ئەمڕۆ دووشەممە 28ـی 4ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە عومەر بەرزنجی باڵیۆزی عێراقی فیدڕاڵ لە وڵاتی ڕۆمانیا كرد.

لە دیدارێكدا بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراق و هەروەها هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پارێزگاكانی هەرێم قسەی لەسەر كرا و پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و وڵاتی ڕۆمانیایش تاوتوێ كرا. هەر لەم دیدارەدا باس لە چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ڕۆمانیا كرا.

 

 

 

 

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

لە كاتێكدا گەلی كوردستان لە ئامادەكاریدایە بۆ شادیی هەڵبژاردن و جەژنی دیموكراسی بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 28ـی 4ـی 2014 دەستی ڕەشی تیرۆر شاری خۆڕاگر و قارەمانپەروەری خانەقینی كردە ئامانج و لە ئەنجامی كردەیەكی نامرۆڤانەی خۆكوژی لەنێو مەراسیمی هەوادارانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە شاری خانەقیندا ژمارەیەكی زۆری خوشك و براكانمان لەم شارە ئازیزە شەهید كران و ژمارەیەكی زۆریش بریندار بوون. سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی كەسوكاری شەهیدانی ئەم كارەساتە دڵتەزێنە و تەواوی خەڵكی كوردستان دەكەم و داواكارم لە خودای مەزن جێگەی ئەم شەهیدە سەربەرزانە بەهەشتی بەرین بێت و هیوای چاكبوونەوەی خێرایش بۆ بریندارانی ئەم ڕووداوە خەمناكە دەخوازم.

دوژمنان و ناحەزانی گەلی كورد چاویان بە ئازادی و ئۆقرەیی گەلەكەمان هەڵنایەت و دەیانەوێ لەڕێی تیرۆر و تۆقاندنەوە ئیرادەی گەلەكەمان تێكبشكێنن. ئیرادەی گەلەكەمان و خۆڕاگریی شاری شەهیدپەروەری خانەقین پۆڵایینە و داخلەدڵان و دوژمنانی گەلی كورد هیچ كات ناتوانن بە مەرامە گڵاوەكانیان بگەن.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان و گشت دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان ئامادەن بە هەموو هێز و توانایەكیانەوە یارمەتیی خەڵكی قارەمانی شاری خانەقین و برینداران و كەسوكاری قوربانیانی ئەم كارەساتە بدەن. داوایش لە هێزەكانی پێشمەرگە و دامودەزگەكانی ئاساییش و پۆلیس دەكەم بە چاوێكی كراوە و ورەیەكی بەرز بەردەوام بن لە پاراستنی گەل و نیشتیمانەكەیان و گورزی كوشندە لە تیرۆریستان و شەمشەمەكوێرەكان بوەشێنن. تیرۆریستان و دوژمنانی گەلی كورد باش بزانن كارەسات و قوربانیدان، یەكڕیزیی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان پتەوتر دەكات و پشت بە خودای مەزن هێز و ئیرادەی گەلەكەمان بەسەریاندا سەردەكەوین.

مسعود بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

28ـی 4ـی 2014

 

 

 

 

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 28ى نیسانى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى بارزگانیى كۆمارى ئیسلامیى ئێران كرد كه له‌‌ ڕۆسته‌مى قاسمى؛ به‌رپرسى كۆمیته‌ى په‌ره‌پێدانى بازرگانیى ئێران ـ عیراق و ژماره‌یه‌ك له‌ ڕاوێژكاران و پسپۆڕانى بوارى بازرگانى و ئابوورى به‌ تایبه‌تیش هه‌ردوو بوارى وزه‌ و كاره‌با پێكهاتبوو.

 

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا گفتوگۆیه‌كى تێروته‌سه‌ل له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورى و بازرگانییه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و عیراق له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامیى ئێران كرا و تیشك خرایه‌ سه‌ر چۆنیه‌تیى بره‌ودان و پێشخستن و فراونكردنى بواره‌كانى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و ئابوورى له‌ نێوان هه‌رێمى كوردستان و ئێراندا و بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه‌، هه‌ردوولا داكۆكییان له‌سه‌ر كاراكردنى هه‌موو كه‌ناڵه‌كانى ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ كرده‌وه‌.

 

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ڕێوشوێنى چۆنیه‌تیى به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى ئاڵوگۆڕى بازرگانیى نێوان هه‌ردوولا بۆ دوو به‌رابه‌رى ئاستى ئێستا و فراوانكردنى ئاستى هاریكاریى بوارى وزه‌ تاوتوێ كرا و بڕیار درا چه‌ند كۆمیته‌یه‌كى هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌ردوولادا پێك بهێنرێن بۆ ئه‌وه‌ى به‌ وردى كار له‌سه‌ر خواست و ئامانجى هاوبه‌ش و پلانى هه‌ردوولا بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان بكه‌ن و بیانخه‌نه‌ بوارى جێبه‌جیكردنه‌وه‌.   

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی