هەرێمی کوردستان
پەیامی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یادی شاڵاوه‌كانى ئەنفالدا
بیست و حەوت ساڵ لەمەوبەر، گەلی کوردستان ڕووبەڕووی گەورەترین شاڵاوی جینۆساید "شاڵاوی ئەنفالەکان" بووه، كه ئامانج لێی سڕینەوەی بوون و ناسنامەی نەتەوەییی میللەتەکەمان بوو و تیایدا وێڕاى خاپووركردنى بە هەزاران گوند و ناوچه‌ى كوردستان، زیاتر لە (182000) هاووڵاتی بێ تاوانی کوردستانیش، بوونە قوربانی و شه‌هید كران.
ئێستا کە یادی ئەم ڕۆژە تاڵانە دەکەینەوە، ساڵانێک بەسەر دادگایی‌کردنی سەرانی ڕ‌ژێمى به‌عسى تاوانكارى ئه‌نجامده‌رى ئه‌نفاله‌كاندا تێدەپەڕێت و وەک چۆن ئەرکی یاسایی و ئەخلاقیی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، ناسینی ئەم شاڵاوه بووە وه‌ك شاڵاوى جینۆسایدكردنى گەلی کوردستان، بە هەمان شێوەش ئەرکی نیشتیمانی و یاسایی و ئەخلاقیی حکوومەتی عێراقه كه قەرەبووى ماددی و مەعنەویی ڕزگاربووان و کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال بكاته‌وه، لەگەڵ قەرەبووی ژینگە و زێدی ئەو هاووڵاتیانەی کە ناوچەکانیان بەر شاڵاوی ئەنفالەکان کەوتبوون.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای پەرۆشیی بەردەوامی بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ڕوفاتی ڕۆڵە ئەنفالکراوەکانی ئەم گەلە بۆ زێدی باووباپیرانیان، بەردەوامیش لە خەمی باشترکردنی گوزەرانی کەسوکارەکانیاندایە كارى بۆ ده‌كات، هاوکات هەوڵی بەردەوام دەدات بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی کەیسی جینۆسایدی ئەنفال.
کوردستانیانی خۆشەویست..
ئه‌مڕۆ گەلەکەمان لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چارەنوسسازدایە دژ بە شاڵاوێکی هاوشێوەی ئەنفال کە لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە ئاراستە دەکرێت، بۆیه گەلی کوردستان بە سەرجەم پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکانیەوە، لە هەموو کاتێك زیاتر پێویستی بە یەکدەنگی و یەکڕیزی و خۆڕاگرییە، بۆ بەرەنگاربوونەوە و لەگۆڕنانی خەونی تیرۆریستان و ئەنفالچییان و دوژمنانی ئازادی و مرۆڤایەتی. دڵنیاین تیرۆرستانى داعش‌یش به هه‌مان چاره‌نووسى سه‌رانى به‌عس و ئه‌نجامده‌رانى ئه‌نفاله‌كان ده‌چن و له‌گۆڕ ده‌نرێن.
دروود بۆ گیانی پاک و بێتاوانی ڕۆڵە ئەنفالکراوەکانی گەلەکەمان.
ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
2015/4/13
دەقی نامەی سەرۆك بارزانی بۆ سەرۆكایەتیی پارلەمان و حكوومەت و لایەنە سیاسییەكان
بەڕێزان سەرۆكایەتیی پارلەمانی كوردستان
سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان
حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان
جەماوەری سەربەرزی كوردستان
دوژمنان و نەیارانی گەلی كوردستان هەموو ڕێگەیەكیان تاقیكردەوە بۆ ئەوەی خەباتی گەلی كوردستان لەناو ببەن. هەر لە تۆقاندن و ئەنفال و جینۆساید و بگرە هەتا كیمیاباران و ئابلۆقەدان و زیندان و نانەوەی فیتنە و دووبەرەكی و بڕینی قووتی خەڵك و پەلاماری تیرۆریستان، بەڵام پشت بە خوای مەزن و هیمەت و خۆڕاگریی گەلەكەمان، كوردستان توانی بەسەر هەموو پیلان و دوژمنكارییەكاندا سەركەوێت و شكست و شەرمەزاری بۆ دوژمنان مایەوە.
ئێستا گەلەكەمان لە هەموو كاتێك زیاتر لە سەركەوتن و دەستكەوتی مەزن و شكۆمەندینزیكە، بەڵام جێگەی داخەكە بۆ دژایەتیكردنی گەلی كوردستان شێوازێكی نوێی ناپاكی دەركەوتووە كە لە ڕێگەی جۆراوجۆر و بە لێدوان و نووسین بانگەشە بۆ شەڕی ناوخۆیی و دووبەرەكی و هەروەها زیندووكردنەوەی پەرتەوازەیی و دوو ئیدارەیی دەكەن. ئەمە ئازادیی ڕادەربڕین نییە بەڵكو ئەم جۆرە هەوڵانە خیانەتە لە گەل و نیشتمان و پیادەكردنی ئەجیندا و سیاسەتی نەیارانی كوردستانە. نابێ بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بدرێت ئەم ڕوانگە نانیشتیمانییە لە كوردستاندا هەبێت. ئەم بابەتە مەترسییە بۆ سەر ئاساییشی نەتەوەیی و نیشتیمانیی كوردستان و هەموو ئەو دەستكەوتانەی بە خوێن و فرمێسك هاتوونەتە دی دەخاتە ژێر هەڕەشە.
داوا لە پارلەمانی كوردستان و حكوومەتی هەرێم و داواكاری گشتی دەكەم ئەركی خۆیان ڕاپەڕێنن و ڕێوشوێنی گونجاو لەدژی ئەم ڕەوتە نانیشتیمانی و مەترسیدارە بگرنە بەر و چارەسەرێكی یاسایی و ڕەسمی بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوكردنەوە ئەو بۆچوونانە بدۆزنەوە كە ژیانی خەڵك و یەكپارچەیی نیشتیمان و ئاسوودەیی وڵات دەكاتە ئامانج و بانگەشەی شەڕی نێوخۆیی و دوو ئیدارەیی دەكەن.
داوا لە گشت لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەم بە هەموو توانایەكیان ڕێگری بكەن لە دەركەوتنی ئەم دەنگ و تێڕوانینە نانیشتیمانییە. داوایش لە جەماوەری سەربەرزی كوردستان دەكەم چیتر دەرفەت نەدەن ئەم جۆرە خەڵكانە و ئەم ڕەوتە دژە نیشتیمانییە بەردەوام بن لە بڵاوكردنەوەی هزری شەڕانگێزی شەڕی نێوخۆیی و دووبەرەكی و هەموو تواناكانمان بۆ پاراستنی كوردستان و یەكڕیزیی گەلەكەمان یەكبخەین.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
16ـی 4ـی 2015
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جه‌ژنی چارشه‌مبا سوور له كوردی ئێزدی پیرۆز ده‌كات
کوردی ئێزدی نموونەی بەرخودان و خۆڕاگریی گەلەکەمانن کە سەرەڕای هەموو هەوڵەکان بۆ قڕکردن و تواندنەوەیان، هیچ دو‌ژمنێك نەیتوانیوە كوردانی ئێزیدی لەناو ببات هەر بۆیە سەرەڕای دڕندەیی و هەموو کارە نامرۆڤانەکانی تیرۆریستانی داعش لەکاتی داگیرکردنی دەڤەری شنگال، نەیانتوانی ئیرادەی ئێوەی ئازیز تێکبشکێنن و بەرخودان و خۆڕاگریتان بوو بە پەیامێک بۆ هەموو دۆست و دوژمنان کە ئێزدییەکان بەشێکی دانەبڕاوی گەلی کوردستانن و هەر لەو پێناوەشدا بوو کە سەدان ڕۆڵەی کوردستان لە خانەقینەوە تا دەگاتە زاخۆ بە چەکی شەرەفی پێشمەرگایەتییەوە هاتن و بۆ ئازادکردنەوەی دەڤەری شنگال خوێنی گەشیان ڕژایە سەر خاکی ئەو دڤەرە و شەهید بوون، خوێنێ ئەو شەهیدانە پەیامی ڕوونە کە هیچ هەوڵێک ناتوانێ کوردی ئێزدی لە کوردستان و گەلەکەمان داببڕێت.
لە سایەی ئازایەتی و گیانفیدایی پێشمەرگەوە ئێستا زۆربەی ناوچەکانی دەڤەری شنگال لەدەستی تیرۆرسیتانی داعش ئازادکراون و بە دڵنیاییەوە هیچ بستێک لەخاکی کوردستان لەژێر دەستی تیرۆریستان‌دا ناهێڵینەوە و ئەم ڕەوشەی ئێستای خوشک و برایانی ئێزدی بە کۆتایی دێت و بە سەربەرزییەوە دەگەڕێنەوە ناو ماڵی خۆیان و دڵنیاشتان دەکەینەوە کە پێشمەرگە دەبێتە شورەیەکی پۆڵایین بۆ پاراستنی ئێوە و سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان.
لە جەژنی سەری ساڵی ئێزدی‌دا جەخت لەوە دەکەینەوە کە بە هەموو توانامانەوە پاڵپشتیی خوشک و برایانی ئێزدی دەکەین و دەبێ خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و ڕێگە نادەین کەسانێک چارەنووسی ئەوان دیاری بکەن و سوورین لەسەر پاراستنیان و دابینکردنی داهاتوویەکی دوور لە ناخۆشی و چەوسانەوە.
مسعود بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
15/4/2015
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئیدانەی كردەوە تیرۆریستییەكەی ئەمڕۆی شاری هەولێر دەكات
ئەمڕۆ هەینی 17ـی4ـی 2015 لە ئەنجامی كردەوەیەكی تیرۆریستی لە شارۆچكەی عەینكاوەی هەولێری پایتەخەت ژمارەیەك هاووڵاتیی سڤیل شەهید و بریندار بوون. ئەم كردەوە نامرۆڤانەیە ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ شكستی تیرۆریستان لەبەرانبەر پێشمەرگە قارەمانەكان و فەشەلهێنانیانە لە بەرەكانی جەنگ.
بۆیە تیرۆریستان ترسنۆكانە پەنا بۆ كردەوەی تیرۆریستی دەبەن و هەوڵ دەدەن ئاسوودەیی هاووڵاتیان بشێوێنن. وێڕای ئیدانەكردنی توندی ئەم كارە قێزەوەنەی تیرۆریستان سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدانی تەقینەوەكەی ئەمڕۆی عەینكاوە دەكەین و هیوای چاكبوونەوەیش بۆ برینداران دەخوازین.
لەوەیش دڵنیاین كە هێزەكانی ئاساییش لە زووترین كاتدا ئەنجامدەرانی ئەم كارە دڕندەیە بە سزای خۆیان دەگەیێنن و هاووڵاتییە سەربەرزەكانیش لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە هێزەكانی پێشمەرگە و ئاساییش و پۆلیس بە هەموو توانایەكیانەوە ئارامی و ئاسوودەیی وڵات دەپارێزین. با تیرۆریستانیش ئەوە باش بزانین كە ورەی پۆڵایینی هاووڵاتیانی كوردستان بەمجۆرە كردەوانە دانابەزێت و هەموولایەكمان سوورتر دەبین لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پێشمەرگە قارەمانەكانیش تۆڵەی خوێنی بە ناهەقڕژاوی هاووڵاتیان، لە بەرەكانی جەنگ دەكەنەوە.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
17ـی 4ـی 2015
ئۆجالان ستایشى ڕۆڵى نێچیرڤان بارزانى له پرۆسه‌ى ئاشتى و چاره‌سه‌ریدا ده‌كات
سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 2015/3/30، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێزان خاتوو له‌یلا زانا و سڕڕى سوڕه‌ییا ئۆنده‌ر، ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى توركیا كرد.
له دیدارێكدا خاتوو زانا و به‌ڕێز ئۆنده‌ر، پوخته‌یه‌كیان ده‌رباره‌ى دوایین سه‌ردانى خۆیان بۆ دوورگه‌ى ئیمرالى و چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئۆجالان خسته ڕوو و سڵاو و ڕێزى به‌ڕێزیانى به به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى گه‌یاند و گوتیان: به‌ڕێز ئۆجالان به ته‌واوى ئاگادارى هه‌موو هه‌وڵ و كۆششه به‌رده‌وامه‌كانى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانییه بۆ پشتگیرى و هاوكاریكردنى پرۆسه‌ى ئاشتى و چاره‌سه‌رى و ڕێز و ستایشى خۆى بۆ ئه‌و ڕۆڵه‌ى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى دووپات كردووه‌ته‌وه.
له دیداره‌كه‌دا دوایین پێشهات و هه‌نگاوه‌كانى پرۆسه‌ى ئاستى و چاره‌سه‌رى تاوتوێ كران و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگیى پابه‌ندى به ئاشتى و چاره‌سه‌رییه‌وه كرده‌وه و هیوایان خواست كه هه‌نگاونان به‌ره‌و ئاشتى و چاره‌سه‌رى له هه‌موو لایه‌كه‌وه به‌رده‌وام بێت و ڕێگه نه‌درێت كێشه لاوه‌كییه‌كان، كاریگه‌رى له ڕێڕه‌وى پرۆسه‌ى ئاشتى و چاره‌سه‌رى بكات.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى هه‌موو پشتگیرى و هاوكارییه‌كى بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌ى ئاشتى و چاره‌سه‌رى دووپات كرده‌وه و ڕایگه‌یاند: وه‌ك چۆن له سه‌ره‌تاوه هه‌میشه پشتگیرى و هاوكاریى پرۆسه‌ى ئاشتى و چاره‌سه‌ریمان كردووه، به هه‌مان شێوه به‌رده‌وام ده‌بین و بۆ ئه‌مه‌ش هه‌ر ئه‌ركێك بكه‌وێته سه‌ر شانمان، جێبه‌جێى ده‌كه‌ین.
له دیداره‌كه‌دا باس له دوایین پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى تیرۆر و هه‌وڵه‌كان بۆ به‌ستنى كۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى كورد و گرنگیى یه‌كڕیزیى لایه‌نه كوردستانییه‌كان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر كرا و له‌مباره‌وه به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى خۆى بۆ هه‌موو ئه‌و هێز و لایه‌نانه دووپات كرده‌وه كه ڕووبه‌ڕووى تیرۆر بوونه‌ته‌وه.
فره‌نسا به‌ڵێنی چه‌كی پێشكه‌وتووتر و یارمه‌تی سه‌ربازی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌دات
دوێنێ سه‌رۆكی فره‌نسا، فره‌نسوا هۆلاند، له كۆشكی ئه‌لیزێ له پاریس پێشوازی له‌شاندێكی باڵای وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد، كه به سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری پێشمه‌رگه، مسته‌فا سه‌ید قادر بوو به یاوه‌ری ژماره‌یه‌ك فه‌رمانده‌ی مه‌یدانی به‌ره‌كانی جه‌نگ و به‌رپرسانی وه‌زاره‌ت.
مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی زیاره‌تی شاندی كوردی بریتی بوو له داواكردنی چه‌ك وته‌قه‌مه‌نی و هاوكاریی سه‌ربازی زیاتر له فره‌نسا، به‌تایبه‌تی چه‌كی قورس‌تر له‌وه‌ی ئستا به‌ده‌ستی ده‌گات و زیادكردنی ئاستی مه‌شقكردن به هێزه‌كانی پێشمه‌رگه.
دوای روونكردنه‌وه‌ی بارودۆخی ئه‌مڕۆی به‌ره‌كانی شه‌ڕ دژ به رێكخراوی تێرۆریستی ده‌وله‌تی ئیسلامی، ناسراو به داعش، بۆ لایه‌نی فره‌نسی، وه‌زیری پێشمه‌رگه ووتی، ”ئێمه پێویستیمان به چه‌كی پێشكه‌وتوو هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌و دووژمنه‌ی له‌ناوببه‌ین كه له مانگی كانونی دووه‌می ئه‌م ساڵ چه‌ندین هاوڵاتی فره‌نسی له پاریس كوشت و به شێوه‌یه‌كی دڕندانه هاوڵاتیانی ئێمه‌یان كوشتووه‌و مه‌ترسین له‌سه‌ر ئێمه‌و هه‌موو جیهان.“
شایانی باسه كه جگه له سه‌رۆكی فره‌نسی، وه‌زیری به‌رگری، ژان ئیڤ لودریان وسوپاسالاری تایبه‌تیسه‌رۆكی فره‌نسی، جه‌نه‌رال پوژاس و ژماره‌یه‌ك له راوێژكارانی سه‌رۆكایه‌تی ئاماده‌بوون له كۆبوونه‌وه‌كه.
سه‌رۆكی فره‌نسا تێگه‌یشتنی خۆی ده‌ربڕی بۆ پێویستی پێشمه‌رگه به چه‌ك وته‌قه‌مه‌نی پێشكه‌وتووتر وبه‌ڵێنی ئه‌وه‌ی دا كه هه‌وڵێكی زۆر بدات بۆ جێبه‌جكردنی داواكارییه‌كانیان.
دوای گوێ گرتن له پێداویستییه‌كانی شاندی وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه، فرانسوا هۆلاند ووتی، “پێده‌چێت كه بارودۆ‌خه‌كه په‌له بێت وداوا له وه‌زیری به‌رگریده‌كه‌م كه دیراسه‌تی داواكاریه‌كان بكات بۆ ئه‌وه‌ی بزانین چۆن به زوویی ئه‌و كاره جێبه‌جێبكه‌ین”. هه‌روه‌ها رایگه‌یاند كه وه‌زیری به‌رگری فره‌نسا دوای چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی تر سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی شاندی سه‌ربازی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فره‌نسی ده‌ستپێشخه‌ری فه‌یله‌سوف ونووسه‌ری فره‌نسی، بێرنارد هێنری لێڤی بوو كه له مانگی شوباتی رابردوو سه‌ردانی به‌ره‌كانی شه‌ڕی كرد وبه‌ڵێنیدا كه له‌گه‌ڵ به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی ووڵاته‌كه‌ی قسه‌بكات بۆ به‌ده‌ستهێنانی یارمه‌تی سه‌ربازی زیاتر بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.
دوای كۆبوونه‌وه‌ی شاندی كوردی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فره‌نسا، له كۆبونه‌وه‌یه‌كی فراوان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له كه‌سایه‌تی ناسراوی فره‌نسی ودۆستانی كوردستان و نوسه‌رو رۆشنبیرانی فره‌نسی و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له فره‌نسا، وه‌زیری پێشمه‌رگه وبه‌رپرسه سه‌ربازییه‌كان، پوخته‌یه‌كیان ده‌رباره‌ی زیاره‌ته‌كه‌یان و بارودۆخی ئیمرۆی جه‌نگ دژی تێرۆریزم پێشكه‌ش به ئاماده‌بووانكرد.
پێشتریش، سیمینارێك بۆ وه‌زیری كاروباری پێشمه‌رگه ئاماده‌كرا له نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ شرۆڤه‌كاران وپسپۆرانی په‌یمانگه‌ی فره‌نسی بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی، كه یه‌ك له ناوه‌نده گرنگه‌كانی شرۆڤه‌یه ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی له فره‌نسا.
هه‌ر هه‌مان رۆژی چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فره‌نسا، شاندی وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه سه‌ردانی په‌یمانگای خوێندنی باڵا بۆ به‌رگری نیشتمانی كرد كه یه‌ك له گه‌وره‌ترین ناوه‌ندی خوندنی پیشه‌ی سه‌ربازییه له فره‌نسا و ئه‌فسه‌ری پله به‌رز لێیدا ئاماده‌ده‌كرێت. شاندی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌یمانگه پێشوازی لێكرا و له‌و نووسینگه‌یه كۆبوونه‌وه كه ناپلیۆن بۆنابارت و مارشال ژۆفر، كه فه‌رمانده‌ی گشتی هه‌موو هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان بوو له جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مدا، كاریان لێكردبوو.
له دوا رۆژی زیاره‌ته‌كه‌ی، شاندی وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ گروپی لێكۆڵینه‌وه ده‌رباره‌ی هه‌رێمی كوردستان له په‌رله‌مانی فره‌نسی كۆبۆوه، كه له لایه‌ن پیێر لولوش سه‌رۆكایه‌تی لێده‌كرێت، كه كۆنه وه‌زیری فره‌نساو به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حزبی ئۆپۆزیسیۆنی ده‌سته‌راسته كه نیكۆلا ساركۆزی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات. له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، وه‌زیری پێشمه‌رگه پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی بارودۆخی سیاسی وسه‌ربازی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌شكرد، به‌تایبه‌تی بارودۆخی به‌ره‌كانی شه‌ڕ دژ به داعش. پیێر لولوش جه‌ختی له‌وه كرد كه وه‌ك سه‌رۆكی گروپه‌كه‌و وه‌ك ئۆپۆزیسیۆنی فره‌نسی پشتیوانی له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن له شه‌ریان دژ به تێرۆریزم.
شایانی باسه كه شاندی سه‌ربازی هه‌رێمی كوردستان بۆ فره‌نسا هه‌روه‌ها پێكهاتبوو له لیواء سیروان بارزانی، فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری ٦، لیواء عه‌زیز وه‌یسی، فه‌رمانده‌ی هێزی زێره‌ڤانی، عه‌مید روكن سالار ابراهیم صابر، جیگری به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌ی ئۆپه‌راسێۆنی هاوبه‌ش، عه‌مید روكن هه‌ژار عمر هه‌ژار، به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندیه‌كان له وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه، عه‌مید روكن به‌ختیار محه‌مه‌د صدیق، فه‌رمانده‌ی لیوای 16، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه.
دوایین هەواڵەکان
- په‌يامى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مه‌نسوور یاقووتی وه‌ک له‌ده‌ست چونی یاقووتێکی گرانبه‌هایه
- سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگریی هۆڵه‌ندا کۆبووه‌وه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاڵيا كۆبوونه‌وه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووه‌وه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد