نازم دەباغ : کۆنگرەکەی هەولێر ئێرانییەکانی نیگەران کردووە و کاردانەوەی زۆر خراپی هەبووه

نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران دەڵێت: نەدەبوو لەم كات و ساتەدا و لە شاری هەولێر وەها كۆنگرەیەك كە داوای ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئیسرائیل دەكات بەڕێوەبچێت چونكە ئەو كۆنگرەیە ڕەنگدانەوەی خراپی هەبوو هەروەها ئێرانییەكانیش نیگەران كردووە، ئێمەش لای خۆمانەوە ڕوونكردنەوەی پێویستمان داوە.

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران بە SNNی ڕاگەیاند: لەسەر بەستنی ئەو كۆنگرەیەی كە بەر لە دوو ڕۆژ لە لایەن ژمارەیەك لە سەرۆك عەشیرەتە عەرەبەكانەوە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو كە تیایدا داوای ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئیسرائیل كرا، ئێمە لە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێران بانگهێشت نەكراوین چونكە ئەوە كەناڵ و ڕێگای دیكەی هەیە كە دەكرێت لە ڕێگەی كونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەستنی ئەو كۆنگرەیە لەم كات و ساتەدا و لە شاری هەولێر ڕەنگدانەوەی خراپی بەدوای خۆیدا هێناوە و ئێرانییەكانیشی نیگەران كردووە، بۆیە وروژندنی ئەم بابەتە لەم كاتەدا و لە شاری هەولێر دەبێت لێكۆڵینەوەی زیاری لەسەر بكرێت و هەروەك بینیشمان لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمەوە ئیدانەی ئەم جۆرە كارە كرا بەڵام دەبێت لێكۆڵینەوەی زیاتر و وردتری تیادا بكرێت.

نوێنەرەكەی حكومەتی هەرێم لە تاران ئەوەشی خستەڕوو، لەلایەن كەناڵە ڕاگەیاندنەكانی ئێرانەوە پرسیاری زۆرمان لەسەر ئەم بابەتە لێكراوە ئێمەش لەلایەن خۆمانەوە ڕوونكردنەوەی پێویستمان داوە و هەڵوێستی فەرمی حكومەتی هەرێممان بۆ ڕوونكردونەتەوە و بەستنی ئەو كۆنگرەیەمان بە هەڵوێستی فەرمی حكومەتی هەرێم نەزانیوە.

SNN/ عەلی حەمە سەعید

Read کد خبر: 2608

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی