بە بۆنەي دەستبەكاربووني وەك باڵيۆزي ژاپۆن لە عيراق، ئەمڕۆ بەڕێز كازويا ناشيدا باڵيۆزي ژاپۆن سەرداني فەرمانگەي پەيوەنديەكاني دەرەوەي حكومەتي كردو لەلايەن فەلاح مستەفا بەرپرسي پەيوەنديەكاني دەرەوەي پێشوازي لێكرا.

لە ديدارەكەدا كە كاروان جەمال جێگري بەرپرسي فەرمانگە ئامادەبوو، فەلاح مستەفا پيرۆزبايي دەستبەكاربووني لە باڵيۆز ناشيدا كرد و هيواي سەركەوتني بۆخواست لە كارەكانيدا و ئامادەيي فەرمانگەي پەيوەنديەكاني دەرەوەي نيشاندا بۆ هەماهەنگي و ئاسانكاري پێويست بەمەبەستي سەرخستني كارەكانيان لە هەرێم. 

بەڕێزيان تيشكي خستە سەر قەيراني سياسي و ئەمني ئەمڕۆي عيراق و مەترسي تيرۆرستان لەسەر چەند ناوچەيەكي عيراق و هێرشكردنە سەر چەند ناوچەيەكي هەرێمي كوردستان لە رۆژاني رابردوو. لەم رووەوە هەڵوێستي سەركردايەتي سياسي هەرێمي كوردستاني خستەڕوو كە بە پاڵپشتي پێشمەرگەو جەماوەري كوردستان و كۆمەڵگاي نێودەوڵەتي دەتوانن رێگە لە تيرۆرستان بگرن و ئارامي و سەقامگيري كوردستان بپارێزن.

باڵيۆز ناشيدا خۆشحاڵي خۆي دەربڕي بە سەرداني بۆ  هەرێمي كوردستان پاش دەست بەكاربووني وەك باڵيۆزي ژاپۆن و هيواي خواست بتوانن پەيوەنديەكانيان لەگەڵ هەرێمي كوردستان زياتر پەرە پێبدەن، هاوكات نيگەراني خۆي سەبارەت بە بارودۆخي چەند ناوچەيەكي عيراق كە لەژێر دەسەڵاتي تيرۆرستاني دەوڵەتي ئيسلاميدايە خستەڕوو.

لە تەوەرێكي ديكەي كۆبوونەوەكە باس لە رەوشي نالەباري ئاوارەكاني سورياو ئاوارەكاني ناوخۆي عيراق لە هەرێمي كوردستان كرا كە ژمارەيان بە بەردەوامي لەزيادبووندايەو ئەركي حكومەتي هەرێميان قورستر كردووە، لەم رووەوە بەرپرسي پەيوەنديەكاني دەرەوە وێڕاي نيشانداني سوپاسگوزاري بۆ ووڵاتي ژاپۆن لەبەرامبەر ئەو هاوكاريانەي كە تاكو ئێستا پێشكەشيان كردووەو داواي كرد كە بەردەوامبن لە پێشكەش كردني هاوكاري يە مرۆييەكانيان بۆ ئاوارەكاني عيراق و سوريا لە هەرێم.

هەردوولا باسيان لە ميكانيزمي پێشخستني پەيوەنديەكان كرد، فەلاح مستەفا هيواي خواست حكومەتي ژاپۆن ئاستي نوێنەرايەتي خۆي لە هەرێمي كوردستان بەرزبكاتەوە.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی