دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو، دەستی بە هەڵمەتێكی سەرتاسەری بۆ ئاوارە وپەنابەرانی نێو هەرێمی كوردستان کردووە بۆ گەیاندنی یارمەتی مرۆیی وكەلوپەلی تەندروستی بۆیان، کە نزیكەی یەك ملیۆن كەس پێی سوودمەند دەبن.
راشد مەنسووری، كونسوڵی ئیمارات لە هەولێر، لە لێدوانێكی تایبەت بە ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی، بەپێی رێنماییەكانی سەرۆك وحکومەتی دەوڵەتی ئیمارات ولەڕێگەی دەزگای خەلیفە بن زاید ئال نهەیان بەهاوكاری دەزگای خێر خوازی بارزانی وبەسەرپەرشتی مانگی سووری ئیماراتی ئەم هەڵمەتە وەكو دیاری مانگی ڕەمەزانی پیرۆز لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد وتا كۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت وهەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.
رونیشیكردەوە، ئەوان دوو شێوە دابەشكردنیان هەیە بۆ یارمەتیە مرۆییەكان، بەشێكیان هەفتانەن کە بەشێوەیەكی بەردەوامە وپرۆسەكە چەسپاوە بۆ ئەوانەی لێی سوودمەندن، بەشەكەی دیكەیشی بۆ خانەوادە هەژارەكانی دەرەوەی كامپەكانە وئەو كەلوپەلانەی خۆراك كە پێیان دەدرێت بەشی دوو هەفتەیان دەكات ئەمە جگە لە دابینكردنی پێداویستی ئافرەت ومنداڵ وئاوی پاك بۆ خواردنەوە.
راشد مەنسووری ئاماژەی بەوەدا بەپێی ئەو پلانەی بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی داندراوە، دوای هەولێر بەرەو دهۆك وئاكرێ وپاشانیش بۆ سلێمانی دەڕۆن بەهەموو شار وشارۆچكەكانیانەوە. وتیشی کە تا ئێستا زیاتر لە 250 هەزار كەس لەم هەڵمەتە سوودیان وەرگرتووە.
ئەوەشی خستەڕوو كە ناونووسكردن بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بە پێشكەشكردنی دەرمان وهاتنی تیمی پزیشكی وتەندروستی وئەنجامدانی نەشتەرگەریش بۆ ئەوانەی پێویستیان پێیەتی لەئارادایە.
لەدوایین چالاكی مانگی سووری ئیماراتیش، بەهاوكاری دەزگای خێرخوازی بارزانی وبەسەرپەرشتی كونسوڵگەری دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو لە هەولێر هەڵمەتێكی گەیاندنی هاوكاری مرۆیی بۆ ئاوارە عەرەبەكانی نێو هەرێمی كوردستان دەستپێكرد كە سەرتاسەری شارەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە ولەنێو كامپەكانی هەولێر دەستی پێكرد وبۆ دەوروبەری بەردەوام بوو.
لە 27ی حوزەیران، بەشێكی ئەم هاوكاریانە گەیەندرایە نزیكەی 1200 خانەوادەی ئاوارەبوو كە بە پلەیەك خەڵكی ناوچەكانی تەل شەعیر وتەلڕیم وگەیارەن. ئەمە جگە لە چەند خانەوادەیەكی كوردی ناوچەكانی دەورووبەری مەخموور كە تا ئێستا بەهۆی هاوسنووریان لەگەڵ بەرەكانی شەڕدا نەگەڕاونەتە شوێن وناوچەكانیان وبەگشتی ژمارەی خانەوادە ئاوارەبووەكان لەنێوان 1000 تا 1200 دایە.
راشد مەنسووری ئاماژەی بەوەشدا کە دەزگای خێرخوازی بارزانی كە هاوبەشێكی ستراتیژی مانگی سووری ئیماراتیە، لەم ماوەیەدا توانی لیستی تایبەت بەناوی خانەوادەكان ئامادە بكات وپۆلێنیان بكات وبەپێی لیستەكانی ئەوان ئەم كارە كرا.
هەر لەم چوارچێوەیەشدا ولەرۆژی 3ی تەموزی ئەمسال، بەهەماهەنگی نێوان كونسوڵگەری ئیمارات لە هەولێر ودەزگای خێرخوازی بارزانی، رێكخراوی مانگی سوری ئیماراتی یارمەتی مرۆیی كە لەچەند مادەیەكی خۆراك وچەند كەلوپەلێكی تەندروستی پێكهاتبوو گەیاندە ئاوارەكانی كامپی بەحركە وپەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان لە كامپی كەورگۆسك.
لەهەردوو كامپدا، نزیكەی 3000 خانەوادە لەم یارمەتیانە سوود مەندبوون، وبەپێی پلانی داهاتووشدا،ئاوارە وپەنابەرانی هەردوو پارێزگای دهۆك وسلێمانی لەم یارمەتیە مرۆییانە سوودمەند دەبن.
لەمیانى سەردانەکەى بۆ نەمسا، بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەلاح مستەفا، سەردانى وەزارەتى دەرەوەى نەمسا کرد و بەگەرمى لەلایەن سێبستیان کورتس وەزیرى دەرەوەى نەمسا پێشوازى لێکرا.
لە دیدارێکدا، کە د. مستەفا ڕەمەزان نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە نەمسا و ژمارەیەک لەبەرپرسانی وەزارەتى دەرەوە و نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە نەمسا و بەڕێوبەرانى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە ئامادەبوون باس لە پەرەپێدانى پەیوەندەکانى نێوان کۆمارى نەمسا و هەرێمى کوردستان کرا.
لەسەرەتاى دیدارەکەدا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە سوپاسى وەزیرى دەرەوەى کرد بۆ ئەو بەخێرهاتنە گەرمە و باسى لە پەیوەندیە دۆستانەى لە مێژینەى نێوان نەمسا و هەرێمى کوردستان کرد و سەردانى وەزیرى دەرەوە بۆ هەولێر لە سەرەتایى مانگى شوباتى ئەمساڵ.
دواتر بەڕێزیان باسى لەو بابەتانەکرد کە ئێستا ڕووبەڕووى هەرێمى کوردستان دەبنەوە لەرووى ئاسایش و مرۆیى و ئابوورى، وەک ئەو ژمارە زۆرەى ئاوارە و پەنابەران کە ڕووبان لە هەرێمى کوردستان کردووە لە ئەنجامى کارە تیرۆریستیەکانى گروپى داعش و تاوەکو ئێستا هەرێمى کوردستان پێشوازى لە ١,٨ یەک ملیۆن و هەشت سەد هەزار ئاوارەى ناوخۆ و پەنابەر کردووە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان بە هاوکارى و پاڵپشتى ئاژانس و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى پێداویستیەکانیان بۆ دابین کردوون بەڵام بەهۆى قەیرانى دارایى و بەردەوامى شەڕ دژى تیرۆر ئەم ئاوارە و پەنابەرانە پێویستیان بە هاوکارى بەردەوام هەیە. هەروەها ڕێکخراوى نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئەوەى ڕاگەیاندووە کە بۆ بەردەوامى کاروچالاکیەکانیان بۆ هاوکارى ئاوارەکان پێویستیان بە هاوکارى دارایى زیاتر هەیە.
هەروەها باس لە خەباتى پێشمەرگە کرا دژى گروپى تیرۆریستى داعش و ڕێگەگرتن لە پێشڕەوییەکانى ئەو گروپە و هێزەکانى پێشمەرگە پێویستیان بە پاڵپشتى و هاوکارى ووڵاتانى هاوپەیمان هەیە لە ڕووى چەک و مەشق و چارەسەرکردنى برینداران چونکە بەشێک لە بریندارەکان پێویستیان بە چارەسەر هەیە لە دەرەوەى هەرێم.
پەیوەندیەکانى نێوان هەولێر و بەغدا و چالاکى ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان لە ناوچەکە تەوەرێکى تر دیدارەکەبوون.
لە بەرامبەردا سیباستیان کۆرتیس سوپاسى سەردانەکەى بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى کردوو ئەوەى خستەڕوو کە نەمسا کاردەکات بۆ کردنەوەى کونسوڵگەرى فەخرى ووڵاتەکەى لە هەرێمى کوردستان ووتی نەمسا پابەندە بە هاوکارى و پشتگیرى مرۆیى بۆ ئاوارە و پەنابەرانى دانیشتووى هەرێمى کوردستان ووتی هێزەکانى پێشمەرگە ڕۆڵى بەرچاویان هەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوەى داعش، ئێمە هەوڵدەدەین هاوکاربین لە چارەسەرکردنى پێشمەرگە بریندارەکان.
هەردولا هاوڕابوون لەسەر هاندانى کۆمپانیاکانى نەمسا بۆ دروستکردنى پەیوەندى ئابورى و بازرگانى و پشتگیریان کرد لە بیرۆکەى ئەنجامدانى کۆنفرانسێکى ئابورى بۆ لە یەکتر نزیککردنەوەى کۆمپانیاکانى نێوان هەردوولا.
لە کۆتایى کۆبوونەوەکەدا کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى بۆ دەزگاکانى راگەیاندن سازکرا لەلایەن وەزیرى دەرەوەى نەمسا و بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە کە تیایدا دەرەئەنجامى کۆبوونەوەکە و پوختەى گفتوگۆکان بۆ رۆژنامەنووسان خرانە روو و وەڵامى پرسیارەکانى رۆژنامەنووسان درا.
دیندار زێباری، سەرۆكی لێژنەی بەدواداچوون ووەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، حكومەتی عیراقی بە كەمتەرخەم لەبارەی پرسی یارمەتیدانی ئاوارەكان لەقەڵەمدا وئاماژەی بەوەدا بەهیچ شێوەیەك بەرپرسیارێتی خۆی لەمبارەیەوە نەبینیوە بەڵكو هیچ حیسابێكی هاوڵاتیبوونیان بۆ ناكات.
لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كه لەبارەی راپۆرتی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان ئەنجامیدا، دیندار زێباری تیشكی خستە سەر پرسی ئاوارە وپەنابەرانی ناو هەرێمی كوردستان وماف وئەركی كرێكارانی ناوخۆیی وبیانی وپرسی پەروەردە لەكوردستان وچەندین بابەتی دیكە.
لەبارەی پەنابەرانی کوردستانی سوریا لە هەرێمی كوردستان، دیندار زێباری وتی ئەمڕۆ ژمارەیان گەیشتۆتە 248203 پەنابەر کە لە نۆ كامپ بەسەر شاروشارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دابەش بوون، جگە لەوانەی لە دەرەوەی كەمپەكان دەژین.
ئەوەشی خستەڕوو كە كەمتەرخەمی حكومەتی عیراق ولایەنی نێودەوڵەتی ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان لەمبارەیەوە زیاتر كردووە، بەتایبەتی كە ئێستا هەرێم لەبارودۆخێكی دارایی سەختدایە.
ئاماژەی بەوەشدا، نەتەوە یەكگرتووەكانیش نەیتوانیوە ئەو بڕە پارەیەی بۆ كۆمەككردنی ئاوارەكان پێویست بوو، دابین بكات. تا ئێستا تەنها 19 لەسەدی پێداویستییەكانیان دابینكراوە كە بەچاو ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكانەوە بەشێكی زۆر كەمە لە پابەندبوونی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەو بارگرانییەی كە هەرێمی كوردستان لەسەر شانیەتی.
دیندار زێباری ئاماژەی بەوەدا کە ئەو قەیرانە ئابورییەی هەرێمی كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت، بۆوەتە هۆی وەستانی چەندین پرۆژە وچالاكی خزمەتگوزاری وگەیاندنی خزمەت بەم ئاوارانەش بۆتە بارێكی قورس بەسەر حكومەتەوە. راشیگەیاند سەرەڕای ئەو بارودۆخە سەختەی كە هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕدەبێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام بووە لە پێشكەش كردنی خزمەتگوزارییەكان بە هاووڵاتیا .
لە تەوەرێكی دیكەدا، دیندار زێباری لەبارەی بارودۆخی زیندان وگیراوەكانەوە ئاماژەی بەوەدا، دابینكردنی شوێنی حەوانە یەكێك بووە لەو كارانەی كە گرینگی زۆری پێدراوە. بۆ ئەم مەبەستەش چەندین باڵەخانەی نوێی چاكسازی گەوران لە پارێزگاكانی هەولێر ودهۆك وسلێمانی دروستكراون، باڵەخانەیەكی نوێ بەپێی ستانداردی جیهانی درووستكراوە بۆ بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی هەولێر.
هاوكات پرسی هەبوونی ئازار وئەشكەنجەدانی گیراوانی لەبەندیخانەكانی هەرێم رەتكردەوە وجەختی لەسەر ئەوە كردەوە کە بەپێی یاسا ورێنمایی تایبەت بە لێكۆڵینەوە لە دامودەزگاكانی وەزارەتی ناوخۆ بەهیچ شێوەیەك رێگە نادرێت ئەفسەر وكارمەندانی پۆلیس راگیراوەكان ئەشكەنجە بدەن لەكاتی لێكۆڵینەوە، لەم بوارەوە تا ئێستا چەندین لیژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون پێكهێندراوە. هەروەها ئەو راگیراوانەی لە شەش مانگ زیاتر لە بەشەكانی گرتن و گواستنەوەی پۆلیسی پارێزگاكان راگیراون وپەڕاوەكانیان یەكلایی نەكراوەتەوە، ناوەكانیان بە لیست رەوانەی سەرۆكایەتی دادگاكانی تێهەڵچوونەوەی پارێزگاكان دەكرێت بۆ چارەسەر كردنی كێشەكانیان.
هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا، دیندار زێباری هاتە سەر باسی پرسی دابینكردنی مافی كرێكاران وئاگاداربوون لەڕەوشی ژیانیان ونیشانیدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی كار و دەستەبەركردنی كۆمەڵایەتی سەر بە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لە پارێزگاكان لە ڕێگای 20 لێژنەی پشكنین ڕۆژانە سەردانی پڕۆژەكان دەكات بۆ چاودێری كردنی ڕەوشی كرێكاران و جێبەجێكردنی بەندەكانی تایبەت بە مافی كرێكاران.
هەروەها دووپاتیكردەوە کە ڕێگە نادرێت منداڵی خوار تەمەن 15 ساڵ كاربكات، ئەگەر كاریشیان پێ بكرێت دەبێ ئەو كارە لەگەڵ توانای جەستەیی و هزری ئەو منداڵە بگونجێ، وئاشكرایكرد تا ئێستا چەندین خاوەن كار دراونەتە دادگای كار بەهۆی پابەند نەبوون بە مەرجەكانی كاركردن.
هەر لەبەردەوامی قسەكانیدا ولەبارەی پرسی منداڵ وئافرەتانەوە دیندار زێباری نیشانیدا لە ئاماری سالی 2014، 35 حاڵەتی كوشتن و 47 حاڵەتی خۆكوشتن و 197 حاڵەتی سووتان، و97 حاڵەتی خۆسووتان تۆماركراوە وكۆی گشتی دەكاتە 520 حاڵەت كە بەبەراورد لەگەڵ ساڵی 2013 كەمی كردووە.
دهربارهی ڕەوشی پەروەردە، دیندار زێباری وتی وەزارەتی پەروەردە پلانی 10 ساڵی هەیە بۆ درووستكردنی 2000 قوتابخانە. ئاشكراشیكرد پڕۆژەی دابینكردنی سیستەمی ئاوی پاك بۆ 2000 قوتابخانە كەوتۆتە بواری جێبەجێكردن ولە قوناغەكانی كۆتایی دایە بە گوژمەی نزیكەی نۆ ملیار و600 ملیۆن دینار.
بەغدا، عیراق - شاندێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان کریم سنجارى، وەزیرى ناوخۆو د. على سندى، وەزیرى پلاندانان وفەلاح مستەفا، بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت، لە بەغدا بەشداریان لە کۆبوونەوەیەکى هاوبەشى حکومەتى عیراق و ئاژانسەکانى سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ووڵاتانى کۆمەک بەخش کرد، کە بەمەبەستى دانانى بەرنامەیەکى گونجاو بۆ چۆنیەتى کۆمەک کردنى ئەو ئاوارانەى لە هەرێمى کوردستان و ناوچەکانى دیکەى عیراقن.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونى بەڕێزان ساڵح موتڵەگ جێگرى سەرۆک وەزیرانى عیراق بۆ کاروبارى ئاوەدانکردنەوەو خزمەتگوزارى وئیبراهیم جەعفەرى، وەزیرى دەرەوە وهۆشیار زێبارى، وەزیرى دارایى و جاسم محمد، وەزیرى کۆچ و کۆچبەران و جاکلین بادکۆک یاریدەدەرى نوێنەرى تایبەتى سکرتێرى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق و باڵیۆز و نوێنهرانی وڵاتانی كۆمهك بهخش به ئاوارهكان لە عیراق بەڕێوەچوو.
لهكۆبونهوهكهدا باس لە بارودۆخى ناهەموارى ئاوارەکانى سوریاو ناوخۆى عیراق کرا کە ژمارەیان گەیشتۆتە دوو ملیۆن و 400 هەزار کەس. رێژەیەکى زۆرى ئەو ژمارەیە لە هەرێمى کوردستانن.
سەبارەت بەو قەیرانەى دووچارى هاتوون بەهۆى زۆرى پەنابەران و کەمبوونەوەى دارایى عیراق بەهۆى ئاستى نزمى نرخى نەوت و شەڕى بەردەوام لەگەڵ رێکخراوی تێرۆرستی دەولەتی ئیسلامی، ناسراو بە داعش، ساڵح موتڵهگ داواى لە باڵیۆزى وڵاتانى کۆمەک بەخش کرد کە یارمەتى عیراق بدەن بۆ سەرخستنى پلانى ستراتیژى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق و باشکردنى گوزەرانى ئاوارەکان لەم قۆناغەدا کە پێویستى بە پێنج ملیار دۆلار هەیە. ئاماژهی بهوهشكرد کە لە تواناى عیراقدا نییە بە تەنها کۆمەکى ئەو ژمارە زۆرەى ئاوارە بکات.
لەلای خۆیەوە، ئیبراهیم جەعفەرى، وەزیرى دەرەوەى عیراقى فیدڕالی باسی لە بوونی ئەو ژمارە زۆرەى پەنابەران کرد وەکو ئاستەنگێکى گەورە لەبەردەم بارى ئابوورى وئەمنى عیراق.
دواتر جاسم محمد وەزیرى کۆچ و کۆچبەران بە ژمارەو داتا ئاست ورەوشى ئاوەرەکان و پەناهەندەکان وشوێنى نیشتەجێبوون و پێداویستىان خستەڕوو وباسی لە هەبوونی رێژەیەکى یەکجار زۆرى ئاوارەکانى عیراق لە هەرێمى کوردستان کرد.
پاشان هۆشیار زێبارى، وەزیرى دارایى عیراق گووتى ئێستا عیراق دووچارى قەیرانێکى ئابوورى گەورە بۆتەوەو بەهۆى دابەزینى نرخى نەوت. هەروەها گووتى ئاوارەبوونى ئەو ژمارە زۆرەى خاڵک رەگیکى سیاسی هەیە کە بەهۆى تیرۆرستانى داعش دروستبووە، بۆیە رێگەچارە ئەوەیە کە دەبێ زەمینەى گەڕانەوە بۆ ئاوارەکان بڕەخسێ تا بگەڕێنەوە جێگەوڕێگەى خۆیان و ژیانیان بپارێزرێت.
جەختى کردەوە کە حکومەتى فیدڕالی ئەمساڵ بڕى 770 ملێۆن دۆلارى خەرج کردووەو جگە لە بڕى 150 ملیۆن دۆلارى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران. هاوکات داواى لە دیپلۆماتکاران کرد کە هانى وڵاتەکانیان بدەن بۆ یارمەتیدانى زیاترى ئاوارەکان لە عیراق.
پاشان د. عەلى سندى، وەزیرى پلاندانانى حکومەتى هەرێمى کوردستان باسى لە بارو گوزەرانى خراپى ئاوارەکان لە هەرێم کرد. گووتی کە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارە، هەرێمى تووشى قەیرانێکى گەورەى ئابوورى کردووە، چونکە لە لایەک نرخى نەوت دابەزیوە لەلایەکى تر پرسە هەڵواسراوەکانى نێوان هەولێرو بەغدا بە تەواوى چارەسەر نەکراون.
جێگەى باسە بەهۆى قەیرانى سوریاو دەستبەسەرداگرتنى موسڵ و چەند ناوچەیەکى دیکەى عیراق لەلایەن تیرۆرستانى داعش و نەمانى ئاسایش و سەقامگیرى لەو ناوچانە رێژەیەکى زۆرى هاوڵاتیان ئاوارەى هەرێمى کوردستان و رومادى و بەغدابوون.
ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لە شاندێكی ڕێكخراوی مێرسی كۆر كرد بە سەرۆكایەتی خاتوو ئەندریا كۆپیل جێگیری سەرۆكی بەشی Global engagement and policy لە رێكراوەكە.
لە دیدارێكدا خاتوو ئەندریا كۆپیل سوپاس و پێزانینی رێكخراوەكەیانی ئاراستەی بەرپرسی یەیوەندیەكانی دەرەوە كرد لە بەرامبەرپشتگیرى کردنیان لە سەرخستنی كارو چالاكییەكان لە هەرێمی كوردستان، هاوكات دوایین زانیاری سەبارەت بە چالاكیەكانیان لە سنوورەكان و یارمەتیدانی ئاوارەكان خستەڕوو.
بەڕێزیان ئاماژەی بە پڕۆگرامی رووبەروبوونەوەی رووداوی لە ناكاو كردو بایەخی زیادكردنی كۆمەكی مرۆیی بۆ ئاوارەكان خستەڕوو.
شاندی میوان هیوایان خواست كە ڕێكخراوە حكومی و ناحكومیە بیانیەكان بەشداربن لەو كۆڕبەندانەی لە هەرێم ئەنجام دەدرێت بۆ بە دەستهێنانی زانیاری زیاتر و ئاشنابوونی زیاتر بە رەوش و باری ئاوارەكان.
لە بەرامبەردا فەلاح مستەفا دەستخۆشی لە رێكخراوەكە كرد بۆ ئەنجامدانی چەند بەرنامەیەك لە هەرێم بە تایبەت یارمەتیدانی ئاوارەكان. هەروا گووتی دوای ڕووداوەكانی كۆبانی ژمارەی ئاوارەكان لە زیادبووندایە و تا ئێستا 20000 كەس روویان لە هەرێم كردووە.
بەڕێزیان گووتی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە ئەركی هەرێمیان قورس كردووەو هەرێمی كوردستان دروست كردووەو ئاستەنگ بۆ پرۆسەی پەروەردەو خوێندن دروست بووە. ئەمە جگە لەوەی كە هێشتا هەرێمی كوردستان كێشەكانی بە تەواوی لەگەڵ بەغدا چارەسەر نەبووە، ئێمە كێشەكانمان لەگەڵ بەغدا زیاتر سیاسیە هیوادارین لە ڕێگەی دۆزینەوە میكانیزمێكی گونجاو هەموو خاڵەكانی دەستور جێ بە جێ بكرێت.
فەلاح مستەفا گووتی بە سەرۆكایەتی وەزیری پلاندان لیژنەیەكی باڵا دامەزراوە بۆ بەدواداچوون و دیراسەتكردنی بارودۆخی ئاوارەكان و تۆماركردنی پێداویستیەكانیان.
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پوختەیەكی لەسەر بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و قارەمانیەتی پێشمەرگەو رووبەڕووبوونەوە دژی تیرۆرستانی داعش و بایەخی پشتیوانی سەربازی و تەكنیكی لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێشكەش كرد. هاوكات سوپاسی هەوڵ و چالاكیەكانی رێكخراوی مێرسی كۆری كرد و پشتیوانی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی خستەڕوو بۆ سەرختنی بەرنامەكانیان لە هەرێم. شایەنی باسە ڕێكخراوی مێرسی كۆر لە ساڵی 2003 لە هەرێمی كوردستان كار دەكات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ـی 8ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو كلاودیا ڕۆس جێگری سەرۆكی پارلەمانی ئەڵمانیا و شاندێكی یاوەری كرد.
لەم دیدارەدا جێگری سەرۆكی پارلەمانی ئەڵمانیا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و ڕایگەیاند كە هاتوومە كە گوێمان لە ئێوە بێت لەبارەی ڕووداوەكانی ئەم دوایە و بۆ ئەوەی بزانین كە چۆن دەكرێ یارمەتیی كوردستان بدەین لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدییە گەورەییە كە تووشی هەرێمی كوردستان بووە. جێگری سەرۆكی پارلەمانی ئەڵمانیا وێڕای ئاماژەدان بەو ژمارە زۆرەی ئاوارە كە ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە ئاماژەی بەوەدا كە ئەوە قورساییەكی زۆر گەورە لەسەر كوردستان دروست دەكات چونكە پێویستیان بە خۆراك و دەرمان و شوێنی حەواندنەوە و هەروەها قوتابخانە و هاتوچۆ و نەخۆشخانە هەیە ئەوەیش لە حاڵێكدایە ماوەی هەشت مانگە بەغدا بودجەی كوردستانی نەناردووە. جێگری سەرۆكی پارلەمانی ئەڵمانیا سوپاسی ڕۆڵی پێشمەرگەیشی كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستان سەرەخۆشیشی لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان و خانەوادەی ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستاندا شەهید بوونە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی جێگری سەرۆكی پارلەمانی ئەڵمانیا و شاندی میوانی كرد و ڕێز و پێزانینی خۆیشی بۆ پاڵپشتیی وڵاتانی دۆستی گەلی كوردستان ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا كە سیاسەتی ئێمە ئەوە بووە كە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان بپارێزین و بەرگری لە خۆمان بكەین. بەداخەوە لە چەند ساڵی ڕابردوو حكوومەتی عێراقی و هەندێ وڵات ڕێگر بوون لەوەی گەلی كوردستان چەكی پێ بگات بۆ ئەوەی لە كاتی هەڕەشەكاندا بەرگری لەخۆی بكات.
سەرۆك بارزانی لەدرێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا كە پێویستیمان بە یارمەتیی جیهانی ئازاد هەیە بۆ ئەوەی ئاوارەكان بە باشی بپارێزین و شەڕی تیرۆریستان بكەین. سەرۆك بارزانی جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە كە گەلی كوردستان ئازا و خۆڕاگرە هەر بۆیە لە سەركەوتنی خۆمان لەدژی دوژمن دڵنیاین.