ئێوارەی ڕۆژی شەممە 14ـی 11ـی 2015 ئەحمەد داودئۆغلو سەرۆك وەزیرانی توركیا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد و پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ئازادكردنی شاری شنگال لە سەرۆك بارزانی كرد.
هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆك وەزیرانی توركیا ئامادەیی وڵاتەكەی نیشاندا بۆ هەماهەنگیكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ دژایەتیكردن و شەڕی تیرۆریستان و هەروەها وێڕای دەستخۆشی و پیرۆزبایی سەركەوتن لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕاشیگەیاند كە توركیا ئامادەیە بریندارەكانی پێشمەرگە لە نەخۆشخانەكانی چارەسەر بكات.
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
ئازادكردنی شنگال لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش لەڕووی سەربازی و سیاسی و مێژووییەوە سەركەوتنێكی مەزن بوو بۆ گەلی كوردستان كە لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەكانمان تۆمار كرا. ئەم سەركەوتنە بە هەموو لایەك دەڵێت كە ئیتر ئەو ڕۆژە ڕۆییشت داگیركار و ستەمكاران گەلی كوردستان بچەوسێننەوە. ئێستا گەلی كوردستان سەربەرزانە بەرگری لە خۆی دەكات و دوژمن دەشكێنێ و پارێزەری بەهاكانی مرۆڤایەتیشە.
لەدوای داگیركردنی شنگال و ئەو كارەساتەی بەسەر خوشك و برا ئێزییدییەكانماندا هات ئامادە بووین هەموو ڕێگەیەك بگرینە بەر و هەموو نرخێك بدەین كە شنگال ئازاد بكرێت بۆ ئەوەی بڕوابەخۆبوون بۆ گەلی كوردستان و خوشك و برا ئێزیدییەكانمان بگەڕێتەوە و دوژمن و تیرۆریستان لە خاكی پیرۆزی كوردستان دەربكرێن.
لە ماوەی ڕابردوودا خوشك و برا ئێزیدییەكانمان دووجار زوڵمیان لێ كراوە، بەهۆی كوردبوونیان ستەمیان لێ كراوە و بەهۆی ئایینەكەیشیان چەوسێندراونەتەوە و ئازار دراون. دەمەوێ خوشك و برا ئێزیدییەكان لەوە دڵنیا بكەمەوە كە هەمیشە گەلی كوردستان پاڵپشتیانن و ئەوان بەشێكی ئازیزی كوردستانن و پێشمەرگە بە خوێن و قوربانیدانی خۆی ئەوەی سەلماند. كوردستانیش وڵاتی پێكەوەژیان و برایەتی و لێبووردەیی ئایین و نەتەوە جیاوازەكانە و دەبێ ئەو فەرهەنگەی گەلی كوردستان وەك خۆی بمێنێتەوە و دەوڵەمەندتر بكرێت.
پیرۆزبایی ئازادبوونی شنگال لە هەموو هاووڵاتیانی كوردستان دەكەم كە بە دەست و بازووی پێشمەرگەی قارەمان هاتەدی. سەركەوتنێكی گەورە كە هەرگیز مێژوو لەیادی ناكات. لێرەدا بەپێویستی دەزانم سوپاسی ئەمەریكا و هێزە هاوپەیمانەكان بكەم كە بە پاڵپشتیی ئاسمانیی بێوێنە یارمەتیدەری پێشمەرگە بوون لە ئازادكردنی شنگالدا. سوپاسی هەموو ئەو هێزە بەشداربووانەی پێشمەرگە و فەرماندەكانیان دەكەم كە ئەم داستانە مەزنەیان تۆمار كرد. سوپاسی بێ پایانی خۆم ئاراستەی پێشمەرگەكانی فەرماندەیی زێرەڤانی و یەكەكانی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا، فەرماندەیی شنگال، فەرماندەیی دهۆك، فەرماندەیی هێزەكانی پشتیوانیی یەك، فەرماندەیی بارزان، لەشكری تایبەتی یەك، لەشكری گولان، لەشكری تایبەتی دوو، هێزی دژەتیرۆر، هێزی تایبەتی یەك، هێزی 32، هێزی ژینگەی دهۆك، لیوا هاوبەشەكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، لیوای 4، لیوای 8، لیوای 12، لیوای ـی111ـی سەر بە یەكەی حەفتا و، هێزە خۆبەخشەكان دەكەم كە بە ئیرادەیەكی پۆڵایین بەشداری ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال بوون. سوپاسی یەكەكانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان دەكەم كە ڕۆڵی كاریگەرییان لە بەڕێوەچوونی ئۆپڕاسیۆنەكە و گەیاندنی زانیاریی دروست و هەماهەنگی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان و دانانی پلانی ڕزگاركردنی شنگالدا هەبوو.
ئازادكردنی شنگال داستانی قارەمانێتیی بێوێنەی ڕۆڵەكانی گەلی كوردستانە و كارییگەرییەكی گەورە لەسەر بڕوابەخوون و دواڕۆژی گەلی كوردستان بەجێدەهێڵێت بۆیە پێویست بوو گەلی كوردستان ئاگاداری ڕۆڵی ئەو هێزانە بێت كە بەشداری ئۆپڕاسیۆنەكە بوون و مێژوو یادی بكاتەوە.
لە كۆتاییدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدە نەمرەكانمان دەنێرم و داواكارم لە خوای گەورە شیفای تەواو بۆ بریندارەكان بنێرێت و هیوای دواڕۆژێكی گەش بۆ گەلی كوردستان دەخوازم.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
13ـی 11ـی 2015
فیلمی دیکۆمێنتاریی چیرۆکیی "ژیان لە سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی کۆبانێ و شنگال و لە بەرھەمھێنانی "بەھمەن قوبادی" بینەرانی بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پووسان" لە وڵاتی کۆریای باشووری کردە گریان.
فیلمی دیکۆمێنتاریی چیرۆکیی "ژیان لە سنوور" Life on the Border لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و بە ڕێنوێنی "بەھمەن قوبادی" و لە بەرھەمھێنانی کۆمپانیای سینەمایی "مژ فیلم"، لە یەکەمین نمایشی جیھانی خۆیدا لە دوو سانسی جیاوازا کاتژمێر ٨ی شەوی دوێنێ ھەینی ٣ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە و چەندین دەرھێنەری کۆریای باشوور لە بەشی "نمایشی کورتە فیلمەکان" لە میانەی بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پووسان" Busanلە وڵاتی کۆریای باشوور پێشکەشکرا و تەواوی کورسییەکانی ناو ھۆڵەکانی نمایشی ئەم فیلمە پڕ بوو لە بینەر و تەواوی بینەرانیش بە چاوێکی پڕ لە گریانەوە ئەم فیلمە کوردییەیان بینی و کاریگەریی زۆریی لەسەریاندا.
پێشوازیی بینەران لە "ژیان لە سنوور" بە شێوەیەک بوو کە بەرپرسانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پووسان" ناچاربوون کە سانسی نمایشی زیاتر بۆ ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە چیرۆکییه تەرخان بکەن و بڕیاروایە بێجگە لە نمایشەکانی ئەم فیلمە، واتە: کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆی ٥ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەر و ھەرەەھا کاتژمێر ١ی نیوەڕۆی ڕۆژی ٨ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ لە چەندین سانسی دیکەشدا ئەم فیلمە کوردییە بۆ بینەران نمایش بکرێت.
"بەھمەن قوبادی" وەکوو بەرھەمھێنەری فیلمی "ژیان لە سنوور" لەم خولەی فیستیڤاڵی فیلمی "پووسان"دا ئامادەبوو و ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال کە دەرھێنانی ئەم فیلمەیان لە ئەستۆدا بوو بە ھۆی نەبوونی پاسپۆڕتەوە نەیانتوانی کە لە فیستیڤاڵەکەدا بهشداریی بکهن.
قوبادی دوای نمایشی ئەم فیلمە لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پووسان"دا گوتی: ئەگەر ئەممنداڵانە ئیمکانی باشتریان لە بەردەستدا بێت بێگومان لەوە باشتر فیلم سازدەکەن.
فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوو" لە دوایین نمایشی خۆیدا ڕۆژی یەکشەمە ٢٦ی تەمموز / یۆڵیۆی ٢٠١٥ لە لایەن ڕێکخراوەی لێبوردنیی نێودەوڵەتی و لە ھەفتەی مافی مرۆڤدا لە ھۆڵی سەرەکیی کۆشکی سپی لە شاری واشنگتۆن بۆ "باڕاک ئۆباما" سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، دیپڵۆماتکاران، سیاسەتمەداران و بەرپرسانی باڵای وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.
بۆ زانیاریی زیاتر:
http://www.biff.kr/eng/html/program/prog_view.asp?idx=18401&c_idx=278&sp_idx=407&QueryStep=2
مەنسوور جیھانی ـ "ئانجێلینا جوولی" ئەستێرەی ناوداری سینەمای جیھان فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی کۆبانێ و شنگال بە دنیا دەناسێنێت.
"ئانجێلینا جوولی" Angelina Jolie ئەستێرەی ناوداری سینەمای ھۆلیوود و باڵیۆزی نیازپاکیی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم و ناوەندە ھونەرییەکان و ھەروەھا کۆڕ و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیھان دەناسێنێت و پشتیوانی لێدەکات کە لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال لە کەمپەکان و ھەروەھا دوای ڕزگارکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش لە لایەن ئەم منداڵە کوردانەوە سازکراوە.
"ئانجێلینا جوولی" کە بە بۆنەی ٢٠ حوزەیران / یۆنیۆ، ڕۆژی جیھانی پەنابەران و بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ پەنابەرانی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و ھەروەھا پەنابەرانی دیکەی وڵاتانی عێراق و سووریا سەردانی تورکیای کردبوو، لە سنووری ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری کوردستان لەگەڵ چەند دەرھێنەری فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" دیداری کرد و بڕیاریدا کە فیلمی "ژیان لە سنوور" لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم و ناوەندە ھونەرییەکان و ھەروەھا کۆڕ و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیھان بناسێنێت.
ئەم کۆمەڵە فیلمە سەرجەم ماوەکەی ٧٣ خولەکە و بە ڕێنوێنی سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی " و لە لایەن کۆمپانیای "مژ فیلم" بەرھەمھاتووە و ھەر بەم بۆنەیەوە قوبادی لە باکووری کوردستان چاوی بە "ئانجێلینا جوولی" کەوت و سەبارەت بەم کۆمەڵە فیلمە و چەندین فیلمی کوردیی دیکە لەگەڵ خانمە ئەستێرەی ناوداری سینەمای جیھان ئاخاوتنی کرد.
فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە یەکەمین نمایشی نێودەوڵەتی خۆیدا شەوی ٢٠ حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە بەرنامەیەکی ٢ کاتژمێریی تایبەتدا لە لایەن تەلەڤیزیۆنی جیھانی "ئێن.ئێچ.کەی" NHK ژاپۆن ناسێندرا و پاشان بۆ بینەرانی ئەم کەناڵە لە سەرتاسەری جیھان نمایشکرا و لە لایەن بینەرێکی زۆر لە سەرتاسەری دنیا پێشوازیی لێکرا.
لەم فیلمە دیکۆمێنتارییەدا بەشێک لە ژیانی منداڵانی کۆبانێ و شنگال لە کەمپی ئاوارەکاندا و ھەروەھا باروودۆخی ژیانی ئەوان لە نێوان شەڕ و ئاوارەییدا نیشانی بینەر دەدرێت کە ئەمجارە و لەم فیلمەدا لە روانینی کەسایەتیی منداڵەکانەوە وێنەگیراوە.
مەنسوور جیھانی ـ فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی کۆبانێ و شنگال لە لایەن ڕێکخراوەی لێبوردنیی نێودەوڵەتیی لە کۆشکی سپی لە ئەمەریکا نمایشکرا.
فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" Life on the Border لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و بە ڕێنوێنی سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی" و لە بەرھەمھێنانی کۆمپانیای سینەمایی "مژ فیلم"، لە لایەن ڕێکخراوەی لێبوردنیی نێودەوڵەتیی و لە ھەفتەی مافی مرۆڤ، لە ھۆڵی سەرەکیی کۆشکی سپی لە شاری واشنگتۆن بۆ "باڕاک ئۆباما" سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، دیپڵۆماتکاران، سیاسەتمەداران و بەرپرسانی باڵای وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.
بەھمەن قوبادی" سەبارەت بە ئامانجی لە رێکخستنی پڕۆژەی فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" گوتی: لەڕاستیدا ئامانجی سەرەتایی و سەرەکیی لە رێکخستنی ئەم پڕۆژەیە فێرکردنی منداڵان و مێرمنداڵانێک بوو کە لەم ناوچانەدا لە ژێر گوشاری ڕاستەوخۆی شەڕ لەگەڵ داعشدا بوونە و ئەوەی کە بەسەریاندا ھاتووە لە رێگای کامێڕای دەزگا راگەیاندنە جۆراوجۆرەکانی دنیاوە وێنەگیراوە، بەڵام ھیچ کاتێک لە ڕوانینی خۆیانەوە سەیری ئەم ڕووداوانە نەکراوە و زۆربەی توێیە شاراوەکانی ئەم کارەساتە لە تەپوومژێکی لێڵدا شاردراوەتەوە و مەبەست لەم فیلمە، نیشاندانی ئەم نەبیندراوانەیە لە گۆشە نیگای ئەم منداڵانەوە.
ئەم سینەماکارە بەئەزموونە کوردە ئەوەیشی خستەڕوو: ھەر چەندە ئەم فێرکاریانە ئاساییە و لە ئاستی وەرگرتن و باروودۆخی ئەم منداڵانەدا بوو بەڵام مەبەست لەوانە، زیاتر لەو لایەنەوە بوو تاکوو ئەم منداڵانە بتوانن ئەم کارەساتە لە ڕوانینی خۆیانەوە بگێڕنەوە و لە لایەکی دیکەشەوە، ئەمجارە بتوانن خۆیان گێڕانەوەیەکی ڕاستەوخۆ بن و بۆ ئەم مەبەستەش بە ھەر تیمێک لەم منداڵانە دوو کامێڕا و پێداویستیی ئاسایی سینەمایان پێدرا تاکوو چەخماخەیەک بێت بۆ کارەکانی داھاتوویان و بتوانن لە دەلاقەی کامێڕاکانیانەوە بانگھێشتی دنیا بکەن تاکوو ئەزموون و ڕووداوەکانی دەورووبەریان ببینن.
"ژیان لە سنوور" لە ٨ ئێپیزۆد کە سەرجەم ماوەکەی ٧٣ خولەکە پێکھاتووە، لەوانە:
ئێپیزۆدی یەکەم بە ناوی "عەشقی شنگاڵ" لە دەرھێنانی "ھازم خوردیدە" ١٣ ساڵە لە
شنگاڵ، ئێپیزۆدی دووەم بە ناوی "بە شوێن ڕاستیدا" لە دەرھێنانی "بەسمە سولەیمان"، ئێپیزۆدی سێیەم بە ناوی "نان و ماست" لە دەرھێنانی "سامی حوسێن سولەیمان" ١٤ ساڵە، ئێپیزۆدی چوارەم بە ناوی "فیلمی ئێمە باشترە" لە دەرھێنانی "رۆناھی عێزەالدین" ١٤ ساڵە لە کۆبانێ، ئێپیزۆدی پێنجەم بە ناوی "چاوەکانی باوکم" لە دەرھێنانی "دیار عومەر" ١٤ ساڵە، ئێپیزۆدی شەشەم بە ناوی "ئاسمان و دەوا" لە دەرھێنانی "دلۆڤان کێخا"، ئێپیزۆدی حەوتەم بە ناوی "لە ڕێگای نیشتماندا" لە دەرھێنانی "مەحموود ئەحمەد" ١٣ ساڵە لە کۆبانێ و ھەروەھا ئێپیزۆدی ھەشتەم بە ناوی "بە شوێن کوێستاندا" لە دەرھێنانی "زۆھوور سەعید" ١٢ ساڵە لە شنگاڵ.
ئەم ئێپیزۆدانە لە لایەن ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و لە کەمپەکان و ھەروەھا دوای ڕزگارکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش لە لایەن ئەم منداڵە کوردانەوە سازکراوە و لەم فیلمە دیکۆمێنتارییەدا بەشێک لە ژیانی ئەم منداڵانە لە کەمپی ئاوارەکاندا و ھەروەھا باروودۆخی ژیانی ئەوان لە نێوان شەڕ و ئاوارەییدا نیشانی بینەر دەدرێت کە ئەمجارە و لەم فیلمەدا لە ڕوانینی کەسایەتیی منداڵەکانەوە وێنەگیراوە.
فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە یەکەمین نمایشی نێودەوڵەتی خۆیدا شەوی ٢٠ حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە بەرنامەیەکی ٢ کاتژمێریی تایبەتدا لە لایەن تەلەڤیزیۆنی جیھانی "ئێن.ئێچ.کەی" NHK ژاپۆن نمایشکرا و لە داھاتووشدا بە یاوەریی "ئانجێلینا جوولی" Angelina Jolie خانمە ئەستێرەی ناوداری سینەمای ھۆلیوود و باڵیۆزی نیازپاکیی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکانی فیلم، ناوەندە ھونەرییەکان و ھەروەھا کۆڕ و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیھان نمایش دەکرێت.
ڕۆژی دووشەممە 3ـی 8ـی 2015 لەشاری دهۆك بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری مەراسیمی ساڵیادی كارەساتی شنگال بوو. لەم مەراسیمەدا كە ژمارەیەكی زۆری كەسایەتی و بەرپرسە سیاسی و ئیدارییەكان و هاووڵاتیان و پێكهاتە ئایینیەكانی پارێزگای دهۆك و هەروەها ژمارەیەك لە هاووڵاتیانی ئێزیدی ئامادە بوون سەرۆك بارزانی وتەیەكی بۆ ئامادەبووان پێشكەش كرد.
سەرۆك بارزانی لە دەستپێكی قسەكانیدا سڵاوی بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كارەساتی شنگال و ئەو پێشمەرگە قارەمانانە نارد كە بوونە قوربانیی بەرگریی لە خاك و نیشتیمان و ستاییشی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كرد لە شكاندنی دوژمن و ئازادكردنی خاكی كوردستان لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش. سەرۆک بارزانی لە بارەی کارەساتی شنگالدا ڕایگەیاند، بەهێندەی ئێزدییەکان بریندار بووم هەربۆیە هەستم بە برینی دڵی ئێوە کردووە؛ ئێزدیخانەیش تەواو نابێ، چونکە تەواوبوونی ئێزدخانە بە واتای تەواوبوونی کوردستانە.
(سەرۆک بارزانی) هاوکات ڕایگەیاند لە 20ـی 12ـی 2014 بوو کە چوومە سەر چیای شنگال و، بۆ من وەک ژیانێكی وابوو، هەروەها ستاییشی ڕۆڵی ئەو قارەمانانەی كرد كە لە چیای شنگالدا مابوون و بەرگرییان كردبوو. دەربارەی ئازادکردنی ناوچەگەلێکیش لەو دەڤەرە ڕایگەیاند، ڕێگای سنوونێ و چیای شنگال و دەورووبەری بە خوێنی پێشمەرگە قارەمانەکان کراوەتەوە، هەڵبەت ئەو پێشمەرگانەیشی کە هەر لە چیا مابوونەوە و بەرگرییان کردبوو، جێی سەربەرزیی گەلەکەمانن.
(سەرۆک بارزانی) باسی لە کێشەی جیۆگرافیای شنگال كرد كە پێشتر بووە هۆی ڕوودانی كارەسات بەڵام ئێستا دەڤەری شنگال بە كوردستانەوە بەستراوەتەوە و سێ ڕێگەی سەرەكی بۆ ئەم ناوچەیە هەن.
(سەرۆک بارزانی) لە وتارەکەیدا لەو بۆنەیەدا هەروەها گوتی، هیچ كات فرمێسكەكانی بابە شێخ لە یاد ناكەم بە (بابەشێخم) گوت بە هێندەی ئێوە ئازار دەچێژم و بریندار بووم.. پێیم گوت، ئێزدخانە تەواو نابێ، چونکە تەواوبوونی ئێزدخانە بە واتای تەواوبوونی کوردە.. بەڵێنم پێ دا كە گیانی خۆم دادەنێم بۆ ئازادكردنی دەڤەری شنگال. سەرۆك بارزانی داوایشی لە خوشك و برا ئێزیدییەكان كرد كە بڕوابەخۆبوونیان بەهێز بێت و ئێرە بە وڵاتی خۆیان بزانن و دڵنیا بن كە ئاییندەیان هەیە و دەبێ ئومێدیان بەهێز بێت. ئەوەی بەسەر ئێزیدییەكانیشدا هات درێژەپێدەری كارەساتەكانی دژ بە گەلی كوردە و ئاماژەی بە بێسەروشوێنكردنی دوازدەهەزار فەیلی و هەشت هەزار بارزانی و سەدوهەشتاودووهەزار ڕۆڵەی كورد كرد كە ئەنفال كران و ئەوەی بەسەر ئێزیدییەكاندا هات بەسەر هەموو گەلی كوردستاندا هات.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتیشی کردەوە کە، ئەرکی ئێمەیە کە بایەخی زیاتر بە ئێزدییەکان بدەین. ڕوونە کە بە درێژایی مێژوو لە ڕووی نەتەوەیی و جڤاکییەوە کارەسات بەسەر ئێزدییەکاندا هاتووە و ئێمە ئەمە دەزانین، داگیرکارانیش ئیسپاتیان کرد کە نە نامووس نە ئەخلاقیان هەیە؛ بەڵێنیشی دا، ئەوانەی ئەو تاوانانەیان کردووە، لە هەر کوێیەک بن و تا یەک کەسیان مابێ، بەسەریانەوە ناچێ، بەڵام لە ڕێی یاساوە، چونکە ئێمە مەردانە تۆڵەی خۆمان دەکەینەوە؛ ئەوە ڕەوشتی کوردە کە تۆڵەی نابەرپرسانە ناکاتەوە. سەرۆك بارزانی لەبارەی كچانی ئێزیدییكە ئەسیری دەستی داعشن گوتی كە كچی ئێزیدی هێمای شەرەفی هەموو كوردێكن.
هەروەها ئەوەشی ڕاگەیاندئەو سەدان شەهید و قوربانییەی کە لەپێناو شنگالدا داومانە لەپێناو ئێوەدا بووە، گوتیشی، دەبێ ئێزدییەکان ئەو باوەڕەیان بە خۆیان هەبێ کە لە دین و زمان و نەریتی خۆیدا ئازاد بێ، بەو هیوایەیشین کە دوژمنانی ئێزدی بکەونە بن پێی ئێزدییەکانەوە. ئاماژەیشی دا، لە کۆی سەردانەکانمان بۆ دەرەوە و پێشوازیمان لە شاندەکانی وڵاتان، باسی ئێزدییەکان کراوە.
سەرۆک بارزانی هەروەها دەڵێ، بانگەوازی بۆ کۆی هۆزەکانی عەرەب دەکەین تا ئەگەر هاوکار بن لە ئازادکردنی منداڵێکی ئێزدیدا، کە ئەمە بکەن چاکەی ئەوان لەبیر ناکەین، بەڵام ئەوەی دەستی بۆ نامووسی ئێمە بردووە، بچێتە هەر کونجێکی ئەم دنیایە لە دوای نابینەوە تا تۆڵەی خۆمانی لێ نەکەینەوە.
سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەکانی خۆیدا گوتی:" بەڵێن دەدەم کە تاوەکو یەک کەس لەو تاوانبارانە مابێت ئێمە تۆڵەیان لێبکەینەوە بەڵام ئەوە لە رێگەی خۆیەوە دەبێت، قسەی من بۆ برایانی ئێزدی ئەوەیە کە بەشێوەی هەڕەمەکی نەکەونە تۆڵە سەندنەوە بۆ ئەوەی کاردانەوەی خراپی دەبێ لەسەر هەم کوردستان و هەم ئێوەی خوشک و برایانی ئێزدیمان".
هەروەها گوتیشی:" ئێمە لە مەیدانی شەڕ تۆڵەیان لێدەکەینەوە ئەوان بە نامەردانە هێرش دەکەن و تاوان دەکەن، بەڵام ئێمە لە مەیدانی شەڕ تۆڵەی خۆمانیان لیدەکەینەوە".
سەرۆك بارزانی باسی لە بەپارێزگاکردنی شنگال کرد و گوتی:" من داواکاریم لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە سەرەڕای ئەو قەیرانە ئابووریانەی کە هەیە گرنگی تایبەت بە شنگال بدات و هەموو هەوڵێکمان دەدەین کە شنگال ببێتە پارێزگا".
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا سوپاسی گەریلاکانی رۆژئاوای کوردستانی کرد بەوەی:" ئەوانیش هاوکار بوون بۆ پاراستنی کوردانی ئێزدی و رێگەی دەربازبوونیان کردەوە بۆ خوشک و براکانی ئێزدی لە چیای شنگال".
سەرۆك بارزانی لە کۆتاییدا گوتی:" ئەوان زۆر بە نامەردانە شەڕی ئێمەیان کرد بەڵام ئێمە بە مەردانە شەڕی ئەوان دەکەین و پێکەوە هەموومان دەگەڕێینەوە شنگال".
جێگەی ئاماژەپێكردنە بەر لە دەستپێكی مەراسیمەكە سەرۆك بارزانی سەردانی پێشانگایەكی وێنەی تایبەت بە كارەساتی شنگالی كرد كە هەر لە شوێنی مەراسیمەكە ڕێكخرابوو.
بۆ بینینی وتارەكەی سەرۆك بارزانی ئێرە دابگرە
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٣/٤/٢٠١٥ بەڕێز (مەسعود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی ئاگاداربوون لە ڕەوشی کوردانی ئێزدی و ئاوارەكان و ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا دەربارەی دواڕۆژی ناوچەكەیان و شەڕی داعش، لەگەڵ ژمارەیەک لە كەسایەتی و پیاوماقووڵانی کوردی ئێزدیی دەڤەری شنگال و شێخان و باشیک کۆبوویەوە.
لە دیدارەکەدا (سەرۆک بارزانی) وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا باسی ئەو کارەساتەی کرد کە بەسەر خوشك و برایانی ئێزدیدا هات كە درێژەپێدەری ئەو كارەساتانەیە كە بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە و ئەوەیشی باس كرد كە ئێزیدییەكان لەبەر كوردبوون و ئێزیدیبوونیان بوونە ئامانجی تیرۆریستان بەڵام دوژمنان لەو پیلانەی کە دایاننابوو بۆ لەناوبردنی ئێزدییەکان، شکستیان هێنا و، پیلانەکەیان سەری نەگرت. سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند ئێستا بارودۆخەکە زۆر باشترە لە ساڵی پار و ڕێگاكان بۆ دەڤەری شنگال کراوەیە و، تێكڕای گەلی كوردستان و، هەموو دنیایش پاڵپشتی ئێزدییەکانە و پێشمەرگە و ڕۆڵەكانی گەلی كورد بە خوێنی خۆیان دەڤەرەكەیان ڕزگار كرد.
(سەرۆک بارزانی) لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا داوای لە کوردانی ئێزدی کرد کە هەست نەکەن کە کەرامەت و شەرهفیان شکاوە، چونکە کەرامەت و شەرەفی ئیزدییەکان کەرامەت و شەرەفی میللەتی کوردە، داوایشی لێ کردن کە ئومێدیان هەبێت و باوەڕیان بە خۆیان هەبێت و داهاتوو هی ئێزیدییەكانە و بەڵێنیشی پێ دان کە لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی سەربازیی گشتگیر و سەرتانسەریدا، گشت ناوچەکانیان ئازاد دەکرێتەوە و، ئاماژەیشی بەوەدا كە لەڕووی ئابووری و ئاوەدانكردنەوە بایەخێكی تایبەت بە ناوچەی ئێزیدییەكان دەدرێت بۆ ئەوەی بتوانن پشت بە خۆیان ببەستن.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی بە ئیزدییەکانی ڕاگەیاند: "دەبێ داهاتووتان زامن بێ و، نابێ ڕێگە بدرێت جارێکی دی کارەساتی لەو شێوەیە دووبارە ببێتەوە، دەبێ ئێزدییەکان گشت ئیمکانیاتێکیان بۆ دابین بکرێ هەتا ناوچەکەی خۆیان بپارێزن و بەرگریی لێ بکەن؛ ئەو بابەتەیش تاوتوێ دەکرێت کە دەڤەری شنگال بکرێتە پارێزگا."
سەبارەت بە داهاتووی ناوچەکان و چارەنووسی کوردانی ئێزدی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە: "هیچ کەس بۆی نییە کە داهاتووی کوردانی ئیزدی و چارەنووسیان دیاری بکات، کوردانی ئێزدی خۆیان خاوەن بڕیاری دیاریکردنی چارەنووسی ناوچەکانیانن و، بڕیار لە دیاریکردنی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان دەدەن و، چ بڕیارێکیشیان دا، دەبێ ئەو بڕیارە جێبەجێ بكرێت.
لە بەرانبەردا کەسایەتی و پیاوماقووڵانی کوردانی ئێزدی سوپاسی سەرۆک (بارزانی)ـیان کرد بۆ خەمخۆری و پەرۆشیی بۆ کوردانی ئێزدی و هاتنی سەرۆكیان بۆ چیای شنگال بە ڕووداوێكی مێژوویی وەسف كرد. هەروەها سوپاسی هیزەکانی پێشمەرگەیان کرد كە بۆ بەرگری لە کوردانی ئێزدی و ئازادكردنی دەڤەرەكەیان خۆێنی خۆیان بەخشیوە، هەروەها ئامادەبووان جەختیان لە كوردبوون و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان کردەوە. لەم دانیشتنەدا كەسایەتییە ئێزیدیەكان كۆمەڵێك داواكارییان خستەڕوو و سەرۆك بارزانیان لە كێشە و گرفتەكانیان ئاگادار كردەوە.
بۆ بینینی وتارەكەی سەرۆك بارزانی ئێرە كلیك بكە
پێشنیوهڕۆی ئهمڕۆ یهكشهمه 15/3/2015 بهڕێز مسعود بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان له میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە لهگهڵ كهسایهتی و سهرۆك هۆزهكانى ڕۆژئاواى دیجله(رهبیعه و زوممار و شنگال) كۆبۆوه.
له كۆبوونهوهكهدا سهرۆك بارزانی له وتهیهكدا تیشكی خسته سهر ڕەوشی دەڤەرەکە لە قۆناخەکانی کاتی پەلاماری داعش و دوای ئازادکردنەوەی ناوچەکە لەلایەن پێشمەرگە و باسی رهفتاره چهپهڵهكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعشی بهرامبهر خهڵكی ئهو دهڤهرهکرد و داوای له ئامادهبووان كرد كه ههماههنگی ههبێت بۆ برایهتى و پێكهوەژیان و جهختی له پێوهندیی مێژوویی نێوان كورد و عهرهب كردهوه و ڕایگهیاند: ڕهوا نییه ڕێ به ستهمكاران و ناحهزان بدرێت شهڕ و ناكۆكی داعش بكهنه ناكۆكی نێوان ئهو دوو گهلهی كه دهمێكه پێكهوه دهژین.
ههر لهو كۆبوونهوهیهدا، سهرۆكی ههرێمی كوردستان ئەوەی وەبیر سهرۆك هۆز و كهسایهتییە عهرهبەکانی ناوچهكانی شنگال، ڕهبیعه، بهنداوی مووسڵ و زومماری هێنایەوە کە لەکاتی ڕاپهڕینه مهزنهكهی ساڵی 1991 ترسی ئەوەمان هەبوو كه دوای ئهوهی كورد بهرهو ڕووی كیمیاباران و ئهنفال بووهوه، دوای ئازادی، پهنا بۆ تۆڵه ببات، بهڵام گهلی كورد سهربڵندانه بنهمای تۆڵهسهندنهوهی وهلا نا و بنهماكانی پێكهوهیی لهبهرچاو گرت.
سهرۆك بارزانی باسی کردەوە چەپەڵەکانی داعشی کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو ناوچانەی لەلایەن تیرۆریستانەوە داگیر کران كاولیان کرد و خەڵکی ناوچەکە بینییان کە ئەو تیرۆریستانە چەند دژە مرۆڤ و دواكهوتوون، هەروەها دەرکەوت کە داعش جگە له كاولكاریی هیچی پێشکەشی ناوچە سوننە نشینەکان نەکرد.
سهرۆك بارزانی ڕایگهیاند، سوپاس بۆ خوا ئێستا زۆربهی ناوچهكان له چنگی داعش ڕزگار كراون، ئێستایش پێویستمان به ههمووان ههیه بۆ دروستكردنی پێوهندییهكی نوێ و ڕێگە نادەین كهس دهستدرێژەیی بکاتە سەر خەڵکی ناوچەکە و ههموو لایهكیش مافی خۆیانه به ئازادی بژین و كهرامهتیان پارێزراو بێ، بەڵام پێویستە ههریهك لای خۆیهوه ڕۆڵ ببینی بۆ پاراستنی سهقامگیری و ئاساییشی ناوچهكە و ههر خزمهتگوزارییهك لە ناوجەکە پێویست بێت پێشـكهش دهكرێت و داوا له حكوومهتی ههرێم دهكهم دهستبهجێ خزمهتگوزاری دابین بكات و داوایش له حكوومهتی فیدراڵ دهكهم هاوكار بێ.
سهرۆك بارزانی بە سهرۆك هۆز و پیاوماقوڵانی ناوچەکەی راگهیاند کە ئهوهی كه فهرمانڕانیی داعشی پێ دروسته، ئهوا ڕێگهی دهدهین بچێته نێو داعشهوه، بهڵام ئهوهی كه ڕۆڵی خراپ ببینێ و سیخوڕی بكات، لێره جێگایان نابێتهوه، هەروەها جەختیشی کردەوە ههر كهسێك هاوكاریی ئهو تیرۆریستانهی كردووه، بهو شێوهیه مامهڵهی لهگهڵدا دهكهین كه لهگهڵ داعشدا دهكرێ.
سەرۆک بارزانی تەئکیدیشی کردەوە کە ههر كهسێك له ههرێمی كوردستاندا بژی، ئازاده له پێڕۆكردنی ئایین و تایبهتمهندییهكانی، جهختیشی كردهوه، ئهو ناوچانهی كه ئازادمان كردوون بهشێكن له ههرێمی كوردستان و بۆ ناوچهكانی دیكهیش ئامادهی هاوكارین.
ههر له میانى ئهو كۆبوونهوهیهیدا لهگهڵ سهرۆك هۆز و كهسایهتیەکانی عهرهبى دهڤهرى رۆژئاواى دیجله، سهرۆكى ههرێمى كوردستان جهختى لهسهر برایهتى كورد و عهرهب كردهوه و رایگهیاند كه داعش ناتوانێت برایهتى كورد و عهرهوب تێكبدات و داعش هیچ پاشهرۆژێكى لێره نییه .
لە بەرانبەریشدا سهرۆك هۆز و كهسایهتییە عهرهبیەکانى ناوچهكه ستایشى پێشمهرگه و گهلى كوردستان و حكوومهت و له سهرووشیانهوه ستایشى سهرۆك بارزانییان بۆ پاراستنى گیان و ماڵیان و راشیانگهیاند كه پێشمهرگه زامنى پاراستنى سهروماڵییانه.
بۆ بینین و بیستنی دەقی وتەکانی سەرۆک بارزانی لەسەر ئەم لینکە كلیك بکە.
دوایین هەواڵەکان
- سهركۆمارى توركيا بهردهواميى پشتگيريى وڵاتهكهى بۆ عێراق و ههرێمى كوردستان دووپات كردهوه
- پەیامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا
- نێچيرڤان بارزانى: دهبێ نيشتمان كۆكهرهوهى ههموومان بێت
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ باڵيۆزى يهكێتيى ئهورووپا كۆبووهوه
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان پێشوازى له باڵيۆزى فهرهنسا كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له باڵيۆزى بهريتانيا كرد
- سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات
- عەباس غەزالی: نووسین و چاپکردنی "فەرھەنگیی زارەکیی موکریان" شانازییەکی بێ پایانە
- پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان نامهيهكى پيرۆزبايى له وهزيرى دهرهوەى توركياوه پێدهگات