ئەمڕۆ چوارشەممە 27ـی 8ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شێخەكانی هۆزی شەمەڕ و چەند هۆزێكی عەرەبی ناوچەی ڕەبیعە و دەشتی نەینەوا كرد.

لە دیدارێكدا كەسایەتی و شێخەكانی هۆزی شەمەڕ و چەند هۆزێكی دی ئامادەیی خۆیان بۆ سەرۆك بارزانی نیشاندا بۆ ئەوەی بەگژ تیرۆریستانی داعش بچنەوە و بەشداری شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش بن. شاندی میوان دووپاتی ئەوەیان كردەوە كە ئامادەن چەك هەڵبگرن و تیرۆریستان لە ناوچەكە ڕیشەكێش بكەن و دژی هەموو هەوڵێكیش دەوەستن كە بیەوێت پێكەوەژیانی كورد و عەرەب و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی ناوچەكە تێكبدات. كەسایەتی و شێخەكانی هۆزی شەمەڕ و هۆزە عەرەبەكانی دەڤەری نەینەوا سوپاسی گەلی كوردستان و سەرۆك بارزانیان كرد كە لە مامەڵەكردن لەگەڵ پەنابەر و ئاوارەكان ڕەوشتی بەرز و ڕەسەنی مێژوویی خۆیان بەكار هێناوە و بوونەتە پەناگەی لێقەوماوان. ڕاشیانگەیاند كە ناتوانن دەستەوەستان بن لەوەی مزگەوت و شوێنە پیرۆزەكان تێكدەدرێن و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی لە لایەن تیرۆریستان بچەوسێندرێنەوە و ڕێگە نادەن هێزی شەڕ و تاریكی لە ناوچەكانیان دەستەڵات بگرێتە دەست.

هەر لەم دیدارە سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە هەڵوێستی شێخەكانی ئەو هۆزانە كرد و ئاماژەی بەوەدا كە شەرەفێكی گەورەیە گەلی كوردستان شەڕی زوڵم و تاریكی و وەحشیگەریی تیرۆریستان دەكات و ئێستا هاوكێشەكان لە بەرژەوەندیی هێزەكانی پێشمەرگە گۆڕاون و تیرۆریستان لە دۆخی داڕمان و دۆڕانن. سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە گەلی كوردستان هەمیشە لەگەڵ پێكەوەژیان و تەبایەتی و برایەتی بووە و خەباتی لەدژی داگیركاری و زوڵمدا كردووە و لە هیچ دۆخێكدا قبووڵی ئەوەی نەكردووە بچێتە ناو شەڕی نەتەوەیی و تاییفی. سەبارەت بە دەركەوتنی تیرۆریستانی داعش سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە سیاسەتی هەڵەی حكوومەتی بەغدا ژینگەیەكی وای دروست كرد تیرۆر و داعش گەشە بكات. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپات كردەوە كە هێزەكانی پێشمەرگە هەتا تێكشكاندنی تەواوەیی تیرۆریستان ناوەستن و بەسەریان سەردەكەون و ئەو ئامۆژگارییەشی دا كە پێویستە ئەو كەسانەی هاوكاری تیرۆریستان بوونە بە توندترین شێوە سزا بدرێن بەڵام ژیانی هاووڵاتیان و ئەو خەڵكەی پەیوەندییان بە تیرۆریستان نەبووە بپارێزرێت.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی