هاوسه‌ری ئه‌رده‌وان كامكار، سوپاسی خۆی ئاراسته‌ی نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات كه‌ له‌ ته‌ندروستی هاوسه‌ره‌كه‌یان پرسیوه‌

  • شەممە, 09 ت دووەم 2013

 

 

 

تاران 9 تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ر  (PNA)ـ هاوسه‌ری موزیكزانی كورد ئه‌رده‌وان كامكار رایگه‌یاند: سوپاسی نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ تاران و سوپاسی ته‌واوی كورده‌كان ده‌كه‌م كه‌ له‌ ره‌وشی ته‌ندروستی ئه‌رده‌وان كامكاریان پرسیوه‌.خاتوو بیتا حه‌قیری هاوسه‌ری ئه‌رده‌وان كامكار، سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی ته‌ندروستی ئه‌م موزیكزانه‌ كورده‌ به‌ ئاژانس و رادیۆ په‌یامنێری راگه‌یاند: ته‌ندروستی ئه‌رده‌وان كامكار رۆژ له‌ دوای رۆژ به‌ره‌و باشتربوون ده‌چێت، له‌ ئێستادا پزیشك سه‌رقاڵی فیزیۆتۆراپی ئامێره‌كانی هه‌ناسه‌كێشانن كه‌ ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ توانای زیاتر په‌یدا بكات و به‌ زووترین كات له‌ ئامێره‌كانی هه‌ناسه‌كێشان جیا بكرێته‌وه‌، له‌و بڕوایه‌دام كه‌ به‌ زووترین كات ئه‌مه‌ ئه‌نجام بدرێت.

 

 گوتیشی: ته‌واوی پزیشكه‌كان و ئه‌و پرۆفیسۆرانه‌ كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ سه‌ردانیان كردووه‌، هه‌موویان گوتوویانه‌ كه‌ ته‌ندروستییان به‌ره‌و باشتربوونه‌ و مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی تێپه‌ڕكردووه‌ و له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا چاك ده‌بێته‌وه‌.

 ئه‌وه‌شی خسته‌ روو، پرۆفیسۆر موهاجیر كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پزیشكه‌ ناوداره‌كانی ئێران و له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا نیشته‌جێیه‌، ئه‌و كاته‌ی له‌ تاران بوو له‌ نه‌خۆشخانه‌ سه‌ردانی ئه‌رده‌وان كامكاری كرد و هیوای زووچاكبوونه‌وه‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ی پێداون و پێی راگه‌یاندن كه‌ ئه‌رده‌وان گرفتێكی ئه‌وتۆی نییه‌، به‌ مه‌رجێك كه‌ له‌ ئامێره‌كانی هه‌ناسه‌كێشان جیا بكرێته‌وه‌ و سیپه‌لاكه‌كانی بتوانن بۆخۆیان به‌ ئاسایی هه‌ناسه‌ هه‌ڵبكێشن و به‌ زووترین كات سی تی ئێسكه‌ن و ئێم ئاڕ ئای ده‌كرێت، تاكوو پزیشكه‌كان بزانن كه‌ مێشكی تووشی سه‌دمه‌ نه‌بووه‌ و پێشبینی ده‌كه‌ن كه‌ تووشی ئه‌م حاڵه‌ته‌ مه‌ترسیداره‌ نه‌بووبێت.

 روونیشی كرده‌وه‌: هه‌موو شتێك به‌ باشی به‌ره‌وپێشه‌وه‌ ده‌ڕوات و پزیشكه‌كان له‌و بڕوایه‌دان كه‌ مه‌ترسییه‌یكی ئه‌وتۆ له‌سه‌ر ته‌ندروستیی نییه‌ و هیوادارین كه‌ به‌ زووترین كات چاكببێته‌وه‌ و بگه‌ڕێوه‌ته‌وه‌ باوه‌شی بنه‌ماڵه‌ و گرووپی موزیكی كامكاران.

 بیتا حه‌قیری راشیگه‌یاند: ئه‌وه‌نده‌ خه‌ڵكی نزای زوو چاكبوونه‌وه‌یان بۆ كردووه‌ كه‌ ئه‌و متمانه‌یه‌م هه‌یه‌ ئه‌رده‌وان به‌ زووترین كات ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌. ده‌ستی ته‌واوی ئه‌و كه‌سانه‌ ماچ ده‌كه‌م كه‌ ده‌سته‌كانیان به‌ره‌و ئاسمان به‌رزكرده‌وه‌ و نزای چاكبوونه‌وه‌یان بۆ كردووه‌.

 گوتیشی "سوپاسی ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستانی ئێران، هه‌رێمی كوردستان، سه‌رتاسه‌ری ئێران و هه‌روه‌ها دۆستان و هه‌ڤاڵان له‌ سه‌رتاسه‌ری دنیا ده‌كه‌م كه‌ په‌یوه‌ندییان پێوه‌كردین و هاوخه‌می خۆیان و هیوای زووچاكبوونه‌وه‌یان بۆ ئه‌رده‌وان كامكار راگه‌یاند. رێز و حورمه‌تم بۆ ته‌واوی ئه‌و خۆشه‌ویستانه‌ هه‌یه‌ و قه‌دری ئه‌و هه‌موو گه‌وره‌ییه‌ی ئه‌وان له‌سه‌ر چاوانمه‌. ئه‌و متمانه‌یه‌م هه‌یه‌ كه‌ نزای خێری ئه‌م به‌ڕێزانه‌ بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ته‌ندروستی ئه‌رده‌وان به‌ره‌و باشتربوون ده‌ڕوات و ئه‌و مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌یه‌ تێپه‌ڕ بكات".

 ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد: هووشه‌نگ كامكار پێی راگه‌یاندووه‌ كه‌ نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ تاران نازم ده‌باغ و جێگره‌كه‌ی دكتۆر جگه‌رخوێن په‌یوه‌ندییان پێوه‌ كردووه‌ و له‌ ره‌وشی ته‌ندروستی ئه‌رده‌وان كامكاریان پرسیوه‌، له‌ رێگه‌ی په‌یامنێره‌وه‌ زۆر سوپاسی ئه‌م دوو به‌ڕێزه‌ و سوپاسی ته‌واوی كورده‌كان ده‌كه‌م كه‌ له‌ ره‌وشی ته‌ندروستی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌یان پرسیوه‌.

 ئاوازدانه‌ر، ئه‌ندامی گرووپی موزیكی كامكاران و ژه‌نیاری سه‌نتوور ئه‌رده‌وان كامكار سه‌ر له‌ به‌یانی رۆژی شه‌ممه‌ 21 ئه‌یلوول/ سێپته‌مبه‌ر 2013 به‌ هۆی جه‌ڵته‌ی دڵه‌وه‌ گه‌یاندرایه‌ نه‌خۆشخانه‌ی فه‌رمانییه‌ی تاران، ئێستا ته‌ندروستی باشه‌ و گوێزراوه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ده‌یی تاران و له‌ ژێر چاودێری پزیشك دایه‌.

 

مه‌نسوور جیهانی/ پ. ف

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 249
شیوه نمایشی سایت:
  • Font size:
  • Decrease
  • Reset
  • Increase