ئێواره‌ى دوێنێ هه‌ینى 14ى شوباتى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و شاندێكى یاوه‌رى له ئیستانبول له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك وه‌زیرانى توركیا كۆ بووه‌وه.
ده‌رباره‌ى پرسى وزه و ڕێككه‌وتنى وزه‌ى هه‌ولێر ـ ئه‌نقه‌ره‌ى نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و توركیا و كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌م پرسه، ئه‌ردۆغان دووپاتى كرده‌وه كه حكوومه‌ته‌كه‌ى پابه‌نده به‌و ڕێككه‌وتنه‌ى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان مۆرى كردووه، هه‌روه‌ها پشتگیریى حكوومه‌ته‌كه‌ى بۆ ئه‌و دانوستان و گفتوگۆیانه‌ى هه‌ردوو حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عیراقى فیدرال دووپات كرده‌وه كه بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌رێكى گونجاو له به‌رژوه‌ندیى هه‌موواندا، له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه و هیواى خواست له‌مباره‌یه‌وه هه‌ردوولا بگه‌نه ڕێككه‌وتنێك.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه له كه‌شێكى دۆستانه‌دا به‌ڕێوه چوو، هه‌ر یه‌ك له عیماد ئه‌حمه‌د جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، د. فوئاد حسێن سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم، ئاشتى هه‌ورامى وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌كان و سه‌فین دزه‌یى وته‌بێژى حكوومه‌ت له شاندى هه‌رێم و تانه‌ر یلدز وه‌زیرى وزه‌ى توركیا و ژماره‌یه‌ك له ڕاوێژكاران له لایه‌نى توركى ئاماده‌ى بوون.
په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و توركیا و هه‌وڵه‌كانى پێكهێنانى كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ڕه‌وشى ئه‌منى و سیاسیى عیراق و هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عیراق و بارودۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى گفتوگۆى له‌سه‌ر كرا. دواى كۆتاییهاتنى سه‌ردانه‌كه‌ش، دوێنێ شه‌و شاندى هه‌رێمى كوردستان گه‌ڕایه‌وه هه‌ولێر.
نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ 19ى یه‌نایه‌رى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیى شاندێكى باڵاى هه‌رێمى كوردستان گه‌یشته به‌غدا و دواى نیوه‌ڕۆ له‌گه‌ڵ شاندى حكوومه‌تى عیراق به سه‌رۆكایه‌تیى حسێن شه‌هرستانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران بۆ كاروبارى وزه كۆ بووه‌وه.
كۆبوونه‌وه‌كه له كه‌شێكى ئه‌رێنى و دۆستانه و زۆر ڕاشكاوانه‌دا به ڕێوه چوو و تیایدا هه‌ردوولا تێبینى و دیدى خۆیان له‌سه‌ر پێشنیاره‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان به ڕاشكاوانه پێشكه‌ش كرد و هه‌ردوولا ویستى ته‌واوى خۆیان ده‌ربڕى بۆ ئه‌وه‌ى هه‌وڵى جددى بده‌ن تا بگه‌نه ئه‌نجامێكى گونجاو كه له به‌رژوه‌ندیى هه‌موو خه‌ڵكى عیراقدا بێت و تایبه‌تمه‌ندیى هه‌رێمى كوردستانیش له‌به‌رچاو بگیرێت. هه‌روه‌ها گفتوگۆیه‌كى تێروته‌سه‌ل له‌سه‌ر پێشنیاره‌كانى هه‌ردوولا كرا كه پێشتر له لایه‌ن حكوومه‌تى فیدرال و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه پێشكه‌ش به یه‌كتر كرابوون.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ندین خاڵى هاوبه‌ش و چه‌ندین خاڵى ناكۆك گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا و هه‌ردوولا پێیان باش بوو كه ههرلایهنهى لاى خۆیه‌وه دیراسه‌تى خاڵه ناكۆكه‌كان بكه‌ن و ئێواره دواى كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ نوورى مالیكى سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراقى فیدرال، دانیشتنێكى دیكه وه‌ك به‌رده‌وامیى كۆبوونه‌وه‌كه ئه‌نجام بدرێت و به مه‌به‌ستى گه‌یشتن به چاره‌سه‌رێكى گونجاو، ئه‌نجامى دیراسه‌تى خاڵه ناكۆكه‌كان بخه‌نه‌وه به‌ر باس و گفتوگۆ.
شاندى باڵاى هه‌رێمى كوردستان له د. ڕۆژ نوورى شاوه‌یس جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراق و ئاشتى هه‌ورامى وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌كان و چه‌ند بهرپرسیكى دیكه‌ى هه‌رێم و شاندى عیراقیش له وه‌زیرى نه‌وت و وه‌زیرى دارایى و چه‌ند به‌رپرسێكى دیكه پێك هاتبوو.