"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران له‌گه‌ڵ"برونۆ فوشە" باڵیۆزی وڵاتیفەڕەنسا لە ئێران کۆبۆوە.

کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی رۆژیپێنجشه‌مه‌ رێکەوتی ١٤/١/٢٠١٦لەسەر داوای "برونۆ فوشە" باڵیۆزی وڵاتیفەڕەنسا لە تاران، "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران به‌ هاورێی لەگەل "سۆران عه‌لی ئەمین" بەرێوبەریی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانسەردانی باڵیۆزخانەی وڵاتیفەڕەنسایان کرد و له لایه‌ن ‌هەر یەک لە "برونۆ فوشە" باڵیۆزی فەڕەنسا، "فیلیپ مۆرێل" قونسوڵی فەڕەنسا و هه‌روه‌ها "تۆماس گلیۆزۆ" سکرتێری دووھەمی باڵیۆزخانەی ئه‌م وڵاته لە تارانبە گەرمی پێشوازییان لێکردن و خۆشحالی خۆیان بۆ ئەو سەردانە نیشاندا.

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م دیداره‌دا "برونۆ فوشە" بە کورتی باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان فەڕەنسا و کوردستان کردو ئاماژەی به پشتیوانییەکانی فەڕەنسا لەماوەی ڕابوردوو بۆ گەلی کورد کرد.

له‌ درێژه‌دا نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تارانسوپاسی باڵیۆزی فەڕەنسا لە وڵاتی ئێرانی کرد بۆ ئەو بانگهێشتە و ستایشی ڕۆڵی فەڕەنسای کرد لە پشتیوانی کردنی له‌ گەلی کورد و بە شێوەیەکی ورد و لە ڕوانگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانباسی لە باروودۆخی ناوچەکە بە گشتیی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی کرد.

له‌ به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م دیداره‌دا "نازم دەباغ" ئاماژەی بەو باروودۆخە سەختە کرد کە ڕووبەرووی ھەرێمی کوردستانبۆتەوە بەهۆی جەنگی تیرۆریستان و بڕینی بودجە و داڵدەدانی یەک میلیۆن و نیو ئاوارە لە ھەرێمی کوردستانکە ئەمانە بوونەتە فشارێکی گەورە بۆ سەر حکومەتی هەرێم، و بە تەنها سەختە چارەسەریی ئەو هەموو کێشانە بکرێت بەتایبەت کە نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا زۆر دابەزیوە و ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد کە پێویستە فەڕەنسا و وڵاتانی هاوپەیمان زیاتر بەتەنگ هەرێمی کوردستانەوە بێن لەبواری چەک و یارمه‌تی بە ئاوارەکان.

له‌ کۆتایی ئه‌م کۆبۆونەوه‌یه‌دا ‌"برونۆ فوشە" ئاماژەی بەوەدا کە فەڕەنسا بەردەوام دەبێت لە کۆمەک کردن و پشتیوانیی هەرێمی کوردستان و لەو بوارەدا هەموو هەوڵێکی خۆ دەخاتەگەر.

 

 

 

 

 

 

 

نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران لەگەڵ مامۆستا"سه‌لاحه‌الدین به‌هائه‌دین" ئەمینداری گشتی پێشووی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دیداریی کرد.

 

مامۆستا"سه‌لاحه‌الدین به‌هائه‌دین" ئەمینداری گشتی پێشووی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان که‌ لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی "وه‌حده‌ت" لە تاران بانگهێشت کرابوو، کاتژمێر ١١ی سەر لە بەیانی ئەمرۆ چوارشەمە (٣٠/١٢/٢٠١٥) سەردانی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری تارانی کرد و لە لایەن "نازم عومەر دەباغ"نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران، "هیوا ڕه‌سوڵ ره‌شید" و هه‌روه‌ها "ئەمجەد بابەحاجی" کارمەندانی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازیی گەرمیان لێکرا.

 

لەم دانیشتنەدا باس لە بارودۆخی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی و بارودۆخی عێراق و ئێران به گشتی کرا.

 

گرینگیی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکە بوو.

 

 

 

 

 

 

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق لە تاران لە وتووێژێکی تێروتەسەل لەگەڵ "ته‌سنیم"  باس لە ھەوڵە ھاوبەشەکانی سێ وڵاتی عەرەبی  و تورکیا دەکات بۆ پێکھێنانی ھەرێمێکی سوننەو دەڵێت: ئیمارات، قەتەر، عەرەبستان و تورکیا بەدواداچوون بۆ ئەم پرۆژەیە دەکەن.

 

بە پێی راپۆرتی بەشی نێودەوڵەتی ئاژانسی ھەواڵی "ته‌سنیم"، "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە لە ئێران. واتا ھاوئاھەنگی پەیوەندییەکانی ئێران و ناوچەی کوردستانی عێراق لە رێگای ئەوەوە جێبەجێ دەکرێت. ئەو ھەروەھا پێشتر نوێنەری "جەلال تاڵەبانی" سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە.

 

"نازم دەباغ" یەکێک لە ناسراوترین سیاسییەکانی کوردستانی عێراقە کە لە ٢٠ ساڵی رابردوودا وەکو نوێنەری کوردستان لەگەڵ ئێران پەیوەندی بووە.

 

 

 

دەقی تەواوی ئەم چاوپێکەوتنە لە خوارەوە ھاتووە:

 

تەسنیم: سەرەتا، باسێکی گشتیی بارودۆخی عێراق و ھەروەھا ھەرێمی کوردستان‌مان بۆ بکەن.

 

دەباغ: بەداخەوە قەیرانی دارایی و ھەروەھا شەڕ دژی تیرۆریستان و داعش بەردەوامەو دابەزینی نرخی نەوت ئەم قەیرانەی قووڵتر کردووە. نرخی نەوت گەیشتووەتە ژێر ٤٠ دۆلار لە کاتێکدا کە راکێشانی نەوت تێچوویەکی زۆری تێدەچیت.

 

کێشەی سیاسی، بارودۆخی عێراق بە گشتیی باش نییە و کێشەی زۆر لە نێوان لایەنە سیاسییەکان یان ناوەندە حکومییەکاندا ھەیە، ئەڵبەت ھەوڵ دەدەن کە پێکەوە کار بکەن وکێشەکان چارەسەر بکەن.

 

بۆ خۆم لەو بڕوایەدام کە کارێکی دژوارە، بۆچی؟ چونکە بەداخەوە بڕێک لایەن لە جیاتی گرنگیدان بە بەرژەوەندی نەتەوەیی و گشتیی بیر لە بەرژەوەندی حزبی و تایبەتی خۆیان دەکەنەوە، کە دەبێت ئاڵوگۆڕیک لە تێروانین و سیاسەتەکانی خۆیاندا دروست بکەن.

 

 

 

بۆشایی بەڕێز تاڵەبانی یەکێکە لە گرفتە سەرەکییەکانی لە بواریی عێراقدا

 

ھەرێمی کوردستانیش ھەروەھا کە خۆتان ئاگادارن کێشەی تایبەت بە خۆی ھەیە. لەوانەیە یەکێک لە ھۆکارەکان، قەیرانی دارایی و سیاسی بێت. ئەڵبەت یەکێک لە ھۆکارەکانی کێشەکانی عێراق و ھەرێم نەبوونی مام جەلال‌ە لە گۆڕەپانی سیاسی‌دا، بەڵام ئەمە لە کوردستان زیاتر دیارە.

 

بەداخەوە نەخۆشی مام جەلال بە جۆرێک لە جۆرەکان بەڕێوەبەریی ھەرێمی بەرەو یەکلایەنە بوون بردووە.

 

لە رابردوودا، ھاوئاھەنگی پێویست لە نێوان مام جەلال و کاک مەسعوددا بوو و لەو کاتەدا ئیمکان و ئەگەری چارەسەرکردنی کێشەکان زیاتر بوو بەڵام لە ئێستادا ئەمە تێکچووە.

 

کێشەیەکی دیکە، بابەتی داعش‌ە. بوونی ئەم گروپە لە عێراق و سوریا قەیرانی دروست کردووە.

 

بەڵام بە خۆشحاڵییەوە ھەرێمی کوردستان توانی پێشکەوتنی داعش بوەستێنێت، ھێزەکانی پێشمەرگە پێشوەچوونەکانی داعش‌یان راگرت و توانییان نزیکەی ٩٠%ی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی داعش رزگار بکەن، بە تایبەت شەنگال کە لەم دواییانەدا ئازادکرا.

 

لە ئێستادا ناوچەیەکی کەمی ھەرێمی کوردستان کە لەوانەیە لە ١٠% کەمتر بێت، ماوەتەوە کە لە دەست داعشدا بێت و ئیشاللە لە داھاتوویەکی نزیکدا ئەم ناوچانەش ئازادە دەکرێن.

 

 

 

سەرقاڵی کارنەبوون، ناکۆکییەکانی بەشوێنەوەیە

 

 

 

تەسنیم: باسی کێشەی نێوان تاڵەبانی و بارزانی، پێکدادان لە ھەرێمی کوردستان و ھێرش کردنە سەر بارەگای حزبەکان کە میدیا نێودەوڵەتییەکان باسیان کردووە و بابەتی دەستێوەردانی سەربازی تورکیا لە باکووری عێراق کە بارزانی پێشوازی لێکرد، لێکدانەوەی ئێوە بۆ ئەم بابەتانە چییە؟

 

دەباغ: یەکەم ھیچ پێکدادانێک لە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتدا رووی نەداوە و بەرای من لە داھاتوشدا روونادات.

 

بەڵام کێشەیەک بوو، دوای ئەوەی کە بزووتنەوەی گۆڕان و چەند لایەنێکی سیاسی خۆپیشاندانیان کرد، چەند کێشەیەک ھاتە ئاراوە، کە کاریگەر بوو لە کوردستاندا.

 

سروشتییە کە جیاوازی بیروڕا ببێت و ئەمانە زۆر سروشتین کە لە ھەموو شوێنێکیش ھەیە. ناسروشتیی ئەوەیە کە ئەم جیاوازییانە بەرەو شەڕمان ببات، ھەمو لایەنە سیاسییەکان پێداگرن لەسەر دەرس‌وەرگرتن لە رابردوو و بۆیە تەئکید دەکەمەوە کە پێکدادان نەبوو بەڵام جیاوازیمان ھەیە.

 

 

 

وردەکاریی ناکۆکییەکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق

 

 

 

تەسنیم: واتا ئێوە ھێرشکردنە سەر نوسینگەو بارەگای حزبەکان لە کوردستان و ئاگردانی ئەو شوێنانە رەت دەکەنەوە؟

 

دەباغ: بەڵێ، بەداخەوە ھەواڵە دروست نەگوازراوەتەوە. بە گشتیی دەبێت بڵێم کاتێک خۆپیشاندانێک دەکرێت، رووداوی نەخوازراویش روودەدات، ئێمە ھێرشکردنە سەر بارەگاکانمان ئیدانە کرد، تەنانەت خودی حزبەکانی دیکەش ئەم رووداوانەیان ئیدانە کرد، کاتێک ھێرش دەکرێتە سەر بارەگایەک، ئەو بارەگایە پاسەوانی ھەیە و سروشتییە لە وەھا کاتێکدا تەقە بکات، لەوانەیە تەقە بە ئاسماندا بکات یان کەسێکیش بەداخەوە جۆرێکی دیکە ھەڵسوکەوت بکات، بۆیە چەند شەھید و برینداری لێکەوتەوە و چەندین نوسینگەیان ئاگردا.

 

حزبی دیموکرات کە سەرۆکایەتی ھەرێم و ھەروەھا سەرۆک وەزیران لای ئەوە، چەندین رێگایان گرتەبەر کە رەخنەی لێگیرا، بە تایبەت دژبوونیان بۆ گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان، دانوستان بەردەوام بوو و دوای ماوەیەکی کورت ئەم بابەتانە کۆتایی ھات و ئێستاش دانوستانی نێوان لایەنە سیاسییەکان بەردەوامەو ھیوادارین لە داھاتوودا بگەینە ئەنجامی دڵخۆشکەر.

 

بابەتی دوایی ئەوەیە کە کێشە لەسەر چییە؟ ھۆکاری ئەم کێشە دەستووری ھەرێم و ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمە. بە پێی دەستوور سەرۆکی ھەرێم دەتوانێت دووجاری بەردەوام ھەڵبژێردرێت. سەرۆکایەتی ئاغای بارزانی لە ھەرێم بۆ دوو ساڵ درێژکرایەوە کە ئەم ماوە کۆتایی ھاتووەو ئێستا بۆ دوو ساڵی دیکە داواکراوە کە درێژەی ببێت.

 

حزبی دیموکراتی کوردستان داوایکرد کە سەرۆکایەتی ئەو درێژ بکرێتەوە، ھاوکات پێشنیارێک سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن و پێداچوونەوە لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم باسکرا و ئەوەی کە دەستووری ھەرێم لەسەر دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت پێداچوونەوەی تێدا بکرێت تا ئێستا چارەسەر نەکراوەو بووەتە ھۆی کێشە.

 

 

 

 

 

گرفتەکانی نێوان دەوڵەتی ناوەندیی و ھەرێمی کوردستان وەکوو خۆی ماوەتەوە

 

 

 

تەسنیم: باستان لە بابەتی بودجە کرد، ئێستا کێشەی ھەرێم و حکومەتی ناوەندیی عێراق بەکوێ گەیشتووە، ئایا کێشەکان بەردەوامە یان چارەسەر کراوە؟

 

دەباغ: ئەم کێشانە ھێشتا بەردەوامە و چارەسەر نەکراوە و تا ئێستا حکومەتی ھەرێمی کوردستان چەندین‌جار ئامادەبوونی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا راگەیاندووە و ھیواداربووین لە لایەن بەغداوە، کاتێک بۆ ئەم مەبەستە دیاری بکرێت. بەغدا پێش‌مەرجی داناوە کە حکومەتی کوردستان پەسەندی نەکردووە و نایکات.

 

دەبێت دانیشین و دانوستان بکەین. ئێمە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا پابەندین بە عێراقەوە. بەڵام ھەرکەسەو بە پێی رای خۆی دەستووری عێراق شرۆڤە دەکات لە کاتێکدا کە دەستووری شرۆڤەی ناوێت. ئەوەی روونە ئێمە وەکوو ھەرێمی کوردستانی عێراق و سیستمی فیدراڵ لە چوارچێوەی عێراق‌داین. ئێمە لە پێشەوە لە رۆژی پێکھاتنی پەرلەمانی عێراقەوە چەندین پێشنیارمان بووە کە رێککەوتنی سەرەتایی لەسەر کراوە کە پرۆژەیاسای نەوت، یاسای پێشمەرگە، پرۆژەی پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا کە بەداخەوە حکومەتی ناوەندیی تا ئێستا لای لێ نەکردووەتەوەو ھێشتا نەگەیشتووەتە ئەنجام.

 

 

 

تەسنیم: تا ئێستا چ رێژەیەک لە کێشەکان چارەسەر کراوە؟

 

دەباغ: تا کاتێک کە دانوستان نەکرێت ناتوانین بڵێین چ رێژەیەک چارەسەر کراوە. ئەزموونەکانی رابردوو، ئێمە ترساندووە. راستە کە تا رادەیەک خۆمان کەڵکمان وەرنەگرتووە، بەڵام لە رووی بەڕێوەبردنی سەربەخۆیی ئابووری، لە ھەرێمی کوردستان گەشەی باشمان کردووە.

 

 

 

تەسنیم: واتا بوونی سەرۆک کۆماری کورد لە سیستمی سیاسیدا نەیتوانیوە کێشەکانی ھەولێر و بەغدا چارەسەر بکات؟

 

دەباغ: باسی سەرۆک کۆماری نییە، باسی کەسایەتییە، ئاغای تاڵەبانی پێگەیەکی تایبەتی لە عێراقدا بوو کاتێک کە سەرۆک کۆمار بووە، ئایەتوڵڵا سیستانی وتیان ئاغای تاڵەبانی دەریچەی دڵنیایی عێراقە. ئێستاکە ھەموو کەس ھەست بە نەبوونی ئاغای تاڵەبانی لە گۆڕەپانی سیاسیدا دەکات.

 

 

 

فرۆشی نەوتی کوردستانی عێراق بە تورکیا ھەم یاسایی و ھەمیش نایاساییە

 

 

 

تەسنیم: حکوومەتی عێراق لە ئێستادا. ھەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکات بەوەی کە بێ رەزامەندی ئەوان نەوت دەفرۆشیت، ئەمە نایاسایی نییە؟

 

دەباغ: دەتوانین بڵێین یاساییە ودەتوانین بیشڵێین نایاساییە. ئێمە لە رۆژی یەکەمەوە کە دەستووری عێراق پەسەندکرا، پرۆژەیاسای نەوتمان پێشکەش بە ھەموو لایەنەکان کرد کە لەم پرۆژەدا ئەو ئیختیارە بە ھەرێم دراوە، نە تەنھا ھەرێمی کوردستان، بەڵکوو بە ھەر ھەرێمێک کە لە داھاتوودا لە عێراق پێکبێت. دەستووری عێراق رێگا دەدات کە ھەڕ سێ پارێزگای عێراق یان زیاتر، دوای راپرسی ھەرێم یان فیدراڵێک پێکبێنن.

 

 

 

تەسنیم: ھەموو ھەرێمەکان لەژێر چاودێری حکوومەتی ناوەندیدا دەبن؟

 

دەباغ: ھەموویان لەژێر چاودێرانی حکومەتی ناوەنددا دەبن. لەم پرۆژەیاسادا، رێگا بە ھەرێم دەدرێت، نەوتراوە ھەرێمـی کوردستان، بەڵکو وتراوە ھەر ھەرێمیک کە لە عێراقدا پێک بێت کە یەکەمینیان ھەرێمی کوردستانە، چۆن رێککەوتنی نەوتی ببەستێت، چۆن بیفرۆشێت، بەڵام بە گشتیی رێکەوتین کە داھاتی عێراق بۆ ھەموو عێراقییەکانە.

 

ئەو ناوچانەی کە نەوتی زۆریان ھەیە، ناوچەکانی باکوور و باشووری عێراقن. ئەم دەستاودەست‌کردنە بووە ھۆی ئەوەی کە ئێمە چاوەروانی سیاسەتی حکومەتی عێراق نەبین، بۆیە ئەگەر کەسێک سەردانی کوردستانی عێراقی کردبێت، پێشکەوتنەکانی ئەم ناوچە بە روونی دەبینێت.

 

راستە پێشکەوتنەکانی ئێمە لە ئاست چاوەروانی جەماوەردا نییە، بەڵام بۆ دەرک‌کردن بە ئاستی پێشکەوتنەکانی ھەرێمی کوردستان ئەوەتان لەچاو بێت کە ھەموو عێراق وەکو دێھاتێکەو ھەرێم وەکوو شارێک.

 

لە رووی پێشکەوتنی گشتیی و خوشگوزەرانی خەڵک، گەشتیاریی، کارەبا و ...، بۆ نمونە کارەبا، پێشتر ھەموو کوردستان تەنھا ١٦٠ مێگاوات کارەبای بووە، ئێستا زیاتر لە سێ ھەزار مێگاوات کارەبا بەرھەم دێت.

 

ئەڵبەت ئەم کارانە ھەموو خواستی خەڵک دابین ناکات، بە تایبەت لە دوو ساڵی رابردوودا، کە قەیرانی بودجە ئەم رەوتەی راگرت.

 

بەڵام عێراق لە پێش‌چاو بگرن، لە عێراقدا ھەست بە بوونی کارەبا ناکەن، لەم بوارەشدا ھەزاران ملیار دۆلار سەرف کراوە کە وەزیری پێشووی کارەبای عێراق لە سیستمی دادوەری دۆسییەی بۆ کراوەتەوە. ئەمانە بووە ھۆی ئەوە ئێمە کاری خۆمان بکەین و بێێن رێککەوتن بکەین. چونکە ئێمە ١٧%ی بودجەی عێراقمان پێنەدراوە. ئێمە نەوت دەفرۆشین، حەسێبی دەکەێن و بە پێی مافی خۆمان کە ١٧%ی داھاتی عێراقە لێی ھەڵدەگرین و حکومەتی عێراق زیادەکەی وەربگرێت.

 

 

 

پارەی فرۆشی نەوتی ھەرێم ڕادەستی دەوڵەتی عێراق ناکەین

 

 

 

تەسنیم: واتا ئێوە پارەی نەوتی فرۆشراو دەدەنە حکوومەتی ناوەندیی؟

 

دەباغ: نە، ئێمە نامانەوێت لەژێر سیاسەتی دەمارگرژیی و توندڕەوی بڕێک بەرپرسی عێراقیدا بین، ئێمە دەڵێین وەرن با حسێبی بکەین. بەندەری جەیهان ھی عێراقە، بەڵام لە لایەن عێراق و تورکیاوە کۆنترۆڵ دەکرێت. بەداخەوە متمانەی نێوانمان تێکچووەو ئێستا لە عێراقدا کەسانێک دەیانەوێت کورد بخنەوە پەراوێزەوە.

 

 

 

تەسنیم: ئایا ھاتنی سەربازەکانی تورکیا بۆ عێراق بە ھاوئاھەنگی کوردەکان بووە یان نا؟ چونکە ئاغای بارزانی لەم بارەوە رایەکیان ھەیە، دەوترێت لە سەردانەکەیاندا بۆ عەرەبستان و دیدار لەگەڵ مەلک سەلمان پشتیوانی ھاتنی سەربازانی تورکی کردووە و لە بەرژەوەندی کورد و سوننەکان لێکی داوەتەوە؟

 

دەباغ: ئەمە راست نییە. من پێتان دەڵێم. ئێمەی کورد لە عێراق کێشەمان ھەیە، سەرەڕای ئەمە ئێمە نامانەوێت بچینە ناو کێشە ناوچەیی و ئایینییەکانەوە. راستە ئێمە کوردی سوننەمان ھەیە، بەڵام شیعەشمان ھەیە، ئێستا لە عێراق پێکدادان لە نێوان سوننەو شیعەدایە، پێکدادان لە نێوان تورکیا و قەتەر و ئەمریکا و عەرەبستان و ھتدە. لەم بارودۆخەدا، ئێمە بەدوای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی کوردستانی عێراقەوەین و ھەرکات کەسێک دەستێک بھێنێتە پێشەوە، ئێمەش دەستی بۆ درێژ دەکەینەوە.

 

سەبارەت بە بابەتی بوونی تورکیا لە ھەرێمی کوردستانی عێراق دەبێت بڵێم کە ئەم بوونە تایبەت بە ئێستا نییە، بەڵکوو بە پێی رێککەوتنێک کە لە ساڵی ١٩٨٣ لە نێوان تورکیا و حکومەتی ناوەندی عێراق ئیمزا کراوە ئەوان ھاتوونەتە ناو خاکی عێراقەوەو عێراقیش چووەتە ناو خاکی تورکیاوە (بۆ رووبەرووبوونەوەی کوردەکانی تورکیا)، لە رۆژێکەوە کە تورکیا ھاتە ناو خاکی عێراقەوە، ھەروا ماوەتەوە. ئەو ناوچانە جیاوازە لەم ناوچانەی کە لەم دواییانەدا لە نزیک موسڵ ھاتوون.

 

 

 

ھاتنەناوەوەی سوپای تورکیا بە پێی ڕێککەوتنی نێوان سوننەی عێراق، تورکیا، عەڕەبستان و قەتەر بوو

 

 

 

بەڵام سوپای تورکیا کە ھاتووەتە ناوچەی بەعشیقە لە نزیک موسڵ، قسەی زۆری لەسەر دەکرێت و تەنانەت سەبارەت بە ژمارەیان ئاماری جیاواز دەدرێت. لەوانەیە کوردەکان لە رووی تێپەڕبوونیانەوە چاوپۆشییان کردبێت، چونکە لە کوردستانەوە تێپەڕیون. بەڵام ھاتنی ئەمانە بە پێی رێککەوتنی نێوان سوننەکانی عێراق و تورکیا، عەرەبستان و قەتەر بووە. وەزیری بەرگری عێراق (کە سننەیە) خۆی سەردانی کردوون.

 

بۆ نموونە ئۆسەیل نوجەیفی پارێزگاری موسڵ (کە دوای ھێرشی داعش لەسەر کار لابراوە) خۆی لەگەڵ حکومەتی تورکیا رێککەوتووە کە ئ‌وان بێن و خولی فێرکاری بۆ ھێزەکانی سوننە دابنێن بۆ ئازادکردنی موسڵ. بەڵام ژمارەێان زیاترە، ئێمە بە گشتیی پێشوازی ھەر ھێزێک دەکەین ھەروەھا کە پێشتر پێشوازیمان لە یارمەتییەکانی ئێران کرد بۆ شەڕی دژی داعش.

 

 

 

سوپای تورکیا لە ھەرێمی کوردستانی عێراق تێپەڕین

 

 

 

تەسنیم: لێرەدا بابەتەکە جیاوازە، حکومەتی ناوەندی عێراق و لایەنە سیاسییەکان دژی بوونی سوپای تورکیان، ئایا حکومەتی ھەرێمیش دژی ئەمەیە؟

 

دەباغ: حکومەتی ھەرێمی کوردستان هەر رێککەوتنێکی نێوان تورکیا و عێراق پەسەند دەکات. ئێمە دژی کارەکانی حکومەتی عێراق نین. ئێمە دژی ئەوە نین کە حکومەتی عێراق بەرگری لە دەسەڵاتی خۆی بکات، بەغدا بڕوات لە رێگای ناوەندە نێودەوڵەتییەکان لەوانە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش‌ەوە شکات بکات. وتم سەربازەکانی تورکیا لە ناوچەی ئێمەوە (کوردستانی عێراق) تێپەڕیون.

 

تەسنیم: ئەوەی کە ئێوە دەڵێن ئێرانیش یارمەتی بدات، تورکیاش یارمەتی بدات، ئێمە پێشوازی دەکەین، تێڕوانینی ئێمە و تورکیا بۆ رووداوەکانی ناوچە جیاوازە، لە کاتێکدا کە تورکیا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە یارمەتی داعش دەدات و داعش‌یش زیاترین زیانی گەیاندووە بە کوردەکان، ئەمە چۆن لەگەڵ یەک دێتەوە کە ئێوە لە کەسێک یارمەتی وەربگرن کە پشتیوانی گروپێک دەدات کە زیاترین زیانی بە ئێوە گەیاندووە؟

 

ئێمە وەکوو کورد لە لایەن داعش‌ەوە زیانمان پێگەیشتووە ھەروەھا کە لە سەردەمی سەدام زیانمان پێ گەیشت، ئێمە سوودمان لە پەیوەندی باشمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران وەرگرت و لە لایەکیشەوە لە پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا سوودمان بینی، چونکە تەنھا وڵاتێک کە ئیزنی‌دا نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردە بکرێت تورکیا بوو. ئێمە ناتوانین خۆمان سنووردار بکەین، ئێمە بەدوای کردنەوەی رێگاکانەوەین. ئەگەر بتەوێت لە شەڕ خۆت دوور بخەیت دەبێت رێگای دیپلۆماسی چالاک بکەیت، خودی ئاغای بارزانی لە تورکیا وتی ئێران نابێت دڵی لێمان بێشێت کە دێینە تورکیا و تورکیاش نابێت دلێ بێشێت کاتێک سەردانی ئێران دەکەین، مانای ئەوەی ئێمە ھەردوو وڵاتمان بۆ گرنگە.

 

 

 

ھاتنە ناوەوەی سوپای تورکیا بۆ عێراق بە بێی ئاگاداریی دەوڵەت پێشێلکردنیی دەسەڵاتداریی عێراقە

 

 

 

تەسنیم: ببورن، ئێوە لێرە دوو بابەتتان تێکەڵ کرد، یەکێک پەیوەندی وڵاتان کە بابەتێکی جیاوازە و یەکێک پاراستنی دەسەڵاتی وڵات کە لە راستیدا ھەموو لایەن و گروپە سیاسییەکانی عێراق تەئکیدی لەسەر دەکەنەوە، ھەڵوێستی ئێوە لەسەر ھاتنی سوپای تورکیا بۆ خاکی عێراق چییە؟

 

دەباغ: ھەڵوێستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ھاتنی سوپای تورکیا بێ رێککەوتن و ئاگادری حکومەتی عێراق، پێشێلکردنی دەسەڵاتی سەربەخۆیی عێراقە.

 

 

 

تەسنیم: بەڵام سوپای تورکیا بێ ئاگاداری حکومەتی عێراق ھاتوون و ئێوە (بەرپرسانی کوردستان) پێشوازیتان لێکردووە؟

 

دەباغ: من دەڵێم بێ‌ئاگاداری عێراقییەکان نەبووە. لە کوردستان کاتێک ھاوئاھەنگی باش بوونی ھەبوو (لە نێوان بەغدا و ھەرێم) و کێشە و گرفت لەو کاتەدا کەمتر بوو، بەڵام ئێستا بۆشاییەک دروست بووە کە پێویستی بە کەسێک وەکو مام جەلال‌ە.

 

 

 

تەسنیم: چەند سەرچاوەیەکی ھەواڵ باس لە دروستبوونی ھەرێمی سوننە دەکەن و ھاتنی سوپای تورکیا لەم پێناوەدا ھەڵدەسەنگێنن. بە پێی وتارەکەی عەبدولباری عەتوان سەرنوسەری رۆژنامەی رال‌الیوم کە نوسیبوی: جان بوڵتون یەکلایی‌بوونەوەی پێکھاتنی ئەم ھەرێمە سوننەی لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی داعش لە خۆرھەڵاتی سوریا و خۆرئاوای عێراق لەگەڵ بوونی وڵاتێکی شیعە لە باشووری عێراق و کوردەکان لە باکووری ئەم وڵاتەی باسکردووە، عەتوان دەڵێت ئامانجی ئەوان لە کۆتاییدا دروستکردنی ھەرێمێکی سوننەیە لە عێراق و دواتر ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان دەیانەوێت داعش کۆبکەنەوە کە کاتێکی زۆر نابات و دەیانەوێت ئەم ئیمتیازە بدەنە کوردەکان، بە تایبەت کە ئازادکردنی موسڵ لە لایەن کوردەکانەوە جێبەجێ دەکرێت و نایانەوێت موسڵ لە لایەن ھێزە خەڵکییەکانی عێراقەوە ئازاد بکرێت، رای ئێوە چییە؟

 

دەباغ: ئەم وتانەی عەتوان ئێستا باسی دەکات، لە کاتێکدا کە نەوشیروان موستەفا لە ساڵی ١٩٨٨ی زایینی لە وتارێکدا لەژێرناوی "عێراقی کوردی، عیراقی شیعی و عێراقی سوننە" بڵاوی کردەوەو بووە ھۆی باس و خواسێکی زۆر و ئێمەش لەگەڵ دۆستانی خۆمان لە کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان‌ەوە باسمان کرد کە ئەمە رای خودی نەوشیروانە نە رای یەکێتی.

 

 

 

تەسنیم: ئەڵبەت عەتوان رای جان بوڵتونی ھێناوەتەوە؟

 

دەباغ: ئەمە بیرورای ئەمڕۆ نییەو دواتر کەسانی وەکو ئەو باسیان کردووە.

 

 

 

سێ وڵاتی عەڕەبی و تورکیا بە شوێن پڕۆژەی دابەشکردنیی عێراقدان

 

 

 

تەسنیم: ھاتنی سوپای تورکیا بیرۆکەی دابەشکردنی عێراقی بەھێزکردووە، رای ئێوە چییە؟

 

دەباغ: رای خودی من ئەوەیە کە ئیمارات، قەتەر، عەرەبستان و تورکیا بەدوای جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەوەن(دروستکردنی ھەرێمی سوننەو دابەشکردنی عێراق). من لە سەدا سەد دڵنیام کە ھەوڵەکانی تورکیا لە پێناو دروستکردنی ھەرێمی سوننە لە عێراق و لە چوارچێوەی میراتی ئیمراتۆریەتی عوسمانی‌دایە.

 

لە سەرەتای وتەکانمدا وتم کە لە عێراقدا جیاوازی و کێشەی ئایینیی ھەیە. ئێمە پێداگری لەسەر ھاوپەیمانی کورد و شیعە دەکەینەوە و ئەمە بە گەرەنتی مافەکانمان دەزانین و چەندین‌جار دووپات‌مان کردووەتەوە، چونکە بە درێژایی مێژوو، دەسەڵاتدارانی عەرەبە سوننەکان لەگەڵ ئێمەی کورد دوژمنی‌یان کردووە، بەڵام شیعەکان وەکو ئێمە مەزڵووم و چەوساوە بوون.

 

 

 

لە ئایدیای پێکھێنانی ھەرێمەکان لە عێراق پشتیوانی دەکەین

 

 

 

تەسنیم: ئایا ئێوە پشتیوانی پێکھاتنی ھەرێمی سوننە لە عێراق دەکەن؟

 

دەباغ: ئێمە لە بیرۆکەی دروستبوونی ھەرێمەکان لە عێراق پشتیوانی دەکەین. ھەرێمی کوردستانی عێراقمان لە دەستوور پەسەند کرووە، ئەگەری بوونی چەند ھەرێم لە دەستووردا و لە ژێر چاودێری حکومەتی ناوەندیی ھەیە.

 

 

 

تەسنیم: بەڵام پلانی ئەوان (دوژمنەکانی عێراق) دروستکردنی حکوومەتێکی سەربەخۆیە بۆ سوننەکان؟

 

دەباغ: ئەمانە وەھم و خەیاڵاتە. ئیمکانی  بە ئەنجام گەیشتنی نییە. من لە ساڵی ١٩٦٤ی زایینی یەکەم‌جار کە گەنج بووم گەیشتمە خزمەت مام جەلال. تا ئێستا یەکێک لە ئاواتەکانمان دروستکردنی حکومەتی کوردستان بووە، بەڵام دەزانم گەیشتن بەم ئاواتە لە بارودۆخی ئێستادا ناکرێت.

 

 

 

تەسنیم: باسی ئازادکرندیی ناوچە داگیرکراوەکان دەخەینەڕوو، بۆچی ھیچ ھەماھەنگییەک لە نێوان کوردەکان و سوپای عێراقدا بۆ ئازادکردنیی ئەم ناوچانە بوونی نییە و ئایا ئەو ناوچانەی کە سەر بە کوردستان نین و لە ئیختیاریی ئێوەدان، ئایا دەگەڕێنەوە بۆ دەوڵەتی ناوەندیی عێراق؟

 

دەباغ: ھەر شوێنێک کە بەشێک لە کوردستانی عێراق نەبێت، ھەر سبەینێش بیانەوێت ڕادەستیان دەکەین.

 

 

 

تەسنیم: لە ئێستادا دەوڵەتی عێراق سەرقاڵی شەڕ لەگەڵ گرووپی تیرۆریستی داعشە و ئەگەر شەڕ تەواو بێت ئایا ئێوە لەم ناوچانەی کە لە ژێر کۆنتڕۆڵتاندایە دەچنە دەرێی؟    

 

دەباغ: بە گشتیی ئێمە چاوی تەماحمان لە زەویی ھیچ کەسێکەوە نییە.

 

 

 

تەسنیم: کەرکووک بە چ شێوەیەکە؟ 

 

دەباغ: کەرکووک سەر بە کوردستانە.

 

 

 

تەسنیم: تورکمان و عەڕەبەکانیش وادەزانن کە کەرکووک ھی ئەوانە و دەڵێن ئێوە دەستتان کردووە بە گۆڕینی پێکھاتەی دانیشتووانی ئەم شارە، ئەوە پەسند دەکەن؟   

 

دەباغ: کوردستان لە سەرەتادا لە چوارچێوەی ئیمپڕاتووری ئێراندا بووە، پاشان بۆتە بەشێک لە عوسمانیی، یانی نە عێراق بوونی بوووە و نە سووریا. لە شەڕی چاڵدۆڕاندا کە بەداخەوە شکستی ئێرانییەکان لە بەرانبەر عوسمانییەکانی بەدواوە بوو، ئیمڕاتووری عوسمانی گەشەی سەند و وڵات گەلێک کەوتە ژێردەستیانەوە کە کوردیی بوون و کوردەکان دانیشتووی ئەو ناوچانە بوون و ئەو ناوچانە لە نێوان عەباسی و عوسمانیدا دابەشبوون. دوای شەڕیی یەکەمی جیھانی بە ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی، عێراق پێکھات، کاتێک کە عێراقیان دامەزراند بەشێک لە وڵاتی تورکیا و بەشێک لە وڵاتی ئێران و بەشێک لە وڵاتی سعوودی و ئەردەنیان ڕادەستکرد و سووریایان پێکھێنا. ئەگەر ئەم خاڵە لەبەرچاوبگرین و سەرنجی پێبدەین، ھەندێک گرفت لە نەینەوا و مووسڵ و ئەسکەندەروون ڕوویدا، مووسڵیان بە عێراقدا و لە بەشی سووریا، ئەسکەندەروونیان بە تورکیادا. نەخشەی ویلایەتی مووسڵ نیشانبدەن، ویلایەتی مووسڵ پەسەند ناکەم کە تا چ شوێنێک ناوچەی کوردیی و تا چ شوێنێک ناوچەی عەڕەبی بووە. ئەو ناوچانەی کە من ئاماژەم پێکرد، بەشێک لەوانە لە ناوچەی مووسڵ ھەڵکەوتوون.

 

ئێمە دەڵێین کە کەرکووک لە چوارچێوەی جوگرافیای کوردستاندا ھەڵکەوتووە، حکوومەتی بەعسی فاشیستی سەدام ھەستا بە گۆڕینی پێکھاتەی دانیشتووانی ئەم شارە، کەرکووک لە بنەڕەتدا شیعەی لێ نییە، ئەو تورکمانانەی کە لە ناوچەی کەرکووکدان، کارمەندی دەوڵەتی عوسمانی ئەو سەردەمە بوون کە ھاتوون بۆ ئەم شارە. مادەی ١٤٠ دەڵێت ئەوانەی کە لە بنەڕەتدا باوک و باپیرانیان خەڵکی کەرکووک نین، لەم شارە بڕۆنە دەرێی. بۆچی مادەی ١٤٠ جێبەجێی ناکرێت؟

 

ناوچەگەلێک بوون کە لە پێشدا ھەم سوپای عێراق و ھەمیش پێشمەرگە لەوێی ئامادەبوون و پشتیوانیان لێدەکرد، بەڵام ڕۆژێک کە داعش ھات، سوپای عێراق چەکەکانی خۆیان لە سەر زەوی دانا و ھێزەکانی پێشمەرگە بوونی خۆیان لەو ناوچانە بەھێزتر کرد.         

 

 

 

داواکاریی ئەمەریکا لە کوردەکان بۆ ئازادکردنیی مووسڵ

 

 

 

تەسنیم: بەڕێز دەباغ بۆچی لە نێوان سوپای عێراق و کوردەکاندا بۆ ئازادکردنیی ناوچە داگیرکراوەکان ھەماھەنگی نییە و پرسیاریی گرینگتر ئەوەیە کە ھەماھەنگی نێوان کوردەکان و ئەمەرکییەکان بۆ ئازادکردنیی مووسڵ بە بەشداریی کوردەکان لە ئارادایە؟ 

 

دەباغ: ھەموو کاتێک ئەم داخوازییە لە ئێمە بوونی ھەبووە و ئەم مەسەلەیە لە لایەن ئەمەریکییەکانەوە خراوەتەڕوو. داخوازیی ھاوکاریی لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و بەشداریی لە ئازادکردنیی مووسڵدا خراوەتەڕوو و ئێمەش بە ھەندێک مەرج بەشداریی دەکەین بەڵام تا ئێستا بڕیاریی کۆتایی نەگیراوە و ئەگەر بڕیاریی کۆتایی بگیرێت بێگومان بە ھاوکاریی ھاوپەیمانانی خۆمان و بەغدا ھەنگاو دەنێین. 

 

 

 

تەسنیم: بۆچی ئەو ھاماھەنگییە لە نێوان دەوڵەتی ناوەندیی و کوردەکاندا بوونی نییە؟  

 

دەباغ: ئەم داخوازییە دەبێت لە لایەن عێراق بە ڕەسمی بخرێتەڕوو و ئێمە مەرجمان ھەیە و بە بێ ھاوکاریی و یارمەتی عێراق بە پێشمەرگەکان لە بواریی دابینکردنی چەک و تەقەمەنیی، فێرکردن، مافەکان و پێداویستیی و کەرەستەی پێویست ناتوانرێت ئەو چاوەڕوانییە ھەبێت کە کوردەکان لەم شەڕەدا بەشداریی بکەم.   

 

 

 

تەسنیم: ئەو بەشە سەتا ١٧ی کە لە دەوڵەتی عێراق وەریدەگرن، بۆ چییە؟

 

دەباغ: ئێمە ئەو بەشەمان وەرنەگرتووە.

 

 

 

تەسنیم: فرۆشی یەکلایەنەی نەوت چۆن پاکانەی بۆ دەکەن؟ 

 

دەباغ: ئەگەر ئێمە ئەو کارەمان نەکردبایە، بە چ شێوەیەک دەمانتوانی لەگەڵ داعش شەڕ بکەین. 

 

 

 

تەسنیم: سەبارەت بە فرۆشی نەوت لە لایەن داعشەوە کە دەڵێین لەو ناوچانەی کە لە ژێر چاودێریی ئێوەدایە تێپەڕدەبن و تورکیا لێیان دەکڕێت، ڕاتان لەم بارەیەوە چییە؟ 

 

دەباغ: ئەوە قسەیەیە بنەمایە و ھیچ ئەساسێکی نییە. 

 

 

 

تەسنیم: عەڕەبستان ھاوپەیمانییەکی بە ئامادەبوونی ٣٤ وڵات پێکھێناوە جێگای سەرنج ئەوەیە کە لەم ھاوپەیمانییەدا، ئەو وڵاتانەی کە بوونەتە قوربانیی تیرۆر وەکوو عێراق و سووریا بوونیان نییە، ھەڵوێستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق لەم بارەیەوە چییە، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ھەندێک ئەم ھەنگاوە بە ناتۆی سوننە ناو دەبەن؟   

 

دەباغ: بە بڕوای من دەبێت چاوەڕوان بین، ھێشتا زووە بچینە ناو ھەندێک لەو مەسەلانەوە، بە بڕوای من دوای ھاتنی ڕووسیا بۆ ناوچەکە (بە شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تیرۆریسم لە سووریا)، گۆڕانکاریی و ئاڵووگۆڕیی نوێی پێکھاتووە و دوای پێکھاتنی وڵاتانی پێنج زێدە یەک و ئێران، خاڵێکی گەش دەبینین بەڵام بەگشتیی ھەستی من ئەوەیە کە جۆرێک ھاوپەیمانی وارشۆ لە بەرامبەر ناتۆدا پێکبێت. پەیمانی وارشۆ بە ڕووخانی سۆڤییەت، داڕما. بەڵام ئەمڕۆکە بوونی ڕووسیا لە ناوچەکەدا دەسەڵاتدارییە، بەتایبەت دوای ھەنگاویی تورکیا لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ڕووسی کە بووە ھۆی ئەوەی کە ڕووسیا مووشەکی ئێس ٣٠٠ بێنێتە ناوچەکەوە (ڕووسیا). ئامادەبوونی پڕشووبڵاوی ئەورووپییەکان لە ناوچەکەدا، دوای تەقینەوەکانی پاریس ھەر یەک لە وڵاتانی ئەورووپی ھەوڵدەدات کە خۆی لە ناوچەکە دوور بخاتەوە. بەبڕوای من، چین، ڕووسیا و ئێران شایەد دامەزرێنەریی بە جۆرێک ھاوپەیمانیی نوێی وەکوو وەرشەو ببن.

 

 

 

ھاوپەیمانی خەبات لەگەڵ تیرۆریسمی عەڕەبستان دژایەتییە لەگەڵ ئێران      

 

 

 

تەسنیم: ھەندێک دەڵێین ئەم ھاوپەیمانییە (ھاوپەیمانیی عەڕەبستان دژ بە تیرۆریسم) بۆ ڕواڵەتە. چونکە ھەندێک لە وڵاتانی وەکوو لوبنان کە ناویان لەم ھاوپەیمانییەدا ھاتووە، ڕایانگەیاندووە ئاگایان لەم مەسەلەیە نییە، باسێکی دیکە ئەوەیە کە ئەم ھاوپەیمانییە لە دژی ئێران، عێراق و سووریایە، ھەڵسەنگاندیی ئێوە چییە؟    

 

دەباغ: ئەم ھاوپەیمانییە ھەر چییەک بێت بە جۆرێک دژایەتی لەگەڵ ئێرانی تێدایە، بەڵام ڕۆژێک لە کۆنفڕانسێکدا گوتم کە قووڵایی ئیستراتیجێکی ئێران لە عێراقدایە.

 

بەگشتیی ئێران بۆتە ھێزێک، ھێزیی ئێران، ئەمەریکا و ڕۆژئاوای والێکردووە کە پاشەکشێی بکەن، پێکھاتنی وڵاتانی پێنج زێدە یەک لەگەڵ ئێران، مەرجگەلێکی پێکھێناوە کە ناتوانرێت ئێران لەبەرچاو نەگیرێت. بەڵام ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەڕەبی کەنداو (فارس) ئەوە پەسەند ناکەن.  

 

 

 

تەسنیم: دوای ناکۆکییەکان لە نێوان ڕووسیا و تورکیا، ھەندێک ھەواڵ بوونی ھەیە لەبارەی ئەوەی کە ڕووسیا داواکاریی بۆ دامەزراندیی پێگەی لە ھەرێمی کوردستانی عێراق ھەیە، ئەوەتان قەبووڵە؟  

 

دەباغ: نەخێر، ئەوان یارمەتی (چەک و تەقەمەنی) دەنێرن و ئێمەش وەریاندەگرین، بەڵام ڕێژەی ئەم یارمەتیانە کەمە بەڵام پێگەیان نییە.

 

 

 

تورکیا لە کوردستانی عێراق پێگەی ھەیە

 

 

 

تەسنیم: تورکیا لە ھەرێمی کوردستانی عێراق پێگەی ھەیە؟

 

دەباغ: بەڵێ پێگەیان ھەیە، لە کۆنەوە لە سەردەمی سەدام ئەم پێگانەیان ھەبووە، کۆپتەر، دەبابە و تۆپ و ... لەم پێگەیەدا بوونی ھەیە، ڕێژەی سوپای تورکیا لە پێگە سەربازییەکانی خۆی لە ھەرێمی کوردستان دیار نییە، لە ناوچەی گارا و زاخۆ بوونیان ھەیە.

 

 

 

ئامادەبوونی دکتۆرە ئێرانییەکان لە تیمی چارەسەرکردنیی بەڕێز تاڵەبانی

 

 

 

تەسنیم: لە ئێستادا باروودۆخی تەندروستی بەڕێز تاڵەبانی بە چ شێوەیەکە؟ 

 

دەباغ: باروودۆخی بەڕێز تاڵەبانی لە ئێستادا گونجاوە، دکتۆرە ئێرانییەکانیش لە تیمی چارەسەرکردنیی بەڕێز تاڵەبانیدا ئامادەبوون، دوو ھەفتە پێش، بەڕێزیانیان برد بۆ ئەڵمانیا بۆ چارەسەرکردن، لە ئێستادا لە شاری سلێمانین و خۆشبەختانە لە لایەنی تەندروستییەوە باروودۆخیان باشە.

 

 

 

وتووێژ لە لایەن: حەسەن ڕۆستەمی و عەباس ئەسڵانی

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران سەبارەت بە ڕاپۆڕتێکی ئاژانسی ھەواڵی "ئیرنا"ی ئێران ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕیی.

 

لە بەرواریی ٩ی دیسەمبەری ٢٠١٥ لە ڕاپۆڕتێکی ئاژانسی ھەواڵی "ئیرنا"ی ئێران کە لە لایەن پەیامنێریانەوە لە شاری بەغدا ئامادەکرابوو، سووکایەتیی بە جلووبەرگی کوردیی کرابوو، نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لە تاران دەستبەجێی ناڕەزایی خۆی دەربڕیی و دەنگی خستە پاڵ دەنگی ناڕازیی بووانەوە و لە ڕێگای تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە بەرپرسانی کۆماریی ئیسلامی ئێران کرد.

 

ئاژانسی ھەواڵی "ئیرنا" دەستبەجێی ئەو وشە نالەبارەی لادا و پەیمانیاندا کە لەمەودوا زیاتر سەرنج بدەن کە لە ڕاپۆڕت و ھەواڵەکانیاندا ئەم جۆرە کارانە دووبارە نەبێتەوە.

 

 

 

 

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، لەگەڵ "توماس گلیوزو" سکرتێری دووھەمی باڵیۆزخانەی وڵاتی فەڕەنسا لە تاران دیداریی کرد.

"توماس گلیوزو" Thomas Gliozzo سکرتێری دووھەمی باڵیۆزخانەی وڵاتی فەڕەنسا لە تاران، رۆژی دووشەمە رێکەوتی ٣٠/١١/٢٠١٥ سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تارانی کرد و لە لایەن "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران و "عەلاء غوڵام" ئەندامی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازیی لێکرا.

لە دانیشتنەکەدا باس لە ڕەوشی عێراق و ناو‌چەکە بە گشتیی و ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی کرا و "توماس گلیوزو" سوپاسی گەلی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا پێشمەرگەی کوردستانی کرد بۆ ڕووبەڕووبونەوەیان لەگەڵ گرووپی تیروریستی داعش.

لە بەشێکی دیکەی ئەم دانیشتنەدا سکرتێری دووھەمی باڵیۆزخانەی وڵاتی فەڕەنسا لە تاران، پرسیاری ڕەوشی ئەمڕۆی کوردستان و عێراق و حیزبە سیاسییەکانی کرد بە نیسبەت شەڕیی داعش لە ناوچە داگیرکراوەکان و ھەروەھا باسیان لە بارودۆخی کورد و عیراق و سووریا کرد.

ھەر لەم کۆبوونەوەیەدا "توماس گلیوزو" باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی عێراق کرد و سەبارەت بە پرسی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان پرسیاریی لە نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران کرد.

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تارانی پێتەختی ئێران بە شێوەیەکی گشتیی ڕەوشیی ئێستای ھەرێمی کوردستانی بۆ سکرتێری دووھەمی باڵیۆزخانەی وڵاتی فەڕەنسا لە تاران شیی کردەوە و ھەڵوێستی فەرمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی سەبارەت بە پێشھاتەکان پێی ڕاگەیاند، بە تایبەت خۆڕاگریی ئێستای گەلی کوردستان و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بەرامبەر گەورەترین مەترسی تروریستی جیھان کە ڕووبەڕووی کوردستان و گەلی کورد بۆتەوە.

ھەر لەم دانیشتنەدا نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران سوپاسی ڕۆڵی دەوڵەتی فەڕەنسا و ھاوپەیمانان و دراوسێکانی کرد و گوتی کە ھیوادارم ئەو ھاوکارییە سەربازییەی کە ئێستاکە ھەیە لە ئایندەش بەردەوام بێت و ببێتە ھاوپیمانییەکی ئیستراتیجی لە ناوچەکەدا.

"توماس گلیوزو" وێڕای سوپاسی بۆ پێشوازیی لێکردنیان و داوای سەرکەوتنی کرد بۆ گەلی کوردستان و حکوومەتی ھەرێم و پێشمەرگەی کوردستان و ئومیدی خواست بەردەوام بن لە ھاوکاریی و دوستایەتی لەگەڵ گەلی کورد و ھەروەھا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

 

 

 

نوێنەری هەرێمی کوردستان وێڕای راگەیاندنی هۆکارەکانی خستنەڕووی گەڵاڵەی پلانی دابەشیی عێراق لە لایەن سیاسەتوانانی ئەمریکی، لە گۆشەنیگای خۆیەوە ڕوانییە دامەزرانی گاردی نیشتمانی.

 

بەشی نیێودەوڵەتی- سومەیە خومارباقی: دامەزرانی هەڕیمی کوردستان و پەیجووریی دابەشکردنی عێراق لە لایەن هەندێک لە کاربەدەستانی ئەمریکی و ڕوانگەی بەغدا بۆ پەیوەندییەکان و سیاسەتی دەرەوەیی ناوچەیی و بان ناوچەیی بەشێکن لەو بابەتانەی کە ئاژانسی هەواڵی مێهر لە دیمانە لە گەڵ "نازم دەباغ" نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران ئاوڕی لێ‌داوەتەوە. کۆی دیمانەکە لە خوارەوە دەخوێننەوە.

 

بە ئاوڕدانەوە لە سەرکەوتنی پارتی داد و گەشە لە توکیا و دامەزرانی دەوڵەتی تاک پارتی لە لایەن پارتی داد و گه‌شه ‌و بەرزبوونەوەی دەسەڵاتی ئەوپارتە، پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا بە چ چەشنێک دەبێت؟

ئاک پارتی (AKP) لە هەڵبژاردنی نوێدا سەرکەوت و دەوڵەتی نوێی لە تورکیا دامەزراند. حکوومەتی عێراق پێویستی بە هاوڕێیەتی و پەیوەندی دوولایەنە لەگەڵ تورکیایە. بە دڵنیاییەوە هاوکاریی عێراق و تورکیا بە نیسبەتی جاران پەرە دەستێنێت و وەک دەزانن وەزیری دەرەوەی تورکیا لەم دواییانە دوای سەردانی هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم، جەختی لە گەشە و پەرەدان بە پەیوەندییەکان کردەوە.

 

ئایا یەکێک لە ئامانجەکانی ئەمریکا لە عێراق پەیجووریی دابەشبوونی عێراقە یان دابەشبوونی عێراق ستراتژێی باڵای ئەمریکا لە عێراقە؟ ئەمریکا بە دابەشکردنی عێراق چ ئامانجێک دەپێکێت؟

ئەمە بابەتێکی نوێی نییە و بەر لە ڕووخانی ڕەژیمی سەدام حسێنیش ئەو بابەتە خرایەڕوو کە عێراق بە سەر سێ ناوچەی کورد، سوننە و شیعە دابەش بکرێت. ئەو کات گەڵاڵەدانی ئەو باسە زیاتر وەک پرسێکی ئەمنی و سەربازی چاو لێ‌دەکرا و پێدەچێت بە پێچەوانە ئەمریکا لە بارودۆخی ئێستادا خوازیاری دابەشبوونی عێراق نەبێت. بەڵکوو ئەوە هەرێمی کوردستان کە بە هۆی سەربەخۆبوون و بەهرە وەرگرتن لە هێزی پێشمەرگە وەک هێزی سەربەخۆی خۆی لە گۆڕەپانی شەڕدا و تەنانەت لە ناوچە ژێڕ کۆنتڕۆڵەکانی داعشیشدا، سەلماندوویەتی کە دەتوانێ هەرێمێکی ئازاد و سەربەخۆ بێت. بەڕاستی لە ئەمڕۆدا عێراقی نوێی چ لە باری جوگرافی و چ لە باری سیاسییەوە عێراقێکی لە بەر یەک‌هەڵوەشاوەیە. هیچ هاوڕێزییەکی جوگرافی و سیاسی لە ئارادا نییە و هەر بەو هۆیەش هەر کەسە و تاقمێک بە دوای بەرژەوەندیی خۆیانەوەن. ئەمە بۆچوونی منە، کەواتە باشترین رێگەچارەیەک کە ئەمریکاییەکان و بە تایبەت "جۆ بایدن" لە ئێستا بیری لێ‌دەکەنەوە هەمدیسان پەنابردنە بەر پلانی دابەشکردنی عێراق بە سەر سێ هەرێم و ناوچەیە. گەر ئەو شتە مومکین بێت پێگەی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی ئەو هەرێمە بەرزتر دەبێتەوە، هەر چەند ڕوودانی ئەو شتە بە بڕوای من نامومکینە، چونکه بە گشتیی جیا لە کوردەکان هیچ پێکهاتەیەکی دیکە لە ئاستی عێراق و ناوچەدا حەز بە دابەشبوونی عێراق ناکەن.

خاڵی بەرچاوی دیکە بە نیسبەتی ئەم بابەتە ئەوەیە کە بە دوای خەملانی پرسی دابەشبوونی عێراق، وڵاتانی ناوچە و لە سەرووی هەموویانەوە وڵاتانی عەرەبی لە دژی ئەو شتەی پێی دەڵین هەیڤی شیعە لە ناوچەدا دەوەستن و بە ڕای ئەوانباشترین رێگا بۆ رێگری لە وەدی هاتنی ئەو هەیڤە، پاراستنی یەکگرتوویی عێراقە.

 

یەکێک لە پرێنسیپە ڕاگەیێندراوەکانی سیاسەتی دەرەوەیی عێراق، هاوسەنگییه ‌لە پەیوەندییە دەرەوەییەکان لە ئاستی ناوچەدا. بەبڕوای ئێوە بەغدا چۆن دەتوانێت لەگەڵ وڵاتانێک کە پشتیوانی لە تیرۆریستەکان دەکەن و لەوان عەرەبستان، لە لایەکەوە و وڵاتانێکی وەک ئێران کە پشتیوانیی ئەو وڵاتەدەکەن، هاوسەنگی دروست بکات؟

جێبەجێ کردنی هاوسەنگی لە سیاسیەتی دەرەوەیی عێراق لە بارودۆخی ئێستادا دژوارە. لە عێراق لایەنگەلی جۆراوجۆر لەگەڵ وڵاتە جۆراوجۆرەکانی ناوچە لە پەیوەندیدان و لەو دەلاقەوە دەڕوانن. بە داخەوە هەندێک لە سیاسەتوانانی ئامادەی ناو حکوومەتی عێراق زۆرتر لەوەی کە لە پێناو بەرژەوەندیی نیشتمانیدا هەوڵبدەن، لە پێناو بەرژەوەندیی تاکە کەسی و پارتییەکەیان هەوڵ دەدەن و گەر وانەبایە زۆربەی کێشەکانی ئێستای عێراق سەری هەڵنەدەدا و بێرە نەدەگەیشتین. کەواتە لە بارودۆخی ئێستادا سازدانی هاوسەنگی لە پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەدا دژوارە.

 

هەندێک ڕەخنە دەگرن لە دامەزرانی گاردی نیشتمانی عێراق و لایان وایە کە دامەزرانی ئەو گاردە لەلایەکەوە دەبێتە هۆی دابەزینی توانستەکانی سوپا و لەلایەکی دیکەوە دەبێتەهۆی دابەشبوونی عێراق، ئێوە چۆن لەمبابەتە دەڕوانن؟

دامەزرانی گاردی نیشتمانی دوو لایەنەیە و وەک تیخێک دەچێت کە گەر هوشیار نەبین لە هەر دوو بەرەوە دەست دەبڕێت. هەر بۆیە گەر ئاستی سوپای عێراق لە بەرچاو بگرین، ناچارین لە دامەزراندنی گاردی نیشتمانی. بەڵام خود دامەزرانی ئەو گاردە، دابەشبوونی عێراقی لێ‌دەکەوێتەوە. بۆ وێنە سوننەکان خوازیاری دامەزرانی گاردی خۆیانن، کوردەکان گاردی خۆیان لە قەوارەی پێشمەرگە هەیە و شیعەش خاوەن گاردی حەشدی شەعبییە.

شێوەی دامەزرانی گاردی نیشتمانیی عێراق جێی ناکۆکییە، دەنا وەک کردەوە ئەزموونی هەرێمی کوردستان نیشانی داوە کە گەر پێشمەرگە نەبایە، ئەو هەرێمە نەیدەتوانی بەرەنگاری داعش بێتەوە. دامەزرانی پێشمەرگە تەنیا تایبەتی ئەوڕۆ نییە، بەڵکوو بەر لە ڕووخانی ڕەژیمی سەدام ئەو هێزە دامەزراوە. کەواتە ئەمڕۆ گەر بڕوانینە ناوچە ژێڕ کۆنتڕۆڵەکانی داعش دەبینین کە ئەو ناوچانە، ناوچەکانی تایبەت بە بەشی سوننەنشینی عێراقن و ئەوە ئەهلی سوننەن کە نەیانتوانیوە پشتگری لە ناوچەکانی خۆیان بکەن و داعشییەکان لە ناوچەکانی خۆیان ڕاو بنێن. ئەهلی سوننە لایان وایە کە گەر ئەوانیش هێزی چەکداریی خۆیان هەبێت دەتوانن ڕێگری بکەن لە دزەکردنی داعش بۆ ناو ناوچە سوننەنشینەکان و کۆنتڕۆڵ کردنی ئەو ناوچانە. بەڵام من دەپرسم مەگەر زۆربەی فەرماندەکانی سوپای عێراق، چەکدار و سوننە نین؟ بە بڕوای من هەندێک بە دوای بیانووهێنانەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراقن و سەرقاڵی پاساو هێنانەوە بۆنائارامییەکانی ئێستان، کەواتە بە بڕوای من دامەزرانی گاردی نیشتمانی لە عێراق نە تەنیا نابێتە هۆی یەکگرتوویی و یەکڕیزی، بەڵکوو دەبێتە هۆی ناکۆکی و ئاژاوە لەو وڵاتەدا.

 

ناوەندێکی هەواڵگری بە بەشداریی ئێران، ڕووسیا، سووریا و عێراق لە بەغدا دامەزراوە. گه‌لۆ ئیمکانی پەرەدان بەهاوکارییە سەربازی، ئەمنی و زانیارییەکان لە نێوان ئەم چوار وڵاتە لە داهاتوودا هەیە و ئایا مومکینە کە بەغدا خوازیاری پەرەدان بە هێرشی ئاسمانی لە سووریاوە بۆ عێراق لەلایەن ڕووسیاوە بێت؟

 

من دەڵێم دەکرێت بەهرە لەبوونی ڕووسیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش وەربگیردرێت، بەڵام دوای ئەو چی؟ سیاسەتی واشنتۆن ئەوەیە کە ئەمریکاییەکان بە شێوەی یەکلاکەرەوە بە دوای شەڕ لە گەڵ داعش نەبن و خوازیاری شەڕێکی بەرتەسک لە گەڵ ئەو گرووپە بن. بەڵام ڕووسیا بە شێوەی یەکلاکەرەوە بە دوای بەزاندنی داعشە، کەواتە لە نێوانیاندا دژوازیی بەرژەوەندییەکان ساز دەبێت، ڕەنگە ئەمریکا و ڕووسیا لەمناوە بە خاڵێکی هاوبەش بگەنو گەر لە سەر ئەو خاڵە ڕێککەون، دەکرێت تا ڕادەیەک سەبارەت بە داهاتووی بەرژەوەندییەکانی ناوچە دانوستان بکەین. بە بڕوای من یەکێک لە بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا گەڕانەوەی بۆ سەر شانۆی دەسەڵاتە، چونکا پێشتر ئەمریکا دەسەڵاتی مەزن و زلهێزی گەورەی ناوچە بوو.

نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی پێشوازیی دکتۆر "فوئاد مەعسووم" سەرۆک کۆماری عێراق لە تارانی پێتەختی ئێران کرد.

دکتۆر "فوئاد مەعسووم" سەرۆک کۆماری عێراق بە سەردانێکی ڕەسمی و بە یاوەریی شاندێکی پایەبەرز لە بەرپرسانی وڵاتی عێراقی فیدڕاڵ، کاتژمێر ٣٠/١٢ی ڕۆژی یەکشەمە ٢٢ نۆڤەمبەری ٢٠١٥ بۆ بەشداریی لە سێیەمین کۆبوونەوەی لووتکەی وڵاتانی ھەناردەکردنیی گازGECFلە ڕێگای پاڤیۆنی سەرۆک کۆماریی فڕۆکەخانەی مێھرئابادی تاران گەیشتە پێتەختی ئێران و لە لایەن "عەلی تەبیب نیا" وەزیری کاروباریی ئابووریی و دارایی ئێران، دکتۆر "عادل عەبدوالمەھدی" وەزیری نەوتی عێراق، "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران"، "راجح سابر عەبود الموسوی" باڵیۆزی وڵاتی عێراق لە تاران، "ھیوا ڕەسووڵ" و "فەخرەدین عەزیز ساڵح" ئەندامانی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، ئەندازیار "حەسەن دانایی فەڕ" باڵیۆزی ئێران لە بەغداد و چەندین بەرپرسی دیکە بە گەرمی پێشوازیی لێکرا.

 

سەرۆک کۆماری عێراق بڕیاروایە بێجگە لە بەشداریی سێیەمین کۆبوونەوەی لووتکەی وڵاتانی ھەناردەکردنیی گاز، دکتۆر "حەسەن ڕووحانی" سەرۆک کۆماریی دیدار و چاوپێکەوتن ئەنجام بدات.

 

سێیەمین کۆبوونەوەی لووتکەی وڵاتانی ھەناردەکردنیی گاز، ڕۆژی دووشەمە ٢٣ نۆڤەمبەری ٢٠١٥ بە بەشداریی سەرۆک کۆماریی زیاتر لە ١٠ وڵاتی جیھان، لەوانە: ڕووسیا، عێراق، ئێران، ڤینزۆئێلا، بۆلیوی، نیجریە، تورکەمەنیستان، گینەی ئۆستۆوایی و ... و سەرۆک وەزیرانی ئەلجەزائیر و ھەروەھا وەزیرانی نەوت و گازی ١٢ وڵاتی جۆراوجۆری جیھان لە ھۆڵی کۆبوونەوەکانی سەرۆکایەتیی ئێران لە شاری تاران بەڕێوەبچێت.

 

 "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران لەگەڵ "لارس ئێریک ئاندرێسۆن" سەرۆکی ئیدارەی پەنابەرانی وڵاتی نەرویج و شاندیی ھاوڕێی دیداریی کرد.

 

سەر لە بەیانی ڕۆژی شەممە ٧ی نۆڤەمبەری ٢٠١٥ "لارس ئێریک ئاندرێسۆن" سەرۆکی ئیدارەی پەنابەرانی وڵاتی نەرویج و "ئێره هۆودێناک" کە شاندێک بوون تایبەت بە پەنابەرە نیشتەجێی کردنەکانی ھەرێمی کوردستان، سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە شاری تارانیان کرد و لە لایەن "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران و "ئەمجەد باباحاجی" و ھەروەھا "ھیوا ڕەسووڵ" ئەندامانی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران بە گەرمیی پێشوازییان لێکرا.

لەم دیدارەدا دوو لایەن سەبارەت بە باروودۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان و پێداویستییەکانی پەنابەران، باروودۆخی ئێستا و شێوەی ژیانی ئاوارەکان و یارمەتی ئاوارەکانی نیشتەجێی کرا لە ھەرێمی کوردستان ھاتنە ئاخاوتن و ھەروەھا باسی چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەی پەنابەران لە ھەرێمی کوردستان کرا.

 

لە بەشێکی دیکەی ئەم چاوپێکەتنەدا شاندی ئیدارەی پەنابەرانی وڵاتی نەرویج ڕایانگەیاند کە بە باشی چاویان لە ڕەوشی ئاوارەکانی ھەرێمی کوردستانە و ئەوەی کە لەوێی بە باشی یارمەتی ئەم ئاوارە و پەنابەرانە دەکرێت.

ھەر لەم دیدارەدا "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران سەبارەت بە باروودۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان، شەڕی پێشمەرگە لەگەڵ گرووپی تیرۆریستی داعش، نیشتەجێی بوونی ئاوارەکانی سووریا و شنگاڵ و مووسڵ لە ھەرێمی کوردستان، پێداویستییەکانی ئەم ئاوارانە لە ڕووی کەرەستەی زستانی و شوێنی نیشتەجێی بوون و ھەروەھا خوێندگاکانیان ھاتە ئاخاوتن.

 

لایەنی بەرانبەریش وەعدیاندا کە ئەو پەیامانەی ھەرێمی کوردستان بە بەرپرسانی پەیوەندیداری وڵاتی نەرویج بگەیەنن.

 

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی