ئەمڕۆ شەممە ٢٨/٣/٢٠١٥ فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت پێشوازى لە بەڕێز ژۆن ئازلبۆرن وەزیرى دەرەوەى لۆکسمبۆرگ و شاندێکى یاوەرى کرد.
لە دیدارێکدا کە کاروان جەمال جێگرى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەو دلاوەر ئاژگەیی نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە بەلجیکاو ژماریەک لە راوێژکاران و بەڕێوەبەران لە فەرمانگە ئامادەبوون، جەخت لەسەر بەردەوامى پشتیوانى نێودەوڵەتى بۆ هەرێمى کوردستان و ئاڵوگۆڕى سەردانەکان و پەرەپێدانى پەیوەندیەکانى نێوان هەردوولا کرایەوە.
بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە پوختەیەکى دەربارەى مێژووى هەرێمى کوردستان و نەهامەتیەکانى چەند دەیەى رابردوو بۆ شاندى میوان خستەڕوو، گووتى هەرچەندە رووبەڕووى زۆر کێشەو ئاستەنگ بووەتەوە، بەڵام لە دەرئەنجامى لێهاتووى سەرکردایەتى سیاسى و خۆڕاگرى گەلى کوردستان لە قۆناغە جیاجیاکاندا توانیویەتى بگاتە ئەم قۆناغەى ئێستا. هاوکات جەختى لە سیاسەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لەسەر بنەماى رێزگرتن و بەرژەوەندى هاوبەش کردەوە.
سەبارەت بە پەیوەندیەکانى هەولێر و بەغدا گووتى هەرێمى کوردستان هەمیشە دەرفەتى داوە بۆ دیالۆگ و چارەسەرکردنى پرسەکان و بەردەوام دەبێ بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن بۆ هاوبەشى کردنى راستەقینە لە دەسەڵات. گووتیشى لە عێرقدا پێویستمان بە شێوازێکى نوێ بۆ پێکەوەژیان هەیەو پێویستە پەیوەندیەکان لەسەر بنەمایەکى دروست دابڕێژرێنەوە.
دواتر هەردوولا باسیان لە بارودۆخى ئێستاى هەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد لەڕووى سەربازى و ئاسایش. هاوکات باس لە بارودۆخى ئاوارەکانى سوریا و پەنابەرانى ناوخۆ کرا لە هەرێمى کوردستان. فەلاح مستەفا گووتى لەگەڵ ئەوەى هەرێمى کوردستان لەبارودۆخێکى دارایی خراپدایە بەهۆى بڕینى ١٧% بودجەى هەرێم لەسەرەتاى ساڵى رابردووەوە، زیاتر لە ١.٥ ئاوارەو پەنابەرى لەخۆگرتووە. گووتیشى حکومەتى عێراق وەک پێویست بەدەنگ دابینکردنى پێداویستیەکانی ئەو لێقەوماوانەوە نەهاتووە، بۆیە دواى کرد کە ووڵاتى لۆکسمبۆرگ و ووڵاتانى دیکەى جیهان هاوکارى زیاتر پێشکەش بە هەرێمى کوردستان بکەن. لەم رووەشەوە وەزیرى دەرەوەى لۆکسمبۆرگ جەختى لەسەر بەردەوام بوونى ووڵاتەکەى بۆ پێشکەشکردنى هاوکارى مرۆیی بۆ هەرێمى کوردستان کردەوە.
فەلاح مستەفا هیواى خواست کە لۆکسمبۆرگ و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى پشتگیرى لە هێزى پێشمەرگەى کوردستان بکەن کە ئەمڕۆ لەجیاتى جیهانى ئازاد شەڕى تیرۆرستانى داعش دەکات. هاوکات داواى کرد کە مەشق و راهێنان بە هێزەکانى پێشمەرگە بکرێت و پێداویستیە سەربازیەکانیان بۆ دابین بکرێ.
لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا فەلاح مستەفا تیشکى خستەسەر ئەو دەرفەت و بوارانەى کە دەکرێ ببنە دەروازەى پەرەپێدانى پەیوەندیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ووڵاتى لۆکسمبۆرگ، ئەوەش بەسوود وەرگرتن لە دەرفەتەکانى وەبەرهێنان و بازرگانى لە هەرێم لە لایەن کۆمپانیاو وەبەرهێنەرانى لوکسمبۆرگ، هاوکات جەخت لەسەر کارکردن بۆ ئاڵوگۆڕى ئەکادیمى و کەلتورى لە نێوان هەردوولا کرایەوە.
هەردوولا کۆک بوون لەسەر بەردەوامى هەوڵەکان بۆ بڕینى سەرچاوە داراییەکانى تیرۆرستانى داعش. هاوکات جەخت کرایەوە لەسەر ئەوەى کەوا پێویستە لەڕووى کۆمەڵایەتى و فکریشەوە شەڕ دژى تیرۆستان بکرێت.
لە کۆتایی دیدارەکەدا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە بە ئامادەیوونى وەیزرى دەرەوەى لۆکسمبۆرگ لە لێدوانێکدا بۆ دەزگا راگەیاندنەکانى لۆکسمبۆرگ جەختى کردەوە لەسەر ئەوەى کە حکومەتى هەرێمى کوردستان لە گفتوگۆکانى لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبێ بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنى هاوبەش و بەشدارى راستەقینەى لە دەسەڵاتى سیاسى و دابەش کردنى داهات بە شێوەیەکى دادپەروەرانە.
جێگەى باسە سەرلەبەیانى ئەمڕۆ ژۆن ئازلبۆرن وەزیرى دەرەوەى لۆکسمبۆرگ و شاندى یاوەرى لە رێگەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر گەیشتنە هەرێمى کوردستان و لەلایەن فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت پیشوازیان لێکرا.
کاروان جەمال جێگرى بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت پێشوازى لە بەڕێز روودى ڤۆن پلانیا جێگرى بەرپرسى بەشى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە ئاژانسى سویسرى بۆ هاوکاری و پەرەپێدان و شاندى یاوەرى کرد. لەسەرەتاى کۆبوونەوەکە، جێگرى بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت سوپاس و پێزانینى خۆى ئاراستەى بەرپرسى ئاژانسەکە کرد بۆ ئەو هاوکاریانەى کە لە ماوەى ڕابڕدوو پێشکەشتى ئاوارەکانى هەرێمى کوردستانى کردبوو. پاشان، کورتەیەکى سەبارەت بە باروگوزەرانى پەنابەرانى هەرێمى کوردستانى پێشکەش بە شاندەکە کرد. هاوکات، بەڕێزیان ئاماژەى بە پەیوەندى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى عێراقى فیدڕاڵ و قەیرانە داراییەکان و زیاد بوونى پێداویستى پەنابەران کە بووتە بارێکى قورس بەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستان دا، بۆیە بەڕێزیان داواى یارمەتى زیاترى لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کرد بۆ زیاد کردنى هاوکارییە ڕاستەوخۆکانیان بۆ هەرێمى کوردستان کرد بە مەبەستى بەهاناوە چوونى زیاترى پەنابەران. لەلایەن خۆیەوە، شاندى میوان ئاماژەیان بە هەڵوێستى حکومەتى سویسرا کرد کە ئەویش بەردەوام بوونە لە پێشکەش کردنى هاوکارى مرۆیى هاوشێوەى ساڵى پار بە دابینکردنى بڕى (١٠) ملیۆن فرانکى سویسرى بۆ بەردەوام بوونى پرۆژەکانیان لە هەرێمى کوردستان کە بەنیازن بە هاوبەشى لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و ئاژانسەکانى (UN) لە هەرێمى کوردستان ئەنجامى بدەن. پاشان، شاندى ناوبراو ستایشى ڕۆلى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کرد لە بەرامبەر هاریکاری کردنى ئاوارە دەرەکى و ناوخۆییەکان بە دابینکردنى پێداویستى سەرەتاییەکان و کردنەوەى کەمپى مانەوە بۆیان بە تایبەت کە ئیستا هەرێم لە دۆخى شەڕدایە لەگەڵ گروپە تیرۆرستیەکان و رووبەرووى قەیرانێکى دارایی قورس بووتەوە لەلایەن حکومەتى ناوەندەوە. لە کۆتایدا، هەردوولا جەختیان لە بەردەوام بوونى هاوکارى و هەماهەنگیەکان کردەوە. بۆ ئەم مەبەستە، جێگرى بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت ئامادەیی فەرمانگەى دەڕبڕى بە مەبەستى سەرخستنى زیاترى کارەکانیان لە هەرێمى کوردستان.
بە مەبەستى ئاگاداربوون لە ناوەڕۆکى ڕێکەوتنى نەوتى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدڕاڵى عێراق، کاروان جەمال جێگرى بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت بەشدارى لە کۆبوونەوەى نێوان نوێنەرانى حکومەتى هەرێم و کونسوڵى ووڵاتانى بیانى لە هەرێم کرد.
لەسەرەتاى کۆبوونەوەکە، جێگرى بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت بە ئامادە بوونى هەریەک لە بەڕێزان ئاشتى هەورامى وەزیرى سامانە سروشتیەکان و على سندى وەزیرى پلان دانانى حکومەت بە ناوى فەرمانگە بەخێرهاتنى سەرجەم کونسوڵ و نوێنەرانى ووڵاتانى بیانی لە هەرێمى کوردستان کرد.
لەدوایدا، وەزیرى سامانە سروشتیەکانى حکومەتى هەرێم پوختەیەکى سەبارەت بە ناوەڕۆکى ڕێکەوتنى نەوتى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى فیدڕاڵى عێراق پێشکەشکرد. پاشان ناوبراو روونکردنەوەى پێویستى سەبارەت بە هەندى خاڵى لێکنەگەیشتنى هەندێ لە بەندەکانى ناو ڕێکەوتنامەکە دا کە ئەویش ناردنى بڕى (٥٥٠) هەزار بەرمیل نەوت بوو لە ڕۆژێکدا.
لەم بارەویەوە، بەڕێزیان ئاماژەى بە خشتەى هەناردە کردنى نەوت لەلایەن حکومەتى هەرێم و ئەو گرفتە تەکنیکی و دارایی و ئاسایشیانەى بەردەم جێبەجێکردنى ڕێکەوتنامە کرد. بۆ ئەو مەبەستە، ناوبراو ئاماژەى بە قوڵبوونەوەى کێشەکان بە هۆى سەرهەڵدانى قەیرانە داراییەکانى حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان و ڕووبەڕوو بوونەوەکانى چەکدارانى ڕێکخراوى داعش کرد کە بوونەتە لەمپەر لە بەردەم جێبەجێکردنى ناوەڕۆکى یاداشتەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدڕاڵ دا.
لەلایەن خۆیەوە، وەزیرى پلان دانانى حکومەتى هەڕێم جەختى بە پابەندبوونى حکومەتى هەرێمى کوردستان کردەوە سەبارەت بە جێبەجێکردنى ناوەڕۆکى ڕێکەوتنامە نەوتیەکەى نێوان هەڕێمى کوردستان و حکومەتى ناوەند کردەوە .
لەکۆتایدا، نوێنەرانى کونسوڵگەریە بیانیەکان لە هەرێمى کوردستان سەرنج و تێبینى خۆیان سەبارەت بە کێشەکانى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى فیدڕاڵى و کێشەکانى سەبارەت بەوت و ناردنى بۆ دەرەوە روونکردنەوەى پێویستیان دا.
بەمەستی زیاتر پتەوكردنی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و رووسیای فیدڕاڵ ئێوارەی رۆژی دووشەممە نوێنەری تایبەتی سەرۆكی رووسیای فیدراڵ بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگری وەزیری دەرەوەى رووسیا بەرێز میخائیل بۆگدانۆڤ و شاندێكی یاوەری لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەیشتە هەرێمی كوردستان و لەلایەن فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت و کاروان جەمال جێگرى بەرپرسى فەرمانگە پێشوازیان لێكرا.
ئەمەو بڕیارە نوێنەری تایبەتی سەرۆكی رووسیای فیدراڵ لەگەڵ گەورە بەرپرسانى هەرێمى کوردستان دیدارو کۆبوونەوە ئەنجام بدات.
لە چوارچێوەى بایەخدانى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان و پشتگیرى کردنى هەرێمى کوردستان لەرووى یارمەتى سەربازى بۆ رووبەڕووبوونەوەى تیرۆرستانى بەناو دەوڵەتى ئیسلامى و کۆمەک کردنى مرۆیى بۆ ئاوارەکانى سوریا و ناوچەکانى دیکەى عیراق لە هەرێم، ئێوارەى ئەمڕۆ لۆبۆمیر زاورالیك وەزیرى دەرەوەى کۆمارى چیک بە یاوەرى جێگرى وەزیرى بەرگرى و باڵیۆزى چیک لە عیراق گەیشتە هەرێمى کوردستان و لەلایەن د. فوئاد حوسێن سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێم وفەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت و کاروان جەمال جێگرى بەرپرسى فەرمانگە و کونسوڵى چیک لە هەرێم پێشوازیان لێکرا .
ئەمەو بڕیارە وەزیرى دەرەوەى کۆمارى چیک و شاندى یاوەرى لەگەڵ بەڕێزان سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى حکومەتى هەرێم دیدارو کۆبوونەوە ئەنجام بدەن.
بەڕێز فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە پێشوازى کرد لە بەڕێز برونۆ ساکۆمانى باڵیۆزى کەنەدا کرد بە یاوەرى بەڕێز مایکڵ کەلان بەڕێوەبەرى گشتى بۆ کاروبارى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە وەزارەتى پەرەپێدانى نێودەوڵەتى و شاندێکى باڵیۆزخانە.لە دیدارەکەدا کە بەڕێز کاروان جەمال جێگرى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە ئامادەبوون.
بەڕێز برونۆ ساکۆمانى رایگەیاند حکومەتى کەندا سوپاسى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکات بۆ شەڕ لە دژى تیرۆر و دەست خۆشى لە پێشمەرگە دەکات و پێشوزاى کردن لەو ژمارە زۆرەى ئاوارەکان و دەست خۆشیتان لێ دەکەین پشتگیرى تەواوتان دەکەین. هاوکات گووتى مەبەستى سەردانەکەمان بۆ ئەوەیە تا لە نزیکەوە گوێ بیستى حکومەتى هەرێم بین سەبارەت بە پێداویستیە هەنوویەکان لە رووى هاوکارى مرۆیى و سەربازى بۆ هەرێمى کوردستان. هەروەها هەڵسەنگاندنى باروودۆخە بۆ ئەوەى بزانین چۆن کەنەدا دەتوانێت بە زووترین کات هاوکارییەکانى بگەینێتە هەرێمى کوردستان.
هەروەها بەڕێز برونۆ رایگەیاند کە کەنەدا پشتگیرى لە بریارى ئەمریکا دەکات بۆ ئەنجامدانى هێرشى ئاسمانى بۆ سەر چەکدارانى داعش. هەروەها ناوبراو رایگەیاند لە نزیکترین راپۆرتى خۆیان بۆ حکومەتى کەنەدا دەنێرن و هەر ئەمڕۆ حکومەتى کەندا هاوکارییە مرۆیى سەربازیەکانى بۆ هەرێمى کوردستان و عێراق رادەگەینێت و گووتى کەنەدا بڕیاریداوە شەریکێکى درێژخایەنى عێراق و هەرێمى کوردستان ببێت و ئامادەیى تەواویشى هەیە بۆ هاوکارى و هەماهەنگى تەواو لە بەرژەوەندى هەردوولادا.
لە لایەکى ترەوە بەڕێزیان رایگەیاند کە بەردەوام کاردەکەن بۆ ئەوەى ئەو پاڵەپەستۆیەى لەسەر حکومەتى هەرێم هەیە کەم بکەنەوە لە رووى مرۆییەوە و حکومەتى کەنەدا بڕیاریداوە 16 ملیۆن دۆلار کۆمەک پێشکەش بە ئاوارەکانى سوریا بکات و لەو بڕە 9 ملیۆن دۆلار بۆ ئاوارەکانى سوریا لە هەرێمى کوردستان تەرخان کراوە لە رێگاى رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان.
لەبەرامبەردا بەڕێز فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە سوپاسى شاندى ناوبراوى کرد و بەناوى حکومەتى هەرێم دەست خۆشى لەو هەوڵوێستە و هاوکارى و پشتگیرى کەنەدا کرد بۆ هێزەکانى پیشمەرگە و ئاوارەکان و بۆ گەلى کورد بەگشتى. هاوکات گووتى هێزەکانى پێشمەرگە شەڕى تیرۆر لە جیاتى گشت کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى دەکەن و ئەوە شەڕى هەموو وڵاتانە تەنها هى گەلى کورد نیە بۆیە پێویستە وڵاتانى پشتگیرى و هاوکارى راستەوخۆى حکومەتى هەرێم بکەن.
لەلایەکى ترەوە بەڕێزیان رایگەیاند کە حکومەتى هەرێم پابەندە بە شەڕ لە دژى تیرۆر و لەو هەوڵەشەى بەردەوام دەبێت و سەرکەوتنیش هەر بۆ هێزى پێشمەرگەیە و بەڵام گووتى پێویستمان بە هاوکارى و هەماهەنگى و پشتگیرى وڵاتان هەیە. دەستى خۆشى لە حکومەتى کەنەدا کرد و گووتى حکومەتى هەرێم بە شەریکێکى درێژخایە دەڕوانێتە پەیوەندیەکانى لەگەڵ کەنەدا.
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد