هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و ميرى قه‌ته‌ر په‌يوه‌ندييه‌كان و دۆخى ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2021/10/17 له‌ ده‌وحه‌ به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز خاوه‌نشكۆ شێخ ته‌ميم بن حه‌مه‌د ئال سانى، ميرى قه‌ته‌ر كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا خاوه‌نشكۆ ميرى قه‌ته‌ر دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عيراق ده‌ڕوانێت و ئارامى و سه‌قامگيريى عێراقى به‌لاوه‌ گرنگه‌، هه‌روه‌ها ئاماده‌ييى وڵاته‌كه‌ى بۆ‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌‌رێمى كوردستان و عيراق به‌تايبه‌تى له‌ بواره‌كانى ئابوورى و بازرگانى و وه‌به‌رهێناندا ده‌ربڕى.

به‌ڕێزيان خۆشحاڵيى خۆى نيشان دا كه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ عيراق به‌ ئارامى به ڕێوه‌ چوو و جه‌ختى له‌ خواستى قه‌ته‌ر بۆ فراوانكردنى بواره‌كانى هاريكاريى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌، پوخته‌يه‌كيشى ده‌رباره‌ى دوا سه‌ردانى خۆى بۆ به‌غدا باس كرد و هيواى خواست له‌ هاتنى ئه‌مجاره‌يدا بۆ عيراق، سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان بكات.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى ئاماژه‌دان به‌ ڕۆڵ و كاريگه‌ريى قه‌ته‌ر، خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ به‌ره‌وپێشبردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌يه‌ هه‌موو ئاسانكارييه‌ك بۆ سه‌رمايه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنانى قه‌ته‌رى بكات، بۆ ئه‌مه‌ش ياساى وه‌به‌رهێنانى له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ هاريكار و هانده‌ر له‌ قه‌ڵه‌م دا.

به‌ڕێزيان دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ عيراق و ناوچه‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، پوخته‌يه‌كيشى ده‌رباره‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عيراق و ئه‌نجامه‌ به‌رايييه‌كانى خسته‌ ڕوو، هه‌روه‌ها هيواى خواست حكوومه‌تێكى لێ بكه‌وێته‌وه‌ كه‌ ژيان و گوزه‌ران و خزمه‌تگوزاريى باشتر بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانى عيراق دابين بكات.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا هه‌ڵسه‌نگاندنيان بۆ بارودۆخ و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى كرد و جه‌ختيان له‌ گرنگيى هاريكاريى هاوبه‌ش بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى كرده‌وه‌.

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زيرانى قه‌ته‌ر كۆبووه‌وه‌

به‌يانيى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2021/10/17 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له چوارچێوه‌ى سه‌ردانه‌ فه‌رمييه‌كه‌يدا بۆ قه‌ته‌ر، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ‌شێخ خالد بن خه‌ليفه‌ بن عه‌بدولعه‌زيز ئال سانى، سه‌رۆك وه‌زيران و وه‌زيرى ناوخۆى قه‌ته‌ر كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عيراق و پێشبنييه‌كان بۆ داهاتووى پرۆسه‌ى سياسى له‌ عيراق، بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عيراق له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى و بازرگانى و كشتوكاڵى و گه‌شتياريدا، په‌تاى كۆڤيد_19، لێكه‌وته‌كانى و پرۆسه‌ى كوتان به‌ ڤاكسينى دژى په‌تاكه‌ له‌ عيراق و قه‌ته‌ر، گه‌شته‌ ڕاسته‌وخۆكانى هێڵى ئاسمانيى قه‌ته‌رى بۆ هه‌رێمى كوردستان و عيراق، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ په‌ره‌پێدان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عيراق له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر كرده‌وه‌ و باسيان له‌ ده‌رفه‌تى سه‌رمايه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنانى قه‌ته‌رى له‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌وێشه‌وه‌ بۆ ته‌واوى عيراق كرد وه‌ك بازاڕيكى گه‌و‌ره‌‌ به‌تايبه‌تى له‌و بوارانه‌دا كه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان و عيراق پێويستن، هه‌روه‌ها هه‌نگاوه‌كانى كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌ى گشتيى قه‌ته‌ريان له‌ هه‌ولێر تاوتوێ كرد.

دوايين پێشهاته‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌ى تيرۆر و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كانى داعش، ڕێگه‌ و شێوازه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و بيرى توندڕه‌وى، دۆخى ئاواره‌كان له‌ كه‌مپى ئه‌لهۆل له‌ سووريا، دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.‌

 

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ر كۆبووه‌وه‌

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2021/10/16 پاش ئه‌وه‌ى به‌ سه‌ردانێكى فه‌رمى گه‌يشته‌ قه‌ته‌ر، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له ده‌وحه‌ى پايته‌خت له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ‌شێخ محه‌مه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان ئال سانى، جێگرى سه‌رۆك وه‌زيران و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ر كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ په‌ره‌پێدان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عيراق له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر كرده‌وه‌ و باسيان له‌ ده‌رفه‌تى سه‌رمايه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنانى قه‌ته‌رى له‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌وێشه‌وه‌ بۆ ته‌واوى عيراق كرد به‌تايبه‌تى له‌و بوارانه‌دا كه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان و عيراق پێويستن، هه‌روه‌ها هه‌نگاوه‌كانى كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌ى گشتيى قه‌ته‌ريان له‌ هه‌ولێر تاوتوێ كرد.

دۆخى عيراق و ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و پرۆسه‌ى سياسى له‌ وڵات، دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سه‌ردانى قه‌ته‌ر ده‌كات

پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2021/10/16 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌ سه‌ردانێكى فه‌رمى به‌ره‌و ده‌وحه‌ى پايته‌ختى قه‌ته‌ر به‌ڕێكه‌وت.

له‌ سه‌ردانه‌كه‌يدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ به‌ڕێز خاوه‌نشكۆ شێخ ته‌ميم بن حه‌مه‌د ئال سانى، ميرى قه‌ته‌ر و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسانى ديكه‌ى قه‌ته‌رى كۆده‌بێته‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عيراق له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر، دۆخى عيراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، تاوتوێ ده‌كرێن.

 

https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-visits-qatar/

نازم دەباغ: دەبێت كورد بە وریاییەوە بەرەی ئەمریكا و کەنداو یان ئێران هەڵبژێرێت

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران دەڵێت، هەڵبژاردنی ئەمجارە دووبەرە دەركەوتووە بەرەیەكیان ئەوەیە كە دەدرێتە پاڵ ئێران، بەرەیەكی دیكەش ئەوانەن كە دەدرێنە پاڵ ئیمارات و قەتەر و سعودییە و ئەمریكاییەكان، هەوڵێكیش هەیە هاوشێوەی پێشوو كوتلەی گەورە تر دروست بكرێت بەمەش سیناریۆكەی ئەیاد عەلاوی دووبارە دەبێتەوە، كە زۆرترین كورسی بەدەستهێنا بەڵام مالكی حكومەتی پێكهێنا، لەمەشدا كورد دەبێت بە وریایی مامەڵە بكات.

نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: ئەم هەڵبژاردنە بە بڕوای من پرۆسەی دەنگدانەكەی پرۆسەیەكی رێكوپێك بوو، دەكرێت بڵێین یەكەم پرۆسەیە بەمشێوازە بەڕێوەچوو، بەڵام دەمێنێتەوە دواتر چۆن دەنگەكان ژمێردراون، دوای ئەوەی تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە دراوە، ئەگەر كۆمسیۆن بەرەوای نەزانییایە نەدەكەوتە ژماردنی دەستی دەنگەكان، حەشدی شەعبی وەكو بەشێك لەو هێزە چەكدارانەی كە سەر بەلایەنە سیاسییە شیعەكانن، ئەمانە خۆیان بە غەدرلێكراو دەزانن وە لە رووی ژمارەشەوە ژمارەیان دیارە بەڵام ئایا هەموویان دەنگیانداوە یان نا.

نازم دەباغ وتی: من بە ئاسانی نابینم ئەم پرۆسەیە بەڕێگەی چەك چارەسەربكرێت بەڵكو ئەم پرۆسەیە پێویستی بەوەهەیە بەرێگایەكی عاقڵانە و سیاسی چارەسەربكرێت، پێشم وایە هەوڵ و كۆشش هەیە بۆئەوەی بەو رێگایەدا نەڕوات كە كێشەی ناخۆیی لێبكەوێتەوە چونكە بوونی كێشە لەدوای هەڵبژاردن هۆكارێكی دروستبوونی نائەمنییە كە پێم وایە هیچ وڵاتێك لەوانەی خۆیان بە دۆستی عێراق دەزانن پێیان خۆش بێت رێگا بەوە بدەن.

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران وتیشی: بەداخەوە لەم هەڵبژاردنە دووبەرە دەركەوتووە بەرەیەكیان ئەوەیە كە دەدرێتە پاڵ ئێران، بەرەیەكی دیكەش ئەوانەن كە دەدرێنە پاڵ ئیمارات و قەتەر و سعودییە و ئەمریكاییەكان، لێرەدا میانگیری كردن ئاسان نییە كە كامیان بەراست دەزانیت و كامیان بە سەركەوتوو دەزانیت، بەڵام لە ئاستی بەربرسیارێتی عێراق و هەرێمیش دەبێت زیرەكانە بیر لە چارەسەركردنی كێشەكان بكەنەوە، بۆئەوەی حەشدی شەعبی رێگایەكی خراپ نەگرێتە بەر كە رێگای چەك و شەڕە.

باسی لەوەشكرد، ئەو ئەزمونەمان هەیە پێشتر كاتێك عەلاوی گەورەترین كوتلەی سەركەوتووبوو، بەڵام ئەو لایەنەی دیكە مالیكی هێناو كوتلەی گەورەیان بۆ دروستكرد و مالكی بوو بە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، ئەو سیناریۆیە نزیكە جارێكی دیكە دووبارە ببێتەوە.

روونیشیكردەوە، پێم وایە برێت مەكگۆرك هەمیشە لە رابردوو رۆڵی هەبووە لە هاتنە ناو كێشەكان، بۆ دۆزینەوەی رێگایەك، پێم وایە مەكگۆرگیش یەكێك بێت لەوانەی لایەنگری رێگای سیاسی بێت ، هەریەكە لە ئێران و ئەمریكاش لە هەوڵی ئەوەدان مەترسییەكان كەم بكرێنەوە و كێشەكان چارەسەربكرێن، دەبێت چاوەڕوانی داهاتویش بكەین بزانین چی دەبێت.

ئەوەشی خستە روو، پرۆسەی كۆتایی هاتنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بۆی هەیە درێژە بكێشێت چونكە لەكۆتاییدا ئەگەر رەزامەندی هەمووی لەسەر نەبێت ئەبێت سازانی زۆرینەی لەسەربێت، كە سازانی زۆرینە بۆ كورد مەترسیدارە، بەهۆی ئەوەی ئایا كورد دەكەوێتە كام بەرەیان، ئەزمونی رابردووش ئەوەی دەرخستووەتە هەر بەرەیەك لەو بەرانە وەكو پێویست بە دەنگ كوردەوە نەهاتوون، بۆیە پێویستە سەركردایەتی سیاسی كورد زۆر وریابێت لە پشتیوانی كردن یان چوونە ناو كوتلەی گەورەتر، تەنها بە مەرجی ئەوەنەبێت گرەنتیەكی تەواو بۆ ئاییندەی هەرێمی كوردستان و مافەكانی كورد هەبێت، نەك بە بەڵێن، چونكە چەندین هەڵبژاردن كراوە و تووشی ئەم كێشانە بووین، بەڵێنمان وەرگرتووە و تەنانەت رێككەوتنیش كراوە بەڵام بەداخەوە دواتر لەپێناوی چەند دەستكەوتێك لایەنێك لایەنەكە دیكەی فرۆشتووە، ئومێد دەكەم ئەوە روونەدات.

نازم دەباغ، جەختی كردەوە، باشترین گرەنتی بۆ دابینكردنی مافەكانی گەلی كورد یەكریزی كوردە لە بەغدا، پێم وایە ئەگەر كورد نەتوانێت لەناوخۆدا یەكریزبێت و لە بەغداش یەكدەنگ نەبێت، هەرلایەنێك بە ئامانجی دابین كردنی بەرژەوەندییەكانی خۆی بچێتە بەغدا، ئەمجارە ئەزمونەكەمان لەهەموو كاتێك زیاتر مەترسی لەسەر دەبێت، وە روونتر بیڵێم پێویستە ئەزمونەكەمان نەگۆڕدرێتەوە بە چەند كورسییەك و بەرپرسیارێتییەك كە لەبەغدا وەری بگرن و ئەمەش جێگای پرسیار و زیانگەیاندنە لە ئاییندەی كورد لە بەغدا.

 

https://politicpress.com/70074/

سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی: هه‌مووان براوه‌ن، هه‌موومان یه‌کڕیز، ته‌با و پێکه‌وه‌ بین.

په‌یامی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان به‌بۆنه‌ی سه‌رکه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقه‌وه‌:

هاووڵاتييانى خۆشه‌ويست،

هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عیراق

پيرۆزباييى سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى گشتيى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له‌ هه‌موو لايه‌ك ده‌كه‌م. ئيتر عيراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ قۆناغێكى تازه‌دان‌ و ئه‌نجامه‌كانى كۆتايى هه‌ر چۆن يه‌كلايى ببنه‌وه‌، هه‌مووان براوه‌ن، هه‌موومان پێكه‌وه‌ ده‌بێ خۆمان بۆ ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تيى هاوبه‌ش و ته‌حه‌دييه‌كانى قۆناغى داهاتوو، ئاماده‌ بكه‌ين.

يه‌كڕيزى، ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى، كليلى سه‌ركه‌وتنمانه‌ كه‌ ده‌سته‌به‌رى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، ده‌سكه‌وته‌كان و سيستمى فيدراڵى و قه‌واره‌ سياسييه‌كه‌ى ده‌پارێزێت. ئه‌ركى هه‌موو هێز و لايه‌نه‌ سياسييه كوردستانييه‌كانه‌ پێكه‌وه‌، ته‌با و يه‌كڕيز، كار بۆ ئێستا و داهاتوويه‌كى باشتر بۆ هه‌رێمى كوردستان و عيراق بكه‌ين، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ هێز و لايه‌نه‌ عيراقييه‌كان هاوكار بين.

ئه‌ركى هه‌موومان له‌ هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى عيراق ئه‌وه‌يه‌ به‌ ڕوانگه‌ و خوێندنه‌وه‌ و تێگه‌يشتنێكى تازه‌ و واقعبينييه‌وه‌، به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموون و هه‌ڵه‌كانى ڕابردوو، له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور كێشه‌كانى وڵات چاره‌سه‌ر بكه‌ين. كار بۆ عيراقێكى سه‌قامگير و خۆشگوزه‌ران بكه‌ين كه‌ تيايدا مافه ده‌ستوورييه‌كانى هه‌موو پێكهاته‌كان مسۆگه‌ر و پارێزراو بن، متمانه‌، پێكه‌وه‌يی، هاوچاره‌نووسی، هاریکاریی هاوبه‌ش، به‌رژه‌وه‌نديى گشتيى وڵات، هاوبه‌شیی ڕاسته‌قینه‌، سازان و یه‌کسانی، هه‌موومان كۆبكاته‌وه‌.

سوپاسى هاووڵاتييان، هه‌موو هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان، داموده‌زگا ئیداری و ئه‌منیيه‌كان، ميديا و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ده‌كه‌م كه‌ له‌ سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردندا هاوكار بوون. سوپاس و ده‌ستخۆشى بۆ ئه‌رك و ماندووبوونى كۆمسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عيراق، بۆ چاودێرانى ناوخۆيى و بيانى و تيمه‌كانى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان به‌تایبه‌تی سه‌رۆک و تیمی یوونامی له‌ عیراق و يه‌كێتيى ئه‌ورووپا و كۆمكاری عه‌ره‌بی كه‌ چاودێريى پرۆسه‌ى ده‌نگدانيان كرد و پرۆسه‌كه به‌ ئارامى به‌ڕێوه‌ چوو. ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكى گرنگه‌ له‌سه‌ر ڕێگه‌يه‌گى ڕاست. به‌شداريمان له‌ هه‌ڵبژاردنى نوێنه‌رانمان له‌ به‌غدا، پابه‌نديمانه‌ به‌ بنه‌ماكانى ديموكراسييه‌وه‌.

له‌ لايه‌كى ديكه‌وه‌ ڕێژه‌ى به‌شدارى له‌ ده‌نگداندا په‌يامێكى ڕوونى هاووڵاتييانه‌ كه‌ چاويان له‌ ژيان و گوزه‌ر‌ان و خزمه‌تگوزاريى زياتره و مافى خۆيانه‌‌. ئه‌مه‌ بۆ هه‌موومان له‌ حكوومه‌ت و هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى عيراق و هه‌رێمى كوردستان، ده‌بێ په‌ند و وانه‌يه‌ك بێت بۆ پێداچوونه‌وه‌ى جددى و بنياتنانه‌وه‌ى متمانه‌، هه‌روه‌ها ببێته‌ هانده‌رى كار و خزمه‌تى زياتر.

ئيتر كاتى ئه‌وه‌يه‌ پێكه‌وه‌ كار بكه‌ين بۆ دامه‌زراندنی حکوومه‌تێکی نیشتمانيی فيدراڵى که‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خواست و‌ چاوه‌ڕوانییه‌کانی هاووڵاتی بێت، ده‌ستوور جێبه‌جێ بكات، دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت به‌هێز بكات، گرووپ و هێزه‌ چه‌كداره‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ياسا كۆنترۆڵ بكات‌، له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و هاوبه‌شيى هه‌موو پێكهاته‌كانى عيراق، پرۆسه‌ى سياسى ڕاست بكاته‌وه و به‌ره‌و داهاتوويه‌كى باشتر بۆ هه‌مووان، وڵات به‌ڕێوه‌ ببات.

هيواى سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌مووان ده‌خوازم.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2021/10/12

پەڕەى 1 لەکۆى 264 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی