دکتۆر "فوئاد مەعسووم" سەرۆک کۆماری عێراق بە یاوەری شاندێکی پایەبەرز لە بەرپرسانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ لە رێگای پاڤیۆنی سەرۆک کۆمارییەوە گەیشتە تاران.

 دکتۆر "فوئاد مەعسووم" سەرۆک کۆماری عێراق بە یاوەری شاندێکی پایەبەرز لە بەرپرسانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، پێکھاتوو لە: "ملاس محەمەد عەبدوالکەریم" وەزیری بازرگانی و دکتۆر "قەتیبە ئیبراھیم ئەالجەبووری" وەزیری ژینگەی عێراق، لە رێگای پاڤیۆنی سەرۆک کۆمارییەوە گەیشتە تاران و لە لایەن "محەمەدرەزا نیعمەتزادە" وەزیری پیشەسازیی، کانزاکان و ئابووریی ئێران بە رەسمی پێشوازیی لێکرا.

 

لەم پێشوازییەدا "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، دکتۆر "جگەرخوێن" جێگری نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران، "ئینتسار ئەلداوودی" قایم مەقامی باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران، ھەندێک لە باڵیۆزانی وڵاتانی بیانی لەوانە: مەغریب، فەلەستین، ئەلجەزایر، ئیماڕات، سوودان، عومان، کووەیت، نوێنەری باڵیۆزخانەی توونس لە تاران، ئەندامانی باڵێۆزخانەی عێراق لە تاران و ھەندێک لە بەرپرسانی دیکەی ئێران تیایدا ئامادەبوونلەم بارەیەوە "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران رایگەیاند: دیارە ھەر وەکوو ھەموو لایەک ئاگادارن کۆماری عێراقی فیدراڵ و کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای دروستبوونییەوە پەیوەندییەکی باشیان پێکەوە ھەبووە و دیارە ئەو پەیوەندییەش دەگەڕێتەوە بۆ رۆژانی شۆڕش و تێکۆشان و خەبات دێژی رژێمی گۆڕبەگۆڕی پێشوو، کە ئێران ھەم لە رووخانی رژێمی بەعس و ھەم لە دروستکردنی عێراقی نوێی و ھەمیش لە شەڕی دژە تیرۆر رۆڵێکی گرینگی ھەبووە.

 

گوتیشی: بۆیە لەم کات و ساتانەدا ئەم جۆرە سەفەرانە بە پێویست دەزانرێت و ھەر لە چوارچێوەی ئەم بەرنامەیەشدا سەرۆک کۆماری عێراق دکتۆر "فوئاد مەعسووم" لە سەردانێکیدا گەیشتە کۆماری ئیسلامی ئێران و لە لایەن بەرپرسانی باڵای ئێران و باڵیۆزی وڵاتانی جۆراوجۆرەوە بە گەرمیی پێشوازیی لێکرا.

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران ئەوەیشی خستەڕوو: لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەی کە بۆ سەرۆک کۆماری عێراق دیاریکراوە، لەوانە: سیاسیی، فەرھەنگی، بازرگانی و ئابووری و پێشموایە مەسەلەی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکەدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران دیدار و چاوپێکەوتن ئەنجامدەدات، بە تایبەتی دوای ئەو قۆناغەی کە ئێستا عێراق تێیکەوتووە و شەڕکردن لەگەڵ داعیش و بەرەنگاربوونە لەگەڵ ئەم گرووپە تیرۆریستییە کە ئەمڕۆکە دەیبینین داعیش لە زۆربەی شوێنەکانی عێراقدا روو لە شکانە و لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەکانی ھەرێمی کوردستان لە پاشەکشەدان. کە پێموایە سەرفەرەکەی جەنابی دکتۆر "فوئاد مەعسووم" بۆ ئێران پێویستیی بەوە دەبێت کە لەو بارەیەشەوە قسەی لەسەر بکرێت.

ئاشکراشیکرد: دیارە لەو چوارچێوەیەدا ئەو سەفەری سەرۆک کۆماری عێراق کە ئەنجامدراوە پێموایە ئایندەیەکی باشی دەبێت لە بەردەوامبووم و پتەوکردنی پەیوەندییەکان و ھاوکاریی ھەر دوولا و بە تایبەتی ئێرانیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعیش.

"نازم دەباغ" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: لەم سەردانەدا سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرۆک کۆماری ئێران، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، سەرۆکی کۆبوونەوەی ھەڵسەنگاندیی بەرژەوەندییەکانی نیزام و ھەروەھا سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دیدار و چاوپێکەوتن ئەنجام دەدات.

گوتیشی: ئەوە یەکەمین سەردانی دکتۆر "فوئاد مەعسووم" وەکوو سەرۆک کۆماری عێراقە و بەڕێزیان یەکێک بووە لەو تێکۆشەرە دێرینانەی کە لە ھەموو بوارەکاندا لە چوارچێوەی سیاسیی و وەکوو سەرکردەیەکی کورد و سەرکردەیەکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کردووە و لە قۆناغێکیشدا لە کاتی شۆڕشدا و تێکۆشاندا نوێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردیستانیش لە ئێران بووە. دەتوانم بڵێم کە یەکێک لە دروستکەرەکانی پەیوەندیی نێوان کۆماری ئیسلامی ئَێران و یەکییەتی بووە. لە کاتی خۆشیدا بە نوێنەرایەتیی یەکێتی و جەنابی مام جەلال لەگەڵ خوالێخۆشبوو "ئیمام خومەینی" دیدار و چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە.

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران لە کۆتاییدا سەبارەت بە رەنگدانەوەی بەربڵاوی سەردانی دکتۆر "فوئاد مەعسووم" لە دەزگاکانی راگەیاندنیی ئێراندا گوتی: دیارە ئەوە سەلماندنیی ئەو لێکدانەوەیەی ئێمە بوو کە جەنابیان رۆڵێکی گرینگیان ھەبووە لە کاتی خۆی لە دروستکردنیی ئەو پەیوەندیانە و ئێستاش کە بەرێزیان سەرۆک کۆمارە دەتوانێت ھەمان رۆڵ کە جەنابی مام جەلال دیوییەتی ئەو ھەوڵ بدات بیبینێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندیییەکان و پاراستنی یەکریزی نەتەوەکانی عێراق.

 

 

 

 

 

 

 

وتووێژی "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران لەگەڵ ئاژانسی "ئیرنا"ی ئێرانی سەبارەت بە "فەریناز خوسرەوانی" و خەڵکی مەھاباد بەدرۆخرایەوە.

ماوەیەکە لە چەن ماڵپەڕ و دەزگای راگەیاندنەوە چەندین ھەواڵ و بابەت بە مەبەستی شکاندنی پیرۆزییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و نوێنەرایەتییەکەی لە تاران بڵاودەبنەوە کە دوورن لە راستییەوە و ھەموو یاسا و رێسا ئەخلاقییەکانیان تێپەڕاندووە بۆ گەیشتن بە مەرامی گڵاوی خۆیان.

لە دوایین ھەوڵی لەم چەشنەشدا ھەواڵێکیان بڵاوکردۆتەوە کە گوایە "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران لە وتووێژ لەگەڵ ئاژانسی ھەواڵی "ئیرنا"ی ئێرانیدا سەبارەت بە رووداوەکانی ئەم دواییەی مەھاباد قسەیان کردووە، وێڕای ئەوە کە بە سێرچێکی ساکار دەتوانین ببینین کە وەھا ھەواڵ و بابەتێک لە ماڵپەڕی ئیرنادا بوونی نییە، رایدەگەیەنین جەنابیان بە  ھیچ چەشنێک لەم بوارەدا قسەیان نەکردووە و بە ھیچ شێوەیەک دژایەتی و بێ‌رێزی بە خەڵکی سەربەرزیی مەھاباد و شوێنەکانی دیکە ناکەن و رێز و حورمەتی خۆشیان بۆ جەماوەری مەھاباد دووپات دەکەنەوە.

لەڕاستیدا ئەو کەسانەی کە ئەم جۆرە درۆ و دەنگۆیانە سازدەکەن، بێڕێزیی بە بنەماڵەی "فەریناز خوسرەوانی" و بەگشتیی خەڵکی مەھاباد دەکەن.

 

نووسینگەی رۆژنامەوانيی نوێنەرایەتيی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران.

دکتۆر "بەرھەم ساڵح" جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ دکتۆر "عەلی لاریجانی" سەرۆکی پەڕڵەمان و دکتۆر "حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاھیان" جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبۆەوە.

دکتۆر "بەرھەم ساڵح" جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بانگھێشت کرابوو، بە سەردانێک گەیشتە تارانی پێتەختی ئێران و لە لایەن دکتۆر "عەلی لاریجانی" سەرۆکی پەڕڵەمانی ئێران و ھەروەھا دکتۆر "حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاھیان" جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاروباری وڵاتانی عەڕەبی و ئەفریقا پێشوازیی لێکرا و لە کۆبوونەوەکاندا مەسەلەکانی عێراق و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە خرانە بەرباس و ئاخاوتنەوە.

لەم دیدارانەدا کە "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، "ئومێد کەریمیان" نوێنەری شاری مەریوان لە پەڕڵەمانی ئێران، دکتۆر "حوسێن شێخولئیسلام" راوێژکاری سەرۆکی پەڕڵەمانی ئێران لە کارووباری نێودەوڵەتی و چەندین کەسایەتیی دیکە تیایدا ئامادەبوون، باسی باروودۆخی عێراق و ناوچەکە کرا و ھەروەھا داھاتووی ناوچەکە دوای شەڕی داعیش و ئەو کێشە و گرفتانەی کە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھاتوونەتە پێشێی.

ھەر وەکوو لە رابردوودا سەرکردە سیاسییەکانی کورد لە کاتیی پێویستدا و لەسەر بانگھێشت، سەردانی وڵاتانی ناوچەکە و جیھانیان کردووە، سەردانی سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم قۆناغەی ئێستادا بۆ وڵاتی ئێران گرینگیی تایبەت بە خۆی ھەیە و شارەزایی لە بواریی لێکدانەوە و ھەڵسەنگاندن و بیرکردنەوە لە ئایندەی کێشەکانی ناوچەکە و بەتایبەتی لە عێراقدا کە داعیش روو لە لاوازییە و بەڵام لە ھەمان کاتیشدا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەدا کێشەکان روو لە گەرمییە. ھەر بۆ دانووستان لە باروودۆخی ئێستاکە و بیرکردنەوە لە داھاتوو و راوێژکردن لەگەڵ کەسانیی وەکوو دکتۆر "بەرھەم ساڵح" رۆڵ و کاریگەریی خۆی دەبێت.

دکتۆر "بەرھەم ساڵح" بە ھۆی کەمیی کات، تارانی پێتەختی ئێران بەجێھێشت و بە خێرایی گەڕایەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و دیدارەکانی دیکەی بۆ ئەنجامنەدرا.

 

 

 

 

"نازم دەباغ" نوێنەرى حکومەتی هەرێمى کوردستان لە تاران، لەگەڵ "هیسافومی شیمیزۆ" بەرپرسی سیاسی باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە تاران دیداری کرد.

 سەرلە بەیانی ڕۆژی پێنج شەممە ٩/٤/٢٠١٥ "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمى کوردستان لە نوسینگەی نوێنەرایەتی هەرێمى کوردستان لە تاران پێشوازیکرد لە "هیسافومی شیمیزۆ" بەرپرسی سیاسی باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە لە وڵاتی ئێران.

 لە دانیشتنەکەدا باس لە دواترین بارودۆخی سیاسییهەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان ژاپۆن وهەرێمی كوردستان قسەی لەبارەوه كرا.

 شاندی میوان ستاییشی ڕۆڵ و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە شكستدانی تیرۆریستانی داعش و باسی لەو هاووڵاتییە ژاپۆنییە کرد کە لە رێگای حاجی ئۆمەران لە هەرێمی کوردستان گیرابوو و دواییش ئازاد کراوە. ستایشی رۆڵ و بەدواداچوون و بەرەنگاربونەوەیان کرد.

 و هەروەها داوایان کرد کە بە ئۆتۆمبیلی خۆیان لە رێگای حاجی ئۆمەرانەوە بە پلاکی دیپلۆماسی و لەسەر حسابی خۆیان سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن. بۆ ئەم مەبەستەش نوێنەری حکومەتی هەرێمى کوردستان ئاگاداری کردن کە بە نامەیەکی فەرمی لە داخوازی و بەرنامەی خۆیان ئاگادارمان بکەنەوە.

 هەروەها لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا باس لەوە کرا کە حکومەتی ژاپۆن ناتوانێت راستەوخۆ یارمەتی سەربازی هەرێمی کوردستان بدات، بەڵام دەکریت لەڕوی کۆمەکی مرۆڤی و تەکنەلۆجیای شەر و مین هەڵگرتنەوە هاوکاری بکەن.

 "نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمى کوردستان وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە تیرۆر هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو جیهان جەختیشی لەوە كردەوە كە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش پێویستی بە هەوڵ و هاوكاریی هەموو لایەك هەیە و هیوای خواست کە حکومەتی ژاپۆن زیاتر لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشەکە بێت و پشتیوانی و هاوکاری زیاتری هەبێت بۆ هەرێمی کوردستان بە تایبەت دوای ئاوارەبوونی زیاتر لە دوو میلیۆن کەس بۆ هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو جەنگانەی کە ناوچەکەی گرتۆتەوە و بوونی قەیرانێکی ئابووری توند لە هەرێمی کوردستان.

 لەلای خۆشییەوە "هیسافومی شیمیزۆ" گوتی بۆ ئەم داواکارییە خوێندنەوەی جددی بۆ دەکەین و لەو پرسە بەرپرسان ئاگادار دەکەینەوە.

رووداو - هەولێر / "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران رایدەگەیێنێ، ئامادەکاریی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی نێوان ئێران و عێراق دەکرێ لەبارەی ئاڵوگۆڕی زیندانییان.

 

بەگوتەی "نازم دەباغ" ئەو رێککەوتننامەیە، ئەو زیندانییانە ناگرێتەوە کە لەسەر پرسەکانی پەیوەندیدار بە تیرۆر و کوشتن دەستگیرکراون.

 

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران هەروەها داوا لە کەسوکاری ئەو هاونیشتمانیانەی باشووری کوردستان دەکات کە لە ئێران بەندکراون،  لەبارەی دەستگیرکراوەکانیان ئاگاداریان بکەنەوە. 

 

لینکی وتووێژی تەلەڤیزیۆنی رووداو لەگەڵ "نازم دەباغ":

http://rudaw.net/sorani/kurdistan/0103201525

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، "حەکیم کەریم قادر" فەرماندەی پێشمەرگەی لە نەخۆشخانەی پارسیانی تارانی بەسەرکردەوە و ئاگاداری ڕەوشی تەندروستییان بوو.

"نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەمە 3 ئازار / مارسی 2015 لە نەخۆشخانەی پارسیانی تاران سەردانی "حەکیم کەریم قادر" فەرماندەی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی کرد و لە نزیکەوە ئاشنابوو لە باری تەندروستییان و ئومێدی زووچاکبوونەوەی بۆ خواستن و ئامادەیی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی نیشاندا بۆ هەر هاوکارییەک کە پێویستییان پێی بێت.

لە بەرامبەریشدا "حەکیم کەریم قادر" خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران بۆ نەخۆشخانە و لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی تەندروستییان و هەروەها سوپاسی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لە تاران و کارمەندانی ئەم نوێنەرایەتییەی کرد کە هەر لە ڕۆژە سەرەتاییەکانی گەیاندنی بۆ وڵاتی ئێران بە پەرۆش بوون و کاری پێویستیان بۆ ئەنجامداوە.

"حەکیم کەریم قادر" فەرماندەی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕ لەگەڵ گرووپی تیرۆریستی داعیش لە شاری کەرکووک برینداربوو و ماوەی سێ هەفتەیە کە لە نەخۆشخانەی پارسیانی تارانی لە ژێر چاودێری دکتۆرانی پسپۆڕ و شارەزا دایە و ئێستا باریی تەندروستی گونجاوە.

 

 

 

 

 

 

 

 

نازم عومەر دەباغ، ئەندامی پێشوتری مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ سایتی "میللەت"، ئاماژە بەوەدەكات كە بەپەیدابوونی داعش، ئێران بەپێی داخوازییەكانی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سەرۆكی هەرێم كاری پێویستی ئەنجامداوەو یەكەم وڵاتیش بووە كۆمەكی ناردوەو لەشەڕی داعش فریای هەرێمی كوردستان كەوتوە، جگە لەوەش لەزاخۆوە تا جەلەولاو سەعدیە كە بەرەكانی شەڕن راوێژكاری كۆماری ئیسلامی ئێرانی هەبوە و پشتیوانی لەهێزی پێشمەرگە كردوە.
ئەو دەشڵێت: ئەوەی بەدۆستی ستراتیجی 50 ساڵەی خۆمان دەزانی كە توركیا بوو لەشەڕی داعشدا نائومێدیان كردین، دەشپرسێت ئەگەر رێكەوتنی ستراتیجی هەرێم و توركیا بواری سەربازی تێدا نیە ئەی بۆچی سەربازگەی توركیا لەهەرێمی كوردستانە؟

 


میللەت: پشتیوانییەكانی ئێران بۆ هێزی پێشمەرگە بەتایبەت شەڕی داعش لەچ ئاستێكدا بووە؟

 

نازم عومەر دەباغ: ئێمە جوگرافیایەكی هاوبەشمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، لە رابردوشەوە تائێستا لە قۆناغە جیاجیاكانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد، پێویستیمان بە كۆماری ئیسلامی ئێران بووە، بۆیە پێموایە ئارامی و ئاسایشی ناوچەكە، چ لەهەرێمی كوردستان، یان لە ئێران بێت پێكەوە بەستراوەیەكیان هەیە، بۆیە لەم ماوەیەدا و بە پەیدابوونی داعش، ئێران بە پێی داخوازییەكانی هەرێمی كوردستان و بە تایبەت سەرۆكی هەرێم كاری پێویستی ئەنجامداوە، لە نامەی تایبەت و بۆنەكانیشدا چەند جارێك سەرۆكی هەرێم تەئكیدی لەسەر ئەوەكردوەتەوەو سوپاسی كۆماری ئیسلامی ئێرانی كردوە كە یەكەم وڵات بووە كە لەكاتی پێویستدا بەهانای هەرێمی كوردستانەوە هاتووە.

 


"بەپەیدابوونی داعش، ئێران بەپێی داخوازییەكانی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سەرۆكی هەرێم كاری پێویستی ئەنجامداوە"

 

"ئێران یەكەم وڵات بووە كۆمەكی ناردوەو یەكەم وڵات بووە كە لەشەڕی داعش فریای هەرێمی كوردستان كەوتوە"

 

میللەت: واتە ئێران بەپێی بارودۆخەكەو مەترسیەكانی داعش هەماهەنگی هەرێم بووە؟

 

نازم عومەر دەباغ: چ هەرێمی كوردستان بێت یان كۆماری ئیسلامی ئێران، دوو ناو و وڵات و دوو بیركردنەوەی جیاوازن، ستراتیجیەتی هاوبەش لەنێوانیاندا هەیە، بۆیە پێویستی بەوەدەكات كە لەلێكدانەوەو بۆچوندا گرفت بێتە پێشەوە، بەڵام هەردوولا بەدوای چارەسەركردنیەوە بوون، هەمیشە هەوڵیانداوە لەكاتی پێویستدا بتوانن لەئاستی داخوازییەكاندا بن بۆ هاوكاریكردن، ئەوەی ئەمڕۆ كێشە دروستدەكات دەبڕینی هەڵوێستی سیاسیەكانە، هەروەها هاوكارییەكانە،ئەو مەترسیانەشە كە بۆ هەردوولا دروستدەبن، ئەمڕۆ ئێران، وەك گوێمان لێی دەبێت ئەمریكاش دانبەوەدادەنێت كە رۆڵی ئێران بۆ سەقامگیری ناوچەكەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لەعێراق گرنگەو پێویستی بەوە هەیە هاوكاری هەبێت، ئەمڕۆ حكومەتی عێراق یەكێك لەو وڵاتانەی پشتی پێدەبەستێت لەناوچەكە كۆماری ئیسلامی ئێرانە كە ئەوەش بەڕەچاوكردنی بەرژەوەندییەكانی هەردوولا دەبێت.
لەم قۆناغەشدا نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت كە مەترسیەكانی داعش، مەترسیەكی گەورەیە لەسەر ناوچەكە، چ لەڕێی هەرێمی كوردستانەوە بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران، بۆیە زیاتر لەو بوارانەدا نزیكبونەوە هەیە.

 

 

 

"ئێران لەو ناوچانەی هەرێمی كوردستان كە راوێژكارەكانی لێبوە رۆڵی خۆی نواندوە بۆ شەڕكردن دژی داعش و پشتیوانی لەهێزی پێشمەرگە كردوە

 

 

 

میللەت: ئێران بەتایبەت لەزاری فەرماندە سەربازییەكانەوە چەندجارێك ئەوەی راگەیاندوە كە كاتێك داعش لەهەولێر نزیكبویەوە ئەوان نەیانهێشت هەولێر داگیربكەن؟

 

نازم عومەر دەباغ: دەبێت راستیەك هەیە بیزانین، جاری وەها هەیە هەندێك كەس، هەندێك لایەن ئیمكانە زیاد لەبیروبۆچونەكانی هەبێت، هەرێمی كوردستان ناكرێت ئەمە نادیدە بگرێت كە ئێران یەكەم وڵات بووە كۆمەكی ناردوەو یەكەم وڵاتیش بووە كە لەشەڕی داعش فریایی هەرێمی كوردستان كەوتوە، بەڵام بەو مانایە نیە كە 70 نەفەرەكەی ئەو توانیبێتی بەرەنگاری هەمووی بوبێتەوە، بەڵام نازانم 70 نەفەرە یان چەندە، دیارە ئەو زانیارییانە لای وەزارەتی پێشمەرگەو ئەو لایەنانەیە ئاگاداری چۆنیەتی هاوكارییەكەن، بەڵام بمانەوێت یان نەمانەوێت لەزاخۆوە تا جەلەولا و سەعدیە كە بەرەكانی شەڕن راوێژكاری كۆماری ئیسلامی ئێرانی لێیەو هەبوە، دەمێنێتەوە ئەندازەی نیازو پێویستی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە بەكۆمەكی كۆماری ئیسلامی ئێران.

 

 

 

"لەشەڕی داعشدا ئاماژە بەهاوكارییەكی شەرمنانەی توركیا دەكرا بۆ هەرێمی كوردستان"

 

 

 

دەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچێت كە تەنها ئێران نەبووە، بەڵكو لەدوای ئێران، هاوپەیمانانی دەرەوەش بەتایبەت لەڕێی راوێژكارو ئاسمانیەوە بەشداربوون لەشەڕی داعش، كە كاریگەری هەبوە، جگە لەوانیش حكومەتی عێراق لەو ناوچانە كە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە هاوكار بووە كۆمەكی سەربازی و لۆجستی كراوە، بۆیە ئەمڕۆ ناتوانین ئەوە فەرامۆش بكەین هەموو ئەو وڵاتانەی بەشدارن لەهاوكاری هەرێمی كوردستان هەر لەئێرانەوە تا دەگاتە ئەمریكاو وڵاتانی تریش، هەرچەندە دواتریش ئاماژە بەهاوكارییەكی شەرمنانە دەكرا لەلایەن توركیا بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام ئێران لەو ناوچانەی هەرێمی كوردستان كە راوێژكارەكانی لێبوە رۆڵی خۆی نواندوە بۆ شەڕكردن دژی داعش و پشتیوانی لەهێزی پێشمەرگە كردوە.

 

 

 

میللەت: تێگەیشتنی ئیران بۆ هەردوو ناحیەی جەلەولاو سەعدیە چۆنۆ؟ قازانج و زیانەكانی چیە؟

 

نازم عومەر دەباغ: قازانج و زیان لەهەموو كارێكدا لێكدانەوەو زیرەكی و ئاڕاستەی سەركردایەتی سیاسیە بەرانبەر بەو كێشانەی دێتە پێش، بەتەئكید كە ئێران پشتیوانی لەهەرێمی كوردستان و پێشمەرگە دەكات لەبەر خاتری چاوی ڕەشی هەموو لایەكمان نیە، بەڵكو لەبەر خاتری پاراستنی ئەو بەرژەوەندیانەیە كە بەهاوبەش لەگەڵ یەك دەتوانین بیپارێزین ئەمە بەشێكێتی، بەشەكەی تری دوو جۆرە هاوكار هەیە، هاوكاریەك هەیە لەچوارچێوەی عێراق وەكو ئێران، لەبەرئەوەی ئەمِرۆ شیعەی عێراق حكومەتیان لەدەستە، هاوكاری ئێرانیش بۆ كورد بۆ ئەوەیە كە باڵانسی نێوان كوردو سوننەو شیعە رابگرێت، بۆیە هەموو ئەوانە لێكدانەوەی دەیەوێت بۆ ئەوەی ئایندەی ناوچەكە مسۆگەر بكرێت بەوەی ئارامی و ئاسایش تێدا بێت.
ناوچەكانی جەلەولاو سەعدیە ناوچەیەكن كە نزیكن لەسنوری ئێران، خاڵی تەماسی شەڕی داعش و ئێرانە، هێرشی داعشیش بۆ سەر هەرێمی كوردستان لەناوچەكانی مادەی 140وە دەستیپێكرد، ناوچەكانی مادەی 140یش، ناوچەیەكن كە هەمیشە ناوچەیەكی كێشەی گەرم بووە، بەتایبەت لەنێوان هەرێم و ناوەند كێشەی لەسەر بووە، ئێران تەئكیدی كردۆتەوە كە دەستوەرناداتە كێشە ناوخۆییەكانی عێراق، مادەی 140و مافی چارەی خۆنوسین ئەوانە بابەتێكی ناوخۆییە، كەسیش ناتوانێت ئەوە نادیدە بگرێت كە ئەو جۆرە لێكدانەوەو بۆچونانە تا ئەو رادەیە كە بەرژەوەندییەكانی خۆی ناكەوێتە مەترسیەوە.

 

 

 

"لەزاخۆوە تا جەلەولاو سەعدیە كە بەرەكانی شەڕن راوێژكاری كۆماری ئیسلامی ئێرانی لێیەو هەبوە"

 

 

 

جەلەولا و سەعدیە نزیكترین ناوچەن بەئێران، چالاكردنی داعش لەعێراق جۆرێكە لەفشار بۆ سەر ئێران، چونكە نزیكبونەوەی داعش لەهەرێمی كوردستان بۆ نزیك سنوری ئێران مەترسیە بۆ ناو كۆماری ئیسلامی ئێران، هاوكات هەر لایەنەو بەپێی بەرژەوەندییەكانی خۆی لەعێراق بوونی هەیە، بۆیە بە بڕوای خۆم بابەتی سەعدیەو جەلەولا تەنها نیە، بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ هەموو ئەو شوێنانەی مادەی 140 دەیگرێتەوە، بەشێكیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاسەتەی كە حكومەتەكانی پێشوی عێراق لەو ناوچانە سیاسەتی راگواستنیان كردوە لەو ڕێیەوە نفوزی شیعە یان سوننە زیادیكردوە، نەك هەر لەبنەماوە ئەوانە لەوێ بووبن، بۆیە ئەمڕۆ مامەڵكردن لەگەڵ ئەم كێشەیە، مامەڵەیەكی قورسەو دەبێت سەركردایەتی سیاسی كورد جارێكی تر ئەو رسكانە نەكاتەوە، وەك لەپێش و دوای داعش بۆی هاتە پێش، وەك دەبینین دەوڵەتێكی وەك توركیا كە لەسەر زاری كەسانی یەكەم و دووەمی ئەو وڵاتە گوێمان لێیە كە دەڵێن دەوڵەتی كوردی لەناوچەكە نا ئارامی دروستدەكات، لەكاتێكدا بیروبۆچونەكانی سەركرداریەتی سیاسی كورد ئەوە بووە كە مافی چارەی خۆنوسین بۆ گەلی كورد، مافێكی ڕەوایەو كاری بۆ كردوە، بۆیە نابێت جارێكی تر خۆمان توشی ئەو كێشانە بكەینەوە كە ڕێگا چارەمان نزیك نیە، یان هێزی ئەوەمان نیە ئەمە دابین بكەین، بەر لەوەی بانگەشەی بۆ بكەین و پلەكانی دروستنەكرابێت، ئەگەر دروستبوو ئەوكاتە خۆت بخەیتە نێو ململانێیەك كە چۆن بەرژەوەندییەكانی خۆت و ئایندەت دابین بكەیت.

 

 

 

میللەت: تێڕوانینی ئێران لەسەر جیابونەوەی هەرێمی كوردستان چۆنە، ئەوان بە چ شێوەیەك لێكدانەوە بۆ ئەو بابەتە دەكەن؟

 

نازم عومەر دەباغ: پێموایە ئێران لەسەرەتاوە یەك سیاسەتی هەبووەو تائێستاش ئەو سیاسەتەی هەیە، ئەویش لەگەڵ پاراستنی یەكپارچەی خاكی عێراقە، ئەمەش سیاسیەتێكی ڕوون و ئاشكرایە، جار كورد قبوڵی بێت یان نا، ئەوەی ئێمە بەدۆستی ستراتیجی 50 ساڵەی خۆمان دەزانی كە توركیا بوو لەشەڕی داعشدا بەوتەی بەرپرسانی كورد نائومێدیان كردین، ئەمڕۆش بە ڕاشكاوی قسەی خۆیان دەكەن.

 

هاوپەیمانانیش كە ئەمڕۆ فڕۆكەكاكانیان لەفڕۆكەخانەكانی كوردستانەوە هەڵدەستن و بۆردومانی داعش دەكەن تەئكید لەسەر یەكپارچەی خاكی عێراق دەكەن، ئەگەر ئەوە لەناوەرۆكدا لێكدانەوەی بۆ بكەین ئەمە لەلای كورد قبوڵ نەبێت، كە هەمووی فشار دەكات لەگەڵ یەكپارچەی خاكی عێراق بێت، بەڵام هەرێمی كوردستان لەدەقەی 90دا پێڕاگەیشت بەشداری لەحكومەتی عێراقی یەكپارچەی كرد، سەركردەكانی كورد كە لەبەغدان دەستیان بەقورئانداداوە كە یەكپارچەی خاكی عێراق بپارێزن،واتە سیاسیەتی بانێكەوە دوو هەوا بەڕێوەناچێت، دەبێت پەرچە كرداری ئەو قسانە نەكەین كە خەڵك دەیكات، دەبێت واقع بینبین كە چیمان پێدەكرێت، پێش ئەوەی ئەو بەرچەكردارانە بنوێنین كە خەڵك پێمان دەڵێن.

 

ئەوەی گرنگە بۆ ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان یەك وتاری سیاسیە، ئایا توانیومانە ئەوە بكەین، نەك بۆ حكومەتی كوردی داهاتوو، بەڵكو بۆ ئەوەی ئێستا دەمانەوێت بیپارێزین، هەروەها توانیومانە یەك هێزی پێشمەرگە دروستبكەین، كە پێشمەرگە لەهەرێمی كوردستان لەجەلەولاو سەعدیەوە تا دەگاتە زاخۆو شەنگال لە هەر شوێنێكدا هەر كەسێك هەست بەوە بكات شكستی پێشمەرگەیەك لەشەنگال شكستی پێشمەرگەیە لەجەلەولا سەعدیە، بەپێچەوانەشەوە،بەداخەوە نەمانتوانیوە ئەوە بكەین، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم كە سەر بەلایەنێكە كە تادوێنی ئۆپۆزسیۆن بوو ئەمڕۆ لەدەسەڵاتە ئەگەر سەیری بكەیت ئامادەبوونی لەو كۆبوونەوانەی چارەنوسی بەرەكانی شەڕ دیاریدەكەن چەندە بەرانبەر بەئامادەبوونی فەرماندەی هێزێك و لایەنێك، لەوانەیە ئەو فەرماندەیە بەرپرسی كۆمپانیایەكی گەورە بێت لەهەرێمی كوردستان.

 

دەبێت خۆمان لەگەڵ خواستی گەلی كورد بین، هێزی پێشمەرگە بەتەواوی یەكبخەین، وتاری سیاسیمان یەكبخەین، بەرنامەیەكی ستراتیجیمان هەبێت بۆ سەركەوتن و پلە پلە بڕۆین، بەڵام ئێمە خۆمان رێگا بۆ دوژمن دادەنێین، بەر لەوەی بزانێت ئێمە چی دەكەین.

 

 

 

"هیچ كەسێك جورئەتی ئەوە ناكات بڵێ من سەربەخۆی كوردم ناوێت"

 

میللەت: چەندجارێك سەرۆكی هەرێم و بەرپرسانی كورد باسیان لە راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی كردوە، ئێران تا چەند لەگەڵ دروستكردنی دەوڵەتی كوردیدایە؟ 

 

نازم عومەر دەباغ: هیچ كەسێك جورئەتی ئەوە ناكات بڵێ من سەربەخۆی كوردم ناوێت،ئەمڕۆ مافی چارەی خۆ نوسین، مافێكی رەوایەو بڕیاری مافی چارەی خۆنوسی خۆت بدەیت، ئەوانەشی بونەتە دەوڵەت و هێز لەناوچەكەدا لەكورد بەتواناترو زیرەكتر نەبوون، بەڵام لێرەدا دەگەڕێمەوە بۆ كەسێكی وەك جەنابی مام جەلال، ئەو رۆژانەی چوە بەغداو بوو بەسەرۆك كۆمارو وتی حكومەتی كوردی خەونێكی دوورە، خەڵك گاڵتەی پێدەهات، بەڵام كێ هەبوو زیاتر لەمام جەلال هەوڵی بۆ ئایندەی كورد دابێت؟، كێ هەیە لەمام جەلال زیاتر توانای دبلۆماسی خۆی بەكارهێنابێت بۆ ئەوەی لەئایندەدا كورد ببێت بە دەوڵەت، پیاوێكی وەها بۆ قۆناغەكە قسەدەكات، بەڵام كاری بۆ ئایندەیە.

 

ئەمڕۆ بەداخەوە دەیبینین هێزە سیاسیەكان لەبچوكترین حزبەوە تا دەگاتە هەمووی رەنگدانەوەی كارەكانیان، رەنگدانەوەی حزبییە، لەناو حزبیشدا رەنگدانەوەی تاكە، تاكێك فكرو بەرنامەی خۆی پێشكەشدەكات بەبێ ئەوەی بیر لەمەترسییەكانی بكاتەوە لەسەر ئایندەی خۆی و حزبەكەی و میللەتەكەی، چەندین ساڵە لەنەورۆزو بۆنەكاندا باسلەوەكراوە شتێك لەپێشە خەڵك پێشبینی ناكات، حكومەتی كوردی لەئایندەیەكی نزیكدا رادەگەیەنرێت، بەڵام كرداری و واقعی پێچەوانەی ئەو قسانەیە، بۆیە ئەوەی گرنگە لەمەودوا قسەی خۆمان نەدۆڕێنین، وەك كوردەوەی خۆمان دەڵێ (خەنجەر تا لەكالانا مەترسی خۆی هەیە، كە هێناتەدەرو راینەوەشێنی مەترسی نیە)، ئێمە ئەوەندە ئەو خەنجەرەمان دەرهێناوە خەڵك بەجدیمان لێوەرناگرێت، تۆ دابنیشتە حزبایەتی و بەرژەوەندییە تاكیەكان وەلا بنێ، دوركەوتنە لەبەرژەوەندییە تایبەتیەكان، دوركەوتنەوە لەكاری بازرگانی لەسیاسەتدا، بەڵكو یەك وتاری سیاسی و یەك هێزی پێشمەرگە، بۆ بەكاربردنی ناوخۆی نەبێت.

 

ئەوەتا برادەرانی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان، ئەو هەموو شەهیدو بریندارەی یەكێتی و لایەنەكانی تر لەشەڕی داعشدا داویانە كەچی زۆر بەڕاشكاوی دەڵێ شەڕی داعش لەگەڵ پارتییە، شەڕی داعش لەگەڵ كوردە، لەگەڵ سەردەمی پێشكەوتنە، ئەوەی لەفەرەنسا داعش پەلاماری دەدات پارتییە؟، ئەوانەی لەبەرژەوەندیاندایە پشتیوانی داعش بكەن بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆیان دەیان جوڵێنن، كاتێك هەرێم بیری لەسەربەخۆی ئابوری دەكردەوە هاتن ئەم شەڕەیان بۆ هەرێم دروستكرد، ئێستاش شەڕەكە توانای كوردی تێدا دەڕوات، گەنجی كوردی تێدا شەهید دەبێت، سەروەت و سامانی كوردی تێدا دەڕوات لەمكاتی بێ موچەییەدا، دەبێت بەشێكی داهاتەكەت بۆ شەڕی داعش خەرجبكەیت، بۆیە داعش شەڕی هەمومان دەكات، ئەگەر پارتی بشكێت واتە یەكێتی شكاوە، ئەگەر یەكێتی بشكێت یانی گۆڕان دەشكێت، گۆڕانیش بشكێت لایەنەكانی تر دەشكێن، كەسێك دڵخۆش نەبێت بەسەركەوتن كە هی هەموانە، كەسێكیش دڵخۆش نەبێت بەشكست كە هی هەموانە.

 


"وڵاتێك بۆ ماوەی 50 ساڵ هەموو هێلكەكانی خۆی بخاتە ناو سەبەتەی ئابوری ئەو وڵاتە دەبێت لەكاتی مەترسییەكاندا پارێزگاریشی لێبكات"

 

 

 

میللەت: حكومەتی هەرێم گرێبەستێكی 50 ساڵەی ئابوری بەتایبەت نەوتی لەگەڵ توركیا ئیمزاكردوە، هەڵوێستی ئێران لەسەر ئەو رێكەوتن چۆنە؟

 

نازم عومەر دەباغ: ئێران تائێستا رێگر نەبووە لەوەی هەرێمی كوردستان گەڵ كێ گرێبەستی نەوتی دەكات، خۆشی یەكێك بووە لەو وڵاتانەی چەند پرۆژەیەكی هەبوو بۆ ئەوەی هاوكار بێت لەبواری نەوت و غازدا لەهەرێمی كوردستان، ئەمە بەندە بەوەی كام وڵات لەگەڵت راستگۆیە، ئێمە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بەهیچ شێوەیەك رامان نەگەیاندوە كە رێكەوتنی ستراتیجی 50 ساڵەمان هەیە، بەڵام لەگەڵ توركیا رامانگەیاند، پرسیاریش ئەوەیە رێكەوتنی ستراتیجی 50 ساڵەی ئابوری لەبواری نەوت و وزە لەگەڵیدا ئایا رێكەوتنی ستراتجی سەربازی لەگەڵ دەبێت یان نا؟ بەتەئكید دەبێت رێكەوتنی ستراتیجی سەربازی لەگەڵ بێت، چونكە وڵاتێك بۆ ماوەی 50 ساڵ هەموو هێلكەكانی خۆی بخاتە ناو سەبەتەی ئابوری ئەو وڵاتە دەبێت لەكاتی مەترسییەكاندا پارێزگاریشی لێبكات، وەك دەبینین ئەمریكا لەسەر كوەیت و سعودیەو قەتەر چی ناكات، ئەی بۆچی توركیا لەسەر نەوتی هەرێمی كوردستان نەیكرد، ئەگەر رێكەوتنی ستراتیجی هەرێم و توركیا بواری سەربازی تێدا نیە ئەی بۆچی سەربازگەی توركیا لەهەرێمی كوردستانە؟، ئەگەر مۆڵەتمان بەهێزێك دابێت لەهەرێمی كوردستان بێت، هەر خۆی ببپارێزێت و هەرێم نەپارێزێت ئەمە لەپەیوەندییەكان و سیاسیەتدا مانایەكی تر دەدات.

 

"ئەگەر رێكەوتنی ستراتیجی هەرێم و توركیا بواری سەربازی تێدا نیە ئەی بۆچی سەربازگەی توركیا لەهەرێمی كوردستانە؟"

 

 

 

بۆیە ئەو گۆڕنكارییانەی ئێستا دەیبینین لەناوچەكە كورد بەشێوەیەكی كاتی لەناو یارییەكەدایە، سەركردایەتی سیاسی كورد نەیتوانیوە بەستراتیجیەتی مەحكەم پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ ئێران، یان توركیا یاخود ئەمریكا دروست بكات، تەنانەت لەگەڵ بەغداش، چەند ساڵە حكومەتمان هەیەو نەوت بەرهەمدێنین و دەبینە خاوەنی ئابورییەكی سەربەخۆ، ئەوە راگەیەنرا جارێكی تر مومكین نیە بگەڕێینەوە بەغدا، سۆمۆمان قبوڵ نیە،بەڵام ئێستا كۆمپانیای سۆمۆ ئێمەی قبوڵ نیە، لەو نەوتەی فرۆشتمان چەند موچەمان پێدابین كرد، ئەمە جێی پرسیارە، تەنها ئەوانەی سودمەند بوون وڵاتی دراوسێ یان كۆمپانیای ناوخۆیی بوون كە لەپشت یارییەكەوەن.

 

 

 

 "ئاڵوگۆڕی ئابوری نێوان هەرێم و ئێران گەیشتبوە زیاتر لەچوار ملیار دۆلار، بەڵام كە داعش پەیدا بوو بڕەكەی بۆ دوو ملیار دۆلار هاتەخوارەوە"

 

 

 

میللەت: پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوان هەرێم و ئێران لە چ ئاستێكدایە، بەتایبەت كە شەڕی داعش داعش بووە، هەروەها پەیوەندیە ئابورییەكانیشی لەگەڵ عێراق؟ 

 

نازم عومەر دەباغ: پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوان هەرێم و كۆماری ئیسلامی ئێران، بەتایبەت شەڕی داعش كێشەی دروستكرد بۆ چالاكییە ئابورییەكان لەخاڵە سنورییەكان، بەڵام ماوەیەك روو لەهەستانەوەیە، پەیوەندییە ئابورییەكانیش باشن، ئەوەی هەرێم داوایكردبێت، ئێران هەوڵیداوە بۆی جێبەجێ بكات، تەنانەت لەماوەی رابردودا لەگەڵ وەزارەتی نەوتی ئێران، بەتایبەت لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندییەكانی نێودەوڵەتی ئاغای حەسەن فەیروز قسەم كردو تەئكیدی لەسەر ئەوەكردەوە رۆژانە لەم قۆناغەدا دەتوانن بەشێك لەپێداویستی گازو گازوائیل بۆ وێستگە كارەباییەكانی هەرێم دابین بكەن، وەڵامەكەشیان دەدەینە حكومەتی هەرێم.

 

 

 

"وەزارەتی نەوتی ئێران ئامادەن لەم قۆناغەدا دەتوانن پێداویستی گازو گازوائیل بۆ وێستگە كارەباییەكانی هەرێم دابین بكەن"

 

 

 

تا ساڵی رابردوو ئاڵوگۆڕی ئابوری نێوان هەرێم و ئێران گەیشتبوەت نزیكەی چوار ملیارو 500 ملیۆن دۆلار، بەڵام كە داعش پەیدا بوو بڕەكەی بۆ دوو ملیار دۆلار هاتەخوارەوە، بەڵام لەگەڵ عێراقدا بڕەكەی زیاترە، چونكە خاڵی سنوری زیاترە.

 

 

 

میللەت: پەیوەندییەكانی ئێران و حكومەتی عێراق چۆنە؟ بەتایبەت پەیوەندییەكانیان لەسەردەمی نوری مالیكی و ئێستاش حەیدەر عەبادی؟

 

نازم عومەر دەباغ: كۆماری ئیسلامی ئێران لەپەیوەندییەكی باشدایە لەگەڵ عێراق، هەر لەسەردەمی سەرۆك وەزیران ئیبراهیم جەعفەری یان نوری مالیكی تا سەرۆك وەزیرانی ئیستا حەیدەر عەبادی، ئێستاش ئەو پەیوەندیانە بەردەوامە، ئێران هەموو هەوڵێكی داوە پارێزگاری لەحكومەتی ئێستای عێراق بكات، بەتایبەت كە لایەنی شیعە سەرۆكی حكومەتیان بەدەستەوەیە، كوردیش سەرۆك كۆمارە، سوننەش سەرۆكی پەرلەمانی بەدەستەوەیە، كاتێكیش سەرۆكی پەرلەمان كە سوننەیە سەردانی ئێرانی كرد رازی بوو لەسەردانەكەی، وەزری بەرگری عێراقیش بەهەمان شێوە كە سەردانی ئێرانی كرد رازی بوو لەسەردانەكەی.

 

 

 

میللەت: كاریگەری شەڕی سوریا لەسەر مەسەلەی عێراق و هەرێمی كوردستان، هەروەها پاڵپشتی ئێران بۆ سوریا چۆنە؟

 

نازم عومەر دەباغ: هەموو وڵاتێك بەپێی بەرژەوەندییەكانی خۆی لەوڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ روداو كێشەكان مامەڵە دەكات، ئێرانیش بەهەمان شێوە، بۆیە ئێران هەر لەسەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی سوریاوە رایگەیاندوە پشتگیری لەبەشار ئەسەد دەكەن، پشتیوانیشی كردو ئەنجامەكەشیمان بینی، هەموو ئەو وڵاتانەشی وتیان بەشار ئەسەد لەماوەی 30 رۆژدا دەكەوێت، ئەوە سێ ساڵیشی تێپەڕاندو نەكەوت، هۆكاری مانەوەشی پشتیوانیەكانی ئێران بوو، هاوكات ئەو پشتیوانیانەشی ئێران لەهەرێمی كوردستانی كردوە دیار بووە، بەتایبەت لەگەڵ هاتنی داعش.

 


"بەداخەوە شێوازی ئیشكردنی ئێمەش تاكی و حزبیە زیاتر لەوەی شێوازی حكومی بێت"

 

 

 

میللەت: رۆڵی نوێنەرانی حكومەتی هەرێم لەئێران چۆن بوە، تا چەند توانیویەتی هەماهەنگی لەنێوان هەردوولا دروستبكات؟ 

 

نازم عومەر دەباغ: رۆڵی ئێمە وەك نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم بەتایبەت لەم دواییانەدا نایشارمە كە رونكردنەوەو هەماهەنگی كردن كارئاسانی كردن بووبێت بۆ زیاتری بەرەو پێشچونی پەیوەندییەكان، شێوەی پەیوەندییەكانی ئێستاش دەبینین لەوڵاتانی ئەورپا یان بڵێن تاران دێنە هەرێم و كارەكانی خۆیان دەكەن و دەڕۆن، جاری وەها هەبوو نوێنەری حكومەتی هەرێمی لەگەڵ بووەو زۆرجاریش لەگەڵی نەبووە، بەداخەوە شێوازی ئیشكردنی ئێمەش تاكی و حزبیە زیاتر لەوەی شێوازی حكومی بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەك نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم رۆژانە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەدواداچونمان كردوە، بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكان یان گەیاندنی پەیامەكان ئەگەر پێمان وترابێت كاری خۆمان كردوە.

 

 

 

میللەت: پەیوەندییەكانی نێوان ئێران لەگەڵ پارتی، هەروەها لەگەڵ حكومەت و لایەنەكان چۆن؟ هەست بەهیچ ساردییەك دەكەن؟

 

نازم عومەر دەباغ: هەستم بەساردی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و پارتی دیموكراتی كوردستان نەكردوە، نەك لەگەڵ پارتی بەڵكو لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان، چونكە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لەتاران راستە نوێنەرایەتی حكومەتە،بەڵام نوێنەری هەموو حزب و لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستانیشی تێدایە، جێگرەكەم پارتییە، ئەندامەكانی تریش نوێنەری یەكگرتوو، كۆمەڵ، سۆسیالیست، بزوتنەوەی ئیسلامی تێدایەو رۆژانەش كە پێكەوە دادەنیشین كەسیان گلەی ئەوەیان نەكردوە بڵێن پەیوەندیەكانمان لەگەڵ ئێران ساردی تێكەوتووە.

 

 

 

"هەستم بەساردی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و پارتی دیموكراتی كوردستان نەكردوە"

 

 

 

 

 

بەرپرسێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران دەڵێت: کۆماری ئیسلامیی ئێران جیاوازی لە نێوان ئیدارەی یەکێتیی و پارتی نەکردووە و چۆن لە جەلەولا هاوکاری سەربازیی پێشکەش کردووە، لە مەخمووریش بە هەمان شێوە هاوکاری پێشمەرگە کراوە.

 

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران دەربارەی هەڵوێستەکانی ئێستای ئێران لە شەڕی دژی داعش، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵی تورکی وتی: "ئێران لەسه‌ر هەڵوێستەکانی خۆی له‌باره‌ی پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی و سەربازیی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەردەوامە، وەک بەرپرسانی ئەو وڵاتە رایانگەیاندووە، هەر کاتێک داوایان لێکرابێت بە هەموو شێوەیەک ئامادەی یارمەتیدان بوونە".

 

دەربارەی دەنگۆی بەشداری کردنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێران لە بۆردومان کردنی خاڵەکانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی ناسراو بە (داعش) لە خاکی عێراقدا، دەباغ وتی: "وەک بەشێک لە بەرپرسانی ئێران باسیان لێکردووە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئێران لەسەر داوای حکوومەتی عێراق چەند بنکەیەکی چەکدارانی داعشیان لە ناوەڕاستی عێراق بۆردومان کردووە. دیارە ئەمە یەکەمجار نییە کە فڕۆکەکانی ئێران دێنە ئاسمانی عێراق و بەشداری شەڕی داعش دەکەن، لە پێشووشدا ئێران هه‌ر هاوکار بووە".

 

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو قسانەی رەتکردەوە کە باس دەکرێت گوایە حکوومەتی ئێران تەنیا هاوکاری سەربازیی پێشکەش بە پێشمەرگەی ژێر ئیدارەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردبێت و لەو باره‌یەوە وتی: "من وەک نوێنەری هەرێم لە تاران ئەو قسانە رەت دەکەمەوە، چونکە سوپای ئێران لە رووی سەربازییەوە ئەگەر چەک و تەقەمەنی دابێت بە پێشمەرگە یان فڕۆکە جەنگییەکانی هێرشیان کردبێت، چۆن هاریکاری پێشمەرگەی لە جەلەولا کردووە، بە هەمان شێوە لە شەڕی مەخموور هاریکاری پێشمەرگەی کردووە و بەشدارییان کردووە".

 

ئەو بەرپرسەی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد کە هیچ شاندێکی هەرێم لە ماوەی نزیکی رابردوودا نەچووەتە ئێران و کۆبوونەوە ساز نەکراوە.

 

سەبارەت بەو بابه‌ته‌ش نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران وتی: "پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئێران لە ئاستێکی باشدایە و وەک خۆیەتی، بەڵام بە ئاگایی نوێنەرانی حکوومـەتی هەرێمی کوردستان هیچ کۆبوونەوەیەک لە نێوان هەر دوولا لە ماوەی مانگی رابردوودا ئەنجام نەدراوە. ئەگەر هەر کۆبوونەوەیەکیش هەبووبێت دەکرێت لە رێگای نوێنەرانی ئێران لە هەولێر و سلێمانی رێکخرابێت".

 

رۆژی ٢٥ی مانگی رابردوو هەر دوو شارۆچکەی جەلەولا و سەعدییە لە لایەن پێشمەرگە و سوپای عێراق و چەکدارە شیعەکانەوە کۆنترۆڵ کرایەوە. لەم رۆژانەشدا باس لەوە دەکرێت کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئێران لە چەند ناوچەیەکی عێراق هێرشیان کردووەتە سەر چەکدارانی داعش، هەر وەک رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بەڵای کردەوە.

 

هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی ئەوەی راگەیاندبوو کە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک یەکەم وڵاتی ناوچەکە لە شەڕی دژی داعش هاوکاری هه‌رێمی کوردستانی كردووه‌.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی