به‌یانیتان باش، مه‌به‌ست له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ى ئه‌مڕۆ زیاتر بۆ ئاگاداركردنى ئێوه‌ى به‌ڕێزه له‌سه‌ر چۆنیه‌تیى دانوستاندنى ئێمه له‌گه‌ڵ به‌غدا و مه‌سه‌له‌ى بودجه و ناردنى نه‌وت. ئه‌مه زیاتر نه وه‌كوو سمینار، وه‌كوو كۆبوونه‌وه‌یه‌كه بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ى ئێوه‌ى به‌ڕێز له‌م پرسه گرنگه كه په‌یوه‌ندى به هه‌موو لایه‌كمانه‌وه هه‌یه.
ئێمه له سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له هه‌رێمی كوردستان وامان به باش زانی له نزیكه‌وه ئێوه ئاگادار بكرێنه‌وه؛ چونكه له به‌غدا له ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن هه‌ندێك جار گوێبیستی هه‌ندێ ڕاپۆرت و هه‌واڵ ده‌بین كه به ڕاستی دوورن له ڕاستی.
ویستمان له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی وا داخراودا؛ ئێمه ئه‌م پرسه به ته‌واوه‌تى له‌گه‌ڵ ئێوه باس بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری ئه‌و هه‌نگاوانه بن كه له‌سه‌ره‌تاوه ده‌ستمان پێ كردووه و ئێستا پێی گه‌یشتووین و بێگومان به‌ڕێزان د.ئاشتی هه‌ورامى و شێخ باییز و د.عه‌لی و جه‌بار یاوه‌ر و د. ئامانج ڕه‌حیم هه‌موو وردهكاریهكانتان له سه‌ره‌تاوه بۆ باس ده‌كه‌ن و كاره‌كه به‌سه‌ریاندا دابه‌ش كراوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئیجازه بده‌ن منیش هه‌ندێك له‌و شتانه‌ی له به‌غدا قسه‌مان له‌سه‌ری كردووه له وتارێكدا بیر‌و بۆچوونی خۆمانتان پێشكه‌ش بكه‌م.
چه‌ند مانگێكی دیكه 11 ساڵ به‌سه‌ر له‌ناوچوونی ڕژێمی به‌عس و سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌یدا تێده‌په‌ڕێت، پێش ئه‌وه گه‌لانی عیراق خه‌ونیان به‌وه‌وه ده‌بینی كه ڕۆژێك بتوانن ئازادی و سه‌ربه‌رستی و ئاسایش و دیموكراسی له كوردستان و عیراقدا پیاده بكه‌ن، خۆشبه‌ختانه پاداشتی خۆڕاگریی گه‌لی كوردستان و خۆبه‌خشه‌كانمان وای كرد ئه‌مڕۆ ئێمه له هه‌رێمی كوردستان به‌شێك له‌و خه‌ونانه‌ی هه‌مانبوو؛ بێته دی.
زۆربه‌ی گه‌لانی دونیا ئه‌وه‌یان به‌لاوه شتێكی ساده و به‌ڵگه‌نه‌ویسته كه خۆیان له ڕێی نوێنه‌رانیانه‌وه بڕیاری خۆیان بده‌ن كه هه‌ست به خزمه‌تگوزاری له‌سه‌ر ئاستی ژیانی ڕۆژانه‌یان بكه‌ن. گه‌لی كوردستان قوربانیی زۆری دا تا بتوانێ به‌و مافه ساده و به‌ڵگه‌نه‌ویسته بگات و ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی گه‌لانی دونیا به ده‌نگدان و ئاشتی ده‌ستیان كه‌وت، خه‌باتێكی درێژخایه‌نی بۆ گه‌لی كوردستان پێویست بوو.
له ماوه‌ی چه‌ندین ساڵی ڕابردوودا، هه‌رێمی كوردستان گۆڕانكاریی گه‌وره‌ی به‌خۆیه‌وه بینیوه، له‌گه‌ڵ گه‌لانی عیراقدا ده‌نگمان به ده‌ستووری عیراق دا و ئێستا ئێمه پێیه‌وه پابه‌ندین و كاری پێ ده‌كه‌ین. ده‌نگمان به په‌رله‌مانی عیراقی فیدراڵ و په‌رله‌مانی كوردستان دا و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كارنامه‌ی له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستاندا خوێنده‌وه و متمانه‌ی گه‌لی كوردستانی وه‌رگرتووه له ڕێی نوێنه‌رانیه‌وه.
حكوومه‌تی هه‌رێم به وردی پلانی گه‌شه‌ی ئابووری بۆ وڵاته‌كه‌ی داڕشتووه و هه‌وڵی پیاده‌كردنی ده‌دات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌قامگیریی كوردستان به‌ردی بناغه‌ی سه‌قامگیری و په‌ره‌سه‌ندنی ئابوورییه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش خۆشبه‌ختانه ئه‌م گه‌شه‌یه خه‌ریكه ببێته به‌شێك له ژیانی ڕۆژانه‌ی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان.
زۆر جار خۆمان گۆڕانكارییه گه‌وره‌كان نابینین و جار جار له یادی ده‌كه‌ین، ئاو و ئاوه‌ڕۆ و كاره‌با و ئاوه‌دانكردنه‌وه، په‌روه‌رده و ته‌ندروستی، نیشته‌جیبوون و فڕۆكه‌خانه له سلێمانی، له هه‌ولێر و له دهۆك كه له ژێر جێبه‌جێكردندایه، نوێنه‌رایه‌تیی ده‌ره‌وه و چالاكیی ئابووریمان ڕووی له زیادبوونه و گه‌لێك لایه‌نی دیكه‌ی ژیان وای كردووه خه‌ڵكی بیانی چ وه‌به‌رهێنه‌ر، چ دیپلۆمات، چ بازرگان، چ گه‌شتیار، چ ڕۆژنامه‌نووس ئه‌و پرسیاره‌مان لێ ده‌كه‌ن: چۆن له‌و ماوه كورته‌دا توانیمان هه‌لومه‌رجی ژیانی هاووڵاتیان به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو بگۆڕین؟!.
ده‌زانین ئێمه له ناوچه‌یه‌كی پڕ كێشه‌دا ده‌ژین، له ماوه‌ی 7- 8 ساڵی ڕابردوودا نوێنه‌رایه‌تیی كوردستان چ له به‌غدا، چ له هه‌رێم هه‌وڵی به‌رده‌وامیان داوه چه‌ند مادده‌یه‌كی ده‌ستووری جێبه‌جێ بكه‌ن تا ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر بۆ هاووڵاتیانی كوردستان مسۆگه‌ر بكرێت.
یه‌كێك له مادده هه‌ره گرنگه‌كان ده‌رباره‌ی نه‌وت و گازه، له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عیراقدا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی برده په‌رله‌مان، پاش گفتوگۆیه‌كی تێروته‌سه‌ل به په‌خشی ڕاسته‌خۆ له ڕێی میدیاوه په‌رله‌مانی كوردستان یاساكه‌ی په‌سه‌ند كرد، واتا ئه‌مه یاسای گه‌لی كوردستانه، چونكه نوێنه‌رانیان ده‌نگیان پێ داوه. ئه‌و نوێنه‌رانه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی گشت پێكهاته‌كانى كوردستان بوون.
بیرخستنهوهیهكی مێژوویی له‌م بواره‌دا پێویسته، پتر له ساڵێك گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵ كرد بۆ ئه‌وه‌ی یاسای نه‌وت و گاز و پاشان یاسای دابه‌شكردنی داهات به‌یه‌كه‌وه ببه‌ینه په‌رله‌مانی عیراق، له‌سه‌ر ڕه‌شنووسه‌كه ڕێككه‌وتین كه خۆم داومه‌ته سه‌رۆك وه‌زیران د.مالیكی له به‌غدا له مانگی شوباتی 2007 دا.
له‌و كاته‌دا هیوامان زور به‌رز بوو به‌وه‌ی پێكه‌وه بگه‌ینه ئه‌نجامێكی باش بۆ سه‌رتاسه‌ری عیراق، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌وڵی بونیادنه‌رانه‌ی ئێمه ئه‌نجامی خوازراوی لێ نه‌كه‌وته‌وه. پرۆسه‌كه درێژه‌ی خایاند، به‌ڵام ئێمه نه‌مانده‌ویست ژیانی سیاسی و كێشه‌ی ئابووری له كوردستان له ده‌ست بده‌ین، گه‌له‌كه‌مان تینووی گۆڕانكاریی خێرا و جددی بوو.
ئێمه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی مالیكی له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێككه‌وتین كه ئه‌گه‌ر له ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا نه‌گه‌یشتینه یه‌ك، هه‌ر لایه‌ك ئازاد بێت له‌سه‌ر پیاده‌كردنی سیاسه‌تی نه‌وت و گازی خۆى له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عیراقدا، له‌وه‌ی كه ئێستا له به‌رده‌ستی به‌ڕێزتاندا هه‌یه ئه‌و نووسراو و ڕێككه‌وتنه كه ئێمه ئه‌و كات له‌گه‌ڵ مالیكی‌دا كردوومانه، هه‌یه.
له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ڕێككه‌وتنه و له چوارچێوه‌ى ده‌ستووری نوێی عیراقدا، حكوومه‌تی هه‌رێم ڕه‌شنووسی یاسای نه‌وت و گازی كوردستانى برده په‌رله‌مان و له‌و ڕۆژه‌وه تا ئه‌مڕۆ كاروباری حكوومه‌ت له بواری نه‌وت و گاز له چوارچێوه‌ی ده‌ستوور و ئه‌و ڕێككه‌وتنه ده‌رنه‌چووه.
هه‌شت ساڵ به‌ر له ئه‌مڕۆ نه هیچ كه‌س له ئێمه و نه شاره‌زایانی بواری نه‌وت نه‌یانده‌زانی چه‌ند نه‌وت و گاز له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه، كه‌م كه‌س له ئێمه خه‌یاڵی بۆ ئه‌وه ده‌چوو هه‌رێمی كوردستان بچێته سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهانی، كاتێك باسی وزه ده‌كرێت، كه‌م كه‌س له ئێمه چاوه‌ڕوان بوون ئه‌م هیوایه بێته دی كه په‌یوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و توركیا له هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربازیه‌وه بگوازرێته‌وه بۆ هاوكاری له بواری وزه و گاز و بازرگانیدا.
كه‌م كه‌س له ئێمه ده‌یوێرا ئه‌م خه‌ونه ببینێت كه كۆمپانیا ده‌ره‌كییه‌كان ڕاسته‌وخۆ گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌ڵبژێردراوی هه‌رێمی كوردستان ئیمزا بكات. له‌و كاته‌وه پتر له 50 كۆمپانیا له 23 وڵاته‌وه هاتوونه‌ته‌وه بازاڕی دامه‌زراوه‌ی وزه له كوردستاندا. كه‌م كه‌س له ئێمه چاوه‌ڕوانی ئه‌و گۆڕانكارییه گه‌وره‌یه‌ی ده‌كرد كه ئه‌مڕۆ به چاوی خۆمان له هه‌رێمی كوردستان ده‌یبینین.
22
ساڵ له‌مه‌وبه‌ر گه‌له‌كه‌مان له ده‌ستی ڕژێم هه‌ڵده‌هات بۆ وڵاتانی دراوسێ، ئه‌مڕۆ ئێمه داڵده‌ی خوشك و برا و كه‌سوكاری ئه‌و گرووپانه ده‌ده‌ین كه له شه‌ڕ و تیرۆر بۆ هه‌رێمی كوردستان ڕاده‌كه‌ن.
چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر خه‌ڵكی هه‌رێم ده‌په‌ڕینه‌وه وڵاتان بۆ ئه‌وه‌ی ئاسایش و بژێوی ژیانیان دابین بكه‌ن. ئێستا وه‌به‌رهێنه‌ر و بازرگان و پیشه‌ساز و كاڵافرۆش له وڵاتانی دراوسێ ڕوو ده‌كه‌نه هه‌رێمی كوردستان.
ئێمه و ئه‌وان باوه‌ڕمان به ئایندهی ئه‌م وڵاته هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئێمه له ساڵی 2007 ده‌ستمان به‌كاركردن نه‌كردبووایه له بواری نه‌وت و گازدا، ئێستا نه‌مانده‌توانی بڵێین له چه‌ند ساڵێكی كه‌مدا به شانازییه‌وه به‌رهه‌می نه‌وتی عیراق زیاد ده‌كه‌ین، داهات بۆ سه‌رتاسه‌ری عیراق دابین ده‌كه‌ین، نه‌مانده‌توانی بڵێین ئێمه ته‌نها چاوه‌ڕوانی داهات نین له حكوومه‌تی فیدراڵه‌وه، به‌ڵكوو ده‌مانه‌وێ هه‌موو داهاتی عیراق ڕووی له زیادبوون بێت و ئێمه‌ش به‌شی خۆمان بخه‌ینه سه‌ر خه‌زینه‌ی فیدراڵی.
له ساڵی 1930دا ئیسماعیل به‌گی ڕه‌واندزی سه‌رنجێكی زۆر نایابی دا و گوتی: "ده‌كرێ ئه‌و داهاته زۆره‌ی عیراق كه له ڕێی كێڵگه نه‌وتیه‌كانه‌وه به ده‌ست ده‌هێندرێت؛ بۆ هاوكاریكردنی ئێمه به كار بێت، له بری ئه‌وه‌ی بۆ به‌رپاكردنی شه‌ڕ له‌م شاخانه‌دا بخرێته گه‌ڕ و كورد بكه‌نه دژ و دوژمن".
ئه‌وه‌تان له یاد بێت كێڵگه نه‌وتییه‌كان له كوردستانن، كه‌واته هه‌ندێك مافمان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له داهاته‌كه‌ی سوودمه‌ند بین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌موو ده‌ستكه‌وتی ئێمه له نه‌وتی خۆمان؛ بریتی بوو له بۆمب و فیشه‌ك.
نوێنه‌رانی گه‌لانی عیراق ساڵی 2005 له‌سه‌ر میكانیزمێك ڕێك كه‌وتن كه ئیسماعیل به‌گی ڕه‌واندزی و نه‌وه‌كانی دوای ئه‌ویش خه‌ویان پێوه ده‌بینی، میكانیزمی دابه‌شكردنی داهاتی نه‌وت و گاز به شێوه‌یه‌كی ئاشتیخوازانه بۆ دابینكردنی ئاینده‌یه‌كى گه‌ش بۆ كوردستان و سه‌رتاسه‌ری عیراق. ئه‌وه‌ی تا ئێستا كردوومانه و له داهاتووشدا ده‌یكه‌ین؛ گه‌شه‌پێدانی كوردستان و عیراقه له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عیراقی فیدراڵ‌دا و هه‌وڵ و كۆششی ئێمه له‌م پێناوه‌دا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌پێناو ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌شه‌ی ئابووری و خۆشگوزه‌رانیی گشت لایه‌ك و ئاماده‌كردنی هه‌لومه‌رجی خزمه‌تگوزاریی گونجاو له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می ئێستاماندا.
گه‌لێك كه داوای مافی ده‌ستووریی خۆی بكات؛ دوژمنی زۆر ده‌بێت، چونكه هیچ مافێكی ده‌ستووری له خۆیه‌وه جێبه‌جێ نابێت، له 7-8 ساڵی ڕابردوودا؛ ئێمه سه‌رقاڵی پیاده‌كردنی مافی ده‌ستووریی كوردستان بووین، له چه‌ندین ساڵی داهاتووشدا و بگره نه‌وه‌ی داهاتووش سه‌رقاڵی هه‌مان مافی ده‌ستووریی خۆمان ده‌بین له عیراقدا.
ئێمه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به شێوه‌یه‌كی هۆشیارانه مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی و ستراتیژیه‌دا كردووه و ئێمه ده‌مانزانی و ئێستاش ده‌زانین ئه‌م بابه‌ته و ئه‌م قۆناغه ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌می نووسینی ده‌ستوور ناسكتر نه‌بێت، گرفتی كه‌متر نابێت. ئێمه له‌وه تێ ده‌گه‌ین كه ئه‌مه پرسێكه پێویستی به پشوودرێژی هه‌یه و پێویست به‌وه ده‌كات زۆر به جددى هه‌وڵ بۆ جێبه‌جێكردنی بده‌ین.
براده‌ران ئه‌مڕۆ ورده‌كاریی زیاتر باس ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ی زۆر به كورتی ده‌مه‌وێ بیڵێم؛ ئێمه له هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌مڕۆ ده‌توانین نه‌وت به‌رهه‌م بهێنین و بۆڕیی نه‌وتمان ئاماده كردووه و نه‌وت ده‌نێرین بۆ توركیا، به‌ڵام تا ئێستا ئێمه یه‌ك به‌رمیل نه‌وتمان نه‌فرۆشتووه و ده‌مانه‌وێ له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌ینه چاره‌سه‌رێك له‌مباره‌یه‌وه و چاومان له‌وه‌یه بگه‌ینه چاره‌سه‌رێك.
ئه‌وه‌ی به‌غدا ده‌یه‌وێ له‌گه‌ڵ چارهسهریهكهی ئێمه جیاوازه، جیاوازیه‌كه‌ی به كورتی له‌وه‌دایه: به‌غدا ده‌ڵێ حهماڵیهكهم بۆ بكه، نه‌وته‌كه‌م ته‌سلیم بكه و من به كه‌یفی خۆم ده‌یفرۆشم و بۆ بودجه‌ی عیراقی ده‌نێرم و هه‌ر كاتێكیش ویستم وه‌كوو كارتی سوور له دژی هه‌رێمی كوردستان به‌كاری دێنم و سوودی لێ وه‌رده‌گرم و ناوبه‌ناو بودجه‌تان ده‌بڕم!.
ئێمه ئه‌مجاره له به‌غدا به ڕاشكاوی پێمان گوتن كه ئێمه به هیچ شێوه‌یه‌ك حه‌ز ناكه‌ین گوێمان له‌و هه‌ڕه‌شه‌یه ببێت كه ئێوه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌بڕن، چونكه له به‌رژه‌وه‌ندیی به‌غدا و هه‌رێمی كوردستاندا نیه و له سوودی كه‌س نیه به‌م زمانه قسه له‌گه‌ڵ یه‌كتر بكه‌ین.
ئێمه كه داوای میكانیزمێك ده‌كه‌ین و باس له‌وه ده‌كه‌ین میكانیزمێك دابڕ‌ێژین؛ ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ی ئێوه نه ئێستا و نه له داهاتوودا بۆ هه‌رێمی كوردستان نابێت، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌و كارتهتان له به‌رده‌ست بێت و ئێستا باسی لێوه بكه‌ن، ئه‌وا بێگومان ڕۆژێك دێ و به‌كاری دێنن، ئێمه حه‌ز ناكه‌ین ئه‌مه ببێته زمانی دیاڵۆگی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا.
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئێمه له هه‌رێمی كوردستاندا به‌رهه‌می دێنین، جاران ئێوه منهتێكتان له‌سه‌ر ده‌كردین به‌وه‌ی نه‌وتی باشوور و شوێنه‌كانی دیكه‌یه به ئێمه‌ی ده‌ده‌ن، ئێمه ئه‌مڕۆ له هه‌رێمی كوردستان ده‌توانین نه‌وت به‌رهه‌م بهێنین و بینێرینه ده‌ره‌وه و بودجه‌ی فیدراڵی عیراق زیاد بكه‌ین، كه‌واته ئێمه له زیادكردنی بودجه‌ی فیدراڵی له عیراق به‌شدارین.
خیلافی ئێمه له‌سه‌ر خاڵێكه، ئه‌و ده‌ڵێ نه‌وته‌كه ته‌سلیمى ده‌ستی سۆمۆ بكه، ئه‌و دهیفرۆشێت و ده‌یكاته بودجه له به‌غدا و جارێكی دیكه بۆتانی ده‌نێرێته‌وه، له‌وه زیاتر هیچ مافێكی دیكه بۆ هه‌رێمی كوردستان به ڕه‌وا نازانین.
ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یڵێین چیه؟ ئێمه ده‌ڵێین:
1 – شه‌فافیه‌ت له پرۆسه‌ی ناردنی نه‌وت و به‌شداریكردنی سۆمۆ له‌گه‌ڵمان ئێمه له‌سه‌ری ڕازین.
2 – به‌شداریكردن له ئاگاداربوون له بڕی نه‌وتی فرۆشراو له ڕێگه‌ی عهددادهوه، ئێمه له‌وه‌شدا ده‌ڵێین به‌شدار بن.
3 – له پرۆسه‌ی شه‌فافیه‌ت له ته‌نده‌رینی نه‌وتیش له گه‌ڵمان به‌شداربن، چونكه پڕوپاگه‌نده‌ی وا هه‌یه ده‌گوترێت ئێمه ده‌مانه‌وێ نه‌وت به هه‌رزان بفرۆشین. شتی وا نیه و ئێمه ده‌مانه‌وێ به‌پێی ستانده‌ری نێوده‌وڵه‌تی و ته‌نده‌رات بیفرۆشین و ئاماده‌ین له هه‌موو پرۆسه‌كه‌دا سۆمۆ له‌گه‌ڵ ئێمه به‌شدار بێت.
4 – میكانیزمی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ هه‌رێم ده‌مانه‌وێ به شێوه‌یه‌ك بێت به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌غدا هه‌موو ڕۆژێك هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینی بودجه بكات، ئێمه ئه‌م زمانه ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه كه قابیلی قبووڵ نیه.
له دوایین كۆبوونه‌وه‌مان له به‌غدا ئه‌وان پێشنیاری خۆیان بۆ ئێمه ناردووه و ئێمه بڕیارمان داوه ئه‌م پێشنیاره دیراسه بكه‌ین، پێشنیاری ئه‌وان شتی تازه‌ی تیادا نیه، به‌ڵكو دیسان عه‌قڵیه‌تێكی مه‌ركه‌زی كۆنتڕۆڵكراوی پێوه دیاره، ئه‌مه‌ش بۆ ئێمه وه‌كوو هه‌رێمی كوردستان كه مافی ده‌ستووریی خۆمانه؛ به ڕاستی قابیلی قبووڵ نیه.
لێره‌وه داوای پشتگیری له ئێوه ده‌كه‌م، له‌مباره‌یه‌وه ئێوه هه‌ر پرسیارێكتان له‌م پرۆسه‌یه‌دا هه‌بێت مافی خۆتانه، به‌ڵام ئێمه كۆده‌نگیه‌كی نیشتیمانیمان له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه پێویسته و ناكرێ له‌م پرسه‌دا كۆده‌نگ نه‌بین، به تایبه‌تی له‌م قۆناغه كه ئه‌گه‌ر زۆر له سه‌رده‌می نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور زه‌حمه‌تتر نه‌بێت، دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه كه‌متر نیه.
كاتێك ده‌ستوور نووسرا چه‌ندین ڕۆژ سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا به چه‌ندین مانگ دانیشتن تا ئه‌م ده‌ستووره‌یان نووسی، ئه‌مڕۆ ئه‌مه مافی ده‌ستووریی خۆمانه و ناكرێ ته‌نازولی لێ بكه‌ین، ئێمه ناتوانین مافی ده‌ستووریی خۆمان هه‌روا به ئاسانی ته‌سلیمی لایه‌نه‌كانی دیكه بكه‌ین، ده‌مانه‌وێ و حه‌زمان لێیه بگه‌ینه چاره‌سه‌ری له‌گه‌ڵ به‌غدا، من ناڵێم ئه‌وان هیچ نه‌هاتوونه‌ته پێش، به‌ڵێ هه‌ندێك گۆڕانكاریی بچووك كراوه، له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێككه‌وتووین ڕاسته‌وخۆ پاره‌كه وه‌ربگرین، به‌ڵام دیسانه‌وه به میكانیزمێك كه ئه‌گه‌ر له لایه‌ك ڕێگه‌مان پێ بده‌ن، له لایه‌كی دیكه كۆنتڕۆڵی ده‌كه‌ن.
بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان پێویسته وه‌كوو وڵاتانی فیدراڵی بدرێته هه‌رێم وه‌كوو مینحه و په‌رله‌مانی هه‌رێم خۆی بودجه داده‌نێت، ئه‌مڕۆ یه‌كه‌م جار له عیراق بودجه‌كه‌مان بۆ داده‌نێن و پێمان ده‌ڵێن ده‌بێ ئه‌وه‌نده فه‌رمانبه‌ر دابمه‌زرێنن و سولفه‌ی بودجه‌ی ته‌شغیلی ئه‌وه‌نده و وه‌به‌رهێنان ئه‌وه‌نده‌یه، دواتر ده‌چێته ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و پاشان بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی به‌غدا و له وێش دوای مشتومڕی زۆر دێته‌وه هه‌رێمی كوردستان، له هه‌رێمی كوردستان جارێكی دیكه ده‌چێته‌وه په‌رله‌مانی كوردستان و دیسانه‌وه ئه‌و گفتوگۆیه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێته‌وه. ئه‌مه سیسته‌می فیدراڵی نیه و هیچ وڵاتێكی دونیا شتی وای تیادا نیه و ئه‌وه‌ی به‌غدا له‌گه‌ڵ ئێمه ده‌یكات؛ هاوشێوه‌ی ڕه‌فتاریه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌ر پارێزگایه‌ك.
زۆر سوپاس بۆ قبووڵكردنی داوه‌ته‌كه‌ی ئێمه و ته‌شریفتان هێنایه ئێره و هه‌مووتان زۆر به خێر بێن به‌سه‌ر چاو.