خێزانێکی کوردی ئێزیدی ئاوارە لە کامپی خانکی لە پارێزگای دهۆک
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عیراق (ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم) - ئەگەرچی ئەو تاوانانەی لەدژی هاوڵاتیانی مەدەنیی عیراق وهەرێمی كوردستان لەلایەن چەكدارانی رێکخراوی تێرۆرستی دەوڵەتی ئیسلامی نا سراو بە داعش ئەنجامدران دەکرێ بخرێنە خانەی تاوانی كۆمەڵكوژی، بەڵام بە ئەندامنەبوونی عیراق لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بووەتە تەگەرە بەر هەوڵەکانی ناساندنی یاسایی ئەو تاوانانە بە کۆمەڵکوژی.
مەحمود حاجی ساڵح، وەزیری كاروباری شەهید وئەنفالكراوان، وسەرۆكی لیژنەی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی دژ بەمەسیحی وكوردی ئێزدی، ئەم خاڵەی پشتڕاستكردەوە ودووپاتیكردەوە کە "تا ئێستا عیراق ئامادە نیە ببێتە ئەندام لەو دادگایەدا، بەم شێوەیەش رێكاری یاسایی لەبەرامبەر بەجینۆسایدناساندنی ئەم تاوانانە بەڕێگایەكی سەختدا تێدەپەڕێت".
وەزیری كاروباری شەهید وئەنفالكراوان لەلێدوانێكی تایبەت بەماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، "مەرجی هەرە سەرەكی دادگاییكردنی ڕێكخراوی تێرۆریستی داعش و بەجینۆسایدناساندنی تاوانی دژ بە كوردی ئێزیدی و پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكانی دیكە، بەئەندامبوونی عیراقە لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا، بەڵام لەمیانەی گفتوگۆی لیژنەكەیان لەگەڵ سێ باڵوێزی عێراق لە چەندین دەوڵەتی ئەورووپاییدا، وا روون بۆوە كە عێراق ئامادە نیە ببێتە ئەندام لە دادگای ناوبراودا".
وەزیر رایگەیاند، ئەم هەڵوێستەی عیراق رێگرە لەبەردەم دروستبوونی دادگایەكی لەم جۆرە لەعیراق ولەهەرێمی كوردستان ولە یاسای عێراقیدا هیچ بڕگەیەك نیە باس لە كۆمەڵكوژی بكات، بۆیە تاكە چارەسەری لەم حاڵەتەدا ئەوەیە "عێراق ڕازی بكرێت كە تەنها بۆ ئەم كەیسە ڕەزامەندی بداتە دادگا بۆ ئەوەی لێی بكۆڵێتەوە، ئەمەش هەوڵێكی زۆری دەوێت لەلایەن نوێنەرانی كورد لە مەركەزی بڕیاردان لە حكومەتی فیدرالی بۆ دەركردنی بڕیارێكی لەو جۆرە بەمەرجێك عێراق كەیسی دیكەی لەگەڵدا تێكەڵ نەكات".
دوای هێرشەكانی داعش بۆ سەر مووسڵ وچەندین ناوچەی دەورووبەری كە زۆرینەی دانیشتوانی كوردی ئێزدی وپێكهاتە ئایینیەكانی دیكەن، چەندین تاوانی کوشتاری لەدژیاندا ئەنجامدا. هەربۆیەش، حكومەتی هەرێم بەپێی فەرمانی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لە 17ی ئاب 2014دا لیژنەیەكی بۆ ئەم پرسە پێكهێنا وهەر زوو لیژنەكە دەستیكرد بە كۆكردنەوەی ژمارەیەكی زۆری بەڵگەنامەو كورتە فیلم ووەزارەتی كاروباری شەهید وئەنفالكراوانیش ناوەندێكی تایبەت بە لێكۆلینەوە و كۆكردنەوەی بەڵگه و تاوانی لە دهوك دامەزراند كە تا ئێستا زیاتر لە 300 دوسێی ئامادەكردووە و لێكۆلینەوە لێیان بەردەوامەو 65 دۆسێیان بۆ دادگا ئامادەیە.
وەزیر رایگەیاند بەئەندامبوونی عیراق لەو دادگایەدا بەرپرسیارێتی قورس دەخاتە ئەستۆی كە رەنگە نەتوانێ جێبەجێی بكات. بۆیە بەهەر بیانوێك بێت خۆی ئەو پرسەی پشتگوێخستووە، هاوكات ئەوەشی خستەڕوو ئەگەر ئەم رێكارە یاساییە ورێكارە پێشنیاركراوەكانی دیكە سەرنەكەوت ئەوا پێویستە "لەڕێی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە بڕیارێكی تایبەت دەربكرێت بۆ دەستبەكاربونی دادگا لە كەیسی ناوبراو یاخود بۆ دامەزراندنی دادگایەكی تایبەت بەو كەیسە بەهەمان شێوەی دادگای تاوانەكانی یوگوسلاڤیا و دادگای تاوانەكانی ڕواندا".
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو لیژنەیەی خۆی سەرۆكایەتی دەكات پێشنیاری كردووە شاندێک "بنێرێتە بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عیراق ووەزارەتی دەرەوە و دادی بەمەبەستی وەرگرتنی رەزامەندی بۆ سپاردنی ئەم كەیسە بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش بهێنرێنە سەر ئەو بڕوایەی بڕیارێكی تایبەت بە مەبەستی سپاردنی كەیسەكە بە دادگای تاوان دەربكات".
مەحمود حاجی ساڵح، ئاماژەی بە مەترسی كاری یەك لایەنەی لەبارەی ئەم كەیسانەوە كرد وراشیگەیاند کە حكومەتی هەرێم هەموو رێكارێكی یاسایی دەگرێتەبەر بۆ ڕێگەگرتن لەو هەوڵانەی كە هەندێك كەس و لایەن دەیدەن بۆ ناساندنی كوردی ئێزدی وەكو گەلێكی جیاواز لە كورد و خۆجیاكردنەوە لە گەلی كوردستان. بەپێویستیشی زانی پرسی پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ پێشمەرگە لەشەڕی دژی تیرۆر بەتەواوی بۆ باسكردنی ئەم پرسە سوودی لێوەربگیرێت.
بۆ باسكردنی ئەو پرسە وخستنەڕووی ئەو تاوانانەی لەدژی كوردی ئێزدی ومەسیحی ئەو ناوچانەی كە بەدەستی داعشەوەبوون، رۆژانی 8 و 9ی شوباتی رابردوو لەهۆڵی مامۆستا سەعد عەبدوڵلا لە هەولێر، كۆنفڕانسێك بەبەشداری حكومەتی هەرێمی كوردستان وژمارەیەكی زۆر لە رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان وشارەزایان لەبواری یاسای نێودەوڵەتی وكۆمەڵكوژی وچەندین كەسایەتی ئایینی ئیسلام ومەسیحی وئێزدی بەڕێوەچوو، تیایدا لەچەندین دانیشتنی جیاوازدا باس لەو رێوشوێن وچارەسەریە یاساییانە كرا كە پێویستە بۆ بەجیهانی ناساندنی ئەم تاوانانە بگیرێنە بەر، ئەمە جگە لەوەرگرتنی شایەدی ژمارەیەک لە رزگاربووان لە دەستی تیرۆریستان لەبارەی ئەو تاوانانەی لەدژی ئەواندا كراون.
نیهاد قازی سەرۆكی رێكخراوی پاراستنی ئایینەكانی عیراق لەلێدوانێكی تایبەت بۆ ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەترسی خۆی لەئایندەی ئایینەكانی عیراق وناوچەكە نیشاندا ودووپاتیكردەوە لەدوای هێرشەكانی داعش بۆ سەر عیراق وبەكۆمەڵكوشتنی ژمارەیەكی زۆر لەئێزدی ومەسیحی وتەنانەت موسڵمانیش بەجیاوازی ئایین ومەزهەبەكانیانەوە، ناوچەكەی خستە ژێر مەترسیەكی زۆر گەورە كە دەرچوون لێی كارێكی ئاسان نییە وبەتاكە كەس ولایەن ناكرێت.
ئاماژەی بەوەشدا "پێویستە حكومەتی عیراق درك بەو مەترسیە بكات كە زۆر دەمێكە هۆشداری لەبارەوە دراوە و ئەو وێنە سلبیەی لەبارەی رەوشی مەترسیداری ئایینەكان تیایدا نەمێنێت وهەنگاوی جدیتر بۆ دەرچوون لەو گرفتانەوە بنێت".
قازی ئەوەشی خستەڕوو،" لەمیانەی ئەو كۆنفڕانسەی لەهەولێردا بەڕێوەچوو، هەموو لایەك لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا پاڵپشتی كەیسەكانی كۆمەڵكوژی كوردی ئێزدی ومەسیحی بكرێت وچیتریش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەئاست ئەو تاوانانە بێ دەنگ نەبێت بەڵام ئەوەش بەبێ هەوڵی جدی حكومەتی عیراق كارێكی ئاسان نیە".