ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 13ـی 8ـی 2014 دێڤید كامێرون سەرۆك وەزیرانی بریتانیا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.


لەم پەیوەندییەدا سەرۆك وەزیرانی بریتانیا پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان ڕاگەیاند و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن و جەختی لەوە كردەوە كە بریتانیا پشتیوانی گەلی كوردستان دەبێت.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆك وەزیرانی بریتانیای كرد و ڕایگەیاند كە شانازی بەوە دەكەین كە لە جیاتی جیهانی ئازاد و دیموكرات شەڕی نەك ڕێكخراوێكی تیرۆریستی بەڵكو شەڕی دەوڵەتێكی تیرۆریستی دەكەین و ئەوەیشی خستەڕوو كە هەتا دوایین دڵۆپەی خوێن سوورین لە شەڕی تیرۆریستان و بە هێز و ئیرادەی پۆڵایینی پێشمەرگە ئەو شەڕە دەكەین. سەرۆك بارزانی ئەوەی بە سەرۆك وەزیرانی بریتانیا ڕاگەیاند كە ئێستا گەلی كوردستان پاش ئەوەی وڵاتانی جیهانی ئازاد پاڵپشتیی خۆیان بۆ كوردستان نیشاندا ئومێدێكی زیاتری هەیە و لە هەڵوێستی بەرگری دەرچووە و كەوتووەتە هەڵوێستی هێرشبردن. سەرۆك بارزانی ئاماژەیشی بەوەدا كە گەلی كورد داوای هاتنی سەربازی هیچ وڵاتێك ناكات چونكە توانای مرۆڤی و هێزی پێشمەرگەی هەیە و ئەوەی كوردستان داوای دەكات ئەوەیە كە لەڕووی چەكەوە توانای پێشمەرگە بگاتە ئاستێك كە ڕووبەڕووی تیرۆریستان ببێتەوە تێكیانبشكێنێت. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی پاراستنی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستانی بە ئەركێكی پیرۆز زانی.
هەر لەم پەیوەندییەدا سەرۆك وەزیرانی بریتانیا سەرسامیی خۆی بە ئازایەتیی پێشمەرگە و ئیرادەی بەهێزی سەرۆك بارزانی نیشاندا لە دژایەتیكردنی تیرۆر و ڕاشیگەیاند كە وڵاتەكەی ئەوەی لەدەستی بێت بۆ یارمەتیدان و پشتگیریی سەربازیی و مرۆیی گەلی كوردستان و بە هەماهەنگی زیاتری مەیدانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەیكات.

لەدرێژەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە هەڵوێستی بریتانیا لە پشتگیریكردنی كوردستان لە ساڵی 1991 سوپاسی هەڵوێستی جوامێرانەی ئێستای بریتانیای كرد و ڕایگەیاند شەڕی تیرۆر پێویستی بە پاڵپشتییەكی دەولی هەیە و چونكە هەڕەشەیە لەسەر هەموو جیهان و بۆ كوردستانیش جێگەی شانازییە كە سەرقافڵەی ئەم جەنگەیە.

پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆك بارزانی سەرۆك وەزیرانی بریتانیا بوو. 

 

 

 

 

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 13ـی 8ـی 2014 فڕانسوا هۆڵاند سەرۆك كۆماری فەڕەنسا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.


لەم پەیوەندییەدا سەرۆك كۆماری فەڕەنسا دەستخۆشی لە سەرۆك بارزانی كرد لە پاراستنی پێكهاتەكانی كوردستان و سەرپەرشتیكردنی جەنگی دژی تیرۆریستان و ئەوەی دووپات كردەوە كە فەڕەنسا ئەوەی لە دەستی بێت بۆ سەركەوتنی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان لەشەڕی تیرۆریستاندا درێخی ناكات و وڵاتەكەی بە كردەیی ناردنی پشتیوانیی سەربازی بۆ هەرێمی كوردستانی دەست پێ كردووە.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆك و حكوومەت و گەلی فەڕەنسای كرد بۆ ئەو هەڵوێستەی كە بۆ پشتگیریكردنی گەلی كوردستان نیشانیان داوە و دەستخۆشی لە فەڕەنسا كرد كە لەنێو وڵاتانی ئەوڕووپاییدا ڕۆڵێكی پێشڕەوانەی هەبووە بۆ كۆمەكی سەربازی و مرۆڤی بۆ گەلی كوردستان لەشەڕی دژی تیرۆردا و ڕاشیگەیاند كە هیوادارین وڵاتانی دیكەی جیهانی ئازادیخواز و دیموكراتخواز هەمان هەڵوێستی كردەیی فەڕەنسا بگرنەبەر لە پشتیوانیكردنی كوردستان.

 

 

 

 

لەپێناو ڕاوێژ و ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا و قسەكردن لەسەر گرتنەبەری هەڵوێستی پتەو و یەكڕیزیی نیشتمانی لەبەرانبەر هەڕەشەكاندا ئەمڕۆ دووشەممە 11ـی 8ـی 2014 لە سەلاحەدین بە سەرپەرشتیی بەڕێز مەسعود بارزانی سەركردە باڵاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان كۆبوونەوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا ڕووداوەكانی ئەم دوایە و پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر خاك و خەڵكی كوردستان خرایە بەر باس و بە وردی بارودۆخی مەیدانیی هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوە و كاردانەوە سیاسییەكانی هێرشی تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان هەڵسەنگاندنی بۆ كرا و كۆبوونەوەكە جەختی لەسەر پێویستیی چارەسەركردنی هەموو جۆرە كەموكوڕییەك لە بەرەكانی جەنگ و هەروەها دیاریكردنی ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی هەرچی زیاتری ئاساییشی هەرێمی كوردستان كردەوە.

لایەنە سیاسییەكانی بەشداربووی كۆبوونەوەكە پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دووپات كردەوە و سوپاسی خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییان كرد لە خۆڕاگرییان و هەستكردنیان بە بەرپرسیارێتی بۆ پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و یارمەتیدانی ئاوارەكان و هەروەها سوپاسی پشتیوانی و بەدەنگەوەهاتنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دۆستی گەلی كوردستانیان كرد و داوایشیان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە لە پاراستنی ئاوارەكان و حەواندنەوەیاندا یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدەن هەتا ئەو كاتەی دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

بەشداربووانی كۆبوونەوەی پێنج لایەنی سیاسی لەگەڵ سەرۆك بارزانی داوایان لە هەموو هێزە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستان كرد كە لەم كاتە هەستیارەدا بە یەكهەڵوێستی یەكڕیزیی نیشتیمانی بپارێزن و جەختیشیان لەوە كردەوە كە هەموو هێزە بەشداربووانی بەرەكانی جەنگ پێویستە دوور بن لە نەفەسی حزبی و داوایشیان لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنی كوردستان كرد كە بە چاوكراوەیی و هەستكردنی زیاتر بە بەرپرسیارێتی مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەكان بكەن و ڕەچاوی بەرژەوەندی و ئاساییشی نەتەوەیی هەرێمی كوردستان بكەن.

پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش تەوەرێكی ئەم كۆبوونەوە بوو و تێیدا بەشداربووانی كۆبوونەوەكە ئیدانەی هەموو جۆرە هەوڵێكیان لە بەغدا كرد كە بۆنی تێكدانی پڕەنسیپی تەوافوق و كۆدەتای سەربازی لێ بێت و پاڵپشتیی تەواوی خۆیشیان بۆ بەڕێز د. فواد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراق و پڕۆسەی دیموكراتی و دەستووریی عێراق ڕاگەیاند و هیواشیان خواست بەزووترین كات كۆتایی بە قەیرانی سیاسی بێت. سەبارەت بە پڕۆسەی پێكهێنانی حكوومەت كۆبوونەوەكە ڕایگەیاند كە ڕێز لە هەر بڕیارێك دەگرن كە لە لایەن هاوپەیمانێتیی نیشتیمانییەوە بگیرێتە بەر. 

لایەنە سیاسییەكانی بەشداربووی ئەم كۆبوونەوەیە بڕیاریاندا كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشهاتەكان و چارەكردنی گرفتەكان میكانیزمی گونجاو بگیرێتە بەر و ڕاگۆڕینەوە و كۆبوونەوەكانیشیان بەردەوام بێت.

ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە 10ـی 8ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی پێشوازی لە سەعدوون دلێمی وەزیری بەرگریی عێراق بە وەكالەت و شاندێكی یاوەری كرد.


لە كۆبوونەوەیەكدا كە ژمارەیەك لە بەرپرسە سەربازی و ئەمنی و سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون بارودۆخی ئەمنی و هەنگاوەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە بەرەكانی شەڕ خرایە بەر باس و گفتوگۆ. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر پێویستی بە كاری هاوبەش و پاڵپشتیی جیهانی هەیە چونكە تیرۆر هەڕەشەیەكە هەموو لایەكی كردووەتە ئامانج و بۆ ئەو مەبەستە پێویستە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ لایەنەكاندا هەبێت.

سەبارەت بە هەڕشەكانی تیرۆر بۆ سەر هەرێمی كوردستانیش وەزیری بەرگریی عێراق ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان و هەولێر شوێنێكی ئارامە و نموونەیەكە بۆ بەشەكانی دیكەی عێراق و نیگەرانیی خۆیشی نیشاندا لە بوونی هەر جۆرە هەڕەشەیەك لەدژی هەرێمی كوردستان و هەروەها هەڵوێستی هەرێمی كوردستانی لەدژی تیرۆر بە قارەمانانە وەسف كرد.

 

 

 

 

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 8ـی 8ـی 2014 لەڕێی تەلەفۆنەوە فێدێریكا مۆگێرینی وەزیری دەرەوەی ئیتالیا پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.


لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری دەرەوەی ئیتالیا سوپاسی سەرۆك بارزانیی كرد كە سەرپەرشتی و ڕابەرایەتیی شەڕی گەورەترین هێزی تیرۆریستیی جیهان دەكات و سوپاسی ڕۆڵی پێشمەرگە و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانی كرد بۆ پاراستنی خەڵكی سڤیل و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی عێراق و كوردستان.

هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری دەرەوەی ئیتالیا پەرۆشیی و پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ گەلی كوردستان دووپات كردەوە و ڕایگەیاند كە هەرچی لەدەستیان بێت بۆ پاڵپشتیكردنی كوردستان درێخی ناكەن. وەزیری دەرەوەی ئیتالیا وێڕای گەیاندنی سڵاوی سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا ئاماژەی بەوەدا كە لەگەڵ سەرۆك وەزیران و وەزیری بەرگریی وڵاتەكەیان لە ڕاوێژ و هەماهەنگیی بەردەوام دان بۆ ئەوەی بتوانن شێوازێك بدۆزنەوە كە لەڕووی سەربازی و مەدەنییەوە هاوكاریی خەڵكی كوردستان بكەن.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی وەزیری دەرەوەی ئیتالیا كرد و ڕایگەیاند كە بۆ ئێمە جێگەی خۆشحاڵییە كە لە كاتە سەختەكاندا دۆستەكانمان پشتیوانی و هاوكاریی خۆیان بۆ گەلی كوردستان دووپات دەكەنەوە. هەروەها سەرۆك بارزانی سوپاسی ئەمەریكا و فەڕەنسا و ئیتالیا و هەموو ئەو لایەن و وڵاتانەی كرد كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر یارمەتیی كوردستان دەدەن. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە كوردستان تەنیا شەڕی ڕێكخراوێكی تیرۆریستی ناكات بەڵكو شەڕی دەوڵەتێكی تیرۆریستی دەكات. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بە وەزیری دەرەوەی ئیتالیا گوت كە بەرچاومان ڕوونە و كوردستان سەربەرزانە بەرگری لەخۆی و ئاییندەی خۆی دەكات و لە سەركەوتنی خۆمان دڵنیاین و گەلی كوردستان سوپاسی هەر وڵاتێك دەكات یارمەتیی بدات و هاوكاریی وڵاتان هەبێت یان نا كوردستان لەشەڕی تیرۆر و بەرگریكردن لە خۆی بەردەوام دەبێت.

 

 

 

 

بەمەبەستی ئاگاداركردنەوەی دیپلۆماتكاران و ‏نوێنەرانی ووڵاتانی بیانی و بەرپرسانی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان لە هەرێمی كوردستان، لە دواپەرەسەندنەكانی گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی كوردستان و عیراق و ناوچەكە، رۆژی چوارشەممە فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت و فەریق جەبار یاوەر ووتەبێژی رەسمی و ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە كۆبوونەوەیەكی فراوانیان لەگەڵ دیپلۆماتكاران و ‏نوێنەرانی ووڵاتانی بیانی و نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەرێم ئەنجامدا.‏

لە سەرەتای كۆبونەوەكە، فەلاح مستەفا ئامانجی كۆبونەوەكەی بۆ ئامادەبووان ڕوونکردەوە کە ئەم كۆبوونەوەیە بەمەبەستی پتەوكردنی پەیوەندییەكان و خستنەڕووی هەڵوێستی سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستانە لە بەرامبەر پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنیەكان و مەترسی تیرۆرستان لەسەر هەرێمی كوردستان و عیراق، كە بەم دواییە چەند ناوچەیەكی عیراقیان كۆنترۆل كردووە و كارەساتێكی مرۆیی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە. وەهەروەها گووتی، ئەم گروپە تیرۆرستیانە ئەندامیان لەزۆر وڵاتی جیهانەوە هاتوون و مۆركێكی نێودەوڵەتی وەرگرتووەو تەنها پەیوەست نییە بە عیراق و ناوچەكە، بۆیە ئەركی كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە كاراتر بن بۆ رێگەگرتن لە تەشەنەكردنی دیاردەی تیرۆر.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت باسی لە  هەڵوێستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد، کە ستایشی زۆری حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كردووە بۆ گەشەسەندن و سەقامگیری هەرێمی كوردستان و بەرپەرچەردانەوەی تیرۆرستان و لەخۆگرتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی سوریاو ناوخۆی عیراق كە بەهۆی ناسەقامگیری و لە ترسی تیرۆرستان ناوچەكانی خۆیان جێهێشتووە. بەرێزیان گووتی،  كاتی ئەوە هاتووە ئەمڕۆ كۆمەلگای نێودەوڵەتی بە شێوەی پراكتیكی یارمەتی مرۆیی و سەربازی پێشكەش بە حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن.

فەلاح مستەفا ئەوەشی گووت کە ئەو كارەساتە مرۆییەی لە شنگال روودەدات نابێ‌ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لێی بێدەنگ بێت و دەبێ‌ یارمەتی ئەو خێزانانەی چیای شنگال بدرێت و كۆمەك و یارمەتیان پێشكەش بكرێت. دواتر باسی لە رەوشی ئەمڕۆی عیراق و پەیوەندی هەولێر و بەغدا و تەنگژەو ئاڵۆزیەكانی نێوان هەردوولا كرد بە تایبەت چەقبەستوویی پرۆسەی سیاسی پێكنەهێنانی حكومەت و راگرتنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان.

لە کۆتاییدا، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە جەختی لەسەر سیاسەتی حكومەتی هەرێم كردەوە سەبارەت بە زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەڕووی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی و پەرەپێدانی تواناكان لەگەڵ وڵاتانی جیهان بە گشتی و وڵاتانی ناوچەكە بەتایبەتی و گووتی: لە ماوەی رابڕدوو دا ئەم پەیوەندیانە پێشكەوتنێكی بەرچاویان بەخۆیەوە بینیوە.

شایانی باسە، هەریەک لە  كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگە و نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە نەمسا و ئیتاڵیا ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.

 

 

 

 

نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا بۆ گەلی كوردستان رایدەگەیێنێ كە هێزی پێشمەرگە لەپێشڕەویدایە و ، بە تەواوی تیرۆریستان تێكدەشكێنن ، لەبەرئەوەش پێویست ناكات خەڵك تووشی دڵەڕاوكێ ببێت .

ئەمەش دەقی پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانییە:

پەیامێك بۆ گەلی كوردستان

گەلی خۆشەویست و خۆڕاگری كوردستان دڵنیادەكەینەوە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەپێشڕەویدایە لە بەرەی شنگالدا، هەروەها لەبەرەی جەلەولا و مەخمووردا چەكدارە تیرۆریستییەكانی داعشی تێكشكاندوون .
حكومەتی هەرێمی كوردستان بە باوەڕبوون بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەڵێندەداتە هەموو گەلی كوردستان كە ڕێگە نادات تیرۆریستان خاكی پیرۆزی كوردستان پیس بكەن و ، پێشكەوتنی ژیان لە كوردستان ڕابگرن .
داوا لە خەڵكی كوردستان دەكەین كە بەهیچ شێوەیەك دڵەڕاوكێ نەیانگرێت و ، بە ئارامی لە شوێنەكانی خۆیان بمێننەوە و درێژە بە كار و ژیانی ئاسایی خۆیان بدەن .
بەڵێندەدەینە گەلی كوردستان ، كە بە دەستێكی پۆڵاین لە تیرۆریستان دەدەین و ، ئەو مەترسییەی لەسەر گەلی كوردستان و ناوچەكەش هەیە لادەدەین . هەموومان دەبێ باوەڕمان بە پێشمەرگە هەبێت و پشتیوانی پێشمەرگە بكەین .
داوا لە هەموو خەڵكی كوردستان و گەنجانی كوردستان دەكەین كە هەمیشە ورەبەرزبن ، دەبێ هەموومان باوەڕمان بە دۆزی رەوای خۆمان هەبێت ، ئێمە ئێستا بەرگریی لە خاكی پیرۆزی كوردستان دەكەین لە بەرامبەر هێزێكی تیرۆریستی داگیركەردا ، ئەوەش ئەوپەڕی ورە بەرزی پێویستە ، بەتایبەتیش كە تیرۆریستان لەبەر زەبری پێشمەرگە كەوتوونەتە پەلەڤاژەی لەنێوچوونەوە.
بۆیەش داوا لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەین كە ورەبەرز و ئارام بن .

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
6/8/2014

 

 

 

 

 

 

 

 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان


جەماوەری سەربەرزی كوردستان

گەلی كوردستان لەسەر كولتووری ئایینپارێزی و فرەئایینی و پێكەوەژیان ڕاهاتووە و تەعەدای لەكەس نەكردووە و بە درێژایی مێژوو تەنیا بەرگریی لەخۆی كردووە. بەڵام دوژمنان وازیان نەهێنا و هەر جارە و بەشێوەیەك دەیانەوێ زیان بە گەلەكەمان بگەیێنن. لەدوای ڕوووداوەكانی موسڵ كوردستان تەنیا بەرگریی لەخۆی كرد بەڵام تیرۆریستان كەوتنە شەڕفرۆشتن و پەلاماردانی كوردستان و ڕووداوە ناخۆشەكانی ئەو چەند ڕۆژەی ڕابردووی لێ كەوتەوە. بۆیە بڕیارمان دا لە دۆخی بەرگری بێینەدەر و هەتا دوایین هەناسە شەڕی تیرۆریستان بكەین. فەرمانمان بە هێزەكانی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە بە هەموو توانایەك پەلاماری تیرۆریستان و دوژمنانی خاك و خەڵكی كوردستان بدەن.

ڕووداوەكانی ئەم دواییەی دەڤەری زوممار و شنگال و ئەو كارەساتەی بەسەر خوشك و برا ئێزیدیەكانمان هاتووە دڵتەزێنە و گەلی كوردستان لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە دەستبەرداری بستێك لە خاكی كوردستان نابین و شنگال و خوشك و برا ئێزیدییەكانمان وەك گلێنەی چاومان دەپارێزن و چیای شنگال بە خۆڕاگری و سەركەشی دەمێنێتەوە. ئەو بەشە ئازیز و ڕەسەنەی گەلەكەمان هەر سەربەرزە و ئەركی تاك تاكی ئێمەیە شكۆیەكەی بپارێزین.

تیرۆر پرسێكی جیهانییە و ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵێكی نێودەوڵەتی پێویستە. چەندین ساڵە كوردستان قوربانیی هەڕەشەی تیرۆر و تیرۆریستان بووە و جێگەی داخە كە ئێمە تەنیا بووین و كەس یارمەتیی گەلی كوردستانی نەداوە لەدژی تیرۆر بەرگری لەخۆی بكات. لەگەڵ ئەوەیشدا لەشەڕی تیرۆر و شەڕانگێزیدا پشتمان بە گەلی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە و دەزگە ئەمنییەكانی كوردستان بەستووە و هەمیشەیش پابەندی بنەماكانی ئازادیخوازی و كولتووری ڕەسەنی پێكەوەژیان و لێبووردەیی كوردستانی بووین و ئەوە خاڵی بەهێزی سەركەوتنمانە بەسەر دوژمن و دڵڕەش و تیرۆریستاندا.

لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆوە ڕۆڵە قارەمانەكانمان هێرشیان بۆ سەر تیرۆریستان دەستپێكردووە و لەپێشڕەوییدان. دوا لە خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان و میدیا كوردستانییەكان دەكەم بە ورەی بەرز و بەوپەڕی چاوكراوەیی و هەست بەبەرپرسیارێتی مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن و زیاتر لە هەر كاتێك یەكڕیزیی نیشتیمانی و نەتەوەیی بپارێزن. پێشمەرگە قارەمانەكانیش لەوە دڵنیا دەكەمەوە كە گەلی كوردستان بە هەموو توانایەك پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەن و چاویان لە ورەی پۆڵایین و گیانفیدایی و قارەمانێتیی ئێوەی سەربەرزە.

لە كۆتاییدا سوپاسی خۆڕاگریی هەموو خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هێزە خۆبەخشەكان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەكەم و لەوە دڵنیا بن كە ئاییندەیەكی گەش چاوەڕوانی گەلی كوردستانە.

بژی كوردستان
نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگەی ئازادی

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
4ـی 8ـی 2014

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی