ڕۆژی سێشەممە 6ـی 10ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی ئاگاداربوون لە كاروباری ئاكادیمیای سەربازیی زاخۆ و ڕەوشی خولە سەربازییەكان و بە تایبەتیش یەكەم خولی پێگەیاندنی ئەفسەرانی ئافرەت سەردانی ئاكادیمیای سەربازیی زاخۆ كرد.
لەم سەردانەدا سەرۆك بارزانی لە مەراسیمی نمایشی سەربازیی ئەفسەرانی ئافرەتدا ئامادە بوو و پاشان لەگەڵ فەرماندە و مامۆستا و سەرپەرشتیارانی ئاكادیمیا و خولی تایبەت بە ئەفسەرانی ئافرەت كۆبوویەوە و لە كۆبوونەوەكەدا لە نزیكەوە ئاگاداری وردەكاریی خولەكانی ئاكادیمیا بوو و ئامۆژگاری و ڕێنمایی پێویستی خستەڕوو.
دوای ئەو كۆبوونەوەیەش سەرۆك بارزانی وتەیەكی بۆ قوتابیانی ئافرەتی خولەكە پێشكەش كرد و تێیدا سوپاسی ستافی سەرپەرشتیی ئاكادیمیای زاخۆی كرد كە لە ماوەی 19 ساڵی ڕابردوو ژمارەیەكی زۆر ئەفسەریان بۆ وڵاتەكەیان پێگەیاندووە. سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا بە ئامادەیی ژمارەیەك كچ بۆ بەشداربوونیان لە خولی سەربازیی پێگەیاندنی ئەفسەران و، وێڕای ئاماژەكردن بە ڕۆڵی ئافرەتان جەختی لەوە كردەوە كە كچانیش پێویستە شانبەشانی كوڕان بە زانستی سەربازی پەرەوەردە بكرێن بۆ ئەوەی بەشدار بن لە بەرگریكردن لە وڵاتەكەیان و هەروەها دەبێ پێشانی جیهان بدەین كە كۆمەڵگەیەكی كراوەمان هەیە و جیاوازیی لەنێو كچ و كوڕان نییە و بەهیچ شێوەیەك كچ كەمتر نییە لە كوڕ. سەرۆك بارزانی ئەوەیش خستە ڕوو كە لەدوای دەرچوونی ئەو ژمارەی قوتابیانی كچ ئەوە، ئەركێكی گەورەیان دەكەوێتە سەر شان و دەبێ كچانمان ئەوە بسەلمێنن كە لە ئاییندەدا ڕۆڵیان لە كوڕان زیاتر دەبێت. سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە قارەمانێتیی پێشمەرگە لە شكاندنی ئەفسانەی داعش و خۆڕاگریی گەلی كوردستان ئەوەی باس كرد كە پێشمەرگە بووەتە هێما و پێگە بۆ گەلی كوردستان و كچانیش دەتوانن ئەو سەنگ و پێگەیە زیاتر دەكەن. كاتێك وێنەی پێشمەرگە و كچانمان لەبەرەكانی شەڕ لێرە و لە كۆبانێ لەمیدیاكان دەدیترا، ورە و هیمەتی خەڵكی ئەوروپاییشی بەرز دەكردەوە. سەرۆك بارزانی ئامادەیی خۆی نیشاندا كە بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتیی ئەم خولەی پێگەیاندنی ئەفسەرانی ئافرەت بێت لە ئاكادیمیای سەربازی.
جێگەی ئاماژەپێدانە بە مەبەستی بایەخدان بە ڕۆڵی ئافرەت لە بەرگریكردن لە وڵات و پەروەردەكردنیان بە زانستی سەربازیی سەردەم یەكەمین خوڵی پێگەیاندنی ئەفسەرانی ئافرەت بە بەشداریی 202 كچ لە ئاكادیمیای سەربازیی زاخۆ ماوەی چەند مانگە دەستی پێكردووە و لە مانگی چواری ساڵی 2016 كوتایی دێت.
بۆ بینینی وتارەكەی سەرۆك بارزانی ئێرە دابگرە