هەینی, 11 ئەیلول 2015 09:00

نازم ده‌باغ: نازانم ده‌ستشكانه‌وه‌ی‌ ماكگۆرك ‌و قاسم‌ سلێمانی‌ به‌كوێ‌ ده‌گات؟

نوێنه‌ری‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ تاران ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ ئێران ‌و ئه‌مه‌ریكا له ‌عێراق ‌و كوردستانیشدا نه‌ك هه‌ر ململانێ‌، به‌ڵكوو شه‌ڕیشیانه‌، ئه‌و ده‌ڵێت: "نازانم ده‌ستشكانه‌وه‌ی‌ ماكگۆرك ‌و قاسم سلێمانی‌ سه‌باره‌ت به‌ پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم به‌كوێ‌ ده‌گات؟"

تایبه‌ت به ‌ئاوێنه‌: نوێنه‌ری‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ تاران "نازم عومه‌ر" به ‌ئاوێنه‌ی‌ راگه‌یاند كه‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران تا ئێستا به‌ فه‌رمی‌ هه‌ڵوێستی‌ خۆی‌ سه‌باره‌ت به‌ پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم رانه‌گه‌یاندوه‌.

ئه‌و وتی:‌ "ئێران خوازیاره‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان خۆیان كێشه‌كانی‌ خۆیان به‌ سازان چاره‌سه‌ر بكه‌ن ‌و بگه‌نه‌ رێككه‌وتن. ئامانجی‌ ئێران ئه‌وه‌یه‌ له ڕووی‌ ئاسایشه‌وه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان سه‌قامگیر بێت، چونكه‌ هه‌ر نائارامییه‌ك له‌ كوردستان دروست ببێت، كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ئێران ده‌بێت".

وتیشی‌: "هه‌ستده‌كه‌م ئێران ‌و ئه‌مه‌ریكا سه‌باره‌ت به ‌پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هاوهه‌ڵوێستن‌ و له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌دان پرسه‌كه‌ به‌ سازان چاره‌سه‌ر بكرێت، چونكه‌ په‌رتبونی‌ كورد له‌م كاته‌دا كاریگه‌ری‌ خراپی‌ له‌سه‌ر شه‌ڕی‌ دژ به‌ داعش ده‌بێت".

ده‌رباره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ پێده‌چێت ماكگۆرك له ‌ناوچه‌ی‌ ژێرده‌سه‌ڵاتی‌ پارتیدا له ‌قاسم سلێمانی‌ ده‌سه‌ڵاتدارترو به‌هێزتر بێت، "نازم عومه‌ر" وتی":‌ "قاسمی‌ سلێمانی ‌‌و بریت ماكگۆرك هه‌ر دووكیان ده‌سه‌ڵاتیان له‌ عێراق‌ و سه‌رجه‌م كوردستانیشدا هه‌یه ‌و به‌هێزیشن، من نامه‌وێ‌ بچمه‌ ورده‌كارییه‌كانیه‌وه‌، هه‌روه‌ك چۆن ئه‌مه‌ریكا كاریگه‌ریی‌ له ‌هه‌رێمی‌ كوردستان‌ و له‌سه‌ر پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌یه‌، ئێرانیش به‌هه‌مانشێوه‌ كاریگه‌ریی ‌‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌یه‌".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ وه‌فدێكی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران له ‌دوێنێوه‌ له ‌هه‌رێمی‌ كوردستانه‌ و به‌مه‌به‌ستی‌ لێنزیكخستنه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌كان سه‌باره‌ت به ‌پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌، له‌گه‌ڵ‌ به‌رپرسانی‌ پێنج لایه‌نه‌كه‌ كۆده‌بنه‌وه‌.

 

 

 

فیلمێک سەبارەت بە ھەڵەبجە و بە ڕۆڵ بینینی "شوان عەتووف" بەشداری لە فیستیڤاڵی مۆنتڕاڵ دەکات

مەنسوور جیھانی  ـ  فیلمی سینەمایی "چیرۆکی ئەوینداریی" سەبارەت بە ھەڵەبجە و بە ڕۆڵ بینینی "شوان عەتووف" بەشداری لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنتڕاڵ" لە کەنەدا دەکات.

فیلمی سینەمایی "حکایت عاشقی" واتە "چیرۆکی ئەوینداریی" A Tale of Love لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "ئەحمەد ڕەمەزانزادە" و لە بەرھەمھێنانی سینەماکاری ناوداری لوڕ "مەسعوود جەعفەری جەوزانی" سەبارەت بە کارەساتی دڵتەزێنی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجە و بە ڕۆڵ بینینی ئەکتەری ناوداری کورد "شوان عەتووف" و ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران "بەھرام ڕادان" لە یەکەمین بەشداریی نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی "تەرکیز لەسەر سینەمای ھەڵبژاردەی جیھان" Focus on World Cinema لە میانەی سی و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنتڕاڵ" Montreal لە وڵاتی کەنەدا نمایش دەکرێت.

لە یەکەمین فیلمی بڵندیی سینەماکاری بیجاڕیی "ئەحمەد ڕەمەزانزادە"دا چەندین ئەکتەری ناوداری کورد و ئێرانی ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: "شوان عەتووف" لە ھەرێمی کوردستان، ئەکتەری ناوداری ئێرانی "بەھرام ڕادان"، ئەکتەر، شانۆنامەنووس و دەرھێنەری بەئەزموونی شانۆی کوردستان و ئێران دکتۆر "قەتبەدین سادقی"، ئەکتەری بەئەزموونی کرماشانی "بەھمەن زەڕین پوور"، ئەکتەری لاوی سنەیی خاتوو "شیلان ڕەحمانی"، ئەکتەری کورد "پەیام عەلەوی"، خانمە ئەکتەری منداڵی کوردستان "کیمیا مورادیان" و چەندین ئەکتەری دیکە.

بەشی "تەرکیز لەسەر سینەمای ھەڵبژاردەی جیھان" گرینگترین بەشی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "مۆنتڕاڵ" دوای بەشی سەرەکیی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی" دێتە ئەژمار کە تیایدا فیلمە گرینگەکانی سینەمای جیھان نمایش دەکرێن.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنتڕاڵ" بە نمایشی زیاتر لە ٤٠٠ فیلم لە سینەماکارانی ٨٠وڵاتی جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی"، بەشی "پێشبڕکێی فیلمە یەکەمەکان"، بەشی "تەرکیز لەسەر سینەمای ھەڵبژاردەی جیھان"، بەشی "بەھرەمەندە نوێیەکان"، بەشی "دیکۆمێنتەکانی جیھان"، بەشی "سینەمای چین"، بەشی "سینەمای کلاسیک"، بەشی "فیلمە خوێندکارییەکان"، بەشی "سینەما لە سێبەریی ئەستێرەکاندا"، بەشی "سینەمای ئێمە" و چەندین بەشی دیکە لە ڕۆژانی ٢٧ ئاب / ئۆگۆست تا ٧ ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٥ لە شاری مۆنتڕاڵ لە وڵاتی کەنەدا بەڕێوەدەچێت.

فیلمی "چیرۆکی ئەوینداریی" کە لە لایەن ناوەندیی سینەمایی فاڕابی ئێران لە ئاستی جیھاندا بڵاودەکرێتەوە لە یەکەمین نمایشی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی "سەودای سیمورغ" لە سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی فەجر لە تاران چووە سەر پەردەی سینەماکان و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە لەوحەی فەخری باشترین ئەکتەری تەواوکەری پیاو بە "بەھمەن زەڕین پوور" ئەکتەری پێشەنگی کرماشانی ئەم فیلمە بەخشرا.

ستافی ئامادەکردنی فیلمی سینەمایی "چیرۆکی ئەوینداریی" بریتین لە:

دەرھێنەر:ئەحمەد ڕەمەزانزادە، بەرھەمھێنەر:مەسعوود جەعفەری جەوزانی ـ بە ھاوبەشی ناوەندیی سینەمایی فاڕابی ئێران، نووسەرانی سیناریۆ بە ھاوبەشی: ئەحمەد ڕەمەزانزادە و مەسعوود جەعفەری جەوزانی، بەڕێوەبەری وێنەگرتن: محەمەد ئالادپووش، بەرپرسی بەرھەم: ئازیتا مۆوگویی، مۆنتاژ: نیما جەعفەری جەوزانی، بەڕێوەبەری ھونەریی سەحنە: موشکین مێھرگان، دەنگھەڵگر: ئیرەج شەھرزادی، دیزاینی میکیاژ: مەجید ئەسکەندەری، یاریدەدەری یەکەمی دەرھێنەر و بەرپرسی بەرنامەداڕێژی: ئاڕش سەجادی حوسەینی، دیمەنە تایبەتە مەیدانییەکان: موحسین رووزبەھانی، دیمەنە تایبەتە کۆمپیووتەرییەکان: ئەمیرڕەزا موعتەمیدی، موزیک: ئەڕەشک ڕەفیعی، فۆتۆگرافەر: عەلی نیک ڕەفتار، سەرپەرەستیی بەرھەم: پێژمان ھادەوی، بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنیی گشتیی: مەنسوور جیھانی و مەنووچێھر جیھانی، ڕاوێژکاریی دیمەنەکانی ھەڵەبجە: ئەحمەد ناتیقی و هه‌روه‌ها چەندین کەسی دیکە.

 

ئەکتەرەکانی ئەم فیلمە کوردییەش بریتین لە: شوان عەتووف، بەھرام ڕادان، قەتبەدین سادقی، بەھمەن زەڕین پوور، شیلان ڕەحمانی، پەیام عەلەوی، کیمیا مورادیان، محەمە بەکتاش، نەرگس ئەمینی، حوسێن ئیعتماد و چەندین ئەکتەری دیکە.

له‌ په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنیدا نێچیرڤان بارزانى سه‌ره‌خۆشى له‌ باوكى ئالان ده‌كات

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ هه‌ینى 4.9.2015، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، له‌ په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا كوردى، باوكى ئالانى جوانه‌مه‌رگ، كه‌ دیمه‌نى مه‌رگه‌ كاره‌ساتاوییه‌كه‌ى جیهانى هه‌ژاند، پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ خۆى خانه‌واده و كه‌سوكارى كرد و وێڕاى ده‌ربڕینى هاوخه‌مى، هاوسۆزى و هاوده‌ردیى خۆى بۆ له‌ده‌ستدانى هه‌ردوو منداڵه‌كه‌ى "ئالان و غالب" و هاوسه‌ره‌كه‌ى "ڕه‌یحان شتۆ"، هیواى خواست خواى گه‌وره‌ دڵنه‌وایى و سه‌بوورى بداته‌وه‌. هه‌روه‌ها هاوخه‌میى خۆى بۆ خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى هه‌موو كۆچبه‌رانه‌ى ڕۆژاواى كوردستان ده‌ربڕى، كه‌ له‌ ڕێگه‌ى كۆچبه‌ریدا گیانیان له‌ده‌ست داوه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا باوكى ئالان ـ ى جوانه‌مه‌رگ، سوپاس و پێزانینى خۆى بۆ ئه‌و به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌ و هاوبه‌شیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى له‌ خه‌م و به‌شداریكردنى له‌ پرسه‌كه‌یاندا ده‌ربڕى و گوتى: هاوبه‌شى و به‌شداریتان له‌ خه‌م و پرسه‌كه‌ماندا، مایه‌ى دڵنه‌وایى و سه‌بوورییه‌كى گه‌وره‌یه‌ بۆ خۆم و خانه‌واده‌كه‌م. هه‌روه‌ها دووباره‌ سوپاس و پێزانینى خۆى و خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى بۆ ئه‌م به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌ى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ربڕى.

"تۆماس گلۆزۆ" ڕاوێژکاری باڵیۆزخانەی فەڕەنسا سەردانی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستانی کرد

"تۆماس گلۆزۆ" ڕاوێژکاری باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە ئێران له‌گه‌ڵ دکتۆر "محه‌مه‌د سه‌دیق ئه‌حمه‌د" (جگەرخوێن) جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران دیداری کرد.

"تۆماس گلۆزۆ" ڕاوێژکاری باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە تاران، سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەمە رێکەوتی (١/٩/٢٠١٥) سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و لە لایەن دکتۆر "محه‌مه‌د سه‌دیق ئه‌حمه‌د" (جگەرخوێن) جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران و دکتۆر "ڕەمەزان فەخرەدین" ئەندامی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم و "عه‌لا غوڵام عه‌لی" کارمەندی نووسینگەی نوێنەرایەتی پێشوازیی لێکرا.

"تۆماس گلۆزۆ" بە مەبەستی ناساندنی خۆی سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و باسی لەوە کرد کە سەقامگیریی سیاسی لە کوردستان بۆیان گرنگە و گرنگترین شت بۆ فەڕەنسا ڕوبەڕووبوونەوەی داعشە.

ڕاوێژکاری باڵیۆزخانەی فەڕەنسا هەروەها پرسیاری پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی کرد و وتی بە لای فەڕەنساوە گرنگە کە کوردستان حکوومەت و سەرۆکێکی بەهێزی هەبێت.

"تۆماس گلۆزۆ" ڕێز و سوپاسی تایبه‌تی هەبوو بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەروەها ستایشی زۆری هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد لە ڕوبەڕووبوونەوەی تێرۆریستان و وتی فەڕەنسا وەکو دۆستی کورد بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی کردنی کوردستان و هیوادارین سەقامگیری ئەمنی و سیاسی کوردستان بەردەوام بێت .

جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ سەردانی "تۆماس گلۆزۆ" بۆ نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سوپاسی هەڵوێست و هاوکارییەکانی حکوومەت و گەلی فەڕەنسای کرد بۆ گەلی کوردستان و پێشمەرگە.

دکتۆر "جگەرخوێن" هەروەها هەڵوێستی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاند بۆ ڕاوێژکاری باڵیۆزخانەی فەڕەنسا باس کرد و وتی پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان چارەسەر کراوە بەڵام ئەمە پرۆسەیەکی دیموکراتیکە و هیوادارین لە چەند رۆژی داهاتوودا هەموو پارتە سیاسییەکان بگەنە ئەنجامێکی هاوبەش و ڕێکەوتنێکی هەمە لایەنە لەسەر پرسە گرنگ و چارەنووس سازەکان.

 

 

 

 

 

"نازم دەباغ" لە وتووێژی تایبەت لەگەڵ ئاژانسی ئیلنا: پلانی چاکسازی عێراق پێویستی بە ھەڵسەنگاندنی زیاتر بوو

نازم  دەباغ" نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە تاران لە وتووێژ لەگەڵ "ئیلنا" رایگەیاند: بەرگری کۆبانێ جۆریک لە ترسی لای داعش دروست کرد و لە ئێستاشدا بەرگری کوردەکان لە عێراق و تەنانەت لە کۆبانێ گەیشتووەتە لوتکە.

"نازم عومەر دەباغ" نوێنەری ھەرێمی کوردستانی عێراق لە کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ پەیامنێری ئاژانسی "ئیلنا" بە لێکدانەوەی جوگرافیای سیاسی و ھەرێمایەتی کوردەکان لە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوین رایگەیاند: راستە کە کوردستان وڵات نەبووە بەڵام جوگرافیایەکی یەکگرتوو بووە کە بارودۆخی زەمەنیی، مێژوویی، رووداوەکان و شەڕەکانی نێوان ئیمپراتۆری ئێران و ئیمپراتۆری عوسمانی، بوونە ھۆی ئەوە کە خاک و بەشێک لەم نیشتمانە لێک جیابکرێنەوە، ئەم بابەتە بووە ھۆی ئەوە تاوەکو نیشتمانی کوردستان ببێتە دوو بەش، واتا بەشێک لە ئیمپراتۆری عوسمانی و بەشێکی دیکەشی لە ئیمپراتۆری ئێران یان ھەمان ئیمپراتۆری عەباسی‌دا بگرسێتەوە. دوای شەڕی یەکەمی جیھانیی، دیسان دابەشکردنێکی دیکە ھاتە ئاراوە کە بەشێکی خرایە سەر سوریا و لە تورکیا دابڕا و بەشێکی دیکەشی خرایە سەر عێراق کە لە راستیدا ئەم بەشانە لە ئێران و تورکیا جیاکرانەوە. کەواتە ئەم شتانە کە باسمان کرد راستییەکی جوگرافیای کوردییە و بە جۆرێک کوردەکان لەم جوگرافیایەدا گیرساونەتەوە.

 

ئەو لە درێژەدا وتی: بە درێژایی مێژووی عێراقی نوێ، کوردەکان خەباتیان کردووە و بە ھۆی ئەو زوڵم و چەوسانەوەی بەسەریاندا ھاتووە، نەیانتوانیوە لە بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی حکومەتی ناوەندی عیراقدا ئامادە بن، بە جۆرێک کە دوای رووخانی سەدام و شەڕی کەنداوی فارس، ناوچەیەکی سەربەخۆ بۆ کوردەکان ھاتە ئاراوە، بە پێی بیروبڕوای خۆمان و ھەروەھا بە پێی بارودۆخی کاتی و بابەتی، لەو کاتەوە تا ئێستا و بە رای من بۆ داھاتووش، ئەم بارودۆخە بەردەوام دەبێت و کوردەکان دیسان لەگەڵ عێراقی نوێدا یەکیان گرتەوەو لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا قبووڵمان کرد کە ھەرێمێکی فیدراڵی لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵیزم بین. بەداخەوە شتێک بەناوی داعش لە عێراقدا ھاتە ئاراوە و راستی کوردەکان و پێشمەرگە زیاتر خۆی نیشاندا. بە شێوەیەک کە ئەوان بەرگری لە ناوچەکانی خۆیان دەکەن و دژی تیرۆر چالاکن و دەبێت ئەم راستییە قبووڵ بکەین کە ئێستا تەنھا ھێزی بەھێز لە عێراق و ناوچەکە کە دژی داعش شەڕ دەکات، کوردەکانن. راستە کە یارمەتی و ھاوکاری بڕێک لە وڵاتان و بە تایبەت دۆستانی نزیکمان وەکو ئێران بە پێشمەرگە گەیشتووە بەڵام ئەگەر ھێزی چالاکی پێشمەرگە و خەڵکی ھەرێمی کوردستان نەبوایا ئەم سەرکەوتنانە بەدەست نەدەھات. لەوانەیە دەیان چەک و تەکنەلۆژیای دیکە بە ھێزە سەربازییەکانی عێراق درابێت، بەڵام ئاکامی شەڕی ئەوان لەگەڵ داعش چی بووە؟

دەباغ بە ئاماژە بە وتەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی پێشووی فەرماندەیی سوپای ئەمریکا وتی: بابەتێکی دیکە یان روونتر رەھەندی دووەمی ئەم بابەتە ئەوەیە کە لە سێ‌یا یەکی خاکی عێراق لە دەستی داعش‌دایە، کە خەڵکی ئەو ناوچانە کورد و شیعە نین بەڵکوو سوننەن. لێرە ئەو راستییەمان بۆ دەردەکەوێت کە وەکو زۆرینەی رەھا، لە عێراقدا ھەم ناوچەی کوردی، ھەم ناوچەی سوننەو ھەم ناوچەی شیعەکان بە روونی دیاریکراوە، دەبێت بلێێن لەم ناوچانەدا، ھەموو خەڵکێک لە کورد، سوننە و ئەوانی دیکە بوونیان ھەیە و وەکو زۆرینەی رەھا لەم ناوچانەدا ھەم کوردی شیعە ھەیە، ھەم عەرەبی سوننە و ھەم عەرەبی شیعە. بەڵام لە ناوچەی سوننەکان، ھێز لە دەستی داعشدایە و لە ناوچەکانی دیکەی عێراقدا ھێز لە دەستی شیعەکاندایە و ئێستا ئەگەر ورد ببینەوە دەبینین کە عێراق بووە بە سێ بەشەوە و ئەوەی کە بەرپرسی پێشووی فەرماندەیی سوپای ئەمریکا باس لە دابەشبوون دەکات، لە راستیدا ھەڵسەنگاندنێکی سەربازی کردووە و ھەموو فیکری ئەو بە پێی ھەڵسەنگاندنی  سەربازییە نە سیاسی. واتا لە رووی سەربازییەوە ھەڵی دەسەنگێنن کە یارمەتییەکانی ئەوان بە حکومەت و سوپای عێراق تا چ رادەیەکی توانیویەتی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی داعش رزگار بکات؟ بەڵام بە رادەیەکی زۆر کەمتر لەم ئیمکانیاتە، یارمەتییەکانی سوپای ئەمریکا لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دراوە بە پێشمەرگە و پشتیوانی ئەوانیان کردوە و ئەوانیش توانیویانە رێژەیەکی زیاتر لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان لە بوونی داعش رزگار بکەن.

 

ئەو رایگەیاند: دوای ئەوە، دەبێت ئاماژە بدەین بە ئەزموونی کوردەکان لە سوریا، بە شێوەیەک کە بەرگری کوردەکان لە کۆبانێ بووە ھێمایەک بۆ بەرگری و خەبات تا ئەو رادەیە کە ژن و پیاو پێکەوە توانییان ناوچەکانی خۆیان بپارێزن و دوای ئەوەش توانییان چەندین ناوچەی دیکە لە ژێر دەسەڵاتی داعش رزگار بکەن. کە واتە ئەگەر لەم رووەوە ھەڵیسەنگێنن بۆتان دەردەکەوێت کە کوردەکان وەکو ھێمایەکی بەھێزی راستەقینە، ھەم بۆ خۆیان و ھەم بۆ دژایەتیکردنی داعش دەرکەوتن و دەبێت ئاماژە بەم بابەتە بدەێن کە بۆچی ئەمە لە ناوچەکانی سوننە و شیعە رووی نەدا؟ بە شێوەیەک کە لە عێراقدا، حەشدی شەعبییەکان دروست بوون و ئاکامی ئەرێنییان بە تایبەت لە ناوچەکانی تکرتیت و سامەڕا بە دەست ھێنا بەڵام دوای ئەوە، بێدەنگی بەسەریاندا سەپا کە ئەڵبەت ھۆکاری خۆی ھەیە.

 

نوێنەڕی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران لەسەر راڤەکردنی وتەکانی بەرپرسانی ئەمریکایی سەبارەت بە بابەتی دابەشکردنی عێراق رایگەیاند: بە شێوەی گشتیی و بەو پێیە کە ناوچەکانی سوننە، شیعی و کوردی لە عێراقدا بوونی ھەیە، دەبێت بڵێم حکومەتی بەغدا دەیەوێت یەکگرتووییەک لە عێراقدا بێنێتە ئاراوە و وادیارە وتەکانی بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا بەم ھۆیەوە بووە کە ئەگەر ئەم ناوچانە ببنە فیدراڵ ھەر بەشە بەرپرسایەتی خۆی لە بەرامبەر داعشدا بگرێتە ئەستۆ بۆ نمونە ئەگەر ناوچەی سوننە بخرێتە ژێر دەسەڵاتی سوننەکان ئەوکات دیارە کە کێ بەرپرسە. بەڵام ئێستا ھەر رووداوێک لە عێراقدا رووبدات بەرپرسایەتییەکەی لە ئەستۆی فەرماندەی گشتیی ھێزی وشکانی و سوپای عێراق و ھەروەھا لە ئەستۆی سیاسەتی حکومەتی عێراقدایە و لە بەرەکانی شەڕدا، ھەر شکستێک رووبدات دەگەڕێتەوە بۆ ئەوان، راستییەکەی ئەوەیە کە نەتەوەکان لە شەڕی داعشدا رۆڵ و بەرپرسیارەتییان ھەیە بەڵام بەڕێوەی نابەن و رۆڵی گرنگی خۆیان جێبەجێ ناکەن. بەڕای من بیرۆکەکانی "ریمۆند ئۆدێرنۆ" بەرپرسی پێشووی فەرماندەیی سوپای ئەمریکا دەتوانین لە روانگەی سەربازییەوە ھەڵسەنگێنین، چونکە ئەو دیپلۆمات یان کەسایەتییەکی سیاسی نییە و تەنھا جلوبەرگی سەربازی لەبەردایە و رای خۆی باس دەکات و رای بنچینەیی و کۆتایی لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە رادەگەینرێت کە لە لایەن وتەبێژیانە باس دەکرێت، بۆیە نابێت ھەڵسەنگاندن بۆ بیرۆکەیەک بکەین کە لە بنەماوە ھەڵەیە.

 

ئەو بە ئاماژە بە ھەڵبژاردنی داھاتووی تورکیا و ئەو چەلنجەی لە نێوان ئەردۆغان و حزبە کوردییەکان ھاتووەتە ئاراوە رایگەیاند: بەرای من ئێستا پ.کا.کا وەکو رێکخراوەیەکی کوردی لە تورکیا، خوی بە ھێما و نوێنەری کوردەکانی تورکیا راگەیاندووە کە لە چوارچێوەی کورد و کوردستان‌دا خۆی ناساندووە، لە تورکیا رێکخراوێکی تورکی بەناوی حزبی دمۆکراتیکی گەلان بوونی ھەیە کە زۆربەیان کوردن و بڕێک کەس لەو بڕوایەدان کە پ.کا.کا باڵی سەربازی و حزبی دمۆکراتیک باڵی سیاسییەتی.

 

دەباغ لە لێکدانەوەو ھەڵسەنگاندنی رووداوی تەقینەوەی شاری سوروچ و کوژرانی ژمارەیەک لە کوردەکان لەم رووداوەدا وتی: بەداخەوە رووداوی سوروچ پیلانێکی بەرنامەداڕێژراو بوو تاوەکو بتوانن ئاگرێکی پێ خۆش بکەن، چونکە ئەگەر دوو پۆلیس لە ناوچەیەکی تورکیادا دەکوژرێن یان تەقینەوەیەک روودەدات، بەرپرسانی راستەقینە دەبێت بیر لە دامڕکاندنی ئەم پیلانانە بکەنەوە نە ئەوەی کە پەرەی پێبدەن و بە ڕای من تورکیا لەم رووداوانەی دواییدا شکستی ھێنا. واتا دوای ئەوە کە لە بابەتی کوردەکاندا لە تورکیا شکستی ھێنا، کێشەیەکی دیکە لە بەرامبەر خۆیدا دەبینێتەوە کە ئەویش بابەتی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووە. بۆیە لەم بارودۆخەدا دەبوا قەیرانێک دروست بێت تاوەکو تورکیا بتوانێت شکستەکانی خۆی پێ پەردەپۆش بکات. لایەنێکی دیکەی ئەم بابەتە، ترسی بەرپرسانی تورکیا لە کودەتای سوپای ئەم وڵاتەیە، بە جۆرێک کە لە رابردوودا مێژوویەک لە کودەتامان ھەیە لەو وڵاتەدا. لەم نێوانەدا حزبی داد و گەشەپێدان نەیتوانی حکومەت پێک بێنێت و سەرکەوتن مسۆگەر بکات و لە ئاکامدا کایەیەکی دیکە دەست پێدەکات تاوەکو بتوانێت لە داھاتوودا سوودی لێ ببینێت. واتا لە رووداوەکانی ئەم دواییە لە بەرژەوەندی خۆیدا لە ھەڵبژاردن سوود ببینێت یان ئەوەی کە ئەم بارودۆخە قەیران‌ئاوییە درێژە پێبدات تاوەکو بەم بیانووەوە لە ھەڵبژاردنەکاندا قسەیەکی بۆ کردن ببێت. بۆیە حزبەکەی ئەردۆغان وابیردەکاتەوە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان بە دانوستان لەگەڵ M.H.P و H.D.P و C.H.P ئەم بابەتە بە تایبەت بە گوێی M.H.Pدا بگەیەنێت کە لەگەڵ کوردەکان دانوستانی کردووەو گەیشتووەتە ئاشتی و ئەمەش بە پێچەوانەی سیاسەتی ئەردۆغان دەزانن. بە واتایەکی دیکە قسەی سەرەکی حزبی دمۆکراتیکی گەلان ئەوەیە کە دەبێت لەگەڵ کوردەکان دانوستان بکرێت و دوو حزبی کۆماریخوازی گەلان و بزوتنەوەی نەتەوەیی ھەردوو لەسەر ئەو رایەن کە داد و گەشەپێدان یارمەتی داعش دەدات. لێرەدا ئەردۆغان و حزبەکەی دەیانەوێت تاوەکو ئەو دەنگانەی لەم حزبانەوە بۆ ئەوان ھاتووە بە تەنھایی وەریگرنەوە تاوەکو بتوانن حکومەتێکی یەک حزبی دروست بکەن و بە پێی وتەکانی ئەم دواییەی ئەحمەد داوود ئۆغلو دەبێت بڵێین تورکەکان دەیانەوێت ئێمپراتۆری عوسمانی زیندوو بکەنەوەو تا کاتێک حکومەت یەک حزبی نەبێت ناتوانن ئەم ئاواتەیان بگەیەننە ئەنجام.

 

ئەو سەبارەت بە پێگەی داھاتووی کوردەکان لە سیستمی سیاسی تورکیادا رایگەیاند: دەبێت لە چوارچێوەیەکی گشتیی لە ناوچەکەدا سەیری بابەتی کوردەکان بکەین. واتا بابەتی کوردەکان لە سوریا، عێراق و تورکیا؛ ھەموویان دەبێت لە یەک چوارچێوەدا سەیر بکرێت و دەبێت بزانین کە کوردەکان لە ناوچەکەدا ئامادەییان ھەیە و لە ھەر ناوچەیەکدا کە ئامادەبوونیان زیاتر بێت ئارامی و ھێمنیش زیاترە. لە سیاسەتی کوردیدا تەنھا ئەم بابەتە لە ئارادایە کە لە چوارچێوەی دەستووردا دەبێت چالاک بکرێتەوە تاوەکو خواستی خەڵک بگات بە حکومەتە ناوەندییەکان. واتا لە عێراقدا ئێمە ھیچکات نەمانوتووە کە دەمانەوێت بە تەواوی سەربەخۆ بین و تا کاتێک کێشەی کوردەکان لە سوریا و تورکیا چارەسەر بێت بە دڵنیاییەوە لە عێراقیش بەسوود دەبێت. کەواتە دەبێت بڵێین کە کوردەکان لە بەسەرکارھاتنی حکومەتی ئێستای عێراقدا رۆڵێکی گرنگیان بووە. بەم ھۆیەشەوە دەتوانین بڵێین لەوانەیە لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی تورکیادا کوردەکان بتوانن دەنگێکی زۆر وەربگرن. چونکە ئەو کوردانی کە لە حزبی داد و گەشەپێدان‌دا بوون وایان بیردەکردەوە کە گوایا بڕیارە لە حکومەتی داھاتووی تورکیادا کوردەکانیش ئامادە بن و بۆیە بینیمان ژمارەیەکی حزبی کوردی لە بەرژەوەندی حزبەکەی ئەردۆغاندا چالاک بوون و ھۆکارەکەشیان ئەوە بوو کە لەگەڵ حکومەتێکی ناوەندی بەھێزدا رووبەروون کە لەگەڵ کوردەکان دەگاتە ئاشتی و بە دڵنیاییەوە دەتوانێت کوردەکانیش لەخۆ بگرێت. بۆیە بەڕای من ئەو دەنگانەی کە لە ھەڵبژاردنی داھاتوود ائەو دەنگانەی کە لە لایەن کوردەکانەوە چووبوو بۆ ئاک‌پارتی دێتەوە بەلای حزبە کوردییەکاندا و لە ئێستادا ئەگەر لە شەڕ دوور کەوینەوەو بەرەوە ئاشتی ھەنگاو بنێین لە بەرژەوەندی ھەموو نەتەوەکان و حزبەکاندایە.

 

نوێنەری ھەرێمی کوردستانی عێراق لە ھەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای کۆبانێ رایگەیاند: ئەو شەڕە دەروونییەی داعش دژی خەڵکی کورد و بە تایبەت دانیشتووانی کۆبانێ جێبەجێی کرد لە ئێستادا گەڕاوەتەوە بۆ سەر خۆی. داعش لە کاتێکدا ھێرشی کردە سەر کۆبانێ کە لە لوتکەی ھێزداری خۆیدا بوو و بەرگری کۆبانێ جۆریک لە ترسی لای داعش دروست کرد و لە ئێستاشدا بەرگری کوردەکان لە عێراق و تەنانەت لە کۆبانێ گەیشتووەتە لوتکە، بەڵام لە رابردوودا بەم شێوەیە نەبوو و ھۆکارەکەشی ئەوەیە کە لە رابردوودا ھاوکاری نێودەوڵەتیمان پێنەدەگەیشت بەلام لە ئێستادا ھاوکاری و پەیوەندی نێودەوڵەتیمان ھەیە و بەم ھۆکارەش تەنانەت لە ناوخۆی عێراق تارادەیەک لە ناوچەکانی کوردەکان ئەو ترسەی داعش دروستی کردبوو نەماوەو تەنانەت پێچەوانەی ئەمە لە ئارادایە.

 

ئەو وێڕای بە ئەرێنی زانینی پلانی چاکسازی عێراق کە لە لایەن سەرۆک وەزیرانەوە ھاتووەتە ئاراوە رایگەیاند: ھەر پلانێک کە وەکو پلانی دژایەتیکردنی گەندەڵی باس دەکرێت دەبێت ئەرێنی ھەڵسەنگێندرێت. بەڕای من عەبادی زیرەکانە ھاتە پێسەوەو پلانەکەی راگەیاند. بەڵام بەداخەوە ئەگەر ئەم پلانە پێشتر لەگەڵ گروپەکانی بەشدار لە حکومەتەکەیدا باس بکردبا ھێزێکی زیاتری دەبوو. ئێستا ئێمە لە عێراق ناڕازیبوونێک دەبینین کە تەنھا لای کوردەکان و سوننەکان ننیە و تەناتەت شیعەکانیش دەگرێتەوە و رووداوەکان پرسیار دروست دەکەن کە لە بەڕیوەچوونی ئەم پلانەدا بە کێ راوێژ کراوە و لە کێ یارمەتی گیراوە و بە گشتیی ئامانجی ئەم پلانە چییە و ئایا ئەمە کودەتایە یان پلانێکی چاکسازییە؟ بەڕای من لە رۆژانی داھاتوودا لەوانەیە کێشەی گەورە لە عێراق بێتە ئاراوە و بە جۆرێک پێکدادانێکی سیاسی ببینین.

 

دەباغ ھەروەھا رایگەیاند: پلانی چاکسازی و ناوەڕۆکەکەی، پلانێکی باشە بەڵام لەبیرمان نەچیت کە ئەم پلانە بە راگەیاندنی میدیایی یان تەییدکردنی چەند کەس جێبەجێ ناکرێت و دەبێت کەرەسەی بە باشی جێبەجێ‌کردنی ئامادە بێت. لەم رووەوە دەبێت بڵێم کە پێگەی کوردەکان لەم پلانەدا دەبێت دیاری بکرێت و دەبێت بزانین ئێمە لە کوێی ئەم چاکسازییەداین و دەبێت لەکوێ بین؟ بۆیە دەبێت ئەم بابەتە باس بکەین کە لە ھەموو جیھاندا و بە تایبەت لە وڵاتی خۆماندا کاتێک پلانی چاکسازی باس دەکرێت لە ھەموو وڵات کاریگەری دادەنێت و ئەگەر نائارامی بێتە ئاراوە ھەموو وڵات دەگرێتەوە.

 

ئەو وێڕای ئاماژە بەوەی کە دەبوا ئەم پلانە پێش راگەیاندنی فەرمی لە لایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقە زیاتر ھەڵسەنگاندنی بۆ بکرایەت وتی: بەم ھۆیە دەبێت بڵێم کە پلانی چاکسازی بە گشتیی پلانێکی باشە بەڵام وادیارە کە عەبادی ھەڵەیەکی کردووە. واتا پێش راگەیاندنی پلانەکەی، دەبوا لەگەڵ ھێز و لایەنە سیاسیەکانی وڵات راوێژ و قسەی بکردبا و دوای ئەوە رایگەیاندبا. ھەموو لایەک دەڵێن چاکسازی و بەرەنگاربوونەی گەندەڵی باشە بەڵام ئەوەی لەم نێوانەدا باس دەکرا ئەوەیە کە کوردەکانی عێراق ھاوبەشی حکومەتی ئەم وڵاتەن و بۆ دروسبوونی ئامادەبوون و دەبێت بزانین کاتێک دەڵێن وەزیرەکان دەبێت کەم بکرێنەوە سێ وەزیری کوردی تێدایە و تەنانەت لە نێوان جێگرەکاندا کە بڕیارە کەم بکرێنەوە ژمارەیەک کورد وسوننەی تێدایە بۆیە دەبێت سەرنج بدرێتە ئەم بابەتە کە بزانین رۆڵی حزبەکانی بەشداربوو کە حکومەت بەکوێ دەگات؟

 

دەباغ لە کۆتاییدا رایگەیاند: بابەتێکی دیکە ئەوەیە کە  شوناسی سیاسەتمەدار دەبێت روون بێت و سیاستەمەدار بەو کەسە دەڵێن کە لە شکست و سەرکەوتندا خاوەن ئەزموونی سیاسییە و نابێت لە کەسێک کە لە کونجی ماڵەکەی دانیشتووە راوێژی سیاسی وەربگیردرێت. راوێژکاری سیاسی دەبێت خاوەن ئەزمون و ئەکادیمی بێت تاوەکو بتوانێت بڕیاری دروست دەربکات و لە کۆتاییشدا رایبگەیەنێت. بۆیە ناتوانین لە سەرەتادا بڕیارێک بدەین و جێبەجێی بکەین و دوای ئەوە بێین داوای بیروڕا لە کەسانێکی دیکە بکەین و بەرای من دەبێت سوود لە کەسانێک وەربگیردرێت کە جگە لە ئاگاداری لە بارودۆخی ناوخۆیی ئاگایان لە بارودۆخی جیھانیش بێت.

 

 

 

 

 

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ سكرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ده‌كات

ڕۆژی یەکشه‌ممه‌ ٣٠ـی٨ـی٢٠١٥، به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌لاحه‌دین پێشوازی له‌ به‌ڕێز محه‌مه‌د حاجی مه‌حموود سكرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان كرد.

له‌ دیدارێكدا بارودۆخی سیاسیی كوردستان و ڕەوشی بەرەکانی بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆریستان و سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەی پێشمەرگە لە میحوەری باشووری کەرکووک، خرایە بەر باس و سەرۆک بارزانی جارێکی دی دەستخۆشیی لە پێشمەرگە قارەمانەکان کرد و سوپاسی خۆڕاگریی و گیانفیدایی فەرماندە و پێشمەرگەکانی کوردستانی کرد. 

هەر لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی ڕۆڵی بەڕێز محەمەدی حاجی مەحموودی بەرز نرخاند لە کە لە سەرەتای شەڕی داسەپاوی تیرۆریستانەوە، بەڕێزیان وەک پێشمەرگە و فەرماندەیەکی ئازا و گیانلەسەر دەست بەشداریی بەرگرییکردن و سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەی کردووە و هوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواست.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری كاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی بریتانیا دەكات

ڕۆژی دووشەممە31ـی 8ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئۆلیڤێر لێتوین وەزیری كاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی بریتانیا و شاندێكی یاوەری كرد.


لە دیدارەكەدا وەزیری كاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی بریتانیا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و هێمای بە ڕۆڵ و هەوڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی تیرۆر و پاراستنی ئاساییشی ناوچەكە و جیهان دا و ڕایگەیاند كە ئێستا جیهان پشت بە هێزی پێشمەرگە دەبەستێت. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە قەیرانی ئابووریی هەرێمی كوردستان و هەبوونی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و تێچوونەكانی شەڕی داعش، سەرسامیی خۆی بە ئیدارەدان و سەركردایەتیكردنی سەركەوتووانەی ئەم قۆناغە ئاڵۆزەی هەرێمی كوردستان نیشاندا.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی بریتانیا و وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان كرد كە یارمەتیی گەلی كوردستان و پێشمەرگەیان داوە و جەختی لەوە كردەوە كە هەموومان لە یەك بەرەداین لەدژی ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی كە ئیمكانیاتی چەندین دەوڵەتی لەبەردەستە و بە هەوڵی هاوبەشی هەموو لایەك دەكرێ سەركەوتنی باش مسۆگەر بكرێت.

هەر لەم دیدارەدا بارودۆخی شاری موسڵ و پڕۆسەی ئازادكردنی ئەم شارە تاوتوێ كرا و باس لە قۆناغەكانی دوای شكستدانی داعش كرا و پەیوەست بەم باسە سەرۆك بارزانی ئەوەی بۆ شاندی میوان ڕوونكردەوە كە شاری موسڵ و پارێزگای نەینەوا تایبەتمەندیی خۆی هەیە و پێویستە لەدوای شەڕی داعش دڵنیاییەكی تەواو بدرێتە پێكهاتە جیاجیاكانی ئەم پارێزگایە كە چیتر كارەساتەكان دووبارە نابنەوە و هەر لە ئێستاوە لێكتێگەییشتنێكی سیاسیی لەنێوان لایەن و پێكهاتەكانی نەینەوا دروست ببێت.

سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە كێشە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی پڕۆسەی دیموكراسی و گەشەكردنی دیموكراسیە و ڕایگەیاند كە پێویستە هەموو لایەك لەوە دڵنیا بن كە لەم پڕۆسەیە و لەم ململانێ دیموكراتییەدا هیچ شتێكی هەڵە ڕوو نادات و ئەوەیشی خستە ڕوو كە خاڵی هەرە گرنگ ئەوەیە كە هێزی پێشمەرگە و ئاساییش تێكهەڵی ملمڵانێی سیاسی نابێت و ئەو قەیرانەی ئێستایش پێشانیدا كە هێزی پێشمەرگە خاوەن قەزییەیە و لە قاڵبی حزبی دەرچووە و ئەركی پاراستنی وڵات بە باشترین شێوە جێبەجێ دەكات.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا باس لە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و داهاتووی ژیانی سیاسیی عێراق و پێكهاتەكانی كرا.

 

 

 

 

حکومەتی بەریتانیا هاوكاری خۆی ده‌رده‌بڕی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی و ئابوری و باشترکردنی سیستمی حکومرانی

ئه‌مڕۆ، چاکسازییە ئابووری و داراییەکانی بریتانیا، وه‌كو ئەزمونێکی گرنگ بۆ هەرێمی کوردستان لە هەنگاونان بەرەو چارەسەرکردنی قەیرانەکان، باسیلێكرا.

بەڕێزان جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری کاروباری ئەنجومەنی وەزیرانی بەریتانیا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک وەزیر و راوێژکاری حکومەتی هەرێم، کێشە داراییەکانی هەرێم و چۆنێتی هاوکارییەکانی حکومەتی بەریتانییان لە پێناو باشتکردنی سیستمی حوکمڕانی تاوتوێ کرد و نەخشەڕێی دەربازکردنی هەرێمی کوردستانیان لە کۆی گرفتەکان تاوتوێکرد.

قوباد تاڵەبانی سوپاسی حکومەتی بەریتانیای کرد و رایگەیاند: هاتنی شاندێکی باڵای بەریتانیا پەرۆشی ئەو وڵاتە نیشان دەدات بۆ هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان، لەهەمان کاتتدا جدیەتی حکومەتی بەریتانیا دەخاتە روو لە هەنگاونانی پراکتیکی بۆ دەربازبوونی هەرێمی کوردستان لەو قەیرانانەی کە رووبه‌ڕووی بووه‌ته‌وه‌.

لە گفتوگۆیەکی کراوەدا کە ژمارەیەک راوێژکار و شارەزای بوارەکە لە حکومەتی بەریتانیا ئامادەیبوون، ئۆلیڤەر لیتوین، وەزیری کاروباری ئەنجومەنی وەزیرانی بەریتانیا پوختەیەکی لە ئەزمونی بەریتانیا وچۆنێتی دەربازبوونی وڵاتەکەی لە قەیرانی ئابوری ساڵی ٢٠١٠ خسەڕوو، بەمەبەستی ئەوەی حکومەتی هەرێم بتوانێت سوود لە ئەزموونی ئەو وڵاتە وەربگرێت و بە هاوکاری بەریتانیا پلانی گونجاو دابڕێژێت بۆ دەربازبوون لەو قەیرانانەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە.

لە کۆتاییدا بڕیاردرا گفتوگۆکان بەردەوامییان پێبدرێت بەمەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو.

بەریتانیا پشتگیریی خۆی بۆ خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپات دەكاتەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 30/8/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز هۆن ئۆلیڤەر وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری ئەنجومەنی وەزیرانی بەریتانیا و شاندێكی یاوەری كرد.


لە دیدارێكدا بەڕێز ئۆلیڤەر خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و سەرسامیی خۆی بەرامبەر ڕەوشی ئارامی هەرێمی كوردستان و نەبەردی و قارەمانیی هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش پیشان دا و دەستخۆشی لە هێزەكانی ناوخۆی هەرێم كرد كە توانیویانە بە باشترین شێوە ئاسایشی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانیەوە بپارێزن.


پشتگیریی خۆی و حكوومەتی وڵاتەكەیشی بۆ خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگەی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا دووپات كردەوە، بە تایبەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش كە لە جیاتی هەموو جیهانی ئازاد دژی تیرۆر لە شەڕدان، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ لەو پاڵپشتییە بەردەوام دەبن. ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەوان شانازی بە پەیوەندییەكانی خۆیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكەن و هەوڵە بەردەوامەكانی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لە حەواندنەوە و پێشوازیكردن لە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر، بەرز نرخاند.


لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و دەستخۆشی لە حكوومەتی بەریتانی كرد كە لە سەره‌تای هەڕەشە و هێرشەكانی تیرۆرستان بەهانای هەرێمی كوردستانەوە هاتوون و هاوكارییەكی باشی هەرێمیان كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگەی كوردستان، پێویستییان بە هاوكاریی بەردەوام هەیە، بەتایبەتی لە بوارەكانی دابینكردنی چەك و تەقەمەنی و مەشق و ڕاهێنان بۆ هێزی پێشمەرگە.


جەختی لەوەش كردەوە كە هەرێمی كوردستان بۆ زیاتر خزمەتكردن و بەهاناوەهاتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران كە لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، پێویستی بە هاوكاریی بەردەوام هەیە، جا چ بە ڕاستەوخۆ یان بە ڕێگەی ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بێت.


گفتوگۆكردنی ڕەوشی سیاسیی عیراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە لایەك و هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە لە لایەكی دیكە، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

 

 

 

 

حكوومه‌ت له‌ هه‌وڵى به‌جینۆساید ناساندنى كه‌یسى ئێزدییه‌كان به‌رده‌وامه‌

پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 31_8_2015، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ كه‌سایه‌تیى دیارى نێوده‌وڵه‌تى و یه‌كه‌مین داواكارى گشتیى دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى، به‌ڕێز لویس مۆرێنۆ ئۆكامپۆ و شاندیكى یاوه‌رى كرد، كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسان و تیمى چه‌ند ڕێكخراوێكى تایبه‌ت به‌ بوارى خزمه‌تكردنى لێقه‌وماوان پێكهاتبوو.

له‌ دیدارێكدا تیشك خرایه‌ سه‌ر ڕه‌وشى لێقه‌وماوانى ده‌ستى تیرۆر و به‌تایبه‌تیش لێقه‌وماوانى ئێزدى كه‌ هاوینى ساڵى ڕابردوو كه‌وتنه‌ به‌ر دڕه‌نده‌ترین هێرشى تیرۆرستانه‌ى ڕێكخراوى تیرۆرستیى داعش و به‌ هه‌موو پێوانه‌یه‌ك ڕووبه‌رى جینۆساید بوونه‌وه‌. هه‌روه‌ها باس له‌ هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرا كه‌ له‌ كۆششێكى به‌رده‌وامدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌و كاره‌ساته‌ى به‌سه‌ر ئێزدییه‌كان هات، وه‌ك جینۆساید بناسرێت.

له‌ دیداره‌كه‌دا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵیى خۆى به‌ سه‌ردانى به‌ڕێز ئۆكامپۆ، كورته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى هه‌وڵ و كاره‌كانى ئه‌و لیژنه‌یه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێشكه‌ش كرد كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز وه‌زیرى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان دامه‌زراوه‌ و به‌ هاوكاریى پسپۆڕان و شارازه‌یانى تایبه‌ت به‌و بواره‌، كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات تا له‌ ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ئه‌و كه‌یسه‌ وه‌ك جینۆساید بناسرێت و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌و تاوانانه‌ى ده‌رهه‌رق به‌ ئێزدییه‌كان كراون، وه‌ك جینۆساید له‌ قه‌ڵه‌م بدات و دانى پیادا بنێت.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز ئۆكامپۆ، وێڕاى ده‌ربڕینى هاوسۆزیى خۆى له‌گه‌ڵ كوردانى ئێزدى به‌تابیه‌تى و ته‌واوى گه‌ل و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌گشتى، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتگیرى له‌ هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و كه‌یسه‌ وه‌ك جینۆساید بناسرێت، هه‌روه‌ها هه‌موو ئاماده‌ییه‌كى نیشان دا كه‌ ته‌واوى پسپۆڕى و شاره‌زاییى خۆى له‌و بواره‌دا بخاته‌ خزمه‌تى سه‌رخستنى ئه‌و كه‌یسه‌وه‌، چونكه‌ بابه‌تێكى مرۆییه‌ و په‌یوه‌ندیى به‌ ته‌واوى مرۆڤایه‌تییه‌وه‌ هه‌یه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران سوپاس و پێزانینى خۆى و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هاوسۆزى و هه‌وڵه‌كانى به‌ڕێز ئۆكامپۆ ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌موو پشتگیرییه‌كى پێویست بۆ سه‌رخستنى ئه‌و كه‌یسه‌ ده‌كات، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى ته‌واوى ئه‌و خوشك و برا ئێزدییانه‌ى هێشتا‌ له‌ ده‌ستى تیرۆرستاندا ماون، ڕزگار بكرێن. هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینى پێشكه‌ش به‌و ڕێكخراو و ئێن جى ئۆیانه‌ش كرد له‌م بواره‌دا هاوكار و یارمه‌تیده‌رن.

له‌ دیداره‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیرانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و به‌ر‌پرسانى تایبه‌ت به‌م كه‌یسه‌، ئاماده‌ بوون.

پەڕەى 120 لەکۆى 208 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی