وتووێژی دیپلۆماسی ئێرانی لەگەڵ نازم دەباغ نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران

  • یەک شەممە, 03 ت دووەم 2013

 نازم دەباغ نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران لە وتووێژ لەگەڵ "دیپلۆماسی ئێرانی" بە ئاماژە بە سەردانی "زەریف" بۆ عێراق تەئکید دەکاتەوە کە هاتنە سەر کاری دەوڵەتی ڕووحانی دەتوانێت خاڵێکی بەرچاو لە پەیوەندییەکانی دوو لایەنەی نێوان ئێران و عێراق بێت و بە پێی ئەو ئەزموون و توانا دیپلۆماسیانەی "زەریف" دەتوانین چاوەڕوانی پەیوەندییەکانی بەهێزی نێوان ئێران و عێراق بین.

  دیپلۆماسی ئێرانی: محەمەدجواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران لە یەکەمین سەردانی دەرەوەی خۆیدا سەردانی بەغدای پێتەختی عێراقی کرد. زەریف لەم سەردانەیدا چاوی بە نووری مالکی سەرۆک وەزیر، خوزەیر خەزاعی کەفیلی سەرۆک کۆماری عێراق، ئوسامە نوجەیفی سەرۆکی پەڕڵەمانی عێراق و ... کەوت و پەیامی حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆمار و ئیسحاق جەهانگیری جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری بە نووری مالکی ڕاگەیاند و مالکیش بە بۆنەی دەست بەکاربوونی دەوڵەتی نوێی لە ئێران و بەرپرسانی ئێرانی پیرۆزبایی کرد. سەبارەت بە گرینگی سەردان و دەرئەنجامەکانی لەگەڵ نازم دەباغ نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران وتووێژمان کردووە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:

 

هەڵسەنگاندنی ئێوە لە سەردانی محەمەدجواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران بۆ عێراق چییە؟ چونکە عێراق وەکوو یەکەمین شوێنی سەردانی دەرەوەی زەریف هەڵبژێدراوە؟

 

هۆیەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێران و عێراق لە ئێستادا پەیوەندییەکی بەهێز و دێرینیان پێکەوە هەیە. بەرپرسانی ئێرانی لەگەڵ زۆربەی بەرپرسانی عێراقی بە تایبەت لە ساڵانی خەبات دژی ڕژیمی دیکتاتۆری عێراقدا پەیوەندییەکی نزیکیان هەبووە و ئەم پەیوەندییە لە ساڵانی دوای ڕووخانی سەدامیشدا پاراستراوە. لەم ساڵانەی دواییدا و بە تایبەت دوای دروستبوونی قەیرانی سووریاش ئێران و عێراق بە هۆی باروودۆخی ناوچەکەوە زیاتر لە ڕابردوو لە یەکتری نزیک بوونەوە. دوای پێکهێنانی دەوڵەتی نوێی ئێران بە سەرۆکایەتی دکتۆر ڕووحانی بە لەبەرچاوگرتنی سیاسیەتی بەڕێزیان لە بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەلًًَ دراوسێکان، چاوەڕوان دەکرا کە پەیوەندی ئێران و عێراق باشتر لە ڕابردوو بێت کە ئەم سەردانەی ئاغای زەریف لەم پێناوەدا جێگای سرنج و شیکردنەوەیە.

 

هەر وەکوو دیارە یەکێک لەو باسانەی کە خراوەتەڕوو لەم سەردانەدا ئیحتمالی هێرشی ئەمەریکایە بۆ سووریا. لەم لایەنەوە ئێران و عێراق چ هەڵوێشتێکیان هەیە؟

 

بە هەر حاڵ ئێران و عێراق دەیانەوێت ڕۆڵێکی چالاک و کاریگەریان لە مەسەلە ناوچەییەکان بە تایبەت مەسەلەی سووریادا هەبێت. سووریا دراوسێی عێراق و یەکێکە لە هاوپەیمانەکانی ئێران و هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لەم وڵاتە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئێران و عێراق دەبێت. ئێران و عێراق هەر وەکوو ئاغای زەریفیش ئاماژەی پێکردووە هەر دوو لە ڕابردوودا قوربانی چەکە کیمیاییەکان بوون بەڵام ئەوەی کە بە هۆی چەکە کیمیاییەکان هێرش بکرێتە سەر سووریا کاریگەری ڕاستەخۆی لەسەر ئێران و عێراق دەبێت.

چ باروودۆخی ئەمڕۆ و ئەو قەیرانەی کە لەم وڵاتەدا بوونی هەیەو چ هەڵگیرسانی جەنگ، کاریگەری نگەتیڤی لەسەر ناوچەکە بە تایبەت ئێران و عێراق دەبێت؛ هەر بەم بۆنەیەوە هاوفکری دوو وڵات و دابینکردنی هەڵوێستێکی هاوبەش سەبارەت بەم ڕووداوە و پێشگرتنی شەڕ لە ناوچەکەدا پێوستە. سەردانی ئاغای زەریف لەم باروودۆخەی ئێستادا کە ڕووداوگەلی گرینگ لە دراوسێی ئێمە لەسەرهەڵداندایە زۆر گرینگە و دەتوانێت بە داهاتووی ناوچەکە و داهاتووی پەیوەندییەکانی دوو وڵات یارمەتی زۆر ببەخشێت.

 

ئێران لە کۆنەوە هاوپەیمانی بەشار ئەسەد بووە و لە ئێستاشدا دژی هەر جۆرە گۆڕانکارییەکە لە حکوومەت لە سووریادا. ئەوە لە کاتێکدایە کە عێراق لە ڕابردوودا لەگەڵ حکوومەتی بەعسی سووریا دژایەتی بووە. تا چەندە عێراق لە ئێستادا سەبارەت بە قەیرانی سووریا لەگەڵ ئێران هاوبیروڕایە؟

 

شایەد بیروڕای جیاوازیان بووبێت. ناتوانین چاوەڕوانی ئەوە بین کە دوو وڵات لە تەواوی مەسەلەکاندا هاوبیرڕابن. ئەوەی کە ئەم دوو وڵاتە پێکەوە نزیک دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کە بیروڕا جیاوازەکان بنێنە لاوە باروودۆخی ئەمنییەتی ئێستا و داهاتووی ناوچەکە و گۆڕان و گۆڕانکارییەکانە کە ئێستاکە خەریکە ڕوودەدات. ڕاستە کە ئێران هاپەیمانی بەشار ئەسەد بووە و عێراق بەم شێوەیە نەبووە بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵە هاوبەشانەی کە ئەمڕۆ لە نێوان ئێران و عراقدا بوونی هەیە هەر دوو وڵات لە سەر ئەم مەسەلەیە هاوبیروڕان کە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا لە سووریا هەلوومەرجێک بڕەخسێت کە هەموو خەڵکی سووریا لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدارییەکی چالاکانە بکەن و لەم ڕێگایەوە بڕیاربدەن کە چ کەسێک سەرۆک کۆماری سووریا بێت و بەشار ئەسەد لە دەستەڵات بمێنێتەوە یا ئەوەی کە لە دەستەڵات بچێتە ئەو لاوە.

 

بەڕێز زەریف و زێباری لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی خۆیان لە سەر چارەسەرکردنی ئاشتیانەی قەیرانی سووریا تەئکیدیان کردەوە. مەبەست لەم ڕێگا ئاشتیانەیە چییە؟

 

هەر وەکوو ئاماژەم پێکرد ئێران و عێراق لەو بڕوایەدان کە باروودۆخی داهاتووی سیاسی سووریا دەبێت خەڵکی ئەم وڵاتە دیاریبکەن و بە دەستێوەردانی دەرەکی تەنیا قەیرانەکە بەربڵاوتر دەبێت. ئێران و عێراق بە شوێن چارەسەرکردنی ئەم مەسەلەیە لە ڕێگای وتووێژی نەتەوەیی و بە ئامادەبوونی هەموو گرووپە سیاسییەکانی سووریان. ڕوون و ئاشکرایە کە درێژپێدانی باروودۆخی ئێستا لە بەرژەوەندی دوو وڵاتدا نییە. هەر جۆرە نائەمنی لە دراوسێ ئێمە بە زەرەری ئێمەیە. هەر بەم پێیە ئێران و عێراق و زۆربەی وڵاتانی دیکەش لەمبارەیەوە هاوبیروڕان کە شەڕ و پێکدادانە نیزامییەکان لە سووریا دەبێت کۆتایی پێبێت و هەموو نەتەوەکان و مەزهەبەکان، لەوانە: شیعە، سوننە، کورد، دەرووزی، مەسیحی و ... هاوپەیمانی یەکتری بن تاکوو مەترسی ئەلقاعیدە و تیرۆریزم لەناوبەرن. ئەگەر ئەم کارە نەکرێت دەبینین کە ئەلقاعیدە ڕیشەی زیاتر دادەکوتێت و ڕادیکسالیزم لە ناوچەکەدا گەشە دەکات و هەر ئەمە داهاتووی سەرتاسەری ناوچەکە بەرەو تاریکی دەبات.

 

ئاغای زەریف بە هەڵبژاردنی عێراق وەکوو یەکەمین شوێنی سیاسیەتی دەرەوەی خۆی لەڕاسیتیدا سیاسەتی ناوچەگەریی خۆی دەست پێکرد. بە بڕوای ئێوە گۆڕینی دەوڵەت لە ئێراندا تا چ ڕادەیەک کاریگەری لەسەر پەویوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق دەبێت؟

 

هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لە ئێران کە بووە هۆی ئەوەی کە دەوڵەتی ئاغای ڕووحانی بێتە سەر کار، دەتوانێت خاڵێکی درەوشاوە لە پەیوەندییەکانی دوو لایەنی نێوان ئێران و عێراق بێت. بە هەر حال سیاسەتە گشتییەکان مومکینە کە درێژەی پێبدرێت بەڵام یەک جیاوازی جیدی دەوڵەتی ئێستا لەگەڵ دەوڵەتی ڕابردوودا کەسایەتیی ئاغای ڕووحانی و ئاغای زەریفە کە هەر دووکیان توانایی دیپڵۆماسی جیدییان هەیە. بە پێی ئەو ئەزموون و توانا دیپڵۆماسییە و بە پێی ئەوەی کە ئاغای زەریف یەکەم هەنگاوی دیپڵۆماسی خۆی لە عێراقدا هاویشتووە دەتوانین چاوەڕوانی ئەوە بین کە ئێران و عێراق پەیوەندی دوو لایەنەی خۆیان بەهێز کردووە. ئەم ڕووداوە دەتوانێت بە هاوپەیمانی وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش یارمەتی ببەخشێت و ئەمنییەت و ئاسایش لە ناوچەکەدا ببینین. 

 

حوسێن شەهرستانی جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کاروباری وزە دوای دیدار لەگەڵ محەمەد جواد زەریف ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ یارمەتیدان بە ئێران سەبارەت بە بەرنامەی ناڤۆکییەکەی، ئەم یارمەتییە بە چ مانایەکە؟

 

لە سەردانی بەڕێز زەریف بۆ عێراق لە نێوان دوو لایەندا سەبارەت بە دانووستانەکانی داهاتووی نێوان ئێران و گرووپی 1+5 سەبارەت بە بەرنامەی ناڤۆکی ئێران وتووێژکراوە. عێراق هەم دەتوانێت ڕۆڵی خانەخێو لە وتووێژەکانی ناڤۆکی ئێراندا ببینێت و هەمیش دەتوانێت بە یەکسانی و ڕاستییەوە لە نێوان دوو لایەندا ڕۆڵی حەکەم و ناوبژیوان بگێڕێت. بە هەر حاڵ عێراق پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئێران هەیە و دەتوانێت متمانەی ئێران بۆلای خۆی ڕابکێشێت. لە لایەکی دیکەشەوە عێراق پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ وڵاتانی عەڕەبی و بە تایبەت ئەمەریکا و ئەورووپا هەیە و دەتوانێت لەم بوارەدا ناوبژیوان بێت تا گرژییەکانی نێوان ئێران و ڕۆژئاوا کەمبکاتەوە. ئەم هەنگاوە نە تەنیا لە بەرژەوەندی ئێران و عێراقدایە بەڵکوو لە بەرژەوەندی سەرتاسەری ناوچەکە و جیهانیشدایە.

 

محەمەد جەواد زەریف لە پەیوەندیی لەگەڵ ڕووداوەکانی ئەم دوایانەی کەمپی ئەشرەف جێگای  مانەوەی گرووپی تیرۆڕیستی مونافقین، لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی دوای دیدار لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی خۆی وتوویەتی کە ئێران مانەوەی تیرۆڕیستەکانی هاودەستی ڕژیمی بەعس لە سەرکوتکردنی خەڵکانی عێراق لەم وڵاتەدا مەترسییەک بۆ پەیوەندی نێوان دوو لایەن دەبینێت. بە بیڕوای ئێوە ئەم مەسەلەیە لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو لایەندا چ پێگەیەکی هەیە؟

 

 هێرشکردن بۆ سەر کەمپی ئەشرف ڕووداوێک نییە کە بتوانێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراقدا کاریگەری هەبێت. سیاسیەتی دەرەوەی عێراق لە سەرەتاوە سەبارەت بە موجاهیدینی خەلق یەکسان بووە و حکوومەتی عێراق بەردەوام بە چوونەدەرێی ئەم گرووپە لە عێراق تەئکیدی کردووە. ئەم سیاسەتە لە سەرەتاوە ڕوون و ئاشکرابووە و عێراق نایەوێت کۆمەڵەیەکی چەکدار کە دژی وڵاتی دۆست و دراوسێیان چالاکی دەکات لەم وڵاتە بمێنێتەوە و نائەمنی دروست بکات. بەڕێز زێباریش ئاماژەی کردووە کە دەوڵەتی عێراق لە پەیوەندی لەگەڵ ڕووداوەکانی ئەم دوایانەی کەمپی ئەشرەفدا لێژنەیەکی تەحقیقی پێکهێناوە، بەڵام بە هەر شێوەیەک مونافقین هیچ پێگە و شوێنێکیان لە عێراقدا نییە و دەبێت هەر چی زووتر لە خاکی عێراق بچنەدەرێی. عێراق زۆر جار لە کۆمەڵگای جیهانی داوای کردووە کە شوێنێکی دیکە بۆ مانەوەی مونافقین دابین بکەن، بە بەرلەبەرچاوگرتنی ئەمانە هێشتا ئەم کارە ڕووینەداوە.

 

 

وتووێژ لە: وەحید عابدینی

 

 

 

 

Read کد خبر: 255

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی