نێچیرڤان بارزانی داوای هاوكاریی زیاتری یەكێتیی ئەورووپا دەكات

  • یەک شەممە, 23 ئاب 2015

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 23/8/2015 بە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و خاتوو یانا هیباشكۆڤا باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق و بەرێزان كونسوڵ و دیپلۆماتكار و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە وەزیر و پەرلەمانتارانی هەرێمی كوردستان، لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵا لە شاری هەولێر، ڕێوڕەسمی كردنەوەی نووسینگەی هەماهەنگیی یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.

 

 

لە ڕێوڕەسمەكەدا دوایی پێشكەشكردنی چەند گوتارێك، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتارێكی پێشكەشكرد و تێیدا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بە كردنەوە نووسینگەكە كە هەرێمی كوردستان ماوەیەكی زۆر بوو چاوەڕوانی ئەم هەنگاوەی دەكرد، هەروەها سەردانی خاتوو فیدریکا مۆگرینی، وەکو نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا بۆ هەرێمی کوردستانی بە هۆکارێكی گرنگ بۆ بڕیاردان لەسەر کردنەوەی ئەم نووسینگەیە بە شێوەیەکی فەرمی لە هەرێمى كوردستان زانی.

هەروەك زیادکردنی ژمارەی نوێنەرایەتییە بیانییەکانی لە هەرێمی کوردستان بۆ 33 نوێنەرایەتی، بە ڕەنگدانەوەیەکی ئەرێنیی سیاسەتی کرانەوەى هەرێمى کوردستان بە ڕووى جیهاندا بە ڕەچاوکردنی بنەماکانی ڕێز لەیەکگرتن و بەرژەوەندیى هاوبەش قبووڵكرد و ئاماژەی بەوە دا كە یەكێتیی ئەورووپا پێکهاتەیەك نیە تەنها بۆ خۆی بژی، بەڵكو لەناو جیهان و ئابووریی جیهاندا دەژی و بوونی خۆی سەلماندووە و هەژموونی خۆی تەنها لەپێناو باشترکردنی مەرجەکانی ئابوورى و بازرگانی بەکار ناهێنێ، بەڵکو لە دەرەوەی سنووری خۆی کاری جددی دەکات لەپێناو پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بەرز ڕاگرتنی بەهاکانی دیموکراسی.

 

 

لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیی ئەوروپا و هەرێمی كوردستان بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان جەختی لەوە كردەوە كە پەیوەندیی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ هەرێمی كوردستان مێژوویەکی ئەرێنی و باشی هەیە، بۆیە کردنەوەی ئەم نووسینگەیە لە هەولێر، دەبێتە مایەی هەماهەنگیکردنی باشتر لەگەڵ سەرجەم دامەزراوەکانى یەکێتیى ئەورووپا و لەم چوارچێوەیەشدا هەرێمى کوردستان دەتوانێ سوود لە ئەزموون و شارەزاییى یەکێتیى ئەورووپا وەربگرێت، بەتایبەتی لە بوارەکانى سەروەریى یاسا و دیموکراسى و مافەکانى مرۆڤ و بیناکردنى تواناکان و بەهێزکردنی پێگەی ئافرەت لەناو حکوومەت و کۆمەڵگا و وەبەرهێنان و ئابووری و بازرگانیدا و لەم ڕێگەیەشەوە ئابووریی جیهان بەرەو پێشەوە ببات و ئاستی خۆی لە بوارەکانی خوێندن و تەندروستی و ژینگەپارێزی و وزەدا، بەرزتر بکاتەوە.

جەختی لەوە كردەوە كە باشترکردنی سیستەمى حکومڕانى، ئامانجی هەرێمی كوردستانە، بۆیە هەرێمى کوردستان بە مافى خۆی دەزانێ سوودی زیاتر لە ئامانج و دەسکەوتەکانی ڕێککەوتنامەی هاوبەش وەربگرێت، کە یەکێتیی ئەورووپا لە 11ی ئایاری ساڵی 2012 لە گەڵ حکوومەتی عێراقی فیدراڵدا واژۆی کردووە. لەسەر ئاستی سیاسیش ئەوەی دووپات كردەوە كە یەکێتیى ئەورووپا دەتوانێت ڕۆڵێکى گرنگ بگێڕێت لە بەرەوپێشبردنى پرۆسەى سیاسى لە عێراق و، لێكنزیكکردنەوەى لایەنەکان و، دڵنیابوون لەوەى کە تەواوى پێکهاتەکان بەشدارن لە پرۆسەى سیاسى، بەمەبەستی چەسپاندنى سیستەمى لامەرکەزی، کە لەم قۆناغەدا باشترین ڕێگاچارەیە بۆ شێوازی حوکمڕانی لە عیراقدا.

 

 

لە بەشێكی دیكەی گوتارەكەیدا بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان باسی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش كرد و ئاماژەی بەوە كرد كە هەرێمی کوردستان بە درێژاییی سنوورەکانی لە جەنگێکی سەپێنراودایە دژ بە ڕێکخراوی تێرۆریستیی داعش و پێشمەرگه ‌قاره‌مانه‌كانى كوردستانیش، بە نوێنەرایەتیى جیهان، ڕووبەڕووى ئەو تیرۆریستانە دەبنەوە و خەبات و بەرگری دەکه‌ن بۆ پاراستنى گیانی تەواوی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە. هەروەها وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ پشتیوانی و هاوکاریی یەكێتیی ئەورووپا، داوای لە ئەندامانی یەکێتییەكە كرد بەردەوام بن لە پشتگیریکردنی پێشمەرگە، لە ڕووى مەشق و ڕاهێنان و پێدانی چەك و تەقەمەنى و وەرگرتنی ئەو بریندارانەى کە لە ناوخۆى هەرێمى کوردستان ناتوانرێت چارەسەریان بۆ بکرێت.

ئەوەشی بیرهێنایەوە كە بەهۆی جەنگی سەپێنراوی داعشەوە، زیاتر لە یەك ملیۆن و هەشت سەد هەزار ئاوارە و په‌نابه‌ر، ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و پێشوازییان لێ کراوە و ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی مرۆییی گەورە و لە توانای حکوومەتی هەرێمی كوردستاندا نییە بێ یارمەتیی هەرێمی و نێودەوڵەتی، لە دابینکردنی ئاسایش و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و دابینكردنی پێداویستییە بنەڕەتی و گرنگەکانیان، بەردەوام بێت.

هەروەها سوپاسی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپای كرد كە بەشداری كاریگەریان هەبوو لە پێشكەشكردنی هاوكاریی مرۆیی بۆ پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان كە لە کۆنفرانسى بروکسل لە سەرەتاى مانگى حوزەیرانى 2015، ڕایگەیاند پێویستى بە (500) ملیۆن دۆلارە بۆ بەردەوامیى بەرنامەکانى له‌عیراق و داوای كرد هاوکاریى زیاتر پێشکەش بکەن و جەخت لە پێویستیی بەدەنگەوەهاتنی جددیتری حكوومەتی عیراق و وڵاتانی ناوچەكە و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، بکەنه‌وه‌.

لەبارەی بابەتی ئەنجامدانی جینۆساید دژ بە كوردانی ئێزدی و پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی دیكەش، ئاشكرای كرد تا ئێستا چەندین گۆڕى بەکۆمەڵى ئەو تاوانانە دۆزراونەتەوە کە لە لایەن تیرۆرستانى داعشەوە ئەنجام دراون كە تەنیا لە ناوچەی شەنگال تا ئێستا 12 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە و ڕێکەوتى 13ى ئه‌م مانگه ‌ ڕێوڕه‌سمى بەخاكسپاردنى تەرمى 67 قوربانیی دەستی داعش، له مەزارگەی ‌شه‌رفه‌دین بەڕێوەچوو و چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ ئازادکردنى شەنگاڵ ژمارەى ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە زیاتر بێت، ئەمە جگە لە تاوانى ڕفاندن و فرۆشتنى کچان و ئافرەتان و کوشتنى منداڵ و پیر كە کارەساتى گەورەن و نابێت کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى لە ئاستیاندا بێدەنگ بێت.

لەبارەی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بە دیكۆمێنتكردنی ئەو تاوانانە، نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد كە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لێژنەیەکی بۆ بە دواداچوون و کارکردن لەپێناو کۆکردنەوەی بەڵگەنامەی تاوان و بە دۆکیۆمێنتکردنی و بەرزکردنەوەی بۆ بەردەم دادگایەکی نێودەوڵەتی، وەک دادگای لاهای، دامەزراندووە. داواشی لە یەکێتیی ئەرووپا كرد هاوکاریی مەعنەوی و سیاسیی خۆیان پێشکەش بکەن، لەپێناو بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. هەروەها داوای لە کۆمسیۆنى باڵاى یەکێتیى ئەورووپا كرد بە شێوەیەکى فەرمى و لە ڕێگاى ئەندامەکانیانەوە، داوا لە دادگاى نێودەوڵەتى لە لاهاى بکات، بۆ وەرگرتنی ئەم کەیسە و لێکۆڵینەوە لەم تاوانانە و سزادانى بکەرانى كە تا ڕادەیەک دەبێتە مایەی کەمکردنەوەى خەم و په‌ژاره‌ى خانەوادەکانى ئەم قوربانیانە و گه‌لى كوردستان به‌گشتى.

 

 

لە کۆتایی گوتەكەیدا بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسى خاتوو یانا هیباشکۆڤا، باڵیۆزى یەکێتیى ئەرووپا لە عیراق كرد کە لە ماوەى کارکردنیدا ڕۆڵێکى باشی بینیوە لە بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکان و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست لە ئەرکى داهاتوویدا. هەروەها پیرۆزبایى لە بەڕێز پاتریک جەیسن كرد بەبۆنەى دەستبەکاربوونى وەك بەرپرسى نووسینگەى هەماهەنگیی یەکێتیى ئەورووپا لە هەرێمى کوردستان و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست لە کارەکانیدا.

دوای ڕێوڕەسمەكەش لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە كۆبوونەوەكانی پێنج قۆڵی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە شاری سلێمانی كرد بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لەسەر پرسی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دروستبوونە و ڕایگەیاند كە كۆبوونەوەی داهاتوو ڕۆژی چوارەشەممە ئەنجام دەدرێت و هیوای خواست كۆبوونەوەكان بگەنە ئەنجامێكی ئەرێنی بە شێوەیەك هەموولایەك لەسەری ڕازی بن. دووپاتیشی كردەوە كە كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكان تا ئەوكاتەی دەگەنە ئەنجام، بەردەوام دەبن.

هەروەها ڕەتیشی كردەوە كە كۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی داهاتووی پێنج لایەنە سیاسییەكان كۆبوونەوەی كۆتایی بێت و جەختی لەوە كردەوە كە هەموو هەوڵێك دەدەن ئەو كۆبوونەوانە بگەنە ئەنجام.

لەبارەی شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیشەوە، دووپاتی كردەوە كە مافی خەڵكە خۆیان سەرۆكی خۆیان هەڵبژێرن و ئەمە هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستانە و لەم پێناوەشدا هەوڵ دەدەن بگەنە سازان. ئاشكراشی كرد ئەگەر لە نێوان هەڵبژاردنی سەرۆك لە پەرلەمان و لەناو خەڵكدا نەگەیشتن بە سازان، ئەوا ئەوان لەگەڵ ئەوەن پرسەكە بخرێتە بەر ڕاپرسی و خەڵك بڕیار لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك بدات و خەڵكیش هەر بڕیارێك بدات ئەوان وەك پارتی دیموكراتی كوردستان پابەندی دەبن و پێشوازی لێدەكەن و نایانەوێت ئیرادە لە خەڵك بسەنرێت.

لەبارەی خاڵی ناكۆك لەنێوان لایەنەكاندا، بەڕێز سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوە كرد كە هیچ خاڵێكی ناكۆك نییە، بەڵام ئەویش نازانێت بۆ ناگەن بە ڕێككەوتن. ئەوشی بیرهێنایەوە كە ئەوەی لە ڕۆژی 23ی حوزەیران لە پەرلەمانی كوردستان ڕوویدا، فەرزی ئیرادە بوو و ئەمەش نە لەلایەن پارتی و نە لایەنەكانی دیكەی قبووڵی ناكەن، جەختی لەوەش كردەوە كە دەتوانرا ئەو گفتوگۆیانەی ئێستا ئەنجام دەدرێن، بە هێمنی بەر لە دروستبوونی كێشە، لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا بەڕێوەچووبان بێ ئەوەی هیچ لایەك وا بیر بكاتەوە كە ئیرادەی ئەوی دیكەی بەسەردا دەسەپێنرێت.

هەروەها ئەوەشی ڕەتكردەوە كە پارتی تەنیا لەیەك سەنگەر بێت و ئاماژەی بەوە كرد گەر هەموو لایەك بۆ بەرژوەندی كوردستان هەنگاو بنێن، ئەوا ئاسۆی ڕێككەوتن و چارەسەر دەردەكەوێت.

لەبارەی پابەندنەبوونی پەرلەمانتارانی چەند لایەنێك بەو ڕێككەوتنەی كە لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا بەرەبەبەیانیی 19ی مانگ هاتە ئاراوە، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە هەر لە ئێوارەی ڕۆژی 18ی ئەم مانگە تا كاتژمێر 7ی بەیانیی ڕۆژی 19ی مانگ، پێنج لایەنەكە لە كۆبوونەوەدابوون تەنیا یەك خاڵ باسكرا كە ئەویش ئەوە بوو كۆبوونەوە نا ئاساییەكەی پەرلەمان دوابخرێت، بەڵام ئەوان پابەندی ئەو ڕێككەوتنە نەبوون و كۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانیان ئەنجامدا و نەیانتواتی ڕێژەی یاسایی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران بەدەست بهێنن و ئەوانیش وەك پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو هەڵوێستەیان بە هەند وەرنەگرتووە و هیوای خواست بە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ بگەن بە چارەسەر.

بەڕێزان ئەمە دەقی گوتاری بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانە:

ئامادەبووانى بەڕێز، میوانانى خۆشەویست،
ئێوارەتان باش و هەموو لایەكتان بەخێربێن،
بەڕێز باڵیۆزى یەکێتیى ئەورووپا لە عیراق، خاتوو یانا هیباشکۆڤا،
بەڕێزان کونسوڵ و دیپلۆماتکار و نوێنەرانى وڵاتانى بیانى لە هەرێمى کوردستان،

خۆشحاڵین لێرەدا لەگەڵ ئێوەى بەڕێز بەشدار دەبین لە ڕێوڕەسمی کردنەوەى نووسینگەى هەماهەنگیى نێردەی یەکێتیى ئەورووپا لە هەرێمى کوردستان. ماوەیەکی زۆر بوو، چاوەڕوانی ئەم هەنگاوە بووین.

سەردانی خاتوو فیدریکا مۆگرینی، وەکو نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا بۆ هەرێمی کوردستان هۆکارێكی گرنگ بوو، بۆ بڕیاردان لەسەر کردنەوەی ئەم نووسینگەیە بە شێوەیەکی فەرمی لە هەرێمى كوردستان. دیارە زیادکردنی ژمارەی نوێنەرایەتییە بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ 33 نوێنەرایەتی، ڕەنگدانەوەیەکی ئەرێنیی سیاسەتی کرانەوەى هەرێمى کوردستانە بە ڕووى جیهاندا بە ڕەچاوکردنی بنەماکانی ڕێز لەیەکگرتن و بەرژەوەندیى هاوبەش. ئێمە پێمان وایە یەكێتیی ئەورووپا پێکهاتەیەك نیە کە تەنها بۆ خودی خۆی بژی، یەکێتیی ئەورووپا لەناو جیهان و لەناو ئابووریی جیهاندا دەژی و بوونی خۆی سەلماندووە.

هەروەها دەزانین کەوا یەكێتیی ئەورووپا هەژموونی خۆی تەنها لەپێناو باشترکردنی مەرجەکانی ئابوورى و بازرگانی بەکار ناهێنێ، بەڵکو لە دەرەوەی سنووری خۆی کاری جددی دەکات لەپێناو پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بەرز ڕاگرتنی بەهاکانی دیموکراسی.

وڵاتان لە سەرتاسەری جیهان سوود لە بەرنامە و یارمەتییە مرۆییەکانى یەکێتیی ئەورووپا وەردەگرن. پەیوەندیی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ هەرێمی كوردستان مێژوویەکی ئەرێنی و باشی هەیە، بۆیە کردنەوەی ئەم نووسینگەیە لە هەولێر، دەبێتە مایەی هەماهەنگیکردنی باشتر لەگەڵ سەرجەم دامەزراوەکانى یەکێتیى ئەورووپا.

هەرێمى کوردستان دەتوانێ سوود لە ئەزموون و شارەزاییى یەکێتیى ئەورووپا وەربگرێت، بەتایبەتی لە بوارەکانى سەروەریى یاسا و دیموکراسى و مافەکانى مرۆڤ و بیناکردنى تواناکان و بەهێزکردنی پێگەی ئافرەت لەناو حکوومەت و لەناو کۆمەڵگادا. نەك تەنها لە بوارەکانی بەهێزکردن و پاراستنی بنەماکانی دیموکراسی و ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و پتەوکردنی  پرنسیپەکانی سەروەریی یاسا، بەڵکو لە بوارەکانی وەبەرهێنان و ئابووری و بازرگانیشدا دەتوانن یارمەتیمان بدەن.

بەو شێوەیە هەرێمی كوردستان دەتوانێ بە هاوکاریی یەکێتیی ئەورووپا، ئابووریی جیهان بەرەو پێشەوە ببات و ئاستی خۆی لە بوارەکانی خوێندن و تەندروستی و ژینگەپارێزی و وزەدا، بەرزتر بکاتەوە. چونکە پەرەپێدان بە مانا فراوانەکەی، هەوێنی نەشونومای مێژووییی هەر میللەتێکە و ئامرازێکیشە بۆ ڕزگاربوونی مرۆڤی هاوچەرخ، لە دەست هەژاری و نەداری و دواکەوتن و ستەمکاری. یەکێتیی ئەورووپا دەتوانێ لە ڕووبەڕووبوونەوەی تێرۆر و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم زیاتر هەماهەنگ و هاوکارمان بێت.

باشترکردنی سیستەمى حکومڕانى، ئامانجمانە، بۆیە هەرێمى کوردستان بە مافى خۆی دەزانێ سوودی زیاتر لە ئامانج و دەسکەوتەکانی ڕێککەوتنامەی هاوبەش وەربگرێت، کە یەکێتیی ئەورووپا لە 11ی ئایاری ساڵی 2012 لە گەڵ حکوومەتی عێراقی فیدراڵدا واژۆی کردووە.

لەسەر ئاستی سیاسی، یەکێتیى ئەورووپا دەتوانێت ڕۆڵێکى گرنگ بگێڕێت لە بەرەوپێشبردنى پرۆسەى سیاسى لە عێراق و، لێكنزیكکردنەوەى لایەنەکان و، دڵنیابوون لەوەى کە تەواوى پێکهاتەکان بەشدارن لە پرۆسەى سیاسى، بەمەبەستی چەسپاندنى سیستەمى لامەرکەزی، کە ئێمە پێمان وایە لەم قۆناغەدا باشترین ڕێگاچارەیە، بۆ شێوازی حوکمڕانی لە هەموو عیراقدا.

بەڕێزان،
هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە درێژاییی سنوورەکانی لە جەنگێکی سەپێنراودایە دژ بە ڕێکخراوی تێرۆریستیی داعش، ئەو ڕێکخراوەی کە ڕێز لە هیچ بەهایەکى مرۆڤایەتی ناگرێت. پێشمەرگه ‌قاره‌مانه‌كانمان، بە نوێنەرایەتیى جیهان، ڕووبەڕووى ئەو تیرۆریستانە دەبنەوە و خەبات و بەرگری دەکه‌ن بۆ پاراستنى گیانی تەواوی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان، بە هەموو پێکهاتەکان و هاووڵاتی و ئاوارە و په‌نابه‌ران لە كوردستان و لە دەرەوەی سنووری كوردستان.

بۆیە لێرەوە وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ پشتیوانی و هاوکارییان، داوا لە ئەندامانی یەکێتیى ئەورووپا ده‌كه‌ین بەردەوام بن لە پشتگیریکردنی پێشمەرگە، لە ڕووى مەشق و ڕاهێنان و پێدانی چەك و تەقەمەنى و وەرگرتنی ئەو بریندارانەى کە لە ناوخۆى هەرێمى کوردستان ناتوانرێت چارەسەریان بۆ بکرێت،  ئەمەش ڕێزگرتنێکە لە خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە ئازا و قارەمانەکانمان.

هەموو لایەك ئاگادارن کە بەهۆی جەنگی سەپێنراوی داعشەوە، زیاتر لە یەك ملیۆن و هەشت سەد هەزار مرۆڤ وەك ئاوارە و په‌نابه‌ر، ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و پێشوازییان لێ کراوە لەم هەرێمەدا. ئەمەش بە ڕاستی قەیرانێکی مرۆییی گەورەی دروست کردووە، حکوومەتی هەرێمی كوردستان ناتوانێت بەبێ یارمەتیی هەرێمی و نێودەوڵەتی، لە دابینکردنی ئاسایش و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و دابینكردنی پێداویستییە بنەڕەتی و گرنگەکانیان، بەردەوام بێت.

ئێمە وەک حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئەوپەڕى تواناکانى خۆمان خستۆتە گەڕ، لە پێشکەشکردنى هاوکارى و خزمەتگوزارى بە ئاوارە و پەنابەران، بەڵام پێویستیمان بە پشتگیریى بەردەوامى نێودەوڵەتى هەیە.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسى بروکسل لە سەرەتاى مانگى حوزەیرانى 2015، ڕایگەیاند کە پێویستى بە (500) ملیۆن دۆلار هەیە، بۆ بەردەوامیى بەرنامەکانى له‌عیراق. وڵاتانى یەکێتیى ئەورووپا، بەشداریى کاریگەریان هەبووە لە پێشکەشکردنى هاوکاریى مرۆیى، بۆیە دووبارە سوپاسیان دەکەم و لێرەوە داوایان لێ دەکەم کە هاوکاریى زیاتر پێشکەش بکەن و بۆ ئەو مەبەستە، جەخت لە پێویستیی بەدەنگەوەهاتنی جددیتری حكوومەتی عیراق و وڵاتانی ناوچەكە و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، بکەنه‌وه‌.

بەڕێزان، 
دەمەوێ ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە بۆ ئەوەی لێرەدا ئاماژە بە بابەتى جینۆساید، دژ بە کوردانى ئێزیدى و پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینیەکانى دیكه بکەم‌، کە لە لایەن گرووپى تیرۆریستیى داعشه‌وه‌ ئەنجام دراوە.  تاکو ئێستا چەندین گۆڕى بەکۆمەڵى ئەو تاوانانە دۆزراونەتەوە، کە لە لایەن تیرۆرستانى داعشەوە ئەنجام دراون. ڕێکەوتى 13ى ئه‌م مانگه‌لە ڕێوڕه‌سمى بەخاكسپاردنى تەرمى 67 قوربانیی دەستی داعش، له‌ شه‌رفه‌دین لە شەنگال بەشدار بووم.

تاکو ئێستا لە ناوچەى شەنگال 12 گۆڕى بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ ئازادکردنى شەنگاڵ ژمارەى ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە زیاتر بێت، ئەمە جگە لە تاوانى ڕفاندن و فرۆشتنى کچان و ئافرەتان و کوشتنى منداڵ و پیر. ئەمانە کارەساتى گەورەن كه‌ نابێت کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى لە ئاستیاندا بێدەنگ بێت.

پاش ڕوودانی ئەو تاوانە دڕندانە و نامرۆییانەی ڕێکخراوی داعش، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستبەجێ لێژنەیەکی دامەزراند بۆ بە دواداچوون و کارکردن لەپێناو کۆکردنەوەی بەڵگەنامەی تاوان و بەدۆکیومێنتکردنی و بەرزکردنەوەی بۆ بەردەم دادگایەکی نێودەوڵەتی، وەک دادگای لاهای. ئێمە داوا لە یەکێتیی ئەرووپا دەکەین هاوکاریی مەعنەوی و سیاسیی خۆیان پێشکەش بکات، لەپێناو بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا.

بۆیە داوا لە کۆمسیۆنى باڵاى یەکێتیى ئەورووپا دەکەین، بە شێوەیەکى فەرمى و لە ڕێگاى ئەندامەکانیانەوە، داوا لە دادگاى نێودەوڵەتى لە لاهاى بکات، بۆ وەرگرتنی ئەم کەیسە و لێکۆڵینەوە لەم تاوانانە و سزادانى ئەوانەی كە ئەم تاوانانەیان ئەنجام داوە. ئەمەش تا ڕادەیەک دەبێتە مایەی کەمکردنەوەى خەم و په‌ژاره‌ى خانەوادەکانى ئەم قوربانیانە و گه‌لى كوردستان و مرۆڤایەتی به‌گشتى لە سەرانسەری جیهاندا.

ئێمە ئەم دەرفەتە بە گونجاو دەزانین بۆ ئەوەی سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی وڵاتانى یەکێتیی ئەورووپا بکەین، کە بەردوام بوون لە پشتگیریکردنی پێشمەرگە لە جەنگ دژ بە چەکدارانی ڕێکخراوی تێرۆریستیی داعش، بەبێ دەستنیشانکردنی کات بۆ کۆتاییهێنان به‌ هاوکارییه‌كانیان. خۆشحاڵتر دەبین ئەگەر هاوکاری و پشتگیریکردنی یەکێتیی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان زیاتر بێت.

لە کۆتاییدا دەمەوێ سوپاسى خاتوو یانا، باڵیۆزى یەکێتیى ئەرووپا لە عیراق بکەم، کە لە ماوەى کارکردنیدا، ڕۆڵێکى باشی بینیوە لە بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکان و هیواى سەرکەوتنى بۆ دەخوازم لە ئەرکى داهاتوویدا.

هاوکات پیرۆزبایى لە بەڕێز پاتریک جەیسن دەکەم، بەبۆنەى دەستبەکاربوونى وەك بەرپرسى نووسینگەى هەماهەنگیی یەکێتیى ئەورووپا لە هەرێمى کوردستان و دەمەوێ دووپاتی بكەمەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ هەموو هاوكارییەك لەگەڵ بەڕێزی.

جارێكی دیكە هەموو لایەكتان بەخێربێن و زۆر سوپاس.

 

 

 

 

Read کد خبر: 1515

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی