سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، پێشوازى له باڵيۆزى ئيتاليا كرد
پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ 2023/3/18 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له ديدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ماوريتزيۆ گرێگانتى، باڵيۆزى ئيتاليا له عێراق، بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئيتاليا، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، تاوتوێ كرد.
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى دهربرينى سوپاس و پێزانين بۆ پشتگيريى ئيتاليا له عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ده‌رباره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا ئاماژه‌ى به‌وه دا كه كه‌شێكى ئه‌رێنى له‌نێوان هه‌ردوودا هه‌يه و هه‌نگاوه‌كانى تا ئێستاى حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق مايه‌ى ئومێد و خۆشحاڵين. هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه كه به‌غدا هاوبه‌شى سه‌ره‌كيى هه‌رێمى كوردستانه و جگه له چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، هيچ ڕێگه‌يه‌كى ديكه له‌به‌رده‌م هه‌ردوولادا نييه.
لاى خۆيه‌وه به‌ڕێز باڵيۆزى ئيتاليا ديدارى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى وڵاته‌كه‌ى له كۆنفرانسى مانگى شوباتى ڕابردوو له ميونشن به ئه‌رێنى له قه‌ڵه‌م دا. هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه كه چاره‌سه‌ركردنى کێشه‌کانی هه‌ولێر ـ به‌غدا ده‌بێته هۆى ئه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى زياتر ڕووى له عێراق و هه‌رێمى كوردستان بێت و بوارى سه‌رمايه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنانى بيانى له عێراق و هه‌رێمى كوردستان زياتر ده‌كات.
پوخته‌ى كار و چالاكييه‌كانى ئيتاليا له عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه بوو كه به‌ڕێز كونسولى ئيتاليا له هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو.
https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-receives-the-italian-ambassador/
په‌يامى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له يادى كيميابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌دا
له بيره‌وه‌ريى سى و پێنج ساڵه‌ى تاوانى كيميابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ى شههيددا، به ڕێز و شكۆوه يادى شه‌هيدان دهكهينهوه. دروود بۆ گيانى پاكيان و سڵاو بۆ خانه‌واده و كه‌سوكاريان ده‌نێرين.
كيميابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه، مۆركى ڕسوايى و شه‌رمه‌زارييه به نه‌وچه‌وانى تاوانكارانه‌وه، له جیهانیش ناسنامه و گه‌واهيى ستهملێكراويى گه‌لى كوردستانه. له چه‌ند خوله‌كێكدا ژيانى له پێنج هه‌زار مرۆڤى بێ‌تاوان و له سروشت و له هه‌موو شتێك سه‌نده‌وه. هه‌زارانى ديكه‌ى بريندار و ده‌ربه‌ده‌ر كرد، به‌ڵام نه‌يتوانى ئيراده‌ى گه‌لى كوردستان بۆ ئازادى بشكێنێت.
گه‌لى كوردستان به يادكردنه‌وه‌ى ئه‌و مه‌رگه‌ساته، به بير نه‌وه‌كانى ئه‌مڕۆ و هه‌موو جيهانى ده‌هێنێته‌وه كه چ قوربانييه‌كى له‌پێناو ئازاديدا به‌خشيوه. هه‌روه‌ها جيهان و مرۆڤايه‌تى ده‌خاته به‌رده‌م ئه‌ركێكى ئه‌خلاقى و مرۆيى كه هه‌موو هه‌وڵێك بخه‌نه گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رگيز تاوانى ئاوا له هيچ شوێنێك دووباره نه‌بێته‌وه.
له‌م ياده‌دا سوپاسى حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق و هه‌موو لايه‌نه په‌يوه‌نديداره‌كان له عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ين بۆ ته‌واوكردنى ڕێكاره‌كانى به‌پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه. جه‌خت دهكهينهوه كه هه‌ڵه‌بجه و هه‌ڵه‌بجه‌يييه‌كان له هه‌موو ڕوويهكهوه پێويستيان به خزمه‌تى زياتره. ده‌بێ درێخييان بۆ نه‌كرێت و وه‌ك دادگا و ياسا بڕيارى داوه، قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه.
له كاتێكدا يادى ئه‌و مه‌رگه‌ساته دڵته‌زێنه و قوربانییان دهكهينهوه، به هيوا و ئومێده‌وه له داهاتوويهكى باشتر بۆ نه‌وه‌كانمان دهڕوانين. به موكوڕييهوه له كار و هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بين بۆ يهكڕيزى و تهبايى و پێكهوهيى كه پارێزه‌رى ده‌ستكه‌وت و مافه ده‌ستوورييه‌كان و قه‌واره‌ى فيدراڵيى هه‌رێمى كوردستانه.
نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2023/3/16
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ شاندێكی باڵای ئەمەریكی كۆبووەوە
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 15/3/2023 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە په‌راوێزی دیداری سلێمانی لەگەڵ شاندێكی باڵای ئەمەریكا بە سەرۆكایەتیی بەڕێز تێری ووڵف یاریدەدەری تایبەتیی سەرۆکی ئه‌مه‌ریکا و بەڕێوەبەری باڵا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و شاندێكی یاوەری كۆبوووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئابووریی عێراق و هەرێمی كوردستانیان تاوتوێ كرد و دەربارەی پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا و كێشەكانی نێوانیان، بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد.
شاندی باڵای ئەمەریكا بەردەوامیی پشتگیری و هاوكاریی ئەمەریكای بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە. دەربارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش، شاندی ئەمەریكا یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكانی كوردستان بە تایبەتی پارتی و یەكێتی به پێویست زانی بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگاری و سەختییەكانی ئێستا لە عێراق و هەرێمی كوردستان.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا هەردوولا هاوڕابوون كە چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی عێراق و هەرێمی كوردستان، هەروەها جه‌ختیان له پشتگیریی بەڕێز محەمەد شیاع ئەلسوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ و كارنامەی حكوومەتەكەی کرده‌وه.
تاوتوێكردنی دۆخی ناوچەكە بە گشتی و چەند پرسێكی جێی بایەخی هاوبه‌ش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: عێراق به هه‌رێمى كوردستانه‌وه، له‌گه‌ڵ ته‌حه‌دى و ده‌رفه‌تى گه‌وره‌دا ڕووبه‌ڕووه
پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2023/3/15 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌شدارى له ديدارى سلێمانيدا كرد كه زانكۆى ئه‌مه‌ريكى له عێراق ـ سلێمانى، ساڵانه ئه‌نجامى ده‌دات.
له ديدارهكهدا كه به‌ڕێز محه‌مه‌د شياع ئه‌لسوودانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراقى فيدراڵى و ژماره‌يه‌ك له به‌رپرسانى باڵا و كه‌سايه‌تيى سياسى و ئه‌كاديمى و لێكۆڵه‌ر و ڕۆژنامه‌وانان ئاماده‌ى بوون، به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان وتارێكى ده‌رباره‌ى دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ئاڵنگارى و دهرفهتهكانى به‌رده‌ميان پێشكه‌ش كرد و جه‌ختى له گرنگيى كارى پێكهوهيى و يهكڕيزى و تهبايى و جێبه‌جێكردنى ده‌ستوور كرده‌وه.
ئه‌مه ده‌قى وتارهكهيه:
ئامادەبووانی بەڕێز..
بەڕێز جەنابی سەرۆک وەزیرانی عێراق..
بەڕێز جەنابی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق..
بەیانیتان باش،
بەخێرهاتنتان دەکەم، سوپاسی برای بەڕێزم د. بەرهەم ساڵح و سەرۆکایەتيی زانکۆی ئەمه‌ریکی لە عێراق ـ سلێمانی ده‌كه‌م بۆ درێژەدان بە بەستنی ديدارى ساڵانەی سلێمانی.
له يادى تاوانى كيميابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌دا، سەری ڕێز لەبەردەم گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە دادەنەوێنین. هەموومان قەرزداری قوربانیدانی خەڵکی هەڵەبجەین. ساڵانێک بوو کارێکی زۆرمان کرد بۆ کردنی هەڵەبجە بە پارێزگا، بۆ ئەوەی قەرەبوو بکرێتەوە و خزمەتی خەڵکه‌كه‌ی بکرێت.
بەناوی خەڵکی هەڵەبجە و ته‌واوى هەرێمی کوردستانەوە، سوپاسێکی تایبەتی براى بەڕێزم محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیی عێراق ده‌كه‌م کە زۆر دڵسۆزانە کاری کرد بۆ تەواوکردنی ڕێكاره‌كان، هه‌روه‌ها سوپاسی هەموو ئەوانەی پێشتریش لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەكەم، كە كاریان كردووە بۆ ئەوەی هەڵەبجە ببێتە پارێزگای نۆزدەهەمی عێراق.
داوا له حكوومه‌تى فيدراڵى ده‌كه‌م بودجەیەکی تایبەت تەرخان بکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان و برینداران. هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌تى فيدراڵى و به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيرانی عێراق بۆ بايه‌خدان به هه‌ڵه‌بجه و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى زيانلێكه‌وتووانى، هه‌نگاوێكی ده‌ستوورى و پاڵپشتيكراون به بڕیارەکانی دادگا به‌رامبه‌ر به تاوانبارانی ڕژێمی پێشووی عێراق. ئه‌وه کارێکی تەواو دەستووری و یاساییيە کە بۆ خەڵکی هەڵەبجە بکرێت.
ئامادەبووانی بەڕێز..
ئێمە لە هەرێمی كوردستان بە تەواوی پشتیوانی لە حکوومەت و هەنگاوەکانی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیی عێراق دەکەین. لەوکاتەوەی كە دەستی بەکار کردووە، له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێككه‌وتنى هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت بۆ پێكهنانى حكوومه‌ت وه‌ك نه‌خشه‌ڕێگه‌يه‌ك، هەوڵی داوە دۆخی ئارامی سیاسی لە عێراق دروست بکات، هەروەها بایەخی بە هەموو ناوچە و پێکهاتەکانی عێراق داوە و هیوادارین ئەو ڕێككەوتن و یاسایانەش جێبەجێ بكات.
ئەو ڕێککەوتنەی لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەدا كرا، بۆ هه‌موو عێراق به هه‌رێمى كوردستانيشه‌وه، کارێکی زۆر باشە و جێگەی دەستخۆشییە بۆ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان. چاوه‌ڕێين ئه‌و ئاراسته‌يه به‌رده‌وام بێت و ياساى نه‌وت و غازيش به هه‌مان گيانى هاوكاریی هه‌ردوولا ده‌ربچێت.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..
(20) ساڵ بە سەر “پرۆسەی ئازادیی عێراق”دا تێپەڕی و ئەم ديداره دەرفەتێکی باشه بۆ هەڵسەنگاندنێکی گرنگ کە سوودی هەبێت بۆ داهاتوو. به‌ڵام زۆر گرنگە هەڵسەنگاندن دوور بێت لە تۆمەتبارکردنی یەکتر لەسەر شکستەکان. چونکە ئەمە شێوازێکی بەسوود نییە و هەموومان لە شکستەکاندا بەشدارین، هەمووشمان پێکەوە لە سەرکەوتنەکاندا بەشدارین، زۆر بن ئەو سەركەوتن و شكستانە، یاخود كەم بن.
(20) ساڵی ڕابردوو، وێڕاى هه‌موو كه‌موكوڕييه‌كان، جیاواز بوو لە سەردەمی دیکتاتۆری. لانیکەم خه‌ڵكى عێراق ئازادی بەکارهێنا بۆ نیشاندانەوەی زیندوویيی خۆی لە ناوچەکەدا. قۆناغی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی هه‌ر لە کۆنگرەی لەندەن و سەڵاحەدینه‌وه، تاکو دامەزراندنی ئەنجومەنی حوکم و نووسینەوەی دەستوور سەرکەوتوو بوو. بەڵام دوای ئەوە، لادان و هەڵەکان وردە وردە دەستیان پێ‌کرد و بوونە تەنگژەی گەورە، ئه‌وه‌ش بەهۆی نەمانی گفتوگۆی بنیانتەرى لایەنەکان و جێبەجێنەکردنى دەستووری عێراقی.
ئامانجی عێراقییەکان لە دروستکردنی عێراقێکی دیموکراتی، فرەيی، مەدەنی و سەقامگیر، تووشی شکستێكی گەورە بوو. لەبەرئەوە بەشداریی خەڵک لە پرۆسەی دیموکراسیدا زۆر کەم بووەوە، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆر مەترسیداری هەیە بۆ سەر داهاتووى پرۆسەی دیموکراسی، بەتایبەتی کە عێراق له ڕابردوودا ملیۆنان کەس و ملیارەها دۆلاری بەهۆی دیکتاتۆرییەوە لەدەستدا و دەیان ساڵی تەمەنی نەوەکانی خستە ناو توندوتیژی و جەنگەوە.
کۆمەڵگەی مەدەنی و مافە مەدەنییەکانی خەڵک و ژنان بەتایبەتی، زیانێکی گەورەیان لێدرا. ئەمە جارێکی دیکە ڕێگرییەکی گەورەی دروست کرد لەبەردەم پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ژیانێکی سەردەمیانە لە عێراق. ئەمە زیانێکی زۆری بە توانای دەستپێشخەری و داهێنانی عێراقییەکان گەیاندووە.
دڵنیاتان دەکەمەوە ئەگەر مافە مەدەنییەکان بە شێوەی چاوەڕوانکراو وه‌ك ئه‌وه‌ى له ده‌ستووردا هه‌يه بۆ خەڵکی عێراق دەستەبەر کرابان، ئێستا کۆمەڵگەیەکی زۆر داهێنەرمان دەبوو. کۆمەڵگەیەکی كامهرانمان لە عێراق دەبینی.
زۆربوونی ناوەندەکانی بڕیار، بەکارهێنانی چەکی دەوڵەت لە ناکۆکیی سیاسیی ناوخۆییدا، شکاندنی باوەڕی پێکهاتەکانی عێراق لە یەکسانى و به‌شدارى و هاوبەشى لە بڕیار و بەڕێوەبردنی وڵات‌دا، زیانێکی یەكجار زۆری بە پرۆسەی سیاسی و دامەزراوەکانی عێراق گەیاندووە.
ئەوانەی دەستووریان نووسیەوە، سەر بە باوەڕ و نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق بوون. ته‌واوى داواى هه‌مووان لە دەستووردا نەنووسراوە و نەچەسپێندراوە، بەڵام هەموویان لەو باوەڕدا بوون دەستوورێکی باشیان نووسیوە کە دەتوانێت عێراق بکات بە وڵاتى هەمووان و بیکاتە عێراقێکی فیدراڵی و دیموکراسی و پێشکەوتوو.
بەداخەوە دەستوور جێبەجێ نەکراوە. ساڵی 2017 لە هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی پسپۆڕ (57) مادەی دەستووريی په‌يوه‌ست به سيستمى فيدراڵى و مافه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستنيشان كرد کە تا ئێستاش جێبەجێ نەکراون! بەو هۆیەوە خەڵکی هەرێمی کوردستان هەست ناکەن سیستەمی فیدراڵيی عێراق جێبەجێ کرابێت. ئەگەر فيدراڵى بەپێی دەستوور جێبەجێ بکرابا، خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق، ئێستا هەستیان بە یەکسانی و هاوبەشییەکی ڕاستەقینە دەکرد.
زۆر کەس، هه‌رێمى کوردستان بە جێبەجێنەکردنی دەستوور تۆمەتبار دەکەن! دوای (20) ساڵ ناڵێین ئێمە لە هەرێمی كوردستان بێ هەڵە بووین. هه‌موومان له عێراق هەڵەمان کردووه، بەڵام ده‌بێ سوود له هه‌ڵه‌كانى ڕابردوو وه‌ربگرين. سەرۆک مەسعوود بارزانی و خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی، زۆر هه‌وڵيان دا بۆ جێبەجێکردنی دەستوور.
سەرۆک بارزانی چەندین جار هۆشدارى دا کە دەستوور وەلانراوە و ئەمە عێراق تێکدەدات. سهركردايهتيى هه‌رێمى كوردستان هەستیان بە بەرپرسیاريه‌تییەکی زۆر دەکرد بۆ جێبەجێبوونی دەستوور، وەک وەفادارییەک بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق. ئێستاش ئاماده‌ى هەموو شتێكين بۆ ڕاستهڕێكردنهوهى دەستوور. دواى (20) ساڵ ده‌بێ هه‌موومان بهرپرسياريهتيى هاوبه‌ش هه‌ڵبگرين و چاره‌سه‌رێكی مامناوه‌ندى وا بدۆزينه‌وه كه هه‌مووان لەم وڵاتەدا خۆیان بە سەركەوتوو بزانن لە پرۆسەی سیاسی‌دا.
بەڕێزان ..
گۆڕانی كه‌شوهه‌وا تاکو ساڵی (2050) دەبێتە هۆی ئەوەی ملیارێك و دوو سەت ملیۆن كه‌س ناچار بن لە شوێنەکانیان کۆچ بکەن. بەداخەوە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی بانکی جیهانی و نەتەوەیەکگرتووەکان، عێراق یەكێک لەو پێنج وڵاتانه‌يه كه زۆرترین کاریگەری لەسەر دەبێت.
ئەمە بابه‌تێكى زۆر جددى و ژيارييه، دەبێ گفتوگۆی نێوانمان زۆر بکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. دەبێ گفتوگۆى زۆر لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بکەین، بەتایبەتی تورکیا و ئێران بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی ئه‌م گۆڕانه و کەمئاوی لەسەر عێراق. كۆنفرانسى هه‌فته‌ى ڕابردوو له به‌سرا و پشتگيريى نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان و وڵاتانى دۆست له به‌رنامه و هه‌نگاوه‌كانى عێراق، مايه‌ى خۆشحاڵييه.
مەترسییەکی دیکە لە عێراق، پشتبەستنە بە نەوت وەک سەرچاوەی سەرەکيی داهات. بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوه، هەوڵە خێراکانی گۆڕینی سەرچاوەکانی وزە و شێوەی ژیان لە جیهان، ژیانی خەڵکی عێراق لە داهاتوودا دەکەوێتە ژێر مەترسییەکی یەکجار گەورەوە. بەتایبەتیش کە ژمارەی دانیشتووانى زۆر گەورە ده‌بێت و زیاتربوونی بەشی به‌كارخستن لە بودجەدا، ئەرکی حکوومەتی فیدراڵی زۆر قورس کردووە.
عێراق پێویستی بە پلانێکی ستراتیژی و پرۆژەی زۆر و جیاوازە. دەبێ پارەیەکی زۆر لە پرۆژەی ستراتیژیدا خەرج بکات بۆ ئه‌وه‌ى وڵاته‌كه به سه‌لامه‌تى بۆ ژیان بمێنێته‌وه. بەڵام خەرجکردنی داهات لە مووچە کە ئەویش بەشی هەرە زۆری بۆ کڕینی پێداویستییەکان دەچێتە دەرەوە، وادەکات مەترسییەکە زیاتر ببێت.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..
عێراق خاوه‌ن دهوڵهمهندييهكى گه‌وره‌ى مرۆيى و سروشتييه. ده‌كرێ به باش‌ترين شێوه بقۆزرێته‌وه تاكو ببێته يه‌كێك له وڵاته پێشكه‌وتووه‌كان و شوێن و پێگه‌ى شايسته‌ى خۆى له ناوچه‌كه و له جيهانيش وه‌ربگرێت. ببێته ياريكهرێكى ديار كه ڕۆڵى كاريگه‌ر له چه‌سپاندنى ئارامى و سه‌قامگيرى و ئاشتيدا بگێڕێت و ببێته ناوه‌ندێكى به‌رچاوى ناوچه‌كه.
بۆ عێراقێكى ئاوا كە دەمانەوێت، ده‌بێ عێراقييه‌كان به هه‌موو پێكهاتهكانييهوه، پێكه‌وه كار بكه‌ن، بهرپرسياريهتيى هاوبه‌ش هه‌ڵبگرن. ئامانج و ئهجێندايهكى كۆكهرهوهى نيشتمانيى عێراقى كه به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى وڵات بپارێزێت، هه‌موومان كۆبكاته‌وه.
هه‌موو پێكهاته‌كان له هه‌ر نه‌ته‌وه و ئايين و مه‌زهه‌بێك بن، ده‌بێ هه‌ست بكه‌ن عێراق وڵاتى خۆيانه. ده‌بێ هه‌موومان پێكه‌وه كار بكه‌ين، بۆ ئه‌وه‌ى له عێراق ئه‌جێنداى عێراق سه‌ركه‌وێت. ئيراده و بڕيار و سهروهريى عێراق و عێراقييه‌كان، پارێزراو بێت.
له دۆخى ئێستاى سياسى و ئه‌منى و ئابووريى ناوچه‌كه و جيهاندا، عێراق به هه‌رێمى كوردستانيشه‌وه، له‌گه‌ڵ ته‌حه‌دى و ده‌رفه‌تى گه‌وره‌دا ڕووبه‌ڕووه. ئێستا كاتى گفتوگۆيه‌كى ڕاشكاوانه و ئازايانهيه. كاتى ئه‌وه‌يه له عێراق پێكه‌وه هه‌موومان به ڕوانگه‌يه‌كى هاوبه‌شەوە سه‌يرى داهاتووی ئەم وڵاتە بكه‌ين.
به پێكه‌وه‌كاركردن و تهبايى و يهكڕيزى، به هاوكارى و بهپرسياريهتيى هاوبه‌ش، ده‌توانين هه‌موو سه‌ختى و ته‌حه‌دييه‌كان تێپه‌ڕێنين. دهرفهتهكانيش بۆ ئێستا و بنياتنانى داهاتوويهكى باشتر، وڵاتێكى به‌هێز و پێشكه‌وتوو، بقۆزينه‌وه.
له هه‌رێمى كوردستانيش ده‌بێ به گيانى يهكڕيزى و تهبايى و پێكهوهيى، كێشه و ناكۆكييهكان چاره‌سه‌ر بكه‌ين. له‌مباره‌يه‌وه هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى لايه‌نه سياسييه‌كان بۆ نه‌هێشتنى ته‌گه‌ره‌كانى به‌رده‌م هه‌ڵبژاردن، دڵخۆشكه‌رن.
ئێمه له سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان له كار و هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بين بۆ تێپه‌راندنى كێشه و ناكۆكييهكان. پێكه‌وه كار ده‌كه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى واده‌ى هه‌ڵبژاردن ديارى بكه‌ين و پرۆسه‌كه له كاتى خۆي‌دا به‌ڕێوه بچێت.
جارێکی دیکە لە سلێمانییەوە بەخێرهاتنی هەموولایەكتان دەکەم.
زۆر سوپاس
https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-iraq-including-the-kurdistan-region-faces-great-challenges-and-opportunities/
ئەمڕۆ سێشەممە 3/14 ، لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکی وەزیرانی فیدرال و شاندێکی یاوەری کرد.
پاشان لە کۆبوونەوەیەکدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە کەشێکی ئەرێنی و هەوڵدانێکی جیددی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ. گوتیشی ئەگەر نیاز و ویست و ئیرادە هەبێت ، دەکرێ هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵی کرد بۆ کارکردن لە سەر چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان ، بەتایبەتی ستایشی پەسەند کردنی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی کرد کە بە هاوکاری وهەماهەنگی لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدرال ئامادە کرا، هیواشی خواست ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش، لە نزیکترین کاتدا پڕۆژە یاساکە وەکو خۆی پەسەند بکات. سەرۆکی حکومەت هەروەها دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیران و کابینەی حکومەتی عێراقیش کرد بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، بەو هیوایەی ببێتە دەستپێکێک بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی دانیشتووانی هەڵەبجە .
سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، جەختی لەوە کردەوە کە دەرفەتێکی باش و ئارەزوو ویستێکی بەهێزمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لە کەشێکی دۆستانەدا بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی چەندین تەوەر کرا لەوانە، گرنگیی ئامادەکردنی هەردوو پڕۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵ و یاسای نەوت و گاز ، جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال وەکو خۆی و دەرچوونی هێز و میلیشیا چەکدارەکان و ئاساییکردنەوە و ئاوەدانکردنەوی ناوچەکە، قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی بەعس بەپێی دەستوور، بەتایبەتی بنەماڵە و کەس و کاری شەهیدانی کیمیاباران و ئەنفالکراوان و هەروەها پەرەپێدانی هەماهەنگیی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵیۆزی سوید لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە 3/14 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جێسیکا سڤاردسترۆم، باڵیۆزی سوید لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، دۆخی گشتیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و سوید تاوتوێ کران.
تەوەرێکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵ. سەرۆکی حکومەت ئامادەیی حکومەتی بۆ هەموو کارئاسانی و هەماهەنگییەک بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن دووپات کردەوە.
چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە و زەمینەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان
سەرۆکی حکومەت : کار دەکەین لە پێناو دروستكردنی ژێرخانێكی ئابووریی بەهێز بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان پێشکەوتووتر و سەقامگیرتر بێت
ئەمڕۆ یەکشەممە 12 ی ئادار، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە یەکەمین دیداری لاوان لە دهۆک کرد .
سەرەتا پێشانگەیەکی کاری دەستی لاوانی کردەوە و دواتر لە پانێلێکدا، وەڵامی پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە .
ئەمەش دەقی پرسیار و وەڵامەكانە :
زۆر سوپاس، سوپاسی ئێوە دەكەم بۆ ئەم دیدارە و میوانداریكردنی ئێمە. بە ناوی خوای گەورە و دلۆڤان، سوپاسی هەموو بەشداربووانی ئەم دیدارە دەكەین بۆ ئەم دەرفەتەی بە ئێمەتان دا. ببوورن كەمێك دواكەوتین، لەبەردەرگا هەندێك پێشانگا هەبوو داوا كرا سەردانیان بكەین، كاتێك ئێمە بینیمان زۆر جێی دڵخۆشی بوو.
دیارە سەرەتا گوتیان با وتارێك هەبێت، دواتر گوتمان رەنگە لە وتار ماندوو بن، بەڵكوو باشترە دیدارێكی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێوە هەبێت و ئێوە پرسیارتان هەبێت، ئێمە ئەوەمان پێ باشتر بوو، گوێ لەو پرسیارانە بگرین و ئەگەر وەڵامێك هەبێت وەڵامی پرسیارەكانتان بدەینەوە، زیاتر دایەلۆگێك بێت لەگەڵ گەنجانی ئێمە. بە ناوی خوا دەست پێ بكەن.
پرسیار: زۆر بەخێرهاتنت دەكەین. وەك دیارە ئەم مانگە مانگی راپەڕینە، ئێستا نەوەیەكی نوێ هەیە كە رەنگە ئاگاداری ئەم مێژووە نەبێت، حكومەت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم نەوەیە دەكات؟
سەرۆکی حکومەت: پێش هەموو شتێك، من ڕۆژی راپەڕین و ڕزگاركردنی هەموو شار و گوندەكانی كوردستان لە هەموو خەڵكی كوردستان پیرۆز دەكەم، یادێكی پیرۆز و زۆر مەزنە بۆ ڕزگاركردنی وڵاتی ئێمە و میللەتی ئێمە لە بندەستی زۆرداری، وەرچەرخانێك بووە لە ژیانی هەموو خەڵكی كوردستان.
ئەوەی پێش راپەڕین هاتۆتە دونیا، چ ئەوانەی لە عێراق ژیان و چ ئەوانەی لە وڵاتانی تر ژیان، بینیویانە كە ژیانی ئاوارەیی و ژیانی بندەستی چۆنە. من بیرم دێت لەگەڵ هەڤاڵەكانی خۆمان كاتێك لەگەڵ پێشمەرگەكان دادەنیشتین، دەمانگوت تەنیا ڕۆژێك ئێمە بگەڕێینەوە كوردستان و بە ئازادی و سەربەستی ژیاباین، با لە بن تەڕاشێك بووینایە. ئێمە گەڕاینەوە كوردستان، ئێستا كوردستان ئازادە، ئێمە نەك لە بن تەڕاش و خێوەتاندا نین، سوپاس بۆ خوا ئێستا كوردستان لە هەموو كاتێك ئازادترە.
ڕاستە چەند نەوەیەكی دیكە هاتوونەتە دونیا و ئێستا گەورە بوون و چوونەتە زانكۆ و لە زانكۆش دەرچوون، ئەوە دیارە كە ئەو گەنجانە زۆر زەحمەت و ئازاری لەمەوبەریان نەدیوە و قەدر و قیمەتی ئەو ئازادییەیان نەزانیوە، ئینشەڵڵا هیچ كاتێك ئەو زەحمەتییە نەبینن و هیچ كاتێكیش ئەو ژیانە نەبینن كە ئێمە بینیمان. هەموو دەم بە سەربڵندی بژین و هەموو دەم ڕوویان لە وڵاتێكی ئاوەدانتر و ژیانێكی خۆشتر بێت، ئەوەی لە سەر ئێمە و ئەوانیشە بۆ ئەوە كار دەكەین كە ئەو ژیانە بێتە دەستەبەركردن. بەڵام ئەوەی مێژووی خۆی و رابردووی خۆی نەزانێت، بناغەیەكی باش نابێت بۆ بیناكردن و دروستكردنی داهاتوویەكی باشتر. لەسەر حكومەت و كەسوكار و ئێمە هەموو رێكخراوە حزبی و كۆمەڵایەتی و جەماوەرییەكان پێویستە كە مێژوو وەبیر خۆمان بێنینەوە، لە كوێ دەستمان پێكرد و گەیشتین بە كوێ؟ زۆرجار ئەو كێشە و گرفتانەی هەیە دەبێ بزانین سەرچاوەی ئەو كێشانە چین و لە كوێ هاتوون؟ بۆچی ڕێگری لە ئێمە دەكرێ و بۆچی ئەو داوایانەی ئێمە هەمانە وەك خۆیان نایەنە جێبەجێ كردن؟ ئەمە تەنیا كاری حكومەت نییە، بەڵكوو كارێكی هاوبەشە و پێویستە ئەو باوكەی پێشمەرگایەتی بینیوە و بندەستی و نەخۆشی و ئاوارەیی بینیوە، وەبیر كوڕ و كچی خۆی بێنێتەوە كە لە چ ژیانێكدا ژیاوە و ژیانی ئێستاش چۆنە؟ بۆ پاراستن و باشتركردنی ئەو ژیانە، پێویستە ئێمە پێكەوە كار بكەین. ئەركێك لەسەر حكومەتە و لەسەر نەوەی نوێش ئەركێكی تایبەت هەیە كە ئەویش پاراستنی ئەو ئەزموونەیە. ئەوەی لەسەر حكوومەت ئەركە، دەرفەت بۆ ئەو گەنجانە بكاتەوە تاوەكوو بەرەو ئاییندەیەكی گەشتر و قۆناغێكی نوێتر هەنگاو بنێت.
پرسیار: هەندێك دەڵێن سیستەمی خوێندن كەموكوڕییەكی پێوە دیارە، ئەمەش دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی نەتواندراوە لە ڕووی نیشتمانپەروەرییەوە پەروەردەیەكی باشی گەنجەكان بكرێت، رای ئێوە چییە؟
سەرۆکی حکومەت: لە هەموو قۆناغەكانی ژیان، مرۆڤ پێویستی بە نوێكردنەوە و بەرەوپێشچوون هەیە. ئەگەر سەیر بكەین لە قۆناغەكانی خوێندن لە كوێ بووین و ئێستا بە كوێ گەیشتووین، دەبینین پێشكەوتنێكی یەكجار زۆر هەیە، چەندین زانكۆمان لە شارە گەورەكانی هەرێمی كوردستان و چەندین شارۆچكەش، ئێمە زانكۆ و پەیمانگامان هەیە، ئەمە هەمووی ئاماژە بەوە دەكات كە قۆناغی خوێندن و پرۆسەی خوێندن لە كوردستاندا هی زانكۆكان بە تایبەتی، بەرەوپێشەوە چووە. خوێندنی تریش بەرەوپێشەوە چووە، یانی لە سەرەتاوە كە دەست پێدەكەن تاوەكوو دواناوەندیش ئەگەر سەیر بكەن ساڵ بە ساڵ پێشكەوتنی پێوە دیارە، بەڵام ئەگەر هەست بەوە دەكرێ هێشتا كەموكورتی تێدایە، ئەمە ئاماژەیەكی باشە بەوەی كە تمووحاتی ئێمە زۆر لەوەی كە هەیە زیاترە، ئەوە شتێكی باشە بۆ ئەوەی هەمیشە هەوڵی ئەوە بدەین خۆمان نوێ بكەینەوە و بەرەو پێشەوە بچین. من خاڵێكی تر هەیە دەمەوێ ئاماژەی پێ بدەم، خوێندن و پەروەردە هەردووكیان شان بە شانی یەكتر پێویستن، پەروەردە تەنیا لە قوتابخانەكان و زانكۆكان ناكرێت، لە كۆمەڵگەش و لە ماڵەوەش دەكرێ، لەسەر دایك و باوكە پەروەردەی منداڵەكەی بكات، لەسەر مامۆستایە لە قوتابخانە درێژە بە پەروەردە و خوێندن بدات. كەواتە ئەمە شتێكی هاوبەشە كە ژیانی قوتابی لە دەستپێك تا لە زانكۆ تەواو دەبێت، دەبێ بە تەنیا سەیری خوێندن نەكات، بەڵكوو پەروەردەكردنی ئەم تاكە لە كۆی كۆمەڵگەدا ئەركێكی پێویستە و دەبێ هەمووشمان هاوكاری یەكتر بین.
پرسیار: ململانێ لە نێوان لایەنە سیاسییەكان تاڕادەیەك ناتەندروستە، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی بێئومێدبوونی لاوان، تۆ چ ئومێدێكت هەیە ئەم دۆخە بەرەو باشتر بچێت و دەرئەنجامی ئەم ململانێیە هەرێمی كوردستان بۆ كوێ دەبات؟
سەرۆکی حکومەت: من پێشتریش گوتوومە، ئێوە (لاوان) خاوەنی ئەم وڵاتەن، هەر هاووڵاتییەكی كوردستان خاوەنی ئەم وڵاتەیە، هیچ حزبێكی سیاسی یان ڕێكخراوێك ناكرێ بڵێ من بڕیاردەر و خاوەنی ئەم وڵاتەم و ئەوانەی دیكەش دەبێ تەنیا ئیتاعە بكات، حزب و ململانێی حزبی ئەگەر بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی نیشتمانی بێت، شتێكی زۆر باشە، ئەگەر حزب بووە كەرەستە و ئامراز بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی نەتەوەیی و نیشتمانی، شتێكی زۆر باشە و پێویستە ئێمە پشتیوانی ئەو حزبە بكەین یان لەسەر ئەو ئامانجە نیشتمانییە بەردەوامی بە كاری خۆی بدات و لەسەر ئەو ئەساسەش دروست بووە، بەڵام ئەگەر حزب خۆی بووە گرفت بۆ سەر دەستكەوتی نیشتمانی و حزب بووە ڕێگر بۆ پێشخستنی نیشتمان و ئاوەدانیی ئەو وڵاتە، پێویستە هەر هاووڵاتییەك هەڵوێستی هەبێت بەرامبەر هەر حزبێك بێت یان هەر كەسێك بێت كە ئەم ڕێگەیە دەگرێتە بەر.
لەبەر ئەوە، ململانێی حزبی لە كۆمەڵگەی دیموكراسی شتێكی بەربڵاوە و لە هەموو دونیاشدا هەیە، بەڵام لێرەدا چوارچێوەیەك هەیە كە هەموو لایەك پێكەوە گرێ دەدات، ئەویش بەرژەوەندیی نیشتمانی و نەتەوەییە، ئەگەر حزب لە چوارچێوەی ئەو بەرژەوەندییانەدا ململانێی یەكتر بكەن بۆ باشتركردن و زووتر گەیشتن بە ئامانجەكانی خۆیان، ئەوا كۆمەڵگە بە خێراییەكی زۆرتر بە ئامانجەكان دەگات، بەڵام ئەگەر ئامانج بووە خودی حزبەكە و شەخس، ئامانج ئەوە بێت كەسێك بەرچاو بێت، ئەوكاتە بێگومان كێشەی زیاتر دروست دەبێت.
ئەوەی هەیە بەشێكیان راستە، جێی داخە كە هەموو حزبەكان بەرژەوەندییەكانی وڵاتی خۆیان و میللەتی خۆیان لەبەرچاو نەگرتووە، هەندێك لەو حزبانە زیاتر خۆیان لەبەرچاو گرتووە. ڕاستە ئەم ململانێیە كێشەی بۆ قوتابیان دروست كردووە. هەندێكجار حزبێك لە دەسەڵاتە، زۆر ئاساییە حزبێكیش ئۆپۆزسیۆنە، ئاساییە ئەو حزبە كێبڕكێ بكات بۆ ئەوەی ئەویش بگاتە دەسەڵات، بەڵام هەروەك من گوتم، هەندێك هێڵی سوور هەن كە ئەویش پاراستنی بەرژەوەندیی نیشتمانییە، نە دەسەڵات و نە ئۆپۆزسیۆن نابێ ئەو هێڵانە تێپەڕێنێت. كاتێك كەسێك لەبەر خاتری بەرژەوەندیی تەسكی حزبی و كەسی هەوڵی دا گەنجانی ئێمە لە وڵاتی خۆیان نامۆ بكەن، یان لە جیاتی ڤیان و خۆشەویستی، وا بكەن كەیفیان بە وڵاتی خۆیان نێت و وڵاتی خۆیان جێ بهێڵن، ئەوكاتە پێویستە هاووڵاتیان بزانن كە ئامانجی ئەو حزبە و ئامانجی ئەو ململانێیە لە خزمەتی وڵات و گەنجانی خۆیاندا نییە. پێش هەموو كەسێك پێویستە گەنجان خۆیان بیر بكەنەوە. یەكێك لە كێشە گەورەكانی كۆمەڵگە ئەوەیە كە ئەگەر تاك خۆی بیر نەكاتەوە و چاوەڕێ بێت یەكێك پێی بڵێ ئەوە بكە و ئەوە مەكە، ئەو كۆمەڵگەیە هێشتا پێ نەگەیشتووە. پێویستە هەر تاكێكی وڵاتی ئێمە پێویستە خۆی بیر بكاتەوە و باشی و خراپییەكان لێك بداتەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بكات، ئەوكاتە زۆر ئاساییە ئەوەی پێی دەكرێ پشتیوانیی ئەو ڕێگەیە بكات كە لە خزمەتی ئەودایە و ڕێگەش نەداتە ئەو كەسەی كە لەسەر حیسابی میللەت و گەنجانی خۆی دەستكەوتی كەسی بەدەست دێنن. بۆیە گەنج و لاوی ئێمە پێویستە وەك حەكەم بن، بەدوای كەسێكدا نەچن، بەڵكوو سەیری ئەدای لایەنەكان بكەن، كێ لە خزمەتی وڵاتی خۆیدا بوو پشتیوانی بكەن، كێ لە خزمەتی وڵاتەكەدا نەبێت، ئەوا بەرپرسیارێتیی هەموو گەنج و لاوانی ئێمەیە و دەبێ ئەوان بڕیار بدەن كە بەرەو كوێ بچن.
پرسیار: ئومێد هەیە بەرەو باشتربوون بچێت؟
سەرۆکی حکومەت: من ئومێدم یەكجار زۆرە، چونكە ئێمە قۆناغی گەلێك ناخۆشمان تێپەڕاند، ئەگەر بە ماندووبوونی گەنجان و پێشمەرگە و هەموو دەزگا و دامەزراوەكانی خۆمان نەبووایە، هەروەها خۆڕاگریی میللەتەكەشمان نەبوایە، واتە مەرج نییە تەنیا دەسەڵات، بەڵكوو بەرگەگرتنی ئەو ئازار و زەحمەتەی هەیە خۆی شتێكی زۆرە و پێویستە مرۆڤ سوپاسی خوا بكات و سوپاسگوزاری ئەو میللەتەش بێت كە هێندە بە تەحەمول بووە بەرامبەر ئەو كێشانە. بەڵام تێپەڕاندنی قۆناغی ناخۆش مانای ئەوەیە كە لە كاتی خۆشی‌دا زۆر بە ئاسانیتر دەتوانین هەنگاوی باشتر بهاوێت.
ئێمە لەم حكومەتە هەنگاوی زۆر جددی دەنێین بۆ دروستكردنی ژێرخانێكی ئابووریی بەهێز بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتە بۆ گەنجان دروست بكرێت، بۆ ئەوەی وڵات زیاتر پێش بكەوێت. من ئومێدێكی زۆرم هەیە، هەم داهاتی وڵاتی ئێمە و هەم توانای گەنجانی ئێمە هەیە.
پرسیار: یەكێك لە ئامانجەكانی كابینەی نۆیەم پەیوەندیی راستەوخۆیە بە هاووڵاتیان، ناوی كابینەكەش بە كابینەی خەڵك ناو دەهێندرێت، لاوان لە كوێی ئەم كابینەیەن؟ بە تایبەتیش كە خۆشت گەنجێكیت؟
سەرۆکی حکومەت : زۆر سوپاس بۆ ئەم موجامەلەیە، من لاو نیم. ڕاستیت دەوێ حكومەت خزمەتكارە، دەسەڵاتێك نییە بە هەڵە بێتە ناسین كە دەسەڵاتێكە بەسەر میللەتی خۆی و دەبێ میللەت ئەوەی بكات كە حكومەت پێی دەڵێ. بەڵكو حكوومەت لە میللەتەوە دروست دەبێت و ئامانجیشی خزمەتكردنی میللەتە، بۆیە دروستكردنی پەیوەندییەكی تەندروست لە نێوان دەسەڵات و خەڵكی، جا لاوان یا هەر تەمەنێك بن، ئەوە پێویستییەكی زەروورییە بۆ ئەوەی بەو چارەنووسەدا بچن كە بزانن داخوازییەكانی ئەو میللەتە چییە. ئەگەر لاو و تاكەكانی وڵات جێی خۆیان لە حكومڕانیدا نەبیننەوە، تووشی نائومێدی دەبن.
ئەوەی ئێمە كردمان، هەڵبەت هەندێك ئسوڵ هەن، هەموو كەس نابنە فەرمانبەر و هەموو كەس نابنە دەسەڵاتدار و هەموو كەس بەرپرسیارێتی وەرناگرن، هەندێك لەو كەسانە بەرپرسیارێتی وەردەگرن، بەڵام گرنگ ئەوەیە لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتییەدا بن و كەسی باش لە شوێنی باش دابنرێت. بەڵام ئەم تێكەڵییە كە لەگەڵ خەڵك دروست دەكرێت، زیاتر دەرفەت دەكرێتەوە بۆ ئەوەی خەڵكی باش بناسرێن و بەرپرسیارێتیی گەورەش لە لای ئەوان وەربگیرێن. لە ئۆفیسی خۆمان زۆر هەوڵماندا بۆ ئەوەی گەنجانی بەهرەدار و بەتوانا لە سەر ئاستی هەموو كوردستان، بەبێ ئەوەی بپرسین مەیلی سیاسیی ئەو گەنجە چیە و چ نیە؟ بەڵام گەنجێكی بە توانا و بەهرەمەند بێت و بیانهێنین لە ئۆفیسی ئێمە كار بكات، زۆر لەوانە ئێستا لە ئۆفیسی ئێمە كار دەكەن. ئێمە لێمان نەپرسیوە تۆ كێی و سەر بە چ حزبێكیت؟ تەنیا رابردووێكی پاك و توانایەكی باشی هەبێت، باوەڕ بكەن گەلێكیش سەركەوتوون و هاریكار بوون لە پێشخستنی زۆر لەو پرۆژانەی دەست پێكراون، یەكێك لەو پرۆژانە پرۆژەی هەناردەكردنی بەرهەمی خۆماڵیی كوردستانە بۆ دەرەوەی كوردستان كە ئێمە لە هەنارەوە دەستمان پێكرد، بەڵام ئەو گەنجانە ئەم پرۆژەیەیان كرد. بەرنامەكانی (ئی ڤیزا و ئی پەیمێنت) ئەو گەنجانە كاریان تێدا كرد لەگەڵ وەزارەتەكان و لەگەڵ بەرپرسەكان، ئەو گەنجانە خۆیان كردیان.
مەرج نییە گەنجان و لاوان تەنیا چاویان لەوە بێت بێن لەگەڵ حكومەت كار بكەن، تێكەڵیی حكومەت لەگەڵ گەنجان و خەڵك بۆ ئەوە نییە تەنیا دەرگای حكومەت و دەسەڵاتی بۆ بكرێتەوە، پێویستە دەرفەتی كاری بۆ بكرێتەوە و لە كەرتی تایبەت پشتیوانی لێ بكرێت تاوەكو گەنجان بتوانن ببنە خاوەنی كاری خۆیان. ئەمڕۆ چەندین گەنجم بینی، ماشەڵا گەلەك بەهرەدار و هەندێكیان داهێنانی زۆر باشیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی كردووە، ئەوە دڵخۆشییەكی مەزنە و لەسەر حكوومەتە پشتیوانی ئەوانە بكات و هانی گەنجانی دیكەش بدات كە چاو لەوانە بكەن.
ئەوەی ئێمە پێمان بكرێ دڵنیابن بەردەوام دەبم، بەڵام گەنجانیش بەرپرسیارێتییان لەسەر، چەند هەوڵ دەدرێت بۆ سەركەوتن و پێشخستنی وڵاتی ئێمە، هێندەش هەوڵ لە لایەن ناحەزان دەدرێن بۆ دڵگرانكردنی گەنجانمان و ڕێگەگرتن لێیان و چاندنی تۆوی ناتەبایی لەنێو گەنجانمان، پێویستە گەنجانمان هۆشیار بن و نەكەونە داوی ناحەزان، گەنج پشتیوان بن، ئێمەش لە خزمەتیاندا دەبین، وڵات وڵاتی ئێمەیە و داهاتووشمان زۆر گەشە.
پرسیار: ئێمە پێمان دەگوترێ نەوەی دیجیتاڵی، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زۆر هەواڵی خۆش دەبیستین، وەك فرەچەشنكردنی ئابووری و پرۆژەی هەژماری من، هەروەها بیستوومانە كە لە 2025 ئێمە دەبینە حكوومەتێكی بێكاغەز و دیجیتاڵ، هەر بەڕاست ئەوە هەیە؟
سەرۆکی حکومەت: ئینشائەڵا، لە كوردستان تا ئێستا شتی زۆر باش كراوە، وەك ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن و پارێزگاریكردن لەم قەوارەیە و دروستكردن و ئاوەدانكردنی باڵاخانە و ڕێگەوبان و زۆر شتی باش كراوە. بەڵام ساڵ بە ساڵ ئێمە پێویستیمان بە پتەوكردنی ئەم ژێرخانەیە، ساڵ بە ساڵ پێویستیمان بە دروستكردنی ژێرخانێكی بەهێزە بۆ ئەوەی لە ڕووی سەقامگیریی ئاسایش و تەناهیشەوە سەقامگیرییەكی زیاترمان هەبێت و لە ڕووی سیاسیشەوە ئێمە بتوانین سەقامگیرییەكی زیاترمان هەبێت. لەم ڕوانگەوە ئەوەی ئێمە هەوڵمانداوە هەندێك شت لە ئاستی پێویستدا نین، بۆ نموونە ئەوەی باست كرد هەژماری من، ئێمە چەند رۆژ لەمەوبەر (هەژماری من)مان راگەیاند، هەژماری من چییە؟ پرۆسەیەكمان دەست پێكردووە وەكوو نموونە لە شوێنێك كە 850 كەس بە شێوەیەكی ئەلیكترۆنی و بە كرێدت كارت دەتوانن مووچەكانیان وەربگرن. بەڵام جگە لەوە، ئەم كرێدت كارتەی كە هەیانە، دەتوانن لە هەر شوێنێكیش كە بڵێم جیهازی خوێندنەوەی ئەم كارتە هەبێت، بچێ لەوێ كڕیاریشی پێ بكات، بچێ بۆ سوپەرماركێتێك و فرۆشگایەك لە هەر شوێنێك بێت ئەمە بكات. بڕوا بۆ دەرەوەی وڵات. ئێستا لەوانەیە هێنان و بردنی پارەی كاش باوی نەماوە و ڕێگەشی پێنەدراوە و قورسترە، بۆیە ئەم كرێدت كارتە وەك هەموو شتێكی تر خەڵك پێویستی پێیەتی. خەڵكی بیانی كە دێتە ئێرە، لەوانەیە پارەی كاشی پێ نییە، ئەو نەتوانێت كرێدت كارتەكەی خۆی بەكار بێنێت، چۆن بتوانێت مامەڵە بكات لێرە؟ چۆن بتوانین گەشتیار بێنینە هەرێمی كوردستان؟ چۆن بتوانین ئەم شتانە بكەین ئەگەر كەمترین سیستەمی خزمەتگوزاری لەم وڵاتەدا هێشتا نەقوستان بێت. دروستكردنی (هەژماری من) دروستكردنی ئەكاونتی بانكییە بۆ هەموو تاكێك و هاووڵاتییەكی كوردستان. لە زۆر لە وڵاتان ئەم پرۆسەیە كە دەستی پێكردووە، چەندین ساڵی پێ چووە، نزیكترین وڵات كە كردوویەتی توانیویەتی بە پێنج ساڵ بیكات، ئێمە ئامانجمان ئەوەیە بە دوو ساڵ بتوانین ئەم پرۆسەیە جێگیر بكەین و هەموو تاكێكی كوردستان بتوانێت لەم پرۆسەیە سوودمەند بێت كە بتوانێت ئەكاونتی خۆی لەم بانكە هەبێت. ئێستا دوو بانك هەیە، لەبەر ئەوەیە ئەم دوو بانكە توانای ئەوەیان هەبووە كە ئەم پرۆسەیە جێبەجێ بكەن.
بە نیازین لە مانگی شەشەوە فراوانتری بكەین و چەندین بانكی تریش بێن، لە ماوەی 18 مانگدا هەر هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە زیاتر لە ملیۆنێك كەسن، هەموویان داخیلی ئەم سیستەمە بكرێن، بەڵام جگە لەوە كەرتی تایبەتیش دەبێ ئەم ڕێگەیەی پێ بدرێت، كەسێك مووچەخۆری حكومەت نییە، بەڵام بزنسی هەیە و ئیشی هەیە و حیسابی بانكی پێویستە، بۆ ئەوانەش رێگە دەكرێتەوە هەر كەسێك بتوانێت حیسابی بانكی هەبێت. ئەمە تۆزێك درێژ بوو بەڵام بۆ ئەوەی وازح بێت، لە هەندێك كۆمێنت بیستوومە ئەم سیستەمە كۆن بووە، راستە بەڵێ پێش 20 بۆ 30 ساڵ لە زۆر وڵاتان ئەم سیستەمە هەبووە و ئێستا كۆن بووە، بەڵام ئەمە ژێرخانێكە پێویستت پێیە، ئەگەر هەژماری من وەكوو ئەكاونتی بانكی هەر هاووڵاتییەك بتوانێت خاوەنی بێت، ئەوكاتە ئەو پێشكەوتنە خێرایە تەكنەلۆژییەی دەكرێ پێویست ناكات تۆ بچیت لە سەرەوە دەست پێبكەی، زۆر خێرا دەتوانی پێڕا بگەی، ئێستا پارەدان بە شێوەی (سمارت پەیمێنت) دەدرێت، هەر بە تەلەفۆن پارە دەدرێ و پێویستی بە كرێدت كارتیش نییە، بەڵام خۆ دەبێ ئەكاونتێكی بانكیت هەبێت تاكوو بتوانی ئەو سیستەمە بەكار بێنیت.
بۆیە ئەوەی ئێمە كردوومانە لە زۆر شت لەوانەیە وەكوو باڵاخانە لەبەرچاوتان نەبێت، بەڵام ئەوەندە ئیشی باش كراوە كە ئەمە پێویستە بۆ دروستكردنی ژێرخانی ئابووری.
شتەكانی دیكە كە جەنابت باست كرد بۆ ئاسانكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ نموونە (ئی ڤیزا)، كەسێك بێتە هەرێمی كوردستان پێویست ناكات سەردانی شوێنەكان بكات، هەر بە ئۆنلاین دەتوانێت داوای ڤیزا بكات و هەر بە ئۆنلاین ڤیزەكەی خۆشی وەربگرێ و بە چەند خولەكێك دەتوانێت ئەمە بكات، ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە كوردستان چۆتە قۆناغێكی تر بۆ تێكەڵبوون لەگەڵ ئەم سیستەمی دیجیتاڵیی گڵۆباڵیزم ئەمەی كە هەیە لە دونیادا، كوردستانیش بچێتە ناو ئەم سیستەمەوە.
یان لە زۆر شت توانیومانە، هەتا وەرگرتنی مۆڵەتی ئۆتۆمبێل لێخوڕین، من خۆم چووم لە وەزارەتی ناوخۆ كە یەكەم پرۆژەی بەدیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكان بوو، چووم لەوێ بە 15 بۆ 20 خولەكێك توانیم مۆڵەتەكەی خۆم نوێ بكەمەوە، ئەم خزمەتگوزارییانە زیاتر خزمەتی هاووڵاتیان دەكات لە ڕووی كاتەكە خێراتر دەتوانن كارەكە بكەن، لەرووی شەفافیەت و دادپەروەری لە هەموو ڕێگەیەك كە بیری لێ دەكەیتەوە، ئەم خزمەتگوزارییانە كە پێویستن بۆ هاووڵاتیان، ئێمە دەستمان پێكردووە و قۆناغێكی باشیشمان بڕیوە. دوا قسەم كە ئایا ئێمە دەتوانین لەوێ بین؟ دەڵێم 100% لەوێ دەبین ئینشائەڵا، تا ساڵی 2025 هەروەكوو بەڵێنمان داوە، دەبینە وڵاتێك حكوومەتێك كە هەموو خزمەتگوزارییەكانمان بە شێوەی دیجیتاڵی و ئۆنلاین دەبێ و پێویستیمان بە كاغەز نابێت.
پرسیار: كەواتە ئێمە دەبێ زۆر بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی ساڵی 2025 بكەین؟
سەرۆکی حکومەت: پێویست ناكات تا ئەو كاتە ئێمە چاوەڕێ بین، ساڵ بە ساڵ و مانگ بە مانگ ئێمە ئەو پێشكەوتنانە بەچاوی خۆمان دەبینین ئینشائەڵا.
پرسیار: دەمویست بزانم چ شتێكی تر هەیە كە دڵخۆشكەر بێت بمانەوێت لە زاری جەنابتەوە گوێبیستی بین؟
سەرۆکی حکومەت: شتی زۆر هەیە و نامەوێ باسی هەموو شت بكەم، ئەو پێداویستییانەی كە خەڵك هەیانە، بۆ نموونە ئومێدم وایە بە جێگیركردنی پرۆژەی هەژماری من ئیدی بابەتی مووچە و ئەوانە نەبێتە مانشێتی كەناڵەكان، هەر خۆی مانگانە ئەو شتانە هەمووی بكرێ بەبێ ئەوەی وەكوو گرفتێك سەیر بكرێت. من هیوادارم و دڵنیاشم لە ماوەیەكی زوو ئیشەڵا ئێمە ئەو شتانە چارەسەر بكەین.
شتی تریش هەیە بۆ نموونە كارەبا، كارەبا پێداویستییەكە و خەڵك هەمووی چاوەڕێی ئەوەیە كە كارەبا 24 كاتژمێر هەبێت. ئایا دەتوانین ئەوە بكەین یان ناتوانین؟ دەڵێم بەڵێ دەتوانین. ئەی بۆ تا ئێستا نەكراوە؟ هەندێك شت هەبووە كە ڕێگر بووە بۆ نموونە بەشێك لە كێشەكانی ئێمە داهاتەكانی هەرێمی كوردستان بووە كە زۆرجار من قسەم كردووە نامەوێ دووبارەی بكەمەوە، بەڵام ئەوەی كە لەگەڵ حكوومەتی فیدرالییە یان لە داهاتی فرۆشتنی نەوتە یان داهاتی نانەوتیی ناوخۆیە كە لە هەرێمی كوردستانەوە دێت، ئەگەر داهاتی ئێمە بەشی هەموو شتێك بكات، ئێمە دەتوانین هەموو شتێك بكەین، ئەگەر بەشی هەموو شتێك نەكات، دەبێ ئەولەویەتەكەت لەبەرچاو بگریت كە ئایا مووچە دەدەی؟ پرۆژە دەكەی كارەبا دەدەی یان كام شتیان هەڵدەبژێری؟
لێرەدا لە بابەتی كارەبا پرۆسەیەكمان هەیە حەز دەكەم هاووڵاتیان هەمووی بزانن. حكومەت توانا و ژێرخانی بەرهەمهێنانی كارەبای زیاتری هەیە. ئەی بۆ نەیتوانیوە بەرهەم بێنێت؟ چونكە سووتەمەنییەكەی تا ئێستا نەبووە و نەشیتوانیوە صیانەی وێستگەكانی كارەبا بكات.
شتێكی تر مەسەلەی ئەوەیە كە حكومەت چەند پاڵپشتیی ئەم كەرتە دەكات و هاووڵاتی چەند بەرپرسیارێتی هەڵگرتووە؟ ئەمە پرسیارێكی گرنگە و حەز دەكەم باسی بكەم. ئێمە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار پاڵپشتیی دابینكردنی كارەبا دەكەین، بەڵام هاووڵاتیان دەتوانم بڵێم هاووڵاتی 15 بۆ 20٪ بەرپرسیارێتی هەڵنەگرتووە. لە جیاتی ئەوەی هاووڵاتییان بێن خۆیان كرێی كارەباكەیان بدەن، هەندێكیان كرێكە دەدەن و من تەڕ و وشك بەیەكەوە ناسووتێنم، خەڵك هەیە زۆر پابەندە و هەقی خۆی دەدات، بەڵام خەڵك هەیە نایدات.
تێچووی بەرهەمهێنانی كارەبا لەسەر حكوومەت حەوت سەنتە و لەسەر هاووڵاتی بە سەنت و نیوێك حیسابە، ئەگەر حكوومەت نەتوانێ 24 كاتژمێر كارەبا بە هاووڵاتی بدات، هاووڵاتییەكە كارەبا لە مۆلیدە وەردەگرێ و پارەیەكی یەكجار زیاتریش بە خاوەنی مۆلیدەكە دەدات. ئەگەر هاووڵاتی لەگەڵ حكوومەت رێك بكەوێ و بەرپرسیارێتیی خۆی بەرامبەر بە حكوومەت هەڵبگرێ، من دڵنیاتان دەكەمەوە كە حكومەت كارەبای 24 كاتژمێری بە هاووڵاتیان دەدات، هەم هاووڵاتی سوودمەند دەبێ چونكە پێویست ناكات ئەم هەموو پارەیە بدات بە مۆلیدە، بە زۆر كەمتر لەوە دەتوانێ كارەبای 24 كاتژمێری لە حكوومەت وەربگرێت.
ئەمە ئەو پرۆژانەن كە ئێمە لەسەریان كار دەكەین، من نامەوێ لە ئێستاوە بەڵێنی هیچ شتێك بدەم، چونكە دەمەوێ ئەو شتەی دەیكەین من بێمەوە و پێتان بڵێم فەرموو ئەمەمان كرد. ئینجا ئەگەر كردمان، من دێمەوە لاتان و پێتان دەڵێم فەرموون ئەمەش دەستكەوتێكی ترە و لە خزمەتی ئێوەدا دەبین ئینشائەڵا.
پرسیار: با باسی كابينەی نۆیەم بكەین كە بە كابینەی چاكسازی هاتۆتە ناساندن، گرنگترین چاكسازی لە زانكۆكاندایە، ساڵانە لەشكرێك گەنج لە زانكۆكان دەردەچن، زانكۆكان ئەو قوتابیانە بۆ بازاڕی كار ئامادە ناكەن، چ چاكسازییەك لە لایەن كابینەی نۆیەم دەكرێ بۆ ئەوەی تاكێك بەرهەم بێنین بۆ بازاڕی كار بشێت؟
سەرۆکی حکومەت: دەزانی كێشە نە لەسەر ئاستی مامۆستایانمان و نە لە توانا و تێگەیشتن و بەهرەی قوتابیانمانە، ئێمە خەڵكێكی عاقڵ و قوتابییانمان زیرەكن و مامۆستایانیشمان زۆر بە ئاست و مستەوان، كێشەی ئەو زانكۆیانە پێویستی و تواناكانە، هەروەك كێشەكانی دیكە كە باسمان كرد، ئەو توانایە لەبەردەست نەبووە كە بتوانیت لە ئاستی نێودەوڵەتی هاوكاریی قوتابخانەكانی خۆت یان لە شوێنی خەوتنی قوتابیان بكەین. حكوومەت لە ئاستێكی زۆر متەوازع توانیویەتی هاریكار بێت، چەند توانا زیاتر بێت هێندە توانای زانستی و توێژینەوە زیاتر دەبێت، ئەمە بەشێكە.
بەشێكی دیكە ئەوەی من تێبینیم كردووە كەموكوڕی تێدا هەبێت، دامەزراوەی متمانەبەخشین بە زانكۆ، بۆ ئەوەی هەموو بەپێی ستانداردێك كار بكەن و چاودێرییەكی جددی حكوومەتیش لەسەر ئاستی زانكۆكان بكرێت. هەندێك زانكۆ لە زانكۆكانی دیكە باشتر بوون، هەندێك زانكۆ رەنگە بیریان كردۆتەوە وەكوو بزنسەك كار بكەن، ئەمە بۆ زانكۆ قازانجنەویستەكان نا، بەڵام ئەوانی تر. ئێمە دامەزراوەیەكمان دروست كردووە كە متمانەبەخشینی ئەنجوومەنی وەزیرانە و بە زوویی دەكەوێتە كار، ئەوان ئەو ستانداردە نێودەوڵەتییانە دیاری دەكەن كە بۆ پێشخستنی ئاستی زانكۆكانن. بەس لەسەر ئەو ئاستە كار ناكەین، ئێمە لەگەڵ زۆر وڵاتی دیكەش گفتوگۆمان كردووە و پەیوەندیمان دروست كردووە، دوایین جار كە چوومە لەندەن، لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی بەریتانیاش رێككەوتنێكمان كرد بۆ ئەوەی بێن هاوكاریمان بكەن لەسەر ئاستی پەروەردە و قوتابخانەكانی دیكەی ئێمە هاریكار بن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندن. ئەمە بەشێكە لەو هەوڵانەی كە حكوومەت دەیدات. هەندێكیش لەسەر هەوڵدانی قوتابیان خۆیان و پرۆفیسۆر و دكتۆرەكانی ئێمە و مامۆستایانی زانكۆ دەمێنێت كە چەند زیاتر گرنگی بە ناوەڕۆكی خوێندن و ئاستی خوێندن دەدەن و خۆ بگونجێنن لەگەڵ ئەو ستانداردە نێودەوڵەتییانە، بە تایبەتی كە ئەو دامەزراوەیە دروست دەكرێت، ئاستێك دادەنرێت بۆ ئەوەی ئاستی هەموو خوێندنی ئێمە سەر بكەوێت.
چاومان لەوە هەبێت كە هەر كەسێك بڵێت پاش ئەوەی خوێندنم تەواو كرد بچمە نێو حكومەت، ئەمە هەڵەیە و دروست نییە، ئەگەر سەیری قەبارەی هاووڵاتیانمان و سەیری ژمارەی مووچەخۆرانی حكومەت بكەین، دەبینین زۆر زیادە، ئێمە پێویستیمان بە ئەوەندە فەرمانبەرە نییە كە بێن كار بكەن، بەڵام چونكە كاری دیكە نەبووە، هەمووی چاوی لەوە بووە لە حكومەت دابمەزرێت. لێرەدا دوو سێ شت هەیە لەم كابینەیە كارمان لەسەر كردووە:
یەكەم مافی فەرمانبەرانە ئەگەر لە كەرتی گشتیدا كار نەكات لە كەرتی تایبەت كار بكات، خانەنشینی ئەوان بپارێزرێت. زۆر خەڵك رەنگە كاری تایبەتیشی هەبێت، بەڵام لەوانەیە باوەڕی بەوە نەبێت بڵێ سێ ساڵ پێنج ساڵ لەوێ كار دەكەم، پاشان خانەنشین ناكرێم و مافم ون دەكرێت، دەچم لە ئەركێكی حكومەت كار دەكەم، با مووچەكەم كەمتریش بێت بەڵام لە ئەنجامدا خانەنشین دەكرێم.
ئەم یاسایە پێویستە بۆ هەموو فەرمانبەرێك چ لە كەرتی گشتی و چ لە كەرتی تایبەت دێتە تەتبیق كردن، مافی خانەنشینی بۆ هەموو هاووڵاتییەك دەستەبەر دەكرێت، ئەمە یەكێكە لەو بوارانەی كارمان لەسەر كردووە و گۆڕانكارییەكی زۆریش دروست دەكات.
دووەم دروستكردنی هەلی كارە لە كەرتی تایبەت، حكومەت پشتیوانیی كەرتی تایبەت بكات بۆ ئەوەی هەلی كار دروست بكرێت، هەلی كار بۆ ئەو كەسەی دەردەچێت، ئەگەر ئەندازیارە، ئەندازیار بچێت ئەركێك لە حكوومەت وەربگرێت، مووچەكەی دیارە، بەڵام ئەگەر ئەندازیارێكی زۆر سەركەوتوو بێت، لە كەرتی تایبەت رەنگە دە بەرامبەری ئەوە بتوانێت داهاتێك بۆ خۆی بەدەست بهێنێت، بۆ خۆی و حكوومەتیش سەركەوتنە و وڵاتیش زیاتر پێش دەكەوێت. دروستكردنی هەلی كار بۆ گەنجان و پشتیوانیكردنی كەرتی تایبەت، حكوومەت پارێزەری مافی ئەوان بێت، واتە مافی خەڵك لەنێوان خاوەن كار و كەرتی تایبەت لەگەڵ ئەوەی لە كەرتی تایبەت كار دەكات، حكوومەت ئەم بابەتە ڕێك بخات، زۆر زۆر ئەم كێشانە چارەسەر دەكرێن.
ئەوەی دیكە ویستی خەڵكی ئێمەیە بۆ كاركردن، زۆرجار دەبینم كرێكار لە وڵاتانی دیكە دێن، دوو هۆكاری هەیە، یەكەم هەندێك كرێكاری ئێمە نایانەوێ ئەم كارە بكەن، ئەوەی دیش رەنگە پسپۆڕی لەم كارە نەبێت.
حكوومەت فەرزی كردووە هەر كەسێك دێتە ئێرە كارێك بكات، هێدی هێدی ڕێژەی وەرگرتنی كرێكاری ناوخۆیی و فەرمانبەری ناوخۆیی بگەیەنێتە ئەو ئاستەی كە حكومەت بۆی داناوە، ئەگەر پسپۆڕی بیانیش هەبێت، با بێن، بەڵام حەدێكی بۆ دانراوە و دەبێ خەڵكی ئێمەش لە میانی كاركردن فێری ئەو پسپۆڕییە بكەن. ئەگەر كارێكی ئەندازیارییە یان تەكنیكییە و خەڵكی ئێمە شارەزاییان تێدا نییە، دەبێ خەڵكی ئێمە فێر بكەن، بۆ ئەوەی پاشان ئەوان فێری ئەو پسپۆڕییە ببن.
خاڵێكی دیكە ئێوە باستان كرد، كاتێك قوتابیانمان لە قۆناغی دواناوەندی تەواو دەبن، دەچنە زانكۆ و زانكۆش تەواو دەكەن، چوار ساڵی زانكۆ و ماستەر و دكتۆرا، پاشان كە دێن، زۆر كار هەیە پیشەیین و پێویستییان بە بڕوانامەیەكی هێندە بەرز نییە، دروستكردنی ئەم پەیمانگە پیشەییانە، هەیە بۆ كارەبایی و بۆڕی كێشان و ئاسنگەری و فیتەری، دەبێ لە پەیمانگەی تەكنیكی حكوومەت ئەم بوارانە پێش بخات بۆ ئەوەی ئەو كەسە مەرج نییە تەنیا بچیت زانكۆ تەواو بكەیت، شارەزایی و پسپۆڕیت هەبێ تا ئەو كارانە بكەیت، بەڵكوو لەم بوارە پیشەییانەدا فێری شارەزایی خۆت دەكەیت، حەزت كرد كار دەكەیت و حەزت كرد زیاتر دەخوێنیت و بڕوانامەی زیاتر وەردەگریت.
ئەم بواری پەیمانگە پیشەییانە زۆر زەروورە و ئێمە بە جددی كاری لەسەر دەكەین، ئەم هەلە بۆ خەڵكی ئێمە بكرێتەوە، ئەو كەسەی بچێت كار بكات، فێری پسپۆڕییەكیش ببێت و شارەزا بیت، ئەمە زۆر كێشە چارەسەر دەكات.
پرسیار: پرسی لاوان، پرسێكی گرنگە نەك لەسەر ئاستی كوردستان، لەسەر ئاستی هەموو جیهان، كە باسی لاوان دەكەین، یەكسەر كار و بێكاری دێتە هزری ئێمە، ئێوە وەكوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان لینكی خۆتان و پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ كەرتی تایبەت چییە و پلان بۆ داهاتوو چیە بۆ كەمكردنەوەی بێكاری؟
مەسرور بارزانی: دروستكردنی كار، هەلی كار دروست دەكات، چەند پرۆژە زیاتر ببن هەلی كار دروست دەبن، ئێمە هەوڵمان دا سەرەڕای ئەو كێشانەی هەمانە، ئەو فشارانەی دێننە سەرمان لە نەدانی مووچە و كێشەی سیاسی و ئەمنی بۆ ئەوەی نەتوانین هیچ پێشكەوتنێك لە وڵاتی خۆمان بكەین، بەڵام هەر پرۆژەیەك لەم وڵاتە دێتە كردن، بزانن ئەو پرۆژەیە هەلێكە بۆ ئەوەی كەسێك بێت تێیدا كار بكات. دەبێ ئێمە پشتیوانی یەكتر بین و نەڵێین فڵان كەس پرۆژەیەكی دروست كردووە و تەنیا ئەو سوودمەندە، نەخێر هەر كەسێك لەو پرۆژەیەی كار دەكات ئەو تێیدا سوودمەندە، هەر شەقامێك دروست دەكرێت، خەڵكێك تێیدا كار دەكەن، ئەمە دروستكردنی هەلی كارە بۆیان. ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی كە خەڵكێكی زۆر بەهرەدار هەیە و دەرفەت نییە، یەكێك لەو شتانەی لەبیرم كرد باسی بكەم دامەزراوەیەكە كە دروستمان كردووە بە ناوی (KII) كە دامەزراوەیەكە بۆ داهێنان، بۆ ئەو كەسانەی بەهرەمەندن، من ئەمڕۆ هەندێكیانم بینی، ئێمە دەتوانین پشتیوانی ئەوان بكەین. هەر بەهرەمەندێك ئەگەر كاری خۆی كردە بزنس، ئەو بە تەنیا تێیدا كار ناكات، دەیان كەسی دیكە و گەنجی دیكە دێنێت لەگەڵ خۆی بەكاریان دەخات. من حەز دەكەم ئێمە ئاوا هاوكاریی یەكتر بكەین. حكومەت ڕێگەكە بكاتەوە، خەڵكی ئێمەش ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵبگرێت، ئەوەی شارەزایە بێ كارەكە بكات. شەرم لە كاركردندا نییە، هەر كەسێك توانی بێ كارەكە بكات، هێدی هێدی كاری خۆی فراوان بكات. من بینیم هەندێك خوشكی ئێمەی ئێزدی فڕنێكیان دروست كردووە و گەلێك گەنجیان هێناوە و خستوویانەتە كار. ئێمە دەبێ خۆمان دروستی بكەین و خۆمان بە خاوەنی وڵاتی خۆمان بزانین، چاومان لەوە نەبێت حكوومەتێك هەیە و میللەتێك هەیە، نەخێر حكوومەت و میللەت یەكە، دەبێ ئێمە پێكەوە هەوڵبدەین چۆن دەرفەتی كار و پرۆژە و بزنس زیاد بكەین، چەندی ئەو پرۆژانە زیاد بن، داهاتی وڵات زیاد دەبن، جارێكی دیكە ئەوانە وەبەردەهێنیت و بەرەوپێشتر دەڕۆیت. ئەمە پرۆسەیەكە و مەسەلە ئەوە نییە بڵێم بە شەو و ڕۆژێك چارەسەر دەبێت، بەڵام ئەوە نییە ئێمە بیرمان لێ نەكردبێتەوە. زۆرجار داتای هەڵە باس دەكرێن، ڕاستە ئێستا گەلەك گەنجمان بێ كارن، بەڵام باوەڕ بكەن ساڵانە دەیان هەزار دەرفەتی كار و گەنجانمان دەچنە سەر كار، نەك تەنیا لە حكومەت لە كەرتی تایبەتیش.
پرسیار: بێینە سەر پرسیاری تایبەت، پەیوەندیی باوك و كوڕ پەیوەندییەكی تایبەتە، تۆ كوڕی كەسێكی كە لە ژیاندا نموونەیەكی تایبەتە بۆ ئێمە هەموومان، ئەگەر باسی هەندێك لەو سەربردانەی جەنابی سەرۆك بارزانی بكەیت؟
سەرۆکی حکومەت: بۆ من جێگەی شانازییەكی زۆر مەزنە، راستە كوڕی ئەوم، بەڵام هەموو كاتێك وەك خزمەتكارێك لەگەڵی بووم و زۆر شتیشی لێ فێر بووم، بەڵام من بۆ ئێوە باسی سێ شت دەكەم. ئەو سیفەتانەی من تێیدا بینیم و زۆر بووە جێی سەرنجی من و هەوڵمداوە لێی فێر بم، یەك راستگۆییە و نیشتمانپەروەری و وەفادارییە. من گەلێك پێی سەربڵند و سەربەرزم و ئینشائەڵا ئێمە بتوانین بەردەوام بین و ڕێگای ئەو بەر نەدەین.
پرسیار: جەنابتان ئەركێكی دیكەشتان هەیە كە ئەویش باوكایەتییە، پێمان خۆشە بزانین چۆن كاتەكانت دابەشكردووە بۆ كارەكانی دیكەشت؟
سەرۆکی حکومەت: بەداخەوە من ئەو گلەییە لە خۆم بكەم، كە من وەك باوكێك نەمتوانیوە ئەركی خۆم وەكوو پێویست جێبەجێ بكەم، چونكە زۆر كاتم بۆ منداڵەكان تەرخان نەكردووە. هەوڵمداوە هەتا بتوانم، بۆ نموونە ئەگەر یەكێكیان پێویستی بە شتێك هەبێت، وانەیەك بێت، توانیبێتم یارمەتییان بدەم، تا حەدێك ئەوەم كردووە، زیاتر دایكیان یارمەتیی خوێندنی داون، بەڵام ئەوەی تر تۆزێك كاتیان لەگەڵ بدەم، ئەگەر ڕۆژێك، هەرچەندە من شەممەش دەوام دەكەم، تەنیا ڕۆژی هەینی ئەگەر میوان و شت نەبێ، لەوانەیە هەندێك كاتم هەبێ لەگەڵیان، دەردەچین پیاسەیەك دەكەین، ئەگینا بەداخەوە من نەمتوانیوە وەكوو پێویست ئەو ئەركە جێبەجێ بكەم.
پرسیار: پەیوەندیی تۆ لەگەڵ سۆشیال میدیا چۆنە؟ لەگەڵ خوێندنەوە چۆنیت؟ سۆسیال میدیا بەكار دێنیت؟ ئەگەر بەكاری دێنیت، ڕۆژانە چەند بەكاری دەهێنیت؟
سەرۆکی حکومەت: سۆشیال میدیا بەشێكە لە ژیان، ئێستا هەر كەسێك تەلەفۆنی پێ بێت، هەوڵدەدات سەیر بكات هەواڵ لە كوێ‌یە، منیش وەك هەموو هاووڵاتییەك سۆشیال میدیا بەكار دێنم، زۆر جار هەواڵەكانی خۆم لە كەناڵەكان و سایتەكانی سۆشیال میدیا وەردەگرم. سۆشیال میدیاش وەك هەموو شتێك شیرێكی دووسەرە، مرۆڤ ئەگەر بە باشی بەكاری نەهێنێت، رەنگە زەرەر و زیانی ئەویش هەیە، بۆیە حەز دەكەم گەنجانی ئێمە بزانن لەو ئاستەدا سۆشیال میدیا بەكار بهێنن كە لە خێری ئەواندا بێت، چ جارێك سۆشیال میدیا نەكەن بە ئامرازێك بۆ زیان گەیاندن بە كەسێكی دیكە. چونكە بابەتەكە ئازادییە و ڕادەربڕین و دەربڕینی هەستە، هەر شتێك هەیە، مرۆڤ هێندە دەرفەت بە خۆی بدات كە تەعەدا لە هەق و مافی كەسێكی دیكە نەكات. بۆیە هیوادارم هەموو گەنجی ئێمە بتوانن سوود لەو تەكنەلۆژیایە وەربگرن.
بابەتی خوێندنەوە، گەلێك كتێب هەن كاریگەرن، من بایەخم داوە و هەوڵمداوە ئەو كتێبانە بخوێنمەوە، هەرچەندە كات زۆر نییە بەڵام ئەگەر دەرفەت هەبێت، من هەندێك كتێب دەخوێنمەوە.
پرسیار: سەرسامی چ سەركردەیەكی لە ناوخۆ و دەرەوە؟
سەرۆکی حکومەت: لە ناوخۆ، جەنابی بارزانی نەمر، نەك لەبەر ئەوەی كە باپیری منە، بۆ من جێی شانازییەكی مەزنە، بەڵام كەسێك بووە كە جووڵانەوەی نەتەوەیی لە كوردستان دامەزراندووە، شۆڕشی ئەو سەرانسەری بووە و لە هەر چوار پارچەی كوردستان ناوی مەلا مستەفای بارزانی دیار و جێی ڕێز و تەقدیرە و بۆ ئێمەش جێی شانازییە.
سەركردەی بیانیش هەن، بەڵام گاندی من زۆر پێی موعجیبم، چونكە یەكێك بووە لەو كەسانەی كە ڕێگەی بەرخودان و ئازادیی میللەتی خۆی لەوەدا دەبینییەوە كە هاریكاری لەگەڵ داگیركەر نەكات، ئەو ڕێگەی ئەو هەڵی بژارد تەنها و تەنها هاریكاری لەگەڵ داگیركەر و ناحەز و دوژمنان نەكەن، سەردەكەون.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 14/3/2023 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له به‌ڕێز محه‌مه‌د شیاع ئه‌لسوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و دوایین په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی گفتوگۆی نێوان هه‌ردوولایان تاوتوێ كرد و ده‌رباره‌ی دۆخی ئێستای عێراق و ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌می، بیروڕایان گۆڕییه‌وه.
سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌لسوودانی ده‌ربڕی بۆ ته‌واوكردنی ڕێكاره‌كانی به‌پارێزگاكردنی هه‌ڵه‌بجه و په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق بۆ سێ ساڵی داهاتوو تا له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.
به‌ڕێزیان هه‌روه‌ها هه‌موو هاوكاری و پشتگیرییه‌كی بۆ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌لسوودانی و حكوومه‌تی فیدراڵیی عێراق دووپات كرده‌وه و ئه‌و كارانه‌ی تا ئێستا له کارنامه‌ی حکوومه‌ت جێبه‌جێی كردوون، به ئه‌رێنی و مایه‌ی ئومێد ناوزه‌د كرد.
لای خۆیه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌لسوودانی ستایشی ڕۆڵی سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی له كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كانی عێراق و هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی بۆ ته‌بایی و له‌یه‌كگه‌یشتن، ده‌ربڕی.
به‌ڕێز ئه‌لسوودانی دووپاتی كرده‌وه كه سه‌قامگیری و ئاسایش و پێشكه‌وتنی عێراق به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه، پێكه‌وه گرێدراوه، به‌پارێزگاكردنی ههڵهبجهیشی به خزمه‌تێكی بچووك زانی به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوانه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌و شاره كراوه.
هه‌ردوولا له‌سه‌ر گرنگی و پێویستیی ته‌بایی و یه‌كڕیزیی نێوان هێز و پێكهاته عێراقییه‌كان بۆ پاراستنی سه‌قامگیریی سیاسیی وڵات و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور هاوڕا بوون، هه‌روه‌ها جه‌ختیان له گرنگیی كه‌رتی تایبه‌ت و ڕۆڵی له پێشخستنی وڵات له هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه.
په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و دوایین پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه به گشتی، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوو.
دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌لسوودانی به‌شدارییان له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شدا كرد له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان و نوێنه‌رانی پێكهاته ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و پارێزگار و سه‌رۆكی ئیداره سه‌ربه‌خۆكانی هه‌رێمی كوردستان كه تیایدا بیروڕایان ده‌رباره‌ی دۆخی ئێستای عێراق و هه‌رێمی كوردستان، گۆڕییه‌وه.
https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-and-the-sudanese-discuss-the-general-situation-in-iraq/
سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە شاندێکی قوتابییانی ئەکادیمیای دیپلوماتی ڤیەننا دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە 3/13 , مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە شاندێکی قوتابییانی ئەکادیمیای دیپلوماتی ڤییەنا کرد.
شاندەکە خۆشحاڵی خۆیان بە سەردانکردنی هەرێمی کوردستان نیشاندا، کە ئەمە شەشەمین شاندی قوتابییانی ئەکادیمیاکەیە کە لە ساڵانی ڕابردوودا، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.شاندەکە ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانیی و دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی هەرێمی کوردستانیان کرد.
پاشان سەرۆکی حکومەت لە وەڵامی پرسیاری ئامادەبوواندا، باسی لە دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد و تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بوارەکانی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و دەستپێکردنی پرۆسەی پارەدانی دیجیتاڵی .
لە بەشێکی دیکەی وەڵام و ڕوونکردنەوەکانیدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژە بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور کرد.
https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2023/march/سەرۆکی-حکومەت-پێشوازی-لە-شاندێکی-قوتابییانی-ئەکادیمیای-دیپلوماتی-ڤیەننا-دەکات/
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى نامهيهكى له وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكاوه پێگه‌يشت
به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، نامهيهكى له به‌ڕێز ئه‌نتۆنى بلينكن، وه‌زيرى ده‌روه‌ى ئه‌مه‌ريكاوه پێگه‌يشت. تيايدا خۆشحاڵيى خۆى به گفتوگۆى له‌گه‌ڵ به‌ڕێزيان ده‌ربڕيوه له ميانى كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشندا له شوباتى ڕابردوو. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه داوه كه ئه‌وه ده‌رفه‌تێك بووه بۆ جه‌ختكردنه‌وه له پێويستيى چاره‌سه‌ركردنى يه‌كجاره‌كيى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا به گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن.
له نامهكهيدا به‌ڕێز بلينكن دووپاتى كردووه‌ته‌وه كه ئه‌مه‌ريكا هاريكارى و هاوبه‌شييه‌كى پته‌وى له‌گه‌ڵ عێراقى فيدراڵى و هه‌رێمى كوردستاندا هه‌يه. هه‌روه‌ها پابه‌نديى به‌رده‌واميى پشتگيريى به‌هێزى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و سه‌قامگيرى و ئاسايش و سهروهريى عێراق، ده‌ربڕيوه.
https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-received-a-letter-from-the-us-secretary-of-state/
More...
دوایین هەواڵەکان
- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران: سەردانەکەی پزیشکیان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئێران بە هەرێمی کوردستان
- هه‌رێمى كوردستان و ئێران جه‌خت له بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانيان ده‌كه‌نه‌وه
- سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو
- نازم دەباغ له وتووێژ له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئیرنا: مەسعوود پزشکیان سەردانی هەولێر دەکات
- نازم دەباغ: کاتی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق دیار نییە
- «سەلام رشدی» له‌گه‌ڵ شاندی یه‌کێتی هاورده و ناردنکارانی لقی هه‌ولێر کۆبۆوه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: هه‌ميشه پشتيوانى و به‌رگرى له مافه‌كانى ئێزدييان ده‌كه‌ين
- سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ باڵیۆزی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا کۆبووه‌وه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵيۆزى نه‌مسا كۆبووه‌وه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى جه‌نه‌رال ڤاول ده‌كات