له لێدوانێكى تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ده‌رباره‌ى سه‌ردانى شاندى باڵاى حكوومه‌ت بۆ به‌غدا كه بڕیاره سبه‌ى یه‌كشه‌ممه 30ى نۆڤه‌مبه‌رى 2014 ئه‌نجام بدرێت، به‌ڕێز سه‌فین دزه‌یى وته‌بێژى فه‌رمیى حكوومه‌ت ڕایگه‌یاند:
دواى ئه‌و ڕێككه‌وتنه سه‌ره‌تاییه‌ى به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و عادل عه‌بدولمه‌هدى وه‌زیرى نه‌وتى عیراق پێى گه‌یشتن، وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ده‌سپێكردنى گفتوگۆیه‌كى جددى و هه‌ڵنانى هه‌نگاوى كرده‌یى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و ڕێككه‌وتنه سه‌ره‌تاییه و ڕاسپارده‌كانى په‌رله‌مان و لیژنه‌ى دانوستانى پێكهاتوو له لایه‌نه سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، سبه‌ى شاندێكى باڵاى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیران و به یاوه‌ریى به‌ڕێزان جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیره په‌یوه‌نداره‌كان و ژماره‌یه‌ك له ڕاوێژكاران، سه‌ردانى به‌غدا ده‌كات.
به‌ڕێز دزه‌یى هه‌روه‌ها گوتى: حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌میشه خوازیارى ئه‌وه بووه هه‌موو كێشه و گرفته‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا له ڕێگه‌ى دیالۆگ و لێكگه‌یشتنه‌وه چاره‌سه‌ر بكات و بگه‌نه ڕێگه‌چاره‌یه‌ك كه مایه‌ى ڕه‌زامه‌ندیى هه‌مووان و له به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌موو لایه‌نه‌كاندا بێت. له‌سه‌ر بنه‌ماى بڕوابوون به‌م پره‌نسیپه و دواى ئه‌و كه‌شه ئه‌رێنییه‌ى له ئه‌نجامى ڕێككه‌وتنه سه‌ره‌تاییه‌كه‌ى به‌ڕێزان سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زیرى نه‌وتى عیراق هاته كایه‌وه، له هه‌نگاوى یه‌كه‌مدا سبه‌ى شاندى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى به‌غدا ده‌كات و ده‌رگاى گفتوگۆ و دانوستان ده‌كاته‌وه، به‌و هیوایه‌ى گفتوگۆ و دانوستانه‌كان به لێكگه‌یشتن و ڕێككه‌وتن كۆتایى بێن وكێشه و گرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن.
به‌ڕێز وته‌بێژى فه‌رمیى حكوومه‌ت هه‌روه‌ها گوتى: بێگومان سه‌ردانى به‌غدا و ئه‌نجامدانى دیدار و كۆبوونه‌وه و ده‌سپێكردنى گفتوگۆ و دانوستان، به‌و مانایه نایه‌ت كه هه‌موو كێشه و گرفته‌كان به جارێك چاره‌سه‌ر ده‌كرێن و كه‌سمان چاوه‌ڕێى ئه‌وه ناكه‌ین هه‌موو دۆسیاكان به سه‌ردانێك یه‌كلا ببنه‌وه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا هیوادارین كردنه‌وه‌ى ده‌رگاى دیالۆگ و ده‌سپێكردنى دانوستانه‌كان، بماگه‌یه‌نێته ڕێككه‌وتن و ئه‌نجامێك كه له به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌رێمى كوردستان و ته‌واوى عیراقدا بێت و مایه‌ى ڕه‌زامه‌ندیى هه‌موومان بێت.
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، 27ى نۆڤه‌مبه‌رى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز لوبۆمیر زاورالیك وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى كۆمارى چیك و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه له جێگرى وه‌زیرى به‌رگرى و ژماره‌یه‌ك له دیپلۆماتكاران و به‌رپرسانى چیكى پێكهاتبوو.
له دیدارێكدا به‌ڕێز زاورالیك خۆشحاڵیى خۆى به‌م سه‌ردانه ده‌ربڕى و هه‌رێمى كوردستانى به شوێنێكى ئارام و سه‌قامگیر و پێشكه‌وتوو، له ناوجه‌ر‌گه‌ى ناوچه‌یه‌كى ناسه‌قامگیر و پڕ له كێشه و توندوتیژى ناوزه‌د كرد و ده‌ستخۆشى له خه‌ڵك و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد كه توانیویانه له ناوچه‌یه‌كى وه‌هادا، ده‌سكه‌وتى گه‌وره له ئارامى و ئاوه‌دانكردنه‌وه و پێشكه‌وتن به ده‌ست بهێنن. هه‌روه‌ها دڵگرانى و نیگه‌رانیى خۆى بۆ بارودۆخى ئه‌م دواییه نیشان دا كه له ئه‌نجامى هێرشه‌كانى تیرۆرستانى داعشه‌وه، هاتۆته ئاراوه.
به‌ڕێز وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى كۆمارى چیك ئاماده‌ییى وڵاته‌كه‌یشى بۆ پشتگرى و هاوكاریكردنى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى تا بتوانێت باشتر به‌ره‌نگارى تیرۆر ببێته‌وه و دووپاتى كرده‌وه كه كۆمارى چیك ئاماده‌یه چ له ڕووى سه‌ربازى و پێشكه‌شكردنى مه‌شق و ڕاهێنانه‌وه، چ له ڕووى كۆمه‌ك و هاوكاریى مرۆییه‌وه، یارمه‌تیى هه‌رێمى كوردستان بدات، تا بتوانێت باشتر ڕووبه‌ڕووى تیرۆرستان ببێته‌وه و به‌سه‌ریاندا سه‌ركه‌وێت. دڵنیاییى خۆیشى دووپات كرده‌وه كه له داهاتوویه‌كى نزیكدا هه‌رێمى كوردستان ده‌گاته كه‌نارى ئارامى و له به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوون و به‌ده‌ستهێنانى ده‌سكه‌وتى زیاتر، به‌رده‌وام ده‌بێت.
له بوارى ئابووریشه‌وه، به‌ڕێز وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى كۆمارى چیك جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه وڵاته‌كه‌ى ده‌توانێ هاوكار و هاوبه‌شى پێشكه‌و‌تنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌م سه‌ردانه‌یدا كۆمه‌ڵێك به‌رپرس و كۆمپانیاى كه‌رتى تایبه‌تى وڵاته‌كه‌ى یاوه‌رى ده‌كه‌ن، كه ده‌توانن له هه‌ردوو بوارى سه‌رمایه‌گوزارى و ڕاوێژكاریدا، هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت و كه‌رتى تایبه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا بكه‌ن.
لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى وێڕاى به‌خێرهێنانى شانده‌كه، دووپاتى كرده‌وه كه كۆمارى چیك له سه‌ره‌تاوه بۆ پشتگیریى هه‌رێمى كوردستان چ له ڕووى هاوكارى، چ له ڕووى مه‌عنه‌وییه‌وه، ڕۆڵێكى به‌رچاوى هه‌بووه و بۆ ئه‌مه‌ش سوپاسى حكوومه‌تى چیك و خه‌ڵكى وڵاته‌كه‌ى كرد. داكۆكیشى له‌وه كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان بایه‌خ و گرنگى به په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ كۆمارى چیك ده‌دات و خوازیارى بره‌ودان و پێشخستنى په‌یوه‌ندییه سیاسى و ئابوورییه‌كان و هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى سه‌ربازییه له‌گه‌ڵ كۆمارى چیكدا.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له هاتنى كه‌رتى تایبه‌تى چیكى ده‌كات و ئاماده‌یه هه‌موو هاوكارى و ئاسانكارییه‌ك پێشكه‌ش بكات تا زیاتر كارا بن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش شاندى چیكى له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له وه‌زیرانى په‌یوه‌ندارى هه‌رێمى كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان ساز كرد. تیایدا چۆنیه‌تیى بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كان و كارى پێكه‌وییى نێوان هه‌ردوو كه‌رتى گشتى و تایبه‌تى هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى چیك تاوتوێ كرا.
له به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا كه به‌ڕێزان جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و ژماره‌یه‌ك له وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران، باسى له ڕه‌وشى هه‌رێمى كوردستان و ده‌سكه‌وت و پێشكه‌وتنه‌كان كرد و تیشكى خسته سه‌ر جه‌نگى دژى تیرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆرستانى داعش. جه‌ختیشى له‌وه كرده‌وه كه ڕاسته هه‌رێمى كوردستان ئێستا له سنوورێكدا كه زیاتر له هه‌زار كیلۆمه‌تر درێژ ده‌بێته‌وه، له هێڵى پێشه‌وه‌ى شه‌ڕدایه له‌گه‌ڵ تیرۆر، به‌ڵام مه‌ترسییه‌كه به ته‌نیا له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه نییه، به‌ڵكوو داعش مه‌ترسییه‌كى نێوده‌وڵه‌تییه و پێویسته هه‌موو لایه‌ك هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بن بۆ نه‌هێشتنى ئه‌م مه‌ترسییه. ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غداش، دووپاتى كرده‌وه هه‌رێمى كوردستان خوازیارى ئه‌وه‌یه له ڕێگه‌ى دیالۆگه‌وه بگه‌نه چاره‌سه‌رێك بۆ هه‌موو كێشه‌كان كه له به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌موو لایه‌كدا بێت.
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 25ى نۆڤه‌مبه‌رى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز "گرێگۆرى گیسى" سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی چەپ لە په‌رلەمانی ئەڵمانیای فیدراڵ كرد كه دواى سه‌ردانێكى بۆ به‌غدا، گه‌یشته هه‌رێمى كوردستان.
له دیدارێكدا به‌ڕێز "گیسى" ده‌ستخۆشى له خه‌ڵك و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد كه له ناوچه‌یه‌كى ناسه‌قامگیر و نائارامدا، توانیویانه ده‌سكه‌وت و پێشكه‌وتنى زۆر به ده‌ست بێنن و ببنه مایه‌ى پێزانینى هه‌مووان. هه‌روه‌ها ستایشى ڕۆڵى خه‌ڵك و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى كرد له داڵده‌دانى ئاواره و په‌نابه‌ران كه له ئه‌ورووپا و ته‌واوى جیهان واى كردووه هه‌رێمى كوردستان وه‌ك پارێزه‌رى ته‌واوى پێكهاته ئایینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بناسرێت و ببێته مایه‌ى ڕێز و پێزانینى هه‌مووان.
په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و ئه‌ڵمانیا به‌شێكى دیكه‌ى دیاره‌كه بوو كه تیایدا به‌ڕێز "گیسى" دووپاتى كرده‌وه ئه‌لمانیا خوازیارى پێشخستنى په‌یوه‌ندییه‌كانیه‌تى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و ئاماده‌ییى ئه‌ڵمانیاى بۆ هه‌موو جۆره هاوكارییه‌ك و به‌تایبه‌تى هاوكاریى هه‌نووكه‌یى مرۆیى ده‌ربڕى له كاتێكدا وه‌رزى زستان خه‌ریكه ده‌گات و ئاواره و په‌نابه‌ران پێویستیان به هاوكاریى زیاتر هه‌یه، بۆیه داواى كرد لیستێكى پێداویستییه‌كان ئاماده بكرێت تا پێشكه‌ش به حكوومه‌تى وڵاته‌كه‌ى بكات.
هه‌ر له دیداره‌كه‌دا باس له پرۆسه‌ى سیاسیى عیراق و به‌شداریى هه‌رێمى كوردستان له حكوومه‌تى عیراقدا كرا و ڕۆڵى هه‌ولێر له داڕشتنه‌وه‌ى پرۆسه‌ى سیاسى له عیراق به‌رز هه‌ڵسه‌نگێنرا. به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان خوازیاره هه‌موو كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا له ڕێگه‌ى دیالۆگه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێت، له هه‌مان كاتدا خه‌ڵكى كوردستان مافى خۆیه‌تى گه‌ره‌نتى هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى كاره‌ساته‌كانى ڕابردووى به‌سه‌ر نه‌یه‌ته‌وه.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، هه‌روه‌ها داكۆكى له‌سه‌ر خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا كرده‌وه و سوپاسى ئه‌ڵمانیاى كرد كه هه‌میشه له كاتى ته‌نگانه‌دا هاوكاریى كوردستانى كردووه و زۆر جار له كاتى پێویستیدا له ڕێگه‌ى ئێن جى ئۆكانییه‌وه كۆمه‌كى گه‌یاندووه‌ته هه‌رێمى كوردستان. دووپاتیشى كرده‌وه كه ئاواره و په‌نابه‌ران پێویستییان به كۆمه‌ك و هاوكاریى زیاتره، هه‌روه‌ها له ڕووى سه‌ربازیشه‌وه هه‌رێمى كوردستان چاوى له یارمه‌تیى باشتره تا بتوانێت شكست به تیرۆرستانى داعش بێنێت، كه بوونه‌ته مه‌ترسى له‌سه‌ر ئاشتى و دیموكراسى له ناوچه‌كه و له جیهانیشدا.
ڕێوڕه‌سمى هه‌ڵمه‌تى ڕاگه‌ياندنى دوو هه‌فته چالاكى بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى توندوتيژى دژى ژنان
سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 25ى نۆڤه‌مبه‌رى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، به‌شدارى له ڕێوڕه‌سمى هه‌ڵمه‌تى ڕاگه‌یاندنى دوو هه‌فته چالاكیى بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى ژنان كرد، كه له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى باڵاى كاروبارى خانمانه‌وه له هه‌ولێر ساز كرا.
لە ڕێوڕەسمەکەدا هه‌روه‌ها به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک لە به‌ڕێزان وەزیرانی حکوومەت و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای خانمان و چه‌ندین بەرپرسی حکوومی و نوێنەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان به‌شدار بوون و له وته‌یه‌كدا كه به‌م بۆنه‌یه‌وه پێشكه‌شى كرد، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌ره‌تا سڵاو و ڕێز و خۆشەویستى ئاراستەی پێشمه‌رگه كرد کە هەر لە کۆبانێ تا دەگاتە جەلەولا و سەعدیە، ئەمڕۆ لە شەڕدان بۆ بەرگریکردن لە مافی خەڵکی کوردستان.
هه‌روه‌ها گوتى "سەری ڕێز و نەوازش بۆ پێشمەرگانە دادەنوێنین کە لەو ماوەیەدا لەپێناو بەرگریکردن لە وڵاتەکەماندا شەهید بوون. یادیان دەکەینەوە و داوای چاکبوونەوەی خێراش دەکەین بۆ ئەو بریندارانەی لەم شەڕەدا بریندار بوون. هیواخوازین زوو چاک ببنەوە و هیوادارین بە هاوکاریی هەموو لایەک بتوانین وڵاتەکەمان لەو بارودۆخەی ئێستا دەرباز بکەین."
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا ئه‌مساڵ له بارودۆخێکی جیاوازتردا ئه‌م هه‌ڵمه‌ته ڕاده‌گه‌یه‌نرێت، که به‌هۆی هێرش و تاوانکارییه‌کانی تیرۆرستانه‌وه، ئافره‌تان به‌تایبه‌تی له‌و شوێنانه‌ی که‌وتوونه‌ته به‌ر په‌لاماری تیرۆر، له ڕه‌وشێکی سه‌خت و له بارێکی مرۆیی و ده‌روونیی قورسدان و بوونه‌ته قوربانیی توندوتیژییه‌کی له‌ڕاده به‌ده‌ر.
ڕوونیشى كرده‌وه كه دوای هێرشە دڕندەکانی داعش و ئەو بارە نائارامەی لە ناوچەکە دروست بوو، خەڵکێکی زۆر دەربەدەر و ئاوارە بوون. خەڵکێکی زۆر، ڕۆڵە و کەسوکاری ئازیزی خۆیان لە دەست دا. ژمارەیەک لە کچ و ژنان ڕفێندران و ڕاستە هەرێمی کوردستان توانی باوەش بۆ خوشک و برایانی ئاوارە، بە ئێزدی، مەسیحی، موسڵمان، شەبەک، کاکەیی، تورکمان، کورد و عەرەبەوه بکاتەوە، بەڵام بارودۆخێکی تایبەت هاتە ئارەوە، کە مامەڵەیەکی جیا و تایبەتی پێوست بووە.
باسى له‌وه‌ش كرد كه ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ئاوارە و په‌نابه‌ر، که نزیکه‌ی یەک ملیۆن و پێنجسه‌د هه‌زار كه‌س ده‌بن، لە هەرێمی کوردستانن. خه‌ڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، به تواناکانی خۆی و بە هاوکاری و کۆمەکی نێودەوڵەتی، توانیویه‌تی تا ڕادەیەک که‌مپی نیشتەجێبوونیان بۆ دروست بكات و له زۆر له که‌مپه‌کاندا منداڵان گەڕاونەتەوە قوتابخانە و هەوڵ دراوه بارودۆخەکە ئاسایی بکرێته‌وه، بەڵام مەینەتی و ئازارەکان کۆتای‌یان نەهاتووە هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن.
هه‌روه‌ها به بیرى هێنایه‌وه كه ژن، هەمیشە قوربانیی یەکەمی جەنگەکان بووە و داعش ئافرەتی وەک ستراتیژێکی جەنگ بە کار هێناوە و گەورەترین تاوانی جەنگی بەرامبەر بە ژنان کردووە. ئافرەتانی کوردستانیشى دڵنیا كرده‌وه کە حكوومه‌ت کۆڵ نادات لە خەبات دژی جەنگ و توندوتیژی، لەپێناوی دابینکردنی ماف و ئازادی بۆ ژن و پیاو بە یەکسانی. هەموو پێشێلکارییەکى بەرامبەر بە ئافرەت، چ لەناو ماڵ و چ لە بەرەکانی جەنگ بێت، به پێشێلکردنی مافی مرۆڤى له قه‌ڵه‌م دا و لە ڕێگای ڕاگەیاندنی ئەم هەڵمەته‌وه جەختى لەسەر باوەڕ و بڕوابوون به پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و گەشەپێدانی زیاتری پرۆسەی دیموکراسی لە کوردستان كرده‌وه.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها گوتى: "ئێمە که ئەمڕۆ لێره بۆ ڕاگه‌یاندنی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته کۆبووینەته‌وە، لە ناخەوە هەست بە ئازار و مەینەتییەکانی ئەو ژنانە دەکەین، کە لە هێرشە دڕندەکانی داعشدا ڕفێندران و کرانە کۆیلە و مامەڵەیەکی نامرۆییی وایان لەگەڵ کراوە، کە دەچێتە بازنەی تاوانی جەنگ و جینۆسایدەوە. کەیسی ئەو خوشکە ئێزیدیانە هەر لە سەرەتاوە جێگەی ئه‌وپه‌ڕی گرنگی و بایەخی ئێمە بووه، بۆیە کۆمەڵێک ڕێکارمان دەست پێکردووە. ئامانجمان لەم کارانە، ڕزگارکردنی ئەو ئافرەتە خۆشەویستانە و هاوکاریکردنیانە، بۆ گەڕانەوە بۆ ناو ژیانی ئاساییی خۆیان لەنێو ماڵ وکۆمەڵگەکەیان."
هه‌روه‌ك چۆن باسى له‌وه كرد هه‌ر له‌م له‌م بۆنه‌یه‌دا، بیریان لای ئه‌و ژن و خوشکه مه‌سیحیانه‌شه، که له ناوچه‌کانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا و مووسڵ و ده‌وروبه‌ری و له شوێنه‌کانی دیکه، ناچار کران ماڵ و حاڵ و زێدی خۆیان جێ بهێڵن و ئاواره‌ی ناوچه جیاکانی هه‌رێمی کوردستان ببن و گوتى: "هه‌ست به ژان و ئازاری ئاواره‌یی و ماندووییی ئه‌وانیش ده‌که‌ین."
هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه كه شۆک و ئازارێکی دیکه‌ی دژواری ئه‌م تاوانکاری و هێرشه تیرۆرستیانه، ئه‌و برینه قووڵه و ئه‌و که‌رتبوونه کۆمه‌ڵایه‌تییه گه‌وره‌یه بوو، که له که‌لتووری سه‌دان ساڵه‌ی ته‌بایی و پێکه‌وه‌ژیان و ئاشتیی کۆمه‌ڵایه‌تیی پێکهاته ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا، دروست بوو. ڕووخانی پرده‌کانی بڕوا و متمانه بوو له نێوان دوو دراوسێدا، که خاوه‌ن دوو بڕوا و دوو ئایینی جیا بوون و سه‌دان ساڵه پێکه‌وه ده‌ژین، به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه هه‌ر له یه‌که‌م تێکچوونی بارودۆخه‌که‌دا، له‌ناکاو کۆتایی به‌و پێکه‌وه‌ژیانه دێرینه هات و ئه‌وى له‌و ناوچانە بەسەریاندا هات دوور بوو لە هەموو کارێکی مرۆڤایەتی.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى له وته‌كه‌یدا هاته سه‌ر باسى ئافره‌تی کورد كه بە درێژاییی مێژوو ڕووبه‌ڕووی زۆر جۆری توندوتیژی و نەهامەتی بۆتەوە، بەڵام هەمیشە لەسەر پێ وەستاوە و نەکەوتووە. وه‌ك چۆن ئەمڕۆ ژنانی کورد بۆ نموونە لە کۆبانێ، ڕووبه‌ڕووی هێزەکانی داعش بوونەتەوە و لە هەرێمی کوردستانیش، ژن بە هەمان شێوە خەبات دەکات، بەڵام بەپێى جیاوازیی دۆخەکە، خەباتى ژنان له هه‌رێم شێوازی جیاوازی وەرگرتووە.
هه‌روه‌ها گوتى: "ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان ئافره‌تان چالاکانە بەشداریی کاری سیاسی و پەرلەمانی و ڕێکخراوەیی و پیشەیی دەکەن. بە هەوڵ و توانای خۆیان و پشتگیریی حکوومه‌تیش، توانیویانە ڕێژەی کۆتا لە پەرلەمان بە 30% دابین بکەن. من کار دەکەم و هیوا دەخوازم کە ئەو کۆتایە، لە ناو کابینەی حکوومەتیش لە داهاتوودا رەنگبداتەوە."
ئاماژه‌ى به ڕۆڵى ژنان و هێز و توانایان كرد، كه هاوکار بوون لە دەستکاریکردنی یاسا عێراقییەکان و توانیویانە فرەژنی سنوردار بکەن، توندوتیژی بە بیانووی شەرەف وەکوو تاوان پێناسە بکەن، لە ڕێگەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانییەوە، دادگای تایبەت بە توندوتیژی بخەنە گەڕ. هەموو ئه‌مانه‌یشى به دەستکەوتى خەباتی ئافرەتانی کوردستان له قه‌ڵه‌م دا و ئەم خەباتەى ئه‌وانى بەرز نرخاند. جه‌ختیشى له‌وه كرده‌وه كه وەک دەسەڵاتی جێبه‌جێکردن و کارگێڕى لە هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبن لە هەوڵ و کارەکان، بۆ زیاتر چەسپاندنی ماف و ئازادییەکان و پێشخستنی پرۆسەی دیموکراسی لە وڵات. ئه‌وشى گوت كه بۆ گەیشتن بەم ئاستە، دەبێ لەسەر هەموو ئاستێکی ناو خێزان و شوێنی کار و مەیدانەکانی جەنگ، بەرەنگاری توندوتیژی ببنەوە.
هه‌روه‌ها خۆشحاڵیى خۆى ده‌ربڕى کە به‌پێى بەدواداچوونى بۆ ئەم پرسانه، ئامارەکانی کوشتن و خۆسووتاندن له هه‌رێمی کوردستان کەمیان کردووە، ئەمەش لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، چونكه ئافرەتان هۆشیارن بەرامبەر بە مافەکانیان و سەردانی بنکە و ئۆفیسه‌کانی پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتییەکان دەکەن و سکاڵا لە دژی تۆمەتباران تۆمار دەکەن. دووپاتیشى كرده‌وه كه لە ڕێگای بۆردی چاودێری و ئەنجومەنی کاروباری خانمان و بەڕێوەبەرایەتییەکانەوە، کار دەکەن بۆ ئەوەی دادوەری دابین بکرێت و مافی ژن بە هیچ جۆرێک پێشێل نەکرێت.
ئه‌وه‌شى نه‌شارده‌وه كه بۆ گۆڕانی یاساکان لە هەرێمی کوردستان و لە جێبەجێکردنی یاساکاندا، ڕووبه‌ڕووی تەحەددا بوونه‌تەوە، بەڵام کاریان کردووە بۆ ئەوەی ئەو تەحەددایانە ببەزێنن، ئەمەش لە ڕێگای پرۆگرامی هۆشیاریی گشتی لەسەر ئاستی دادوەری و پۆلیس و لە قوتابخانە و زانکۆکانیش، كه‌چى هێشتا تەحەددایان له‌پێشه و ئەم پرۆسەیە پێویستى به هاوکاریی هەمەلایەن هەیە بۆ ئه‌وه‌ى بگەینە سەرکەوتن.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه گوتى: "کارکردنی ئێمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، خەباتە دژی هەموو هێزێکی توندڕەو و تاریک، چ لە بەرەکانی جەنگ بێت، چ لەناو ماڵ و هەموو سووچێکی ئەم کوردستانە بێت. دەمێکە ئەم خەباتەمان دەست پێکردووە، دەستکەوتیشمان هەبووە، بەڵام ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە توندوتیژی بنبڕ بکەین، چونکه تا ئافرەت لە زوڵم و چەوساندنەوەدا بژیت، بە هیچ شێوەیەک کۆمەڵگە ئاسوودە نابێت."
لە کۆتاییدا هیوای سەرکەوتنى بۆ هەموو لایەک خواست و ڕایگه‌یاند: "با بیرمان نەچێت کە خەباتی ئێمە ڕۆژانەیە و دەبێ هەمیشە لە ئامادەباشیدا بین بۆ بەزاندن و نه‌هێشتنی پێشێلکاری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندڕەوی و چەوساندنەوەی مرۆڤ. پێشێلکردنی مافی ژن، پێشێلکردنی مافی مرۆڤە و دەبێ لە وڵاتەکەماندا هەوڵی بنبڕکردنی بکرێت. بۆیه با هه‌موومان پێکه‌وه کار بکه‌ین بۆ دروستکردنی ناتوندوتیژی و بۆ به‌دیهێنانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی به‌تاڵ له توندوتیژی دژی ژنان."
نێچيرڤان بارزانى
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز،
به‌یانیتان باش..
سەرەتا، بەخێرهاتنێکی گەرمی هەموو لایەکتان دەکەم، سوپاس بۆ ئامادەبوونتان لە ڕێوڕەسمی ڕاگه‌یاندنی هه‌ڵمه‌تى دوو هەفتەییى بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان. خۆشحاڵم کە هاوتا لەگەڵ ئێوەی بەڕێز لە سەرەتای ئەو دوو هەفتە چالاکییەدا بەشدار دەبم، بە خێر بێن.
پێش دەستپێکردنی قسەکانم، دەمەوێ لێرەوە بە ناوی ئەم كۆڕه بەڕێزەوە، سڵاو و ڕێز و خۆشەویستیی خۆمان ئاراستەی ئەو قارەمانانە بکەین کە ئەمڕۆ لە بەرەکانی جەنگدان بۆ بەرگری لە کوردستان و هەموو هەوڵێک و تێکۆشانی خۆیان دەدەن. ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی هەر لە کۆبانێ تا دەگاتە جەلەولا و سەعدیە، ئەمڕۆ لە شەڕی بەرگریدان، بۆ بەرگریکردن لە مافی خەڵکی کوردستان.
سڵاویان بۆ دەنێرین و سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو ئازیزانە و ئەو پێشمەرگانە دادەنوێنین کە لەو ماوەیەدا لەپێناو بەرگریکردن لە وڵاتەکەماندا شەهید بوون. یادیان دەکەینەوە و داوای چاکبوونەوەی خێراش دەکەین بۆ ئەو بریندارانەی لەم شەڕەدا بریندار بوون. هیواخوازین زوو چاک ببنەوە و هیوادارین بە هاوکاریی هەموو لایەک بتوانین وڵاتەکەمان لەو بارودۆخەی ئێستا دەرباز بکەین.
ئه‌مساڵ ئێمه له بارودۆخێکی جیاوازتردا ئه‌م هه‌ڵمه‌ته ڕاده‌گه‌یه‌نین، که به‌هۆی هێرش و تاوانکارییه‌کانی تیرۆرستانه‌وه، ئافره‌تان به‌تایبه‌تی له‌و شوێنانه‌ی که‌وتوونه‌ته به‌ر په‌لاماری تیرۆر، له ڕه‌وشێکی سه‌خت و له بارێکی مرۆیی و ده‌روونیی قورسدان و بوونه‌ته قوربانیی توندوتیژییه‌کی له‌ڕاده به‌ده‌ر.
به‌ڕێزان..
دوای هێرشە دڕندەکانی داعش و ئەو بارە نائارامەی لە ناوچەکە دروست بوو، خەڵکێکی زۆر دەربەدەر و ئاوارە بوون. خەڵکێکی زۆر، ڕۆڵە و کەسوکاری ئازیزی خۆیان لە دەست دا. ژمارەیەک لە کچ و ژنان ڕفێندران. ڕاستە هەرێمی کوردستان توانی باوەش بۆ خوشک و برایانی ئاوارە، بە ئێزدی، مەسیحی، موسڵمان، شەبەک، کاکەیی، تورکمان، کورد و عەرەبەوه بکاتەوە، بەڵام بارودۆخێکی تایبەت هاتە ئارەوە، کە مامەڵەیەکی جیا و تایبەتی پێوست بووە.
ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ئاوارە و په‌نابه‌ر، که نزیکه‌ی یەک ملیۆن و پێنجسه‌د هه‌زار كه‌س ده‌بن، لە هەرێمی کوردستانن. خه‌ڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، به تواناکانی خۆی و بە هاوکاری و کۆمەکی نێودەوڵەتی، توانیویه‌تی تا ڕادەیەک که‌مپی نیشتەجێبوون بۆ ئەو خوشک و برایانە دروست بکات و هەوڵی جێگیربوونیان بدات. له زۆر له که‌مپه‌کاندا، منداڵان گەڕاونەتەوە قوتابخانە و هەوڵمان داوە بارودۆخەکە ئاسایی بکەینەوە، بەڵام مەینەتی و ئازارەکان کۆتای‌یان نەهاتووە، دەبێ بەردەوام بین و کۆڵ نەدەین لە ڕووبه‌ڕووبوونەوەی توندوتیژی لە بەرەکانی جەنگ، لە ناو ماڵ و لە شوێنی گشتیدا.
ئێمە هەر لە سەرەتای ئەم دۆخە ناهەموارەدا، بە جددی کارمان کردووە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، بۆ دابینکردنی ئارامی و ئازادی و پاراستنی مافەکانمان وەک تاک و وەک نەتەوە. ژن، هەمیشە قوربانیی یەکەمی جەنگەکان بووە. هێزی تاریک و تیرۆریستی داعش، ئافرەتی وەک ستراتیژێکی جەنگ بە کار هێناوە و گەورەترین تاوانی جەنگی بەرامبەر بە ژنان کردووە. ئێمە ئەمڕۆ کە هەڵمەتی ڕووبه‌ڕووبوونەوەی توندوتیژی ئەمساڵمان ڕادەگەیەنین، هاوسۆزی و هاوخەمیمان بۆ ئەو ئافرەتانە دووپات دەکەینەوە.
هەروەها ئافرەتانی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە کۆڵ نادەین لە خەبات دژی جەنگ و توندوتیژی، لەپێناوی دابینکردنی ماف و ئازادی بۆ ژن و پیاو بە یەکسانی. هەموو پێشێلکارییەک بەرامبەر بە ئافرەت، چ لەناو ماڵ و چ لە بەرەکانی جەنگ بێت، پێشێلکردنی مافی مرۆڤە. لە ڕێگای ڕاگەیاندنی ئەم هەڵمەتەی ئەمساڵمانه‌وه، ئێمە جەخت لەسەر باوەڕ و قەناعەتمان دەکەینەوە، بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و گەشەپێدانی زیاتری پرۆسەی دیموکراسی لە کوردستان.
بەڕێزان..
ئێمە که ئەمڕۆ لێره بۆ ڕاگه‌یاندنی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته کۆبووینەته‌وە، لە ناخەوە هەست بە ئازار و مەینەتییەکانی ئەو ژنانە دەکەین، کە لە هێرشە دڕندەکانی داعشدا ڕفێندران و کرانە کۆیلە و مامەڵەیەکی نامرۆییی وایان لەگەڵ کراوە، کە دەچێتە بازنەی تاوانی جەنگ و جینۆسایدەوە. کەیسی ئەو خوشکە ئێزیدیانە هەر لە سەرەتاوە جێگەی ئه‌وپه‌ڕی گرنگی و بایەخی ئێمە بووه، بۆیە کۆمەڵێک ڕێکارمان دەست پێکردووە. ئامانجمان لەم کارانە، ڕزگارکردنی ئەو ئافرەتە خۆشەویستانە و هاوکاریکردنیانە، بۆ گەڕانەوە بۆ ناو ژیانی ئاساییی خۆیان لەنێو ماڵ وکۆمەڵگەکەیان.
به خۆشحاڵییه‌وە هه‌ندێ لەو ئافرەتانە ڕزگار کراون، بەڵام تمووحی ئێمە زۆر لەوە گەورەترە و دەزانین کە پێداویستییەکانیش، بەتایبەتی لە ڕووی دەروونییەوە، زۆر زۆرترن لەوەی کە تا ئێستا کاریان بۆ کراوه. بۆیە ئێمە ئەمڕۆ لێرە دووپاتی دەکەینەوە کە له کاره‌کان بەردەوام دەبین. هەروەها کارمان کردووە بۆ بەجینۆسایدناساندنی کەیسی خوشک و برا ئێزدییەکانمان. ئەمەش بە مەبەستی دابینکردنی دادوەری و مافی قەرەبووکردنەوە و پاراستنیان، چونکە ئەوەی بەرامبەر بەوان کراوه، بەپێی پێناسەی نێودەوڵەتی بۆ جینۆساید، بریتییە لە هێرشی سیستەماتیک و بەئه‌نقەست، بۆ لەناوبردنی بەکۆمەڵی خوشک و برا ئێزیدییەکانمان.
هه‌ر له‌م ڕۆژه و له‌م بۆنه‌یه‌دا، بیرمان لای ئه‌و ژن و خوشکه مه‌سیحیانه‌شه، که له ناوچه‌کانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا و مووسڵ و ده‌وروبه‌ری و له شوێنه‌کانی دیکه، ناچار کران ماڵ و حاڵ و زێدی خۆیان جێ بهێڵن و ئاواره‌ی ناوچه جیاکانی هه‌رێمی کوردستان ببن. هه‌ست به ژان و ئازاری ئاواره‌یی و ماندووییی ئه‌وانیش ده‌که‌ین.
شۆک و ئازارێکی دیکه‌ی دژواری ئه‌م تاوانکاری و هێرشه تیرۆرستیانه، ئه‌و برینه قووڵه و ئه‌و که‌رتبوونه کۆمه‌ڵایه‌تییه گه‌وره‌یه بوو، که له که‌لتووری سه‌دان ساڵه‌ی ته‌بایی و پێکه‌وه‌ژیان و ئاشتیی کۆمه‌ڵایه‌تیی پێکهاته ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا، دروست بوو. ڕووخانی پرده‌کانی بڕوا و متمانه بوو له نێوان دوو دراوسێدا، که خاوه‌ن دوو بڕوا و دوو ئایینی جیا بوون و سه‌دان ساڵه پێکه‌وه ده‌ژین، به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه هه‌ر له یه‌که‌م تێکچوونی بارودۆخه‌که‌دا، له‌ناکاو کۆتایی به‌و پێکه‌وه‌ژیانه دێرینه هات و ئه‌وى له‌و ناوچانە بەسەریاندا هات دوور بوو لە هەموو کارێکی مرۆڤایەتی.
خوشک و برایانی به‌ڕێز..
ئاشکرایە کە ئافره‌تی کورد بە درێژاییی مێژوو ڕووبه‌ڕووی زۆر جۆری توندوتیژی و نەهامەتی بۆتەوە، بەڵام هەمیشە لەسەر پێ وەستاوە و نەکەوتووە. ئەمڕۆ ژنانی کورد بۆ نموونە لە کۆبانێ، ڕووبه‌ڕووی هێزەکانی داعش بوونەتەوە. لێرە لە هەرێمی کوردستان، ژن بە هەمان شێوە خەبات دەکات، بەڵام دیارە بەپێى جیاوازیی دۆخەکە، خەباتى ژنان لێره شێوازی جیاوازی وەرگرتووە.
ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان ئافره‌تان چالاکانە بەشداریی کاری سیاسی و پەرلەمانی و ڕێکخراوەیی و پیشەیی دەکەن. بە هەوڵ و توانای خۆیان و پشتگیریی حکوومه‌تیش، توانیویانە ڕێژەی کۆتا لە پەرلەمان بە 30% دابین بکەن. من کار دەکەم و هیوا دەخوازم کە ئەو کۆتایە، لە ناو کابینەی حکوومەتیش لە داهاتوودا رەنگبداتەوە.
جگە لەمە، ژنان بە هێز و توانایان، هاوکار بوون لە دەستکاریکردنی یاسا عێراقییەکان، بۆ نموونە توانیویانە فرەژنی سنوردار بکەن، توندوتیژی بە بیانووی شەرەف وەکوو تاوان پێناسە بکەن، لە ڕێگەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانییەوە، دادگای تایبەت بە توندوتیژی بخەنە گەڕ. ئەمانە هەموو دەستکەوتن و بە خەباتی ئافرەتانی کوردستان هاتوونەتە دی. ئێمە ئەم خەباتە بەرز دەنرخێنین و وەکوو دەسەڵاتی جێبه‌جێکردن و کارگێڕى لە هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبین لە هەوڵ و کارەکانمان، بۆ زیاتر چەسپاندنی ماف و ئازادییەکان و پێشخستنی پرۆسەی دیموکراسی لە وڵاتەکەماندا.
بۆ گەیشتن بەم ئاستە، دەبێ ئێمە لەسەر هەموو ئاستێکی ناو خێزان و شوێنی کار و مەیدانەکانی جەنگ، بەرەنگاری توندوتیژی ببینەوە. ئەم هه‌ڵمه‌ته‌ش کە ئەمڕۆ ڕایدەگەیەنین، جەختکردنە لەسەر ئەو بڕوا و ئەو پابەندبوونەی ئێمە بەم پرۆسەیەوە.
خۆشحاڵم کە لە بەدواداچوونم لەسەر ئەم پرسانه، دەبینم ئامارەکانی کوشتن و خۆسووتاندن له هه‌رێمی کوردستان کەمیان کردووە، ئەمەش لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان. ئافرەتان ئەمڕۆ هۆشیارن بەرامبەر بە مافەکانیان و سەردانی بنکە و ئۆفیسه‌کانی پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتییەکان دەکەن و سکاڵا لە دژی تۆمەتباران تۆمار دەکەن. ئێمە لە ڕێگای بۆردی چاودێری و ئەنجومەنی کاروباری خانمان و بەڕێوەبەرایەتییەکانەوە، کار دەکەین بۆ ئەوەی دادوەری دابین بکرێت و مافی ژن بە هیچ جۆرێک پێشێل نەکرێت.
پێشتر ئاماژەم بە گۆڕانی یاساکان لە هەرێمی کوردستان کرد، لێتان ناشارمەوە کە لە جێبەجێکردنی یاساکاندا، ڕووبه‌ڕووی تەحەددا بووینەتەوە، بەڵام کارمان کردووە بۆ ئەوەی ئەو تەحەددایانە ببەزێنین، ئەمەش لە ڕێگای پرۆگرامی هۆشیاریی گشتی لەسەر ئاستی دادوەری و پۆلیس و لە قوتابخانە و زانکۆکانیش. بەڵام هێشتا تەحەددامان له‌پێشه، ئەم پرۆسەیە پێویستى به هاوکاریی هەمەلایەن هەیە بۆ ئه‌وه‌ى بگەینە سەرکەوتن.
کارکردنی ئێمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، خەباتە دژی هەموو هێزێکی توندڕەو و تاریک، چ لە بەرەکانی جەنگ بێت، چ لەناو ماڵ و هەموو سووچێکی ئەم کوردستانە بێت. دەمێکە ئەم خەباتەمان دەست پێکردووە، دەستکەوتیشمان هەبووە، بەڵام ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە توندوتیژی بنبڕ بکەین، چونکه تا ئافرەت لە زوڵم و چەوساندنەوەدا بژیت، بە هیچ شێوەیەک کۆمەڵگە ئاسوودە نابێت.
لە کۆتاییدا هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو لایەک دەخوازم. ئێمە لێرە بۆ ماوه‌ى دوو هەفتە ئەم هەڵمەتە ڕادەگەیەنین، بەڵام با بیرمان نەچێت کە خەباتی ئێمە ڕۆژانەیە و دەبێ هەمیشە لە ئامادەباشیدا بین بۆ بەزاندن و نه‌هێشتنی پێشێلکاری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندڕەوی و چەوساندنەوەی مرۆڤ.
پێشێلکردنی مافی ژن، پێشێلکردنی مافی مرۆڤە و دەبێ لە وڵاتەکەماندا هەوڵی بنبڕکردنی بکرێت. بۆیه با هه‌موومان پێکه‌وه کار بکه‌ین بۆ دروستکردنی ناتوندوتیژی و بۆ به‌دیهێنانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی به‌تاڵ له توندوتیژی دژی ژنان.
دووبارە سوپاستان دەکەم و هەموو لایەکتان بەخێر بێن هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 17ى نۆڤه‌مبه‌رى 2014, ئه‌نجومه‌نى ئابووریى هه‌رێمى كوردستان، به سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نه‌كه، كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پێداچوونه‌وه به شێوازى هاورده و هه‌نارده‌كردن له خاڵه سنوورییه‌كان، گومركه‌كان و یه‌كخستنى تاریفه‌كانى و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى كارمه‌ند و كادیرانى داموده‌زگانى ئه‌و بواره‌دا كرا، هه‌روه‌ها جه‌خت له هه‌ماهه‌نگیى زیاتر له‌گه‌ڵ به‌غدا كرایه‌وه، به تایبه‌تى كه عیراق ئه‌ندامى كۆمه‌ڵێك ڕێكخراوى نێوده‌وڵه‌تیى تایبه‌ت به‌و بواره‌یه و به‌رده‌وام كۆرس و خولى تایبه‌ت به‌و بوارانه بۆ كارمه‌ندانى ده‌كاته‌وه و ده‌كرێ هه‌رێمى كوردستانیش سوودیان لێوه‌ربگرێت.
كۆبوونه‌وه‌كه له فراونكردنى ده‌روازه سنوورییه‌كان و به‌تایبه‌تیش ده‌روازه‌ى سنووریى ئیبراهیم خه‌لیلى كۆڵییه‌وه بۆ فراوانبوونى بازرگانى و دامه‌زراندنى سیسته‌مێكى ئه‌لكترۆنى بۆ پێدانى مۆڵه‌تى هه‌نارده و هاوره‌كردن و پێكه‌وه‌به‌ستنى هه‌موو خاڵه سنوورییه‌كان له ڕێگه‌ى ئه‌م سیسته‌مه ئه‌لكترۆنییه‌وه.
له به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوایین هه‌نگاوه‌كانى دامه‌زراندنى بۆرسه‌ى هه‌ولێر، یان "بازاڕى هه‌ولێر بۆ كاغه‌زه داراییه‌كان" خرایه به‌ر باس و دواى پێداچوونه‌وه به پرۆژه و پێشنیاره‌كاندا، داوا كرا لایه‌نى په‌یوه‌ندار پشت به پسپۆڕانى بیانیى ئه‌و بواره ببه‌ستێت بۆ پێداچوونه‌وه به په‌یكه‌رى كارگێڕى و كاره‌كانى ئه‌م پرۆژه‌یه به شێوه‌یه‌ك كه له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م و پێوه‌ره جیهانییه‌كان و واقعى ئه‌مڕۆى كوردستاندا بگونجێت.
بەناوی خوای گەورە و میهرەبانه‌وه
هەواڵی كۆچی دواییی د.كەمال فوئاد، خەمگینی كردین، بەو بۆنه‌یەوە سەرەخۆشی لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بنەماڵەی خوالێخۆشبوو دەكەین.
خوالێخۆشبوو د.كەمال فوئاد، جگە لەوەی یەكێك بوو لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و یەكێك بوو لە سەركردە خەباتكارەكانی یەكێتی، لە هەمان كاتدا لە دوای ڕاپەڕین لە پۆستە ئیدارییەكاندا و هەروەها وەك سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش لە خولی گواستنەوەدا، ڕۆڵێكی دیاری لە چەسپاندنی ئاشتی و تەباییدا هەبوو. هەروەها د.كەمال فوئاد، لە بواری ڕۆشنبیریشدا خزمەتێكی زۆری ڕووناكبیری و مێژووی ڕۆژنامەگەریی كوردی كردووە، كە شاری خۆشەویستی سلێمانی و كوردستان بەگشتی، بەڕێزەوە ئەو خزمەتانەی بەبیر دێنێتەوە.
بۆ كۆچی دواییی د.كەمال فوئاد، هیواى بەهەشت بۆ خوالێخۆشبوو و، دڵنەوایی بۆ هەڤاڵان و كەسوكاری لە خوای مەزن دەخوازین.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆك وەزیرانی هه‌رێمى كوردستان.
2014/11/16
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 5ى نۆڤه‌مبه‌رى 2014، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان به‌شدارى له ديبه‌تێكى "ديدارى مێرى بۆ ديالۆگ و ئاشته‌وايى" كرد كه ئينستيتيوتى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بۆ توێژينه‌وه له هۆڵى هۆتێلى ڕۆتانا له هه‌ولێر سازى كردووه و ماوه‌ى دوو ڕۆژه به به‌شداريى ژماره‌يه‌كى دياره ميوانانى بيانى و ناوخۆيى، له سياسه‌تمه‌دار و ڕۆشنبير و ئه‌كاديمى و ڕۆژنامه‌وان و ميدياكاران به‌رده‌وامه.
له ديبه‌يته‌كه‌يدا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيران باسى له‌وه كرد كه دواى كۆتايي ساڵى 1989 ديواري به‌رلين ڕووخا و پاشان يه‌كێتيي سۆڤيه‌ت له‌به‌ريه‌ك هه‌ڵوه‌شا و جه‌نگي سارد كۆتايي هات، گه‌لێك وڵات ئازاد بوون، پاش ساڵى 1991يش باس له شه‌پۆلي چواره‌مي ديموكراسي هاته پێش و خه‌ڵكانى سياسه‌تمه‌دار و ئه‌كاديمي، باسي سيسته‌مي نوێي جيهانييان ده‌كرد و گه‌لاني ژێرده‌ست و مافخوراو چراي ئازادييان گه‌ش كرده‌وه.
دواى ئه‌وه‌ى چه‌ند ساڵێك تێپه‌ڕي، ڕۆژهه‌ڵاتي ناوه‌ڕاست گۆڕانكاريي گه‌وره‌ي به خۆيه‌وه نه‌ديت، شه‌پۆلي چواره‌مي ديموكراسي نه‌گه‌يشته ناوچه‌كه، زۆر كه‌س باسي نه‌گونجاويي ديموكراسي و سيسته‌مي سياسي و فه‌رهه‌نگيي ڕۆژهه‌ڵاتي ناوه‌ڕاستي ده‌كرد، زۆر كه‌س نا‌ئومێد بوون به‌رامبه‌ر ناوچه‌كه؛ ڕه‌شبيني بووه ڕوانگه‌ي هه‌ڵسه‌نگاندن و تێڕوانينيان، كه‌م كه‌س له‌و كاته‌دا سه‌رنجي داگيرساني مۆمێكي ديموكراسي له ناوچه‌يه‌كي بێ ديموكراسيدا ده‌دا، كه كوردستاني عيراق بوو، كه مايسي ساڵى 1992 هه‌نگاوي مێژوويي نا له پڕۆسه‌ي ديموكراسي و يه‌كه‌م په‌رله‌ماني ئازادي هه‌ڵبژارد.
نێچيرڤان بارزانى هه‌روه‌ها گوتى: هه‌ر له‌و ساڵه‌شدا په‌رله‌مانى كوردستان بڕياري دا په‌يوه‌نديي هه‌رێم له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تي عيراق له ئاينده‌دا له سه‌ر بنه‌ماي فيدڕاڵيزم بێت، به‌ڵام كه‌م كه‌س له ده‌ره‌وه‌ي هێزه سياسييه‌كاني كوردستان چاوه‌ڕوان بوون ئه‌م خه‌ونه بێته دي. ئه‌وه‌شى گوت: "ئێمه ناڵێين كه‌موكوڕيمان نه‌بووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه دڵنياين ئه‌وه‌يه ئێمه له‌سه‌ر ڕێگه‌يه‌كى ڕاست به‌ره‌و ئاينده‌يه‌كى گه‌ش، هه‌نگاو ده‌نێين".
پاشان هاته سه‌ر باسى ساڵي 2003، كه عيراق گۆڕانێكي بنه‌ڕه‌تي به‌سه‌ردا هات و له ماوه‌ي دوو ساڵى دواتردا سه‌ركرده‌كاني كوردستان و پێكهاته‌كاني ديكه‌ي عيراق له‌سه‌ر بنه‌ماي ده‌وڵه‌تێكي ديموكراتى و فره‌يي و فيدڕاڵي له‌سه‌ر ده‌ستوورێكي نوێ له عيراقدا ڕێككه‌وتن. ئينجا ڕيفراندۆم له‌سه‌ر ده‌ستوور كرا و چوار له پێنجي ده‌نگده‌ران له سه‌رتاسه‌ري وڵات، ده‌ستووريان په‌سه‌ند كرد. له كوردستانيش له ساڵى 2005ه‌وه تا سێ هه‌ڵبژاردني په‌رله‌مان له كراوه، حكوومه‌ت به ئاشتي پێكهاتووه و ئاڵوگۆڕي ده‌سه‌ڵات به شێوه‌يه‌كى ئاشتيانه ئه‌نجام دراوه. بۆيه گوتى: ئه‌م چوارچێوه مێژووييه بۆ تێگه‌يشتنمان له گۆڕانكاريي هه‌نووكه‌ييي ڕۆژهه‌ڵاتي ناوه‌ڕاست گرنگه.
به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى ڕوونى كرده‌وه كه له‌م چه‌ند ساڵانه‌ي دواييدا ده‌بينين سيسته‌مي سياسيي ناوچه‌كه تووشي قه‌يراني ترسناك و ئاينده‌يه‌كي ناديار بووه. هه‌ندێ ڕژێمي وه‌ك سه‌ددام حسێن و موعه‌ممه‌ر قه‌ززافي و حوسني موباره‌ك له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات نه‌ماون. هه‌ندێ وڵاتيش، وه‌ك سووريا و يه‌مه‌ن، تووشي شه‌ڕي ناوخۆ و ئايدۆلۆژيي توندڕه‌و بوون. له هه‌رێمي كوردستان ناتوانرێت مه‌ترسيي ڕووبه‌ڕووبه‌نه‌وه له‌گه‌ڵ هێزێكي يه‌كجار زۆر دڕنده، كه ئاڵاي ده‌وڵه‌تي ئيسلامي هه‌ڵگرتووه، پشتگوێ بخرێت، چونكه له‌وانه‌يه ببێته هه‌ڕه‌شه‌ي مان و نه‌مان له ده‌سكه‌وته‌كانى هه‌رێمى كوردستان.
زياتريش له‌مباره‌يه‌وه گوتى: "هه‌رێمي كوردستان ئێستا له‌دژي هێزێكي پڕچه‌كي توندڕه‌و وه‌ستاوه، خه‌ڵكي كوردستان به ته‌نيا ناتوانێت سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت دژي ئه‌م جۆره تيرۆره نوێيه. پێويستمان به هاوكاريي سه‌ربازي، مرۆيي، ئابووري، هه‌واڵگري و ئه‌خلاقيي دۆستانمان هه‌يه له ده‌ره‌وه. ئێمه له ناوچه‌يه‌كدا ده‌ژين كه هه‌وڵي چه‌سپاندني ديموكراسي تێيدا تووشي گه‌لێك نشوستي بووه، مافي كه‌مايه‌تيي ئاييني و نه‌ته‌وايه‌تي سه‌رتاپا پێشێل ده‌كرێت، توندڕه‌ويي سياسي بۆته ته‌نها چاره‌ڕێ".
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيران دووپاتى كرده‌وه كه هه‌رێمي كوردستان به به‌راورد له‌گه‌ڵ زۆر وڵاتي ديكه‌ي ڕۆژهه‌ڵاتي ناوه‌ڕاست، نموونه‌ي پڕۆسه‌ي ئاشته‌وايي و سنگفراوانييه، پاراستني ئه‌م ئه‌زموونه ئه‌ركي گشت لايه‌كي ديموكرات و ئازاديخوازه. پاراستني ئه‌زمووني هه‌رێمى كوردستان هيوا به زۆر كه‌س ده‌به‌خشێت كه ديموكراسي، لێبوورده‌يي، پێكه‌وه‌ژيان و پاراستني مافي كه‌مايه‌تييه‌كانيان به‌لاوه گرنگه و بايه‌خى پێ ده‌ده‌ن.
هه‌روه‌ها گوتى: "بێگومان ئه‌گه‌ر ئێمه له ده‌ره‌وه ته‌ماشاي ڕۆژهه‌ڵاتي ناوه‌ڕاست بكه‌ين، به تايبه‌ت له گۆشه‌نيگاى ميدياوه، ده‌بينين كوشتار له زۆر شوێن هه‌يه. به‌ڵام نابێت ئه‌و ڕاستييه‌ش له‌بير بكه‌ين كه هه‌رێمي كوردستان وه‌ك هێزێكي سه‌قامگيرى، ڕۆڵي چالاكي بينيوه له پانزه ساڵي ڕابردوو له عيراقدا".
ئه‌وه‌يشى به بير هێنايه‌وه كه له گه‌رمه‌ي شه‌ڕي نێوان شيعه و سوننه له عيراق، هێزه سياسييه‌كاني كوردستان هه‌وڵي دۆزينه‌وه‌ي خاڵي هاوبه‌شيان ده‌دا له نێوانياندا بۆ ئارامكردنه‌وه‌ي باري ئاسايش و سياسي له وڵاته‌كه‌دا. ماڵ و ئۆفيسي سه‌ركرده‌كاني كوردستان له به‌غدا كراوه بوو بۆ لێكنزيككردنه‌وه‌ي هێزه سياسييه‌كان له عيراقدا، به‌تايبه‌تى وه‌ك گوتى: "جه‌نابى سه‌رۆك كۆمار تاڵه‌بانى، له‌و كاته‌دا هه‌موو هه‌وڵى خۆى به‌گه‌ڕ ده‌خست بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پێكهاتانه له يه‌كتر نزيك بكاته‌وه".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه دا كه هه‌ندێ له ميوانه بيانييه‌كان جار جار باسي ئاستي لێبورده‌ييي خه‌ڵكي كوردستان ده‌كه‌ن به هه‌موو پێكهاته‌كانيه‌وه به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو ناعه‌داله‌تيه مێژووييه‌ي به‌رامبه‌ريان كراوه. باسي خۆڕاگريي خه‌ڵكي ناوچه ناكۆكي له‌سه‌ره‌كان ده‌كه‌ن كه‌وا زياتر له ده ساڵه به پشووي درێژخايه‌نه‌وه چاوه‌ڕێي جێبه‌جێكردني مافێكي ده‌ستووريى خۆيانن بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر زێدي باب و باپيرانيان.
جه‌ختيشى له‌وه كرده‌وه كه تا له تواناى هه‌رێمى كوردستاندا بێت به هاناي گشت پێكهاته‌يه‌كي عيراقه‌وه ده‌چێت و پاراستني ئه‌وانى وه‌ك پاراستني خه‌ڵك و خاكى كوردستانله قه‌ڵه‌م دا. ڕاشيگه‌ياند كه "ئه‌گه‌ر له ئه‌زمووني كوردستانه‌وه ته‌ماشاي ڕۆژهه‌ڵاتي ناوه‌ڕاست بكه‌ين، پێم وايه بتوانين بڵێين ناشتني تۆوي لێبورده‌يي و دۆزينه‌وه‌ي چاره‌سه‌ري گونجاو بۆ گرفته سياسييه‌كانمان به شتێكي مه‌حاڵ نابينن. پرسياري سه‌ره‌كيي ئه‌وه‌يه: چۆن بنه‌ماي هاوبه‌ش پێكه‌وه دياري بكه‌ين، له‌سه‌ري ڕێك بكه‌وين و پاشان ڕێزيان لێ بگرين؟".
هه‌روه‌ها باسى له‌وه كرد كه كاتێك باس دێته سه‌ر سيسته‌مێكي سياسيي نوێ له ڕۆژهه‌ڵاتي ناوه‌ڕاست، ده‌كرێت لێكۆڵينه‌وه له‌سه‌ر زۆر لايه‌ني ئه‌زمووني كوردستان بكرێت تاكو بزانرێت چۆن له‌سه‌ر ئاستي ناوچه‌كه سوودي لێ وه‌رده‌گيرێت. ئه‌وه‌شى گوت كه "له چوارچێوه‌ي جيۆپۆليتيكي ئاڵۆزي ناوچه‌كه، هه‌رێمي كوردستان ئه‌مڕۆ بۆته فاكته‌رێكي سه‌قامگيري و له مێژووي كورتخايه‌ني ئه‌زمووني ديمۆكراسيي خۆي‌دا، توانيويه‌تى ئه‌و ڕاستييه بسه‌لمێنێت كه هه‌رێمى كوردستان له ناوچه‌كه فاكته‌رى سه‌قامگيرييه بۆ هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ى له ده‌وروبه‌رماندا ده‌ژين".
هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه كه كردنه‌وه‌ي كوردستان به ڕووي جيهاني ده‌ره‌وه‌دا، هانداني سه‌رمايه‌گوزاريي خۆماڵي و ده‌ره‌كي، ئابووريي هه‌رێمي گۆڕى. سياسه‌تي سه‌رده‌مانه‌ي نه‌وتي هه‌رێم تا ڕادده‌يه‌ك گرفتي كاره‌با و وزه‌ي له هه‌رێمى كوردستان چاره‌سه‌ر كرد و كوردستانيشي كرده ناوێك له‌سه‌ر نه‌خشه‌ي و‌زه له ته‌واوى جيهاندا. ئه‌م هه‌نگاوانه‌ش پێكه‌وه هيوايان به گه‌لي كوردستان و وڵاتاني دراوسێ به‌خشي كه ئاشتي و پێكه‌وه‌ژيان له ڕۆژهه‌ڵاتي ناوه‌ڕاستدا مه‌حاڵ نييه.
به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى تيشكى خسته سه‌ر ئه‌وه‌ى كه سێ مانگ له‌مه‌و پێش ئه‌زمووني ديموكراسي و پێكه‌وه‌ژياني ئاشتي و سه‌قامگيريى هه‌رێمى كوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ي مان و نه‌ماندا بوو، به‌ڵام بڕياري دۆستان و ديموكراسيخوازان بۆ به‌هاناوه‌هاتنى كوردستان، به‌ڵگه‌ي ئاشكرايه كه هه‌وڵي سياسي، سه‌ربازي، ئابووري و كۆمه‌ڵايه‌تيي چه‌ندين ساڵه‌ى هه‌رێمى كوردستان، بێهووده نه‌بووه. بۆيه ده‌كرێت لێكۆڵينه‌وه‌ي ورد بكرێت له‌سه‌ر له‌دايكبووني سيسته‌مي نوێي ڕۆژهه‌ڵاتي ناوه‌ڕاست و هه‌لومه‌رجي به‌ردوامبووني، به جه‌ختكردن له‌سه‌ر ئه‌زمووني هه‌رێمي كوردستان.
هه‌روه‌ها جارێكى ئه‌وه‌ى به بير هێنايه‌وه كه ساڵي 1991، كوردستانيان تووشي كۆڕه‌وێكي گه‌وره بوون؛ كاتێك ڕژێمي سه‌ددام حسێن هێرشي ڕاسته‌وخۆي كرده سه‌ر كوردستان پاش شكستهێنان له شه‌ڕي كوێت. به‌ڵام هێزي هاوپه‌يمانان ئه‌و كاته پاش ماوه‌يه‌كي كورت به‌هاناى گه‌لي كوردستانه‌وه هاتن و ناوچه‌ى (no-fly-zone)يان دروست كرد، بۆيه هه‌ندێك له دۆستاني كورد، باسي ئه‌وه‌يان ده‌كرد كه كۆمه‌ڵگه‌ي نێوده‌وڵه‌تي؛ به‌رپرسێتيي خۆي پياده كرد له پاراستني ميلله‌تێك كه خۆي ده‌سه‌ڵات و تواناي پاراستني خۆي نه‌بووه. هه‌ندێك ئه‌كاديمي و سياسه‌تمه‌دار ده‌يانگوت: ده‌كرێت بڵێين سيسته‌مي نوێي جيهانيي پاش جه‌نگي سارد؛ له‌سه‌ر به‌هاناهاتني گه‌لي كوردستان داڕێژرا.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيران داكۆكى له‌وه كرده‌وه كه ده‌كرێت ئه‌مڕۆش بگوترێـ سيسته‌مي سياسيي نوێي ڕۆژهه‌ڵاتي ناوه‌ڕاست؛ نه‌ك ته‌نها له‌سه‌ر به‌هاناهاتني هه‌رێمي كوردستانه‌وه داده‌ڕێژرێت، به‌ڵكو ئه‌زمووني پێكه‌وه‌ژيان، هه‌وڵي چه‌سپاندني بنه‌ماي ديموكراسي و فره‌يي و ڕێزگرتن له وڵاتاني دراوسێ و دۆزينه‌وه‌ي چاره‌سه‌ري ئاشتيخوازانه بۆ ته‌حه‌دداكان له ڕه‌شبيني به‌رامبه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتي ناوه‌ڕاست كه‌مده‌كاته‌وه. هيواى پێده‌به‌خشێت كه ڕۆژهه‌ڵاتي ناوه‌ڕاستيش ده‌توانێت هه‌نگاوي گه‌وره و بچووك به‌ره‌و ئازادي، سه‌ربه‌ستي و ديموكراسي بنێت.
له كۆتاييدا هيواى خواست كه ئه‌زمووني كوردستان ئه‌مجاره ببێته مه‌شخه‌ڵێك بۆ گه‌شبيني به‌رامبه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتي ناوه‌ڕاست له‌سه‌ر بنه‌ماي ڕێزله‌يه‌كگرتن، سنگفراواني، هاوكاريي دژه‌تيرۆر، پاراستني مافي مرۆڤ و كه‌مايه‌تييه‌كان، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ي وڵات، خزمه‌تگوزاري و سيسته‌مي فه‌رمانڕه‌واييي دروست و گونجاو له‌گه‌ڵ ژياني ئه‌م سه‌رده‌مدا.
پاشان به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيران وه‌ڵامى چه‌ند پرسيار و تێبينييه‌كى ئاماده‌بووانى ديبه‌يته‌كه‌ى دايه‌وه.