ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی 7ـی 2014 لە درێژەی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ توركیا، بەڕێز ڕەجەب تەییب ئەردۆگان سەرۆك وەزیرانی توركیا لە نووسینگەی فەرمیی سەرۆكایەتیی وەزیرانی توركیا لە شاری ئەنكارا پێشوازی لە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

 

لە دیدارێكدا كە وەزیری دەرەوەی توركیا و وەزیری ناوخۆی ئەم وڵاتە و ژمارەیەك گەورە بەرپرس و ڕاوێژكاری حكوومەتی توركیایش ئامادەبوون، تیشك خرایە سەر بارودۆخی تازەی عێراق و ئەو ئاڵۆزی و قەیرانە گەورەیەی كە بەرۆكی عێراقی گرتووە و قسە لەسەر ئەوە كرا كە چۆن بتوانرێت كۆتایی بەم قەیرانە بێت و گۆڕانكارییەكی وا لە عێراق بهێتەكایەوە كە لە بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بێت و ئارامی و ئاسوودەیی بۆ خەڵكی عێراق بگەڕێتەوە. لە بەشێكی دیكەی ئەم دانیشتنەدا ئاماژە بە هەڕەشەی تیرۆر و ڕەهەندەكانی ئەم هەڕەشەیە لەسەر عێراق و ناوچەكەیش كرا.

 

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا دامەزراندنی حكوومەتی تازەی عێراق خرایە بەر باس و سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە هەرێمی كوردستان لەسەر دوو تەوەر كار دەكات یەكیان بەردەوامبوونە لە پڕۆسەی سیاسیی بەغدا بۆ ئەوەی حكوومەتێك پێكبهێندرێت و ئەوەی تریشیان كاركردنە لەسەر بنیاتنانی كوردستان و پاراستنی لە هەموو جۆرە هەڕەشەیەك.

 

لەو كۆبوونەوەیەدا كە دوو كاتژمێری خایاند باسی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و چۆنییەتی فراوانتربوونی كرا و بەشێكی ئەم دیدارە تەرخان كرا بۆ كۆبوونەوەی دوو قۆڵیی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی توركیا .

شایانی باسە لە درێژەی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ توركیا، بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری دەروەی توركیاش كۆ دەبێتەوە.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی