له‌ تاران یادی فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی كرایه‌وه‌

  • چوار شەممە, 13 ت دووەم 2013

 

 

 

تاران 12 تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ر (PNA)ـ رێوره‌سمی بیرئانینی رۆشنبیری كورد فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی، به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی شوڕای شاری تاران دكتۆر ئه‌حمه‌د مه‌سجید جامیعی له‌ شاری تاران به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ رێوره‌سمی بیرئانینی سیاسه‌تمه‌دار، رۆشنبیر، رۆژنامه‌نووس و توێژه‌ری ناوداری كورد فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی، كه‌ به‌ به‌رپرسیارییه‌تی نووسه‌ر و توێژه‌ری به‌ئه‌زموونی كرماشانی دكتۆر محه‌مه‌د عه‌لی سوڵتانی و به‌ پێشكه‌شكاری ئاڕش ئه‌مجه‌دی، كاتژمێر 5ی دوانیوه‌ڕۆی رۆژی پێنجشه‌مه‌ 10 تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2013 له‌ ماڵی ئه‌ندیشمه‌ندانی زانسته‌ مرۆڤایه‌تییه‌كانی ئێران له‌ شاری تاران به‌ڕێوه‌چوو.

له‌م یادكرنه‌وه‌یه‌دا چه‌ندین كه‌سایه‌تیی سیاسی، رۆشنبیری، ئه‌ده‌بی، ئایینی، مامۆستایانی زانكۆ، تێیدا ئاماده‌بوون، له‌وانه‌: نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ تاران نازم ده‌باغ و جێگره‌كه‌ی دكتۆر جگه‌رخوێن، سه‌رۆكی شوڕای شاری تاران دكتۆر ئه‌حمه‌د مه‌سجید جامیعی، كوڕی سه‌رۆكی یارسانییه‌كانی ئازه‌ربایجان ئاغا سامه‌لدین موشه‌عشه‌عی، سه‌رۆكی یارسانییه‌كانی ناوچه‌ی گۆران له‌ كرماشان سه‌ید نه‌سره‌دین حه‌یده‌ری، مامۆستای زانكۆی تاران و نوێنه‌ری شاری سنه‌ له‌ خولی شه‌شه‌می په‌ڕڵه‌مانی ئێران دكتۆر جه‌لال جه‌لالیزاده‌، مامۆستای زانكۆ، لێكۆڵه‌ری كاروباری نێوده‌وڵه‌تیی و سه‌رۆكی كۆڕی كوردانی دانیشتووی تاران دكتۆر ئه‌سعه‌د ئه‌رده‌ڵان، سه‌رۆكی ئه‌نستیتۆی فه‌رهه‌نگی كوردستان له‌ تاران به‌هرام وه‌له‌دبه‌یگی، سه‌رۆكی ماڵی كۆماشان له‌ تاران غوڵامعه‌لی په‌رچه‌م ئازاد، لێكۆله‌ری سیاسی و به‌ڕێوبه‌ری رادیۆ كوردی تاران سیامه‌ك كاكه‌یی، توێژه‌ر و لێكۆله‌ری كورد ئێحسان هووشمه‌ند، نوێنه‌ری شاری بۆكان له‌ خوله‌كانی سێیه‌م و چواره‌می په‌رله‌مانی ئێران ئه‌حمه‌د ته‌ها، نوێنه‌ری شاری مه‌هاباد له‌ خولی حه‌وته‌می په‌رله‌مانی ئێران جه‌عفه‌ر ئایین په‌ره‌ست، نووسه‌ر و توێژه‌ری كورد محه‌مه‌د ڕه‌ئووف ته‌وه‌كولی، نووسه‌ری مه‌هابادی هاشم سه‌لیمی، توێژه‌ری كورد محه‌مه‌د ساڵح ئیبراهیمی، لێكۆله‌ری سیاسی و مامۆستای زانكۆی كرماشان دكتۆر قودڕه‌توڵڵا ئه‌حمه‌دیان، گۆرانیبێژی كرماشانی محه‌مه‌دڕه‌زا دارابی، كۆمه‌ڵێك له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كاكه‌ییه‌كانی دانیشتووی شاره‌كانی تاران و كه‌ره‌ج و هۆگرانی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری و ئه‌ده‌ب.

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م رێوره‌سمه‌ بیرئانینه‌دا فیلمێكی دیكۆمێنتی سه‌باره‌ت به‌ ژیان، كه‌سایه‌تیی، خه‌بات و تێكۆشانی رۆشنبیر كۆچكردوو فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی له‌ بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ كوردستانی عێراق به‌ ده‌نگی دكتۆر محه‌مه‌د عه‌لی سوڵتانی نمایشكرا، پاشان سه‌رۆكی شوڕای شاری تاران دكتۆر ئه‌حمه‌د مه‌سجید جامیعی سه‌باره‌ت به‌ كه‌سایه‌تیی فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی گوتی: زۆر به‌خته‌وه‌رم له‌م رێوره‌سمه‌دا ئه‌و هه‌له‌م بۆ ره‌خسا تا سه‌باره‌ت به‌ یه‌كێك له‌ كه‌سایه‌تییه‌ به‌رجه‌سته‌كانی به‌شێك له‌ جیهان وتارێك پێشكه‌ش بكه‌م، كه‌سایه‌تییه‌ك كه‌ نزیكه‌ی 10 ساڵ وه‌زیری رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له‌ ئه‌ستۆدا بووه‌ و له‌ ماوه‌ی ژیانیدا به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و هه‌مووه‌ سه‌رقاڵییه‌ی كه‌ به‌ كاروباری سیاسییه‌وه‌ هه‌یبوو، 30 كتێبی له‌ بواره‌كانی ئه‌ده‌بی، كلتوور، كۆمه‌ڵایه‌تی، عیرفانی و مێژوویی به‌ زمانه‌كانی كوردی و عه‌ره‌بی بڵاوكردۆته‌وه‌.

گوتیشی: تایبه‌تمه‌ندی ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ به‌ڕێزه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ مرۆڤه‌كان ده‌بێت پێكه‌وه‌ ژیان به‌سه‌ربه‌رن و رێز له‌ یه‌كتری بگرن، له‌ راستیدا ئه‌ندێشه‌ی ئاشتی و خۆشه‌ویستیی تایبه‌ته‌مه‌ندییه‌كی دیكه‌ی سه‌ید فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی بوو، كه‌ تا دوایین ساته‌كانی ژیانیشیان له‌م بواره‌دا خوێندنه‌وه‌، شیكردنه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌یه‌كی قووڵیان هه‌بوو تا راده‌یه‌ك له‌ كاتی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر یه‌كێك له‌ به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ ماڵی خۆیاندا كۆچیی دواییان كرد. بۆ ئه‌و و بۆ هه‌موو شه‌هیدانی كورد له‌ ده‌رگانه‌ی خودا ئاواتی ره‌حمه‌ت و لێبورده‌ییمان هه‌یه‌.

وه‌زیری پێشووی وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی ئیسلامی ئێران له‌ ده‌وڵه‌تی سه‌رۆك كۆمار محه‌مه‌د خاته‌می، له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا گوتی: به‌ڕێز كاكه‌یی ساڵانێكی زۆر له‌ ئێران نیشته‌جێی بوون و له‌گه‌ڵ زمانی فارسی و كلتووری كۆنی ئێرانی شاره‌زاییان هه‌بوو. ئه‌وه‌ شتێكی سروشتییه‌ چونكه‌ كلتوور و مێژووی ئێران و نه‌ته‌وه‌ی كورد پێكه‌وه‌ گرێدراون و له‌ یه‌كتری جیا ناكرێنه‌وه‌ و له‌ بیرووبۆچوون و چیرۆكه‌ كۆنه‌كاندا به‌رده‌وام ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌.

گوتیشی: له‌م توێژینه‌وه‌كاندا هاتووه‌ كه‌ خه‌ڵكانی كورد له‌ هه‌مان نه‌ته‌وه‌ن كه‌ له‌ به‌رانبه‌ری زوڵم و زۆری زوحاك راپه‌ڕین. له‌ به‌ندیخانه‌ی زوحاك رایانكرد و له‌ شاخه‌كان یه‌كترییان گرته‌وه‌ و نه‌ته‌وه‌یه‌كیان دروست كرد كه‌ ئێمه‌ ئه‌مڕۆكه‌ پێیان ده‌ڵێین كورد. به‌ پێی ئه‌م گێڕانه‌وه‌ مێژووییه‌ ئه‌و تێكه‌ڵاوییه‌ ته‌واوه‌ی زمانی فارسی و كلتووری كۆنی ئێرانی له‌گه‌ڵ كورده‌كاندا بوونی هه‌یه‌ و ئه‌و تێكه‌ڵاوییه‌ ئێستاش له‌ نێوان دوو لایه‌ندا گرینگییه‌تی تایبه‌تی له‌ بواره‌كانی فه‌رهه‌نگ، هونه‌ر و سیاسه‌تدا هه‌یه‌.

ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو: مامۆستا فه‌له‌كه‌دین كاكه‌ییش له‌ سه‌رده‌می ژیانیدا به‌ هۆی ئه‌و كار و به‌رپرسیارییه‌تیانه‌ی كه‌ بوویان سه‌ردانی وڵاتانی جۆراوجۆره‌كانی ده‌كرد و ده‌نگی خه‌ڵكی كوردستان و په‌یامی ئاشتیخوازانه‌ی ئه‌وانی به‌ گوێی خه‌ڵكانی جیهان ده‌گه‌یاند. له‌م رووه‌شه‌وه‌ ساڵانێكی زۆر، میوانی وڵاتی خۆیان ئێران بوون و لێره‌ش چالاكییان ده‌كرد.

سه‌رۆكی شوڕای شاری تاران له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا گوتی: به‌ بۆنه‌ی له‌ ده‌ستدانی ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ مه‌زنه‌، سه‌ره‌خۆشی له‌ كۆمه‌ڵگای كلتووری، هونه‌ری، ئه‌ده‌بی، به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان و هه‌موو هۆگرانی ئازادیی له‌ سه‌رتاسه‌ری دنیا ده‌كه‌م.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی یادی فه‌له‌كه‌دین كاكه‌ییدا نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ وڵاتی ئێران نازم ده‌باغ سه‌باره‌ت به‌ كه‌سایه‌تیی ئه‌م رۆشنبیره‌ كورده‌ گوتی: زۆر به‌خته‌وه‌رم ئه‌و شانازییه‌م هه‌یه‌ له‌م رێوره‌سمه‌دا له‌سه‌ر ئه‌و كه‌ڵه‌ پیاوه‌ قسه‌ بكه‌م، كاك فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی له‌ ساڵه‌كانی شه‌سته‌وه‌ من وه‌كوو ناو بیستوومه‌ و له‌ چه‌ند بۆنه‌یه‌كیشدا خۆم شه‌ڕه‌فی ئه‌وه‌م هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵیدا به‌شداربووم له‌ كاری سیاسیدا و به‌ تایبه‌ت له‌و قۆناغانه‌ی كه‌ حكوومه‌تی به‌عسی فاشیست به‌ چه‌كی كیمیایی كوردستانی بۆردوومان ده‌كرد، له‌و دانیشتانه‌ی كه‌ له‌ تاران به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌نجاممان ده‌دا و هه‌روه‌ها له‌ چه‌ندین بۆنه‌ی دیكه‌دا.

گوتیشی: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی ئه‌ندامی پارتێكی سیاسی كوردستان بوو، به‌ڵام هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵیدا داده‌نیشتی وتووێژت ده‌كرد له‌ پێشه‌وه‌ وه‌كوو رۆشنبیر و تێكۆشه‌رێكی كورد و وه‌كوو كوردێكی سه‌رتاسه‌ری بۆ هه‌موو كه‌سێك و بۆ هه‌موو زوڵملێكراوێك بیری ده‌كرده‌وه‌، جیا له‌ ئایین. بۆیه‌ شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆر له‌مه‌ زیاتر له‌ بۆنه‌كاندا یادی بكه‌ینه‌وه‌ و ته‌مه‌نا بكه‌ین له‌ به‌هه‌شتی به‌رین شاد بێت و ته‌مه‌ناش بكه‌ین كه‌نموونه‌ی پیاوی تێكۆشه‌ری ئاوه‌ها له‌ناو میلله‌ته‌كه‌ماندا له‌ رووی سیاسی، ئه‌ده‌بی و رۆشنبیرییه‌وه‌ هه‌میشه‌ نموونه‌یان زۆر بێت.

نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتی: كاكه‌یی له‌ راستیدا وه‌كوو مڕۆڤ به‌ تایبه‌ت له‌ بواری رۆشنبیری هه‌میشه‌ له‌ پێناوی پێشخستنی فه‌رهه‌نگی میلله‌ته‌كه‌ی و تێكه‌ڵاوكردنی به‌ فه‌رهه‌نگی ده‌ورووبه‌ری درێغی نه‌كردووه‌ و ئومێد ده‌كه‌م كه‌ هه‌موو رۆشنبیرانی كورد لاسایی ئه‌و قوتابخانه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ كاكه‌یی خوالێخۆشبوو تێیدا په‌روه‌رده‌ بوو.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌م مه‌راسیمه‌دا شاعیری به‌ئه‌زموونی كرماشانی كه‌یوومه‌رس عه‌باس ناسراو به‌ "قه‌سری" شیعرێكی به‌ زاراوه‌ی كه‌ڵهوڕی سه‌باره‌ت به‌ كه‌سایه‌تیی فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی و پێگه‌ی ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ ناسراوه‌ كورده‌ خوێنده‌وه‌ و له‌ درێژه‌یدا توێژه‌ر و كه‌سایه‌تیی توركی ئازه‌ربایجانی سه‌ید ئه‌سه‌دوڵڵا حوسه‌ینی وتارێكی عێرفانی سه‌باره‌ت به‌ ره‌وش و كرده‌وه‌كانی فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی پێشكه‌ش كرد.

له‌ درێژه‌ی ئه‌م رێوره‌سمه‌ بیرئانینه‌دا مه‌نووچهێر شیرمحه‌مه‌دی به‌ ده‌نگ، فه‌ڕشاد شیرمحه‌مه‌دی به‌ ژه‌نینی ئامێری ته‌نبوور و محه‌مه‌د ڕه‌زا شیرمحه‌مه‌دی به‌ ژه‌نینی ئامێری ده‌ف چه‌ندین گۆرانی و پارچه‌ موزیكی عیرفانی و ئایینیان پێشكه‌ش كرد.

هه‌روه‌ها مامۆستای زانكۆی تاران و نوێنه‌ری شاری سنه‌ له‌ خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی ئێران دكتۆر جه‌لال جه‌لالیزاده‌، وتارێكی پێشكه‌ش كرد و له‌ سه‌ره‌تای قسه‌كانیدا گوتی: خوالێخۆشبوو فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی سیاسه‌تمه‌دارێك بوو كه‌ ئه‌خلاقی رچاوده‌گرت. سه‌باره‌ت به‌م كه‌سایه‌تییه‌ بابه‌تی زۆر ده‌توانین باس بكه‌ین، به‌ڵام بێتوو به‌ هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی ئه‌و ئاماژه‌ نه‌كه‌ین هه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و پێڕه‌وی ئایینی یارسانه‌ و له‌ دایكبووری شاری كه‌ركووك دڵی كوردستانه‌ بۆ ئێمه‌ به‌سه‌. چونكه‌ تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی زیندوو بێت و ناوی له‌ دڵی ئێمه‌دا بێت ئه‌و بڕوایه‌م هه‌یه‌ ناوی كه‌ركووكیش هه‌ر ده‌مێنێته‌وه‌. چونكه‌ شایه‌د كه‌ركووك له‌ یاده‌كان بسڕدرێته‌وه‌، به‌ڵام كه‌سایه‌تییه‌ گه‌وره‌ و كاریگه‌ره‌كان له‌ دڵی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كدا ده‌بنه‌ هۆی زیندووڕاگرتنی شوێنه‌كان و ساته‌كان. به‌بڕوای من هه‌ر ئه‌و خاڵه‌ مێژووییه‌ كه‌ فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی خه‌ڵكی كه‌ركووكه‌ بۆ پێكانی مه‌به‌سته‌كه‌ی ئێمه‌ به‌سه‌.

گوتیشی: بایه‌خی كاره‌كانی فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی له‌ دوو خاڵدایه‌، یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ڕێزیان پێنووس و چه‌كیان پێكه‌وه‌ تێكه‌ڵكرد و له‌ دوو گۆڕه‌پاندا خه‌باتیان كرد، یه‌كه‌م گۆڕه‌پانی رۆشنبیری بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی و دووه‌م له‌ گۆڕه‌پان دژی داگیركه‌راندا به‌ زمانی چه‌ك شه‌ڕی كرد، چونكه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ بێجگه‌ له‌ زمانی چه‌ك شتێكی دیكه‌ نافامن، ده‌بێت به‌ زمانی زۆر شه‌ڕ بكه‌ی و ئه‌و له‌ نیعمه‌تی پێنووس كه‌ڵكی وه‌رگرت و بایه‌خی قه‌ڵه‌می ڕاگرت و په‌یامه‌كه‌ی خۆی له‌ رێگای پێنووسه‌وه‌ راگه‌یاند.

نوێنه‌ری شاری سنه‌ له‌ خولی شه‌شه‌می په‌ڕڵه‌مانی ئێران له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتی: فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی ده‌رفه‌ته‌كانی ده‌قۆسته‌وه‌ و له‌ ته‌واوی ساته‌كانی چ له‌ سه‌رده‌می لاوییه‌تی و چ له‌ سه‌رده‌می رۆژنامه‌نووسی، نووسه‌ری، په‌رله‌مان، رادیۆ و وه‌زاره‌ت به‌ڕاستی له‌ ساته‌كانی ژیانی به‌ باشی كه‌ڵكی وه‌رگرت. ئه‌و له‌ سه‌نگه‌ری هزر و ئه‌ندێشه‌ به‌ چه‌كی پێنووس چوو بۆ شه‌ڕی نه‌زانی و نه‌فامی. له‌ سه‌نگه‌ری په‌رله‌مان و حكوومه‌ت بۆ به‌ره‌وپێشبردنی نه‌ته‌وه‌كه‌ی و گه‌شه‌سه‌ندنی نیشتمانه‌كه‌ی خه‌باتی كرد و شوێنه‌ وێرانكراوه‌كانی ئاوه‌دانكرده‌وه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی كوردستانێكی نوێی بونیادنا.

گوتیشی: ئه‌و كه‌سێكی ورد، ئیشكه‌ر، ماندوونه‌ناس، خوێنگه‌رم و خۆشڕوو و كه‌سێك بوو كه‌ تێكه‌ڵاوییه‌كی زۆری له‌گه‌ڵ ده‌ورووبه‌ره‌كه‌ی هه‌بوو. هه‌ر كه‌س ته‌نانه‌ت ئه‌و له‌ ته‌له‌فیزیۆن بینیبێێت ده‌زانێت كه‌ ده‌م به‌ بزه‌بوون و كرده‌وه‌ی چاكی ئه‌و شایه‌دێكه‌ بۆ ده‌روونی ئه‌و. بیركردنه‌وه‌ سه‌رتاسه‌ری وجوودی داگرتبوو، بیركردنه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ شوێنی له‌ دایكبوونی "كه‌ركووك"، "كوردستان"، "چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌كه‌ی" و "ئازادی كوردستان". ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ ئه‌وی خۆستبۆ جۆش و خرۆشه‌وه‌.

مامۆستای زانكۆی تاران له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتی: زامه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و زامه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌ پێنووسه‌كه‌ی راده‌گه‌یاند، پێنووسی له‌ ده‌ستدابوو، به‌ڵام هیچ كاتێك بۆ مه‌به‌ستێكی تایبه‌ت و بژێوی ژیان كه‌ڵكی لێوه‌رنه‌ده‌گرت و له‌ رێگای رزگاری خه‌ڵكه‌كه‌ی كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گرت. ئه‌وین به‌ خه‌ڵكی هانیده‌دا كه‌ بنووسێت و خه‌باتكارێكی نه‌ترس، به‌ڵێندار و بلیمه‌ت بوو و به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ پێنووسه‌كه‌ی دژی ناعه‌داڵه‌تی، نابه‌رانبه‌ری و دژمونانی گه‌ل خه‌باتی كرد. به‌و شته‌ی كه‌ بیری لێده‌كرده‌وه‌ كرده‌وه‌ی ئه‌نجامدا و خۆی به‌ هیچ یه‌ك له‌ قۆناغه‌ فیكرییه‌كانی سه‌رده‌می خۆی نه‌به‌سته‌وه‌.

گوتیشی: ئه‌و هیچ كاتێك پێنووسه‌كه‌ی نه‌فرۆشت و ئه‌و هیچ كاتێك ته‌سلیمی ئاسایش، بێده‌نگی، وه‌ستان و ره‌زامه‌ندیی نه‌بوو. تینووی گه‌یشتن به‌ راستییه‌ نوییه‌كان بوو، سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌كانی ده‌ورووبه‌ری بێ ته‌فاوه‌ت نه‌بوو، عه‌قلی بێداری زه‌مان له‌ كۆمه‌ڵگای یارستان و كوردستان بوو. ژیانی ئه‌و به‌ڵگه‌ی زیندووی نووسه‌ری به‌ڵێندار و خزمه‌تكاری نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌تی. له‌ هه‌موو شتێك گرینگتر ئه‌خلاقبوونی ئه‌وه‌. ئه‌و كه‌سێك نه‌بوو كه‌ دروشم بدات، به‌ڵكوو كه‌سێك بوو كه‌ ده‌سته‌به‌ری سووننه‌ته‌كان، رووناكی، راستییه‌كان، چاكه‌، شه‌ڕافه‌ت و مرۆڤایه‌تیی بوو.

دكتۆر جه‌لال جه‌لالیزاده‌ له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا گوتی: فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی له‌ خزمه‌ت كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆیدا بوو، ئه‌و هونه‌ره‌كه‌ی وه‌كوو هونه‌رمه‌ندێكی به‌ڵێندار دانا، هونه‌رێك له‌ خزمه‌ت سه‌ربڵندی نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانه‌كه‌ی، ئه‌و له‌ ناو دڵی كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆی رابوو، به‌ڵام كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆی له‌بیرنه‌برده‌وه‌، ئه‌و له‌ ره‌گه‌زی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ بوو و له‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌ هۆی پایه‌ و مه‌قامه‌وه‌ دانه‌بڕا.

له‌ درێژه‌ی ئه‌م به‌رنامه‌یدا نووسه‌ر و لێكۆله‌ری مه‌سه‌له‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست سیامه‌ك كاكه‌یی له‌ وتارێكی زانستیدا له‌ روانینی تیۆرییه‌وه‌ ئه‌ندێشه‌ و كرده‌وه‌كانی فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی خسته‌ڕوو و له‌ سه‌ره‌تای قسه‌كانیدا گوتی: ئه‌و رێزلێنانه‌ به‌ بۆنه‌ی ئه‌ندێشه‌ی مامۆستا كاكه‌ییه‌ و لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ تایبه‌تمه‌ندی ئه‌ندێشه‌ی ئه‌م رۆشنبیره‌ چییه‌؟ به‌بڕوای من له‌ سێ لایه‌نه‌وه‌ ده‌توانرێت ئه‌ندێشه‌ی ئه‌و به‌ڕێزه‌ بخه‌ینه‌ به‌ر لێكۆڵینه‌وه‌، له‌وانه‌: بڕوا به‌ یه‌كبوون، ئاشتیخوازی و هه‌روه‌ها ره‌سه‌نایه‌تیی.

گوتیشی: كاكه‌یی به‌ هۆی بڕوابوون به‌ یه‌كێتی و پێكه‌وبوون هه‌نگاوی هه‌ڵێناوه‌ و به‌م هۆیه‌وه‌ به‌ڕێزیان نه‌ سیاسیتمه‌دار به‌ڵكوو كه‌سایه‌تییه‌كی فه‌رهه‌نگییه‌ له‌ ئاستی كوردستانی عێراقدا و له‌ بازنه‌یه‌كی گه‌وره‌تر له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.

گوتیشی: تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دیكه‌ی فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی خۆڕاگری، له‌سه‌رخۆیی و هزری ئاشتیخوازانه‌ بوو و ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێزیاندا ئاشنابوون و یا شاره‌زای نووسینه‌كانی بوون به‌ باشی ده‌زانن كه‌ له‌ جه‌نگه‌ی شه‌ڕ له‌ كوردستانی عێراقدا فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی رخنه‌ له‌ گوتاری شه‌ڕ ده‌گرێت و توندووتیژی ره‌تده‌كاته‌وه‌ و رووده‌كاته‌ وتووێژ و ئه‌وه‌ تایبه‌تمه‌ندیی دیاری پیاوێكی ئاشتیخوازی ناوچه‌كه‌یه‌. لێكۆله‌ری مه‌سه‌له‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا گوتی: په‌یامی ئه‌ندێشه‌، نووسین و كرده‌وه‌كانی فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی قسه‌ له‌ هاوژینیی و ئاشتیخوازییه‌ و ئه‌و بۆخۆی پێڕه‌وه‌یی كرده‌وه‌ی چاك و رووخۆشی بوو.

له‌ درێژه‌ی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌دا په‌یامی ئه‌نستیۆی فه‌رهه‌نگی كوردستان له‌ تاران خوێندرایه‌وه‌، له‌ به‌شێكی ئه‌م په‌یامه‌دا هاتووه‌: فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی وه‌كوو پێشمه‌رگه‌یه‌كی فه‌رهه‌نگی ساڵانێكی زۆر له‌ بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ كوردستان به‌ رێبه‌ری ژێنه‌راڵ بارزانی له‌ دژی رژیمی سه‌دامدا خه‌باتی كرد و تا رووخانی ئه‌م رژیمه‌ ده‌ستی له‌ خه‌بات بۆ وه‌دیهێنانی ئازادی هه‌ڵنه‌گرت. له‌ دوای رووخانی رژیمی به‌عسیشدا بۆ به‌ره‌وپێشبردن و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵ و تێكۆشانی بێوچانیدا. له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌م په‌یامه‌دا هاتووه‌: كاكه‌یی به‌ هۆی تێگه‌یشتوویی، وشیاریی، دروستكاریی و بێ خه‌وشییه‌وه‌ و هه‌روه‌ها به‌ هۆی هه‌ڵكردن و دڵ فراوانی و به‌ دوور له‌ به‌رچاوته‌نگیی له‌ پله‌ و مه‌قامه‌ جۆراوجۆره‌كاندا به‌تایبه‌ت وه‌كوو وه‌زیری رۆشنبیری خزمه‌تی به‌ خه‌ڵكی و نیشتمانه‌كه‌ی كرد.

له‌ كۆتایی په‌یامی ئه‌نستیۆی فه‌رهه‌نگی كوردستاندا هاتووه‌: له‌ ده‌ستدانی ئه‌م كه‌ڵه‌ پیاوه‌ خه‌ساره‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ كوردستان و له‌ نه‌وه‌ی داهاتوو داواكارین كه‌ رێگای ئه‌و و گه‌وره‌ پیاوانی وه‌كوو ئه‌و درێژه‌ پێبده‌ن و گه‌وره‌یی كردار، دروسكاری و راستی له‌وه‌وه‌ فێربن، تا ئه‌و نیشتمانه‌ له‌ كه‌سانێكی گه‌وره‌ی وه‌كوو ئه‌و و گه‌وره‌ پیاوانی دیكه‌ی كوردستان چۆڵ نه‌بێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌م یاده‌دا هونه‌رمه‌ندانی كرماشانی ئه‌ره‌ستوو كاكه‌یی و فه‌ڕوخ كاكه‌یی به‌ ئامێری ته‌نبوور و عێماد غه‌فووریان به‌ ئامێری ده‌ف مه‌قامه‌كانی ئامێری ته‌نبوور، له‌وانه‌: "مه‌جنوونی"، "سارووخانی"، "ته‌راز" و "جیلوه‌ی شاهییان" به‌ شێوه‌ی بێ گفتوگۆ پێشكه‌ش كرد.

هه‌روه‌ها به‌رپرسیاریی رێوره‌سمی بیرئانینی فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی، دكتۆر محه‌مه‌د عه‌لی سوڵتانی سه‌باره‌ت به‌ كه‌سایه‌تیی ئه‌م رۆشنبیره‌ كورده‌ گوتی: ئێمه‌ لێره‌دا سه‌باره‌ت به‌ مرۆڤێك قسه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌ مانای وشه‌ مرۆڤێكی ته‌واو بوو، مرۆڤێكی ئه‌خلاقی بوو، مرۆڤێك بوو كه‌ بایه‌خی بۆ ئایین و ره‌سه‌نایه‌تیی خۆیداده‌نا. ئه‌و ره‌وته‌ی كه‌ ئه‌و له‌ ئه‌ندێشه‌ی خۆیدا شیده‌كرده‌وه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ ئێمه‌ ده‌بێت له‌ لایه‌نی فه‌لسه‌فی، ئه‌ده‌بی و رۆحانییه‌وه‌ پێی بڕوانین.

گوتیشی: كاكه‌یی عارفێكی زانا، ئه‌دیبێكی شاره‌زا، زمانزانێكی پسپۆڕ، خاوه‌ن قه‌ڵه‌مێكی به‌توانا و سیاسه‌تمه‌دارێكی به‌ ویژدان بوو. مردنی مامۆستا كاكه‌یی وه‌كوو ژیانیشی كاریگه‌ر بوو. ده‌بێت راشكاوانه‌ رایبگه‌یه‌نم كه‌ ئه‌م كۆبوونه‌وه‌ مرۆڤایه‌تی، كلتووری، كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئایینییه‌، یه‌كه‌مین پێكه‌وبوونی گرووپی و ئاشكرای ئایینێكه‌ كه‌ سێ هه‌زار ساڵه‌ له‌ جوگرافیای ئه‌م نیشتمانه‌دا به‌م شێوه‌یه‌ كۆنه‌بوونه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌ به‌ هۆی كۆچی عارفانه‌ی مامۆستا فه‌له‌كه‌دین كاكه‌ییه‌ و ئه‌وه‌ بۆخۆی خاڵێكی سه‌ره‌تاییهو ئه‌و جووڵانه‌وه‌یه‌ كارێكی ساكار نییه‌.

نووسه‌ر و توێژه‌ری ئایینی یارستان له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتی: ئه‌مڕۆكه‌ رۆژێكی مێژووییه‌ و ئه‌مڕۆ رۆژێكه‌ كه‌ ته‌واوی یارسانییه‌كانی ئه‌م نیشتمانه‌ له‌ ئازه‌ربایجان، كرمانشاهان، لوڕستان، هه‌مه‌دان، تاران و تا ده‌گاته‌ ده‌روازه‌ی ئه‌روه‌ندڕوود لێره‌دا به‌ ئاشكرا و به‌ شێوه‌ی فه‌رمی یاد و بیرئانینی گه‌وره‌ پیاوێك له‌ ئایینی یارستان به‌رزڕاده‌گرن، ئێمه‌ به‌ بۆنه‌ی ئه‌و رۆژه‌ مێژووییه‌ پیرۆزبایی له‌ یه‌كتری ده‌كه‌ین و به‌ بۆنه‌ی كۆچیی دوایی كاكه‌ییه‌وه‌ سه‌ره‌خۆشی له‌ یه‌كتری ده‌كه‌ین. ئه‌وه‌یشی ئاشكراكرد: ئه‌مڕۆكه‌ دوو گه‌وره‌ پیاوی ئایینی یارستان یه‌كێك له‌ رۆژئاوای ئێران و ئه‌ویدیكه‌شیان له‌ تاران، له‌وانه‌: گه‌وره‌ پیاوی ئایینی یارستان ئاغا سه‌ید نیزامه‌دینی موشه‌عشه‌عی و ئاغا سه‌ید نه‌سره‌دینی حه‌یده‌ری په‌یامی به‌پێزیان بۆ ئێمه‌ ناردووه‌ و پشتیوانی ئێمه‌ له‌و كاره‌دا بوون. بۆ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ته‌مه‌ن درێژی به‌ ئاوات ده‌خوازین و هیوادارین كه‌ ناوی كۆمه‌ڵگه‌ی یارستان جارێكی دیكه‌ له‌ ئازه‌ربایجان تا ده‌گاته‌ ئه‌روه‌ندڕوود به‌ یه‌كده‌ستی و یه‌كێتی بمێنێته‌وه‌.

له‌ دوایین به‌شی رێوره‌سمی بیرئانینی سیاسه‌تمه‌دار و رۆشنبیری ناوداری كورد فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی موزیكزانانی لاوی كورد و ئه‌ندامانی گرووپی موزیكی "شه‌مس" سۆهراب پوورنازری، به‌ ئامێری ته‌نبوور و حوسێن ره‌زایی نیا به‌ ئامێری ده‌ف چه‌ندین پارچه‌ موزیكی ره‌سه‌نی ته‌نبووریان پێشكه‌ش كرد.

 

 

مه‌نسوور جیهانی/ پ. ف

 

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 235
شیوه نمایشی سایت:
  • Font size:
  • Decrease
  • Reset
  • Increase