بە ئامادەبوونی "نازم دەباغ" فیلمی "زمناکۆ" لە فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر نمایشکرا

مەنسوور جیھانی ـ بە ئامادەبوونی "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، فیلمی دیکۆمێنتاریی "زمناکۆ" لە دەرھێنانی "مێھدی قوربانپوور" سەبارەت بە کارەساتی ھەڵەبجە لە فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر نمایشکرا.

بە ئامادەبوونی "نازم عومەر دەباغ" نوێنەریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە شاری تاران، فیلمی دیکۆمێنتاریی "زمناکۆ" Zemnaco لە دەرھێنانی سینەماکاری ئێرانی "مێھدی قوربانپوور" و لە بەرھەمھێنانی "محەمەد شەکیبانیا" سەبارەت بە کارەساتی دەڵتەزێنی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجە بە دەستی ڕژێمی سەدام، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە چەندین سانسی جیاوازدا، لە بەشی "نمایشی تایبەت" واتە چاوخشاندنێک بە فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی جیھان لە سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران چووە سەر پەردەی سینەماکان.

دوای نمایشی ئەم فیلمە کوردییە "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران لە کۆشکی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران لە لایەن سینەماکاریی ناوداریی ئێرانی "ڕەزا میرکەریمی" و سەرۆکی ئەم فیستیڤاڵە بە گەرمیی پێشوازیی لێکرا و پاشان چاویی بە چەندین ئەکتەری ناودار و بەئەزموونی سینەمای ئێران لەوانە: "ڕەزا کیانیان"، "فاتمە موعتەمیدئاریا"، "عەلیڕەزا شەجاع نووری" کەوت.

ھەروەھا پەیامنێر و بەرھەمھێنەریی بەرنامەی سینەمایی "ڕخنەی ٤" لە کەناڵی ٤ی تەلەفیزیۆنی ئێران لەگەڵ نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران سەبارەت بە ڕەوشی سینەمای کوردستان و بەرھەمھێنانی فیلمی کوردیی وتووێژێکی تێرووتەسەلی ئەنجامدا.

 

فیلمی "زمناکۆ" لە یەکەمین سانسدا سەرەتا لە کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆی ڕۆژیی ٢١ی ئەپرێل لە ھۆڵی ژمارە ٥ی کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسوو و پاشان لە دووەمین سانسدا لە کاتژمێر ٩ی شەوی ٢٣ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە ھۆڵی ژمارە ٥ی کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران لە وڵاتی ئێران نمایشکرا و لە لایەن ڕەخنەگرانی سینەما، ڕۆژنامەنووسان، پەیامنێرانی سینەما و ھۆگرانی ھونەریی سینەماوە پێشوازیی لێکرا.

فیلمی کوردیی "زمناکۆ" بۆ بەدەستھێنانی خەڵاتی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ لەگەڵ کۆمەڵێک فیلم لە وڵاتانی جۆراجۆر، لەوانە: فەڕەنسا، چین، ئەرمەنیستان، ئێران، بڕازیل، ئیماڕات، فەلەستین، قەتەر، لوبنان، سووریا، ھۆڵەندا، ئەڵمانیا، کۆماری چێک، ژاپۆن، بەریتانیا، ئەمەریکا و پاڕاگۆئە لە ڕکابەریدا دەبێت.

چیرۆکی ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە سەبارەت بە ژیانی کوڕە کوردیی ھەڵەبجەیی زمناکۆیە کە لە ڕۆژی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجەدا لە دایکی جوێی دەبێتەوە و پاش ٢٢ ساڵ تێپەڕکردنیی ژیان لە ئێران، دەگەڕێتەوە بۆ زێدیی باب و باپیرانی لە شاری ھەڵەبجە لە ھەرێمی کوردستان.

 

فیلمی دیکۆمێنتاریی "زمناکۆ" لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا بە ئامادەبوونی "زمناکۆ محەمەد ئەحمەد" و ستافی ئامادەکردنی فیلمەکە لە بەشی پێشبڕکێی نەتەوەیی نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سینەما حەقیقەت" لە سینەماکانی سپێدە و فەلەستینی شاری تاران لە وڵاتی ئێران نمایشکرا و توانی خەڵاتی تەندیسی باشترین فیلمی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەی فیلمی دیکۆمێنتیبەدەستبێنێت.

ئەم فیلمە کوردییە لە درێژەدا لە حەڤدەیەمین خولی جەژنی ماڵی سینەمای ئێران بەشداریی کرد و توانی خەڵاتی تەندیسی باشترین فیلمی ئەم ڕووداوە گرینگەی سینەمای ئێرانیش بەدەستبێنێت.

 "زمناکۆ" لە دوایین بەشداریی خۆیدا لە بەشی فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی فەجر لە شاری تاران نمایشکرا و ڕێزی لێگیرا.

ئەم فیلمە کوردییە مانگی ڕابردوو لەسەر داوای "محەمەد عەبدوالوەھاب" پارێزگاریی ھەڵەبجە و لە ساڵڕۆژی کارەساتی دڵتەزێنی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجە بەدەستی ڕژێمی بەعس و بە ئامادەبوونی کەسایەتییەکانی فەھەنگی و ھونەری، ستافی ئامادەکردنی فیلمەکە و ھەروەھا خەڵکی شاری ھەڵەبجە، بە مەبەستی ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەھیدانی ھەڵەبجە لە مێنۆمێنتی شەھیدانی ئەم شارە نمایشکرا.

 سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر بە بەشداریی بەرھەمی سینەماکارانی کورد و سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی جیاواز، لەوانە: بەشی "سینەمای سەعادەت" واتە پێشبڕکێی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، بەشی "سینەمای سەعادەت" واتە پێشبڕکێی کورتە فیلمەکان، بەشی "جیلوەگاە شەرق" واتە سینەمای ئاسیا و وڵاتانی ئیسلامی، بەشی "جامی جیھان نەما" واتە فیستیڤاڵی فیستیڤاڵەکان، بەشی "نمایشی تایبەت" واتە چاوخشاندنێک بە فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی جیھان، بەشی "چاوخشاندنێک بە سینەمای فەڕەنسا"، پێشانگای ئێوەکانی فیلمی سینەمایی "مانگا" لە دەرھێنانی سینەماکاری ناوداری ئێران "داریووش مێھرجویی" و فیلمی سینەمایی "بای سەبا" لە دەرھێنانی سینەماکاری کرچکردووی فەڕەنسی "ئاڵبێر لامۆڕیس" و ھەروەھا بەشی "ڤەرکشۆپەکانی قوتابخانەی سینەمایی دارۆلفۆنوون" بە بەشداریی چەندین دەرھێنەر، ئەکتەر و وێنەگریی ناوداریی سینەمای ئێران و وڵاتانی بیانی، لە ڕۆژانی ٢٠ تا ٢٥ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران بەڕێوەچوو.

Read کد خبر: 1843

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی