هەرێم - ئێران
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران رایگەیاند، ئێران ئەو کارانەی عێراق بە هاوئاهەنگی هەرێمی کوردستان دەیانکات بۆ پاراستنی سنوورەکان پێباشە و بە پێویستی دەزانێت.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی رێوشوێنەکانی عێراق لە پاراستنی سنوور و دامەزراندنی چەند لیوایەک بۆ ئەو مەبەستە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە: "هەر رێوشوێن و هەڵوێستێکی حکوومەتی عێراقی وەریبگرێت پەیوەندیی بە سنووری هاوبەشی نێوان ئێران و عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە هەبێت، بەبێ رەزامەندی و هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ناکرێت و ئەو کارە سەرناگرێت."
نازم دەباغ دەشڵێت: "بەدڵنیاییەوە ئەو بڕیار و رێوشوێنانەی عێراق دەیانگرێتەبەر بەبێ رەزامەندی ئێران ناکرێت و کۆنتڕۆڵ کردنی سنوورەکان لەلایەن عێراقەوە بەهاوئاهانگی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران گەرەنتی دەدات بە ئێران."
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لەبارەی راوەستانی ئەو بۆردوومانانەی کە ئێران دەیکردن، گوتی: "بەدڵنیاییەوە ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستا چالاکییەکانی راگرتووە پەیوەندیی بە بەرپەرچدانەوەی ئەو کارانەوە هەیە لە سنوورەکان و لە ناو کۆماری ئیسلامیی ئێران روودەدەن."
نازم دەباغ پێیوایە، عێراق بڕیارێک نادات ئەگەر دڵنیایی و گەرەنتی لە ئێران وەرنەگرێت، چوونکە ئێران پێیوایە لە بەغدا ئەو سیاسەت و پرەنسیپە هەیە کە رێگە لەو چالاکیانە بگرن کە کاریگەریی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناو ئێرانەوە هەیە، بۆیە بە رێوشوێنەکانی عێراق دڵخۆشە و پێیباشە.
https://kurdpress.com/ku/news/7419/ئێران-پێیوایە-لە-بەغدا-سیاسەت-و-پڕەنسیپێک-بۆ-رێگەگرتن-لە-چالاکییەکانی-دژ-بە-ئەو-هەیە/
شارپرێس:
نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران مهترسیهكى گهوره لهسهر كورد ئاشكرادهكاتو ڕایدهگهیهنێت، "پێشبینی دوبارەبونەوەی ڕێککەوتنێک هاوشێوەی ئەوەی جەزائیر دەکەم لەسەر کەوڵی کورد".
نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێم لەتاران زانیاریهكى گرنگ ئاشكرادهكات لهبارهى كۆمیتهیهكى هاوبهشى ئێرانىو كوردىو دهڵێت:"کۆمیتەیەکی هاوبەش لەنێوان هەرێمو ئێراندا هەیە کە نوێنەری پارتیو یەکێتیو حکومەتی هەرێمو بەرپرسانی سوپاو ئیتڵاعاتی ئێران ئەندامن تێیدا".
ڕاشیدهگهیهنێت، "ئهو كۆمیته هاوبهشه دهبێت ههمیشه چاودێریی ئهو چالاكیانه بكەن كه لهناو ههرێمی كوردستانهوه ڕوبهڕوی كۆماری ئیسلامی ئێران دهبێتهوه".
نایشارێتهوه، "ئهگهر بهردهوام هۆكار ههبێت بۆئهوهی ئێران تۆپباران بكات، ئهوكاتهش حكومهتی ههرێم دهبێت بیر لهبژاردهی تر بكاتهوه، ئهو هێزو لایانانهی كه لهههرێمی كوردستانو عێراقن چ ئۆپۆزسیۆنی ئێران بن چ ئۆپۆزسیۆنی توركیابن یان ههر وڵاتێكی تر، پێموایه جوڵانهوهكانیان سنوردار دهكرێن".
مهترسیهكى گهورهش لهسهر كورد ئاشكرادهكاتو دهڵێت:"پێشبینی دوبارەبونەوەی ڕێککەوتنێک هاوشێوەی ئەوەی جەزائیر دەکەم لەسەر کەوڵی کورد، بەڵام ئەمجارە لەنێوان (عێراقو تورکیاو ئێرانو سوریا)دا دەبێت".
لەگەڵ فراوانبونی خۆپیشاندانو ناڕەزایەتییەکان لەئێران، تائێستاش بەردەوام بەرپرسانی ئێرانی هەڕەشەی فراوانکردنی هێرشەکان دەکەن بۆ سەر بنکەو بارەگای لایەنە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو وڵاتە لەناو خاكى هەرێمی کوردستان، هاوکات جەختیشدەکەنەوە هێرشەکان بەئاگاداری حکومەتی عێراقو حکومەتی هەرێم ئهنجامدهدهن.
https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=209885
ڕۆژنامەی ئیعتماد: شەهاب شهسواری ـ هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ ماوەی دوو هەفتە لە ژێر تۆپبارانی هێزە سەربازییەکانی ئێراندابوو. هێشتا کاری تاران لەگەڵ گرووپە چەکدارییە ئێرانییەکان کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێین، کۆتایی نەهاتووە، تورکیاش عەمەلیاتی نوێی لە دژی ئەو گرووپە تیرۆریستیانەی کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق نیشتەجێین دەستپێکردۆتەوە. بە پێی زانیارییەکان کە دوو ڕۆژ پێش ئاژانسی "تەسنیم" بە گێڕانەوە لە سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردەوە، عەمەلیاتی ئێران لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا ڕاگیراوە، بەڵام وشیاریان بە بەرپرسانی هەرێم داوە کە ئەگەر پێشی شەڕەنگێزی گرووپەکانی "خوازیاری دابەشکردن و دژی ئێران" نەگرن، عەمەلیات دیسانەوە دەست پێدەکاتەوە.
هێزی زەوینی سپای پاسداڕانی شۆڕشی ئێران لە 24ی سێپتەمبەری 2022 بۆ ماوەی دوو هەفتە بە شێوەی بەربڵاو بنکەکانی هەندێک لە گرووپە چەکدارییە ئێرانییەکان لە هەرێمی کوردستانیان بە کەڵک وەرگرتن لە مووشەکە بالستیەکییەکان، درۆن و هەروەها تۆپخانە کردە مەبەستی هێرشەکانی خۆیان. بە پێی نووسراوەکەی ئاژانسی "تەسنیم" ئەم عەمەلیاتە لە ڕۆژی شەمە ڕاگیراوە. ئاژانسی "تەسنیم" دەنووسێت: هێرشەکانی سپا دوای وێرانکردنی ئەو مەبەستانەی کە پێشتر دیاریکرابوون، درێژەی ئەوانیان پەیوەست کردووە بە کردەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق. "تەسنیم" ئەو ڕاگرتنەی بە "دەرفەتی سپا بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵسووکەوت لەگەڵ ئەم تیرۆریستانە" وەسف کردووە. هاوکات ڕۆژی شەمە دەزگاکانی ڕاگەیاندن هەواڵی بۆردوومانی هەوایی شاری العماریە لە پارێزگای دهۆک لە لایەن فڕۆکەکانی سپای تورکیایان ڕاگەیاند. رۆژی یەکشەوە "ئانادۆڵ" ئاژانسی فەرمی تورکیا لە ڕاپۆڕتێکدا بڵاویکردەوە کە لانی کەم 6 کەس لە ئەندامانی دوو گرووپی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک) و کۆما جڤاکی کوردستان (ک ج ک) لە عەمەلیاتی ڕێکخراوەی زانیاریی و ئەمنی قەومی تورکیا (میت) کوژراون. بە پێی ڕاپۆڕتی ئاژانسی "تەسنیم" لە عەمەلیاتەکانی دوو هەفتەی ئێران لە هەرێمی کوردستانیش لانی کەم 30 کەس کوژران و 200 کەسیش لە نێوان ئەندامانی گرووپە چاکدارییەکان برینداربوون.
"نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، کە لەو بڕوایەدایە مەسەلەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانی گرووپە کوردییە ئێرانییەکانی کە لە هەرێم نیشتەجێین، مەسەلەیەکی نوێی نییە و تا ئێستا چەندین جار ڕوویداوە، گوتی: "بابەتی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان و مەسەلەی بۆردوومانی بنکەکانی ئەوان شتێکی نوێ نییە. مەسەلەی پەیوەست بەم بابەتە هەمیشە لە کۆمیتەی هاوبەشی ئەمنی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم مەسەلەیە لە کۆبوونەوەکانی کۆمیسیۆندا باسکراوە".
ئەو لە وڵامی ئەم پرسیارەدا کە ئایا پەیامێک سەبارەت بە چالاکییەکانی ئەو گرووپانە بە دەستی هەولێر گەیشتووە، جەختی کردەوە: "لە کۆبوونەوەکانی ئەم دوایانەی کۆمیسیۆندا دیسانەوە ئەم مەسەلەیە خرایەڕوو و بەرپرسانی کونسوولی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێم ئاگاداری ڕەوتی دانووستانەکانن و پەیامیان ئاڵووگۆڕ کردووە کە بە چ شێوەیەک ئەم مەسەلانە ڕابگیرێت."
دەباغ سەبارەت بە خانەخێوی هەرێمی کوردستان و چۆنییەتی هەڵسووکەوتی هەولێر لەگەڵ ئەم گرووپانە دەڵێت: "ئێمە خانەخێوی ئەم گرووپانە لە هەرێمین و ڕێز لە میوانەکانی خۆمان دەگرین، بەڵام ئەم ڕێزە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی مافی مرۆڤە. هەندێک کەس یا هەندێک لە گرووپەکان لە باروودۆخەکاندا وتەکانی خۆیان دەخەنەڕوو یا کردەوەی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن کە دەبێتە هۆی هێرشی چەکداری و هەروەها لە ناوبردنی ئەمن و ئاسایشی کۆماری ئیسلامی. ئەم مەسەلەیە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان شیاوی پەسەند نییە. کاتێک کە کردوەی لەم چەشنە لە لایەن ئەم گرووپانەوە ئەنجام دەدرێت، ئیدی لە چوارچێوەی میوان دەچێتە دەرەوە. میوان دەبێت حورمەت و ڕێز لە خانەخێوەکەی بگرێت و نابێت ببێتە هۆی تێکدانی ئەمن و ئاسایش و مایەی نیگەرانی."
نیگەرانی هاوبەشی تاران و ئەنکاڕا
ئێران و تورکیا، هەر دووکیان سەبارەت بە چالاکییەکانی گرووپە چەکدارە کوردییەکان کە لە هەرێمی کوردستان چالاکی دەکەن و بەرژەوەندی و ئاسایشی ئەم دوو وڵاتە دەخەنە مەترسییەوە، ناڕەزایەتی خۆیان بە دەوڵەت و حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە. "نازم دەباغ" دەڵێت کە هەندێک لە کردەوە سەربازییەکانی ئێران لە خاکی هەرێم بە ڕێژەیەک لە تورکیا کەمترە. ئەم بەرپرسەی هەرێمی کوردستانی عێراق گوتی: "لە نێوان هەڵسووکەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا لەگەڵ مەسەلەکان لە هەرێمی کوردستان جیاوازی ئەوتۆ هەیە. بەم دوایانە یەکێک لە بەرپرسانی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم شیکردەوە کە تا ئێستا لانی کەم 100 هێرشی بەربڵاوی سەربازی لە لایەن تورکیاوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە تا ئەم کاتە کۆماری ئیسلامی ئێران 19 هێرشی سەربازی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە."
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لەو بڕوایەدایە کە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەگەر بەغدا ئیرادەیەکی جیدی هەبێت دەتوانێت لە چارەسەرکردنی ئەم مەسەلەیە یارمەتیدەر بێت و سەبارەت بە هەڵوێستی بەغدا بۆ ئەم مەسەلەیە ڕایگەیاند: "هەڵوێستەکانی دەوڵەتی ناوەندی عێراق زیاتر پڕۆپاگاندایە. ئەگەر بڕیاردان و ئیرادەی ئەوتۆ لە لایەن بەغداوە بوونی هەبێت و تارانیش بڕیارێکی کۆتایی بگرێت، هەرێمی کوردستان ئامادەی هاوکارییە بۆ دیاریکردنی دانانی سنوور بۆ چالاکی ئەم گرووپانە."
لینکی چاوپێکەوتن:
تاران ـ ئیرنا: "نازم دەباغ" بە ئاماژە بە ڕاگرتنی هێرشەکانی سپای
پاسداران بۆ سەر بنکەکانی کوردییەکانی دژی ئێران دوای ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ بەرگریکردن لە هەوڵەکانی ئەم گرووپانە گوتی: بۆ ئێمە شیاوی پەسەند نییە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکان بۆ ئێران و هەرێمی کوردستان ببنە مایەی دڵەڕاوکێ و بە لەبەرچاوگرتنی درێژەی چالاکییە چەکدارییەکانی خۆیان، ئەمجارە ڕووبەڕووی هەڵسووکەوتی جیدی دەبنەوە.
بە پێی ڕاپۆڕتی پەیامنێری سیاسی ئاژانسی ئیرنا، لە دوای جووڵە
تیرۆریستییەکانی گرووپەکانی دژی شۆڕش لە سنوورەکانی ڕۆژئاوای وڵات لەم ڕۆژانەی دواییدا، بنەکەکانی ئەم گرووپانە لە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق خرایە بەر هێرشی دڕۆن و تۆپخانەکانی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران.
هەندێک سەرچاوە بە ئاماژە بە ڕاگرتنی هێرشەکان دوای وێرانکردنی ئەو مەبەستانەی کە پێشتر دیاریکرابوون، درێژەی ئەوانیان پەیوەست کرد بە کردەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق و وشیاریاندا ئەگەر هاتوو بەرپرسانی هەرێم بڕیارێکی گونجاو دەرنەکەن و پێش شەڕەنگێزی ئەو گرووپانەی کە خوازیاری دابەشکردن و دژی ئێرانن نەگرن، عەمەلیات دژی ئەوان سەر لە.نوێی دەست پێدەکاتەوە.
لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی هاوبەشی ئەمنی ئێران و هەرێمی کوردستان باسی چی کرا؟
"نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، سەبارەت بەو هەنگاوانەی کە ئەنجامدراوە بۆ ئەوەی کە پێشی چالاکییە گرووپەکانی دژی شۆڕشی ئێران کە بنکەکانیان لە باکووری عێراقە بە پەیامنێری ئاژانسی "ئیرنا"ی ڕاگەیاند: کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام لە ڕێگای وەزارەتی دەرەوە و هەندێک بەرپرسانی دیکەوە، پەرۆشی خۆی لە چالاکییەکانی گرووپە کوردییە ئێرانییەکان لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە.
گوتیشی: سێ مانگ پێش و جارێکی دیکەش نزیکەی 20 ڕۆژ پێش ئێستا کۆمیتەیەکی ئەمنی هاوبەش لە هەولێر و تاران چەندین کۆبوونەوەیان بەڕێوەبرد کە لەم کۆبوونەوانەدا چەندین بڕیار سەبارەت بە بەهێزکردنی سنوورەکان گیرا و جەختکرایەوە کە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکانی ئێرانی نابێت چالاکی چەکداری یا فێرکاریان لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان هەبێت و تا ماوەیەکیش بینیمان کە چالاکییەکانی ئەم گرووپانە ڕاوەستابوو تاکوو ئەم ڕۆژانەی دوایی کە هەندێک ڕووداو لە ناو ئێران هاتە ئاراوە.
بنکەی گرووپەکانی دژی ئێران لە هەرێمی کوردستان چۆڵ دەکرێن
دەباغ هەروەها ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەی لێژنە هاوبەشەکانی کونسولی کۆماری ئیسلامی ئێران و سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش باس و لێکدانەوەی باشی لەسەر کرا و جەختکرایەوە دەبێت بنکەی گرووپە کوردییەکان لە خاکی هەرێمی کوردستان چۆڵ بکرێت کە چاوەڕوانی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەیەن بەڵام ئەم بابەتەوە لێکۆلینەوەی لەسەر دەکرێت کە تەنیا بنکە سنوورییەکان دەبێت چۆڵ بکەن یا ئەم بڕیارە تەواوی مقەڕەکانیشیان دەگرێتەوە کە لە سەردەمی سەدام تا ئەمڕۆ بوونیان هەیە.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران ئاشکراشیکرد: حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام ڕایگەیاندووە کە ئیزن نادات لە ناو خاکی ئەم ناوچەیەوە کردەوەی دژی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ ئەنجام بدرێت و ئەم بابەتەی بە ناونیشانی سیاسەتی ئستراتجیکی خۆی بە گرووپە کوردییە ئۆپۆزیسیۆنە ئێرانییەکانیش ڕاگەیاندووە.
پاراستنی ئاسایشی دراوسێکان سیاسەتی ئستراتجیکی ئێمەیە
"نازم دەباغ" بە ئاماژە بەوەی کە خۆمان بە بەڵێندەر دەزانین کە ئیزن نەدەین هەندێک گرووپ ببنە مایەی دڵەڕاوکێ ئێران یا شارۆمەندانی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانە لەوەی کە گرووپ گەلێک بە چالاکییە چەکدارییەکانی خۆیان ببنە ئەوەی کە خاکی هەرێمی کوردستان جارناجارێک بۆردوومان بکرێت و گیان و ماڵی خەڵکی بکەوێتە مەترسییە و زیانیان بەرکەوێت.
گوتیشی: گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییە ئێرانییەکان دەیان ساڵە کە لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە و ئێمە توانیمانە تا ڕادەیەک چالاکییەکانی ئەوان کۆنتڕۆل و پابەندی ڕێکەوتەنامەکانیان بکەین، بەڵام بەداخەوە هەندێک لە گرووپەکان و کەسانێک لەو باروودۆخانەی کە دێتە ئاراوە، بە شێوەیەکی خراپ و بە مەبەست؛ کەڵکی لێوەردەگرن کە کاتێک بە ئاگادارکردنەوەی ئێمە یا کردەوەی ئێران ڕووبەڕوو دەبنەوە، جووڵەکانیان دەوەستێت.
ئەمجارە سەبارەت بە گرووپە کوردییەکانی دژی ئێران بڕیاری جیدی دەگرین نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران بە ئاماژە بەوەی کە نابێت لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، حکومەتێکی دیکە یا هێزێکی چەکداری دیکە هەبێت کە کردەوەی خۆسەری هەبێت، ڕایگەیاند: ئەگەر گرووپە کوردە ئێرانییەکان بە ڕێکەوتەنامەکان پابەند نەبن و گرینگی بە ئامۆژگارییەکان سەبارەت بە خۆپاراستن لە چالاکییە چەکدارییەکانی دژی ئێران نەدەن، حکومەتی هەرێمی کوردستان بێگوکان ئەمجارە بڕیارێکی جیدی دەربارەی ئەوان دەگریت.
گوتیشی: ئێمە زۆر جار لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا ئامۆژگاریمان بەم گرووپانە داوە و وشیارمان کردوونەتەوە، بەڵام ئەگەر درێژە بە کردەوەکانی خۆیان بدەن و لەسەر ئەو هەڵوێستانەی کە لە ڕێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بڵاویدەکەنەوە پێداگربن و چەت بخرێتە نێوان پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و ئێرانەوە، بۆ ئێمە شیاوی پەسەند نییە و ناچار دەبین بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ هەڵسووکەوتیان لەگەڵ بکەین.
دەباغ سەبارەت بە وشیاکردنەوەی ئێران بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پەیهاتەکانی بوونیان لە بنکەکانی گرووپە تیرۆڕیستییەکان گوتی: هیچ کام لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوندیان نییە و دیدار و ئامادەبوونی ئاوان لە بنەکانی ئەم گرووپانە بۆ دانووستان، گەیاندنی پەیام و سنووردارکردنی ئەو بەشە لە چالاکییەکانی ئەوانە کە بۆ ئێران و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆنەتە مایەی نیگەرانی.
لینکی چاوپێکەوتن:
https://www.irna.ir/news/84907411/نماینده-اقلیم-کردستان-عراق-این-بار-درباره-گروه-های-کرد-مخالف
روونکردنەوە : ئەم وتوووێژەی لە خوارەوە هاتووە سەرجەم بۆچوونەکانی نازم دەباغ ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تارانە سەبارەت مەسەلەی تۆپبارانی ئەم دواییەی بنکە و بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی لە هەرێمی کوردستان ، کە لەگەڵ ئاژانسەکانی دیکەش بەهەمان شێوە ئەنجامدراوە ، بەڵام هەندێک لە هەواڵدێرییەکان بۆ مەرامی سیاسی یان زاڵ بوونی روانگەی هەواڵدێرییەکە یان هۆکاری دیکە ، هەندێک لە بەشەکانیان قرتاندووە و روانگەی خۆیان خستۆتە سەر وتوووێژەکان. لەحاڵێکدا ئەمە وتەکانی نازم دەباغ نیه ، بەڵام هەندێک لایەن کاڵفامانانە ئەمە لێک ناکەنەوە . هەر بۆیە ئەم وتووێژە بە دەنگ و بە تێکست بڵاو دەکەیەنەوە .
ڕادیۆ "کەی ئێن ئێن" KNN ـ پەیوەندییەکانی ئێران بە هەرێمی کوردستانەوە بە تایبەت دوای خۆپیشاندانەکانی ئێران لە چ قۆناغیکدایە؟ ئایا حکومەتی تاران سوورە لەسەر فشارخستنەسەر هەرێمی کوردستان، بۆ دەرکردن و سنووردانان بۆ هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان. لەم بارەیەوە ئەم گفتووگۆ تایبەتە لەگەڵ بەڕێز "نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، بڵاودەکەینەوە.
ڕادیۆ "کەی ئێن ئێن" KNN: سەرەتا لەم پرسیارەوە دەست پێبکەم، لە لێدوانەکەتدا بۆ ئاژانسی "ئیرنا" باست لەوە کردووە کە دەبێت هێزە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستان بارگرانییەکانیان چۆڵ بکەن. ئایا ئەمە بۆچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشە؟
نازم دەباغ: ئێمە گوتوومانە هێزە ئۆپۆزیسیۆنە ئێرانییەکان دەبێت چالاکییەکانیان ڕابگرن و ئەم قسەیەش تەنیا قسەی من نییە و بڕیاری ناو کۆبوونەوەی نێوان دوو لایەن بووە و هەروەها هەمووشی دووبارە و چەندبارە کراوەتەوە. ساڵی پار لەبیرمە شاندی تایبەتی هاوبەشی یەکێتی و پارتی سەردانی بارەکاگانی دیمۆکڕات و کۆمەڵە و لایەنەکانی دیکەشیان کردووە. ئێمە هەنگاوی یەکممان لەسەر ئەوە بووە کە لە سنوورەکان چالاکی لێنەکرێت، هەر بەم هۆیەشەوە لە سەرەتادا بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک، تەنیا سنوورەکان تۆپباران کرا. لە دواییدا ئەم باروودۆخەی کە لە ئێستادا لە ئێران هاتۆتە ئاراوە، دوای ئەوەی کە پەیامەکانی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ پشتیوانی کردن لە خۆپیشاندانەکان و ڕاپەڕین باسی لەسەرکرا؛ کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو پەیامانە لە لایەن ئەم لایەنە سیاسیانەی کە دراوە، گلەیی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە پێویستە ئێوە سنوورێک بۆ ئەم چالاکیانە دابنێین نەک کەسانێک لە هەرێمی کوردستان بەرنامە و پلان دابنێین بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
دیارە لەم چوارچێوەیەدا یەکەم شت باسی سنووردارکردنی چالاکییەکان کراوە و هەروەها باسی نەهێشتنی چالاکی و بارەگاکانیشیان کراوە لە سنوورەکان. دیارە ئەمە سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە دەبێت ڕێز لە یاسا و سەروەرییەکان لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی بگیردرێت و لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکانی نێودەوڵەتی و پاراستنی مافی مرۆڤیش بۆ ئەوانەی کە لە هەرێمی کوردستان پەنابەرن. بەڵام جگە لەم بەرنامە و سیاسەتە هەر جووڵانەوەیەک بۆ تێکدانی ئەمن و ئاسایش بێت چ لە لایەن ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و چ لە لایەن ئەو لایەنانەی کە لە ناو هەرێمی کوردستانن دژی کۆماری ئیسلامی ئێرانی. هەموو بابەتەکان لەم چوارچێوەیەدا بووە و بەداخەوە ناحەزان بۆ مەڕامی تایبەتی خۆیان، کەسانێک هەن ئەو قسانە دەقۆزنەوە و بە پێی خواست و ئارەزووی خۆیان داڕشتنەوەی بۆ دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە.
ئەگەرنا ئێمە ئەو لایەنانەی کە لە هەرێمی کوردستانن، ناومان هێناون وەکوو ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان و باسیشمان لەوە کردووە کە دەبێت چالاکییەکان سنووردار بن و ئەو باسەش کە چالاکییەکان سنوورداربن، قسە و پەیامی ئێمە نییە و بەڵکوو پەیامی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە بە حکومەتی هەرێمی کوردستانی گوتووە و چەند جارێکیش باسی لێوە کراوە.
ڕادیۆ "کەی ئێن ئێن" KNN: باست لەوە کردووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداریی داوە بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەر پابەندنەبن ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. پێت وایە ئەمە ڕووبدات؟
نازم دەباغ: باسکردن لەوەی کە ئەگەر لایەنە سیاسییەکان و ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەو کارە بەردەوام بن، بە دڵنیاییەوە بەو مانایە نییە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هێز کۆدەکاتەوە و پەلاماریان دەدات، بەڵکوو بەو مانایەیە کە ڕێگایان لێدەگیرێت و پێیان دەگوترێت ئەم کارە مەحکووم دەکەین و ڕێگانادەین و پێویستە پابەندبن بەو ڕێنمایانەی کە لە کاتی خۆیدا و لە ئێستاشدا پێیان دەگوترێت و نابێت شەڕ و ئاژاوە لە سنوورەکاندا هەبێت و لە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوە پەلاماری کۆماری ئیسلامی ئێران بدرێت.
ئەمە شتێکی تازە نییە، نازانم بۆ ئەگەر "نازم دەباغ" بیڵێت ئەمە دنیا وەردەگەڕێت، بەڵام ئەگەر ئەوانی دیکە بیڵێین ئیعتیادییە. من نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانم، ئەوەی پێم دەگوترێت و ئەوەی گوێم لێیە لە لایەن بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە هەموو لایەنەکانەوە ئەوە دەگوازمەوە و شتێکی زیاترم لەوە نەگووتووە و کەسیش لە خۆم بە دلسۆزتر نابینم لەوە کە پشتیوانی لە جووڵانەوەی خوازی گەلی کورد کردبێت لە هەر پارچەیەکی کوردستان بێت. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕۆژنامەکانی سەردەمی شاخ و ئەوانی دیکەش، لە هەندێک شوێین ناوی بەندەش هاتووە کە کۆمەکی کێیم کردووە و کۆمەکی کێیم نەکردووە.
ڕادیۆ "کەی ئێن ئێن" KNN: سپای پاسداڕان باسی لە ئاگربەست کردووە، ئاگربەست لەگەڵ کێی کراوە؟ یەک لایەنەیە یا حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتیش پابەندبوون بەم ئاگربەستەوە؟
نازم دەباغ: ئاگربەست کە باسی لێوەکراوە بەو مانایە نییە ئیتر ڕێککەوتنێک کرابێت، بەڵکوو کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگای پەیامەکانی خۆی و لە ڕێگای گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئاگاداری حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردۆتەوە کە بۆ ماوەیەک تۆپباران و پەلامارەکان ڕادەگرن هەتا ئەو کاتەی کە بە ڕاشکاویی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆی ڕادەگەیەنێت و ڕێگا دەگرێت لە دووبارە بوونەوەی ئەم چالاکیانە. و هەر وەکوو چون ڕێگا دەگرێت لە دووبارە بوونەوەی چالاکی سەربازی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە هەمان کاتیشدا هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ڕێگا نەدات بە بێ بیانوو و بە بێ هۆکار، کۆماری ئیسلامی ئێرانیش پەلاماری خاکی هەرێمی کوردستان بدات و پەلاماری ئەو لایەنانە بدات.
ڕادیۆ "کەی ئێن ئێن" KNN: هیچ زانیارییەکتان لەلایە لەسەر ماوەی ئەم ئاگربەستە؟ ئەگەر ماوە و تەواو بووە ئێران بە جمووجۆڵەکانی دوو حیزبەکان ڕازی نەبوو، پێت وایە هێرشی زەمینی بکاتە سەر هەرێمی کوردستان؟ هیچ قسەیەکی لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ ئێوە وەک نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە؟
نازم دەباغ: ماوەی دیاریکراو ڕانەگەیێندراوە بەڵام بە دڵنیاییەوە ماوەیەکی سنووردار دەبێت بۆ ئەوەی کە پەلامارەکان ڕابوەستێت تا ئەو کاتە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان دوابڕیاری خۆیان دەدەن لە بەردەوامبوون یا بەردەوامنەبوون لەسەر ئەو چالاکیانەی کە دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێرانە. و ئەم مەسەلەیە، بابەتێکە کە گرینگە و دەبێت هەموو لایەکمان دەرکی پێبکەین. زەرەر بۆ هەر پارچەیەکی کوردستان زەرەر بۆ هەمووانە بۆیە دەکرێت ڕێز لە ئەو یاسا و ڕێسایانە بگیرێت کە لە وڵاتێکدا هەیە و نەبێتە هۆکار بۆ دوژمنایەتی وڵاتەکەی دیکە.
ڕادیۆ "کەی ئێن ئێن" KNN: باستان لەوە کردووە کە ماوەیەکی کەم لەمەوبەر دانیشتنێک لە نێوان دەستەی ئەمنی ئێران و هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ناوچە سنوورییەکان کراوە. ئایا ئەمە دەکرێت وەک ڕێکەوتنێک باس بکرێت و زانیارییەکان لەسەر ئەو ڕێککەوتنە چین؟ بەرپرسانی دیمۆکڕات و کۆمەڵە ڕۆژی یەکشەمە قسەیان بۆ ئێمە کردووە و دەڵێن حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ نێوانگیرییەکی نەکردووە. ئەی ڕێککەوتن لەگەڵ کێدا دەکرێت و دەبێت لەگەڵ کێدا قسە کرابێت؟
نازم دەباغ: زۆر بەداخەوە، زۆر تەحویل لە قسەکان دەکرێت، من نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانم، بە دڵنیاییەوە هەر بابەتێک کە باسی دەکەم ئەگەر ڕای خۆم بووبێت بە ڕاشکاوانە گوتوومە ئەوە بۆچوونی خۆمە بەڵام ئەگەر ڕای حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت، ئەوە ڕای حکومەتی هەرێمی کوردستانە و وەزیفەشمە پەیامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەکوو خۆی بگەیەنم. ئەوجار ناحەزان چۆنی لێکدەدەنەوە ئەوە شتێکە کە پەیوەندیی بە خۆیانەوە هەیە. ئەوەی کە دەکرێت جەختی لەسەر بکەینەوە ئێمە ئەو کۆمیتە هاوبەشە ئەمنییەکەی کە ئێستاکە هەمانە و باسمان لێوەکردووە هی ئەمڕۆ نییە لە ڕۆژگارێک کە پەیوەندیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران هەبووە و هەیە و دەشبێت؛ کۆمیتەیەکی ناوەندی هەیە و چوار کۆمیتەی فەرعیش هەیە کە ئەم کۆمیتانە لە چوارچێوەی سنووری جوگرافی خۆیان چاودێری دەکەن و کارەکانی خۆیان دەکەن. لە دانیشتنەکانی ئێمە و کۆمیتەی ئەمنییەکە هیچ شتێک یەیوەندی بەوە نەبووە کە ناوبژیوانی کردن بێت لە نێوان کۆماری ئیسلامی و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆندا هەر وەکوو ناوت هێناون برایانی کۆمەڵە و دیمۆکڕات. کە گوتوویانە بەڵێ هیچ حوزوورێکیان نەبووە و هیچ یەک لە کۆبوونەوەکانیش پەیوەندی بە ناوبژیوانییەوە نەبووە.
بەڵکوو کۆبوونەوەکان پەیوەندی بە هەڵسەنگاندنی باروودۆخی سیاسی و ئەمنی و سەربازی بووە لە ناوچەکان بەتایبەتی سنوور، و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش نەیشاردۆتەوە و هەمیشە داوای کردووە کە پێویستە سنوورەکان پارێزراو بێت و پێویستە جمووجۆڵەکانی سەربازی نەکرێت و چالاکی ئەنجام نەدرێت و لەو چوارچێوەیەدا دانیشتن کراوە و باس کراوە و قەسە لەسەر ئەوە کراوە کە بە هەر دوولامان هەوڵ بدەین ڕێگانەدەین ئەو سنوورانە بەکاربێن بۆ دژی یەکتریی.
ڕادیۆ "کەی ئێن ئێن" KNN: پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو کە عێراق و هەرێمی کوردستان ئاگاداریی هێرشەکانمانن. هەرێمی کوردستان و عێراق ئاگاداریی هێرشەکان بوون؟
نازم دەباغ: بەڵی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر وەکوو گوتیشی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دوو ڕێگاوە ئاگادارن. یەکەم پێش ئەوەی کە بۆردوومانەکان بکرێت لە ڕێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خۆیان ڕایانگەیاند کە پێویستە هەموو ئەو کەس و هاووڵاتی و نیشتمانیانەی کە لە دەورووبەریی ئەو بارەگایانەن چۆڵی بکەن، چونکە لێیان دەدرێت. دووهەمیش لە ڕێگای کونسوولگەری کۆماری ئیسلامی ئێرانیشەوە ئەو پەیامە گەیێندراوە بە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
Media
دوایین هەواڵەکان
- «سەلام رشدی» لهگهڵ «سەفین دزەیى» بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە کۆبووه
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد