه‌بووه، به‌ڵام دووپاتیشى كرده‌وه كه كه‌موكوڕى و هه‌ڵه‌ش هه‌بووه و هه‌موو ڕێكارێك به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ى خه‌مساردییان كردووه ده‌كرێت و سزا ده‌درێن، هه‌روه‌ها دڵنیاى كردنه‌وه كه سه‌ركه‌وتن به‌ڕێوه‌یه و هه‌موو خوشك و برایانى ئێزدى به سه‌ربه‌رزى و سه‌رفرازى ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵ و زێدى خۆیان.
لاى خۆیه‌وه بابا شێخ گه‌وره‌پیاوى ئێزدییان داواى كرد كه ده‌زگاكانى حكوومه‌ت ئه‌وپه‌ڕى هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو هاوكارى و یارمه‌تییه‌ك پێشكه‌ش به خه‌ڵكى ئاواره و ده‌ربه‌ده‌رى شه‌نگال و ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى بكرێت. پاشان به‌شدارانى كۆبوونه‌وه؛ پوخته‌یه‌كیان له به‌سه‌رهات و ڕووداوه‌كان و دید و بۆچوونى خۆیان بۆ چۆنیه‌تیى مامه‌ڵه‌كردن و به‌هاناوه‌چوونى ئاواره‌كان خسته ڕوو.
به‌شدارانى كۆبوونه‌وه هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینى خۆیان بۆ حكوومه‌ت و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان و پارێزگاى دهۆك بۆ به‌هاناوه‌چوونى لێقه‌وماوان ده‌ربڕى و داوایان كرد هه‌ڵمه‌تێكى گه‌وره‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ هاوكاریكردنیان بكرێت و شه‌نگال و ناوچه‌كانى دیكه له لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه ئازاد بكرێن. هه‌روه‌ها داوایان كرد كه هه‌وڵ بدرێت پاراستنێكى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ناوچه‌كانى كوردانى ئێزدى هه‌بێت، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش پشتگیریى ته‌واوى خۆى بۆ ئه‌م داواكارییه دووپات كرده‌وه.
له كۆتاییى دیداره‌كه‌دا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌موو ڕێكارێكى پێویست و به‌په‌له‌ى گرتووه‌ته به‌ر بۆ ئه‌وه‌ى به هاناى ئاواره‌كانه‌وه بچێت و له هه‌وڵى به‌رده‌وامدایه بۆ ئه‌وه‌ى پردێكى به‌هاناوه‌چوونى خێرا له نێوان هه‌ولێر و ئه‌ورووپادا بكرێته‌وه تا كۆمه‌ك و هاوكارییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بگه‌یه‌نێته لێقه‌وماوان.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها بڕیارى دا هه‌ر خێزانێكى ئێزدیى ناوچه‌ى شه‌نگال به‌پێى پسووله‌ى خۆراك هاوكارییه‌كى به‌په‌له‌ى دارایى پێ بدرێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته لیژنه‌یه‌كى تایبه‌ت پێك بێت. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: حكوومه‌ت هه‌موو ڕێكارێك ده‌گرێته به‌ر بۆ ئه‌وه‌ى به‌سه‌رهاتى ئێزدییه‌كان له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تیدا و له ڕووى یاساییه‌وه وه‌ك جینۆساید و قڕكردنى ئایینى و نه‌ژادى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بكرێت.
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 13ى ئابى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ پارێزگار و به‌رپرسانى یه‌كه كارگێڕییه‌كانى پارێزگاى دهۆك كۆ بووه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى له نزیكه‌وه به‌دواداچوون بۆ ڕه‌وشى په‌نابه‌ران و ئاواره‌كانى ناوچه‌ى شه‌نگال و ده‌شتى نه‌ینه‌وا و ده‌وروبه‌ریان بكات و له پێداویستییه‌كانیان بكۆڵێته‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز پارێزگارى دهۆك پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى ڕه‌وشى په‌نابه‌ران و ئاواره‌كانى ئه‌م دواییه‌ى ناوچه‌كه خسته ڕوو كه زۆربه‌یان له خوشك و برایانى كوردانى ئێزدى و مه‌سیحییه‌كان و له هه‌موو پێكهاته نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كانى ناوچه‌ى شه‌نگال و ده‌شتى نه‌ینه‌وان. تیشكى خسته سه‌ر ئه‌وه‌ش كه هه‌ر زوو لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان و خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ش ئه‌ركى خۆیان جێبه‌جێ كرد و به‌هاناى ئاواره‌كانه‌وه چوون، به‌ڵام له‌به‌ر زۆریى ژماره‌یان، هێشتا پێویستییان به یارمه‌تى و هاوكارییه‌كى زۆر زیاتر هه‌یه و ده‌بێت.
پاشان به‌ڕێز وه‌زیرى دارایى باسى له‌وه كرد كه تا ئێستا ته‌نیا حكوومه‌تى هه‌رێم ئه‌ركى دارایى و خه‌رجییه‌كانى هاوكارى و یارمه‌تیدانى په‌نابه‌رانیان خستۆته ئه‌ستۆى خۆى و بێجگه له‌و كۆمه‌ك و یارمه‌تیانه‌ى كه خه‌ڵك پێشكه‌شى كردوون، هیچ لایه‌نێكى دیكه هاوكاریى داراییان پێشكه‌ش نه‌كردووه، بۆیه پێشنیارى كرد وه‌ك كه‌یسێكى له‌ناكاو و له ده‌ره‌وه‌ى ڕێنماییه‌كان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕه‌وشه‌كه‌دا بكرێت. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: بڕى ئه‌و (15) ملیۆن دۆلاره‌ى هه‌فته‌ى ڕابردوو له‌سه‌ر فه‌رمانى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران بۆ هاوكاریى په‌نابه‌ران خه‌رج كرا، ئه‌مڕۆ گه‌یشتۆته دهۆك و ده‌توانرێ به كار بهێنرێ.
لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كه حكوومه‌ت به هه‌موو تواناكانیه‌وه به‌رده‌وام ده‌بێت له هاوكاریكردنى په‌نابه‌ران و كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو پێداویستییه‌كانیان دابین بكات. هه‌روه‌ها بڕیارى دا بڕى (10) ملیۆن دۆلارى دیكه بخرێته سه‌ر ئه‌و (15) ملیۆن دۆلاره‌ى پێشتر ڕه‌زامه‌ندى له‌سه‌ر دراوه بۆ ئه‌وه‌ى ببێته (25) ملیۆن دۆلار و جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه له ماوه‌یه‌كى نزیكى داهاتوودا بڕى زیاترى پاره بۆ هاوكاریكردنى په‌نابه‌ران و ئاواره‌كان خه‌رج ده‌كرێت.
هه‌روه‌ها داواى كرد كه له قۆناغى یه‌كه‌مدا په‌له له دابینكردنى پێداویستییه هه‌نووكه‌یى و سه‌ره‌كییه‌كانى ژیان بكرێت، پاشان هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌و كه‌مپانه دابین بكرێن كه بڕیاره له چه‌ند ناوچه‌یه‌كى پارێزگاكه بكرێنه‌وه. ئه‌وپه‌ڕى سوپاس و پێزانینى حكوومه‌تیشى بۆ هاووڵاتیان و خه‌ڵكى ناوچه‌كه و كوردستان به گشتى ده‌ربڕى بۆ ئه‌و كۆمه‌ك و هاوكارییانه‌ى كه پێشكه‌ش به لێقه‌وماوانى ده‌كه‌ن و، ئه‌م به‌هاناوه‌چوونه‌ى خه‌ڵكى؛ به‌وپه‌ڕى دڵسۆزى و هه‌ڵوێستێكى به‌رزى مرۆڤانه و نیشتمانى له قه‌ڵه‌م دا، كه مایه‌ى هه‌موو زێر و پێزانینێكه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز وه‌زیرى پلاندانان، پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ده‌زگا و ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان خسته‌ر ڕوو كه ده‌یانه‌وێ هاوكاریى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن و یارمه‌تیى په‌نابه‌ران بده‌ن و ئاماژه‌ى به‌وه دا كه گه‌وره‌ییى لێقه‌ومانى خه‌ڵكى ناوچه‌كه، ده‌زگا و لایه‌نه په‌یوه‌نداره نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى هێناوه‌ته سه‌ر هێڵ و ده‌یانه‌وێ له ئاستى زۆر به‌رزدا بێنه هه‌رێمى كوردستان و هاوكاریى په‌نابه‌ران بكه‌ن.
له كۆتاییى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى تیشكى خسته سه‌ر پێشهات و ڕووداوه‌كان و جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان پشتگیرییه‌كى فراوانى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه و پێشمه‌رگه‌ى كوردستان به گه‌یشتنى چه‌ك و تفاقى پێویست، ده‌توانێ تیرۆرستانى داعش بشكێنێت و سه‌ربكه‌وێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه ئه‌و برینانه‌یه كه به هۆى دڕنده‌ییى هێرشه‌كانى تیرۆرستانه‌وه له دڵى خه‌ڵكى ناوچه لێقه‌وماوه‌كان و كوردستاندا كه‌وتوونه‌ته‌وه و، چاره‌سه‌ركردنیان؛ كات و هه‌ستیارى و به‌رگه‌گرتن و مامه‌ڵه‌ى دروست و پشوودرێژى ده‌وێت.
نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 13ى ئابى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له به‌ڕێز كاردینال فێرناندۆ فیلۆنى ـ ى نێردراوى تایبه‌تى قه‌داسه‌تى پاپاى ڤاتیكان و شاندێكى یاوه‌رى كرد.
له دیدارێكدا شانده‌كه سڵاو و ڕێزى قه‌داسه‌تى پاپایان گه‌یانده به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران و، سوپاس و پێزانینى ڤاتیكانى بۆ هاوكارییه‌كانى حكوومه‌ت و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان بۆ خوشك و برایانى مه‌سیحیى ده‌شتى نه‌ینه‌وا و ناوچه‌كانى دیكه‌ى عیراق و هه‌موو ئه‌وانه‌ى له ئه‌نجامى هێرشه تیرۆرستییه‌كان و تاوانه دڕنده‌كانى داعش، ناچار بوون شوێن و جێگه‌ى خۆیان جێ بهێڵن و ڕوو بكه‌نه هه‌رێمى كوردستان، ده‌ربڕى.
لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه كه به‌هاناوه‌چوون و پاراستن و هاوكاریكردنى خوشك و برایانى مه‌سیحى و ئێزدى و هه‌موو پێكهاته نه‌ته‌وه‌یى و دینى و مهزهبییهكانى دیكه‌ى عیراق كه ڕوویان له هه‌رێمى كوردستان كردووه، ئه‌ركى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه و ئه‌وه‌ى له توانایدا بووبێت هیچ درێغى نه‌كردووه و ناكات، به‌ڵام له‌به‌ر زۆریى ژماره‌ى ئاواره و په‌نابه‌ران، به دڵنیاییه‌وه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ناتوانێت وه‌ك پێویست هاوكارییان بكات، بۆیه ده‌بێ حكوومه‌تى عیراق و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیش ئاوڕى جددى و به‌په‌له له ئاواره‌كان بده‌نه‌وه و هاوكارییان بۆ دابین بكه‌ن.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه كه خوشك و برایانى مه‌سیحى و ئێزدى و هه‌موو پێكهاته ئایینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى دیكه‌ش كه پێكهاته‌ى ڕه‌سه‌نى ناوچه‌كه‌ن و ڕیشه‌ى قووڵى مێژووییان له ناوچه‌كه‌دا هه‌یه، پێویستییان به‌وه‌یه كه نه‌ك هه‌ر به قسه، به‌ڵكوو به كردار له‌و تیرۆرستانه بپارێزرێن كه دێر و كلێسا و مزگه‌وت و مه‌زاره‌كان هه‌مووان پێكه‌وه به ئامانج ده‌گرن و دهیانتهقێننهوه. ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه تیرۆرستانى داعش سوپایه‌كى ته‌واون و له هه‌موو شوێنێكى دنیاوه ڕوویان كردووه‌ته ناوچه‌كه، بۆیه ده‌بێ ته‌واوى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیش له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و عیراق ڕووبه‌ڕوویان ببنه‌وه.
له به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا باس له ڕه‌وش و پێشهاته‌كان و ڕه‌وتى ڕووداوه‌كان كرا و هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پاراستنێكى نێوده‌وڵه‌تى بۆ هه‌موو پێكهاته نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كانى ده‌شتى نه‌ینه‌وا به مه‌سیحى و ئێزدى و شیعه و سوننه و كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و شه‌به‌ك و هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه پێویسته و، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌وه كرده‌وه كه هه‌موو كه‌ناڵ و تواناكانیان له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى به كار ده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ى پاراستنێكى نێوده‌وڵه‌تیى به‌و شێوه‌یه له ناوچه‌كه بۆ ئه‌و پێكهاتانه دروست ببێت و دڵنیایى بداته خه‌ڵكى ناوچه‌كه و له تیرۆر و ڕاوه‌دوونان و گرتن و ده‌ركردن، بیانپارێزێت.
شانده‌كه هه‌روه‌ها داواى كرد كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و قوتابیه ئاوارنه بدۆزێته‌وه كه ڕوویان له هه‌رێمى كوردستان كردووه بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن له هه‌رێمى كوردستان تاقیكردنه‌وه‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن و خوێندنى ئه‌مساڵیان نه‌فه‌وتێت، هه‌روه‌ها شوێنێك دیارى بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى خێزانه ئاواره‌كان بتوانن تیایدا نیشته‌جێ ببن و شوێنى حه‌وانه‌وه‌یان بۆ دروست بكرێت. به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش ڕه‌زامه‌ندى له سه‌ر هه‌ردوو داواكه نیشان دا و ڕایگه‌یاند كه لایه‌نه به‌رپرسه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕاده‌سپێرێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌په‌له كارى له‌سه‌ر بكه‌ن و جێبه‌جێى بكه‌ن.
له دیداره‌كه‌دا بڕیار درا كۆمیته‌یه‌كى باڵا له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى كوردستان له نێوان لایه‌نه په‌یوه‌نداره مه‌سیحییه‌كان و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا پێك بێت بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ماهه‌نگى بكه‌ن و وه‌ك پێویست به پیرى داواكارى و پێدوایستییه‌كانى ئاواره‌كانه‌وه بچن و په‌له بكرێت له دابینكردنى پێداویستییه هه‌نووكه‌ییه‌كان، هه‌روه‌ها بۆ هه‌مان مه‌به‌ست و له سه‌ر ئاستى پارێزگاكانیش كۆمیته‌ى هاوشێوه دابمه‌زرێن.
له كۆتاییى دیداره‌كه‌دا شاندى ڤاتیكان دووباره سوپاس و پێزانینیان بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و دووپاتیان كرده‌وه كه مه‌سیحییه‌كان هه‌رگیز ئه‌و به‌هاناوه‌چوون و هاوكارییه‌ى حكوومه‌ت و خه‌ڵكى كوردستان له‌بیر ناكه‌ن و مێژووش ئه‌م هه‌ڵوێسته به پیتى زێڕین ده‌نووسێته‌وه. به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش داواى كرد كه ڤاتیكان هه‌موو قورساییى خۆى له ئاستى نێوده‌وڵه‌تیدا به‌كار بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ى له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه پشتگیرى بۆ هه‌رێمى كوردستان و هاوكارى بۆ ئاواره‌كان مسۆگه‌ر بكات.