ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی 6ـی 2014 لە سەلاحەدین بەرێز مسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەرێز نیکۆلای مێلادینۆڤ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا سەرەتا نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە، هەروەها بەناوی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ بەهاناوە چوونی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەکان کە بەهۆی ڕووداوەکانی ئەم دواییەوە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، ڕاشیگەیاند کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی هاوکاریی مرۆیی بۆ ئاوارەکان دەستەبەر بکات.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی ئێستای عێراق خرایە بەرباس نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق نیگەرانیی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەرانبەر ڕووداوەکان ڕاگەیاند و بە پێویستیشی زانی کە ڕێگەچارەی سیاسی بژاردەی یەکەم بێت و دەستووری عێراق بکرێتە بنەما، چونکە ئەوانەی ئێستا لەناوچە سوننەنشینەکانن تەنیا گروپی تیرۆریستی نین، بەڵکو گروپی سیاسییش هەن کە تەنیا دەیانەوێ مافیان هەبێت و ڕێزیان لێ بگیرێت، هەروەها پێویستە کێشەکانی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش چارەسەر بکرێن و کێشەی ئەو ناوچانەی باشووری عێراقیش چارەسەر بکرێت کە لەساڵانی ڕابردوودا بەتەواوی پشتگوێ خراون و هیچ بووژانەوە و پێشکەوتنێکیان تێدا بەدی نەهاتووە.
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق داوای لە سەرۆک بارزانی کرد کە هەرێمی کوردستان وەک پێشوو ڕۆڵی هەبێت لە هاوکاری کردنی عێراق بۆ دەرباز بوون لەم قەیرانە و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی سیاسی و پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ لە عێراق کە لەسەر بنەمای شەراکەت و هاوکاریی هەموو لایەنەکان بێت.
لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێر هێنانی شاندی میوان، تێڕوانینی هەرێمی کردستانی لەسەر ڕەوشی ئێستای عێراق ڕوون کردەوە و تەئکیدی کردەوە کە هەرێمی کوردستان لە دە ساڵی ڕابردوودا نەرمییەکی زۆری نواند و هەمیشە ئامادە بووین بۆ چارەسەری كێشەكان، بەڵام هاوپەیمانەكانمان لە جێبەجێكردنی دەستوور و پابەندبوون بە ڕێككەوتنەكان بەردەوام پاشەکشەیان دەکرد و بەداخەوە بەهۆی سیاسەتی هەڵەی بەغدا و پشتگوێ خستنی لایەنەکانی تر كێشەكان قووڵتر بوون و گەیشتینە ئەو قەیرانەی ئێستا. بۆیە چارەسەریش ئەوەیە کە ئەو سیاسەتە لە بەغدا بگۆڕێت و ئەوانەی هۆکاری ئەو قەیرانەن دان بە شکستی سیاسەتی خۆیاندا بهێنن و ڕێگە لەبەردەم دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێی سیاسی بکەنەوە.
سەرۆک بارزانی تەئکیدیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان چیتر ئامادە نییە باجی سیاسەتە هەڵەکانی بەغدا بدات، ئێستا بەهۆی شکستی ئەوانەوەیە کە تیرۆریستان بوونەتە هاوسنووری هەرێمی کوردستان، بەڵام پێشمەرگەی کوردستان سنوورەکان و هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ئەو ناوچانە دەپارێزن.
سەبارەت بە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی نزیک هێڵی بەرەوڕووبوونەوە، سەرۆک بارزانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو شوێنانە خاکی کوردستانن و پیشمەرگە بۆ پاراستنیان و پارێزگاری کردن لە سەرجەم پێکهاتەکانی ئەو ناوچەیە لەوێن و لەوێ دەمێننەوە و ئێستا مادەی ١٤٠ کۆتایی هاتووە، کوردستان ڕێز لە نەتەوەکانی تری ئەو ناوچانەش دەگرێت و ڕاپرسییەکی شەفاف ئەنجام دەدەین و بۆ ئەوەش داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین هاوکاریمان بکەن.
لە کۆتایی دیدارەکەدا چۆنیەتی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی سیاسی و دانیشتی یەکەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خرایە بەر باس.
دوایین هەواڵەکان
- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران: سەردانەکەی پزیشکیان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئێران بە هەرێمی کوردستان
- ههرێمى كوردستان و ئێران جهخت له برهودان به پهيوهندييهكانيان دهكهنهوه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو
- نازم دەباغ له وتووێژ لهگهڵ ئاژانسی ئیرنا: مەسعوود پزشکیان سەردانی هەولێر دەکات
- نازم دەباغ: کاتی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق دیار نییە
- «سەلام رشدی» لهگهڵ شاندی یهکێتی هاورده و ناردنکارانی لقی ههولێر کۆبۆوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: ههميشه پشتيوانى و بهرگرى له مافهكانى ئێزدييان دهكهين
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ باڵیۆزی یهکێتیی ئهورووپا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ باڵيۆزى نهمسا كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى جهنهرال ڤاول دهكات