ڕۆژی دووشەممە 29ـی 6ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا بەسەرۆکایەتیی بەڕێز ڕۆبێرت ویتمەن، بەرپرسی لیژنەی ئامادەباشیی سەربازی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، کرد.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان سەرسامیی خۆیان بەرانبەر ئازایەتیی هێزی پێشمەرگە و گەلی کوردستان نیشان دا کە توانیویانە سەرباری ئەو هەموو تەحەدیاتەی کە هەیە لە شەڕی تیرۆریستاندا سەرکەوتن وەدەست بهێنن و دوژمنێکی وەک داعش تێک بشکێنن و سەدانهەزار ئاوارە و لێقەوماویش لە پێکهاتە جیاجیاکانی عێراق ئێستا لە کوردستان ژیانێکی ئارام و دوور لە مەترسییان بۆ دابین کراوە. شاندی میوان ڕایانگەیاند کە شەڕی تیرۆریستانی داعش شەڕێکی قورسە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەهەموو شێوەیەک هاوکاریی کوردستان بکات و هەروەها ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانییان کرد لە سەرکردایەتییکردنی پڕۆسەی سیاسی و شەڕی تیرۆریستانی داعش.
شاندی میوان ئەوەیان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە شاندەکە پێزانینی زۆریان بۆ پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان هەیە و هەوڵی خۆیان خۆیان بۆ پەرەپێدانی زیاتری ئەو پەیوەندییانە و پشتیوانییکردنی زیاتری کوردستان، دەخەنەگەڕ و تێگەیشتنی تەواویشیان هەیە بۆ هاوکارییکردنی کوردستان لەپێناو بەرەوڕووبوونەوەی ئەو تەحەدییاتانەی لەڕووی ئابووری و سەربازی و ستراتیژییەوە لەئارادان و دوای گەڕانەوەشیان لەگەڵ هاوڕێکانیان لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەوڵ دەدەن زۆرترین پشتیوانی و هاوکاریی بۆ کوردستان دەستەبەر بکەن تا لە شەڕی دژی تیرۆر و بەهاناوەچوونی ئاوارەکاندا هاوکاریی کوردستان بکەن.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی حكوومەت و گەلی ئەمەریكایشی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا پشتیوانی خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگە بوونە. سەرۆك بارزانی لەبارەی ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، قسەی بۆ ئەندامانی شاندەکە کرد و ڕایگەیاند کە هەرچەندە تیرۆریستان توانیویانە زیانی زۆر بە ئارامیی و سەقامگیریی ناوچەکە بگەیەنن بەڵام بەدڵنیاییەوە هیچ داهاتوویەکیان نییە.
لە کۆتاییدا شاندی میوان ڕایانگەیاند کە ئەوان بڕوای تەواویان هەیە کە کوردستان لەژێر سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانی داهاتوویەکی گەشی دەبێت و دەتوانێت و بەسەر هەموو تەحەدیاتەکاندا سەرکەوێت و لەو پێناوەشدا ئەوان پشتگیریی تەواوی کوردستان دەکەن.
باسکردنی ڕەوشی ناوچەکە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و داهتووی عێراق، تەوەرێكی دیكەی ئەم دیدارە بوون.
ڕۆژی یەكشەممە 28ـی 6ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا و ژمارەیەك كاربەدەست و ڕاوێژكاری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان ستاییشی ئەو پێكەوەژیان و پێشكەوتنەیان كرد كە لە هەرێمی كوردستاندا هاتووەتە ئاراوە و هەروەها ڕۆڵی سەرۆك بارزانیان لە سەركردایەتیكردنی پڕۆسەی سیاسی و شەڕی تیرۆریستانی داعش بەرز نرخاند و سوپاسی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد كە زۆر ئازایانە بە ڕووی تیرۆریستاندا هاتوونەتەوە و لەپێناو پاراستنی هاووڵاتیان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان قوربانیی زۆریان داوە. سوپاسی حكوومەت و گەلی كوردستانیشیان كرد كە بوونەتە پەناگەی سەدانهەزار ئاوارەی سووری و ناوخۆی عێراق و بە پێزانینەوە باسی گیانی مرۆڤدۆستیی هەرێمی كوردستانیان كرد. شاندی میوان ئەوەیان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە لە ئەمەریكا تێگەییشتنێكی قووڵ هەیە بەرانبەر پەیوەندیی ئەمەریكا لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هاتوونە كە لە نزیكەوە ئاگاداری ڕەوشەكە ببن و هەڵسەنگاندن بۆ هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە بكەن و لەبارەی ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق و داهاتووی ناوچەكە چەند پرسیارێكیان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی حكوومەت و گەلی ئەمەریكایشی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا پشتیوانی خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگە بوونە. سەرۆك بارزانی كورتەیەكی لەبارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە خستەڕوو و ڕۆشنایشی خستە سەر بارودۆخی گشتیی ناوچەكە و ئەوەی دووپات كردەوە كە گەلی كوردستان بۆ پاراستنی خۆی پێویستی بە چەكە چونكە ئێمە لە ناوچەیەك دەژین كە بەردەوام هەڕەشە و توندڕۆیی تازە سەر هەڵدەداتەوە. پەیوەست بە بارودۆخی موسڵ لە دوای شەڕی داعش سەرۆك بارزانی ئەوەی ڕاگەیاند كە بە حوكمی ئەوەی پێكهاتەی ئایینی و نەتەوەیی جۆراوجۆر لە نەینەوا دەژیین پێویستە لە قۆناغی دوای داعشدا سیغەیەكی وا دابڕێژرێت كە هەموو پێكهاتەیەك لە ئایندەی خۆی دڵنیا بێت و بەشداری بەڕێوەبردن و دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان بن. چونكە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی پارێزگای نەینەوا بە ئەزموونێكی زۆر تاڵدا تێپەڕیون و دەبێ داهاتوویان گەرەنتی بكرێت.
تاوتوێكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەروەها ئاییندەی عێراق و ڕێگەكانی چارەسەركردنی قەیرانەكانی عێراق تەوەرێكی دیكەی ئەم دیدارە بوون.